Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

فه‌زیحه‌ی ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان‌و ڕیشه‌کانی فره‌ژنی

Be First!
by November 10, 2008 ژنان

 فه‌زیحه‌ی ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان‌و ڕیشه‌کانی فره‌ژنی
 حه‌مه‌غه‌فور

 
 
 ئێستا به‌دوای تێپه‌ڕکردنی نه‌ریتی چه‌په‌ڵی فره‌ژنی له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا له‌ناو یاسای باری که‌سێتیدا، جێگای خۆیه‌تی ئاوڕێک له‌ دواوه‌ بده‌ینه‌وه‌و گوزه‌رێکی خێرا به‌سه‌ر دوو ڕووداوی گرنگی یه‌ک ساڵ له‌مه‌و به‌ری کۆمه‌ڵگای کوردستاندا بکه‌ین. تا ڕوون بێته‌وه‌ که‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی گیانسه‌ختیی ئه‌م نه‌ریته‌ کۆن‌و داسه‌پاوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا له‌ کوێی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دایه‌! یان هۆکارو فاکته‌ره‌کانی ئه‌م شته‌ی بۆچی په‌رله‌مانێک که‌ وه‌کو مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ: "به‌ زۆرینه‌ی عه‌لمانیه‌ته‌‌وه‌ نه‌یتوانی فره‌ژنی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌!" کامانه‌یه‌!
 
 ئه‌گه‌ر نه‌ریتی شه‌رماوه‌ری فره‌ژنی به‌ ته‌نها ئیسلامیه‌کان له‌ پشتیه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون،وه‌ک چۆن یه‌کێتی‌و پارتی نیازیان وایه‌ وێنایه‌کی به‌مجۆره‌ له‌ ڕایی کردنی نه‌ریتی فره‌ژنی نیشانی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگا بده‌ن، وه‌ ئه‌م نه‌ریته‌ وه‌کو که‌لتورێکی ئیسلامی ته‌نها له‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌ریعه‌ت‌و ئه‌حکامی ئیسلامی ئاو ئه‌خواته‌وه‌، چۆنه‌ وا که‌مایه‌تییه‌کی ناچیزی ئیسلامی مه‌عاشخۆری ده‌سه‌ڵات له‌ناو په‌رله‌ماندا بۆ تێپه‌ڕکردنی نه‌ریتی فره‌ژنی زۆربه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست دێنێت؟! یان ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ق جگه‌ له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان، حیزبه‌کانی تر که‌ خاوه‌ن حکومه‌ت‌و په‌رله‌مانیشن، عه‌لمانین‌و به‌ڕاستی لایه‌نگری فره‌ژنی نین، چۆن تێپه‌ڕاندنی یاساو نه‌ریتێکی سه‌رتاپێ دواکه‌وتووانه‌ی له‌م جۆره‌ به‌سه‌ریاندا تێئه‌په‌ڕێت؟! وه‌ یان ئه‌م حیزب‌و ده‌سه‌ڵاته‌ عه‌لمانیه‌ بۆچی له‌ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ئه‌م یاسایه‌ی باری که‌سێتی وه‌کو خۆی هێشتۆته‌وه‌‌؟ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌رله‌مانی کوردستان خۆی وه‌کو ساڵۆن‌ یان هۆڵێک بۆ نمایشی پڕوپووچی هه‌راوزه‌نای بانگه‌شه‌ی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و..تدی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی قوت کراوه‌ته‌وه‌و به‌س! خه‌ریکه‌ ڕاستی‌و حه‌قیقه‌ت لێره‌داو له‌م نێوه‌دا ئه‌کرێ به‌ژێر پێوه‌. وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌و زۆر پرسیاری تریش له‌ دووتوێی ئه‌و دوو ڕووداوه‌ی ساڵی ڕابردوودا ده‌بینرێته‌وه‌.
 
 پار ساڵ ڕێک هه‌ر ئه‌م ده‌مانه‌ بینیمان، کاتێک توێژینه‌وه‌ مه‌یدانیه‌که‌ی دکتۆر یوسف عوسمان له‌ په‌یوه‌ند به‌ ده‌ستدرێژی سێکسی وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌رپرسانی ناسیونالیستی کوردیه‌وه‌ بۆ سه‌ر ژنانی کوردستان له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوبوویه‌وه‌، کۆمه‌ڵگای کوردستان تووشی شۆک بوو. خه‌ڵک به‌ گشتی‌و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بووبێت فریوی ئه‌حزابی کوردی‌و هه‌راوزه‌نای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان خواردبوو، به‌ تایبه‌ت به‌ دوای کاره‌ساتی پانکردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی بێ گوناهی (دۆعا)دا به‌ به‌ردو بلۆک، نه‌فره‌ت‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی گه‌وره‌و سه‌راسه‌ری لێکه‌وته‌وه‌ له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان به‌ کوشتاری ژنان، لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی د. یوسف زیاتر له‌ هه‌ر کاتێک توڕه‌ ترو ڕق ئه‌ستوور تری کردن له‌ دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تاڵانچی‌و هه‌وه‌سبازانه‌‌. وه‌ ئه‌م ڕق‌و بێزاری‌و توڕه‌ییه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌حزابی ناسیونالیست‌و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا بووبووه‌ گوشارێکی توند بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و سه‌رکردایه‌تی کوردی ئیحراج کردبوو، بۆیه‌ که‌وتنه‌ خۆیان‌و گوایا یه‌کێتی‌و پارتی‌و سه‌رکرده‌کانی ئه‌م حیزبه‌ ناسیونالیستانه‌ له‌ زمانی به‌رزانی‌و تاڵه‌بانیه‌وه‌ به‌ڵێنیان داوه‌و بڕیاریشیان له‌سه‌ر دابوو‌ که‌ کار بۆ مافه‌کانی ژنان بکرێ‌و بودجه‌و ئیمکانیاتیش ته‌رخان بکرێت بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ توندوتیژی دژی ژنان، وه‌ هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی د.یوسف بوو که‌ نووسه‌ری کتێبی (ئۆقیانوسێک له‌ تاوان)یان ستایش‌و خه‌ڵات کردبوو.
 
 ناوه‌رۆکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی یوسف عوسمان جه‌خت‌و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ ژماره‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی که‌ به‌ ته‌نها له‌ دوو ساڵی 2005 و 2006دا ئاشکراو تۆمارکراون گه‌یشتۆته‌ 435 حاڵه‌ت، وه‌ هه‌موو ده‌ستدرێژیه‌کانیش‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیره‌کانی وه‌زاره‌تخانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان‌و به‌رپرسه‌کانیانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون. وه‌ ئه‌م ده‌سدرێژی‌و تاوانانه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی‌و به‌ زۆری به‌ره‌وڕووی ئه‌و ژنانه‌ بوونه‌ته‌وه‌ که‌ وه‌کو فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌کانی ئه‌م وه‌زیرو گزیرو به‌رپرسانه‌دا‌ کاریان کردووه‌.
 
 ئه‌م دوو ڕووداوه، خه‌ڵاتکردنی نووسه‌ری کتێبی "ئۆقیانووسێک له‌ تاوان"و ‌ توێژینه‌وه‌که‌ی د. یوسف عوسمان‌، که‌ به‌شوێن یه‌کدا فریوکارییه‌کی بێ ئه‌ندازه‌ گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ ئاستی کوردستاندا که‌شف کرد، نیشانیاندا که‌ سه‌رکرده‌کانی ناسیونالیزمی کوردی‌و لێپرسراوه‌ گه‌وره‌کانیان به‌ ده‌ستێک تاوانی گه‌وره‌و جه‌رگبڕ له‌ دژی ژنانی کۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، به‌ده‌سته‌که‌ی تریشیان فریوکارانه‌ گه‌ره‌کیانه‌ وه‌کو پاڵه‌وانی دیفاع له‌ ژنان خۆیان بناسێنن! ئه‌م ئابڕووچوونه‌ی پیاوانی گه‌وره‌ی ناسیونالیستی کوردی‌ له‌لایه‌ک، وه‌ ستایشکردنی نووسه‌ری کتێبی "ئۆقیانووسێک له‌ تاوان"و ده‌م ژه‌ندن له‌ مه‌سه‌له‌ی دیفاع له‌ ژنان‌و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ توندوتیژی له‌ دژیان له‌ولای دیکه‌وه‌، ساڵی ڕابردوو کۆمه‌ڵگای کوردستانی تووشی یه‌ئس‌و نائومێدییه‌کی تۆقێنه‌ر کرد. پووچیی وه‌عدو به‌ڵێن‌و فڕوفیشاڵی چاکسازی‌و پاکسازی‌و هه‌ڵگرتنی گه‌نده‌ڵی‌و به‌رقه‌رارکردنی دیموکراسی‌و سه‌روه‌ری یاساو کۆڵێک له‌م قسانه‌ که‌ له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ته‌خشان‌و په‌خشان ده‌کرانه‌وه‌ له‌ ئاستی سه‌راسه‌ریدا په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵدرایه‌وه‌. په‌یتا په‌یتاش ستۆدیۆو به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌کانیان میوانداری کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی به‌ناو ڕۆشنبیری ده‌سه‌ڵاتیان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رکردانه‌ وه‌کو قاره‌مانی داستانی وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ توندوتیژی دژی ژنان نیشان بده‌ن‌و شاخ‌و باڵیان بۆ په‌یداکه‌ن، به‌ڵام نازانن کاتێک په‌رده‌ له‌سه‌ر گۆشه‌یه‌کی ڕه‌فتاره‌ چه‌په‌ڵه‌کانیان لا ده‌چێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان، ئیتر به‌ ته‌واوی ده‌رئه‌که‌و‌ێت که‌ هه‌رچی توندوتیژی‌و تاوانکاریه‌ک که تا ئێستا چ‌ له‌ کوردستان‌و ته‌نانه‌ت له‌ناو جالیه‌ کوردیه‌کانی ووڵاتانی دنیاشدا ڕووی داوه‌و ڕووئه‌دات، یان ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌رپرسانی ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورد ئه‌نجامئه‌درێن، یاخود به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ سه‌رچاوه‌یان ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سه‌ر نه‌ریت‌و کارکردو ڕه‌فتاری ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌ ژنان. 
 
 به‌جیا له‌وه‌ی به‌ گشتی من چۆن ئه‌ڕوانمه‌ په‌رله‌مان‌‌و ململانێی په‌رله‌مانیی، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ جیهاندا به‌رزترین ئۆرگانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ووڵاته‌و ده‌سه‌ڵاتی لێپێچینه‌وه‌ی له‌ حکومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌کان‌و پۆست‌و جانتا سیاسی‌و ئیداریه‌کانی هه‌یه‌و توانای گۆڕین‌و لابردنی وه‌زیره‌کانیشی پێدراوه‌. به‌ڵام په‌رله‌مانی کوردستان چی! پارله‌مانی لای ئێمه‌ زیاتر له‌ دیوه‌خان‌و خانه‌قا ئه‌چێ‌و په‌نجه‌تووته‌ی میرو کوێخایه‌ک (سه‌رۆک حیزب‌و عه‌شیره‌تێک) تیایدا باڵاترین زه‌برو حوکم ئه‌نوێنێ!‌ ئه‌مه‌ کام جۆره‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان! ساڵی پێشوو کاتێک توێژینه‌وه‌که‌ی د.یوسف عوسمان 435 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێکسی وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی ئاشکرا کرد که‌ کردبوونیانه‌ سه‌ر ژنانی فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌و وه‌زاره‌ته‌کانیان‌و به‌ به‌ڵگه‌و دۆکومێنته‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا بوو، په‌رله‌مانی کوردستان له‌ کوێ بوو؟! بێ هه‌ڵوێستیی په‌رله‌مان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م گه‌وره‌ترین بێئابڕوویی‌و فه‌زیحه‌یه‌دا‌ که‌ له‌ناو دام‌و ده‌زگاکانی حکومه‌تدا ڕوویداوه‌، به‌ ته‌نیا به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانه‌و حکومه‌تی هه‌رێمیش له‌کاربخرێن. 
 
 ئه‌و ئابڕووچوونانه‌ی به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاتی ناسیونال- عه‌شیره‌یی کوردی بوویه‌وه‌‌، ئه‌و ده‌سدرێژی‌و تاوانکاریه‌ بێ وێنانه‌ی که‌ ساڵی ڕابردوو به‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردیدا ساغبوونه‌وه‌، که‌ سه‌دان که‌س له‌ وه‌زیرو گزیرو مدیرو به‌رپرسی حیزبی‌و حکومیییان به‌ به‌ڵگه‌و مه‌دره‌که‌وه سه‌ره‌ڕای دزین‌و به‌تاڵانبردنی ته‌واوی سه‌روه‌ت‌و سامانی ووڵات، پۆسته‌کانیان دیسان بۆ دامرکاندنی ئاره‌زووه‌ سێکسییه‌کانیان به‌کاربردبوو، بایی ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رکرده‌ هه‌ره‌ باڵاکانی پارتی‌و یه‌کێتی تا ده‌گا به‌ ئۆرگانه‌ سه‌رکردایه‌تیه‌کانیان، ئه‌گه‌ر زه‌ڕه‌یه‌ک ویژدان‌و مۆراڵی ئینسانییان له‌ دڵ‌و ده‌رووندا بووایه‌، ده‌بوو خۆشیان‌و حکومه‌تیشیان ده‌ستیان له‌ کار بکێشایه‌ته‌وه‌. ‌به‌ڵام چاوه‌ڕووانییه‌کی له‌م چه‌شنه‌ له‌م حیزبه‌ ناسیونالیستی‌و عه‌شیره‌ییانه‌ وه‌همێکی گه‌وره‌یه‌.
 
 ساڵانێکه‌ خه‌ڵکی کوردستان‌و ئازادیخوازان‌و لایه‌نگرانی یه‌کسانی نێوان ژنان‌و پیاوان، خه‌بات ئه‌که‌ن‌و ڕاشیانگه‌یاندووه‌ که‌ یاسای باری که‌سێتیی هی سه‌رده‌می به‌عسه‌و ئیلهامی له‌ شه‌ریعه‌ی ئیسلامیه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌و هه‌تا سه‌ر ئێسقان دواکه‌وتوانه‌و دژه‌ژنه‌و ده‌بێ بگۆڕێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌حزابی ناسیونالیستی کوردی‌و حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات‌و په‌رله‌مانی کوردستان بووه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانخوازیدا ڕاوه‌ستاوه‌و پاره‌و پوولی زۆری بۆ حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان هه‌ڵڕشتووه‌، به‌ناوی موقه‌ده‌سات‌و داب‌و نه‌ریتی کورده‌واریشه‌وه‌، یان به‌ ناوی پیرۆزیی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ له‌ پشتی یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ی باری که‌سییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌و به‌ هه‌موو تواناوه‌ به‌رگری لێکردووه‌. له‌ ئاکامی ئه‌م کارنامه‌شیاندا تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار ژنی کوردستان بوونه‌ته‌ قوربانی‌و کوردستانیش وه‌کو جه‌نگه‌ڵی ژنکوشتن له‌ دنیادا ناوی که‌وتۆته‌ ناو ناوانه‌وه‌.
 
 چونکه‌ ڕیشه‌ی نه‌ریتی چه‌په‌ڵی فره‌ژنی به‌ توندی‌و قووڵیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ‌و کولتورو نه‌ریتی ناسیونال- عه‌شیره‌یی کوردیدا لێکگرێدراون، وه‌ شان‌و شه‌وکه‌تی نێرسالاری‌و پیاوسالاری زاڵ‌و ئاژینه‌ له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌و ڕه‌وشت‌و نه‌ریتی ناموسپه‌رستی‌و شه‌ره‌فپارێزی کوردیدا، وه‌ هه‌ر ئه‌م که‌لتورو نه‌ریته‌ چه‌په‌ڵه‌ش به‌ زه‌بری میلیشیاو ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی کوردستاندا، له‌ هه‌مانکاتدا ئاینی ئیسلامیش وه‌کو نه‌ریت‌و که‌لتوری خه‌ڵکی کوردستان ئه‌خه‌مڵێنن‌و جاڕی بۆ ئه‌ده‌ن، خۆ فریودانه‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بکرێت نه‌ریتی فره‌ژنی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و یاسای یه‌کسانی نێوان ژنان‌و پیاوان په‌سه‌ندو جێگیرکات. ئه‌م کاره‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای کوردی‌و به‌ره‌ی ئازادیخوازیه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت.
 
 له‌ ووڵات یان کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنانی کارمه‌ندو فه‌رمانبه‌رله‌ناو دام‌و ده‌زگای ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌ت‌دا بووبێته‌ دیارده‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێ‌و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌دان که‌س له‌ وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌رپرسان ئاشکرا بکرێن‌، وه‌ هیچ که‌س‌و لایه‌ن‌و مه‌قام‌و ده‌سه‌ڵاتێک فززه‌ی له‌ ده‌م نه‌یه‌ته‌ ده‌رو نه‌بێته‌ جێگای هیچ کاردانه‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ هیچ تاوانبارێک، ئاساییه‌ فره‌ژنیش به‌ سانایی له‌ په‌رله‌مانه‌که‌یدا په‌سه‌ند بکرێ‌. وه‌ پێم وایه‌ سه‌رۆکی هه‌رێمیش به‌ بیانووی ترس له‌ کاردانه‌وه‌و خۆپیشاندانی ئیسلامییه‌کان‌و ڕێزدانان بۆ نه‌ریته‌ پیرۆزه‌کانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ ئیمزای بخاته‌ سه‌رو ڕایی بکات.  
 9-11-2008
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply