Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

قه‌ده‌ر …. سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد

Be First!
by August 25, 2011 ئەدەب

 

به‌ درێژايی تۆ
بیر له‌ شه‌و ده‌کاته‌وه‌
من
***
گۆمی چرپه‌یه‌کت
بخه‌ره‌ ناو به‌ردی بێده‌نگيم
با له‌ ناو بێ ژيانيدا
باوێشک نه‌یات مانا
***
هه‌سته‌که‌م چاوه‌کانم له‌ ده‌سداوه‌
چێژ له‌ تابلۆی
بارينی کۆتر و
فڕينی باران وه‌رناگرم
***
رۆژانێکه‌
په‌نجه‌ره‌که‌م نه‌کردۆته‌وه‌
نه‌مڕوانيوه‌ته‌ بسه‌وزایی باخ
چاوم
به‌ بينينی گوڵێک ئاو نه‌داوه‌
گوێم
له‌ جریوه‌ی پاساری نه‌گرتووه‌
تامی پیاسه‌یه‌کی ئێوارانم نه‌کردووه
وه‌ک چۆله‌که‌یه‌کی ته‌ڕ
باڵه‌کانم به‌سه‌ر ته‌نافی هه‌تاودا
هه‌ڵنه‌خستووه‌‌
ئاخر له‌ غیابی تۆدا
ناپه‌ڕژێمه‌ سه‌ر هيچ
نوسینه‌وه‌ی غه‌ريبی نه‌بێت
خوێندنه‌وه‌ی
ره‌شنووسه‌کانی ته‌نهایی نه‌بێت
***
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هاتووه‌ و
به‌ره‌و ده‌ريا دووره‌کانی قيامه‌ت
درێژ ده‌بێته‌وه‌
ئه‌م قه‌ده‌ری ته‌نهاييه‌
***
هه‌موو ئازادييه‌کانی خۆم
له‌ ده‌سداوه‌
له‌م سه‌حرای وجووده‌دا
 کۆيله‌يه‌کی وه‌ستاوی سه‌ر لێواری
کانياوی چاوه‌کانتم
***

2010

Previous
Next

Leave a Reply