Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون

كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون

Closed
by August 15, 2008 گشتی

 كوردستان و لاوازی ئەگەرەكانی سەربەخۆبوون
 (بەشی دووەم)
 سەنگەر زراری

 – ئاستی ناوخۆ و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و كەلتووری كوردستان:
 هەر حكومەت و دەسەڵاتێك لە دنیا ئەگەر حكومەتی سەربەخۆش نەبێ، بۆنموونە ئەگەر دەسەڵاتێكی فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بێت، لەسەری پێویستە كە مافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیانی خۆی دابین بكات و سیفەتی "هاووڵاتیبوون" بە تاكەكانی ببەخشێت، هەڵبەت كە ئێمە لە كوردستان باسی ئەگەرەكانی بەدەوڵەتبوون دەكەین، ناشێ هیوا و پێشبینییەكانمان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی دیكتاتۆری و تۆتالیتاری بێت، قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە كە ئایا تاچەند ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، لە كوردستان دەوڵەتێكی دیموكراتی لەبار و گونجاو دروست بێت كە ئەركەكانی هاووڵاتیان تیایدا دیاربن و مافەكانیان پارێزرا و بێت.
 بێگومان مەبەستی سەرەكی دەوڵەت، هێنانەدی چاكترین بەختەوەرییە بۆ زۆرترین كەس، دەوڵەت دەبێ مافی هاووڵاتیانی خۆی بدات و لە بەرامبەر ئەركەكانیاندا وشیارییان بكاتەوە، ئەم دیاریكردنی ئەرك و مافەش سیفەتی "هاووڵاتیبوون" دەبەخشێتە هاووڵاتیان، لێرەوە ئەو پرسیارانە دێنە پێش كە ئایا هاووڵاتیبوون چییە؟ مافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان چین و ئەركەكانیان چین؟ دەشێ بەقسەكردن لەسەر وەڵامی ئەم پرسیارانە، بڕێك بارودۆخی كوردستان هەڵ بسەنگێنین.
 لە كۆمەڵگای هاوچەرخی نێودەوڵەتیدا هاووڵاتیبوون بە دەوڵەتەوە پەیوەست دەكرێت، دەوڵەت ئینتیمای هاوڵاتی لە ئاستی هۆز و لایەن و عەشیرەتەوە بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستی چوارچێوەیەكی نیشتمانی بەرفراوان و گەورە، بەمەش هاووڵاتیبوون بۆتە پێویستییەكی نیشتمانی و مرۆیی و لە دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكاندا جێگای بۆتەوە. هاووڵاتیبوون: رایەڵێكە كە لە میانەی كۆمەڵێ یاسا و سیستەم، پەیوەندی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگایەك لەگەڵ دەوڵەت دروست دەكات و ئەم یاسا و سیستەمانە ئەرك و مافەكانی هاووڵاتیان دیاری دەكات و لە میانەیدا بە یەكسانی سەیری هاووڵاتیان دەكرێت.
 هاووڵاتیبوون بە هەمان ئەو شێوەیەی كە مافە، ئەركیشە، پێویستە هاووڵاتیان چۆن داوای مافەكانیان دەكەن بە هەمان شێوە لەبەرامبەردا ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
 سەرەتا با بزانین ئەركەكانی هاووڵاتی چین و تا چەند هاووڵاتیانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی پابەندن بە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.
 – كوردستان و ئەركەكانی هاووڵاتیبوون:
 دەتوانین بەشێك لە ئەركەكانی هاووڵاتیبوون لە هەر دەوڵەتێك لەمانەدا چڕ بكەینەوە.
 – هاووڵاتی پێویستە بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بەشداری كار و چالاكییە كۆمەڵایەتییە سوودبەخشەكان بكات.
 – هاووڵاتی پێویستە بەو یاسا و نۆرمە نیشتمانی و جیهانیانە پابەندبێت و لەگەڵیان بگونجێ كە ژیانی تاك لە چوارچێوە كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان رێك دەخەن.
 – هاووڵاتی پێویستە رێز لە رەگەزی بەرامبەر و ئەو كەسانە بگرێ كە سەر بە نەتەوە و ئایین و زمانی تری جیاوازن لەو.
 – دەبێ هاووڵاتی ماڵ و سەروەتی گشتی و تایبەتی بپارێزێت،
 – دەبێ رێز لەو یاسایانە بگرێت كە باشن و كاریان پێ دەكرێت.
 – بە دڵسۆزییەوە خزمەتی ئەو نیشتمانە بكات كە تیایدا دەژیێت و هەوڵ بدات لە هەموو كارێكی زیانبەخش بی پارێزێت….
 ئەمانە و چەندین ئەركی دیكە كە پێویستە هاووڵاتیان بەرامبەر بە وڵاتەكەیان ئەنجامی بدەن. ئایا تا چەند هاووڵاتیانی كوردستان پابەندن بەم ئەركانەوە؟
 ئەو یاسا و نۆرمە جیهانیانەی كە پێویستە هاووڵاتیان پێوەی پابەند بن، زۆر جار ئەگەر بە زۆر نەبێت هاووڵاتیانی كوردستان پێوەی پابەند نابن، چونكە هەمیشە یان یاساكان ناڕۆشن و نادیارن، یانیش ئەو یاسایانە بەسەر خەڵكانێك دا دەسەپێنری و ئەوانەشی كە دەسەڵاتیان هەیە لە یاساكان دەبوورێن، یان بەهۆی هەبوونی دەسەڵاتەوە خۆیان خۆیان دەبووێرن. بۆیە هاووڵاتی ئاسایش كە دەبینێ یاسا تەنها بۆ ئەوە و بۆ بەرپرسەكان نییە، هەوڵ دەدات تا دەكری دوور بێت لەیاسا، رەنگە سادەترین نموونە بۆ ئەم مەبەستە یاسای هاتووچۆ و ترافیك لایت بێت، چۆن دەكرێ بەرپرسانی وڵات داوا لە هاووڵاتیانی ئاسایی بكەن پابەند بن بە یاساكانی هاتووچۆوە، لە كاتێكدا خۆیان لە گلۆپی سوور بدەن و جامی رەش ببەستن و كاری نایاسایی بكەن، هەڵبەت ئەمە نموونەیەكی زۆر سادەیە و دەتوانین ئەم نموونەیە گەورە بكەین بۆ سەرپێچی دیكەی نایاسایی كە لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجام دەدرێت.
 ***   ****   ***
 تا ئێستاش دەزگاكانی راگەیاندن باس لە رێژەی زۆری كوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتان دەكەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە رێزگرتنی رەگەزی بەرامبەر چەندە و پیاوان و ئافرەتانی ئێمە تاچەند رێز لە یەكتر دەگرن؟
 رەنگە رووداوی كوشتنی "دوعا". نموونەیەكی باش بێت كە ئایا ئێمە تاچەند رێز لەو كەسانە دەگرین كە بیروباوەڕ و ئایینیان لە ئێمە جیاوازە، ئێزدییەكان ئەو كچەیان كوشت لەبەرئەوەی كوڕێكی موسوڵمانی خۆشویستبوو، ئەوان قبوڵیان نەبوو، یەكێك لە ئایینەكەیان تێكەڵ بە كەسێك بێت كە سەر بە ئایینی ئەوان نییە، قبوڵیان نەبوو مامەڵەیەكی لەو جۆرە لەگەڵ كەسێكدا بكەن كە سەر بە ئایینێكی ترە.
 لەبەرامبەر ئەمەشدا لەهەموو شارەكانی كوردستان ئێزدییەكان بە بنەماڵەی "دوعا" بەسترانەوە و بارودۆخیان تێكدرا. هاوولاتیانی كورد قبوڵیان نەكرد چیتر ئێزدییەكان لە ناویاندا بن و تا ماوەیەكی زۆر ئێزدییەكان نەدەوێران بێنە هیچ ناوچەیەكی كوردییەوە، ئەمە جگە لەوەی كە چەندانیان لێ كوژرا و چەندانیشیان لەسەر خوێندن و لەسەر كار لادران، لە كاتێكدا زۆرێك لە ئێزدییەكان لەگەڵ كوشتنی ئەم كچە دا نەبوونە و وەكو هەر مرۆڤێكی دیكەی بە ویژدان بارودۆخەكەیان زۆر پێناخۆش بووە.
 ***   ****   ***
 سەبارەت بە پاراستنی موڵكی گشتی و تایبەتی لە لایەن هاووڵاتیانەوە، كەمترین هاوولاتی دەبینی لە كوردستان كە موڵك و ماڵی حكومەت بە هی خۆی بزانێت و وەكو ماڵی خۆی سەیری بكات، چونكە دەبینێ كە خۆی مووچەكەی بەشی ناكات و بەرپرسانیش بە ئارەزووی خۆیان لەو ماڵ و سەروەتە دەماشنەوە كە بە حساب ماڵی حكومەتە، بەڵام بەرپرسان وەكو ماڵی خۆیان سەیری دەكەن و بە ئارەزووی خۆیان دەیبەن، بۆیە هاووڵاتی و فەرمانبەرانی پلەی خوارەوەش هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن و ئەگەر كەمترین شتی حكومەتیان بكەوێتە دەست دەیبەن و بە مافی خۆیانی دەزانن.
 ***   ****   ***
 راكردنی بەردەوامی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات پێمان دەڵێت كە گەنجان ئەو نیشتمانەی خۆیان خۆش ناوێت و تەنانەت هەندێكیان كوردستان بە نیشتمانی خۆشیان نازانن، بۆیە ئەوەی بتوانی دەڕوات، ئەوەی نەشڕوات بە ناچاری دەمێنێتەوە و كەمترین خۆشەویستی بۆ ئەم نیشتمانە نییە.
 ئەمانە بەشێكن لەو ئەركانەی كە لە هەر وڵاتێكدا هاووڵاتیان لەسەر شانیانە و دەبێ پابەندبن پێیەوە، بۆچی هاووڵاتیانی كوردستان پابەند نین پێیانەوە؟ بە بۆچوونی من دابەش نەبوونی ئەم ئەركانە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هاووڵاتیان یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكانی ئەم پابەند نەبوونە.
 sangarzrary@gmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.