له وڵاتی من ، كێ ته‌نزیر بۆ شانۆ ده‌كات؟
یه‌كێك له سه‌یرترین دیارده‌كانی نێو شانۆی كوردی ئه‌وه‌یه، كه‌سانێك بێئه‌وه‌ی هیچ پێگه‌یه‌كی مه‌عریفی یا ئه‌كادیمییان هه‌بێت ته‌نزیر بۆ شانۆ بكه‌ن، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كاتێك ئه‌و ته‌نزیره له‌سه‌ر هه‌واو هه‌وه‌س بینا ده‌كرێت و هیچ بنه‌مایه‌كی لۆژیكی یا مه‌عریفی پشتیوانی ناكات.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له سیمنارهكانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، پێشبینییه‌كی زۆر سه‌یرو عه‌نتیكه بۆ داهاتووی شانۆی كوردی كرا‌و ئیعلانكرا كه پاش ده ساڵی تر شانۆ له كوردستان نامێنێت، كه‌چی هه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه له وتارێكی پێشووترییدا شانۆ كوردی به هاوشانی شانۆی ئه‌وروپی پێناسه ده‌كات، جا نازانم ئه‌و براده‌ره له چه‌ند وڵاتی ئه‌وروپی گهڕاهوهو چه‌ند نمایشی ئه‌وروپی بینیووه له كاتێكدا ته‌نها له شارێكی وه‌ك به‌ڕلین شه‌وانه زیاتر له په‌نجا نمایشی شانۆیی پێشكه‌ش ده‌كرێت، كه ڕه‌نگه نمایشه‌كان له كلاسیكه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی شانۆی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن له‌خۆ بگرێت .
من پێموایه ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ڕێگه به‌خۆی ده‌دات ئه‌و جۆره ته‌نزیره بازاڕییه بكات ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بێت كه قسه‌كردن به‌رپرسیارێتییه‌و له‌سه‌ر كه‌سه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڕاستی كارێكی سه‌یره كه‌سانێك جورئه‌تی ئه‌وه بكه‌ن كه پێشبینییه‌كی له‌و شێوه‌یه بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه پێگه‌یه‌كی به‌رچاویان نییه له‌نێو هاوكێشه‌ی شانۆ له كوردستان، تێگه‌یشتنیان بۆ شانۆش تێگه‌یشتنێكی ئه‌وه‌نده سه‌له‌فیانه‌یه كه ئێستاش ئه‌و نمایشانه شانۆییهیانهی سێ یه‌كه‌كه‌ی ئه‌رستۆیان تیا نه‌بێت لای ئه‌وان به نمایش ئه‌ژمار ناكرێت، یا له باشترین حاڵه‌تتدا پێیانوایه له ده‌ره‌وه‌ی شانۆی ریالیستی شتێك نییه پێی بووترێت شانۆ و ئه‌وه‌ی هه‌یه جۆرێكه له شانۆ كه به( شانۆی بچووك) پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بزانین سه‌رده‌می پێشبینی سه‌یرو سه‌قه‌ت به‌سه‌رچوو، ئێمه له سه‌رده‌مێكداین هه‌موو حه‌قیقه‌ته ڕه‌هاكان كه‌وتونه‌ته ژێر گومانی ده‌یان و سه‌دان پرسیاره‌وه، هیچ شتیكَ نه‌ماوه پێیبووترێت (واتا)، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی لای من واتایه‌كی هه‌یه، لای كه‌سانی تر واتای تر‌و تێگه‌یشتنی تری هه‌یه، بۆیه هه‌موو واتا و حه‌قیقه‌ته‌كان له بازنه‌یه‌كی ڕێژه‌یی دهخوڵینهوهو شتێك نه‌ماوه به ڕه‌ش یا به سپی ناوببرێت، گۆڕانكارییه‌كانیش ئه‌وه‌نده خێرا دێنه‌پێشه‌وه كه نه‌توانرێت به چه‌مكێك بووترێت ڕاستی ته‌واو و یه‌كێكی تر هه‌ڵه‌ی ته‌واو.
ئه‌وه‌ی زیاتر جێگه‌ی پرسیاره ئه‌وه‌یه كه كه‌سانێك تێگه‌یشتنێكی تایبه‌تی خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو چه‌مكه‌كان بسه‌پێنن و شانۆ بۆ ناوی سه‌یرو عه‌نتیكه دابه‌ش بكه‌ن، وه‌ك شانۆی بچووك و شانۆی مه‌زن، له‌كاتێكدا ئه‌م چه‌مكه زیاتر ده‌ڵاله‌تی شوێن ده‌به‌خشێت نه‌وه‌كو ستایل، زۆر هۆڵی شانۆیی هه‌یه به‌هۆی بچووكی هۆڵه‌كه به شانۆی بچووك ناوزه‌ده‌كرێت و تیادا ئه‌و نمایشه ستایلشكێن و ئه‌زموونگه‌رییانه‌ی تیادا نمایشده‌كرێت كه بۆ بینه‌رێكی بژارده نمایشده‌كرێت و نمایشه‌كان پێویستیان به‌ژماره‌یه‌كی زۆری بینه‌ر نییه‌و كه‌ش و فه‌زای نمایشه‌كه ئه‌وه ده‌خوازێت كه ژماره‌یه‌كی كه‌م له شوێنی نمایشه‌كه ئاماده بن، هه‌ر بۆ نمونه زۆرجار له نمایشه‌كانی گرۆتۆفسكی ژماره‌ی بینه‌ران له بیست كه‌س زیاتر نه‌بووه، ئایا ده‌كرێت به شانۆكه‌ی گرۆتۆفسكی بووترێت شانۆی بچووك؟
نمایشی تریش هه‌ن كه نمایشی جه‌ماوه‌ریین و له هۆڵی زۆر مه‌زن نمایشده‌كرێت و ژماره‌ی بینه‌رانیان له ده‌یان هه‌زار تێپه‌ڕ ده‌كات، ئایا له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌كرێت به‌و نمایشه بووترێت نمایشی مه‌زن یا گه‌وره ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌ی نمایشه‌كه له دوو كاتژمێر زیاتره، ئه‌گه‌ر به‌م پێوه‌ره بێت ده‌بێ چ ناوێك بخه‌یه‌نه پاڵ نمایشی (مهارابههاراتما) ی پێته‌ر بڕۆك كه ماوه‌كه‌ی نۆ كاتژمێره؟ بێگومان به پێیی ته‌نزیری ئه‌و براده‌رانه بێت ده‌بێ پێیبووترێت شانۆی (xxxl).
با بێینه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م و له‌و برادهرهنه بپرسین له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و ته‌نزیره ده‌كه‌ن و پێتانوایه شانۆ دوای ده ساڵی تر له كوردستان نامێنێت؟ ئایا پێویست ده‌كات به‌بیرتان بێنمه‌وه كه شانۆی ئه‌وروپی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌زارساڵ له قۆناغی تاریكییدا بوو و كه‌نیسه ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی شانۆدا گرتبوو، كه‌چی كه‌سێك جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كرد بڵێ شانۆی ئه‌وروپی چه‌ند ساڵێكی تر نامێنێ، چونكه دوای هه‌زار ساڵ تاریكی و نه‌هامه‌تی، جارێكی تر شهكسپیرو مۆلێرو برێخت و مایرهۆڵد و ستانسلافسكی و ئارتۆ‌و ڤایس و بیكێت په‌یدابوون.
با ئه‌مجاره نمونهكهتان له شانۆی كوردی بۆ بێنمه‌وه، شانۆی كوردی دوای زیاتر له چڵ ساڵ ته‌قلیدو لاساییكردنه‌وه، له كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكان، ته‌لعه‌ت سامان و سه‌باح عه‌بدوڵڕه‌حمان و ئه‌حمه‌د سالار و ئازاد جه‌لال و عوسمان چێواری به‌رهه‌مهێنا، دوا تر فازڵ جاف و جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌و سه‌عدون یونس به‌رهه‌مهێنا، دوای ئه‌وانه‌ش كامه‌ران ره‌ووف و گه‌زیزه‌و شه‌فیق محمه‌دو شه‌مال عومه‌رو نیگا‌و میدیا و فرمێسك و كه‌ریم عوسمانی به‌رهه‌مهێنا، دوای ڕاپه‌ڕینیش مه‌هدی حه‌سه‌ن و نیهاد جامی و هۆرێن غه‌ریب و ڕزگار ئه‌مین و كارۆخ ئیبراهیم و محه‌مه‌د جه‌میل و سه‌فین ئهنوهرو دڵشاد حوسێن و پێشڕه‌و حوسێن و گۆران عه‌لی كه‌ریم و مه‌سعود عارف و سدیق حوسێن و یوسف عوسمان* و ده‌یان شانۆكاری گه‌نجی تر كه ئێستاش كاره‌كانیان به‌رده‌وامی هه‌یه‌و نمایشی جوان له‌سه‌ر شانۆ دروستده‌كه‌ن.
سه‌یرتر له‌وه ئه‌وه‌یه كاتێك ئه‌و براده‌رانه ئه‌و نه‌وه زیندووه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه له هه‌ندێ حاڵه‌تیش به شانۆكوژو تێكده‌ری زه‌وقی بینه‌ر ئه‌ژماریان ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌هه‌مانكاتدا تهنزیرێكی ئه‌وه‌نده سه‌قه‌ت و عه‌نتیكه بۆ ئه‌زموونه شانۆییه‌كانی ئه‌حمه‌د سالار ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن كه ده‌بێ ئه‌حمه‌د سالار ستایله‌كه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌و به خه‌تێكی گه‌وره‌ش له ژێریا بنووسێت هیچ كه‌س بۆی نییه حه‌رفێك له‌و ستایله‌ی ئه‌حمه‌د سالار بگۆڕێت، له كاتێكدا له ئه‌وروپا شانازییه‌كی گه‌وره بۆ شانۆكارانی وه‌ك ئارتۆ‌و گرۆتۆفسكی تۆماركراوه كه توانیویانه شانۆ له “ده‌سه‌ڵاتی نمونه” ڕزگار بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی نمونه به‌و مانایه‌ی كه هه‌میشه چه‌ند تێكستیكی شانۆیی یا نمایشی شانۆیی وه‌ك نمونه‌ی باڵا سه‌یر بكرێت و تێكست و نمایشه‌كانی تری له‌سه‌ر پێوانه بكرێت.
به‌ڕاستی سه‌یره كه كه‌سانێك خۆیان به‌ڕه‌خنه‌گر بزانن و داوای ئه‌وه بكه‌ن كه قالبێك دروستبكرێت و ئه‌زموونی شانۆكاران تیاییدا بتوێنرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ئه‌حمه‌د سالار كارگه‌ی دروستكردنی نمایشی شانۆیی بێت و ستاندارێكی جیهانی وه‌رگرتبێت و كه‌س بۆی نه‌بێ له‌و پێكهاته‌یه بگۆرێت نه‌بادا تامی نمایشه‌كان تێك بچێت.
من گومان ده‌كه‌م كه‌سێك له چه‌مكی هونه‌ر تێگه‌یشتبێت به‌مشێوه‌یه ته‌نزیر بۆ شانۆ بكات و كۆت و به‌ند بخاته سه‌ر خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی شانۆكار و داوای لێبكات له‌ناو قالبی ئاماده‌كراو كار بكات، ئه‌گه‌ر بۆ بۆچوونی ئه‌و براده‌رانه بێت ده‌بووایه ئێستاش شانۆكانی جیهان له فۆرمی شانۆی ئه‌رستی بخوڵێتهوهو كه‌سێك بۆی نه‌بێت ئه‌و یاسا پێرۆزانه بشكێنێت كه كاتی خۆی ئه‌رستۆ تایبه‌ت به شانۆی كلاسیك دایڕشتوون.
به‌لای منه‌وه تاكه یاسا‌و بنه‌مایه‌ك له هونه‌ر ئه‌وه‌یه كه (هیچ یاسایه‌ك نییه)، هونه‌ر بۆ ئه‌وه ده‌كرێت كه خه‌یاڵ و جوانبینی تیاییدا كارابێت و سنوور‌و یاسا دروستكراوه‌كان تێبشكێنێت، ئه‌گه‌ر هونه‌ر ئه‌وه نه‌بووایه هه‌رگیز كه‌سانی وه‌ك شكسپیرو برێخت و ستانسلافسكی و مایرهۆڵدو كامۆو پیته‌ر بڕۆك و گرۆتۆفسكی و ئاریانا منوشكێن و باربا نه‌ده‌بوون.
لێره‌دا پێمخۆشه ئه‌وه بڵێم له‌كاتی خۆییدا كه تێكسته‌كه‌ی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆ)ی ساموێل بیكێت نمایشكرا، هه‌ندێك له‌و به‌ناو ڕه‌خنه‌گره سه‌له‌فیانه هێرشێكی زۆر تووندیان كرده سه‌ر ئه‌و نمایشه‌و به بێ به‌هاترین و پووچهڵترین نمایشی شانۆیی ناویان برد، كه‌چی پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌و نووسه‌ره خه‌ڵاتی نۆبڵی پێدراو ئه‌و تێكسته‌كه‌ش بوو به یه‌كێك له گرنگترین تێكسته شانۆییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و كه تائێستاش به فۆرم و شێوازی جیاواز نمایش ده‌كرێت و بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی به پێت بۆ داڕشتن و نووسینه‌وه‌ی ده‌یان و سه‌دان تێكستی شانۆیی له هه‌موو جیهاندا، له هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه له‌پێناسه‌كردنی چه‌مكی چاوه‌ڕوانی ئه‌و تێكسته وه‌ك زه‌مینه‌یه‌كی مه‌عریفی و سایكۆلۆژی سوودی لێوه‌رگیراوه‌و چه‌ندین تێڕوانینی زانستی له‌سه‌ر داڕێژراوه.
له‌كۆتاییشدا له‌هه‌موو جیهان په‌یمانگاو ئه‌كادیمییای تایبه‌ت هه‌یه به پشت به‌ستن به داتا‌و ڕاپرسی و زانیاری وورد كۆمه‌ڵێك پێشبینی ده‌كات و ته‌نها وه‌ك پێشبینیش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، كه‌چی لای ئێمه هونه‌ر ئه‌وه‌نده ڕیسوابووه كه والێهاتووه كه‌سێك پێمان بڵێت باشتره بچنه‌وه ماڵه‌وه‌و كتێبه‌كانتان بسوتێنن چونكه ته‌واو ده‌ساڵی تر شانۆ له كوردستان نامێنێت!، سه‌یره ئه‌و شانۆیه‌ی كه پێش ماوه‌یه‌ك هاوشانی شانۆی ئه‌وروپی بوو، ئه‌و شانۆ كوردییه‌ی كه به‌پێی بۆچوونی ئه‌و به‌ڕێزه “ئه‌وه‌ی بڵێت شانۆی كوردی نییه وه‌ك ستالین بیرده‌كاته‌وه‌و بوونی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه ڕه‌تده‌كاته‌وه”، چه‌ند سه‌یره پاش ده ساڵی تر نه‌مێنێت!، ئه‌ی خودی ئه‌و هه‌موو پێشبینییه سه‌یرو دژ به‌یه‌كه‌ی ئه‌و براده‌ره له قوتوی چ عه‌تارێك جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟!!!.