Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

لەكۆتایى خۆمدا دەزانم.. قسە شیرینەكان بەچاو دەكرێن

Comments
by September 16, 2008 ئەدەب

 لەكۆتایى خۆمدا دەزانم.. قسە شیرینەكان بەچاو دەكرێن
ئیدریس عەلى

 ئەم ڕێگایە
  دەمسپێرىَ بەدوورى خۆى،
 ئەم كۆلانە
 دەمداتە دەست ماڵێكى خۆى،
 ئەم ئاسمانە
 بە ئەستێرەیەكى بزێوى خۆى دامدەگیرسێنىَ،
 ئەم باخچەیە
  لەسەر چڵێكى ناسكى خۆى دەمخەوێنىَ،
 ئەم گۆرانییە
  رۆحم پڕ دەكات لەگریانى خۆى،
 ئەم تەنهاییە پیرە
  وەك چڵێك مێخەك  دەمدات لەیەخەى خۆى،
 ئەم گۆڕستانەى خەیاڵم
 بە قیاسى بێزارى خۆم گۆڕێكیم  دەداتىَ بۆ  ژیان،
 ئەم بارانە
 نمە نمە دەمخاتە سەما
 تاى ئەوینم بەرز دادێنىَو ئیتر
 نەرم نەرم هەست دەكەم خەریكە دەفڕم
 خەریكە فێرى گێڕانەوەى خەون دەبم،
 خەریكە دەبمە ئاشق
 خەریكە شیعر دەنوسمو
 لەگەڵ ریشۆڵە حەزینەكانا
 خۆم بۆ سەفەرێكى دوور  لەتەمەكان ئامادە دەكەم
 خەریكە حەزبكەم بچمە كەنارى دەریاو
 چاو ببڕمە قوڵایى  شین،
 یەك نەختى تر
  مردنى بەدەمەوە بێت فێر دەبم
 بە دەنكە چوكلێتێك دڵێكى شكاو  بێنمەوە  جێى خۆى،
 ئیدى وام لێدێت بتوانم بچمە سەربانو
 بەیانى باش لەكۆتر بكەمو
 بە قوڵى بۆنى  رێحانە هەڵمژم،
 بتوانم بەمامۆستا بڵێم
 " ببورە ناتوانم ئەم نەخشەیەى جیهان، بەتەختە سڕێكى ئیسفنج باككەمەوە لەدوكەڵ"
 پرسیاربكەم لەچۆنیەتى لێنانى نیسكێنە
 لە تامى باوەشكردن بەبێدەنگیدا،
 لە قرتاندنى  نینۆكى قەلەقى.
 وردە وردە بیرم دەكەوێتەوە
 رۆژانێك  هەبوون،  كرمم بىَ موجامەلە خۆشدەویست
 شەوانێك هەبوون.. هەنارم بەبزەوە هەڵدەوەراند
 لەگەڵ كۆڵانى كەڵەشێرە شەڕانییەكاندا
 تیپاو تیپمان لەسەر خۆشەویستى دەكرد،
 جۆجۆمان دەكردو خۆمان لە دڵى یەكتردا دەشاردەوە،
 هەریەكەمان خوایەكمان هەبوو گچكەو سادە
 خوداكەى من نوكتەى بۆ دەكردمو گوێزى دەدامىَ
 خوداكەى تۆ نینۆكەكانتى بۆیە دەكردو بۆ پیاسەى دەبردى.
 بەخێرایى.. قوڵ لەقۆڵى ئەم شیعرەدا
 تا كۆتایى خۆم شۆڕ دەبمەوە،
  من لەكۆتایی خۆمدام،
 لە كۆتایى خوێندنەوەى كتێبێكدام
  كە شەونم نووسیویەتى،
 لە كۆتایى نامەیەكدام
  كە بۆنى دووریى لێدێت،
 لەكۆتایى ئێوارەیەكدام 
 كە ڕەنگە دوا ئێوارەى نیشتنەوەم بێت
  لەسەر ناسكترین چڵی خەیاڵى تۆ،
 دوا ئێوارەى رامان بێت
  لەشوێنپێكانى مێرولەیەكى غەمبار،
 دوا ئێوارەى گوێگرتن بێت لەهاوارى سێو فرۆشێك،
 رەنگە دوا ئێوارەى مناڵێك بێت
 بەجوتىَ پێڵاوى تاكەوتاكەوە
 بەبەدلەیەكى مۆر مۆرەوە
 بەدڵێكەوە تژى لەشكان
 بەچاوانێكەوە روون بە گریان
  پێم بڵىَ
 " كەى دەگەڕێتەوە بۆ لام..؟"
 رەنگە ئەمە ئیتر
 دوا ئێوارەى سڵاوكردن بێت لەدۆستێكى شیعر،
 لەهاوڕێیەكى گیانى بەگیانى پەنجەرە
 لەخزمێكى دڵناسكى باران
 كە لەكاتى قسەكردندا لەشەرمان تەڕ دەبێت،
 لەهاوسێیەكى قسە شیرینى هەتاو
 كە عەسران لەچیمەنى حەوشەكەیانەوە
 بەهێمنى شوتى قاژ دەكاتو
  بەشى مریشكەكانیشى لێدەدات،
 لەغەمى جگەرەیەكى بەساڵاچوو
 كەلەتاو عیشقو تەنهایى دەسوتێت،
 رەنگە دوا ئێوارەى دەست بردن بێت
 بۆ پەرداخێك شەرابى شەرمن..!
 من لەكۆتایى خۆمدام
 رێگاكان لە دوورى خۆیان دەڕوانن،
 لەتاریكى كۆڵانێكدام
 لەسەر دەرگاكان نووسراوە
 " دەستم لێبدەى شەق دەبەم"
 پەنجەرەركان عەیارانە بەدەم باوە دەقیژێنن
 " بەهەناسەى توڕە بوونێك هاڕە دەكەم"
 من لە كۆتایى شیعرێكدام ئابڵوقە دراوە بەترس
 لەتاریكى ئاسمانێكدام
 نامۆ بەچرپەكانى رووناكى،
 وەك كاریلەیەكى دڵتەنگ
  لەكۆتایى خۆمدا  چەقیوم،
 لەباخچەیەكدا
  ئاشنا بەخەزان هەڵوەریوم،
 لەهیچدام.. واتە لەكۆتایى ژیاندام
 لە كۆتایى دواین ئاوڕدانەوەى ماڵئاواییدام
 كە تۆ بە چاو تێمدەگەینیت ئیتر تەواو
 من دەزانم جوانترین قسە بەچاو دەكرێت،
 لە بەر رەهێڵەى ونبووندا فریا ناكەوم  بڵێم:
 ئیتر تەواو.. منیش لەكۆتایى خۆمدام.
 تاریكى بەدەم شەپۆلەكانى خۆیەوە دەمبات
 شەوگار بەسەر پەیژەكانەوە دەچنە سەربان
 من لەكۆتایى خۆمدا دەوەستم
 ئاوڕ دەدەمەوە لەدوورەوە تۆ دەبینم
 دەڕۆیتو سێبەرەكەت هێشتا بانگم دەكات
 دەڕۆیتو بەچاو پێم دەڵێیت ئیتر تەواو
 من لەكۆتایى خۆمدا.. واتە لەهیچدام
 بەڵام روون روون تێدەگەم..  ئیدى ورد ورد  تێدەگەم
 هەموو قسە شیرینەكان بەچاو دەكرێن.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply