Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

لەو شوێنەی گەندەڵی هزری هەیە فەلسەفە بوونی دەبێت؟

Be First!

 

 

 ئەگەر فەلسەفە بریتیبێت لە تێڕامانێ پووخت ئەو تێڕامانە بۆ بەشداریکردنە لە گۆڕینی جیهان، جیهان پێویستی بە گۆڕانە بۆیە پێویستی بە فەلسەفەیە. بەڵام فەلسەفە، یاخود ئەم تێڕامانە پووختە، لە شوێنێ چرۆدەردەکات هزر بەئازادی بتوانێ پەرە بە بوونی خۆی بدات. بەپێیئەوەی گەندەڵی تەگەرەیێ بەردەوامە لەبەردەم گەشەی هزریدا بۆیە فەلسەفە ناکارێ بەجۆرێ سرووشتی چرۆی خۆی بکا و بەمشێوەیە فەلسەفە دەکەوێتە دەرەوەی کۆمەڵگەوە و لە هەندەران و لە دەرەوەی نیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆیدا نەشونمادەکات. واتە شار کە شوێنی سەرهەڵدانی تەواوەتی فەلسەفەیە لە شارا هەلومەرجی گەشەی فەلسەفە مەرجە لەباربێت و شار لە فەلسەفە نەترسێ، کە گەندەڵی هزریش لە شارا زەفەر بەگشت کردەێ ڕوناکبیریی دەبات فەلسەفە بۆ زۆربەی خەڵک شتێ ئەوتۆ ناگەێنێ و زۆربەش ناپەرژنەسەرئەوەی بپرسن ئاخۆ ئێمە پێویستمان بە فەلسەفە هەیە؟ ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفە؟ وەڵامەکانی ئەم جۆرە پرسیارانە لە کۆمەڵگەی گەندەڵ تابلێَێی ناتەندروستن بەگشتیش لە کۆمەڵگەی گەندەڵدا ئارەزوو بۆ فەلسەفە بوونی نییە و وەکیتریش خەڵک ناتوانێ لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا ئارەزووەکانی دەستنیشانکا و ویستی خۆی بناسێتەوە.

لەهەمانکاتدا بەشێ لە تەوژم و شەپۆلە فەلسەفیە ڕۆژئاواییەکان جارجارە لەناو نووسین و دیدی کوردی هەنووکەدا ئامادەبوونیان هەیە بەس ئەمانە هیچ جۆرە هزر و بینینینێ فەلسەفی تۆگمە و ستاندارتیان نەسازاندووە. بۆئەوەی گەندەڵی هزری زەفەر بەوە نەبات لایسەرەوە ئاماژەمان پێکرد تاکی کورد پێویستی بەوەیە خاوەن بیرێ کراوە و ئازاد بێت، خاوەنی بیری خۆی بێت. لێ بەپێیئەوەی هۆشمەندی هزری کوردی لەئەمئێستادا لە دۆزێ گەندەڵدا کاریخۆیدەکا دەمارگیری و نەزۆکی ڕۆشنبیری بوونە بە مۆرکی گشت کردە ڕوناکبیریەکان و گەندەڵی توانیوتی هزرێ تایبەت بەخۆی بەرهەمبهێنێ و لەناو کۆمەڵگەشدا کاریپێبکات. هزری گەندەڵیش ، کە هزرێ ناهەستیار و نائازادە، جیاوازیێ ئەوتۆی لەگەڵ خورافیات و دەجەل دا نییە و بۆیە دەکەوینە نەزۆکییەوە کاتێ پرسیار لەسەر هزری فەلسەفی کوردی دەکەین گەر فەلسەفەمان نەبێت و میکانیزمی بیرکردنەوەی تیۆریمان بناغەی نەبێت. بناغەکانی هزری فەلسەفی هاوچەرخیش فێری ئەوەمان دەکات لەو جۆرە کۆمەڵگانەی هزر تیایا گەندەڵە فەلسەفە ئامادەبوونی نییە و کە فەلسەفەش ئامادەنەبێت شتێک نییە بکارێ داڵدەی پرۆسەی نەشونمای ڕوناکبیری بدات چونکە لە گشت کۆمەڵگەێکدا ئەوە فەلسەفەیە کە داڵدەیە بۆ ڕوناکبیریی.

کۆمەڵگەی گەندەڵ کارێواشیکردووە پێوەندی نێوان هزری مێژوویمان و هۆشمەندی نەتەوەیمان لێکدابڕاوبێت و ئەمجۆرە پێوەندییانەش تەنیا لە ژینگەیێ فەلسەفی ئازاددا خۆیدەسەپێنێ کە ئێستا لە کوردستان بوونی نییە و، بۆیشە کاتێ فەلسەفە جێگای لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیا ووندەبێت شتی تر ئەو جێیەپڕدەکەنەوە کە بەگشتی بەزیانی هۆشمەندیمان دەگەڕێنەوە. ئەو تێگەیشتنە فەلسەفییە وەرگیراوانەش لە ئەمڕۆدا لە کۆمەڵگەدا کاردەکەن گەر ڕووبەڕووی بیری باو و دۆگما نەبنەوە ناتوانن زانینی فەلسەفی دروستکەن و ،وەکیتریش نابن بە فەلسەفە، واتە پرسیار لەسەر بوونی مرۆیمان پێکناهێنن. بەمشێوەیە بێت گەندەڵی هزری دەمانخاتە ناو گەرووی دونیاێک کەموکوڕی هزرییەوە یەک لەوانە ئەوەیە ناکارین جیاوازی لەنێوان هزر و ناهزر (نەک دژەهزر) دا بکەین. ئەمەش وامانلێدەکات جیاوازی لەنێوان کەسی دەجال و فەیلەسوف یان هزرەڤاندا نەبینینەوە. بەپێیئەوەی دەجال گشت شتێک دەزانێ و دەشکارێ پێشبینیبکات و پێشمانبڵێ دواتر چی ڕوودەدات ئەمە کاری فەیلەسوف نییە و فەیلەسوف ئەو توانایەی نییە ئەمەبکات. ئێمەش میرلۆ – پونتی ئاسا پێیمانوایە “فەیلەسوف ناتوانێ بڵێ تێپەڕاندنی ناکۆکیە مرۆییەکان بەیەکجارەکی شتێ شیاوە و  مرۆڤی هەمە لە ئایندەدا چاوەڕوانمانە”. چونکە “فەیلەسوف وەک هەموو ئەوانیتر هیچشتێک لەوبارەوە نازانێ”. 

بەپێیئەوی لایسەرەوەبێت لێرەوە دێینە سەر کرۆکی ئەو کێشە هزریەش لە کۆمەڵگەی گەندەڵی هزریمانا دەکرێ جێیباسبێت بەتایبەت بۆ ئەوانەی بە پەرۆشی وەڵامی پرسیاری ئایا کورد فەلسەفەی هەیە؟وەن. بۆئەوانەی گرینگی بەم جۆرە پرسیارانە دەدەن پێویستە لەوێوە دەستپێکەن مەبەستیان لە فەلسەفە چییە؟ یان چۆن خەڵک لە کۆمەڵگەی گەندەڵدا ،کە بێهزری پێوەدیارە، لە مانای یان چییەتی فەلسەفە تێگەیشتوون؟ چونکە ئەوانەی لە کۆمەڵگەی ناوبراو لە دۆزی هزر تێگەیشتوون لەوەش تێگەیشتوون فەلسەفە ئەمڕۆ لە کوردستان بێ ماڵە و لەئێستایا لە وەرگرتن لە هزری ڕۆژئاوا زیاتر شتێتری بەدەستەوەنییە. وەکیتریش ئێمە باوەڕمانوایە کە میلەتێ ئیشی وەرگرتنی بیربۆچوونی فەلسەفی بێت لە ئەویتری ڕۆژئاوا و بەردەوام دەستەواژە و بیرۆکەی فەلسەفی لە فەیلەسوف و تەوژمە فەلسەفیە کۆن و تازەکانەوە قەرزکات ناکرێ بڵێ فەلسەفەم هەیە.

مەرجە هێما بۆئەو لایەنەشبکەین کە ئەو کەڵەکەبونە هزری و فەلسەفیەی لە ڕۆژئاوا هەیە و بووە بە سەرچاوە بۆ وتاری فەلسەفی هاوچەرخی ڕۆژئاوا مانای بۆ هۆشمەندی خودی لای تاکی ڕۆژئاوا هەبووە و ئەو پرۆسەیە تائێستاش بەردەوامە. کەوابێت سەروەری عەقڵ و بیری ئازاد ماناێ گەورەی بۆ ڕسکانی فەلسەفە هەبووە و ئەم سەروەری و بیرەش پێوەندیێ زۆریان بە دروستبوونی خودێتی خودەوەیە. خودی ئێمە نەک هەر ئەیتوانیوە لە ئەویتر دابڕێ بەڵکو لە خودی خۆشی دانەبڕاوە بۆیە دروستبوونی بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆماڵی لەئێستا وڕێنەیە و ئەو بیرە لە کاوێژ و ڕابردووپەرستیدا بژیت ناتوانێ بیرکردنەوەێ فەلسەفی بخوڵقێنێ کە بنەما و مەرجەکانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ڕەخنەئامێزی و کراوەیی بێت. لێ ئەو نامۆیەی بیرکردنەوە لەناو ئێمە تیایدەژی ناتوانێ ئاوا بە ئاسانی بیری فەلسەفی ئازاد و ڕەخنەی دروستکات.

فەلسەفەکردن جوهدێ هزریە کە دواتر لە قاڵبێ تیۆری سێستماتیکدا کۆدەبێتەوە. خودی جوهدە هزریەکە کردەێ عەقڵیشە. ئەمەش وادەکات بڵێین لە کۆمەڵگەی گەندەڵ پەراوێزکردنی فەلسەفە بە پەراوێزکردنی هزر کۆتایدێ، ئەو شتەی ڕاماندێنێ لەسەر بیرڕوونی و واڵابوون بەردەوامبین. ئەمشێوە بیرکردنەوەیەش کە ووزە لە ئامادەبوونی فەلسەفە لە کۆمەڵگەوە وەردەگرێ یارمەتیماندەدا بتوانین سەرلەنوێ خوێندنەوە بۆ کەلەپوورمان ئەنجامدەین ئەمەش لەبەرئەوەی دۆزی هزری ئێستامان ئەم کارەمان لێداوادەکات و فەلسەفەش کە بەکاری گفتووگۆکردنی کەلەپووری ڕۆشنبیریمان بەگشتی و خودی کەلەپوورمان بەتایبەتی هەڵدەستێت نەک هەر جێی فەلسەفە لە کەلەپووری ڕۆشنبیریمانا و واتای فەلسەفە لە ڕۆشنبیری کوردیمانا دەستنیشاندەکا بەڵکو جێی فەلسەفە لە کەلەپووری مرۆڤایەتیشا بەرباسدەخا.

بەپێی ئەوەی دەسەڵات لە کوردستان پشتگیری لە جۆرە ڕۆشنبیریێ نەزۆکی بێناواخن و بێ ئەسڵوفەسڵدەکات ئەمە وایکردووە بێهزری شوێنی هزرئامێزی بگرێتەوە ئەمەش لەڕێگای خۆیەوە کارێوادەکات ئەو جۆرە ڕۆشنبیریەی ئێستا لە کوردستان گەشەدەکات کاوێژسازی و نەزۆکی پەروەردەکات. گومانیشیناوێت کاتێ ئازادی سیاسی و هزری لە کۆمەڵگە لە تالوکەدا دەبێ ئەو کۆمەڵگەیە بێ فەلسەفەیی پێوەدیاردەبێت. هاوکات کاتێ دەسەڵاتی سیاسیش لەپشت بێتەرتیبی ئیداری و مشەخۆری سیاسییەوە دەبێ هزری سیاسی ڕاستەقینە ئامادەبوونی ئەستەم دەبێ. نکوڵیشی ناوێت زۆربەمان لەوەحاڵیین نەبوونی تازەگەریێ خۆماڵی، و نەک هاوردە، وایلێکردوین وتاری ڕۆشنبیری و هزری ڕۆژئاوای بکەین بە سەرچاوە و بەردەوام لێیوەرگرین و، فەلسەفەی ڕۆژئاوا کە شانبەشانی زانست ڕۆشتووە ئێمەی نەتەوەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا چ فەلسەفە و چش زانستەکە هەردووکی بەکاردەبەین و نەشمانگەێنێ بەئاکام و ئەمەش وادەکات بڵێین پڕۆژەی تازەگەریێ هزری لە کوردستان بەبێ فەلسەفە نایێتەسازاندن و ئەم پڕۆژەیە بەدوورخستنەوەی لە فەلسەفە هیچیلێوەوەبەرناێت، یان فەلسەفە کە نەیتوانی لە کۆمەڵگە بەئازادی کاریخۆیبکات و نەشبوو بە داڵدەی هزر پێویستە بیرلەو پرسیارە بکەینەوە چی هزر لە کۆمەڵگە بەرهەمدێنێ؟ یاخود هزر لەژێرسایەی چیدا نەشونمادەکات؟ 

هەرتایبەت بەوی لایسەرەوە باسمانکرد هێما بۆئەوەشدەکەین، کە پێشتریش ووتوومانە، گەر شوێنی فەلسەفە لە دامەزراوە ڕۆشنبیریەکان، لە نێوەندی ئەکادیمی و دامەزراوەکانی دەوڵەت (دەسەڵات) دا دیارنەبێت کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێی کوردستان دوور دەبێت لە ڕاستییەوە تەنانەت هزری فەلسەفیش ئەوکاتە لە کوردستان بە هیچەوە خۆی سەرقاڵدەکات. نەهامەتیێ کولتووریشە فەلسەفە وەک کردەێ ڕۆشنبیری نەبینرێ و فەیلەسوف لە کۆمەڵگە ناوێ دیار نەبێت. سازاندنی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوڵاتیببونیش بەبێ فەلسەفە لە ئەستەم ئەستەمترە بۆئەو مەبەستەش پێویستمان بە فەیلەسوفە. هیچ فەلسەفەێکیش بەبێ فەیلەسوف بوونی نەبووە و، ئەو فەلسەفەیەی فەیلەسوف لەپشتییەوە نەبێت فەلسەفە نییە و شارستانی بێ فەلسەفەش وەک شارستانی بێ مرۆڤ وایە. 

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە. لەوکاتەوە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فەلسەفی. ئۆفیسەکانی یۆنسکۆ لەم ڕۆژەدا دونیایێک چالاکی لەشێوەی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئەوی بە فەلسەفەوە بەندە ئەنجامدەدەن. ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ڕۆژێکە لەپێناو نرخاندنی هزری فەلسەفی هاتۆتەسازاندن.

Previous
Next

Leave a Reply