Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن

Comment

 ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن
 ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 
 
 ئه‌مه‌ریکاییه‌کان قسه‌یه‌کیان هه‌یه‌ ده‌ڵێت:"جۆرج ‌ پشووی هه‌یه‌- له‌ کوێ، ئایا گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک دا، که‌ له‌ کاتی جه‌نگدا له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و ددانی عه‌قڵی هه‌ڵده‌کێشێت!"     
 George is on holiday – Where, would US people vote for such president who is out pulling wisdom tooth at time of war!
 له‌ کاتێکدا ‌:
  که‌رکووک ده‌دۆڕێ و هه‌رچی نه‌یاری کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌( تورکمان، تورکیا، عه‌ره‌ب، عیراقی،  وڵاتانی عه‌ره‌ب،  سوننه، شیعه، به‌عس و زۆرێک ئاشووری و ناکورد) یه‌کده‌گرن و خۆ به‌هێز ده‌که‌ن و ده‌ست له‌ کوشتن و داگیرکردن و خۆته‌قاندنه‌وه‌ ناپارێزن،                                                      
 هه‌رچی داگیرکه‌ر و عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و تورکمانی گرێدراوی میتی تورکیایه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌ن ماڵ و  که‌رکووکییه‌ خاوه‌ن ماڵه‌ ڕاستینه‌کانیش ده‌بنه‌ بیانی و میوان،   هێزه‌کانی عیراق جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و جه‌باره‌ و قزڕه‌بات له‌ کفری و خانه‌قین داده‌بڕن و نه‌خشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان داده‌ڕێژن،   هێزی عیراق و سواره‌ی وه‌حده‌ و حوڕییه‌ و ئیشتراکییه،‌ خۆ بۆ ئه‌نفالێکی دیکه‌ ئاماده‌ ده‌که‌ن،
 ده‌یان ته‌ون و ده‌یان تۆڕ بۆ تاساندنی نووزه‌ی کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ئاماده‌ ده‌کرێن و ده‌چنرێن،     
  سه‌رانی کورد سازش له‌ دوای سازش خۆ  به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن و سه‌ریان بۆ  به‌عسییه‌کانی عیراق و که‌مالیسته‌کان، که‌ ئێستا له‌ پێست و به‌رگی سوننه‌ و شیعه‌ و به‌ره‌ی‌ تورکمانیدان، نه‌وی ده‌که‌ن و بست به‌ بست کوردستانه‌که‌یان جێده‌هێڵن و هه‌ریه‌که‌یان له‌ به‌زمێکدان و هه‌ریه‌که‌ و وێرانه‌که‌ی خۆی  بۆ نه‌یارانی وڵاته‌که‌ی  جێده‌هێڵێ و ڕوو له‌ هه‌نده‌ران ده‌کات:   جه‌لال تاڵه‌بانی، بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌چێته‌ ئه‌مه‌ریکا.
 نێچیرڤان بارزانی،  بۆ بازرگانی ده‌چێته‌ ئێران.
 مه‌سعوود بارزانی، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوا، بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت بۆکوێ و بۆچی!‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌ویش بۆ هه‌ڵکێشانی ددانی بڕوات، چونکه‌ پێشتریش له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا ڕێگه‌ی هه‌نده‌رانی گرتووه‌ته‌ به‌ر و باس له‌وه‌ کراوه‌، که‌ بۆ تیمارکردنی ددانی چووه‌.                             
 به‌رهه‌م ساڵه‌ح، بۆ کڕین و فرۆشتن ده‌چێته‌ ئێران.
 کوردستانێک، که‌ ئێستا له‌ هه‌موو ده‌مێک زیاتر ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ و داگیرکردن و ئه‌نفال و ته‌واوی ئه‌وانه‌یه‌ و نه‌یارانی خوله‌ک له‌ دوای خوله‌ک جێپێی خۆیان قایم ده‌که‌ن، سه‌رانی هه‌ل و کات و ده‌رفه‌تی له‌مه‌ له‌بارتر و باشتر نادۆزنه‌وه‌ بۆ جێهێشتنی و به‌ گورگانخوارددانی!                
 دایکم به‌ که‌سێکی که‌ له‌ کاتی ئه‌نجامدانی کار و ئه‌رکێکی پێسپێردراو و پێویستیدا خۆی بدزیبایه‌‌وه‌ و ته‌مبه‌ڵی بیگرتایه‌ ده‌یگوت:"تانجییه‌که‌ی عه‌زیز ئاغایه‌، له‌ کاتی ڕاودا گووی دێ". ده‌ڵێن عه‌زیز ئاغایه‌ک هه‌بووه‌، تاژییه‌کی ڕاوی هه‌بووه‌، هه‌ر کاتێ چووبێ بۆ ڕاو و له‌ کاتی په‌یدابوونی نێچیردا، که‌ ئیدی ده‌بوو وه‌دووی که‌وێ و بیگرێ، تاژییه‌که‌ خۆی دزیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی به‌ گووکردن کردووه. ئه‌گه‌ر جۆرج(بووش) ددانی عه‌قڵی ده‌رده‌هێنێت، ئه‌دی سه‌رانی کورد چ ددانێکیان ده‌رده‌هێنن! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکاییه‌کان په‌شیمان بن له‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک داوه‌، خۆ سه‌رانی کورد به‌ بێ ده‌نگدانی کوردستانییانیش، کوێخاکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ئاسا، کوردان خۆشیان بێ و ترشیان بێ هه‌ر ڕێبه‌ر و هه‌ر سه‌رکرده‌ و سه‌رۆکن.       
 له‌ سه‌رکرده‌گه‌لێکی بازرگان و خۆپه‌رست و ترسنۆک و سازشکار و ملکه‌چ و منجه‌منجکه‌ر، هه‌رگیز   چاوه‌ڕێی له‌مه‌ باشتر ناکرێت و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و وڵاتێکیش ئه‌مانه‌ به‌ ڕێبه‌ری خۆیان بزانن، له‌ ژێرده‌سته‌یی و کۆیله‌یی و دۆڕان زیاتر، شتێکی دیکه‌ چاوه‌ڕێیان ناکات!                                    
 12-8-2008
 

Previous
Next

Leave a Reply