Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

مرۆڤ هەمیشە بۆ دوا وەڵام دەگەڕێت

Be First!

 

 

چەمکى خوێندنەوە و هەموو ئەو ناونان و پۆلینکردنانەى رەخنەگرانى ئەدەبى بۆ خوێنەران.. کۆى ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە جیاوازانەى بە پێى شەپۆل و رێباز و قوتابخانە ئەدەبییەکان بە ئەنجام گەیەنراوە، جا چ قسەکردن بێ لەسەر خوێنەرى (حەقیقى) یان (گریمانەکراو)، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گومرایى و بەدحاڵبوون بەدەر نییە؟! چونکە هەموو ئەوانە بە گشتى رۆڵ و وەزیفەى خوێنەر لە بەشداریکردنى دەقى ئیبداعیدا لە رووییەک لە رووەکان ئیفلیج دەکەن! لەو خاڵەوە ئەگەر قسە لەو کۆمەڵە خوێنەرە بکەین، کە لە تیشکۆى دەق کۆ دەبنەوە و لە رێگاى پەرچەکردارە هاوبەشەکانیانەوە حەقیقەتێکى (شێوازگەرى) دەسەپێنن، ئەو خوێنەرەى (ریفاتێر) بە گۆچانى کەشفکەرى مانا شاراوەکانى دەق ناوى دەبات، یان خوێنەرى (بەتوانا، باڵاتر، نموونەیى، ناوەکى، نیازخواز..) ئەو کۆمەڵە خوێنەرەى کۆدەکانى دەق لە راستەوە بۆ چەپ و لە سەرەتاوە بۆ کۆتایى دەکەنەوە، ئەوانەى بە داهێنەرى دەق و ماناى دەق، یان بە ئامرازى بەرجەستەکردنى خرۆشێنەرەکانى دەق و هەڵوەشێنەرى رێگا ئەدەبیەکان ناویان دەرکردووە.. دەبینین هەموو ئەوانە بە ئاڕاستەى ناونان و ئاماژە بۆ کردن و سنورەکانیانەوە بەندن… بەڵام دەشێ هەموو ئەو خۆنواندنانە تەنها روویەک لە رووەکانى خوێندنەوە بێ و چەندین رووى دیکەى جیاوازیش فەرامۆش کرا بێ.. 

رەنگە بابەتى شیکردنەوەى شێواز (وەک ریفاتێر ناوى دەبات): وەهمێک بێ، دەق بیخاتە مێشکى خوێنەرانیەوە، راستە ئەو وەهمە خەیاڵێکى پەتى لە پشتەوە نییە، بەڵام وێناکردنێکى بێ بەرانبەریش نییە، چونکە ئەو وەهمە بە بونیادى دەق و ئەفسانەى نەوەکان، یان چین و توێژى کۆمەڵایەتى (خوێنەرانەوە) بەندە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەشێ پرسە جیاوازەکانى خوێندنەوە تەنها لە چەند خاڵ و سنورێکدا کورت بکەینەوە؟ بە دیوەکەى دیکەش ئایا ئیشکالیەتى خوێنەرى هەواڵدەر، پەیپێبەر، شارەزا، راهێنراو، نموونەیى….. و هەموو ئەو ناوزەد کردنانە دەلالەت لە خوێنەرێکى (هەجین) ناکات، خوێنەرێک کە تواناى خۆى لە دەست بەسەر داگرتنى زمانى دەقدا هەڵدەگرێتەوە، دەلالەت لە عەقڵى خوێنەرانێک ناکات، کە وەک کۆگاى هەموو وەڵامدانەوە شاراوەکان خۆى دەنوێنێ؟! راستە خوێنەرى ریفاتێرى هەم ماناى دەق بەرهەم دەهێنێ و هەم دەق بونیاد دەنێتەوە. بەڵام بۆ نموونە خوێنەرى نیازخواز یان مەبەستدارى (فیش) خوێنەرێکى زێتر بۆگێڕەوەیە.. لێرە پرسیار لە (فیش) ئەوەیە: ئایا خوێنەرى سەردەمێکى دیکەى جیاواز هەمان ئەو مانایە دەرک دەکات، لە کاتێکدا ئەو دەقە وەک ریتم و پرس ئاڕاستەى سەردەمى ئەو نەکراوە؟

رەخنەگرى بە ناوبانگى قوتابخانەى کۆنستانس (ئایزەر) لە نێوان ئیشکالیەتى (خوێنەرى بە توانا، نیازخواز، ناوەکى)دا دەڵێ: راستە هەر یەک لەو ناونان و گریمانە جیاوازانە، دواجار بەرەو چارەسەر و ئامانجى جۆراوجۆرمان دەکەنەوە.. بۆ نموونە خوێنەرى بە توانا یان جیاکار.. چەمکێکى ئەزموونگەرییانە دەنوێنێ و جەخت لە سەلماندنى (حەقیقەتى شێوازگەرى) دەکاتەوە.. بە دیوەکەى دیکەش چڕى ئەو پەیامانەش دەسەلمێنێ، کە دەق لە خۆیدا هەڵیگرتووە.. و خوێنەرى نیازخواز تەعبیر لە وێناکردنێکى مێژووییانەى جەماوەرى خوێنەران دەکاتەوە.. (مەبەست لە جەماوەر،  کۆى ئەو خوێنەرانە دەگرێتەوە، کە دانەر لە رێگاى دەقەکانى خۆیەوە کەشفیان دەکات، یان وەک ئامانجى خۆى سەیریان دەکات) و لە کتێبە بەناوبانگەکەى (کردەى خوێندنەوە، ل39)دا دەڵێ: بەڵام خوێنەران سەرەراى جیاوازى مەبەستەکانیان، خەسڵەتێکى هاوبەش بەیەکەوە کۆیان دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە خوێندنەوە وەک هۆکارى باڵابوون سەیر دەکەن! ئەگەر (کردەى خوێندنەوە) هۆکارى باڵابوون بێ، کەواتە با خوێنەران ئازاد بکەین و گوێ لە بوونى ئارەزوومەندانەیان بگرین، بێ هیچ دیاریکردنێکى پێشوەختانە، یان هەڵوێستى مێژوویانە، ئازادبوونیش ئەو کاتە مومکینە، کە بتوانین بچینە دەرەوە و دەست لەو قەناعەتە هەڵگرین، کە لە ناوەوە داگیرى کردووین!

دواجار لەبارەى خوێنەرى ناوەکى کە ئەو ناونانە بۆ خودى ئایزەر دەگەڕێتەوە دەڵێ، خوێنەرى ناوەکى پێکهاتەیەکى دەقگەراییە و بە هیچ جۆرێک پەیوەندى بە خوێنەرى حەقیقییەوە نییە. بەڵام خوێنەرى حەقیقى هەر جۆرێک و هەر چۆنێ بێت، هەمیشە پشت بە رۆڵێکى تایبەت دەبەستێت، ئەو رۆڵە تایبەتیەش خوێنەرى ناوەکى دروستى دەکات. دەتوانم بڵێم ئەو قسەیە دوو تێگەیشتن لەخۆ دەگرێ: یەکەمیان، رۆڵى خوێنەر وەک بونیادى دەق. دووەم، رۆڵى خوێنەر وەک کردەیەکى ئاوێتە. یەکەمیان، پەیوەندى بە جیهانبینى دانەرەوە دەکات، لەو جیهانبینیە دیاریکراوەوە رێگا بە خوێنەر دەدرێ مەبەست و وێناکردنەکانى خۆى دابمەزرێنى. دووەم، قسە لە جیهانبینیەک دەکرێ، کە بەرە بەرە لە خاڵى بەیەکگەیشتنى دەق و خوێنەر کۆ دەبێتەوە، هەر لەو خاڵەشەوە پرۆسەى خوێندنەوە، پێدراوەکان بونیاد دەنێتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply