Skip to Content

Monday, January 18th, 2021

مەحمود دەوڵەت ئابادی لەرومانی جێگای سلوچ بەتاڵە!

Be First!
by June 17, 2012 ئەدەب

 

لەم رومانەدا ئابادی باس لە بنەماڵەیەک دەکا کە نیشتەجێ گوندێکن لە ناوچەی زمنیج، دەشتاییەکی بیابان و ئەرزێکی وشکی هەیە، هاوینان شوتیی لێبەرهەم دێنن، لەم رومانەدا باس لە چارەنووسی سلوچ دەکرێ کە پێشەی تەنور دروست کردن و بیر لێدانە، ژنێکی ٤٠ ساڵانی هەیە بە نێوی مرگان، هەروا سێ مناڵیشی هەیە بە نێوەکانی عەباس وئوبراوهاجەر، بێگومان هاجەر کچێکی دوازدە ساڵانە، عەباسی برا گەورەشیان چواردە ساڵانە، کاتێ سلوچ بێ ئیش ئەبێ لە ماڵەوە قسە لە گەڵ کەس ناکاو بە جیا دەخەوێ و کورتانی کەرەکەی ئەدا بە خۆی دا کە ساڵی پار تۆپیوە.
دوای چەند رۆژێک سلوچ دیار نامێنێ، هیچ هەواڵێکیش بە جێ ناهێڵێ، نازانن ئاوارەی کۆێ بووە، لەڕاستی دا سەری خۆی هەڵگرتبوو لە چنگی هەژاری.
ئیدی مرگان سەرپەرەشتی مناڵەکان دەکات، وەرزەکە زستانە، مناڵەکانی دەنێرێ بە دوای کۆکردنەوەی ئاگوڵ دا، کاتێ دەچن بۆ هەڵکەندنی ئاگوڵ، عەباسی برا گەورە گاڵتە بە ئوبرا دەکا کە لە خۆی بچوکترەو ناتوانی وەکو ئەو ئیش بکاو بار هەڵگرێ!
سلوچ پێش ئەوەی بروا قەرزی لەکابرایەک وەرگرتبوو بە ناوی سالار مەحمود، دوای نەمانی سلوچ، سالار لەگەڵ گەورەی گوندا دێن بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکە، دەبێتە دەمەقاڵەیان لەگەڵ مرگان، چونکە دەیانەوێ قاب و قاچاغی مسینی ماڵەکە لە بری قەرزەکە ببەن، بەڵام ژنەکەی سلوچ ناهێڵێ و دوایی قاب وقاجاغەکە لەبن ئەرز دەشارێتەوە، ئاووهەوا ساردەو بەفر دەبارێ، کاتی بەفر کۆدەبێتەوە، مرگان ئامۆژگاری مناڵەکانی دەکا کە بچن بەفری سەربانی ماڵان پاککەنەوە، لەبری ئەم کارە گەنم و نان وەرگرن، ئەوانیش دەچن سەربانی چەند ماڵێک پاک دەکەنەوەو بەگیرفانی پڕ دێنەوە، بەڵام لەم میانە دایکی عەلی گناو کەژنێکی پیرە بەتەنیا لە کەلاوەیەک دەژێ بنمیچەکە بەسەریا دەروخێ، جەستەی شین و مۆر دەبێتەوە، مرگانیش لەگەڵ چەند کەسێکی خەڵکی گوند دەچن پیرەژنەکە دەردەکەن، لەو دەمەدا عەلی گناو لە ژنەکەی توڕە دەبێ و پێ دەڵێ خەتای تۆ بوو دایکم دەرکرد، ژنەکەی ناوی رقیەیە، بەر دەبێتە گیانی رقیە جەستەی لە دوو سێ شوێنەوە دەشکێنێ.
دواتر عەلی گناو ئوبرا بە کرێ دەگرێ بچی لە گوندەکەی تر بەیتاڵ بێنێ بەڵام لەبەر سەختی رێگاو بانەکە بەیتاڵ نایی، لە ئەنجامدا دایکی عەلی گناو دەمرێ، عەلی گناوو مرگان دەچن بۆ گۆرستان قەبر بۆ دایکی لێبدەن، لەمیانەی ئیش کردن دا عەلی گناو پێدەڵێ هاجەری کچت مەبەستمە، ئەم ژنەی من بەکەڵکی هیچ نایی، هاجەریش دوازدە ساڵانە، بەهەر جۆرێک بوو گفتی لە مرگان وەرگرت کە هاجەری بداتێ، لەبەرانبەر ئەمە عەلی گناو دەڵێ عەباس وئوبرا دەخەمە سەر ئیش، عەباس بچێ حوشترەکانی سەرداری ئامۆزام بلەوەرێنێ، ئوبرایش چاودێری حەمامەکەم بکا، بەڵام کاتێ عەباس حوشترەکان ئەبا بۆ لەوەر حوشترێکی نێری سەر شێتیان هەیە پەلاماری حوشترەکانی دیکە دەدا، عەباسیش بەمەبەستی دوورخستنەوە لێدەدا لە ئاکام دا حوشترە نێرەکە توڕە دەبێ و هێرش دەکاتە سەر عەباس قەپ بە ڕانیا دەکاو عەباسیش بەسکەخشکی خۆی دەخاتە نێو بیرێکەوە دواتر مار پێوەی دەداو سەری سپی دەبێ و لە پەل وپۆ دەکەوێ بەڵام ئوبرا ملکەچی عەلی گناو نابێ و ناچێ بۆ چاودێری حەمام لەبەر ئەوەی بەڵێنی لە میرزاخان وەرگرتووە بیکاتە ڕانندەی تراکتۆر، میرزا خان پەیتا پەیتا ئەرزی خەڵکی گوندی دەکڕێ، بەتەمایە تراکتۆرو مەکینەی ئاو دەرهێنەری بۆ بێ، تەنیا مرگان رازی نابێ دەستبەرداری پارچە ئەرزەکەی بێ ئەگینا کوڕەکانی بەشی خۆیان دەفرۆشن، ئوبرا لای میرزاخان دەست بەکار ئەبێ و ماوەیەک ژیانی خۆش دەبێ وپەنتۆڵ و کراس دەکڕێ و فێری چاککردنەوەی تراکتۆرەکەش دەبێ بەڵام لەناکاو ئەرز کێڵان تەواو دەبێ و چەند شەتڵێکی فستق ئەچێنن، دواتر میرزاخان پارەی خەڵکەکە دەباو خۆی بزر دەکا و ئوبرایش بێ ئیش دەبێ! لەم میانە گەنجەکانی گوند لەبەر نەداری روو لە شارەکانی دەوروبەر دەکەن، یەکی لەوانە مورادە بەجلی جوان و پارەی گیرفان دەگەرێتەوە، برادەری ئوبرایە زۆر باسی ژیانی دەرەوەی زمنیجی بۆ دەکا.
کابرایەک هەیە بە ناوی کەربەلائی دووشەنبە پیاوێکی پیری رەزاگرانە، هەمیشە دەبێتە میوانی ماڵی مرگان، هەر لە خۆیەوە پێیان دەڵێ سلوچ لە ژیان نەماوە ئەگەر بمایە ئێستا خەبەرێکی دەبوو تەنانەت رۆژێکیان داوا لە براکەی مرگان دەکا کە مرگانی بداتێ بەڵام مرگان پێرازی نابێ، بەڵام هەر ئەو برایە هاجەری کچی مرگان رێکدەخا بۆ عەلی گناو، هاجەر بەسیزدەساڵی مێرد بەعەلی گناو دەکا کە پیاوێکی کەتەو بەهەیکەڵە تەنانەت لەشەوی زاوابوون دا هاجەر هەڵدێ و دێ بۆ لای دایکی، دەڵێ دایە من لەم پیاوە دەترسم، دەمرم بەڵام بەهەر شێوەیەک بێ مرگان و براکەی رازیی دەکەن و عەلی گناویش دێت بە شوێنیا هەر ئەو شەوە بە دەم لێدانەوە ئەیکا بە ژن!
عەباسیش دوای ئەوەی کە ماری پیوەی دا سەری سپی بوو لە پەل وپۆ کەوت دواتر بەدارەشەق ئەچوو بەڕێیەوە لەناو گوند خەڵکی قەشمەرییان پێدەکرد، ئیدی بەناوی خۆی بانگ نەکرا ناویان لێنا خۆری بەڵام وەک پیشەی جارانی هەر خەریکی قومارکردنە تەنانەت لە ماڵەوەش شوێن خەوەکەی دەگوازێتەوە بۆ لای تەنورەکە، رقیەی ژنی عەلی گناو بەشەلەشەل هاتووچووی دەکاو بەتەمان لە داهاتوودا پێکەوە دوکانی دانەن شتی وردەواڵە بفرۆشن.
بەڵام مرگان و ئوبرا بریار ئەدەن گوند بەجێبهێڵن، لەبەر ئەوەی براکەی مرگان کە بەکەروردەواڵە بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگێڕێ دەڵێ بیستوومە سلوچ زیندوەو لە کانگا ئیش دەکا، لەوسەروبەندەدا زەلامێک یەکی لە حوشترەکانی سەردار فرێ ئەداتە ناو بیری گوندەکەوە، ئەوانیش دەیانەوێ بە گوریس دەری بێنن بەڵام سەرکەوتوو نابن بۆیە جەستەی حوشترەکە پارچە پارچە دەکەن و لە ئەنجام دا ئاوی بیرەکە دەبێ بە خوێن.
مرگان پیش ئەوەی بروا لەگەل موراد دا دەچن قاب وقاجاغی مسینەکە لەبن ئەرز دەردێنێ و لەگەڵ خۆی دەیباو چەند دانەیەکیان بۆ عەباس جێدەهێڵێ، عەباسیش پێدەڵێ دایە بێ پارەم نەکەی هەروا ئەگەر سلوچت دۆزییەوە نامەیەکم بۆ بنێرێ کە خانوەکە بە ناومەوەیە نەوەکو عەلی گناو بە بیانوی بەشی هاجەرەوە گیچەڵم پێ بکا.
دوای کارەساتەکەی عەباس رۆژێکیان مرگان دەچێ بۆ ماڵی سەردار بە مەبەستی وەرگرتنی کرێ رۆژانەی عەباس، بەڵام سەردار لە تەوێلەی حوشترەکان پەلاماری دەداو سێکسی لەگەڵ دەکا، ئەویش لە نیوان خۆشی و ئابرووی خۆی دا دەکەوێتە کێشمەکێشەوە.
لەم رومانەدا مرگان وا وێنا کراوە کە ئافرەتێکی بە جەرگە بە ماڵانی گوندەکەدا دەگەرێ هەر ئیشێکیان هەبێ بۆیان ئەنجام ئەدا، کەچ کارییان بۆ دەکا، گسک لە حەوشەکانیان ئەدا، ئیدی هەر ماڵێک ئیشی هەبێ لەشین وشایی دا دەڵێن پورە مرگان فڵانە ئیشمان هەیە.

لەکۆتایی دا عەباس و هاجەر لە گوندەکە جێدەهێڵن لەکاتێکدا کە هاجەر زگی پرە بەڵام مرگان و براکەی و ئوبراوموراد دەکەونە ڕێ بەرەو چارەنووسی نادیار، مرگانیش بە چاوی خەیاڵ لە سلوچ دەروانی جاری مردووە جارێ زیندووە بەم شێوەیە رومانەکە کوتایی پێدێ، لەڕاستی دا رومانەکە چوارسەد لاپەرەیە وردەکاری زۆری تیایە بەڵام ئابادی وەک وێنە کێشێکی بە بەهرە کەسایەتیەکان وێنا دەکا، هەڵویست لەژیان ومردن، بوون و نەبوون دەخاتە روو، چەندین لاپەرەی رومانەکە نوقمە لە وەسفی ناوەکی و دەرەکی، گوایە جگە لە رومانی کلیدەر ئەم رومانە زیاتر سەرنجی ئەدەب دۆستانی بەلای خۆی ڕاکێشاوە، رومانێکە شایستەی خۆیندنەوەیە وێرای هەست بە ئازار کردن مرۆڤ چیژی لێدەبینێت….

 نەهرۆ/نەرویج

Previous
Next

Leave a Reply