Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

نسکۆیه‌کی دیکه‌ به‌ڵام هه‌ڵبژاردنێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌

Be First!
by September 8, 2008 گشتی

 نسکۆیه‌کی دیکه‌ به‌ڵام هه‌ڵبژاردنێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌
 حه‌مه‌غه‌فور

 (له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌که‌ی دوێنێی سه‌لاحه‌دیندا‌)
 
 
 ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 7/9/08 مه‌سعودبه‌رزانی له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌لاحه‌دین، به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ 2دوو ڕۆژ بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی به‌شدار بوون له‌ خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا، له‌ میانه‌ی خستنه‌ڕووی هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌ په‌یوه‌ند به‌ گرژی‌و قه‌یرانه‌کانی ناو ئیئتیلافی ته‌وافوقی به‌غدا که‌ له‌ چه‌ند پرسی جێگا ناکۆکی نێوان کوردو حکومه‌تی ناوه‌نددا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ووتی: "ئه‌و هێزه‌ی که‌ چووبووه‌ جه‌له‌ولا له‌سه‌ر داوای به‌غدا بووه‌، ئه‌و هێزه‌ توانی ناوچه‌که‌ له‌ تیرۆریستان پاک بکاته‌وه‌و له‌و پێناوه‌شدا نزیکه‌ی 20شه‌هیدو زیاتر له‌ 40 برینداری داوه‌. من پێم سه‌یره‌ که‌ ئێستا باس له‌ هێڵی سه‌زو شین ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر به‌ هێڵی سه‌وزو شین ڕازی بووینایه‌ ئه‌وا سه‌ددام مه‌منوون بوو له‌گه‌ڵمان ڕێکبکه‌وێت. ته‌نها که‌رکوک کێشه‌ی له‌سه‌ر بوو، ئه‌گینا قبوڵی ئه‌وه‌ی کردبوو که‌ شه‌نگاڵ‌و خانه‌قین بخرێنه‌ سه‌ر هه‌رێم".
 
 به‌رزانی خۆی له‌ واقعییه‌ت لا ده‌دات‌و به‌م شان هه‌ڵته‌کاندنه‌ی که‌ ده‌ڵێ: " من پێم سه‌یره‌ که‌ ئێستا باس له‌ هێڵی سه‌زو شین ده‌کرێ‌" به‌ نیازه‌ ڕاستیی ڕووداوه‌کان‌و تێکچوونی باڵانسی پێشووی ناو ئیئتیلافی عێراق جۆرێکی تر نیشان بدات. به‌ڕێزیان به‌م لێدوانانه‌یان ده‌خوازن بۆ داپۆشینی شکستی هاوپه‌یمانیی نێونیان له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی شیعه‌و بنبه‌ستی پرۆژه‌ی فیدراڵی‌ له‌ عێراقدا ده‌رفه‌ت‌و کاتی زیاتر له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکڕێت. ڕاسته‌ 22/7 ساتی ته‌قینه‌وه‌ی جیاوازی‌و ناکۆکییه‌کانی ناو ئیئتیلافی ته‌وافوقی به‌غدا بوو، به‌ڵام یه‌کێتی‌و پارتی ویستیان وه‌کو "کێشه‌و ململانێی خه‌باتی په‌رله‌مانی‌و دیموکراتی!" له‌سه‌ر ماده‌ی 140 ده‌رخواردی خه‌ڵکی بده‌ن‌و به‌داخه‌وه‌ کاره‌ساتی ته‌مموزی ڕابردووی لێکه‌وته‌وه‌ له‌ شاری که‌رکوک. به‌ڵام ئێستا که‌ خۆیان‌و هێزی پێشمه‌رگه‌یان وه‌کو میلیشیاو چه‌کداری نایاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ‌و سوپای عێراق‌و هاوپه‌یمانه‌کانی دوێنێیان پلانی پاککردنه‌وه‌و ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌مڕۆیانی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی "هێڵی سه‌وزو شین-هێلی پانی34و36" له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا، تووشی ڕووزه‌ردییه‌کی گه‌وره‌ بوون! به‌رزانی نازانێت چۆن وه‌ به‌ چ زمانێک ڕه‌وتی ڕوو له‌ نسکۆیه‌کی دیکه‌ی کوردایه‌تی پاساو بدات.
 
 به‌ ته‌سریح‌و ڕاگه‌یاندنی عاتیفی ڕه‌واڵی ده‌یان ساڵی مێژووی ڕووداوه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌و درامای ئه‌م خه‌ڵکه‌ به‌ دوای نسکۆکانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا، له‌ ویژدانی ملیۆن ملیۆن هاوڵاتی کورددا ناسڕرێته‌وه‌و ناکرێت ته‌زویر بکرێت. هه‌موو کوردێکی کوردستانی عێراق ئه‌و ڕاستییه‌ باش ده‌زانن که‌ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی بووه‌ له‌ناو هه‌ردوو حیزبی پارتی‌و یه‌کێتیدا که‌ ئاماده‌ بوون به‌ هه‌ر نرخێک له‌گه‌ڵ سه‌ددام‌و ڕژێمه‌که‌‌یدا بسازێن! سه‌رانی پله‌ یه‌کی ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌میشه‌ چاویان له‌ به‌غدا بووه‌ سا به‌ڵکو به‌رپرسێکی پله‌ خواری خۆی، یاخود ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ به‌کرێگیراوه‌ کورده‌کان له‌ به‌غدا ڕه‌وانه‌ بکات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان. داستانی ئه‌م جۆره‌ له‌ قاره‌مانێتی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی زۆره‌و نووسراوه‌و که‌س ناتوانێ بیکات به‌ ژێر خۆڵه‌وه‌.
 
 ئه‌م بیرهێنانه‌وه‌و ته‌حه‌دایه‌ی به‌رزانی به‌ر له‌وه‌ی ئاماژه‌ بێت بۆ جێگاو ڕێگای سه‌قامگیرو ڕوو له‌ پێشی چ ئه‌وساو چ ئێستای جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و حیزبه‌کانی، به‌ڵگه‌ی بێ ئه‌ملاولای نسکۆیه‌کی تری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ئه‌خه‌مڵێنێت. به‌رێزیان پێش 22/7ی ئه‌مساڵ به‌ درێژایی 5پێنج ساڵی ته‌واو به‌ شان‌و باڵی ئه‌م حکومه‌ته‌و هاوپه‌یمانێتیان له‌ چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمدا له‌گه‌ڵ هێزه‌ ناسیونال-ئیسلامییه‌کانی عێراقدا هه‌ڵیان ئه‌داو فه‌زڵ فرۆشیشیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردساندا ده‌کرد که‌ عێراقی دیموکراتیان بنیات ناوه‌و ژیرانه‌ بووه‌ گوایا که‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان کردۆته‌ قوربانی‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی عه‌روبی. به‌ڵام ئێستا که‌ به‌هاری ته‌ره‌قی ناسیونالیزمی کورد کۆتایی هاتووه‌و ده‌رپه‌ڕاندنی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌کانی قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین‌و بلۆکبوونی ماده‌ی  140 وه‌کو سه‌ره‌تاکانی دۆڕانی  ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ ده‌بینین، ئیتر ئه‌م خۆگیڤکردنه‌وانه‌ بێجگه‌ له‌ که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ ئیستیهلاکی محه‌للی هیچی دیکه‌ نییه‌‌.
 
 حکومه‌تی ناوه‌ند به‌ سه‌رۆکایه‌تی مالکی هاوپه‌یمانی دوێنێی به‌رزانی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتنی ئه‌منی درێژخایه‌نی نێوان به‌غداو واشنتۆنی پشت‌وپه‌نای ناسیونالیزمی کورددا، سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پڕچه‌ککردنی سوپای عێراقه‌و وا بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا به‌ بڕی زیاتر له‌ 12دوازده‌ ملیارد دۆلار تانک‌و تۆپ‌و زرێپۆش‌و جبه‌خانه‌و فڕۆکه‌ی جه‌نگی پێشکه‌وتوو له‌ ئه‌مریکا بکڕێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه‌ بۆ گۆڕینی ته‌رازووی هێز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ند وه‌ له‌ دژی ده‌سه‌ڵات‌و باڵاده‌ستی ئێستای پارته‌ کوردییه‌کان.
 
 هه‌ر ئه‌مڕۆش عه‌دنان‌مفتی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌ میانه‌ی ووتاری کردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی په‌رله‌ماندا نیگه‌رانی به‌جێی خۆی سه‌باره‌ت به‌و سه‌ودایه‌ی به‌غداو واشنتۆن نیشانداو داوای له‌ ئه‌مریکا کرد که‌ به‌ڵێن له‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌ز وه‌ربگرێت که‌ ئه‌و چه‌که‌ پێشکه‌وتووانه‌ له‌دژی هه‌رێم به‌کار نه‌هێنێت. به‌ڵام ئایا داوای عه‌دنان مفتی جێگای بایه‌خی ئه‌مریکا ده‌بێت!؟ بێگومان وه‌ڵام نه‌خێره‌.
 
 پڕۆژه‌ی فیدراڵییه‌ت شکستی هێناوه‌و کوردستان ته‌نانه‌ت له‌ به‌رنامه‌و سیاسه‌تی هێزه‌ کوردییه‌کان خۆشیاندا به‌شێکه‌ له‌ عێراق. وه‌ له‌ ڕووی ده‌ستووری‌و یاساییشه‌وه‌ سوپای عێراق مافێکی ئاسایی خۆیه‌تی له‌ هه‌ر پنتێکی عێراقدا هێزه‌کانی جێگیربکات به‌ کوردستانیشه‌وه‌. بۆ هێزو لایه‌نه‌ ناسیونال-ئیسلامییه‌کانیش یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق له‌ سه‌رووی هه‌ر شتێکه‌وه‌یه‌و کوردستان له‌ باشترین حاڵه‌تدا ده‌کرێت هه‌یئه‌یه‌کی ته‌شریعی‌و ته‌نفیزی هه‌بێت له‌ چه‌شنی ئه‌وه‌ی کاتی ڕژێمی به‌عس. مێژووی سه‌قامگیربوونی حکومه‌ته‌ مه‌رکه‌زییه‌کانی به‌غداش نیشانی داوه‌ که‌ ته‌نها له‌ ڕێگای زۆرو به‌کاربردنی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ ئیمکان‌و توانای ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق دابین بکرێت. له‌ پێناوی ئه‌م یه‌کپارچه‌ییه‌داو به‌ تایبه‌تیش له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای عێراقدا بێگومان هێزی سه‌ربازی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌. ئه‌مریکاش له‌م باره‌وه‌ لارییه‌کی نییه‌و ناچاره‌ له‌ناو پرۆسه‌ی ته‌قسیم کردنه‌وه‌ی نوێی جیهاندا به‌ دوای شکستی ستراتیژی خۆیدا له‌ عێراق له‌ پێشبڕکێی فرۆشتنی چه‌کی سه‌ربازیدا دوا نه‌که‌وێ‌و پشت بکاته‌ هاوپه‌یمانه‌ بچووکه‌کانی خۆی.
 
 بێ ئاکام بوونی مشت‌و مڕو ململانێکانی ئه‌م دواییانه‌ی ناوه‌ندو هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌کانی قه‌ره‌ته‌په‌و خانه‌قین، وه‌ ڕاگه‌یاندنی مالکی سه‌باره‌ت به‌ هه‌قی یاسایی گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق ته‌نانه‌ت بۆ ناو شاره‌کانی کوردستانیش، زه‌نگی قڵپ بوونه‌وه‌ی دۆخی ئێستای کوردستان لێئه‌دات‌ له‌ دژی یه‌کێتی‌و پارتی، که‌ هه‌میشه‌ کاره‌سات‌و تراژیدیای گه‌وره‌ی به‌ شوێنه‌وه‌ بووه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان. به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان زۆر باش ئه‌توانن خۆیان له‌م چاره‌نووسه‌ کاره‌ساتباره‌ لاده‌ن. ده‌توانن ڕێگای جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سکۆلارو غه‌یره‌ قه‌ومی هه‌ڵبژێرن. ئه‌مه‌ ته‌نها وه‌ڵام وه‌ ته‌نها ئاراسته‌یه‌کی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌یه‌ بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی نێوان حیزبه‌ کوردییه‌کان‌و هێزه‌ ناسیونال-ئیسلامییه‌کانی عێراق. نه‌ک گرتنه‌ به‌ری گفتوگۆو ته‌وافوق‌و ڕێکه‌وتن. ئه‌مانه‌ هه‌مووی که‌ڵه‌ک‌و ساتوسه‌ودای سیاسی بوون به‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ئه‌م حیزبانه‌ کردیان. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ ئیتر بۆ هه‌میشه‌ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ بلۆک بکرێن.
 8/9/2008
 hamaxafoer@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply