نیما یوشیج ده‌ی پرسی .. ئایا شیعر ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه ….ناڵه حه‌سه‌ن
وه‌ڵام به پرسیاره‌كانی كوردستان ڕاپۆرت
ئاماده‌كردنی : سۆران عه‌زیز
نیما یوشیج ده‌ی پرسی .. ئایا شیعر ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندی واقیعیانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه , یان ئایا شیعر گوزارشته له خۆمان و تێڕوانینمان ؟ بۆیه منیش ده‌پرسم ئه‌گه‌ر شیعر گوزارشته له دنیای خودی شاعیر شیعر ده‌توانێت بۆ منی ده‌ره‌وه‌ی شاعیر چ بكات ؟– ناڵه حه‌سه‌ن :
سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌كێك له فه‌لسه‌فه‌ی " گیركهگۆر " و " نێتشه " ئیشكردن بووه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خودی خۆیان , واته ژیانی خۆیان بناغه‌یه‌ك بووه بۆ فه‌لسه‌فه‌كانیان , به‌ڵام له لای " هایدگه‌ر " خود ئه‌و پایه بناغه‌ییه نه‌بووه , زیاتر هه‌وڵیداوه مانایه‌ك بۆ بوون بدۆزێته‌وه . سارته‌ر " یش به‌هه‌مان شێوه ئیشی له‌سه‌ر بوون كردووه , بوونێكی ئازاد وه ئازادی تاكه‌كه‌س , وه‌كو به‌هایه‌كی مرۆیی یه‌كێك له خه‌مه گه‌وره‌كانی ئه‌م بیرمه‌نده بووه . له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆشناییه به هه‌مانشێوه ده‌توانم بڵێم : شیعر گوزارشته له خودی شاعیر , له خه‌ون و خه‌یاڵ و غه‌ریزه‌كانی شاعیر , له ڕوانین و خۆزگه و ئومێده‌كانی شاعیر , ڕه‌سمكردنی ترس و نیگه‌رانی و گومانه‌كانی خودی شاعیر , كردنه‌وه‌ی بوخچه‌ی غه‌ریزه چه‌پێندراوه‌كان و ئیشكردن له‌سه‌ر ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خودی شاعیر , ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له په‌یوه‌ندی توند و تۆڵ دان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه . بۆ نموونه : كاریگه‌رییه‌كانی ته‌قالید و داب و نه‌ریته‌كان به‌سه‌ر بنه‌مای كه‌سایه‌تی و ده‌روونی شاعیر , ڕووداوه واقیعیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود وه‌ك شه‌ڕ و كرداره جینۆسایده‌كان , كاریگه‌ری ئه‌مانه به‌سه‌ر تێشكانی ده‌روونی شاعیر , بوونی خودێكی پڕاوپڕ له نیگه‌رانی و ترس ! نیگه‌رانی لێره‌دا به‌مانای هاوارێك بۆ بوون . ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خود , وێرانبوون و تێكشكانه‌كانی ڕۆح , به بڕوای من نووسینی شیعر ئیشكردنه له‌سه‌ر ئه‌م ڕووبه‌ره نادیارانه‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی شاعیر , واته خود , به خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نهستیهكان و هه‌موو دیوه‌كانی تر , جا ئه‌م ڕهسمكردنهی دیوی ناوه‌وه یان ئه‌م گوزارشتكردنه له خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خود چ په‌یوه‌ندیه‌كی به ( منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خودی شاعیر هه‌یه .. ؟ ) . من پێموایه په‌یوه‌ندیه‌كی توند وتۆڵ هه‌یه له نێوان منی شاعیر و هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی من , چونكه هه‌موو منه‌كان به منی شاعیریشه‌وه , له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی یه‌ك عادات و ته‌قالید و هێرشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمانین , یان هێرشه مۆڕالیهكان بۆ تێكشكانه‌كانی ڕۆح و ده‌روونی خود . هێرش و كاریگه‌ریه‌كان بۆ سه‌ر هه‌موو منه‌كان به منی شاعیریشه‌وه به‌یه‌ك ئاراسته و به هه‌مان هێز و ته‌وژم ده‌بێت . ڕه‌سمكردنی خودی من و خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و غه‌ریزه‌كانی من , پێشاندانی هه‌مان خود و خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و غه‌ریزه‌كانی " منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی " منی شاعیره ! " ئه‌ندریۆ بریتۆن " كه له‌نێو شیعره‌كانیدا ڕووبه‌ره نهستیهكان و تێكشكانه ڕۆحیه‌كانی خۆی ڕه‌سم ده‌كرد , من پێموایه ئه‌وه وێنه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕۆحه تێكشكاوانهی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسی و ته‌واوی ئه‌وروپا بوو , كهلهژێر كاریگه‌ری و وێرانبوونه‌كانی شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه هاتبوونه ئاراوه . سلفادۆر دالی " زۆر به ڕاشكاوی ده‌یگوت ( من ده‌مه‌وێت تابڵۆكانم نیگه‌رانی په‌خش بكه‌ن ) ! ئه‌م نیگه‌رانیه چ له‌لای " سلفادۆر دالی و چ له‌لای هایدگه‌ر و چ له‌لای منی شاعیر " یه‌ك مانای هه‌یه ئه‌ویش هاوارێكه بۆ بوون . به مانای نیگه‌رانی یان ترس له شتێك له هێزێك ! كاتێك بوون ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه مرۆڤ نیگه‌ران ده‌بێت یان ده‌ترسێت . من ئێستا زۆر به ئاگاهانه له‌نێو شیعره‌كانم ئه‌م نیگهرانیانهم ڕه‌سم ده‌كه‌م , نیگه‌رانی له كۆچ و دابڕان , له گهندهلیهكان , له نه‌بوونی ئازادیه‌كانی تاك , له بوونی تهقالیدێكی دواكه‌وتووانه , له مردن و ونبوون , له تێكشكانه‌كانی ڕۆح , له هه‌موو شتێك ! ده‌مه‌وێت هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆم بخه‌مه نێو بازنه‌ی ئه‌م نیگه‌رانیانه , ده‌مه‌وێ هه‌موو منه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ مندا هاوار بكه‌ن , بۆ بوون و بۆ ژیان و بۆ جوانی و بۆ بیناكردنی ژیانێكی مه‌ده‌نیانه‌ی شایسته به مرۆڤ و بۆ هه‌موو شتێك … !_ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا شیعر چه‌ند ده‌توانێت به‌شداری بكات له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده هه‌ستیار ووشیار ڕۆشن پاكیزه و ڕاسته‌قینه به‌هره‌مه‌ند و میهره‌بانه‌ی له ده‌روونی هه‌موو تاكێك بوونێكی شاراوه و نادیار و نابه‌رجه‌سته‌ی هه‌یه و هه‌میشه مرۆڤ ئاراسته ده‌كات بۆ جوانی و عه‌شق و سۆز و وه‌فا و مرۆڤدۆستی و له به‌رامبه‌ریشدا ئاده‌میزاد دڵبه‌ست ده‌كات له ڕق و خیانه‌ت و به‌دڕه‌فتاری بهدگوفتاری بهدههستی بهدنهستی و به‌دبینی ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
من ده‌زانم كه‌سێكی تر هه‌یه له نێو مندا , شیعر ده‌ڵێت و زۆرجاران به‌ده‌م پیاسه و بێدهنگیهكانمدا گۆرانیم بۆ ده‌ڵێت و یان سه‌یری جوانیه‌كان ده‌كات و زۆر شتی تر , به‌ڵام هه‌روه‌ك له شوێنی تردا گوتوومه , " من هه‌میشه گه‌ڕاوم به‌دوای ئه‌و منه‌ی خۆم كه‌چی نه‌متوانیوه بیدۆزمه‌وه ! " . یان ئه‌گه‌ر بڵێم : من بۆ ئه‌وه شیعر ده‌نووسم تا ئه‌و منه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆم بدۆزمه‌وه ! دیاره له‌م ڕاستاییهشدا هه‌وڵه‌كانم هه‌میشه بێهوده ماونه‌ته‌وه ! . بۆیه له وه‌ڵامی ئایا شیعر چه‌ند ده‌توانێت به‌شداری بكات له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م خوده من له‌م باره‌یه‌وه شتێكی ئه‌وتۆم بۆ مه‌علوم نیه ! به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه كه‌سه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی ئێمه , یان ئه‌و خوده هه‌ستیاره‌ی كه تۆ باسی ده‌كه‌ی كه هه‌ڵگری هه‌موو سیفاته‌كانی جوانی و سۆز و پڕاوپڕه له به‌رائه‌ت , ئه‌م خوده نادیاره كاربكاته سه‌ر خودی مرۆڤ و دڵبه‌ستی بكات له خیانه‌ت و له كاری نادروست و دووری بخاته‌وه و نه‌هێڵێت به‌دبینانه بڕوانێت ! من تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوكێشه‌یه و لێكدانه‌وه‌یه دانیم . چونكه خودی مرۆڤ له‌ژێر كاریگه‌ری ڕێساكان و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌دایه . ئهتمۆسفیرهكانی ماڵه‌وه و قوتابخانه و مزگه‌وت و كه‌نیسه‌كان ڕۆلی سه‌ره‌كیان هه‌یه له بیناكردنی كه‌سایه‌تی خودی مرۆڤه‌كان به خوده ههستیارهكهشهوه . به مانایه‌ك ئه‌گه‌ر كه‌سێك له شوێنه‌وار و ئه‌تمۆسفیرێكی توند و تیژ گه‌وره بوو بێت .. دڵنیام له‌پاشاندا هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و كه‌سه ته‌ندرۆستی نابێت . چونگه دڵشكانهكان و توندوتیژیه‌كان و مهحرومبوونهكان … ئه‌مانه هه‌مووی كاریگه‌ری ده‌بێ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه و هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی , ئاساییه ئه‌و كه‌سه خیانه‌ت بكات , جه‌ریمه بكات , یان به‌دڕه‌فتار و به‌ده‌ه‌ست بێت , په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه كه كه‌سه‌كه‌ی ناوه‌وه‌مان چه‌نده هه‌ستیار و ههلًَگری سیفاته‌كانی جوانین . هه‌ر به پێی بیردۆزی فرۆیدیش ئه‌وه حه‌ز و ئاره‌زووه سێكسیهكانن كارده‌كه‌نه سه‌ر بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤ , ئه‌م مه‌یل و ئاره‌زووی سێكسیهش په‌یوه‌ندی هه‌یه به باكڕاوند و ئه‌و دیسپلین و ئهتمۆسفیرهی كه كه‌سه‌كه تیایدا گه‌وره بووه ._ كوردستان ڕاپۆرت
ئایا شیعر ده‌توانێت په‌یوه‌ندی مرۆڤ به دنیا ببه‌ستێته‌وه , به‌مانایه‌كی تر ئایا شیعر ده‌توانێت مرۆڤ و سروشت ئاشت بكاته‌وه یان زمانێك به‌رهه‌م بهێنێت له نێوان مرۆڤ و شته‌كاندا و فه‌رهه‌نگێك فه‌راهه‌م بهێنێت لێوان لێو بێت له پێناسی مرۆڤ بۆ په‌نهانه‌كانی ژیان و نهێنیه ورد‌و درشته‌كانی بونه‌وه‌ر ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
مرۆڤ خۆی به‌شێكه یان پیكهاتهیهكه له سروشت , یان باشتر بڵێم مرۆڤ خۆی به‌رهه‌می سروشته وه هه‌موو شته‌كان و پێكهاته‌كانی سروشتیش له په‌یوه‌ندی دان له‌گه‌ڵ بوون و ژیانی مرۆڤه‌وه , بۆ نموونه بۆشایی و دووریه‌كانی نێوان خۆر و زه‌وی و یان نێوان زه‌وی و ئه‌ستێره‌كانی تر , هه‌ر ئاڵوگۆڕی تیا بكرێت كارده‌كاته سه‌ر ژیان و بوونی مرۆڤه‌وه . یان سووڕانه‌وه و هاتنی یه‌ك به‌دوای یه‌كی وه‌رزه‌كان هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی تیا بكرێت كارده‌كاته سه‌ر ژیان و بوونی مرۆڤه‌وه . مرۆڤ و شته‌كانی تری سروشت له په‌یوه‌ندیه‌كی ئاسایی و گونجاو دان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا . من پێموایه شیعر واده‌كات شاعیر ناسكتر و سهرسامانهتر له شته‌كان بڕوانێت , هه‌روه‌ك سوریالیسته‌كان باوه‌ڕیان به سه‌رووی واقیعه‌وه هه‌بێت , ئه‌ویش له ڕێگه‌ی زمان و خه‌یاڵ و فه‌نتازیاوه سه‌فه‌ر بۆ دیوی ناوه‌وه و دیوه شاراوه‌كانی شته‌كان و ناخی مرۆڤ بكه‌ن , ئه‌و دیوه جوانانه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌ودیو ڕووبه‌ره‌كانی بینین . ده‌رباره‌ی شته په‌نهانه‌كانی ژیان و نهێنیه وورد و درشته‌كانی مرۆڤ , ده‌بینین " شێركۆ بێكه‌س " له شیعرێكدا پرسیار له نمره‌ی پێڵاوه‌كانی خودا ده‌كات ! به‌ختیار عه‌لی له شیعرێكدا باس له ڕووخساره ناشیرنه‌كان و غه‌ریزه ڕه‌شه‌كانی " سه‌رۆك " ده‌كات من خۆم له قه‌سیده‌ی " ئه‌فسانه‌ی جوانیه‌كانی مێیینه " باس له مێیینه‌ی شته‌كان ده‌كه‌م , ئه‌مانه هه‌مووی له دهرگهدانی شته په‌نهان و شاراوه‌كانه هه‌موویش له ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌وه‌یه . ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم : ده‌سه‌ڵاتی زمان هێنده بێسنووره ده‌تواندرێ به هۆیه‌وه په‌ی به هه‌موو نهێنیه‌ك و شته په‌نهانه‌كان ببردرێ . گرینگ ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له سنووره‌كانی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كان و له سنووره‌كانی جوانیدا به‌كاری بهێنین یان مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین ! چونكه به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی زمانه په‌یوه‌ندی هه‌یه به توانا و موهیبه و ئاستی فیكری و مه‌عریفی كه‌سه‌كانه‌وه ! بۆیه ده‌خوازم بڵێم : هیچ شتێك له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی زمان په‌نهان و شاراوه نیه . هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی زمانه‌یه ده‌گه‌ینه نێو ڕووبه‌ره‌كانی فه‌نتازیا و نێو خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانمان , یان شۆڕده‌بینه‌وه بۆ نێو ناخمان و بۆ نێو گۆشه چهپێندراوهكانمان و بۆ نێو ده‌ماره‌كانی عاتیفه و كۆڵانه‌كانی یاده‌وه‌ری و بۆ ڕووبه‌ره‌كانی غه‌ریزه و هه‌سته نهستیهكانمان ! ._ كوردستان ڕاپۆرت :
سوهراب به هه‌موو ده‌قه شیعره‌كانیه‌وه یه‌ك ڕسته‌ی پێگوتین , ئه‌ی مرۆڤ ستایشی ژیان بكه و هه‌تا ده‌توانی ڕێز له شته‌كان بگره , ( مه‌حوی ) به هه‌موو بهیتهكانیهوه ئه‌و هاواره‌ی له ده‌روونمان جێهێشت ( بتوێنه‌وه له نێو عه‌شق دا ) ئه‌م ڕسته شیعریانه چۆن دروست ده‌بێت له ئاینده‌دا ده‌توانیت چ ڕسته‌یه‌كی شیعری به ئێمه بڵێیت ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
ئه‌م ڕسته شیعریانه لێره‌وه دروست ده‌بێت , كه به ئه‌وپه‌ڕی پیرۆزیه‌وه له مرۆڤ بڕوانین له عه‌شق و له به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بڕوانین , به‌و ڕوئیایه بنووسین و خه‌ون ببینین كه هیچ شتێك له سه‌رووی پیرۆزی مرۆڤه‌وه نیه ! به ڕۆشنی ئه‌وه ببینین كه هه‌موو ئایینه‌كان و هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كان و هه‌موو نووسین و داهێنانه‌كان و هه‌موو زانست و فه‌لسه‌فه و ته‌كنه‌لۆژیاكان , پێویسته له خزمه‌ت مرۆڤ و خۆشكردن یان جوانكردنی ژیانی مرۆڤ هاتبنه بوون ! لێره‌وه مرۆڤ شایسته به هه‌موو ڕێزێكه شایسته به هه‌موو جوانی و عه‌شقێكه , عه‌شقێكی سه‌رمه‌دی كه ئاوێنه‌یه‌ك بێت بۆ گه‌وره‌یی مرۆڤ , تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی به خۆشم ده‌گه‌ڕێته‌وه له ئێسته‌دا ئه‌م ڕسته شیعریه‌ی خواره‌وه‌تان پێ ده‌ڵێم , و له ئاینده‌شدا نازانم له‌كام كه‌نار ده‌ریاكانی ژیان یان مه‌رگ و ونبوون ده‌گیرسێمه‌وه .
من خۆله‌مێشی جوانیم
تریفه‌ی جوانیهكانیشم , له نێو ئه‌فسانه‌ی
شه‌وه ڕۆمانسیهكانی عه‌شق و له نێو هاواره گه‌رمه‌كانی ژیان دایه !_ كوردستان ڕاپۆرت :
زمان له گفتوگۆدا كاری گواستنه‌وه‌ی مه‌رام و ڕاز و نیازه‌كانه , وه‌ڵێ له شیعردا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ئه‌ركی جوانیگه‌ری ده‌قیشی له ئه‌ستۆ دایه , تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی به‌شداری له داڕشتنی سیسته‌م و شێوازی ( قسه‌كردن ) ی تایبه‌تیش ده‌كات له یاده‌وه‌ری خوێنه‌ردا , ئه‌م زمانه ڕون و تۆكمه و قوڵه چۆن دروست ده‌بێت به چ شێوه‌یه‌ك په‌رش ده‌كرێت به‌سه‌ر پانتایی ده‌قدا ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
ئه‌م زمانه ڕون و تۆكمه و قوڵه له نێو پانتایی ده‌قدا له ڕێی چۆنیه‌تی مامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ زمان و ووشه و وێنه‌ی شیعری و خه‌یاڵی شیعری و مۆسیقای شیعری دروست ده‌بێت , تا قوڵ بینه‌وه له‌نێو خه‌یاڵ نه‌ك هه‌ر شیعره‌كه تۆكمه‌تر و فره ڕهههتد تر ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵكو له هه‌مانكاتدا زمانی شیعره‌كه‌ش قوڵ و فره ڕه‌هه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت ! چونكه بازنه‌ی سنووری ووشه فراوانتر ده‌بێت , به‌مانای ئه‌گه‌ر له باری ئاسایی بازنه‌ی هه‌ر ووشه‌یه‌ك قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ڕۆچوون به نێو پانتاییه‌كانی خه‌یاڵ سنووری بازنه‌كه فراوانتر ده‌بێت , له‌گه‌ڵ فرهوانبوونهوهی بازنه‌كه‌ش ووشهكه بارگاوی ده‌بێت به ڕه‌هه‌ند و ده‌لاله‌تی جۆراوجۆر , به‌هه‌مانشێوه وێنه‌ی شیعری تا قوڵبینه‌وه به نێو خه‌ون و خه‌یاڵ و ڕووبه‌ره نهستیهكانمان وێنه‌كان قوڵتر و تۆكمه‌تر ده‌رده‌كه‌ون . له‌پاڵ ئه‌مه زمانیش قوڵ و تۆكمه ده‌رده‌كه‌وێت . هارمۆنیا و مۆسیقای شیعریش به تایبه‌ت هارمۆنیا و مۆسیقای ناوه‌كی په‌یوه‌سته به هاوته‌بایی و هاوڕێكی ووشه‌كان و وێنه شیعرییه‌كان , به مانایه‌ك زۆرجار بنیومانه له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی شیعری یان له وێنه‌یه‌ك یان له ڕسته‌یه‌ك , ووشه‌كان هاوتهباییهك یان هاوڕێكیهكی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا نیه یان نه‌گونجاون له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌بینین , ده‌سته‌واژه‌كه یان ڕسته‌كه نامۆ و ناشاز ده‌رده‌كه‌ون ! هاوكات هارمۆنیا و مۆسیقاكه‌ش ناشاز ده‌رده‌چێت ,له‌مباره‌دا زمانیش لاواز و ناڕێك ده‌رده‌كه‌وێت , به‌مانایه‌ك سیسته‌مێك هه‌یه وشه‌كان و وێنه‌كان له نێو پانتایی خه‌یاڵ یان له‌نێو ڕووبه‌ری ده‌قدا ڕیك ده‌خات , به ههمانئهنداره پێویسته ڕوئیایه‌كی پێشكه‌وتووانه و مۆدێرنه‌مان هه‌بێت چونكه زمان و فیكر له په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵ دان وه هه‌روه‌ها پێویسته تا سه‌رئێسقان یاخی بین یاخیهكی سه‌ركه‌شانه , به‌رانبه‌ر به شته باوه‌كانی ده‌وروبه‌ر و واقیع ,, گرینگه بۆ شاعیر ووریا و هه‌ستیار بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه ناوه‌كیه‌ی شیعر و ده‌قدا كه ئه‌ویش به‌بڕوای من خودی زمانه ! وه‌ك ئه‌وه وایه ئاپارتمانێك ئه‌گه‌ر بناغه و دیكۆره‌كانی ناڕێك بێت , ئیتر ئه‌م ناڕێكیه چ نائومێدیه‌ك به پانتایی بینین ده‌به‌خشێت ! ؟ ._ كوردستان ڕاپۆرت :
ته‌م و مژ و ناڕونی له ده‌قدا بۆ پێنه‌گه‌یشتنی زمان و ژیانبینی شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه یان بۆ قوڕسی ناوهڕۆك و بابه‌ت و مانا و ڕه‌مزه‌كان ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
به‌ر له هه‌رشتێك ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم , من باوه‌ڕم به ده‌سته‌واژه‌ی ( ته‌مومژ ) نیه ! ئه‌گه‌ر له كۆندا له‌نێو لێكۆلینه‌وه و ڕه‌خنه‌ی شیعری به‌كارهاتووه یان جێگایه‌كی پێدراوه , ئه‌مڕۆ له‌نێو لێكۆلینه‌وه و نووسینه‌كانمان ته‌نانه‌ت له‌نێو بیركردنهوهكانیشمان واچاكه تووڕی هه‌ڵبده‌ین و ناوی نه‌هێنین . چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ته‌مومژ له شیعردا نیه , ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژ به‌دوای كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ی ( سیمبولیزم ) واته ڕهمزیهكان په‌یدا بوو و هاتۆته نێو ئه‌ده‌به‌وه , كاتێك ده‌بینین شیعرێك به زمانی ڕه‌مز نووسراوه پڕه له كۆد و هێمای جۆراوجۆر كه ده‌لاله‌ت له شتی تایبه‌ت و نادیار ده‌كه‌ن له‌ولاوه‌ش خوێنه‌ر یان ڕه‌خنه‌گر سه‌لیقه‌ی ئه‌وه‌یان نیه خوێندنه‌وه‌ی زیاتر بۆ ده‌قه‌كه بكه‌ن یان زیاتر تیایدا قوڵ ببنه‌وه , دێن ده‌قه‌كه به ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژ و یان ده‌قی گران و قوڕس به‌مجۆره شتانه ناو ده‌به‌ن ! ئیلیۆت ی شاعیر له شوێنێكدا ده‌ڵێت : هه‌موو ده‌قێك له سه‌ره‌تادا بۆ خوێنه‌ر نامۆ دێته پێشچاو ! .. خۆی له بنه‌ڕه‌تدا نه ته‌مومژه , نه ده‌قێكی گرانه , به‌ڵكو ده‌قه‌كه به ستایلێكی جودا نووسراوه . ستایلی سومبولیهكان له‌گه‌ڵ ستایلی ڕۆمانسیه‌كان و ڕیالیسته‌كان چ له ڕووی زمانه‌وه چ له ڕووی شێوه و ناوه‌ڕۆكه‌وه جیاوازییه‌كی زۆر زۆری هه‌بووه , ناكرێت ئه‌م ستایله جیاوازانه به‌یه‌ك هه‌ناسه و سه‌لیقه بخوێندرێنه‌وه ! چونكه ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌لا ڕۆشن بێت له نێوان هه‌ر شێواز و ڕیتم و ستایلێك زمان بناغه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه , هه‌مه‌نگوای بۆ ده‌ورانی خۆی و بۆ گه‌یاندنی ئامانچ و مه‌به‌سته‌كانی له نێوان زمانی ئه‌بستراكت و زمانی ڕیالیزم دا , زمانی ڕیالیزمی هه‌ڵبژارد , مه‌علومه ئه‌گه‌ر ده‌قێكی ڕیالیستی پێویستی به‌جارێك خوێندنه‌وه هه‌بێت هیچ گومانی تێدا نیه ده‌قێكی سیمبولی یان سوریالی یان مۆدێرن پێویستیان به جارێك خوێندنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه ! خوێندنه‌وه‌كانیش به‌پێی سه‌لیقه و تواناكانی خوێنه‌ر ده‌گۆڕێن , مه‌به‌ستمه به‌بێ دوو دڵی ئه‌وه بڵێم : ده‌قی نوێ خوێنه‌ری زرینگ و ووریای ده‌وێت ! ( وه‌ك چۆن هه‌ركه‌سێك شیعر بنووسێت مه‌رج نیه شاعیر بێت , به‌هه‌مان پێوه‌ر هه‌ركه‌سێكیش شیعر بخوێنێته‌وه مه‌رج نیه خوێنه‌ری شیعر بێت ! ) . وه یان ئایا ته‌مومژ یان ناڕۆشنی له ده‌قدا بۆ پێنه‌گه‌یشتنی زمان و ژیانبینی شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟ به بڕوای من ئه‌م پرسیاره به‌مشێوه‌یه هاودژیهك یان ناته‌باییه‌كی تیایه , چونكه پێنه‌گه‌یشتنی زمان له هه‌رده‌قێكدا یان به مانایه‌كی تر , هه‌ر ده‌قێك گه‌ر زمانێكی تۆكمه و پاراو و زیندووی نه‌بوو ئه‌وه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ده‌قه‌كه بارگاویه به ته‌مومژ و ناڕۆشنی به‌ڵكو ده‌قه‌كه ناڕێك یان ههندێكهس پێی ده‌ڵێن لاواز ده‌رده‌كه‌وێت و هیچیتر ! ._ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا یاده‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی به تایبه‌ت هی شاعیر چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ڕویی ده‌قدا ده‌كاته‌وه ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
یاده‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك به شاعیر ده‌به‌خشێت ؟ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه ڕه‌نگه من ناوی بنێم ( هه‌ناسه ) ! به‌ومانایه‌ی بوونی مرۆڤ به هه‌ناسه‌وه به‌نده به مانای بوونی هه‌ر شیعرێكیش به یاده‌وه‌رییه‌وه به‌نده , بۆ له دهرگهدانی هه‌ر شیعرێك یان پێخستنه نێو ده‌روازه‌ی هه‌ر خه‌یاڵێك و خه‌ونێك بۆ نووسینی شیعر په‌یوه‌سته به پێخستنه نێو یاده‌وه‌رییه‌كانی خودی شاعیر خۆی , من له شوێنی تردا گوتومه چه‌نده ئیش له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانم ده‌كه‌م له سیاقی نووسینی شیعره‌كانم به تایبه‌ت یاده‌وه‌ریه‌كانی منداڵیم , وه زۆر به پێویستی نازانم لێره‌دا قسه‌كانم دووباره بكه‌مه‌وه , بۆیه هه‌ر به‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه واز ده‌هێنم_ كوردستان ڕاپۆرت :
ئایا شیعر وشیاركه‌ره‌وه و ڕۆشنكهره و حه‌سێنه‌ره‌وه‌ی دڵ و ده‌روون و بیروهۆش و ڕۆحیانه‌تی ئه‌ویتره ؟ یان ناساندنی به‌هره و توانست و خۆزگه و خه‌ون و مه‌رامه مرۆڤایه‌تیه‌كانی ( من ) ه به ئه‌وانیتر ؟_ ناڵه حه‌سه‌ن :
وابزانم له پرسیارێكدا گوتمان : نووسینی شیعر زیاتر ئیشكردنه له‌سه‌ر خه‌ون و خۆزگه و مه‌رامه‌كانی خودی شاعیر , ئیشكردنه له سه‌ر جیهانبینی شاعیر بۆ ژیان بۆ مه‌رگ بۆ بوون بۆ جوانی بۆ غوربه‌ت … , به‌ڵام ئه‌وه‌شمان گوت خودی شاعیر هاوكات له‌گه‌ڵ خوده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له زۆرێك درز و جۆگه‌له‌كان ده‌ڕژێنه نێو یه‌ك سه‌رچاوه‌ی ڕووباری موعانات و خۆزگه و ئومێدهكانهوه , زۆرجاران من شیعری كه‌سێكی مه‌مله‌كه‌تێكی دی ده‌خوێنمه‌وه كه‌چی به‌هه‌موو مانایه‌كی بوون خۆم و خهمهكانمی له‌نێودا ده‌بینمه‌وه , یان كه‌سێك شیعرێكی من ده‌خوێنێته‌وه به هه‌مان شێوه , ئه‌مه مانای چیه ؟ من له نێو ئه‌و شیعره‌مدا چ هه‌ستێك و چ نیگهرانیهك و چ بارێكی ده‌روونی خۆم ڕه‌سم كردووه له هه‌مانكات هه‌زاران خودی تر له نێو هه‌مان موعانات و له نێو هه‌مان بازنه و نیگه‌رانیه‌كانی نێو ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی من خۆیان ده‌بیننه‌وه , بۆ نموونه من له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له نێو پڕۆسه‌ی شیعریم ئیشم له‌سه‌ر زمانێكی ئیرۆسی و گرینگیم به چه‌مك و به‌ها ئیرۆسیهكان داوه , له نێو شیعره‌كانمدا خه‌ونه چه‌پێندراوه‌كان و خه‌یاڵه ئیرۆسیهكان و ڕووبه‌ره نه‌ستیه‌كانی خۆمم نووسیوه‌ته‌وه یان ته‌لار و هه‌ره‌مه‌كانی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی شیعرم به ڕه‌نگه‌كانی شیله‌ی عه‌شق ڕازاندۆته‌وه , دڵنیام له‌وكاته‌دا له ده‌رگای ملیۆنه‌ها ناخی ترم داوه و مۆمی خه‌مه‌كانی ملیۆنه‌ها كه‌سیتر له‌گه‌ڵ مندا داگیرساوون ! لێره‌وه به‌وه ده‌گه‌ین ناخی شاعیر ناخێكی گشتگیره , وه ده‌توانین بڵێین هه‌ندێجاریش ووشیاركهرهوهیه چونكه هه‌ندێجار هه‌م پرسیاری له‌لادروست ده‌كات هه‌م پڕی ده‌كات له نیگه‌رانی و یان وای لێده‌كات سه‌رسامانه بیربكاته‌وه و بڕوانێ یان پڕی ده‌كات له هاوار .
كوردستان ڕاپۆرت : ( نازكه ئهلملائیكه ) لای عه‌ره‌ب ( فرووخ ) لای فارس توانیان شیعری عه‌ره‌بی و فارسی نه‌شونما پێبكه‌ن له قۆناخێكه‌وه بۆ قۆناخێكی تر دره‌وشاوه‌تر بیگوازنه‌وه , ئه‌ی بۆچی لای كورد ئافره‌ته شاعیرێكی له‌و جۆرانه هه‌ڵنه‌كه‌وت تا سه‌رمه‌شقی بزاڤێكی گه‌وره بكات !_ ناڵه حه‌سه‌ن :
دیاره من نامه‌وێت له گه‌وره‌یی و گرینگی داهێنانه‌كانی ئه‌م دوو شاعیره كه‌مبكه‌مه‌وه , به‌ڵام من هێنده‌ی ئاگاداری داهێنانه‌كانیان بم ڕه‌نگه من وای نه‌بینم كه تا ئه‌وئاسته كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی هه‌بێت ! وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ركوتگه‌رییه و جینۆساییدیه و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌كو كورد , كه‌چی شاعیری ئافره‌ت و ده‌نگی داهێنه‌رانه‌ی زۆرباشمان هه‌یه , بۆ نموونه " كه‌ژال ئه‌حمه‌د " یه‌كێكه له‌و ده‌نگه ژنانه‌یه‌ی كه نموونه‌ی داهێنان و نوێخوازییه , من پێموایه ئه‌وه‌ی به قوڵی ئه‌م شاعیره‌مان بخوێنێته‌وه له‌م ڕاستیانه تێده‌گات كه من مه‌به‌ستمه لێره‌دا باسیان بكه‌م . ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین , ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ّژێردهسته بووینه هه‌میشه له‌سه‌ر لێواری مه‌رگ ژیانمان به‌سه‌ربردووه , هه‌میشه له‌سه‌ر په‌تی مه‌رگ بازبازێنمان كردووه , به ئاگاهانه‌وه له هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی گه‌شه‌ی فیكری و مه‌عریفی بێبه‌شیان كردووین , له نێو بازنه‌یه‌كی زۆر داخراودا خه‌ریكی داهێنانهكانمان بووین , بێ‌ئاگا له دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان , بڕۆننێ , خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه سه‌دساڵ زیاتره له پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا به‌هره‌مه‌ندن كه‌چی ئێمه به‌مزووانه و چه‌ند ساڵێكه ده‌ستمان پێیڕاگهیشتووه ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی , نموونه‌یه‌كی زۆرساده : من خۆم تا نه‌هاتمه ده‌ره‌وه تا به ئینگلیزی " فرۆید " م نه‌خوێنده‌وه له فرۆید نه‌گه‌یشتبووم , زۆر به ساده‌یی خوێندبوومه‌وه زانیاریه‌كانم ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕووبه‌رانه‌ی ئه‌و ئیشی تیا كردووه زۆر مه‌حدود و بڕێكی زۆر كه‌مبوو ! ئینجا شته‌كانی تریش هه‌ر به‌مشێوه‌یه , ئاخر پێشتر ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كان كارێكی ئاسان نه‌بوو , هه‌وڵه‌كانمان له ڕێگه‌ی زمانی عه‌ره‌بی یان فارسی ئه‌ویش زۆر به نیوه‌ناچلی بووه ! وه بوونی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و فێربوونی زمانه زیندووهكان و ئاگاداربوون له دنیای ده‌ره‌وه و له داهێنان و هه‌وڵه جوانه‌كانیان هه‌نگاوێكی زۆر پێویست و خێرایه بۆ گه‌شه و چوونه سه‌ری ئاستی فیكری و مه‌عریفی مرۆڤه‌كان , له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئێمه‌ش ده‌نگی داهێنه‌ری ئافره‌تمان هه‌یه به تایبه‌ت هه‌ندێك ده‌نگی نوێ و تازه كه هیچ گومانێكم نیه له داهاتوویه‌كی نزێك له ئاستێكی زۆر فراوان ده‌رده‌كه‌ون و خۆیان به دنیای ده‌ره‌وه‌مان ده‌ناسێنن ! .
داوای لێبوردن له برام ناڵه ده‌كه‌م كه نه‌مان توانی هه‌موو گفتوگۆكه له‌رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت دابنێین به‌هۆی درێژیه‌وه.