Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید نیه‌

Comments

 پار دروست ئه‌م کاتانه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ کوردستان تا خه‌وی چه‌ندساڵه‌م بێنمه‌ دی، ئه‌ویش توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی ده‌رونناسی بوو له‌سه‌ر ڕزگاربوانی هه‌ڵه‌بجه‌. خه‌وه‌که‌ی من هاته‌ دی و       بوو. به‌هاری Posttraumatic Stressdisorder,PTSD, ماسته‌رنامه‌که‌م له‌سه‌ر نه‌خۆشی
 ئه‌مساڵ له‌ یادی بیسته‌مین ساڵڕۆژی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا توانیم ماسته‌رنامه‌که‌ وه‌ربگێڕمه‌ سه‌ر زمانی کوردی و وه‌کو کتێب له‌ چاپدرا. سه‌رچاوه‌ی نوسینی ئه‌م وتاره‌، درێژه‌ی ماسته‌رنامه‌که‌مه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌یه‌ که‌ له‌کاتی کۆکردنه‌وه‌ی داتاکاندا چوو به‌ گوێما و  یادکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و فرمێسکانه‌یه‌ که‌ بینیم.
 
 به‌یانی زوو که‌ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێکه‌وتین، له‌ نه‌قڵیات له‌به‌رده‌م پاسه‌کاندا تاکسیه‌که‌ دایبه‌زاندین. که‌ سه‌یری پاسه‌ کۆسته‌ره‌کانم کرد، له‌سه‌ر یه‌کێکیان نوسرابوو ‌(هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید) ئه‌وکات دڵنیابووم که‌ ئه‌و پاسه‌یه‌ ده‌بوو بمانگرتایه‌.
 
 له‌ دوای ڕودانی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ وشه‌ی شه‌هید خراوه‌ته‌ پاڵ ناوی ئه‌م شاره‌. گه‌لی کورد له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و خه‌باته‌ی که‌ له‌ دوای دابه‌شکردنی کوردستانه‌وه‌ به‌رده‌وامبوه‌، هه‌میشه‌ وشه‌ی شه‌هیدی به‌کارهێناوه‌ بۆ به‌رزنرخاندن و پێزانینی ئه‌و قوربانیانه‌ی که‌ ڕۆڵه‌کانی گه‌ل له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی نیشتیمان گیانی خۆیان فیداکردوه‌. له‌ پێناوی نیشاندانی پێزانین و ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ی که‌ ئه‌م وشه‌یه‌ هه‌یه‌تی هه‌وڵدراوه‌ ئازیزانی شه‌هیده‌که‌، لانی که‌م له‌ ڕوی ڕۆحیه‌وه‌ قه‌ره‌بوبکرێنه‌وه‌. هه‌تا ئێره‌ هیچ لاسه‌نگیه‌ک نیه‌ له‌ به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌دا. به‌ڵام کاتێک ته‌واوی شارێک شه‌هید ده‌کرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر له‌ روی ڕیزمانیه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌م، شارێک شه‌‌هید نابێت و ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و من به‌جێی دێڵم بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی. ئه‌گه‌ر له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ سه‌یری بکه‌ین، ئێمه‌ی کورد پێمان وایه‌ که‌ بیست ساڵه‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌مان کردوه‌ که‌ به‌ ‌"هه‌‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید" ناوی ده‌به‌ین. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ تا ئێستا له‌ دوای بیست ساڵ به‌رده‌وامبونی ژیان له‌و شاره‌دا که‌ به‌ بێ قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی ئابوری، پزیشکی، ده‌رونی و  ژینگه‌یی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ به‌رده‌وام کۆڵیان نه‌داوه‌و  هه‌ر به‌ کوله‌مه‌رگی ژیان به‌ڕێ ده‌که‌ن. به‌شه‌هید ناوزه‌ندکردنی ئه‌م شاره نه‌ک ته‌نها له‌ هه‌ستی دانیشتوانه‌که‌یدا نه‌قشکراوه‌ به‌ڵکو ته‌نانه‌ت له‌ نه‌ستستیشیاندا هه‌ڵکۆڵڕاوه‌. ‌له‌ ڕاستیدا قربانیبون مۆرێک نیه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا به‌ ناوچه‌وانی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌. به‌ڵکۆ ده‌بێت دۆخێکی کاتی بێت و به‌ یارمه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌و هه‌مه‌جۆره‌ مرۆڤه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وێ ڕۆژانه‌یه‌کی ئاسایی. هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌رگیز شه‌هید نیه‌ و دانیستوانی ئه‌م شاره‌ بون به‌ سومبولی ئازادی نه‌ته‌وه‌یه‌ک.‌ ده‌کرێت ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی پۆسیتیڤ به‌کاربهێنرێت بۆ گورجکردنه‌وه‌ی باری ده‌رونی قوربانیان و هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ دۆخی گوناحی. چونکه‌ کاتێک ئێمه‌ هه‌میشه‌ ته‌واوی دانیشتوانی شارێک به گوناح و قوربانی هه‌تاهه‌ته‌یی ناوببه‌ین، ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و هه‌سته‌یان له‌ لا دروست ده‌که‌ین که‌ له‌ ژیان بێئومێدبن و ته‌نانه‌ت وزه‌ی ژیانکردنیان لێده‌سه‌نینه‌وه‌.
 ‌
 ئه‌و حکومه‌ته‌ی، به‌ هه‌ردوو ئیداره‌که‌ی پێشوی و به‌ "ئیداره‌که‌"ی ئێستاوه‌، هه‌تا ئێستاش به‌ دانانی وه‌زاره‌تی ئه‌نفال و کاروباری شه‌هیدان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وزاره‌تی کاروبار‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هتد به‌ خۆیان و ڕاوێژکاره‌کانیانه‌وه‌ هێشتا ده‌ره‌قه‌تی که‌مکردنه‌وه‌ی فرمێسکی ته‌نها یه‌کدانه‌ قوربانی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌هاتون. به‌ ده‌ دانه‌ هێنانی ئامێری هه‌ناسه‌دان بۆ ده‌ که‌س و هه‌وڵی دروستکردنی فڕۆکه‌خانه‌ و مه‌یخانه‌ و پاککردنه‌وه‌یه‌کی که‌می که‌لاوه‌کان و دروستکردنی پارک، ده‌رونی خه‌ڵکی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ سارێژ ناکرێت. ئه‌گه‌ر ڕزگاربوان پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌که‌ن که‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌کان به‌ده‌م برین و کێشه‌ جه‌سته‌ییه‌کانیانه‌وه‌ بچن. هاوکات ڕزگاربوان چه‌نده‌ها برینی ڕۆحییان هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت چاوی شاره‌زا بیانبینێت و دیاگنوسیان بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنیان. ئێمه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ دوای بیست ساڵ له‌ لایه‌نه‌ ده‌رونیه‌که‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ نه‌کۆڵیوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو به‌ به‌کارهێنانی وشه‌ی شه‌هیدیش بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان لێبێت ده‌رونی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌مان زیاتر بریندار کردوه‌. هه‌میشه‌ بوونی زانیاری له‌سه‌ر خۆت و ده‌وروبه‌رت ده‌سه‌ڵاتت پێده‌به‌خشێت. ئێمه‌ له‌ نه‌زانینمانه‌وه‌ پێمان وایه‌ که‌ بیست ساڵه‌ چاکه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان کردوه‌ که‌ پێیان ده‌ڵێن شاره‌که‌تان شه‌هیده‌. له‌ کاتێکدا که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان نمونه‌ی خۆڕاگری و به‌رده‌وامبونی مرۆڤن به‌بێ بونی هیچ یارمه‌تیه‌کی ئه‌وتۆ.
 
 ڕاگه‌یاندن تا ئێستاغه‌درێکی گه‌وره‌ی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ کردوه‌. ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی که‌ هه‌ر به‌ ناو و له‌ ڕێگه‌ی ناردنی وتارێکی بێسه‌رچاوه‌و بێ ناواخنه‌وه، بۆ ده‌یان ماڵپه‌ڕ،‌ بوون به‌ ڕۆژنامه‌وان، ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک دانه‌ کۆرسی ڕۆژنامه‌وانیان بخوێندایه‌، له‌وه‌ تێده‌گه‌شتن که‌ ئه‌خلاقیه‌تی ڕۆژنامه‌نوسی هه‌رگیز ڕێگا به‌وه‌ نادات که‌ تۆ سه‌روه‌ری مرۆڤێک که‌ له‌ ته‌نگانه‌دایه‌ بیبه‌زێنیت. بۆیه‌ تا ئێستا ڕۆژنامه‌وانێکی زۆر ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ده‌که‌ن و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شه‌هید ناوده‌به‌ن.
  
 شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌رگیز شه‌هید نیه‌. وێنه‌ی نه‌مامه‌کانی سه‌ر ته‌کسیه‌که‌ی که‌ پێی گه‌ڕامه‌وه‌‌ له‌ دوای بیسته‌مین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ، هه‌ر له‌ به‌رچاومه‌. شۆفێره‌که‌ چه‌ند نه‌مامێکی به‌سه‌ر ته‌کسیه‌که‌وه‌ به‌ستبوه‌وه‌. لێم پرسی چیانلێده‌که‌یت، ووتی ئه‌وه‌ نه‌مامی هه‌ناره‌، ده‌یبه‌م بۆ سلێمانی. ‌هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌مامه‌ هه‌نار ده‌نێرێت بۆ سلێمانی.‌
 
 به‌ درێژایی مێژوو هه‌وڵدراوه‌ که‌سایه‌تی تاکی کورد بشکێندرێت و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی دروستکردنی هه‌ستی به‌که‌مبون و مه‌زڵوم بون له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی باڵاده‌ستدا. کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ تاکی کورد له‌و دۆخی زه‌بونبونه‌ بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و چیدی‌ قوربانییه‌ک که‌ به‌ بێ کۆمه‌ک خۆڕاگرانه‌‌ ده‌ژی، ئێمه‌ خۆی و شاره‌که‌ی به‌ شه‌هید ناوزه‌ند نه‌که‌ین.
 
 ئامانج له‌ نوسینی ئه‌م وتاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ته‌واوی کوردستاندا، که‌مپینێکی جه‌ماوه‌ری دروستبکرێت بۆ لابردنی وشه‌ی شه‌هید له‌ په‌نا ناوی شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌. ڕوی ده‌میشم ده‌که‌مه‌ هه‌ریه‌ک له‌:
 – سه‌رۆکی عێراق،  مام جه‌لال تاڵه‌بانی
 – جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، کاک د. به‌رهه‌م ساڵح
 – سه‌رۆکی هه‌رێم، کاک مه‌سعود به‌رزانی 
 – سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم کاک نێچیرڤان بارزانی
 – جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، کاک عومه‌ر فه‌تاح
 
 – سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، کاک عه‌دنان موفتی
 – سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و وه‌زیره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
 ‌‌- هه‌موو که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن به‌ ته‌له‌فیزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان و ئینته‌رنێته‌وه
 – هه‌موو ڕێکخراوێک و کۆمه‌ڵه‌یه‌ک
 
 ‌که‌ هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ن بۆ ساڕێژکردنه‌وه‌ی برینه‌ ده‌رونیه‌کانی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ و چیدی‌ وشه‌ی شه‌هید بۆ شارێک که‌ ناسنامه‌ی تازه‌ی مێژوی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌، به‌کارنه‌به‌ن.
 
 هه‌رکه‌سێک و لایه‌نێک به‌م وتاره‌ دڵگران ده‌بێت، ئه‌وا به‌پێی ده‌رونناسی وشه‌کانی وتاره‌که‌ ویژدانی ئه‌زێتداوه‌، دیاره‌ له‌ ده‌ستیدا بوه‌ شتێک بکات و نه‌یکردوه‌. بۆیه‌ کێشه‌ی ئه‌و که‌س و لایه‌نه‌ خۆیه‌تی، نه‌ک وتاره‌که‌.
 
 
 تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌، ژماره‌ 130 بڵاوبۆته‌وه‌.
 

Previous
Next

Leave a Reply