Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

هیچ پیلانێک رزگارتان ناکات……ئاکۆ مه‌جید

Be First!
by July 3, 2009 گشتی

هیچ پیلانێک رزگارتان ناکات
ئاکۆ مه‌جید

 

وه‌کو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان لیستی ده‌سه‌ڵات پاوانخوازه‌کان که‌وتونه‌ته‌ پیلان و کاری دزێوو خروقات بۆ ئه‌وه‌ی لیستی گه‌ل و هه‌ڵقوڵاوی ناو میلله‌ت (لیستی گۆڕان) خامۆش بکه‌ن و جۆش و خرۆشی گه‌نجی خێر له‌خۆ نه‌دیو خاو بکه‌نه‌وه‌و وا هه‌ست بکه‌ن‌ که‌ لیسته‌که‌یان په‌نا بۆ کاری دزێو و کاری توندو تیژی ده‌بات و به‌پشت و په‌نای ده‌ستی ناحه‌ز و بێگانه‌ ناوزه‌دی ده‌که‌ن و گوایه‌ ده‌یانه‌وێ وڵات وێران بکه‌ن.
با لیستی (کوردستانی) باش ئه‌وه‌ بزانێت که‌ ئیتر جارێکی تر جه‌ماوه‌ر متمانه‌و باوه‌رتان پێ ناکاته‌وه‌، جارێکی تر ده‌ستی جه‌ماوه‌ر له‌هه‌مان کونه‌وه‌ ناگه‌زرێته‌وه‌، جارێکی تر خه‌ڵک بروا به‌ درۆ شاخداره‌کانتان ناکاته‌وه‌، ئێوه‌ 18 ساڵه‌ درۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌که‌ن ده‌ستیان ده‌گه‌زن، ئه‌وه‌ هه‌ر ئێوه‌ن که‌ ده‌یان و سه‌دان پیلانی دزێوتان دارشتووه‌و ده‌تانه‌وێ ده‌یان جاری تر میلله‌ت چه‌واشه‌ بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ده‌سته‌که‌تان که‌شفه‌و خه‌ڵک به‌هه‌مو پیلانه‌کانتان ئاشنایه‌، ته‌نها خوا ده‌زانێت چه‌ند پیلانی چه‌واشه‌کارانه‌ی ترتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ تا به‌ حیسابی خۆتان خه‌ڵکی پێ چه‌واشه‌ بکه‌ن. ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا خه‌ڵکی رق له‌دڵ و خێر له‌خۆ نه‌دیو به‌رامبه‌رتان ده‌یکات ئه‌وه‌ به‌ری ره‌نجی نه‌زانانه‌و خراپی خۆتانه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌ت ئێستا ئه‌یچننه‌وه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها هێزی نه‌وشیروان مسته‌فا نیه‌ که‌ خه‌ڵک به‌و شێوه‌یه‌ ناره‌زایی ده‌رده‌برێت و هاوارتان لێ ده‌کات به‌ڵکو ئه‌وه‌ کاره‌ دزێوو خروقاته‌کانی 18 ساڵه‌ی رابردوتانه‌ ئێستا میلله‌ت لێتان راده‌په‌رێت، خۆ سوتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن گه‌نجانی ئه‌و شاره‌وه‌ لیستی گۆران پێی نه‌وتبون کاری وا بکه‌ن ئێوه‌ به‌ ده‌ستی تیرۆریستان تاوانبارتان کردن؟! خۆ به‌ردبارانکردنی دام و ده‌زگا حیزبی و حکومیه‌کانی گه‌رمیانی 5 ساڵ له‌مه‌و پێش لیستی گۆران نه‌بوو که‌ ئێوه‌ به‌ گێره‌شێوێن ناوزه‌دتان کردن؟! خۆپیشاندانی دو‌ ساڵ له‌مه‌و پێشی شاری سلێمانی لیستی گۆران نه‌بوو که‌ ئێوه‌ به‌ ده‌ستی ناحه‌زان تاوانبارتان کردن؟! ئه‌م هه‌مو ناره‌زایی و خۆپیشاندانانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ ناحه‌زو ده‌ستی ده‌ره‌کی ده‌بینن، خه‌ڵک باش ئه‌وه‌ ده‌زانێت که‌ ئێوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆتان چی پیلانی ناشیرین و دزێوو خروقات و چی ناوی ناشایسته‌ هه‌یه‌ ده‌یده‌نه‌ پاڵ هه‌ر که‌س و لیستێک که‌ به‌رامبه‌رتان بوه‌ستێته‌وه‌. ئێوه‌ ئاگاتان له‌خۆتان نیه‌ و ناشتانه‌وێ هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ هیچ جه‌ماوه‌رێکتان نه‌ماوه‌و هیچ سه‌نگێکتان له‌ناو میلله‌ت نه‌ماوه‌و که‌س بروا به‌ درۆ شاخداره‌کانتان ناکات.
ئێوه‌ له‌ کوردستان نیشتمان په‌روه‌ی ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا کار له‌سه‌ر کوشتنی هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ی کوردانی تاراوگه‌ش ده‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ له‌ ساڵی 2005 له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆتان ده‌نگتان به‌ کوردانی تاراوگه‌ داو کارتان بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ که‌ ده‌زانن کوردانی تاراوگه‌ ده‌نگتان پێ ناده‌ن نه‌تانهێشت ده‌نگ بده‌ن و ده‌زگا حیزبیه‌کانیشتان له‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ بۆ هه‌ر یادو به‌رنامه‌یه‌کی حیزبی کاردانه‌وه‌یان ده‌بێ و ناره‌زایی ده‌رده‌برن به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر بێ به‌شبونی نیو ملیۆن ده‌نگده‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ هیچ هه‌ڵوێستێکتان نه‌بوو، ئێوه‌ که‌ هیچ هه‌ڵوێستێکی مه‌ردانه‌تان به‌رامبه‌ر نیو ملیۆن سه‌رمایه‌ی مرۆیی کوردی تاراوگه‌ نه‌بێت که‌ ده‌زانن ده‌نگتان بۆ ناده‌ن ئیتر وه‌فاتان له‌بنه‌ماڵه‌ بترازێت بۆ کێ ده‌بێت؟! گۆڕان به‌رێوه‌یه‌ …. ئه‌م خولی په‌رله‌مانه‌ نا خولێکی تر.‌
Ako_majeed@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply