Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

وەزارەتى رۆشنبیرى لە كوێى رۆشنبیریدایە

Be First!
by July 8, 2008 گشتی

 شاخەوان عومەر سلێمان
 shakawan77@yahoo.com

 پاش هەردوو وەزارەتى كارەبا و دارایى، وەزارەتى رۆشنبیری سێیەم وەزارەتە كە هەرگاڤ روی گلەیى و گازەندە و ناڕازیبوونى رۆشنبیران و هونەرمەندانى ئاراستەكراوە، ئەمەش لە ختوخۆڕایى نەهاتووە، بەڵكو بەرئەنجامى كەڵكەبوونى كۆمەڵێك كارى ناكامڵ و پڕلەكەم و كوڕییە كە وەزارەت پێوەیان خەریك بووە، دامەزراندنى وەزارەتەكە كە خەونى رۆشنبیران و هونەرمەندا بوو، لە كۆتاییدا بووە مایەى ئازار و ئێش و دەردەسەریان.
 ناحەقیە بڵێین وەزارەت هیچى نەكردووە، بەڵام گوناهیشە هێندە پێ هەڵبڕین و وابزانین لانى كەمى ئەركى سەرشانى خۆى جێبەجىَ كردووە، ئەوەى دەیبینین ستراتیژیەتى ئیشەكانى وەزارەت دابەش دەبنە سەر سىَ بوار، ڕەزامەندی دان بە دامەزراندنى كۆمەڵەو سەنتەرەكان، مۆڵەت پێدانى ئەو حەشاماتە بىَ سەروبەرەى كە بەناوى رۆژنامەو گۆڤار دەردەچن، دواجاریش سازدانى ڤیستیڤاڵ و داوەتكردنى هونەرمەندان و بەئەستۆوە گرتنى خەرجى و تێچوونیان، لە پاڵ ئەوەشدا چەند كتێبۆچكەیەكى چاپكردوە ! پرسیار ئەوەیە، ئایا هیچ یەكێك لەو كارانە بەتەواوى لەگەڵ دروشمى ناونیشانى وەزارەت یەكدەگرنەوە؟ یان زیاتر هەموو ئەوانە دەچنەخانەى كارى راگەیاندنى بچووك و سنوردار و كەم كاریگەرى كاتى، نەك پڕۆژە و پڕۆگرامى رۆشنبیرى و فكرى جددى، كە لەئەسڵدا ئیشى وەزارەت ئەوەیە.
 ئایا داوەتكردنى هونەرمەندێك یان سازدانى كۆنسێرتێكى هەڵپەڕكێ و سەماكردن ئیشى وەزارتێكى گەورە و گرانى وەكو وەزارتى رۆشنبیریە؟ یان كارى ئەو زۆر لەوە ئاڵۆزتر و پڕكێشەترە كە پشتگیرى هەندێك كارى هونەرى سادە و سارد و سڕ بكات كە دڵنیام نەك بینەرییان نییە بەڵكو خودى ئەوانەشى بەناوى هونەرمەند بەشدارى دراماكان دەكەن لەبەر بىَ تامى و بىَ مانایى كارى خۆیان تاقەتیان نییە سەیرى نواندەكانى خۆیان بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ هەریەكێك لەو كارانە پارەیەكى خەیاڵى  و چەور خەرجدەكرێت.
 چاپكردنى كتێب و كردنەوەى كتێبخانە و دانان و دەوڵەمەندكردنى مۆزەخانەو پاراستنى شوێنەوارەكان و كردنەوەى دەزگاو ناوەندى توێژینەوەى رۆشنبیرى كە ئەركى سەرەكیەتى لاى وەزارەتى رۆشنبیرى بەهۆى پێشخستنى لیستى داواكارى پڕۆژەى بچوك بچوكى راگەیاندن و ناڕۆشنى رۆشنبیرى كەوتوونەتە دواوە و واى لێهاتووە وەزارەت لە توانایدا نەبێت بەقەدەر دەزگایەكى تایبەت بە چاپكردنى كتێب، كتێبى پوخت و نایاب و دانسقە لە چاپبدات، یان هێندەى كەسێكى وەك قادر قەچاغ مۆزەخانەیەك بونایدبنىَ، ساڵى رابردوو نموونەى هەندێك لەو كتێبانەم بینى كە وەزارەت لەسەر ئەركى خۆى چاپیكرد بوون، ئەو بەرهەمانەش هێندە كرچ و كاڵ بوون خوێنەر گەر پارەشى لىَ بەڵابىَ نایانكڕێت، كەچى نووسەر و رۆژنامەنووس هەیە هەمووتەمەنى خۆى بەخشیوەتە ئامادەكردن و نووسینى كتێبێك، وەزارەت كارئاسانى چاپكردنى بۆناكات.
 ئێستا رۆشنبیرانى كورد و ئەوانەى كارى رۆشنبیرى ناوازە پێشكەش دەكەن زیاتر ئیشەكانى خۆیان لە رێگاى دەزگاى ناوەندى رۆشنبیرى ناحكوومى ڕایى دەكەن و كەمتر پەنادەبەنە بەر وەزارەت، دەبىَ وەزارەت پرسیار لەخۆى نەكات كە وەزعەكە بۆ بەبارێكى واداكەوتۆتەوە و هۆى چیە دەزگایەكى رۆشنبیرى لەو چالاكتر و گەرمووگوڕانەتر كاردەكات. 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply