کۆتایی ئهلفو بێ …. دیدار ماسیفی
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca
{بیر له سه‌فه‌رێکی درێژ بکه‌ره‌وه بۆ ماڵ
ئایا ده‌بوو له ماڵ بماباینه‌وه و
بیرمان لێره بکردبایه‌وه
له‌و شوێنه‌ی که ده‌بووایه و ئه‌مرۆکه لێیبین}
به‌ر له چوونه نێو دونیای رۆمانه چڕ و پڕه‌که‌ی نوسه‌ری که‌نه‌دی سکۆت ریچاردسن خوێنه‌ر له کردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ئه‌و کتێبه قه‌واره بچووکه‌دا چه‌ند کۆپڵه‌ی سه‌رووی له شیعری شاعیری مۆدیرن و به‌ناوبانگی ئه‌مریکی – ئه‌لیزابێت بیشوب- به‌رچاو ده‌که‌وێت که بریتی یه له ناوه‌رۆک و پوخته‌ی رۆمانه‌که.
ریچاردسن به‌رله‌وه‌ی خۆی له بواری نوسینی ئه‌ده‌ب تاقی بکاته‌وه، ئه‌و بۆ ماوه‌ی زیاتر له بیست ساڵان له نێو دونیای کتێب‌دا بووه و ئه‌ندازه‌ی هونه‌ری هه‌زاران کتێبی به ئه‌نجام گه‌یاندووه. ریچاردسن له {راندۆم هاوس} که یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین و ناودارترین ده‌زگای چاپه‌مه‌نی له ئه‌مریکای باکور، ساڵانێکی درێژ جێگری سه‌رۆک بووه. جیا له‌وه‌ش ئه‌و وه‌ك كهسێکی کورسی له بن دوور بووه له لووت به‌رزی و هه‌رده‌م چاڵاک و کارا بووه له ده‌رخستنی به‌هره‌کان، نه‌وه‌ک مراندنیان. ئێستا به هۆی رۆمانه شاکار و تازه‌که‌ی، ریچارسن زیاتر وه‌ک نوسه‌ر ده‌ناسرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشتر له پاڵ کاره‌که‌ی دا له {راندۆم هاوس} هونه‌رمه‌ندێکی به سه‌لیقه‌ش بووه و کاره‌کانی له ئه‌مریکای باکور و ئه‌وروپا نیشان دراون.
{کۆتایی ئهلف و بێ} رۆمانیکه که خوێنه‌ر ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری بێت تا به دوا ووشه‌ی نه‌گات. پڕ جۆشه له کاتی خوێندنه‌وه‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ی چاکه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵدا کرابێت، کاتێک ریچاردسن نه‌چووه لاپه‌ڕه‌کانی رۆمانه‌که‌ی له سه‌د و چل لاپه‌ڕه تێپه‌ڕ بکات. یان ده‌ڵێیت به نیشاندانی بابه‌تێکی به‌رفره و قووڵ به عه‌مبارێکی که‌متر له ووشه، ریچاردسن ویستویه‌تی خۆی شاره‌زاتر نیشان بدات له گشت ئه‌و نوسه‌رانه‌ی که هێشتا خه‌ریکی نوسینی کتێبی قه‌به و گه‌وره‌ن.
{کۆتایی ئهلف و بێ} به کورتی کتێبی سه‌فه‌ره و باس له ئه‌وین و ژیان و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ ده‌کات …!
ئه‌مبرۆس زێفیر و زامپۆرا ئه‌شکه‌نازی دوو جووتی بێ منداڵن و ماوه‌یه‌کی درێژه پێکه‌وه‌ن و تا سه‌ر ئێسقان به یه‌ک و دوو ئه‌ویندارن. له ماڵ و شوێنێکی خۆش دا له له‌نده‌ن ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن به‌ڵام له گه‌نجی دا له پاریس یه‌کتریان ناسیوه و له یه‌که‌م دیداریان دا گوڵی ئه‌وین له نێو دڵی هه‌ردووکیان چه‌که‌ره‌ی کردووه و هێلانه‌ی چێبووه.
زامپۆرا ئافره‌تێکی جوانه و تا کۆتایی رۆمانه‌که به ناوی کورتکراوه‌ی زیپه‌ر گازی ده‌کرێت. ئه‌و له یه‌کیک له به‌ناوبانگترین کۆمپانیاکانی مۆده کار ده‌کات و به‌ناوبانگترین نوسه‌ری گۆڤارهکهیهتی. که‌چی ئه‌مبرۆس زێفیر به‌رێوه‌به‌رێکی به‌هره‌مه‌نده له ده‌زگایێکی ریکلام، هه‌روه‌ها که‌سێکی خه‌یاڵ بڵاوه و خاوه‌ن ماڵێکه پڕ له کتێب. ئه‌مبرۆس هه‌رده‌م به چاوێکی تر له شته‌کان ده‌ڕوانێت و یاده‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی له ناخی دا زۆر زیندوو ماون.
ئه‌مبرۆس له په‌نجا ساڵی دا ئاگادار ده‌کرێته‌وه که دوچاری نه‌خۆشییه‌کی نه‌زانراو و کوشنده بووه و له مانگێک پتر بواری ژیانی نادات. بۆیه ئه‌و ناچار په‌نا بۆ خه‌ونێکی به دیده‌ن نه‌هاتووی سه‌رده‌می منداڵی ده‌بات که گه‌ڕانه به ده‌وری دونیا دا. که ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ هه‌ست ده‌کات تازه کات ته‌واو کورته، بۆیه به‌رنامه‌یه‌کی چڕ و پڕ بۆ گه‌ڕان داده‌ڕێژێت و به گوێره‌ی پیته‌کانی* ئهلف و بێ شوێنه‌کان دیاری ده‌کات. زیپه‌ر له دڵه‌وه غه‌مگین و نیگه‌رانه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وینی قووڵی بۆ ئه‌مبرۆس بڕیار ده‌دات پاڵپشتی له‌و بیرۆکه‌یه شێتانه‌یه بکات. ئه‌مبرۆس له ژووره‌که‌ی دا جانتایێکی ئه‌نتیکی چه‌رم ئاماده ده‌کات و شته‌کانی تێده‌خات. پاشان له (ئه‌ی) یه‌وه بۆ (زی) له به‌رامبه‌ر هه‌ر پیتێک دا ناوی شوێنێک ده‌نوسێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت گه‌شته‌که‌ی له ئه‌مستردام ده‌ست پێ‌بکات و له دورگه‌ی زینزهباری ته‌نزانیا کۆتایی بێت.
زیپه‌ر ئه‌و کاره به ئه‌سته‌م ده‌زانێت به‌ڵام ئه‌وین و خۆشه‌ویستی قووڵی بۆ ئه‌مبرۆس وای لێده‌کات که خۆی تووشی دوو دڵی نه‌کات له هه‌مبه‌ر بیرۆکه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌دا. ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی خه‌ریکی ئاماده‌کردنی جانتاکه‌ی ده‌بێت، ئینجا روندک له دوای روندک ده‌ڕێژێت و بڕیار ده‌دات تا مردنیش له‌گه‌ڵیدا بێت.
له رۆمانی {کۆتای ئهلف و بێ} دا رووداوه‌کانی سه‌فه‌ر له باسی نه‌خۆشیه‌که خێراتر له ژێر چاوی خوێنه‌ردا گوزه‌ر ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ ئاودیو کردنی هه‌ر پیتێک و جێهێشتنی هه‌ر شوێنێک دا، هه‌ڵوه‌سته به ئه‌و ده‌که‌ن و هه‌زار نیشانه‌ی پرسیار ده‌خه‌نه سه‌ر رووی که چۆن ئه‌مبرۆس توانیویه‌تی نه‌خۆشیه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه له بیربکات وپشت گوێ بخات.
سه‌ره‌تا به خێرایی ده‌گه‌ن به شاری ئه‌مستردام و به جاده‌کانی دا ده‌سوڕێنه‌وه. به‌ڵام کات خێراتر له گه‌ڕان به‌سه‌ر پیت و شاره‌کان دا دوا لاپه‌ڕه‌کانی ژیانی ئه‌مبرۆس ده‌پێچێته‌وه که پڕن له خه‌ون و ئه‌وین.
ئه‌مبرۆس به درێژایی رۆژانی سه‌فه‌ر قسه و یاده‌وه‌رییه‌کانی باوکی کۆچکردووی دێته‌وه یاد و تارمایی ئه‌و له هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی دا یاوه‌رییه‌تی.
له به‌رلین، شاری دووه‌م پیت، خۆی و زیپه‌ر به پیشانگاکان دا ده‌گه‌ڕێن و له شاکاری هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می رینیسانس و هی دواتر راده‌مێنن و بیر له نه‌مری ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر له‌وێ دا به‌سه‌ر پیتی (دی) ش دا ده‌چن.
له‌وێوه ده‌چن بۆ پاریس و به دیار کاتیدرالێکی کۆن و تاوه‌ری ئیفل هه‌رتک پیتی (سی) و (ئی) ته‌واو ده‌که‌ن و له‌وێنده‌ر له شوێنی یه‌که‌م ئه‌وین یه‌کتری له باوه‌ش ده‌که‌ن و ماچی رووی یه‌ک و دوو ده‌که‌ن.
زیپه‌ر به‌رده‌وام نیگه‌رانه و ئه‌مبرۆس ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه ناو یاده‌وه‌ریه‌کانی منداڵی.
ده‌چنه فلۆره‌نسا.
سه‌ر له هه‌ره‌مه‌کانی گیزه ده‌ده‌ن و دوو پیتی دیکه‌ش ده‌قرتێنن.
ئه‌مبرۆس له سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ترین هه‌ره‌م دا شه‌که‌ت ده‌بێت و زیپه‌ر ده‌خاته گه‌وره‌ترین نیگهرنیهوه. وای لێدێت که بیر له گه‌ڕانه‌وه بکاته‌وه. به‌ڵام ئه‌مبرۆس به هه‌ناسه‌ی سواره‌وه هه‌ر سووره له سه‌ر ته‌واو کردن و ئه‌نجام دانی گه‌شته سه‌یره‌که‌ی تا رۆژی مردن. ئه‌و به زیپه‌ر ده‌ڵێت که ئه‌و نه‌خۆشی یه له ناکاوه په‌یامێکه بۆ ئه‌وه‌ی بگات به خه‌ونه‌که‌ی منداڵی و بتوانێت له مانگێکدابه چوارده‌وری دونیادا بسووڕێته‌وه.
له‌به‌ر ته‌پ و تۆز و باری خراپی که‌ش و هه‌وا ناتوانن له حه‌یفا دابه‌زن به‌وه‌ش پیتی (ئێچ) یان له کیس ده‌چێت و گه‌شته‌که‌یان که‌لێنی زه‌قی تێدا ده‌که‌وێت. ئه‌مبرۆس دڵته‌نگ ده‌بێت به تێکچوونی شیرازه و ریزبه‌ندی پیته‌کان و ده‌که‌وێته بارێکی قووڵی خه‌مه‌وه. که‌چی هه‌ر مکوڕ ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واو کردنی گه‌شته‌که‌ی.
ده‌گه‌ن به ئه‌سته‌مبۆل و به شوێنه‌واره کۆنه‌کانی دا ده‌گه‌ڕێن. له پاڵ مزگه‌وتی شین دا ئه‌مبرۆس گه‌رماوی تورکی تاقی ده‌کاته‌وه و پاش شکستی گیزا و حه‌یفا گوڕێکی دیکه‌ی دێته‌وه به‌ر. پاشان له پاڵ دیواره کۆنه‌کانی تۆپ قاپی بیر له ئافره‌ته پاکیزه‌کانی حه‌ره‌می سوڵتان ده‌کاته‌وه و تارمایی خنکاوه‌کانیان له ئاوی به‌سفۆر ده‌بینێته‌وه. ئه‌و زۆر خۆشی لێ ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام زیپه‌ر هه‌ر داوای گه‌رانه‌وه‌ی لێده‌کات و حه‌ز ناکات هاوسه‌ره خۆشه‌ویسته‌که‌ی له دورگه‌یه‌کی ئه‌فریقیا دا گۆڕ غه‌ریب بێت.
عهرافێک له جاده‌کانی ئه‌سته‌مبۆل ده‌ستی ئه‌مبرۆس ده‌خوێنێته‌وه و پێده‌ڵێت که‌وا ئه‌و ته‌مه‌نێکی درێژ ده‌کات. له‌و کاته‌دا له پاڵی دا روندکی زۆر ده‌ڕژێنه چاوه‌کانی زیپه‌ر و به کوڵ دهیگرێنن. به‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌رافه و وه‌ک شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو له هێکڕا هه‌ردووکیان پێکه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه له‌نده‌ن.
به‌درێژایی رۆژانی سه‌فه‌ر، زیپه‌ر کاریگه‌ری جێهێشتنی کاره‌که‌ی له سه‌ر بوو و هه‌رده‌م ته‌له‌فۆنه‌که‌ی له زرینگه دان بوو. که ده‌گه‌ڕینه‌وه رۆتینه‌کانی ژیانیان وه‌ک خۆی لێدێته‌وه. هه‌واڵی مردنی ئه‌مبرۆس ده‌چێته گوێی باوه.
رۆژێک ئه‌مبرۆس و زیپه‌ر پێکه‌وه ده‌چنه لای مسته‌ر ئومتاتای به‌رگدروو بۆ ئه‌وه‌ی کراسێکی تازه بۆ ئه‌مبرۆس بدروێت وه‌ک ئه‌وه‌ی کڕیاره‌که‌ی که‌سێکی لێواری مه‌رگ نه‌بێت.
له ماڵه‌وه ئه‌مبرۆس به یارمه‌تی هاوسه‌ره خۆشه‌ویسته‌که‌ی به ئاخاوتن گه‌ڕان به‌و شوێنانه داده‌که‌ن که له لیستی پیته‌کان دابوون و نه‌یانتوانی بیانبینن. تا پیته‌کان گشتیان به قسه‌وه ته‌واو ده‌که‌ن و به‌وه‌ش کۆتایی به چیرۆکی ژیانیان ده‌هێنن و خوێنه‌ر له بۆشاییکی پڕ له پرسیار دا جێده‌هێڵن.
دوا ووشه، ئه‌و رۆمانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باسی گه‌شتێکی کورت و پڕ له دڵه‌ڕاوکێ و دوو دڵی دوو هاوسه‌ری ئه‌ویندار ده‌کات، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ر سه‌فه‌رێکی چڕ و پڕه به سه‌ر پیته‌کانی زمان له‌لایه‌ک و به نێو ناخی جه‌نجاڵی مرۆڤ له لایێکی دیکه‌وه، ئه‌و کتێبه سه‌فه‌رێکه که هه‌م خۆشی ده‌خاته دڵی ئینسان، هه‌م ده‌یخاته گومان به‌رامبه‌ر به هه‌موو شته‌کان که خه‌ونه‌کانی منداڵی ده‌کوژن!
*- سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی ووشه‌ی {پیت} که‌مێک دوو دڵ بووم، چونکه چه‌ند مانگێک پێشتر کاتێک له کتێبه‌کانی ره‌وشه‌نی برازام ده‌ڕۆنی و به دوای سه‌رده‌می منداڵی خۆم ده‌گه‌ڕام. بینیم له هه‌موو وانه‌کانی زمانی کوردی ووشه‌ی {تیپ} له جیاتی {پیت} به‌کارهاتووه. لێره‌دا هه‌ستم کرد ئه‌و گۆڕانه بچووکه له زمان بۆشایێکی گه‌وره‌ی خستۆته نێوان من و ره‌وشه‌ن.
به‌ڵام من لێره‌دا هیچ شتێک نادۆڕێنم له‌و گێژاوه‌ی ناو زمانم، به مه‌رجێک بۆ زمانم ههنگاوێکی بێ ترس بهاوێژرێت و منداڵان کوردستان وا رابهێنرێن به یه‌ک شیوه رێنوس بنوسن.
که‌چی له دیوه‌که‌ی تر با هه‌ریه‌کێکیان به دیالێکتی دایکی بپه‌یڤێت. من له‌به‌ر رۆڵی گه‌وره‌ی بهدرخانهکانیش حه‌زم کردووه ناوی {ره‌وشه‌ن} بنوسم.