
سه‌رله‌نوێ گۆڕینی فه‌لسه‌فه گاڤی یه‌که‌می فه‌لسه‌فه‌یه
هه‌ندرێن
به‌رایی
دیاره ئه‌رک و په‌رۆشخۆری "فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی" یان "مێتافیزیک" له پێناو خودی بوون وه‌ک خۆی بوو. هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان، جووڵه و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه یان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی کاته‌وه هه‌تا ده‌گاته ئه‌مڕۆش پرسیاری نه‌بوون، عه‌ده‌م هه‌رده‌م پرسێکی هه‌ستدار بووه بۆ مرۆڤ. پرسیارگه‌لێکی وه‌ک: ئه‌و شته چییه؟ ئه‌م شته بۆ وایه؟ پرسیار و فامکردنی شته‌کان هه‌رده‌م وه‌ک بابه‌تێکی سه‌ره‌کی مرۆڤی شاگه‌شکه، دۆشداماو کردووه.
به‌مجۆره ئه‌رکی"فه‌یله‌سووفانی به‌رایی" گرنگدان به ماریفه و رۆچوون بوو به‌ناو پرسیارگه‌لێکی سه‌ختی وه‌ک؛ مه‌رگ، ژیان و بوونایه‌تی بوون.
وه‌ک ده‌زانین ده‌سته‌واژه‌ی "فه‌لسه‌فه" به گرێکی واتای دۆستایه‌تی یان ئه‌ڤین بۆ دانا و زانایی ده‌گه‌یه‌نێ. له کن ئه‌ریستۆدا ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فه واتای "مێتافیزیک" بوو، هه‌رچه‌نده خودی ئه‌ریستۆ وشه‌ی مێتافیزیکی به‌کار نه‌ده‌هێنا. وه‌لێ کتێبه‌که‌ی ئه‌ریستۆ، "فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م" ماوه‌یه‌کی زۆر دوای خۆیه‌وه ناوی "مێتافیزک"ی پێبه‌خشرا. چه‌مکی "مێتافیزیک" ئاوێته‌یه‌که له: Meta، بان واقیع و Fysik، که مانای سروشت ده‌گه‌یه‌نێ. چه‌مکی "مێتافیزک/Metafysik" هێمایه‌که بۆ تیۆرییه‌ک له‌مه‌ڕ ژیانێکی هه‌تا هه‌تایی که بنه‌مای هه‌موو شتێکه یان سه‌ره‌تا و کۆتایی بوونایه‌تییه. هاوکات مێتافیزک واتای زانستیش ده‌گه‌یه‌نێ، چونکه ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ سروشتدا نه‌رمده‌کاته‌وه، ژیانمان بۆ شیکدهکاتهوه. که‌واته "مێتافزیک" واتای گه‌ڕان و تێگه‌یشتن له ماریفه: سۆفیا، فه‌لسه‌فه ده‌گه‌یه‌نێ.
که‌واته له‌م وتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م راڤه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ ئه‌رک و کاکڵه‌ی "فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی"، یان "مێتافیزیک" نمایشبکه‌م، دواجاریش به چڕکردنه‌وه‌یه‌ک له جیاوازی و لێکچوونه‌کانی نێوان ئه‌ریستۆ و دێکارته‌وه ئاکامگیرییه‌ک له کۆی وتاره‌که‌ماندا به‌رجه‌سته ده‌که‌ینه‌وه. لێ له پێشڕا، بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکمان له‌و پاشخانه‌ی مێتافیزیهکه هه‌بێ، وێنایه‌ک له‌مه‌ڕ "فه‌لسه‌فه‌ی پێش سۆکرات/Föresokratikerns filosofi" و نمایشدهکهم و وێجا تیرێژێک له روانگه‌کانی ئه‌ریستۆ له مه‌ڕ ئه‌رک و نێوه‌ڕۆکی "فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی/Första filosofi" ده‌چنمه‌وه. وێجا جیاوازیی و لێکچوونه‌کانی نێوان دیدی ئه‌ریستۆ و دێکارت به دیار ده‌خه‌ین. دواجاریش ئه‌م راڤهکارییهی من له‌سه‌ر "چه‌مکی خوا" چڕ ده‌بێته‌وه. هاوکاتیش وێڕای دیدی ئه‌ریستۆ و دێکارت، له کۆتایی ئه‌م گفتوگۆیه‌دا تیرێژێک له روانگه‌کانی مارتین هایدگه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پرسیار ده‌خه‌مه روو. هه‌ڵبه‌ته دیده‌کانی خۆمیش له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌دا، له ره‌وتی ئه‌و ئاخاوتنه‌وه ئاماده‌ییان هه‌یه.
فه‌یله‌سووفه‌کانی به‌رایی
ئه‌و پرسیاره‌ی که فه‌یله‌سووفه‌کانی به‌رایی، واتا فه‌یله‌سووفه‌کانی پێش سۆکرات سه‌رقاڵکردبوو په‌یوه‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانکاریی و پێشهاتانه‌ی سروشته‌وه هه‌بوو. یه‌کێک له‌و یه‌که‌م فهیلهسووفانانهی گرێک تالس (Thales) بوو، که له ده‌وروبه‌ری 585 پێش زایین‌دا ژیاوه. تالس پێی وابوو که ئاو سه‌رچاوه‌ی هه‌موو بابه‌تێکه. ئه‌و به جۆشه‌وه وه‌ک یه‌کێک له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی به‌رایی هه‌وڵیدا له روانگه‌ی مێتافیزیکه‌وه هه‌موو پرسیاره‌کانی بوون شیبکاته‌وه. دوای تالس هێراکلێتیۆس (Herakletios)، که 500 ساڵ پێش زایین ژیاوه، وه‌ک دووه‌م فه‌یله‌سووفانی به‌رایی و یان مێتافیزکییهکان، پێی وابوو که شته‌کان له پرۆسه‌ی گۆڕانێکی به‌رده‌وام دان. له کن هێراکلیتیۆس دا به‌ربه‌ره‌کانی هۆکردی هه‌موو شتێکه و ئاگریش، وه‌ک توخمێک که هه‌میشه گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت، بنه‌چه‌که‌ی ناوه‌کی هه‌موو شتێک پێکده‌هێنێ. که‌چی دێمۆکریتۆس (Demokritos )، که له ده‌وروبه‌ری 460ی پێش زایین ژیاوه، له روانگه‌ی تیۆری گهردیلهکهیهوه، پێی وابوو ئه‌و ورده ماددانه‌ی، که سازێنه‌ری ئه‌و گه‌ردیلانه‌ن، ته‌نیا له شوێندا، به هۆی قه‌باره، بزوان و هێورییه‌وه تایبه‌تمه‌ندی به‌رده‌وامیان هه‌یه، لێ ئه‌و گه‌ردیلانه هیچ ره‌نگ، تام و بۆنیان نییه. به‌مجۆره دێمۆکریتۆس وه‌ک تێگه‌یشتنێکی خودگه‌رییانه سه‌یری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بینراوانه‌ی گه‌ردیله‌کانی ده‌کرد. دێمۆکریتۆس جیهانی وه‌ک وێنه‌یه‌کی رۆخ ره‌ق و دداندار ده‌بینی و وه‌ک گێژه‌نێک ئه‌و رۆخانه‌ی له‌گه‌ل یه‌کتردا تێکه‌ڵ کرد. هاوکاتیش دێمۆکریتۆس پێی وابوو ئاگر و روح خاوه‌ن گه‌ردیله‌ی وردن. ئه‌و گه‌ردیلانه ده‌توێنه‌وه و ده‌فڕن و یه‌کتر ده‌جووڵێنن. لێ دێمۆکراتیۆس به فه‌یله‌سووفی ره‌وشت پێناسه ده‌کرێ.
به‌ڵام پرۆتاگۆرس (Protagors)، که 400 ساڵ پێش زایین ژیاوه، هات و گوتی: "مرۆڤ پێوانه‌ی هه‌موو شتێکه". (1) پرۆتاگۆرس خوێندکاره‌کانی خۆی وا په‌روه‌رده ده‌کرد که به به‌ڵگه رووبه‌ڕووی هه‌ندێک بۆچوونی سه‌پاو ببنه‌وه. له دیدی پرۆتاگرۆرسهوه هیچ راستییه‌کی ره‌ها بوونی نییه. چونکه دژه به‌ڵگه‌یه‌کیش له به‌رانبه‌ر هه‌موو پرسیارێکدا هه‌یه. سۆفیستهکانیش 400 ساڵ به‌ر له زایین، وه‌ک مامۆستایانی فه‌لسه‌فه‌ی پراکتیکی کاریان ده‌کرد و له گۆڕه‌پانی شار و دێهاته‌کانی گرێکدا وانه و کۆڕیان پێشکه‌شی خه‌ڵک ده‌کرد. ئه‌و سۆفیستانه بڕوایان وابوو، که ئه‌و شێوازه‌ی که بڕوا به مرۆ ده‌هێنێ گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه ته‌نیا ده‌سته‌به‌رکردنی ئامانجه‌که‌یه.
قوتابخانه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هی پیتاگۆرهکان (Pytagor) بوو، که نزیکه‌ی 585 ساڵ به‌ر له زایین سهرههڵیدا. روانگه‌ی پیتاگۆرهکان جه‌ختی له‌سه‌ر سروشتی خواوهندییانهی روح ده‌کرده‌وه. ئه‌وانه سه‌رقاڵی گریمانه ماتماتیکییه‌کان بوون. پیتاگۆرهکان بڕوایان وابوو، که هه‌موو شتێک به ژماره‌وه گرێدراون، چونکه ژماره، ماتماتیک گه‌وهه‌ری راستینه‌ی شته‌کانه. پاشان پهرامێنیدس (Paramenides)، که 400 پێش زایین ژیاوه، جێگه‌ی پیتاگۆرهکان ده‌گرێته‌وه. تیۆریی پهرامێنیدس ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ بۆ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوهزگهریی. به واتایه‌کی دیکه: ریشه‌ی هزری رۆژئاوایی به پهرامێندیسهوه گرێدراوه. پهرامێندیس له شاری Elea، له قوتابخانه‌ی ئێلیا کاری ده‌کرد. فه‌لسه‌فه‌ی پهرامێندیس به "فه‌لسه‌فه‌ی یه‌کایه‌تی" ناودێر دکردرێت. بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌که‌ی له‌و گریمانه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر شتێک نه‌بێ، پێویسته ناکا بیری لێبکرێته‌وه". ئه‌و پێی وابوو، که ئه‌و ئه‌و شته‌ی بوونی هه‌یه پێویسته هه‌بێ و ئه‌و شته‌ش ون نابێ. که‌واته بوون شتێکی بێکۆتاییه. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له گریمانه سه‌ره‌کییه‌کانی پهرامێندیس. هه‌ر بۆیه له فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوایی‌دا پهرامێندیس به باوکی ئاوه‌زگه‌رایی ده‌ناسرێ. ده‌سته‌واژه‌ی "Ontologi"، بوونناسی، که به‌شێکی زۆری فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا به گشتیی و به تایبه‌تیش پێکده‌هێنێ، له‌گه‌ڵ پهرامێندیسدا ده‌ستیپێکرد. به لای پهرامێندیسهوه ئه‌وه‌ی که بیرکردنه‌وه به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کا، که‌واته بۆ بیرکردنه‌وه گرنگه، له‌بۆیه مرۆ ده‌توانێ ته‌نیا بیر له شته‌کانی دیکه بکاته‌وه.
روانگه‌ی پارامێنیدس له گریمانه‌ی بۆشایی شوێن، واتا "هه‌رگیز ناکرێ ئه‌وه بسه‌لمێنرێ که نه-بوون هه‌یه"، چڕ ده‌بێته‌وه. (2)
شاگرده‌که‌ی پهرامێنیدس، زێنون، که دژی بڕوای بزوان بوو، پێی وا بوو ئه‌وه‌ی هه‌یه یهکاتییه. ئه‌و ده‌یویست ئه‌و پرسیارانه‌ی که پهرامێندیس ورووژاندبووی تاووتوێ بکا. زێنون کۆمه‌ڵێ به‌ڵگه‌ی سه‌ڵماند. به‌ڵگه ناودرهکانی له‌سه‌ر جووڵه‌ی سیساڵکهکهچهڵ بوو. مرۆ ناتوانێ له ئاراسته‌ی بزوانی سیسالکهکهچلدا گۆڕانی کات بزانێ.
که‌چی ئێپیکۆرس (Epikuors)، 300 ساڵ به‌ر له زایین، تیۆرییه ماتریالیزمییهکهی درێژده‌ری تیۆریی دێمۆکراتیۆس بوو. ئێپیۆکۆرس پێی وابوو که سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ له دۆخێک‌دا بریتییه له ئازادییه‌کی ملکه‌چه‌وه. له‌بۆیه ده‌بێ ئه‌و ته‌رزه دۆخه ببێته ئامانجی مرۆڤه‌کان. کاتێک مرۆڤ ئه‌و دۆخه‌ی هه‌ڵبژارد که‌واته ئه‌و ئامانجه‌ی مه‌یسه‌ر کردووه، ئیتر پێویست ناکا مرۆڤ له هه‌ڕه‌شه‌کانی مه‌رگ و خوایهکانهوه بترسێ. له روانگه‌ی ئێپیکۆرسهوه روح ئاوێته‌یه‌که له گه‌ردیله‌گه‌لێکی ماددییه‌وه که له جه‌سته‌دا یه‌کیان گرتووه. له‌وێدا هه‌وه‌س، له دیدی ئێپیکۆرسهوه، باڵاترن ئاکاری چاکه‌یه.
له کۆتاییدا ده‌بێ سه‌رنج له‌وه بده‌ین، چونکه له سه‌رده‌می فه‌یله‌سووفانی پێش سۆکراتدا، مرۆڤ بڕوای به هه‌ستپێکردن هه‌بوو نه‌ک بینین، هه‌ر بۆیه هه‌ر چوار توخمی سروشت، ئاو، خۆڵ، هه‌وا و ئاگر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی پێکده‌هێنن.
ئه‌ریستۆ و "فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی"
ئه‌ریستۆ (322-384 پ.ز)، به فه‌یله‌سووفێکی مه‌زنی خاوه‌ن سیسته‌ماتیکی فامدهکرێ. چونکه ئه‌ریستۆ به نووسینه‌کانییه‌وه، توانی بناخه‌یه‌کی ورد بۆ هه‌موو زانسته‌کان دابهێنێت. ئه‌ریستۆ له یه‌کێک له نووسراوه‌کانیدا، که به سوێدی به "Den första filosofin " ناسراوه، که ده‌کرێ به کوردی ببێته "فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی" یان "یه‌که‌مین فه‌لسه‌فه" هه‌وڵیداوه راستییه‌کی واقیعی شرۆڤه بکا. ئه‌و راستییه واقیعییهش، له کن ئه‌ریستۆ دا، هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان به خۆیه‌وه ده‌گرێ. هه‌ستی بینین بریتییه له کات و شوێن، پرۆسه‌ی بوون، ئێره و ئه‌وێ. مرۆڤ له روانگه‌ی ئهریستۆوه ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه که له هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه زیاتر له رێگای ئهزموونهکاییهوه زانیاری ده‌سته‌به‌ر ده‌کا. نه واتایه‌کی دیکه، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ماریفی ته‌ماشاکاره. ئه‌ریستۆ پێی وایه، که فراژانی ئاستی ماریفه‌ی مرۆڤ ئاکامگیرییهکه له ئه‌زموونه‌کانی خۆیه‌وه. له‌و روانگه‌یه‌وه خودی ئه‌زموون بریتییه له ماریفهیه. مرۆڤ له رێگای ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌وه باشی و خراپییه‌کانی شته‌کان ژیاندا فامدهکا، بۆ نموونه مرۆڤ له رێگای ئهموونهوه ده‌زانێ که به‌فر سارده، ئاگر گه‌رمه… هتد.
ئه‌ریستۆ له‌و کتێبه‌دا باس له ره‌هه‌ندێکی دووه‌م ده‌کا، که ئه‌ویش "بوونێکی راستی"یه، یان "بوونێکی ره‌ها"یه. ئه‌و پرۆسه‌ی بوونه، که پێشمه‌رجه‌کانی ئه‌و بوونایه‌تییه، پێشمه‌رجی ئه‌و بوونه‌یه که به هه‌ستی بینیه‌وه ده‌رکی ده‌که‌ین. لێره‌وه ئه‌و تێگه‌یشته خشتی بناخه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکییه.
له نێوان جۆره‌کانی ماریفهدا جۆره ماریفهیهکی تایبه‌ت هه‌یه. ئه‌ریستۆش ده‌خوازێ ئه‌و جۆره ماریفهیه شه‌ن و که‌و بکا، ئه‌و جۆره ماریفه‌ش خودی فه‌لسه‌فه‌یه. فه‌لسه‌فه‌ش، له روانگه‌ی ئهریستۆوه، ئاخاوتنه له‌سه‌ر توانای یه‌که‌می پرینیسپهکان. که‌واته ئه‌رکی یه‌که‌می فه‌لسه‌فه بریتییه له‌وه‌ی که: "زۆرێک پێیان وایه (مه‌به‌ستی فه‌یله‌سووفانی پێش سۆکراته)، که ئه‌و پرینسیپانه سه‌ر به مادده‌ی سروشتی بوون، بۆ گشت شته‌کان "Thing" تاکه پرینسیپ بوون؛ ئه‌و پرینسیپه‌ی که به رێگای هه‌موو شته‌کانه‌وه سازبوونه، که به‌ر له هه‌موو شتێک هه‌بن. دواجاریش ئه‌و شتانه هه‌ڵده‌وشێنه‌وه (ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی که ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام که‌مێک ده‌گۆڕێن. ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه باسی ده‌که‌ن توخم و پرینسیپه بۆ شت، بۆیه ئه‌وان بڕوایان به‌وه نییه که شتێکی نوێ دێته کایه‌وه یان شتێک فامدهکرێ، چونکه ئه‌و چه‌شنه یهکاتییه هه‌میشه له بووندایه…". (3)
ئه‌و چه‌شنه پرینسیپانه جموجۆڵی مادده یان گهوههرهکانه. ئه‌ریستۆ پێی وایه که ئێمه به‌و شێوه‌یه ده‌توانین زانیاری له‌مه‌ڕ پرینسیپه‌کانی به‌رایی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. له روانگه‌ی ئهریستۆوه ئه‌و پرینسیپانهش بریتین نین له ماریفهیهکی زانستی، به‌ڵکوو بریتین له بوونی بوونایه‌تی، بوونێکی فیزیکی. له دیده‌وه بوونێکی بان ئه‌و واقیعه هه‌یه، واتا له ته‌ک ئه‌و واقیعه بینراوه هه‌ستییه‌دا واقیعێکی راستینه هه‌یه، ئه‌و واقیعه راستینهیهش بناخه‌ی جیهانێکی بینراوه. پرسیاری سه‌ره‌کی مێتافیزیکیش دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌که له نێوان واقیعێکی ره‌ها و واقیعێکی رێژه‌ییدا. که‌واته فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی، یه‌که‌مین فه‌لسه‌فه، له روانگه‌ی ئهریستۆوه ئاسته‌نگییه. ئاسته‌نگیش وزه‌ی سه‌فه‌ری فه‌لسه‌فه‌یه به دوای زانیندا. پرسیاری فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی ئه‌وه‌یه که ئه‌وه چییه وامانلێده‌کا به دوای بناخه یان بنه‌چه‌که‌دا بگه‌ڕێن. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی ئه‌ریستۆ له‌و تیۆرییه‌ی که باس له هه‌ر چوار توخمه‌کانی سرووشت ده‌کا، واتا (هه‌وا، خاک، ئاگر و ئاو) هه‌ڵقووڵاوه، که فه‌یله‌سووفه‌کانی پێش سۆکرات داهێنه‌ری بوون.
ئه‌ریستۆ له‌و کتێبه‌یدا ده‌بێژێ، که فه‌لسه‌فه‌ی به‌رایی سه‌رقاڵی تێگه‌یشتن له پرسیاره‌کانی بوون و ژیان بوو. له کن ئه‌ریستۆدا فه‌لسه‌فه په‌یوه‌ندی به دانایی و زاناییه‌وه هه‌یه. له‌بۆیه ئه‌و پێی وایه که فه‌یله‌سووف نابێ وابه‌سته‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک بێ. به‌مجۆره، له کن ئه‌ریستۆ، بوون به فیله‌سووف، شێوازێکه له پیاده‌کردنی ژیان.
ئه‌ریستۆ له کتێبه‌که‌ی، "مێتافیزیک"دا چوار چه‌مک، که ئه‌و به "چه‌مکی هۆکرد" ناوزه‌دی ده‌کا، شرۆڤه ده‌کا. ئه‌و چه‌مکانه به "هۆکاری ماتریالی"، "هۆکاری رواڵه‌تی"، "هۆکاری کاردانه‌وه" و "هۆکاری ئامانجه‌کی" پێناسه ده‌کا. هۆکاری ماتریالی بۆ شتێکه (Thing) که ئه‌و شته بریتییه له؛ "برۆنز له پهیکهرێدا، زیو له ده‌فرێکدا". (4) هۆکاری رواڵه‌تی که گرینگ‌ترین بڕیاره بۆ په‌یدابوونی شتێک؛ "باوک هۆکرده بۆ بوونی منداڵ". (5) هۆکاری ئامانجه‌کی به هۆی شتێکه‌وه ده‌گۆڕێ و رووده‌دا؛ " بۆچی مرۆڤ پیاسه ده‌کا؟" تاکوو ده‌ست به ته‌ندروستیی خۆیه‌وه بگرێ". (6)
ئه‌ریستۆ گه‌وهه‌ر و ئه‌وه‌ی شته‌ی که له شتێکدا هه‌یه، که دواجار ده‌بێته‌وه هه‌مان شت، وێڕای گۆڕانهکانیشی که چی له کۆتاییدا بڕیاره‌کانی ئه‌و شته، که هه‌رچه‌نده ئه‌و بڕیارانه‌ش گۆڕانیان به‌سه‌ر دادێت، لێک‌جیا ده‌کاته‌وه؛ "هه‌ر یه‌کێک له‌و چه‌شنه بڕیارانه‌ی که له‌سه‌ر شتێک ده‌درێن تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ره‌چاو ده‌کرێن، بوونیان له‌گه‌ل ئه‌و ئه‌و بوونانه‌ی که په‌یدا ده‌بن و یه‌کێک له‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی جۆرایه‌تییه‌کان ده‌کا جیاوازیان هه‌یه". (7) به‌مجۆره ئهیستۆ ده‌پرسێ: "بۆچی ئه‌و گۆڕانکارییه رووده‌دا؟" ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌بێژێ، روونکردنه‌وه‌ی شتێک (Thing) و گۆڕانی شتێک جیاوازهییهکی نییه، ئه‌و شتانه ده‌بنه‌وه هه‌مان شت. چونکه دیارده‌کانی ئاسمان، ته‌نی ئاسمان به پێچه‌وانه‌ی دیارده، جه‌سته‌کانی سه‌ر زه‌وییه که به شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ده‌جووڵێنه‌وه. ئه‌ریستۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌و جیاوازییه بۆ شته‌کان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه.
خوا له کن ئه‌ریستۆدا واقیعێکی شاگه‌شکه و نه‌گۆڕه. هه‌موو گۆڕانێک بریتییه له گاڤێک که له تاکه توانایه‌که‌وه بۆ واقیع ده‌ستپێده‌کا. ئه‌گه‌ر خواوه‌ند بوونێکی خاوه‌ن ویست بێت، که‌واته به دوای گه‌یشتن به شتێکه‌وه ده‌گه‌ڕێ، که خۆی نییه‌تی. له روانگه‌ی ئهریستۆوه خوا باڵاترین هۆکردی گۆڕانه. گه‌وهه‌ری بێخه‌وش و بێگه‌ردی خوا کاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو شتێکه‌وه هه‌یه، به‌مجۆره شته‌کانیش به ئاستی بێخه‌وشی، خه‌مڵێن ده‌گه‌ن، که ئه‌و ئاسته‌ش په‌یوه‌ندی به شوێنی شته‌کانه‌وه هه‌یه که چۆن له گه‌ردووندا رێکخراون، ده‌که‌ونه کوێی گه‌ردوون. هه‌موو گه‌وهه‌رێک به دوای شێوه‌یه‌کی بێگه‌رده‌وه حهوداڵن هه‌تا ده‌گه‌ن به‌و راده‌یه‌ی که توانایه سروشتییه‌کانی خۆیان بواریان بۆ ده‌ڕخسێنن. هه‌ر بۆیه دێکارت خوا به "ئه‌و نه‌بزواوه بزوێنه‌ره" (8) ناودێر ده‌کری.
که‌واته ژیان لای ئه‌ریستۆ بریتییه له سیسته‌مێکی دابه‌شکراو له نێوان سه‌روو و خواروودا، که له‌وێدا هه‌موو دۆخێک یان شتێک شوێنی خۆیان هه‌یه. جێگه‌ی مادده بێگه‌رده‌کان ده‌که‌وێته به‌شی خواره‌وه، که ئه‌وه په‌یوه‌ندی به بێ بڕیاری مادده‌ی خاوه‌کانه‌وه هه‌یه. جێگه‌ی گه‌وهه‌ری خواوه‌ندێکی خهمڵیوویش ده‌که‌وێته به‌شی سه‌ری سه‌ره‌وه، ئه‌و شوێنه‌ی که هه‌موو توانسته‌کان پێگه‌یشتوون.
دێکارت و cogito، ergo sum
Renè Descartes (1596-1650)، له جیهانی فه‌لسه‌فه‌دا به "باوکی فه‌لسه‌فه‌ی نوێباو، مۆدێرن" ناودێر ده‌کرێ. دێکارت له بواری فه‌لسه‌فه‌دا هه‌وڵیده‌دا زانیارییه‌کی خه‌مڵیوو، بێگه‌رد ده‌سته‌به‌ر بکا. دیاره فه‌لسه‌فه‌ی دێکارت به گومان ده‌ستیپێکرد. ئه‌و ده‌یوست خۆی له هه‌موو هزره ئۆتورێتێتهکان، باڵاده‌سته‌کانه‌وه سه‌رفراز بکا و به‌مه‌ش پایه‌کی نوێ به فه‌لسه‌فه ببه‌خشێ. هاوکاتیش دێکارت دابڕانێکی وه‌رچه‌رخێنه‌رانه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی کۆندا دروست ده‌کا و خۆشی ده‌کات به نوێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ.
به‌مجۆره دێکارت وه‌ک سیسته‌مێکی ماتماتیکی سه‌یری گه‌ردوونی ده‌کرد. له‌بۆیه ئه‌و وه‌ک فه‌یله‌سووفانی پێش خۆیه‌وه بیری له رووناکی شووشه‌ی بینین ده‌کرده‌وه. به‌ڵام دێکارت به شێوه‌یه‌کی مێتودیی و وه‌رچه‌رخێنه‌رانه هاته ناو جیهانی فه‌لسه‌فه‌وه. هزره وهرچهرخێنهراکهیشی "من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته من هه‌م" بوو. له روانگه‌ی دێکارته‌وه هه‌موو مرۆڤه‌کان خاوه‌ن چه‌مکی خۆیانن. له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌و پێی وابوو که بوونی هه‌موو شتێک و ته‌نانه‌ت بیرۆکه‌کانیش هۆکردێکی خۆیان هه‌یه. که‌واته هه‌ر له‌و تێگهیشتنهوهش بوو که دێکارت بڕوای بوونی خوا هه‌بوو. چه‌مکی "پێوانه‌ی راستی"ی دێکارت مانای روونی، راشکاویی و به‌ڵگه‌ی زانیاریی بوو.
به‌مجۆره ده‌با له‌مه‌ڕ ئه‌و فه‌لسه‌فه کۆنه‌وه گوێ له خودی دێکارت بگرین: "له هه‌مبه‌ر فه‌لسه‌فه‌وه ته‌نێ ده‌خوازم بێژم، کاتێک که من بینیم چۆن له سه‌ده‌یه‌کدا که به دانانێکی مه‌زنی مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌چنرێت و که‌چی خاوه‌نی نێوهڕۆکێکیش نییه، که مرۆ له‌گه‌ڵیدا ناته‌با نییه، ئاوا هیچ شتێک نییه، که فه‌لسه‌فه‌یه‌کی گومانهه‌ڵگر نییه، به‌مجۆره له لووتبهرزیمهوه نه‌بوو که زیاتر ئومێد به دۆزینه‌وه‌ی که‌سێکی تره‌وه بخوازم. من بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه، که ده‌کرێ چه‌ندان بۆچوونی جیاواز له‌مه‌ڕ هه‌مان شته‌وه هه‌بن، چۆنیش ئه‌و بۆچوونانه له لایه‌ن مرۆڤێکی زاناوه داکۆکیان لێدهکردرێ، له‌وکاته‌ی که راستییه‌که‌ی ده‌کرێ ته‌نیا یه‌کێک له‌وانه راست بن، له کۆتاییشدا هه‌تا ئه‌و جێگه‌یه هاتم، که من به جۆرێک بینینم که ئه‌وانه له هه‌موو شتێکدا ساخته بوون، که ته‌نیا له شیمانه زیاتر نه‌بوون." (9) کاتێک که‌سه باڵاده‌سته جیاوازه‌کان به هێزی به‌ڵگه‌وه هه‌میشه به پێچه‌وانه‌ی یه‌کتره‌وه بیر ده‌که‌نه‌وه، که‌واته ده‌کرێ مرۆ گومان له گشت ئه‌و شتانه بکا که پشتی خۆیان ته‌نیا به بهڵادهستهکانهوه قایم کردووه. ده‌کرێ مرۆ خه‌ون به وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵییه‌وه ببینێ، لێ ده‌بێ ئه‌و توخمانه‌ی که وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی ده‌سازێنن راستییه‌کی واقیعی بن؛ مادده‌ی جه‌سته‌یی بن، ره‌هه‌ندی شوێنیان هه‌بێ، شێوه، قه‌باره، کات و شوێنی دیاریکراویان هه‌بێ. دێکارت له کتێبی "تێز و مێتود"دا ده‌نووسێ: "نه‌ک به‌مجۆره، که من له پێناوی ئه‌وه‌دا لێره‌وه گومانکارهکانم هه‌یه گومان له‌وه ده‌که‌ن که من زانین ده‌سته‌به‌ر بکه‌م و ئه‌و زه‌وییه هه‌ڵوه‌شاوه‌یه تووڕ هه‌ڵبده‌م و پاشان تاکوو رووتهڵانێک یان زه‌وییه‌کی قوم بدۆزمه‌وه. (10)
له جیهاندا ته‌نیا دوو ته‌رزه گه‌وهه‌ر، سوبستانس هه‌یه. یه‌که‌میان: ”res cogitons”، واتا روحێکی گه‌وهه‌ردار. ئه‌و روحه گهوههردارهش ئه‌و شتانه ده‌گه‌یه‌نێت که له ده‌وروبه‌ری خۆمانه‌وه هه‌یه. دووه‌میشیان "res extensa"، واتا مادده‌یه‌کی گه‌وهه‌ردار، یان بیرکردنه‌وه و بوونی بیرۆکه‌کانمان. لای دێکارت، روح گه‌وهه‌رێکی گیانییه که بێ جه‌سته‌ش بوونی خۆی هه‌یه. ئه‌و روحهش بیرکردنه‌وه‌یه.
مه‌به‌ستی دێکارت له بیرۆکه‌کان، ئه‌و شتانه‌یه که له ئاگایی ئێمه‌دا هه‌ن. ئه‌و بیرۆکانه‌ش به رێگای هه‌ستی بینینه‌وه دێنه ناو ئاگایی ئێمه‌وه، یانیش خودی ئاگایمان ئه‌و بیرۆکانه داده‌هێنن. لێره‌وه هزری دووانه‌یی دێکارت به‌دیار ده‌که‌وێ. مرۆڤ له دیدی دێکارته‌وه بریتییه له یهکاتییهک له مادده و ئاگایی؛ جه‌سته و روح. لێ جه‌سته و روح له دوو گه‌وهه‌ری ته‌واو جیاوازه‌وه پێکدێن. هاوکاتیش ناکرێ ئه‌و دوو گه‌وهه‌ره لێکتر جیابکه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه ئۆرگانێکمان نه‌بووایه نه‌مانده‌توانی ئه‌و دوو گه‌وهه‌ره رێکبخه‌ین. به واتای دێکارت ئاژه‌ڵ نه روحی هه‌یه و نه ئاوه‌زیش، به‌ڵکوو ته‌نیا مرۆڤه که خاوه‌ن ئه‌و دووانه‌یه.
سه‌لماندنی خوا
خوا گه‌وهه‌رێکی ئه‌به‌دی، ته‌واو بێگه‌رد و خه‌مڵیووه، له گه‌وهه‌ری روحێک خهمڵیووتره. ئاستێکی به‌رزی خه‌مڵین هاوکات مانای واقیعێکی باڵاتریشه. ئه‌گه‌ر مرۆ هه‌موو بیرۆکه‌کان وه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تییانه بنووسێته‌وه، بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که ئه‌و بیرۆکانه نوێنه‌رایه‌تی چی ده‌که‌ن، که‌واته ته‌واوی ئه‌و بیرۆکانه خاوه‌ن هه‌مان رواڵه‌تی واقیعین. چونکه هه‌موو بیرۆکه‌کان هۆکردی یه‌ک هزرکارن، که ئه‌و هزرکارهش گه‌وهه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه‌یه، که‌واته ئه‌و گه‌وهه‌ره بیرکه‌ره‌وه له‌و بیرۆکانه خهمڵیووتره، واتا خودی ئه‌و گه‌وهه‌ره بیرکه‌ره‌وه‌یه هۆکردی رواڵه‌تی واقیعی ئه‌و بیرۆکانه‌یه. دێکارت واته‌نی: "کاتێک من له هزران رۆچووم، که من گومانم کرد، به‌مجۆره بوونی من خه‌مڵیوو بوو- من به روونی تێگه‌یشتم، که زانایی له گومان خهمڵیووتره -وایلێکردم که شه‌ن و که‌وی بکه‌م، له کوێوه بیرکردنه‌وه توانی له خودی من خهمڵیووتر به‌رجه‌سته بێته‌وه." (11)
جیاوازیی و لێکچوونه‌کان له نێوان جیهانبینی ئه‌ریستۆ و دێکارت دا
دێکارت له کتێبی"تێز و مێتود"ه‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وه دڵنیا نه‌ده‌بووین، که گشت راستیی و واقیعه‌کان سه‌رچاوه‌یان له گه‌وهه‌رێکی بێگه‌رد و ئه‌به‌دییه‌وه هه‌ڵقووڵاوه، ئه‌وکاته نه‌مانده‌توانی بیرۆکه‌کانمان به‌مجۆره راشکاو و به‌رجه‌سته‌کراو بن و هاوکاتیش نه‌مانده‌توانی له رێگای به‌ڵگه‌وه ئه‌وه بسه‌لمێنین که واقیعه‌کان راست و دروستن.
به‌مجۆره هه‌م دێکارت و هه‌میش ئه‌ریستۆ پێیان وابوو که ده‌بێ گه‌وهه‌رێکی باڵاتر له مرۆڤ بوونی هه‌بێ. ئه‌ریستۆ ئه‌و گه‌وهه‌ره باڵایه به "خوا" ناودێر کرد، که‌چی دێکارت باسی له گه‌وهه‌رێکی "نه‌بزواوی بزوێنه‌ر"دا ده‌کرد. ئه‌ریستۆ پێی وابوو که ئێمه ده‌بێ سروشت بخوێنیه‌وه تاکوو رێگایه‌ک بدۆزینه‌وه که به‌ره‌و راستیمان ببات. ئه‌و ده‌یویست له سروشتدا متمانه‌یه‌ک بۆ ئه‌و واقیعه بدۆزێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و بڕوایه‌کی ره‌های به هه‌ستی بینین و مه‌زه‌نده‌کانی هه‌بوو.
لێ دێکارت به پێچه‌وانه‌ی ئهریستۆوه، پێی وابوو که ره‌نگه هه‌ستی بینین درۆمان له‌گه‌ڵدا بکا یان واقیعمان به چه‌واشه‌یی نیشانبدا. له‌بۆیه، به رای دێکارت، ناکرێ بڕوا به وێناندن و مه‌زه‌نده‌کانمان بکه‌ین. ئه‌و "راستی"یه‌ی که نه‌ده‌کرا دێکارت گومانی لێ هه‌بێ، له دواجاردا توانی پایه‌ی ئه‌و بوونی منه بپێکێ؛ "من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته من هه‌م."
له روانگه‌ی ئهریستۆوه فه‌یله‌سووفه‌کانی یه‌که‌م بیریان له یه‌که‌مین پرینسیپ و هۆکرده‌کان ده‌کرده‌وه. گه‌وهه‌ری خواوه‌ندی ده‌ستپێکی خۆی له ئاخاوتنه رۆژانه‌ییه‌کانی نێوان خه‌ڵکه‌وه ده‌دۆزییه‌وه. لێ له کن دێکارت گه‌ڕان به دوای هۆکردێکی گومانبڕ، په‌یوه‌ندی به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی گه‌ردوونییه‌وه نه‌بوو. هاوکاتیش ئه‌و پێی وابوو، که ئێـمه ته‌نیا ده‌توانین به رێگای ئاوه‌زه‌وه ماریفهیهکی راستی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین.
دوا وته
هزری مێتافیزیکی شێوه‌یه‌کی داهێنا، که به‌مه‌ش بوارێکی سنوورداری بۆ هزر دروستکرد که ته‌نیا له‌و چوارچێوه‌دا بهزرێ. سه‌ره‌تای ئه‌و شێوه‌یه‌ش له کن ئه‌فلاتوون و میراتگرهکانیهوه ده‌ستپێده‌کا. هه‌ر بۆیه مارتین هایدگه‌ر پێی وابوو، که کێشه‌ی هزری رۆژئاوا له‌وه‌دایه که ده‌یه‌وێ فه‌لسه‌فه بۆ دواوه، یان به‌ره‌و گه‌وهه‌ری ره‌چه‌ڵه‌که کۆنه‌که‌ی بباته‌وه. به‌ڵام دێکارت پێی وابوو که کێشه‌که ئه‌وه‌یه، که جه‌سته و جیهان لێکجیاوازن. چونکه جیهان ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ. هه‌ر بۆیه ئێمه ناتوانین له مه‌ڕ ئه‌و شتانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه زانیارییه‌کی راشکاومان هه‌بێ.
لێ هایدگه‌ر بڕوای وابوو، که ئێمه ده‌بێ به‌و دابه‌شکارییه‌ی نێوان جیهان و مرۆڤ رازی نه‌بین که دێکارت باسی ده‌کا. هایدگه‌ر ده‌یخواست به شێوه‌یه‌کی نوێ بهزرێ، به جۆرێک که ئێمه هانبدا بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که گرنگترین هزر کامه‌یه. هایدگه‌ر بڕوای وابوو که ئێمه هێشتا وه‌ک مرۆڤ ده‌ژین، بۆیه ده‌بێ بیر بکه‌ینه‌وه. له کن هایدگهردا جیاوازییه‌ک نه‌بوو له نێوان جیهانی ده‌ره‌کیی و جیهانی ناوه‌کییدا. چونکه ئێمه به ناوکۆییهکی مێژووییه‌وه گرێدراوین. په‌یوه‌ندی مرۆڤ به ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه گرنگترین بواری هزرینی هایدگه‌ر بوو. هه‌ر بۆیه بوون، له کن ئه‌و، شتێک، بارێک نه‌بوو، به‌ڵکوو شێوه‌یه‌ک له ژیان و خودی بوون بوو. مرۆڤ جیهانێکه له په‌یوه‌ندی، که‌واته مرۆڤ ئه‌و بوونه‌یه که له جیهاندا ئاماده‌یه؛ ده‌ژی. به‌مجۆره ئه‌و هزره مێتافیزکییه هزری ئێـمه‌ی گۆڕیوه، له‌بۆیه واز له گه‌وهه‌ری مرۆڤ ناهێنێت. لێره‌وه مرۆڤ تووشی نامۆیی و سه‌رگه‌ردانی بووه. به‌مجۆره هایدیگه‌ر له دوا وتووێژه ناوداره‌که‌ی له رۆژنامه‌ی "دێرشپێگل"ی ئه‌لمانیدا، له‌مه‌ڕ چاره‌نووسی فه‌لسه‌فه له زمانی مارکسه‌وه ده‌بێژێ: "فه‌یله‌سووفه‌کان به شێوه‌ی جیاواز ته‌نیا جیهانیان راڤه کردووه؛ که‌چی ئه‌مڕۆ پێویسته فه‌لسه‌فه بگۆڕن." (12)
پاییزی 2007-
سوێد
ژێده‌ره‌کان:
1. Svante Nordin, ”filosofins historia”, Lund, 1995, S. 50.
2. هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 31.
3. Aristoteles, ”Metaphysics”, S. 1555…
4. Aristoteles, ”Metaphysics”, bok V, 1013 a f, S. 179.
5. هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 180.
6. هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 180.
7. هه‌مان سه‌رچاوه، ڵ: 185.
8. هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 203.
9. Descartes, ”Avhandling om metoden”, Stockholm, S. 52.
10. هه‌مان سه‌رچاوه، ڵ: 20.
11. هه‌مان سه‌رچاوه، ل: 70
12. Intervju med Heidegger, Övers. från tyska till svenska: Matz Richard, tidskrifte, ”Horisont”, nr: 2, 1973.