Skip to Content

Thursday, January 21st, 2021

پروشه‌ به‌فره‌كان له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا

Comment
by June 1, 2011 ئەدەب

-1-   
كه‌ له‌دامێنی‌ سه‌ره‌تاوه‌،              
كۆتاییه‌ك چاو دائه‌گرێ‌…
ئه‌وه‌ لقی‌ دره‌ختێكه‌،   
كه‌ له‌گۆرانی‌ وتن ده‌كه‌وێ‌،
له‌ كلكی‌ ته‌ورێكا
به‌هێواشی‌ ڕۆحی‌ ده‌نوێ‌..!

-2-
له‌پایپی‌ پێكه‌نینێكا،
دووكه‌ڵی‌ گریانێك…
له‌دووكه‌ڵی‌ گریانێكا،
چڕبوونه‌وه‌ی‌ پرووشه‌ی‌ دڵی‌ شه‌وێك..

-3-
كه‌ ئاسمان پڕده‌بێ‌ له‌ڕه‌گی‌ قه‌فه‌س
مانگ شكات ده‌كا، له‌چڵی‌ دره‌خت،
چڵی‌ دره‌خت له‌ومه‌لانه‌ی‌، ده‌نگی‌ خۆیان ناشت،
له‌ترۆپكی‌ ترسنۆكییا..!!

-4-
كه‌ جگه‌ره‌ لاسای‌ شه‌و ده‌كاته‌وه‌،
له‌ كۆڵانه‌كانی‌ ئاسماندا،
 تاریكی‌ ده‌چێنێ‌..
كه‌ تاریكی‌ باڵ‌ ده‌گرێ‌‌و
لاسایی‌ فڕین ده‌كاته‌وه‌
ته‌نها هاوڕێیه‌كی‌ هه‌یه‌،
ئه‌ویش شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌..!!

-5-
 كه‌خۆر جۆلانه‌ هه‌ڵده‌خا،
بۆ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌،
ئه‌وه‌ پروشه‌ی‌ ئاوێزه‌یه‌كه‌ هه‌ڵه‌…
كه‌ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌ ده‌بێته‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ حه‌وت ڕه‌نگ
له‌وێرا مناڵان،
به‌هاژه‌ی‌ قریوه‌یان
ئاوێزه‌ ڕاوده‌كه‌ن‌و،
له‌پێچی‌ ده‌قه‌یه‌كیشدا پشتوێنی‌ خۆر،
ده‌گاته‌ مه‌نزڵی‌ مه‌رگ…!!

-6-
زۆرجار تفه‌نگ خۆی‌ گه‌مژه‌ده‌كا…
ده‌یه‌وێ‌ له‌ناو باخێكدا،
شه‌تڵی‌ خۆی‌ بڕوێنێ‌،
كه‌ ده‌ڕوێ‌‌و ده‌بێته‌ گوڵێكی‌ ناچیزه‌
هیچ له‌ پروشه‌كانی‌ عیشق نازانێ‌
هه‌ر باڵنده‌یه‌ك كه‌ تێیده‌ڕوانێ‌،
له‌تێڕامانی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا
دڵۆپه‌ی‌ دڵی‌ ون ده‌كا..!!

-7-
كه‌ قامچیه‌ك ده‌بینم…
خه‌یاڵم ته‌رجه‌مه‌ی‌ ده‌كا:- ئه‌شێ‌ زنجیرێكی‌
ڕه‌شتاڵه‌بێ‌ له‌ده‌ستی‌ ئازادییا…
 ئه‌شێ‌ تووله‌مارێكی‌ چڵكن بێ‌،
له‌هه‌ناوی‌ به‌ردێكا…
ئه‌شێ‌ لافاوێكی‌ قوڕاوی‌ بێ‌،
له‌مه‌ره‌كه‌بی‌ خاكێكدا… قامچی‌ هه‌ردێ‌‌وده‌چێ‌،
كه‌ ده‌كه‌وێ‌ به‌ده‌مدا، هه‌ڵسانه‌وه‌ی‌ نییه‌…
له‌یه‌خه‌ی‌ مه‌رگا پێچ ئه‌داو
له‌ناو تابووتی‌ ئازادییا ڕاده‌كشێ‌..!!

-8-
نان له‌ڕه‌چه‌ڵه‌كدا،
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم
ئه‌وه‌ حیكمه‌تی‌ خه‌یاڵه‌كانی‌ كێڵگه‌یه‌…
ته‌ناف ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سێبه‌ری‌ سێداره‌
له‌وێدا گه‌روی‌ ئازادی‌ هێڵنج ئه‌دا
ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی‌ وڵاتی‌ وه‌حشه‌ته‌…!!

-9-
ده‌ستی‌ سڵا‌و پڕه‌ له‌پرووشه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌
هه‌نگاوی‌ ماڵئاوا، له‌كوچه‌ی‌ دابڕان…
 كه‌مه‌رگ ده‌فڕێ‌‌و ڕۆح ده‌با،
بۆ كۆشكه‌كانی‌ عه‌رشی‌ خوا
له‌فرمێسكه‌كانی‌ خواشه‌وه‌، بارینی‌ تریفه‌ی‌ ژیان…!

-10-
هه‌ڵۆ گه‌ر خه‌یاڵ‌ بكا،
هه‌ر به‌رز فڕینه‌
ماسی‌ هه‌ر خه‌ریكی‌ سواڵكردنی‌،
دڵۆپێك ئاویتره‌…
له‌ژێر سه‌رینی‌ گه‌ڵایه‌كیشا،
به‌دیل گرتنی‌ ورده‌ شه‌ماڵه‌
له‌ده‌فته‌ری‌ پاسارێكیشدا
چۆله‌كه‌ ئیملای‌ جریوه‌ ده‌كا….
منیش له‌مه‌زاری‌ خه‌یاڵا
ته‌نیاییم جووت ئه‌كه‌م،
له‌گه‌ڵ‌ شیعرا…!!

-11-
ڕازێك ڕاناكشێ‌ له‌ئاوێنه‌دا..
ته‌مه‌ن كه‌ چووه‌ باشووری‌ ئاوێنه‌وه‌
ئه‌وه‌ فرمێسكێكه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێ‌،
له‌سیه‌كانی‌ مه‌رگا ڕه‌شپۆشی‌،
له‌بیابانی‌ پرچی‌ منیشا،
تنۆك، تنۆك پروشه‌ی‌ سپی‌…!!

-12-
عیشق لێوی‌ گێلاسێكه‌،
تژی‌ له‌سوری‌
كه‌ چزوی‌ ماچ پێوه‌ی‌ ئه‌دا
هه‌ڵده‌فڕێ‌‌و هه‌ڵده‌وه‌رێ‌
له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا…!!

-13-
كه‌ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ك ده‌بینێ‌ خۆر كۆچ ده‌كا
له‌داخا پێكێك له‌ئێواره‌ هه‌ڵئه‌دا‌و
له‌چاوی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا مه‌ست ده‌بێ‌‌و
ده‌بورێته‌وه‌ له‌ ئه‌لفی‌ شه‌وێكدا…!!

-14-
كه‌ بولبول ئاسمانی‌ په‌رژین ده‌كرێ‌
هه‌رده‌م گوڵێك،
له‌كوچه‌ی‌ گوڵستانه‌وه‌،
له‌قه‌راخ له‌پی‌ زه‌مه‌نێكدا،
یه‌ك ده‌قیقه‌ له‌خۆشه‌ویستی‌‌و
هه‌زار ده‌قیقه‌ له‌ ئازادی‌
ده‌چێنێ‌ له‌خه‌ویا…!!

-15-
كه‌ ئاو پیر ده‌بێ‌
برژانگه‌كانی‌ پڕ ده‌بن له‌ئاویلكه‌
 ئه‌وه‌ پرووشه‌ فڕینه‌كانی‌ پایزه‌،
باڵ‌ لێ‌ ده‌كاته‌وه‌‌و
له‌سه‌ر ده‌م ‌وچاوی‌ چه‌م ده‌نیشێ‌….!!

rozhhalabjay@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply