Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

پیرۆزى و دروسبونى بتى رۆشنبیرى، لە ناو رۆشنبیرى کوردیدا.

Be First!
by April 30, 2008 گشتی

گفتوگۆیەک لە نێوان ڕێبوار رەزا چوچانى و هەندرێن.

ڕێبوار –   ئەگەر پیرۆزى وەک یەکێک لە هۆکارەکانى لە قاڵبدانى مرۆڤ وەربگرین، بەڵام ئایە سەرەتاى سەرهەڵدانى پیرۆزى دەرکرێت بە سەرەتاى سەرهەڵدانى باوەڕى مرۆڤ بە ئاین و دەرکەوتەى خوداوەندەکان دیارى بکرێت؟، چونکە هەندێک پیرۆزى بۆ ئەم رەهەندە دەگێڕنەوە.

هەندرێن –   ئەو پرسیارە دەتوانرێت لە چەند روانگەیەکى جیاوازەوە قسەى لەسەر بکرێت، بۆ نمونە دەتوانین لە روانگەى مێژوییەوە تەماشایى بکەین، واتە چ روداوێک واى کردوە لە مێژودا بنەماى ئەو پیرۆزییەى وەکو کەلتورێک دروست کردوە کە بۆتە رەوتێک، هاوکات دەتوانرێت لە روانگەى سۆسیۆلۆژیەوە سەیر بکرێت، وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندى دەسەڵات لەگەڵ هاوڵاتى و کۆمەڵ، بۆ هەموو ئەو شتانە دەتوانین بڵێین لە کۆمەڵگاى جیاجیادا هۆکارەکان جیاوازن کە رۆڵ دەگێڕن، لە وێناکردن و دروستکردنى پێناسەیەک بۆ پیرۆزى، من پێموایە ئەو پیرۆزییەى کە تۆ باسى دەکەیت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە قۆناغەى کە هێشتا مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا پەیوەندى هەبوە، واتە ئاماژەکانى سروشت وەکو بروسکە و باران و هەورە تریشقە و لافاو  و……هتد، لەوانەش زیاتر دەتوانین بڵێین گەردون وەکو لوغزێک، وەکو شتێکى سیمبولیکى کە مرۆڤ نەیتوانیوە تێیبگات، واتە سروشت وەکو جیهانێک و وەکو دەسەڵاتێک، کە باڵادەستى هەبو و جڵەو و ئاراستەى مرۆڤى دەکرد، لێرەدا مرۆڤ لە دۆخێکى دەستەوسان دەوەستا، بەرانبەر بەوەى نەیدەتوانى هیچ کایەیەک لەسەر ئەو سروشتە دروست بکات، ئەو مشتومڕە لە نێوان ترسى سروشت و تێنەگەشتن لە سروشت، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەم حاڵەتە، کە دەتوانین بڵێین ئەو بە پیرۆزکردنە لە ترسدا دروست بوە، چونکە مرۆڤ بەرانبەر شتێک دەستەوەستانە کە ترسە، کە ناتوانێت بیگۆڕێت، دواجار ئەوە دەبێتە پرۆسەیەکى دەرونى و دواتر دەبێتە گوتارێکیش، لە نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگا بچوکەکان لەگەڵ سروشتدا، ئەوە هێدى هێدى واى کرد بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت، ئاشنایەتیەک یان هۆگریەک لەگەڵ ئەو ترسە دروست بکات، یان بە واتایەکى تر بۆ ئەوەى بتوانێت ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە و بچێتە ناو ئەو ترسە، خۆی لە خۆیدا توانى ئەو سیمبولانە بپەرستێت.
دواتر سەرەتاى ئاینەکان و خوداوەندەکان و بە رەمز کردن و بە پیرۆزکردنى شتە سروشتیەکان، دواجار مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو ترسە و ژیان و ئەو کاریگەریە باڵادەستەى سروشت، واى کرد ئەو پرۆسە بەرفراوانە دەرونیە، ئینتیما بکات و لە روى دەرونی و نائاگاییەوە، تەسلیمى ئەو رەمز و دەسەڵات و سروشتە پڕ لە پرسیار و نهێنیە بێت، بۆ ئەوەى بتوانێت بژى، دواتر هەر خودى سەرەتاى خواوەندەکان، مرۆڤ پەرستن، هێز و دابەش کردنەکان، هەر یەکەیان دابەشکردنى خودى ترسەکە بوو.

ڕێبوار –   بەڵام ئەگەر پیرۆزییەکان لە ئەنجامى ترسێکەوە بێت لە دیاردە میتافیزیکیەکان، کە مرۆڤ تواناى تەفسیرکردنى نەبێت و نەتوانێت وەڵامى پرسیارە میتافیزیکیەکان بداتەوە، کەچى لە هەندێک حاڵەتدا ئەم پیرۆزیە ڕێڕەوى خۆى دەگۆڕێت، وەک گواستنەوەى ئەم پیرۆزیە بۆ شتە واقیعیەکان، کە لە رێگەى عەقڵیشەوە دەتوانرێت شرۆڤە بکرێن.

هەندرێن –   ئەگەر وەک پرۆسەیەک لێیبڕوانین، بە تایبەتى کۆمەڵگاى سەرەتایى و پریمتیڤ، ئەمە بنەمایەکى دروست کرد بۆ پێناسە کردن و دیارى کردنى پیرۆزى، ئەو نەریتە دوایى پەڕییەوە بۆ بابەتە ئایینیەکان، دواتر سیستەمى ئیشکردنى مرۆڤ و سروشتى مرۆڤ بە گشتى، لە بەرانبەردا چى دەتوانێت، بۆ ئەوەى جڵەوى بکات، رێکى بخات و بتوانێت بڕواى لەگەڵ دروست بکات، بۆ ئەوەى بتوانێت بە شێوەیەک لە ڕێگەى ئەو نەریتەوە، لەگەڵ ئەو وەتەرانەى مرۆڤ ئیش بکات، ئەوانە هاتن ئەو نەریتە سروشت پەرستنەیان گواستەوە بۆ سیمبول و دەقە ئایینیەکان، هاوکات بۆ ئەوە، لەسەرخۆ هات یاسایەکى دروست کرد، چونکە وەک دەبینین لە پاش ئیمپراتۆرى رۆمەوە لە ئەوروپا، تا کۆتایى سەدەکانى ناوەراستیش مرۆڤ لە کۆمەڵگاى ئەوروپیدا، هاوکات لە کۆمەڵگاى رۆژهەڵاتدا و دواجار ئەگەر سەیرى ئیسلامیش بکەین، دەبینى بە شێوەى جیاجیا ئیسلام یان مەسیحیەت، دواتر ئینتیما کردن لەگەڵ فیوداڵیەت، ئەو دەسەڵاتەیان دابەشکردوە، بۆ ئەوەى وەکو هێزێکى باڵادەست، بتوانن ئینتیماى خۆى لەگەڵ هاوڵاتى، کۆمەڵگا، مرۆڤ، ڕێکیان بخات، ئیتر بەرەبەرە ئەو نائاگاییە وەکو ئەزمونێکى مێژویى، کە لەسەر جڵەو کردن و ئاراستەکردنى مرۆڤ، واتە پێکهات و پرۆسەى پێشکەوتنى مرۆڤ، ئەوانەى هەر تێدامابوەوە، توانیان لە ڕێگەى گواستنەوەى سیمبولەکان و سروشتەوە، بۆ شتێکى واقیعى مرۆڤ، بۆ نمونە وەک قەشەیە، یان پادشایەک یان هەر لێکچویەکى وەک ئەمانە، لەوێدا پیرۆز کردن رەوتێکى تر وەردەگرێت.

رێبوار  –   ئەگەر واى دابنێین تەواوى دەسەڵاتەکان، هەر لە دەسەڵاتى سروشتەوە تا دەسەڵاتەکانى ئاین و خوداکان و دەسەڵاتە سیاسیەکانیش، دەبنە دروستکەرى ترسێک بۆ مرۆڤ و دواجار دەبنە هێزگەلێک بۆ دروستبونى پیرۆزى، بەڵام دەبینین لەم حاڵەتانەش بەدەر پیرۆزییەکى تر هەیە، کە هیچ پەیوەندى بە ترسەوە نیە، کە عاتیفە رۆڵى خۆى هەیە لە دروسبونیدا، واتە عاتیفە دەبێتە فاکتەرى پیرۆز بونى کەسێک، ئەى لەمەیاندا چى رۆڵى هەیە؟.

هەندرێن –   من پێموایە یەکێک شتە گرنگەکان ئەوەیە، کە بیرکردنەوە، تێگەشتن لە دیاردەکان، تێگەشتن لە رەوتى نوێ و تێگەشتن لە مرۆڤ و کۆمەڵگا جیاجیاکان، وەک کۆمەڵگاى رۆژهەڵات و کۆمەڵگاى رۆژئاوا، ئەگەر بەشێوەیەکى ناوکۆیى لێیبڕوانین، چونکە بابەتى سۆز لە مرۆڤى رۆژهەڵاتیدا، بەشێوەیەکە کە کەسێکى خۆشبوێت، بە شێوەیەکى وا خۆشى دەوێت، وا وێناى دەکات و دەچێتە ناوى و تەسلیمى دەبێت، ئەو تەسلیمبونە خۆی لە خۆیدا عەقڵ سڕبونى مرۆڤە، چونکە ئەو کائینە تواناى بیرکردنەوەى نامێنێت لە ئاستیدا، ئەو هێزە باڵادەستەى کە رەمزێکە یان سیمبولێکە یان کەسێکە یان کچێکە، ئەوە وادەکات کە سۆز لێرەدا کاریگەر بێت، کە ببێتە رەگەزى سەرەکى بۆ وێناکردنى ئەو رەمزە، سۆزیش هەمومان دەزانین کە هێدى هێدى دابڕانێک دروست دەکات لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوە و تێڕامان، ئەگەر کۆى بکەینەوە هەموو کێشەکان ئەوەیە، کە کاتێک مرۆڤ نەیتوانى تێڕامێنێت، ئەم حاڵەتە دروست دەبێت، چونکە خۆى فەلسەفە لە گریکەوە تا ئێستا، ئەو هەموو مشتومڕە لەسەر فەلسەفە ئەوەیە، کە مرۆڤ دۆش دانەمێنێت بەرانبەر بە شتەکان، کە مرۆڤ شتەکان ودیاردەکان و خودى ژیانیش بکاتە پرسیار، بۆ نمونە بڵێت بۆ دەژیم، ژیان بۆچى وایە، یان ژیان چۆن دەبێت بکەین، بەهاى ژیان چیە؟، کاتێک مرۆڤ لە بەرانبەر ژیان و دیاردەکان و سیمبولەکانى خۆیدا، لە بەرانبەر پەیوەندیەکانیدا، یان لە بەرانبەر دۆخێکدا کە نەیتوانى پرسیار بکات، لە رێگەى ئەو پرسیارانەوە چۆن بتوانێت ئەو دۆخە وەستاوە بگۆڕێت، کە لە حاڵەتى سۆز قەتیسمانێک هەیە و سڕبونێک هەیە، لەبەر ئەوە بیرکردنەوە نیە، ویستێک و هاندانێک نیە بۆ ئەوەى بتوانێت خەرقى ئەو حاڵەتە بکات کە تێیدا دەژى، کاتێک واى کرد ئەو پەیوەندییە هێدى هێدى پەرە دەسێنێت، تا دەبێتە پەرستنێکى سۆزاوى.

رێبوار  –   بەڵام ئەو سۆزەى کە دواجار دەبێتە هۆکارى پەرستنێکى سۆزاوى بۆ کەسەکان و سیمبولەکان، وەک سۆز دەمێنێتەوە یان دەبێتە هۆکارێک بۆ درێژەدان بە پرۆسەى بە کۆیلە بونى مرۆڤ، لە بەرانبەر شتەکاندا؟.

هەندرێن –  ئەمە جێى سەرنجە، خۆى ئەو کەلتورە قەدەرى مرۆڤە، وەک لە پێشدا وتم، بە پێى ئەو دۆخەى کە مرۆڤ تێیدا بوە، لە ناو پرۆسەى مێژودا خۆى بەرهەمهێناوەتەوە، کۆلایەتى خۆى لە خۆیدا هەلەرکیەیە، واتە دابەشکردنە لە نێوان دەسەڵاتێکى باڵاى میتافیزیکى خوایى، یاخود سیمبولێک و شتێکى پیرۆزەوە، تا دەگاتە کەسێک کە پیرۆز نیە، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە ئەو دوالیزمە لە ئاینەکان، هەتا لە تیۆریەکان و ئایدیۆلۆژیەکان، لە مۆدە جیاجیاکانى بونیاتنانى کۆمەڵگا، تۆ بۆ ئەوەى دەسەڵاتێک بێت، دەبێت جیاوازییەکیشت هەبێت، بۆیە بونى پیرۆزى ئەگەر نا پیرۆزى نەبێت، یان ئەگەر ئەو کەسانە نەبن کە بیپەرستن، لە راستیدا پیرۆزى نابێت، لە ئەزمونى مێژوى بیرکردنەوەى ئێمەدا، لە قۆناغە جیاجیاکانى مرۆڤایەتیدا، دەبینین پرۆسەیەک و دیاردەیەک هەیە، کە خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە بە ناوى پیرۆزى، وەک وتمان لە سروشتەوە بۆ پاشایەتى و بۆ دین، هاوکاتیش لە کۆمەڵگاى مۆدێرندا جۆرێک پیرۆزى دیکە هەیە، لە قۆناغى کۆیلە و کۆیلەداریدا جۆرێکى دیکەى پیرۆزى هەیە، کە لە راستیدا هیچ جیاوازییەکیان نیە، ئەوانەش هەمویان پێکەوە ئەو دوالیزمەیە لە نێوان شتێکى پیرۆز و شتێکى ناپیرۆزدا، ئەوە بۆ خۆى بەرهەمهێنانەوەیەکە لەو کەلتورە، گەرانەوەیە بۆ بنەماى ئەو سەرەتایەى کە مرۆڤ دەستى پێکردوە، دواى خۆى ئۆرگانیزەى کردوە، بۆ ئەوەى بە تەنیا نەمێنێتەوە، بۆ ئەوەى لە بەرانبەر زلهێزە گەورەکان بە تەنیا نەبێت، رێکخستن و بە کۆمەڵبونى دروست کردوە، ئەگەر بە بیرى بهێنینەوە شتێکى زۆر سەرنجکێش هەیە، کە ئەو پیرۆز کردنە لەسەرەتاى هومورۆسدا باسکراوە، هومورۆس دەڵێت خوداکان نەگبەت شۆڕ دەکەنەوە، بۆ ئەوەى مرۆڤەکان باسیان بکەن، ئەو بیرکردنەوەیە تێڕامانێکى فەلسەفى و جۆرێک لە ئیشراقێکى تێدایە، بۆ ئەوەى وەک وتم ئەو دوالیزمە ئەو پەیوەندیە جەدەلیە، ئەو پرسیارە لە نێوان ئەو شتەى کە دەیەوێت خۆى بکاتە دەسەڵاتێک، ئەوە شتێکە پڕ لە پرسیارە کە دەتوروژێنێت، چونکە بەو مانا مادییە واقیعیە خودا نیە، بەڵام لەو کاتەدا کە ئەو دیاردە میتافیزیکیانەى کە پێیانوایە لەو قۆناغەشدا دەسەڵاتى خودا بوە، وەکو ئێستا کە دەبینین کێشەکانى کۆمەڵگا بە دەسەڵات و سیستەمەوە دەبەسترێتەوە، ئەوکاتیش کە قەدەرى مرۆڤ وەک وتم نەخۆشیەکانى و ترسەکانى و نەگبەتیەکانى، پەیوەندى بەوەوە هەبو کە هێزێک هەیە لەسەرەوە، بۆیە دیسانەوە دەگەڕێینەوە بۆ لاى هومورۆس، کە ئەو پێیوایە خوداکان بۆیە ئەو شتانە دەبارێنن بۆ ئەوەى کە باس بکرێن، ئەو باس کردنەش دەبینین وەک پرۆسەیەک پەرە دەسێنێت، لە ئاگایى مرۆڤ دەبێتە جۆرێک لە پێناسە کردن، دەبێتە هێزێک و دەسەڵاتێک لەوە دەپەڕێتەوە کە هەر باس بکرێت، بەڵکو دواجار دەبێتە نەریتێک بۆ پەرستن.

رێبوار  –    کۆى ئەم پیرۆزکردنانە کاریگەرى بەسەر بیرکردنەوەى مرۆڤەوە دادەنێن، بەڵام دەتوانین بڵێین تەنها کاریگەرییەکان لەوەدا خۆیان دەبیننەوە، کە مرۆڤ مت دەکەن، یان کاریگەرى تریشى هەیە، دواتر بۆ شکاندنى خاڵە نێگەتیڤیەکانى ئەو پیرۆزکردنانە، دەبێت مرۆڤەکە خۆى چى بکات؟.

هەندرێن –  تۆ دەبینیت جیهانێک هەیە وەک جیهانى رۆژئاوا، ئەو جیهانى رۆژئاوایە، لە رێنیسانسەوە و لە سەدەى ناوەراستەوە، لە ریفۆرمى کەنیسەوە، هەتا دەگاتە ئەمڕۆ خەریکى ئەو ئەرکەیە کە تۆ باسى دەکەیت، واتە تێکشکاندنى ئەو کاریگەیانەیە، هاوکات وەرچەرخاندن و دابڕاندنى ئەو دۆخەى مرۆڤ، کە لە قەتیسمان و دەستەوسانى لە بەرانبەر قەدەرێکى میتافیزیکى، بۆ ئەوەى کە بژى بۆ خۆى، بۆ ئەوەى بەختەوەرى بە دەست بهێنێت، بۆ ئەو پرسیارەى تۆ دەتوانم بڵێم، سەرتاپاى فەلسەفەى گریکى بە تایبەتى ئەفلاتۆن و ئینجا ئەرستۆش، خەریکى ئەوەن، بۆ ئەوەى مرۆڤ چۆن بتوانێت وەک کەسێکى رۆشنبیر خۆى ببینێتەوە، بۆ نمونە ئەفلاتۆن باسى ئەوە دەکات، کە فەیلەسوفەکان دەتوانن کۆمەڵگا بەڕێوە ببەن، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین پرۆسەى مێژویى لە رۆژئاوادا، ئیشکردن بوە لەسەر ئەو وەتەرانە، کوشتنى ئەو جومگانەیە کە قەتیس ماون و رەنگیان داکوتاوە، هاوکاتیش پەرت و بڵاوکردنەوەى ئەو پیرۆزیانە، بۆ ئەوەى مرۆڤ وەکو تاک کە جارجار لە قەیرانێکى دەرونیدایە، بۆ ئەوەى بتوانێت شتێک بدۆزێتەوە، کە لە روى دەرونیەوە جۆرێک لە سەبورى و فەرامۆش کردن بەرچنگ بخات، بەڵام ئەرکى رۆشنبیریش لەوەدایە کە چۆتە ناو سیستەم و کە دەسەڵات لەوێ دەبینێت، کە ئۆرگانەکان، رۆشنبیرى و مەعریفە، دەبینین سەرتاپاى خودى پەیامى رۆشنگەرى لە راستیدا لەوەدایە، کە دەبێت لە ڕێگەى عەقڵەوە ئەم لێکدانەوانەى هەبێت.

رێبوار  –   لێرەدا نوخبەیەکى هۆشیار دەکەوێتە بەر باس، کە ئەویش نوخبەى رۆشنبیرە، لەم حاڵەتانەدا وەزیفەى رۆشنبیر چیە، ئەگەر ئێمە باس لە نوخبەى رۆشنبیرى کوردى بکەین، ئایە ئەم نوخبەیە توانیویانە ببنە بەشێک لە هۆشیار کردنەوەى کۆمەڵگا، لە بەرانبەر پیرۆزییەکاندا؟.

هەندرێن –  من پێموایە بنەماى ئەو پرسیارەى تۆ و دواتر ئەو دۆخەى کەوا دەکات، ئێمە قسە لەسەر ئەو پرسیارەش بکەین، لە راستیدا نەبونى ئەو رۆشنبیرەیە لە ناو مەجالى رۆشنبیرى کوردیدا، رۆشنبیریى ئێمە رۆشنبیرییەکە، تا ئێستا نەیتوانیوە وەک هێزێکى رێکخراو و وەک دەسەڵاتێک بێت لە ناو کۆمەڵگاى کوردیدا خۆى ببینێتەوە، هەموو ئیشى ئەوەیە سازش بکات لەگەڵ ئەو خولیا و داڕمانە، ئەو بەها و نەریتە کۆنخوازانەى کە لە کۆمەڵگاى ئێمە باڵادەستە و کۆمەڵگاى ئێمەى توشى ئەو گرفتانە کردوە کە ئێستا هەیەتى، ئەو هێزە رۆشنبیرییە کە دەبوایە رۆڵى ئەوە بێت، کە تەکانێک بەو دۆخانە بدات کە دەبنە دروستکردنى پەرستن و پیرۆزى و تێکى بشکێنێت و کۆى ئەو جومگە کۆمەڵایەتیانە تێکبشکێنێت کە باوەڕمان پێى نیە، رۆشنبیرى ئێمە زۆر زار قەرەباڵخە، لە تیۆرى و هەڵوەشاندنەوەگەرى، فەلسەفەى پۆست مۆدێرنزم، خۆى تێکشکاندنى ئەو نەریتەیە، کە بۆتە دۆخێکى ئازاردانى مرۆڤ، ئەو دۆخەى کە مرۆڤ تێیدا ناتوانێت بیر بکاتەوە و بەرهەمهێن بێت، واتە ئەگەر رۆشنبیر ئەرکى داهێنان بێت، چیتر ئەو رۆشنبیرە لە دۆخێکى داخراو و چەقبەستو و بە پیرۆزکراو و بەسیمبولکراودا، کە ناتوانێت دەربچێت بەرەو ئاسۆیەکى دیکە، کە دۆزینەوەى جیهان و گەردون و بەها و پێناسەکانە، لێرەدا رۆشنبیرى کوردى لە راستیدا نەک هەر ئەو رۆڵەى نیە، نەک ئەو توانا و ئیرادە و هێزە مەعریفیە تیۆرییەى نیە، بەڵکو خۆى لە خۆیدا بەشێکە لە قوڵکردنەوەى ئەو دۆخە، کاتێک کە رۆشنبیر ئەو توانایەى نامێنێت، دێت لە ڕێگەى خۆ پەرت کردن و خۆ بە پێڕ کردنەوە وزەى خۆى دەخاتەگەڕ((من لە وتارێکمدا باسم کردوە))، بەڵام ئەو خۆ بە پێڕکردنەش، بۆ ئەوە نیە خۆى بکێشێتەوە و لەو جیهانە جاڵجاڵۆکەیەدا بژى، کەچى لە جێیەک کۆ دەبێتەوە، کۆمەڵێک پەیوەندى لەسەر بنەماى ئەو سۆزە و ئەو سەبورى دانەوەى خۆى، لەگەڵ کۆمەڵێک کەس کە هەموویان ناڵە ناڵ دەکەن، دادەمەزرێنن، بۆ رەوایەتى دان بەو ناڵە ناڵە دەچێت کۆ دەبێتەوە لە ناوەوە، بۆ نمونە دەچێت لە نادیەک یان لە ماڵەوە خۆى دەشارێتەوە لەو دۆخەى کە هەیە، لە بەر ئەوەى تواناى نیە و لەوەشدا دەستەوەستان بوە، کە بتوانێت تۆڕەکان تێکبشکێنێت، ئەمەیە کێشەى رۆشنبیرى ئێمە، بە کورتى کێشەى رۆشنبیرى ئێمە ئەوەیە نایەوێت پێناسەى ئەوە دۆخە بکات کە رۆڵى چیە، بەڵکو خۆى چەواشەى ئەو دۆخە دەکات، لە بەر ئەوەى رۆڵى نیە، من پێموایە کارى رۆشنبیرى دروست کردنى شوێن پێیە.

رێبوار  –    ئەو دەستەبەندی و پەیوەستبونە سۆزاویەى رۆشنبیران و تەجاوز نەکردنى ئەو پەیوەندیە، بۆ دەرەوەى دەستەبەندیەکى دیارى کراو لە ناو رۆشنبیرى کوردیدا، پێتوانیە دەبێتە هۆکارى دروستبونى بتى رۆشنبیرى و پیرۆز کردنى خودى رۆشنبیر خۆى؟.

هەندرێن –  ئەمە پرسیارێکى جوانە و لە جێى خۆیدایە، چونکە پێناسە و وێناکردنەکانى پیرۆزى، لەگەڵ گۆڕانى قۆناغەکاندا گۆڕاوە، ئەو رۆشنبیرە کاتێک لە ناو دۆخێکدا کە بەهاى پیرۆز کردن و هێزى پیرۆز کردن زۆر باڵادەستە، ئێستا تەماشا بکە ئەو هەلەرکیە شۆڕبۆتەوە، بەڵام وێناکەى یان شێوە دەرەکیەکەى گۆڕیوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا ئەو بە پیرۆزکردنە، بەشێوەیەکى تر خۆى دروستکردۆتەوە، تۆ ئەگەر بەراوردى رەئى سەرۆک خێڵێک یان مەلایەک بکەیت، لەگەڵ کۆمەڵێک رۆشنبیر کە ناویان هەیە، هیچ جیاوازییەکیان نیە، بۆ نمونە سەیرى عەبدولخالق مەلا بکە، کە جۆرێک لە پێناسەیەک و دەسەڵاتێکى لۆکاڵى خۆى هەیە، جۆرێک پیرۆزى هەیە لە بەرانبەر گوێگرەکانى خۆى و بەرانبەر بە خۆشى، بۆ نمونە جۆرێک لە رازاندنەوە و جۆرێک لە کردنى وەهمێک و بە سیمبولێک، یان جۆرێک لە فەنتازیا و پیرۆز کردنێکى میتافیزیکیانە، وەک وتم رۆشنبیر کە بێئومێد بوە لەوەى کە ئیرادەیەکى ناوەکى نیە، هێزێکى مەعریفى نیە، تواناى ئەوەى بێت کە ئەو هێزەى لە بەرانبەریدا کە سیمبولى بە پیرۆز کردن زۆر کارایە، کاتێک کە تواناى ئەو وزە و مەعریفەیەى نیە، بۆیە دێت دەیەوێت هەمان وێنە لە خۆى دروست بکات، هەندێک رۆشنبیر هەیە، بۆ نمونە بەختیار عەلى کەسێکى کردەگیە، کەچى لە ناو رۆشنبیرى کوردیدا وەهمى بەختیار عەلى، لە ئیمامى عەلى دەچێت، فەرهاد پیرباڵ بە شێوەکى تر، ئەوە گەمە کردنە لە نێوان مرۆڤ و ئەو سیمبولە گەورانەى کە خۆیان باڵادەستن بەسەریدا وەکو رۆشنبیر، ئێستا مرۆڤ بۆ ئەوەى کە بیەوێت بەختەوەر و پیرۆز بێت، ئەگەر خاوەن خێڵ نەبێت، یان ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى حیزبێک نەبێت، دێت لە ناو ئەو بوارەى کە رۆشنبیریە، هەموو وزە و توانا و گوتارەکانى وەردەچەرخێنێت بۆ بە پیرۆز کردنى خۆى، لە ناو هێزێکى لۆکاڵى بچوکدا، لە نێوان خۆیى و خوێنەردا، ئەمەیە کێشەکە کە لە ناو ئەو بازنەیەدا دەخولێتەوە.

رێبوار  –   بەڵام ئەم حاڵەتە پەیوەندى بە ئاستى تێگەشتنى ئەو مرۆڤانەوە هەیە، کە بەدمەستن بە رۆشنبیرییەوە، کە دواجار ئەم بەدمەستیە مەودایان نادات، کە لە پەیام و ئامانجى رۆشنبیر تێبگەن، یان هۆکارى تر هەیە؟.

هەندرێن –  کاتێک کە مرۆڤ لە پرۆسەیەکدا دەژى، ئەو پرۆسەیە کە لە بەرانبەر رۆشنبیر و هێزە کاراکانى کۆمەڵگا دەستەوەستان بو، دێت وێنەى خۆى دروست دەکاتەوە، لێرەدا رۆشنبیر چى دەکات، ئەرکى رۆشنبیرى کوردى، دروستکردنى کۆمەڵێک کۆیلەى مۆدێرنە، کۆیلەى خوێنەر دروست کردنى کەسێکى سەرمەست، چونکە یەکێک لە ئیشەکانى پیرۆزى ئەوەیە کە دنیایەکى داخراو و ئەبستراکت دروست بکات، واتە داخستنى کۆى تاکەکانە لە ناو دنیایەکى داخراو، کە ئەوە وەکو هێزێکى باڵادەست هەموو قەدەرى ژیانە، کە هەموو ژیان و ئایندە لە دەستى ئەو دایە، ئەو سیمبولانەى رۆشنبیرى کوردى، لە ماوەى ئەو 10 تا 15 ساڵەى رابردو تا ئێستا، ئیشیان ئەوەیە کە کۆمەڵێک خوێنەر دروست بکەن، یان ناوەندێکى رۆشنبیرى دروست بکەن، کە لە ناویدا دنیایەک دروست بکات، کە پێى دەڵێن دنیاى کۆیلە و کۆیلەدار، جیهانێکە کە خوێنەرەکانى ئیفلیجن، چونکە لە جیاتى ئەوەى کە ئەو کەسانە خۆیان هەوڵ بدەن، کەشفى ئەو دنیا ئاڵۆزە بکەن، کەچى هەموو ئەو کەشف کردنانە دەخەنە ژێردەست ئەو سیمبولە رۆشنبیریە، لە بەرانبەریشدا ئەو رۆشنبیرە ئیشى ئەوەیە کە ئەو وەتەرانە قوڵ بکاتەوە، ئەو رایەڵە دروست بکات لە ناو ناخى ئەو خوێنەرە، بۆ ئەوەى زیاتر دەستەوەستانى بکات.

رێبوار  –    تۆ پێتوایە ئەمە بۆ هەوڵەکانى خودى رۆشنبیر دەگەڕێتەوە، کەوا دەکات مرۆڤ بە چاوى پیرۆزییەوە لێیبڕوانن، واتە بە ئاگاییەکەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەهەندەدا دەکات، یان ونکردنى وەزیفەى رۆشنبیرییە؟.

هەندرێن –  من پێموایە هەردوکیانە، چونکە لە هەر دۆخێکدا رۆشنبیر و مرۆڤە هۆشیارەکانى کۆمەڵگا، کۆمەڵێک بەرپرسیارییان هەیە، وەک وتمان پرسیارى فەلسەفە و ژیان ئەوەیە کە چۆن بژیت، کاتێک کە ژیان دەبێتە ئازار، ئەوە ئیشى رۆشنبیرە کە بتوانێت لەو ئازارە تێبگات و  پێناسەیەکى بۆ بدۆزێتەوە و شى بکاتەوە و تێکى بشکێنێت، بۆ ئەوەى ئەو واقیعە پەرت و بڵاو بێت، بۆ ئەوەى تاکەکان پەرت بن، ئەوە ئیشى رۆشنبیر و مرۆڤە کاراکانى کوردە، چونکە پرۆسەى مێژوى مرۆڤایەتى ئاوا بوە، ئەرکى مرۆڤ وەکو ئیتیک ئەوەیە، کە بەختەوەرى بونیات بنێت، ئەو بەختەوەر کردنە بە تاکێک ناکرێت کە وەکو خودایەک خۆى نیشان بدات، چونکە خوداکان نەیانتوانیوە مرۆڤەکان لە هەموو دۆخێک رزگار بکەن، یان بەختەوەریان بکەن، لە کاتێکدا لە قۆناغێکى دیارى کراودا، رەنگە خودایەک بتوانێت مرۆڤێک بەختەوەر بکات، بەڵام دواجار کێشەى ئەو بە تەنیا بونە مرۆڤ سەرگەردان دەکات، دواتر بۆ ئەوەى لەو سەرگەردانیە قوتار ببێت، دۆخێکى وەستاو دروست دەکات، بۆ ئەوەى وەک خۆى بمێنێتەوە و خۆى نەخاتە ژێر پرسیار، تا هێزێک نەبێت بیجوڵێنێت، رۆشنبیرى ئێمە ئەو سێکتەرەى کە هەیەتى، دێت لەسەر ئەو سێکتەرە خۆى قوڵ دەکاتەوە، خۆى دەکاتە دەمڕاستى ئەو سێکتەرە، لە جیاتى ئەوەى بێت ئەو واقیعە تێکبشکێنێت، بۆ ئەوەى ئەو هێز و بەربەستانە تێکبشکێنێت کە دەبنە هۆکارى داخرانى مرۆڤ و هەوڵى کرانەوەى مرۆڤ بدات، بەرەو ئەو دنیا جیاوازانەى کە پێویستە مرۆڤ لە ئاستیاندا تێگەشتنى هەبێت، ئەرکى رۆشنبیرى کە تۆ باسى دەکەیت، دەمڕاستى ئەو سێکتەرەیە، کە سێکتەرێکى داخراوە.
رێبوار  –   بەڵام وەزیفەى رۆشنبیرى تێکشکاندنى ئەو حاڵەتانەیە، کە لە بەها و حورمەتى ئینسانى کەمدەکەنەوە، یان ئەو کارگەلەیە کە ئێستا لە ناو رۆشنبیرى کوردیدا دەیبینین، کە لە گوتارەکانیاندا زۆرجاران پەلامارى ئینسان و شکۆى ئینسانى دەدەن؟.

هەندرێن –  ئێمە باسمان کرد کە ئەو رۆشنبیرەى هەوڵى قوڵکردنەوەى دۆخە قەتیسماوە داخراوەکانیدا، بۆ ئەوەى خۆى بکاتە دەمڕاستى ئەو سێکتەرە و بۆئەوەى ئەو ئاراستە و قەتیسمانە بهێڵێتەوە، ئەو پرسیارە نەهێڵێت کە دەبێت مرۆڤ لە بارەى ژیان و دەروبەرەوە بیکات، دواتر نەمانى ئەو کێشمەکێشمەى نێوان مرۆڤ، کە هەمومان دەزانین پێشکەوتنى دنیاى رۆژئاوا لە ئەنجامى ئەو کێشمەکێشەوە و ململانێوە دروست بوە، یەکێک لە تێزە هەرە گەورەکانى ئێستا، لە بوارى سیاسەت، دەوڵەت، پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکان، ئەوەى هابرمازە، ئەوەیە کە هەمو تاکەکان، هەموو هێزەکان بەرۆڵى خۆیان هەستن، بۆ ئەوەى زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت، کە بێن بەڵگەى خۆیان بخانە روو و دنیابینى خۆیان بخەنە روو، لە کۆى ئەو دنیابینى دەربڕینانەوە هێزێک دروست دەبێت، وەکو ئیدیاڵى، وەک شتێکى دور لە خۆویستى و خۆ فەڕز کردن، کە لە کۆى ئەوانەدا شتێک بخەمڵێنیت بۆ ئەوەى مرۆڤەکان لەوێدا رۆڵى خۆیان هەبێت، دواجاریش بە کۆى ئەو رۆڵانە بتوانێت کۆمەڵگایەک بۆ خۆى دروست بکات، کە بەرهەمهێنەر و کارا بێت و وزەدەر بێت و…..هتد، کاتێک رۆشنبیر لەو پرۆسەیەدا بێبەریە و رۆڵى نیە، ئینجا دێت وەک کەسێکى باڵادەست، قەدەر و نەگبەتی دروست دەکات، چونکە یەکێک لە کارەکانى ئەوەیە کە ئەو هێز و جموجوڵە بکوژێت، کە لە ناوەوەى کۆمەڵگا دروست دەبێت، ئەو بێحورمەتیەش کە دەکرێت بە مرۆڤەکان، خۆى پرۆسەیەکى بەردەوامە لەو ئەخلاقەى رۆشنبیر، کە ئەخلاقێکى خۆویست و خۆ فەرزکەرە و لە هەوڵى بە سیمبولکردن و بە پیرۆزکردنى خۆیەتى، ئەوەش واى لێدەکات کە ململانێکان دروست بن، کاتێک دەیخەنە ژێر پرسیار ئەویش دێت ئەو بێحورمەتیانە دەکات، ئەوە ئەو نۆڕمە و ئەو دەسەڵاتەیە کە پراکتیزەى دەکات، بێحورمەتى کردن لە ناو رۆشنبیرى کوردیدا، کتومت ئەو نەریتە بێحورمەتیکردنەى سەرۆک خێڵێکە بە جوتیارەکان، بۆیە دەبینین کاتێک کە یەکێک دێت لە ئاستیا دەمراست دەکاتەوە، رۆشنبیر لە جیاتى ئەوەى کە گفتوگۆى لەگەڵدا بکات، دێت دەمکوتى دەکات، ئەو دەمکوتکردنە شێوەى جۆراوجۆرى هەیە، ئینجا رۆڵى رۆشنبیرى کوردى لەو زمانە زبرە و ئەو زمانە ناشیرینە، ئەو لوت بەرزییە سەرمەست بونێکە بەو پیرۆزیەى خۆیەوە، چونکە پێیوایە هێزێک نیە بیخاتە ژێر پرسیار، بۆیە قەبوڵکردنى کەسەکان لاى ئەو، ئەوانەن کە وەکو خۆیان بن، ئەو کەسانەن کە لێیان دڵنیا بن کە پیرۆزییەکەی وەک خۆى بمێنێتەوە، بەڵام کاتێک کەسانى تر دێن و ئەو پیرۆزیە دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەویش لە بەرانبەردا ئەو بێڕێزییە دەکات بەرانبەریان.

تێبینى:
             ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە 270  رۆژنامەى جەماوەردا بڵاو کراوەتەوە.

www.jamawar.net

Previous
Next

Leave a Reply