Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

پەیامێك بۆ وەزارەتى ئەوقاف….سۆران عەزیز

Be First!
by January 14, 2009 گشتی

 پەیامێك بۆ وەزارەتى ئەوقاف
 سۆران عەزیز

 لەدواى راپەرینەوە زیاد لەدیاردەیەك هاتوونەتە ناو واقیعى داوەشاوەى كۆمەڵگەى كوردیەوە، كە رەنگە دیارترینیان ئیسلامى سیاسى بێت. ئەم دیاردەیە لەسەردەم و كاتێكدا لەدایك بووە، كە كۆمەڵگەى ئێمە هیلاك بوو، كۆمەڵگەیەك بوو تازە لەناو شەڕێكى گەورەو وێرانكاردا دەهاتە دەرەوە.  ئەم كۆمەڵگەیە هیچ پشوویەكى لەم شەڕە دوورو درێژە نەدابوو، كەچى جارێكى تر و بەشێوەیەكى نوێ تووشى شەڕێكى براكوژى بوویەوە. هەر لەناو هەناوى ئەم شەڕەوە ئیسلامى سیاسى وەك دیاردەیەكى نوێ سەرى دەرهێنا و تەشەنەى گەورەى كرد. كە دەڵێین دیاردەیەكى نوێ مەبەستمانیە قسە لەسەر ئەو دیدگایە بكەین كە پێیوایە، ئەم دیاردەیە دیاردەیەكە رێك لەدەرەوە هاتووە و كۆمەڵگەى ئێمە بەلایەوە نامۆ بووە، بۆیە كە ئەمەمان گووت ئەوا دەكەوینە هەڵیەكى زانستى گەورەوە، چونكە بەر لەهاتنى ئیسلامى سیاسیش كۆمەڵگەى ئێمە بەناو توندوتیژیەكى بێوێنەدا گوزەرى كردووە، لەروى ئابووریشەوە كۆمەڵگەى ئێمە ئامادەى وەرگرتنى چەندین دیاردەى نوێى كۆنزەرڤاتیڤى هەبووە، بەڵام بەهاتنى ئەم دیاردەیە كۆمەڵگەى ئێمە پێى نایە قۆناخێكى نوێوە، قۆناخێك بەبڕواى من لەهیچ مێژوویەكى ئەم میللەتەوە گۆڕان ئەوەندە تێیدا سەخت نەبووە، چونكە لەمێژووى ئەم میللەتەدا كاتێك باسى گۆڕان كرابێت رێگریەكان ئەوە بوون لەگەڵ رەوتى كۆمەڵایەتى كوردا هەڵى نەكردووە، بەڵام ئێستا ئەوە لە فەرهەنگى ئیسلامى سیاسیەوە بۆمان وەبەرهات، ئەوەیە كە هەر گۆڕانێك بتەوێ باسى لێوە بكەیت یەكسەر لەگەڵ ئاییندا كێشەى هەیە، بۆیە ئەم گۆڕانەش  كە لەگەڵ ئاییندا هاوتا نەبوو، بێگومان كۆمەڵگەیەكى ئیسلامى وەك كورد پێى ئەزم ناكرێت، ئەم فەرهەنگەى ئیسلامى سیاسى بەشێوەیەك تەشەنەى سەندووە كە گەیشتۆتە سەرجەم دامودەزگا ئایینیەكانى حكومەتى هەرێم. بۆ نمونە ئەو قوتابخانانەى كە وەزارەتى ئەوقاف  سەر پەرشتى دەكات تا ئێستا وتارخوێنێكى لەكوردستان بەرهەم نەهێناوە كە لەگەڵ رەوتەكانى گەشەى كۆمەڵایەتیدا كێشەى نەبێت، نەك هەركێشەى نەبێت، بەڵكو خۆشى بەشێك بێت لەرەوتى گۆڕانەكە. كەچى بەپێچەوانەوە ئەم دەزگایانە بوونەتە بەشێك لەپرۆژەیەكى داخراوى كۆمەڵایەتى، كە رێگرى گەورەشن لەگۆڕان لەهەر ئان و ساتێك لەكۆمەڵگەدا بكرێت. نمونەى وەزارەتى ئەوقاف كە چەندین قوتابخانەى هەیە لەشارەكانى كوردستان بۆ پێگەیاندنى وتار خوێندن لەمزگەوتەكانى كوردستاندا، باشترین نمونەن بۆ ئەو باسەمان، بەڵام لەو ماوە كورتەى خوێندندا نەك هەر ناتوانن بەشێوەیەك پێیان بگەیەنن كە دژى عقڵى كراوە و ژیانێكى ئازادو ئارام نەبن بۆ هەرتاكێكى وڵاتەكەمان، بەڵكو بەچونیان بۆ ئەو قوتابخانانە بەشێوەیەكى سەیر دژى هەموو شتێك دەوەستنەوە  باتایبەت دژى ئازادى، بۆیە من دەتوانم ئەو راستیەش باس بكەم كە لەهەولێر و لەقوتابخانەى مزگەوتى سەواف قوتابى لێیە باسى جیهاد دەكات، باشە ئەم قوتابخانە ئەم عەقڵە جیهادیە بەرهەم بێنێت. هەموو لایەك دەزانین مەترسیەكانى كامانەن، ئایا ئێمە پێویستمان بەم عەقڵە هەیە، یان دەبێت عەقڵێك بەرهەم بێنین كە شادى بۆ مرۆى كورد بەرهەم بێنێت. نەك عەقڵێك هەزاران نەخۆشى دەروونى و كۆمەڵایەتى بۆ كۆمەڵگەى كوردى بسازێنێت، بۆیە پێویستە بپرسین ئایا ئەركى حكومەت و وەزارەتى ئەو قاف نیە بەجددى چاوێك بەم قوتابخانانەدا بخشێننەوە بەشێوەیەك ئەم قوتابخانانە رێكخاتەوە، كە لەگەڵ گەشە و پێشكەوتنى كۆمەڵگەى ئیمە نەك هەركێشەى نەبێت، بەڵكو خۆشى بەشێك بێت لە گەشەو پێشكەوتنە، چونكە كۆمەڵگەى ئێمە تا ئێستاش لە ژێر عەقڵى وتار خوێنەكانى وەزارەتدایە.
 تێبینى ئەم بابەتە لە كوردستان راپۆرت بڵاو كراوەتەوە .
 

Previous
Next

Leave a Reply