Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

چاو پێ که‌وتنی بڵاو کراوه‌ی نحو الاشتراکیه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌ردار عه‌بدوڵا

Be First!
by May 28, 2009 گشتی

چاو پێ که‌وتنی بڵاو کراوه‌ی " نحو الاشتراکیه‌" له‌ گه‌ڵ سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانی عێراق

نحو الاشتراکیه‌ : حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پی عێراق به‌یاننامه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ده‌رکردووه‌ .بۆچی له‌و به‌یانه‌دا ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناسیونالیزمی کورد ئه‌مڕۆ  به‌ ته‌واوی له‌ بارودۆخێکی جیاوازی جیهانی و ناوخۆیدا ئه‌نجام ده‌درێ ؟ ئه‌توانی بۆمان باس بکه‌ی ئه‌و باردۆخه‌ جیاوازی چیه‌ له‌گه‌ڵ رابوردودا؟

سه‌ردار عه‌بدوڵا : ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی ده‌یانه‌وێ ئێستا  ئه‌نجامی بده‌ن به‌ ته‌واوی جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 . له‌و کاته‌دا که‌ هه‌ڵبژاردن کرا ئه‌مه‌ریکا له‌ قۆناغێکدا بوو که‌ ده‌یویست هه‌ژموونی سیاسی و ئابوری خۆی هه‌بێ به‌ سه‌ر جیهاندا و نه‌زمه‌ نوێیه‌که‌ی باڵ بکێشێ به‌ سه‌ر هه‌موو جیهاندا له‌ پاش هه‌ره‌سی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و بلۆکی رۆژهه‌ڵات . له‌و کاته‌دا ئه‌مه‌ریکا پێویستی به‌ هێز و لایه‌ن هه‌بوو که‌ یارمه‌تی بدا بۆ به‌ سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی ئه‌م ئامانجه‌ی خۆی چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا کۆسپ و گرفتی زۆری له‌ به‌رده‌مدا بوو که‌ ده‌بوو لایان بدا که‌ یه‌کێ له‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوو له‌ ناوچه‌که‌دا بۆیه‌ ئه‌مریکا ناسیونالیزمی کوردی پێویست بوو له‌و کاته‌دا وه‌ ناسیونالیسته‌کانی کوردستانیش خۆیان گرێ دایه‌وه‌ به‌ ئه‌مه‌ریکاو نه‌زمه‌نوێیه‌ دیموکراتیه‌که‌ی و بازاره‌ ئازاده‌که‌ی  .له‌ ناو ئه‌و بارو دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردان ئه‌م مه‌به‌سته‌ی به‌ دواوه‌ بوو . به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورد له‌ کوردستاندا به‌ هۆی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان ‌داسه‌پاند به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌ی ویستیان به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورستاندا هێنایان . په‌رله‌مانیان پێک هێنا به‌ دوای ئه‌وه‌دا شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ری ناوخۆیان به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا داسه‌پاند و ده‌ستیان دایه‌ تاڵان و برۆی سامانی خه‌ڵکی کوردستان و سه‌رکرده‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ند بوون ، کۆمه‌ڵگاش تووشی هه‌ژاری و بێ به‌شی بوو . هه‌موو تواناکانی کۆمه‌لگا له‌ ده‌ست دران .له‌ ئێستادا بارودۆخی جیهانی و ناوخۆیی گۆرانی به‌ سه‌ردا هاتووه‌ حکومه‌تی به‌عس نه‌ماوه‌ نه‌زمی نوێی جیهانی تێک شکاوه‌ و تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێت . ئه‌مه‌ریکا ئێستادا زۆر پێویستی به‌ ناسیونالیزمی کورد نه‌ماوه‌ ده‌وری ئه‌مانه‌ ته‌واو بووه‌ لای ئه‌مه‌ریکا ،ئه‌مه‌ریکا دۆستی تری هه‌یه‌ که‌ بۆ ئامانجه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌ی خۆی پیویستن له‌ عێراقدا وه‌ ئه‌م دۆستانه‌ش ‌هێزه‌کانی ئیسلامی سیاسی و قه‌ومیه‌کانی تری وه‌ک مالیکی ..هتد که‌ ئه‌مانه‌ ئێستا له‌ ناسیونالیزمی کورد به‌ هێزترن . هه‌ڵبژاردنی ئه‌مڕۆ ئامانجه‌کانی ده‌وره‌ی پێشووی نیه‌ به‌ڵكو  ئامانجی به‌کار‌ ‌هێنانی ده‌نگی خه‌ڵکه‌ له‌ ڕێ ی سه‌ندوقه‌کانه‌وه‌ بۆ خامۆش کردنی ناره‌زایه‌تیه‌کانیان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حیزبه‌ ناسیونالیستانه‌دا چونکه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ نارازین له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خوازیاری لابردنی بوون ،‌ ئه‌مانه‌ نه‌ک هه‌ر ‌هیچ کاریکی خزمه‌ت گوازریان بۆ خه‌لک نه‌بووه‌ به‌ ڵکو تاڵان و برۆی سامانیان کردوه‌ وه‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌مجاره‌ له‌ رێگه‌ی هه‌لبژاردن و به‌ ناوی دیموکراتیه‌وه‌ درێژه‌ به‌م وه‌زعه‌ بده‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان بپارێزن خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند تر بکه‌ن و خه‌ڵكیش هه‌ژار تر و بێ به‌ش تر بکه‌ن .
نحو الاشتراکیه‌: ناسیونالیسته‌کانی کورد له‌ ماوه‌ی 17 ساڵی  ده‌سه‌ڵاتدارێتیاندا چیان کردووه‌ ؟ ئایا توانیویانه‌ گرفت و کۆسپه‌کانی به‌رده‌م باری گوزارانی خه‌ڵک لابه‌رن و ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر  بکه‌ن ؟

سه‌ردار عه‌بدوڵا : ئه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد کردوویه‌تی بۆ خه‌لک ئه‌وه نده‌ که‌مه‌ له‌ چاو ئه‌و سامانه‌ی که‌ بۆ خۆیان پێکیان هێناوه‌ ‌ ده‌کاته‌ هیچ ، ئه‌وه‌شی کراوه‌ له‌ ژێر فشار و ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکدا کراوه‌ وه‌ به‌ بروای من ئه‌وه‌ی که‌ له‌م پێناوه‌دا سه‌رف کراوه‌ ناکاته‌ له‌ 5% ی ئه‌و تالان و برۆیه‌ی که‌ کردویانه. کێشه‌ی ئاوو کاره‌با چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که‌ بۆ خۆیان کراوه‌ و یا بۆ کاره‌ بازرگانی و ده‌سکه‌وته‌ مادیه‌کانی خۆیان پێویست بووبێ ، ئه‌گه‌ر برۆین له‌ خه‌لکی کوردستان بپرسین ئه‌و پرسیاره‌یان لێ بکه‌ین که ده‌‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی چییان کردووه‌ بۆیان ؟ هه‌ر هه‌موو ئه‌و وه‌ڵامه‌یان هه‌یه‌ ده‌لێن هیچ . ئه‌گه‌ر چاو له‌ باری گوزه‌رانی خه‌ڵک بکه‌ین زۆر له‌ خواره‌ ، کرێی کرێکار و کارمه‌ندو مامۆستا زۆر که‌مه‌، بێکاری زۆره‌ ، خه‌لکی ناچاره‌ بۆ بژێوی ژیانیان په‌نا بۆ سه‌ر جاده‌کان ببه‌ن و ده‌ست فرۆشی بکه‌ن ئه‌گه‌ر لێیان گه‌ڕێن. له‌ باری سیاسیه‌وه‌ ئازادی نیه‌ ، ئازادی راده‌ربرین نیه‌ رۆژنامه‌و گۆڤار زۆرن به‌ڵام زۆر ئازاد نین له‌ راده‌ربریندا سه‌دان پێشێل کاری بووه‌ له‌م بواره‌دا رۆژنامه‌ نوسان یا تیرۆر کراون یا فرێنراون و یادراون به‌ دادگا و غه‌رامه‌ کراون..هتد ، یاسایه‌کی رۆژنامه‌ نوسیان سه‌پاندوه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌که‌یاندا که‌ هه‌ر وه‌ک یاساکه‌ی رژێمی به‌عسی سه‌رکوت گه‌ره‌ که‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ ئازادی یه‌وه‌ نیه‌ . ده‌یان کۆسپیان داناوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئازادیدا له‌ هه‌موو بواره‌کاندا . یاسایه‌کی باری که‌سایه‌تیان داسه‌پاندووه‌ که‌ سه‌رچاوه‌که‌ی شه‌ریعه‌ی ئیسلامیه‌  پیاو بۆی هه‌یه‌ چه‌ندین ژنی هه‌بێ له‌ یه‌ک کاتدا که‌ ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ری یاسایه‌کی کۆنه‌پاه‌رستانه‌یه‌ . په‌رله‌مانی کوردستان هیچ کارێکی نه‌کروده‌و جگه‌ له‌ چه‌سپاندنی کۆنه‌ په‌رستی و یاساکانی زۆر جیاوازن ته‌نانه‌ت له‌ سیسته‌مه‌ په‌رله‌مانیه‌کانی غه‌ربیش .
نحو الاشتراکیه‌: ئێوه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌تاندا ده‌ڵێن پلاتفۆرمی ناسیونالیسته‌کانی کوردستان وه‌ک یه‌که‌ وله‌ یه‌ک ده‌چن زیاتر مه‌به‌ستانه‌ بڵێن ئه‌وانه‌شی که‌ ئۆپۆزسیۆن و یاریفۆرمیستن جیاواز نین له‌وانی تر بۆ وا ده‌ڵێن ؟ له‌ کام رێگاوه‌یه‌ نه‌وشیروان موسته‌فا و هه‌ندی له‌ ناسیونالیسته‌کانی تر دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای یه‌کێتی و پارتی ده‌که‌ن ؟

سه‌ردار عه‌بدوڵا : من هاورای ئه‌وه‌م که‌ هه‌موو لیسته‌کان له‌ هه‌مان روانگه‌و مه‌نهه‌جی پارتی و یه‌کێته‌وه‌ هاتوون دیێنه‌ ناو میکانیزمی هه‌لبژاردنه‌وه‌کانه‌وه‌  ‌  هه‌موویان ئه‌وه‌یان قه‌بوڵه‌ که‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌ر بنچینه‌ی دابه‌ش کردنی قه‌ومی و دینی و تایفیه‌ و جیا کردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانه‌ . له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵیم هه‌مویان یه‌کن جیاوازیان نیه‌ مه‌ گه‌ر له‌ ناودا جیاواز بن ، ریفۆرمیسته‌کان ده‌ڵێن چاکسازی ده‌که‌ین ، یه‌کێتی و پارتیش هه‌روا ده‌ڵێن، من ئه‌پرسم ئه‌ی کێ ئه‌م هه‌موو به‌ڵایه‌ی ‌هێناوه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا ؟ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رپرسیارن له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م بارو دۆخه‌ پر مه‌ینه‌تیه‌ ی گوزه‌ران و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی خه‌ڵکدا . نه‌وشیروان موسته‌فا  ده‌ڵێ ئه‌مه‌وی " گۆڕان " بکه‌م له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌گه‌ر گۆرانه‌که‌ به‌ عه‌قلیه‌تی ئه‌و بێ ئه‌وا خه‌ڵكی کوردستان زیاتر نابوود ده‌بن له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاینده‌ی ئه‌ودا هه‌ر وه‌ک پارتی و یه‌کێتی کردوویانه‌ . فایلی ئه‌م که‌سه‌ پره‌ له‌ تاوان و کوشت وبڕ ، کوشتنی شوعیه‌کان و کوشتنی 5 که‌س له‌ ئه‌ندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له‌ ته‌موزی ساڵی 2000 نموونه‌یه‌کن له‌ تاوانه‌کانی نه‌وشیروانی ریفۆرمخواز .  خه‌ڵکی کوردستان له‌ جیاتی  ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان هه‌لبژێرن   ده‌بێ داوای دادگایی کردنی بکه‌ن وه‌ک که‌سێکی تاوانبار داوای سزادانی بکه‌ن . بانگه‌وازی نه‌وشیروان بۆ ریفۆرم و گوران بانگه‌وازێکی ڕواله‌تیه‌ ، هیچ پلاتفۆرم و رێگایه‌کی رۆشنی پیشان نه‌داوه‌ که‌ چۆن ده‌توانێ گۆرانێکی ریشه‌یی ئه‌نجام بدات . ئه‌و کاته‌ی ئه‌و له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا بوو هیچ ره‌خنه‌یه‌کی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیسته‌کانی کوردستان نه‌بووه‌ هج پلاتفۆرمێکی له م‌ باره‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ ده‌یه‌وێ چی بکات بۆ خه‌لک . چ نه‌وشیروان و چ باڵه‌کانی تری  ریفۆرمخواز هیچ ره‌خنه‌یه‌کیان نیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م هه‌لبژاردنه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای قه‌ومی و دینی و تایفی و ره‌گه‌زیه‌ نه‌ک له‌ سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتی یه‌کسان هه‌موویان ئه‌مه‌یان پێ قه‌بوڵه‌ . هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مانه‌ نه‌ ئه‌توانن گۆران و ریفۆرم بکه‌ن ونه‌ ئه‌کرێ پێان بووترێ ریفۆرمخواز .له‌ کۆمه‌لگای کوردستاندا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ گۆران بکا و چاکسازی بکا له‌ ڕیشه‌دا ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌لک و کۆمۆنیسته‌ کرێکاریه‌کان و رادیکاڵه‌کانن . کۆمۆنیسته‌ کرێکاریه‌کان هه‌ڵگری ئاڵای گۆرینی ریشه‌یین له‌ کۆمه‌ڵگادا چونکه‌ حیزب و لایه‌نه‌کانی تر هه‌موو باوه‌ریان به‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری و چه‌وساندنه‌وه‌ و کاری کرێ گرته‌ و بازاری ئازاد هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی زیاترکردنی مه‌ینه‌تیه‌کانی خه‌ڵک و برسیه‌تی  .
 نحو الاشتراکیه‌: زۆر سوپاس بۆ وه‌ڵامه‌کانت.*
__________________________________
تێبینی : ئه‌م چاو پێکه‌وتنه‌ به‌ عه‌ره‌بی کراوه‌ له‌ بڵاوکراوه‌ی عه‌ره‌بی "نحو الاشتراکیه‌" ی ژماره‌ 99 ی به‌رواری 22 ئایاری 2009 دا چاپ کراوه‌ ‌

Previous
Next

Leave a Reply