Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

چنینه‌وه‌ی نیگاکان….‌ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌وڵا

Be First!
by December 18, 2008 ئەدەب

 ‌ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌وڵا-فینلاند
 چنینه‌وه‌ی نیگاکان
           
        
 په‌نابه‌ر-1            
 به‌له‌مێکه‌..له‌ چاوه‌ڕوانیدا
 ته‌نها بڕوا به‌ درۆکانی بنه‌ماڵه‌ی با ده‌کا
 
 باره‌که‌ڵلا…
 ئه‌و به‌له‌مه‌ ته‌نهایه‌ش،له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌‌
 ته‌نها سیحری بایه‌ تێی ده‌گا..و
 ته‌نها به‌ ئه‌فسونی بارانه‌ ته‌ڕ ده‌بێ..و
 ته‌نها له‌ ئاگری سه‌فه‌ریشدایه‌..سه‌ما ده‌کا
 
 درۆ: ته‌نیاییمان دروستی کرد،هه‌تا له‌ په‌رتگایه‌کی ترمانه‌وه‌ که‌ پێی ئاشنانین..ده‌مه‌قاڵه‌ی هیچی ببیستین!
 له‌ حه‌وشه‌ی ئه‌ندێشه‌شدا،به‌ گۆشه‌گیرییه‌وه هاموشۆی بێمه‌ودای هیچی ببینین!‌
 له‌به‌ر هیچ نا،ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌نگوسوژنی‌ مرۆڤه‌ بێ روخساره‌که‌ی ناوخۆمان بکه‌ین
 له‌به‌ر هیچ نا،ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاداشتێک بده‌ینه‌وه‌ به‌ خۆمان که‌ که‌س نه‌یداوینێ!
 له‌به‌ر هیچ نا..هه‌تا بێپه‌روا ئه‌و ژانه‌ نه‌شکاوه‌ بچێژینه‌وه‌،
 که‌ له‌نێو په‌یڤێکی نه‌وتراودا،دێت و ده‌چێ!
 راییکردنی..ناره‌ناری ئه‌و وه‌خته‌ زه‌ڕبه‌خواردوانه‌شن،به‌سه‌ر لێواری ماته‌مینی خۆیاندا‌ شۆربوونه‌ته‌وه‌،که‌ وه‌کو ئه‌لف و بێی گریان و پێکه‌نین بۆ هه‌بوونمان جاویدانین.
 ته‌نهایی:دره‌وشانه‌وه‌ی خوێنی ده‌روونێک‌،که‌ جێپێکانی به‌سه‌ر به‌رده‌ڵانی زه‌مانه‌وه‌ دیاربێ.‌
 …………………………………………………….
           2- په‌ند
 ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ هه‌میشه‌ شین بیت،
 به‌ با بڵێ..به‌ پێنووسی باران ناوم له‌سه‌ر زه‌وی بنووسه‌
 
 ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێ هه‌میشه‌ زه‌رد بیت،
 به‌ ئاگر بڵێ..شه‌و بکه‌ به‌ پردی نێوان پینه‌ و په‌ڕۆی راستی و درۆکان
 
 ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێ هه‌میشه‌ ته‌ڕ بیت،
 به‌ هه‌ور بڵێ..ببێ به‌ په‌یکی زامی زه‌مین و پێکه‌نینی ئاسمان!
 
 شین:ئاسمانێکه حاڵ په‌رێشان،‌ نازانێ بیر له‌ شاڵاوی ئه‌ستێره‌ی شه‌وانی بکاته‌وه‌ یان تیرۆژه‌کانی ده‌مه‌وبه‌یان!
 
 پێنووس:شه‌سته‌بارانێکه‌ کێ به‌رکێ به‌ر،بۆ گوڵکردنی گوڵشه‌نی وشه‌ یان خاسه‌ره‌نکردنی خه‌یاڵ!
 
 زه‌وی:حه‌یاناکا،له‌سه‌ر رایه‌خێ بێ هاوتا میوانداری له  کوڕه‌ که‌چه‌ڵه‌ی هه‌قایه‌ته خوێن شیرین و  له‌شکره‌کانی ئێش و ژان ده‌کا!
 
 زام:له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر، یه‌خسیربوون، به‌ خه‌رمانه‌ی مانگێکی گه‌ڕۆک
 
 پێکه‌نین:سیحری ره‌شه‌گیایه‌ک،‌ له‌ قات و قڕی بیابانێکدا
 
 
    ……………………………………………………………..                      
 
                       3-    په‌ره‌سێلکه
 های های له‌و غه‌واره‌ به‌نازه‌،‌
 چه‌نێ خوگرتووه‌ به‌ دڵناسکی..و
 رێ و رۆینی ناوازه‌ی ئاو
 
 چه‌نێ رووسوور و رووکراوه‌یه‌؛‌
  له‌به‌رده‌م دوا دیلانێ و  نهێنیه نه‌درکێنراوه‌‌کانی خۆره‌تاو
 
 ره‌شپۆش‌ به‌ شه‌رمی شه‌وانی پڕ نه‌شئه‌‌..و
 
 ده‌نێو  هێلانه‌ تاقانه‌که‌شیدا
 ئۆقره‌گرتوو‌، به‌ ئایه‌تی جریوه‌ی دڵاوا.. و
 ته‌نیاییه‌کی به‌حیشمه‌تی سینه‌ هه‌راو  !
 
 غه‌واره‌:میراتگری هاواری به‌جێماو و نه‌بیستراو
 
 ناوازه:لاوچاکێک گووتی،خله‌وخه‌رمانی خه‌نده‌ رازداره‌کانه‌‌
 
 ئاو:خۆبه‌ردانی رازگرێک،له‌به‌رده‌م راپه‌رمونه‌کانی بادا‌
 
 دیلانێ:بۆ ئه‌به‌د خۆراژاندنه‌وه‌،له‌ نێوان یاخیبوونه‌کانی دڵ و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانه‌کانی ئه‌قڵدا. ‌
 
 شه‌رم:رازی ئه‌و گه‌ڵا ده‌نگ گیراوانه‌یه‌،ده‌م و دوی ئه‌وه‌یان نیه‌،
 به‌ حیکمه‌تێکه‌وه‌ شانامه‌ی خه‌زان بۆ دره‌خته‌که‌یان بخوێننه‌وه‌
 ‌
 
 ئایه‌ت:یه‌ک به‌ یه‌ک؛پیتی‌ ئه‌ستێره‌کان هۆنرابێتنه‌وه‌ و بوبنه‌ وێردی مانگێک،که‌خۆشخوانترین  وێڵگه‌ردی ئاسمانه‌ ‌
 
 هه‌راو:زۆرانبازییه‌که‌ له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌کانی زه‌مانه‌دا
 ………………………………………………..
                         4-   پاشا
 شه‌یدایه‌ک به‌ هه‌موو سه‌نگینی خۆیه‌وه‌ گووتی:‌
 ره‌نگبێ ده‌ست بڵاوبێ،به‌ خه‌یاڵگه‌لێکی خاسه‌ره‌نگ
 له‌جنسی شنه‌ی با
 
 یانه‌خۆ….
 نیگارێک بێ،له‌ره‌نگی زه‌رده‌خۆری ‌به‌هارێکی تازه‌زاو
 یانه‌خۆ….
 بریقانه‌وه‌یه‌ک بێ،له‌ دانه‌ده‌میه‌کی تریفه‌ و ئاو
                                         
 شه‌یدا:سوکه‌ڵه‌ ناوی گه‌دایه‌که‌ رۆح که‌سک
 خه‌یاڵ:دڵگه‌رمبوون به‌ ده‌نگی دڵۆپه‌کانی دڵ
 ره‌نگ:وێده‌چێ قه‌در و حورمه‌تی جوانی له‌وه‌دابێ‌‌،به‌سه‌رپۆشی ئه‌ندێشه‌یه‌کیه‌وه‌ ببینرێ.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply