کورد و رێکه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێراق
کورد و رێکه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێراق
شاخه‌وان شۆڕش
4.12.2008
ماوه‌یه‌کی زۆره مشت‌ومڕ له نێوان لایه‌نه ئێراقیه‌کان و ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری مانه‌وه و ده‌رچوونی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئێراق ده‌کرێت. ئێستا ڕێکه‌وتنه‌که له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئێراقی به زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان په‌سند کراوه و بڕیاره دوای شه‌ش مانگی دیکه گشتپرسی له‌سه‌ر بکرێت.
سه‌ره‌تا پێویسته بگوترێت، ئه‌مه‌ریکا ئه‌و هێزه‌بوو که توانی ئۆپۆزیشیۆنی ئێراقی یه‌کخات و بیانهێنێته ده‌سه‌ڵات، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی وڵاتانی دی رژێمی به‌عسی روخاند و هاتنه ناو ئێراق. ئه‌مه‌ریکا هه‌موو ئه‌و کاره‌ی پێش هه‌رشتێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی خۆی کردووه و ئه‌وه‌شیان نه‌شاردۆته‌وه. ئه‌مه‌ریکا نه‌بایه لادانی رژێمی به‌عس له‌توانای ئۆپۆزیشیۆنی پهرتوبلاوی ئێراقیدا به‌ئه‌گه‌ری زۆر نه‌بوو. ئه‌مه‌ریکا نه‌بایه تێکگه‌یشتن و رێککه‌وتن له نێوان لایه‌نه ئێراقیه‌کان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک به‌ئه‌گه‌ری زۆر کارێکی ئه‌سته‌م بوو. ئه‌مه‌ریکا به‌رژه‌وه‌ندی له ئێراق و ناوچه‌که‌دا هه‌یه، رۆژئاوا به‌گشتی به‌رژه‌وه‌ندیان له ناوچه‌که‌دا هه‌یه و پشتگیری ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن. دیاره ئه‌مه‌ریکا باجی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه میلیتارییهی له زۆر لایه‌نه‌وه داوه و زیاتر له 4000 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکایی تائێستا گیانیان له ده‌ست داوه، جگه له خه‌رجیه‌کی زۆر گه‌وره که له خه‌مڵاندن و پێشبینیه‌کانی پێشی هاتنه‌که تێیپهراندووه. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریکا و رۆژئاوا به‌گشتی گرنگه به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانهیانه که خۆی له ڕێکراگری و ئاسایشی ناوچه‌که، مسۆگه‌ری بازرگانی و که‌نترۆلی سه‌رچاوه نه‌وتیه‌کاندا ده‌بینێته‌وه. "دیموکراتیزه‌کردن یا گۆڕینی رژێم و سیسته‌م" بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌م بهرژهوهندیانهیه.
هاتنی ئه‌مه‌ریکا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و رۆژئاوا بووه، به‌ڵام سودیشی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد له باشوری کوردستاندا هه‌بووه، بوون و ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و رۆژئاوا له 1991 ـه‌وه هۆکاری بێئهملاوئهولای بوونی ئه‌م ئازادیه‌ن که ئه‌مرۆ له باشوری کوردستاندا هه‌یه.
سه‌ره‌تا باشه زۆر به‌کورتی هه‌روه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م رێککه‌وتنه‌ی که کراوه بکه‌ین و بزانین چی تێدایه و بۆ کورد چ سودێکی هه‌یه. رێککه‌وتنه‌که له‌ژێرناوی "رێککه‌وتن سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی کاتی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و چاڵاکیه‌کانی و کشانه‌وه‌ی له ئێراقدا، له نێوان وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و کۆماری ئێراق". وه‌کو له ناونیشانه‌که‌دا هاتووه، ئێراق وه‌کو کۆماری نه‌ک فیدرالی ناوی هاتووه، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه به‌ده‌یانجار کراوه‌ته‌وه و له هیچ شوێنێکی ڕێککه‌وتنه‌که نه‌نوسراوه ئێراقی فیدرال یا ده‌ربرینێک که جۆرێک له سیسته‌می فیدرالی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان نه‌ته‌وه و گروپه ئایینیه‌کان ده‌ربخات. ئێراق وه‌کو وڵاتێکی ئاسایی وه‌کو بۆنمونه ئوردن ده‌خرێته‌به‌رچاو.
بڕیاردراوه رێککه‌وتنه‌که به هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی واژو بکرێت. لێره‌دا زمانی کوردی که گوایه زمانی یه‌کسانه به زمانی عه‌ره‌بی له ئێراقدا، گرنگی نییه. شایانی گوتنه به‌رپرسه کورده‌کان له‌گه‌لێ بۆنه‌دا به عه‌ره‌بی ده‌دوێن، ئه‌وانه‌ی ده‌چنه به‌غدا و په‌یوه‌ندیان به ده‌سه‌ڵاتی به‌غداوه هه‌یه به عه‌ره‌بی ده‌دوێن، نوێنه‌رانی کورد له پارله‌مانی ئێراقی به عه‌ره‌بی ده‌دوێن، کانون و بڕیاره‌کانی پارله‌مانی کوردستانیش که په‌یوه‌ندیان به ئێراقه‌وه هه‌یه به‌عه‌ره‌بی ده‌نوسرێن، بۆیه به‌رپرسانی کورد خۆیان راسته‌وخۆ به‌رپرسن له‌وه‌ی زمانی کوردی گرنگی نه‌مێنێت. واپێده‌چی ئه‌مه‌ریکا و عه‌ره‌ب وای ده‌بینن که کورد هه‌مووی عه‌ره‌بی زمانن و پێویست به ده‌قی زمانی کوردی ناکات. ئه‌م گرنگی نه‌دانه به‌زمانی کوردی له زۆر بۆنه‌ی دیکه‌دا پێشتر هه‌بووه و ده‌سه‌ڵاتی کوردی کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه.
به‌شێکی زۆری ڕێککه‌وتنه‌که بۆ ورده‌کاری مافی به‌کارهێنانی که‌لوپه‌ل و شمه‌ک، باج، ماف و ئه‌رکه کانونیه‌کانی هێزه‌کان و هتد ته‌رخانکراوه. ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌رنجی بدرێت، له پێشه‌کیه‌که‌دا هاتووه که ئه‌م رێککه‌وتنه بۆ باشترکردنی ئاسایشی هاوبه‌شه و هاریکاریکردنه له ئارامی و ئاشتی، هه‌روه‌ها خه‌باتی دژی تیرۆره له ئێراق، هاریکارییه له بواره‌کانی ئاسایش و به‌رگری وه له‌میانه‌ی ئه‌وه‌دا به‌رپه‌رچی ئه‌و ههرهشانهیه که دژی سه‌روه‌ری، ئاسایش و یه‌کێتی خاکی ئێراق دێنه‌ئاراوه. ئه‌وه له خالی 28 دا دووپاتکراوه‌ته‌وه و له‌وێدا ئاماژه به هه‌ره‌شه‌ی ده‌ره‌کی و ناوخۆیی ده‌کرێت.
بێگومان ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و پرۆسه‌ی دروستکردنهوهیهی که ده‌ستی پێکردووه پارێزگاری بکات، له‌بواری ئاسایش و سه‌روه‌ریدا هاریکاری ئێراق ده‌کات، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تاوه به‌شێکه له به‌رنامه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه لێره‌دا دوان له‌سه‌ر ئێراق وه‌کو وڵاتێکی تۆکمه‌ی بێکێشه‌ی ناوخۆ دێته‌به‌رچاو و وادیاره لێره‌دا هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه. ئاماژه به‌م تۆکمه‌ییه و خۆ گێلکردن له باری راسته‌قینه‌ی ناو ئێراق، که ڕاکردنه له بوونی فاکته‌ری ترازاندن و شه‌قکردن.
که به‌م شێوه‌یه ناوی ئێراق ده‌هێندرێت، ئاماژه به پارستنی یه‌کێتی خاکی ئێراق ده‌کرێت و هێما بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ره‌شه‌کان ده‌کرێت، ده‌کرێ ئه‌م بڕگه‌یه دژی هه‌وڵی ئازادیخوازی کورد به‌کاربهێندرێت، چونکه ده‌کرێ له ئه‌گه‌ری هه‌ولی کورد به ئازادی زیاتر یا جیابوونه‌وه ئه‌م خاڵه له دژی کورد به‌کاربهێندرێت. دیاره ئه‌م رێککه‌وتنه کاتییه و بۆ سێ ساڵه، بۆیه ئه‌م ئه‌گه‌ره تاراده‌یه‌کی دیار بوونی نییه، هه‌روه‌کو ده‌سه‌لاتی کوردی دژی هه‌وڵی له‌م شێوه‌یه‌یه. به‌ڵام لێره‌دا گرنگه ئه‌وه سه‌رنجی بدرێت که له‌ئه‌گه‌ری بوونی رێککه‌وتنی درێژماوه‌دا ئه‌م خاڵه ده‌کرێ به خراپ بۆ کورد بگه‌ڕێته‌وه.
له خالی سێی رێککه‌وتنه‌که‌دا ئاماژه به به‌هێزکردنی هێزه‌کانی ئێراق کراوه، جه‌خت له‌سه‌ر مۆدێرنکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی توانای هێزه‌کان ده‌کرێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌مه‌ریکاوه به‌شێک بووه له به‌رنامه‌ی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێ هێزه‌کانی ئێراق هێنده به‌هێزبن بتوانن مسۆگه‌ری ئاسایشی ئێراق بکه‌ن، وه ئه‌م خاڵه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌یه. دیسان ده‌کرێ ئه‌م خاڵه بۆ کورد به خراپ بگه‌ڕێته‌وه له کاتێکدا کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا تووشی ناکۆکی ببێت و مه‌ترسی جه‌نگ بێته ئاراوه. گونجاوه کورد هه‌میشه به‌چاوی ره‌خنه له به‌هێزبوونی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بڕوانێت و نیگه‌رانی له بوونی هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی خۆی هه‌بێت. بۆیه ئایا ئه‌م به‌هێزکردنه‌وه هاوته‌ریب به‌هێزکردنی کوردیشه؟ دیاره ڕێکه‌وتنه‌که له‌گه‌ڵ ئێراقه، کورد وه‌کو ئێراقی و بێکێشه سه‌یریان ده‌کرێت بۆیه ناویان نییه. بۆنمونه ده‌سه‌لاتی کوردی و ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی له به‌غدا هه‌میشه له کێشه‌دان و تا ئێستا له‌سه‌ر خاڵه گرنگه‌کان نه‌یانتوانیووه بگه‌نه چاره‌سه‌ر. به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا بێگومان کاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوکێشه‌که چ له بواری دیپلۆماسی و پۆلیتیکیدا چ له‌بواری سه‌ربازیدا ده‌نوێنێت و تای ته‌رازوو به‌لای عه‌ره‌بدا ده‌شکێنێته‌وه.
خالی 23 ، برگه‌ی 2 دا ئاماژه ده‌کات به مافی ئێراق له به‌ستنی رێککه‌وتن له‌گه‌ل هه‌ر وڵاتێک که بیه‌وێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی له ئێراقدا. لێره‌دا واته ئێراق بۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان له‌سه‌رئه‌م بابه‌ته ڕێککه‌وێت و هاوکاری ئه‌و وڵاتانه له سه‌رکوتکردنی هه‌وڵی ئازادیخوازانه‌ی کورده‌کان له پارچه‌کانی دیکه بکات و به‌پێچه‌وانه‌وه. دیاره ئێراق وه‌کو وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م مافه‌ی هه‌یه، به‌ڵام که کێشه‌ی کورد له ئێراق و وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان له ناوچه‌که‌دا هه‌یه پرسیار دروست ده‌کات و به‌بێ بوونی هیچ ئاماژه‌یه‌ک به کێشه‌ی کورد و لاکردنه‌وه، ده‌کرێ ئه‌م بڕگه‌یه دژی کورد به‌خراپ به‌کاربهێندرێت. هه‌روه‌کو ئێستا ئه‌وه کراوه، به‌رێوه‌به‌ریی نوری مالکی له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر ئاسایش رێککه‌وتنیان کردووه و له‌مباره‌یه‌وه پرس به کورد نه‌کرا. به‌غدا چاوپۆشی له هێرشه‌کانی تورکیا بۆسه‌ر کوردستان ده‌کات، یا راسته‌وخۆ تێگه‌یشتن و هاوسۆزی خۆی بۆ تورکیا ده‌رده‌برێت و وه‌کو تورکیا سه‌یری پ.ک.ک ده‌کات. دیسان کورد له‌سه‌ریه‌تی له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نیگه‌ران بێت و بیر له‌و رێگایانه بکاته‌وه که مسۆگه‌ری پێش‌گرتن بهههرهشهکان له‌م لایه‌نه‌وه ده‌که‌ن. چونکه چ ئێراق که کێشه‌ی له‌گه‌ڵ داواکاریه‌کانی کورد هه‌یه و نازانرێ ئاکامیان چی ده‌بێت، چ وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان حه‌ز به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد ناکه‌ن و ئازادی و به‌هێزی کورد به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی خۆیان ده‌بینن.
کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌پێی رێککه‌وتنه‌که له خاڵی 25 هاتووه، له 31. دیسه‌مبه‌ری 2011 دا ده‌بێت، له کاتێکدا که هێزه‌کانی ئێراق توانای ته‌واویان له وه‌رگرتنی به‌رپرسیاری و ئه‌رکه‌کانی ئاسایش‌دا هه‌بێت و بتوانێ که‌نترۆلی ئاسایش بکات. هه‌روه‌ها هاتووه که درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی هێزه‌کان له‌سه‌ر داوای به‌رێوه‌به‌ریی ئێراق ده‌بێت. به‌مپێیه ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌نگاوه‌کان وه‌کو پێویست برۆن، هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له کۆتایی دیسه‌مبه‌ری 2011 له ئێراقدا ده‌کشێنه‌وه.
لایه‌نی کوردی رێککه‌وتنه‌که‌ی په‌سندکردووه، هه‌روه‌کو ئه‌وان له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئێراقیه‌کان دیکه له‌سه‌ر پاراستنی یه‌کێتی خاکی ئێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌کان رێککه‌وتوون. لایه‌نی کوردی راستگۆ نییه، چونکه لایه‌نی کوردی کێشه‌یان له ناو ئێراقدا هه‌یه و تائێستا هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نییه که ئه‌وان ده‌توانن له ئێراقدا به‌م چاره‌سه‌رانه بگه‌ن که له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد دان. له‌م رێککه‌وتنه‌دا ئاماژه به کورد و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کورد، یا تایبه‌تمه‌ندی ئێراق به‌هۆی بوونی کورد تیایدا ناکرێت و هیچ بڕیارێک نییه که بتوانێ پێش به هه‌ره‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد بگرێت، چونکه وه‌کو له رێکه‌وتنه‌که‌دا هاتووه، کورد و کێشه‌که‌ی ناویان نه‌هاتووه و کێشه‌که به گرنگ نابیندرێت. گوتراوه به‌رگری له سیسته‌می دیموکراسی ئێراق ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌م خاڵه گه‌ره‌نتی پارێزگاری کوردی پێ نییه و ده‌کرێ دژی کورد به‌کاربهێندرێت، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به چۆنیه‌تی لێکدانه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه. وه‌کو تێگه‌یشتنه نه‌گه‌تیڤه ریالستانهکهی پێشوو کێشه‌ی کورد به بابه‌تی ناوخۆ داده‌ندرێت و ئاماژه‌ی بۆ ناکرێت، لێره‌دا ئێراق خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رییه. به‌ڵام ئایا کورد و مسۆگه‌رکردنی ئازادی و ئاسایشی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌وه ناهێنێ ئاماژه‌یه‌کی بۆ بکرێت و ئه‌و خاڵانه بگوترێن که پارێزگاریی کورده‌کان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. ئایا پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕیککه‌وتنه ده‌ستورییه‌ی کراوه هێنده ناهێنێ ئاماژه‌یه‌کی بۆ بکرێت و به‌ڵێنی مسۆگه‌رکردنی بدرێت، له کاتێکدا کورد فاکته‌ری ترازاندنه و له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندی دۆزه‌که ئه‌م ئه‌گه‌ره هه‌میشه هه‌یه. کێشه نه‌بوو ئه‌گه‌ر کورد کێشه‌ی له ڕابردوو و ئێستادا له چوارچێوه‌ی ئێراقدا نه‌بایه، سیسته‌می ئێراق فیدرالی و رێککه‌وتن له نێوان چه‌ند نه‌ته‌وه و گروپی ئه‌تنی بوونی نه‌بایه، پێویستی مسۆگه‌ریی پاراستنی ئه‌م سیسته‌م و پرۆژه‌یه گرنگ نه‌بایه.
جێگه‌ی سه‌رسورمانه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا له 31. دیسه‌مبه‌ر بروات و ئێراق به‌جێ بهێڵێت، ئه‌مه‌ریکا باجی زۆر داوه و هه‌روا به‌خۆڕای و له هیچه‌وه نه‌هاتۆته ئێراق، بۆیه چاوه‌روان ده‌کرێ ئه‌مه‌ریکا به‌جۆرێ له جۆره‌کان بوونی به‌شیک له هێزه‌کانی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بهێڵێته‌وه. به‌ئه‌گه‌ری زۆر کشانه‌وه ئه‌و هێزه چاڵاکانه ده‌گرێته‌وه که له مسۆگه‌رکردنی ئاسایش راسته‌وخۆ به‌شدارن.
مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی ئه‌م ئازادییه دایه که کورد ئێستا هه‌یه‌تی، هه‌روه‌کو به‌رپرسه کورده‌کان مانه‌وه له ئێراقیان پهسندکردوه و له‌سه‌ر ئه‌م ئامانجه ده‌ستوریانه رێککه‌وتوون و له‌وه زیاتریان نه‌ویستووه. ده‌سه‌ڵاتی کوردی بروای به پاراستنی یه‌کێتی ئێراق هه‌یه، به‌ڵام ده‌یه‌وێ مافه‌کانی که هه‌یه‌تی له‌م چوارچێوه‌یه پارێزراو بێت، بۆیه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی بیر له ڕێگه‌یه‌ک بکاته‌وه که بوونی پارێزگاریی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه مسۆگه‌ر ده‌کات، ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌وه بکه‌ن و له‌گه‌ڵ برا عه‌ره‌به‌کانیان چه‌پله بۆ رۆیشتنی ئه‌مه‌ریکا لێده‌ن، له‌گه‌ڵ رۆیشتنی ئه‌مه‌ریکا، مه‌ترسی له‌سه‌ر مافه‌کانیان واپێده‌چێ دروست ده‌بێته‌وه. به‌کارهێنانی چه‌مکی برایه‌تی، ئێراقی هیواو ئاشتی، په‌یوه‌ندی به‌هێزی مێژوویی و گوتنی له‌م بابه‌تانه، چه‌مکی سواوی خۆههلخهلهتێنهرانهی روژههڵاتین که چاوپۆشی له فاکته‌ر و راستیه‌کان ده‌کات. گوتنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکه بۆش و بریقاویانه مسۆگه‌ری ئاسایشی باشوری کوردستان له داهاتوودا ناکه‌ن. بوونی ڕێککه‌وتنی کۆنکریتی و ئاشکرا ده‌توانن مسۆگه‌ری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی باشوری کوردستان بکه‌ن. بوونی ئاسایش و رێزگرتن له بڕیار و کانونه‌کانی که له نێوان گروپه ناکۆکه‌کان ڕێکه‌وتنیان له‌سه‌ر کراوه، بوونی هێزه ئه‌مه‌ریکاییه‌کان یا هێزی فره‌نه‌ته‌وه‌یی دیکه پێویست ده‌کات، چونکه بێبروایی و ناته‌بایی له نێوان لایه‌نه جیاوازه‌کاندا شێلگیرانه به‌رده‌وامه و هه‌یه. هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ بوونی ڕێکڕاگری و ئاسایش پێویسته، بۆیه له‌ئه‌گه‌ری نه‌مانی هێزی "بێلایه‌نی" نێونه‌ته‌وه‌ییدا، هه‌ره‌شه له‌سه‌ر رێککه‌وتنه‌کان دروست ده‌بێت و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌لدانه‌وه‌ی کێشه‌کان هه‌یه.
به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب جیاوازه، بۆیه کورد ناچاره له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا هه‌نگاو بنێت، له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌کرێ رۆیشتنی ئه‌مه‌ریکا بۆ عه‌ره‌به‌کانی ئێراق زۆر گونجاو بێت، به‌ڵام به‌ئه‌گه‌ری زۆر بۆ کورده‌کان خراپه و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان دروست ده‌کات. بۆیه هه‌ڵه‌یه کورد وه‌کو عه‌ره‌ب چه‌پڵه بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا لێ بده‌ن، یا داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بکه‌ن.