Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

ژن ـ عیشق و کینە … بەفراو نوری

Be First!
by October 9, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

گەرچی لە فەرهەنگ و شیعری ئێراندا، ژن وەک خۆشەویستێک زۆر ستایشی لێ کراوە. بەشی زۆری شاعیرانی کلاسیک و تازەڕەو لە پیاهەڵدان و وەسفیدا شاکاریان نوسیوە، گەرچی دەنگخۆشانی مێژوی ئێران، جوانی و بەرزی ژن ویردی سەر زمانیان بوە. بەڵام مێژوی راستەقینەی، جیاواز لەم هەمو عیشق و عاتیفە هەڵڕێژراوە بەسەر ژندا، شتێکی تر بەیان ئەکا. 

ئەو ئازارە زۆرەی ژن لە ئێران بە درێژی مێژو چەشتوێتی، لەگەڵ ئەو وەسف و پیاهەڵدانەدا ناڕەخسێ، کە کولتوری جێماو لە سەردەمی کورشەوە بە ئیرس جێیهێشتوە. سەفەرێکی کورت بە باغی ئەدەبیاتی ئێراندا، ئەوەمان بۆ دەرئەخا ناکۆکیەکی زۆر لە نێوان وێنەی ژن لە ئەدەبیات و مۆسیقادا لەگەڵ وێنەی ژن لە ژیانی راستیدا هەیە. لە فەرهەنگی ئێرانیدا ژن تا پلەی خوداوەندەکان بەرزکراوەتەوە، جێیەکی شایستەی پێ دراوە، بەڵام لە میانەی ژیاندا، ژن ژێردەستەیەکی زەلیلە کە ڕۆژانە شوێنی سوکایەتی و دیلیە. 

لە نێوان ئەو ژنەی فەرهەنگ و ئەدەبیات نیگاری ئەکێشێ و ئەو ژنەی لە ماڵ و خانەوادە و لای مێرد ئەژی، جیاوازی گەورە ئەبینرێ، بەجۆرێ هەر بینەرێ سەرسام ئەکا. ئەو ژنەی ناو ئەدەبیات کێیە و لە کوێیە؟ ئەی ئەو ژنەی لای برا و باوک یا لە حەساری ماڵ گیرۆدەیە کێیە؟

لە جێیەکی پێشودا باسم لە ژنێک کرد زادەی خەیاڵاتی نێرەکانە، نمونەی جوانی و کەماڵ و باشیە. ئەم ژنە، پیاو نایگرێ و پێی ناگا، چونکە لە شێوەی ژنێکی واقیعیدا نیگاری بۆ نەکێشراوە، پیاوان لە خەیاڵدا وێنەی ئەکێشن و هەر بە خەیاڵ لەگەڵی ئەژین و بە خەیاڵیش وەسفی ئەکەن. ژنێک لە شیعر و نیگار و موزیکی ئێرانیدا شاژنی هەر کار و تێکست و نەقاشییەکە، تەنیا بۆ ڕاگرتنی میزانێکی دەرونی دروست بوە،. میزانی سەیرنەکردنی پیاو بۆ ژنانی نزیک خۆی وەک ئادەمیزاد. بەرزکردنەوەی ژنی ناو خەیاڵ بۆ مەقامی یەزدانی، بەمەبەستی دابەزان و سوکایەتیە بە ژنی ڕاستەقینە، بە خوشک و خزم و هاوسەرە نزیکەکان کە پیاو سوک و بێ ڕێز تەماشایان ئەکا. نیگاری ئەو ژنە نمونەییە، بۆ بەراوردێکە رێ خۆش بکات، پیاوان هەرچی بێ و نزمتر سەیری ژنانی دەوروبەری خۆیان بکەن، کە بە وێنەی پێچەوانەی ئەو ژنە ئەیانبینن، کە نمونەی کەماڵ و جەمالە. بۆ ئەوەی پیاو بتوانێ ستەمی خۆی بەرابەری ژن درێژە پێ بدا، ئەبێ سیفەتی ژن بون و ئادەمی بون لە ژنە ڕاستیەکان وەرگرێ، بیدا بە ژنێک لە جێیەکی دور دەست.

پیاوانی خۆرهەڵاتی لە ڕوانیندا بۆ ژن ئەفلاتونین. بۆئەوەی بە نزمی سەیری ژنان بکەن، بشێ دەسەڵاتیان بەرابەر ژن ئازاد بێ، پێویستە بە چاوی خەتاکار لێیان بڕوانن، ئەبێ ژن نمونەی کەوتوی وێنەیەکی بەرز بێ. ئەو ژنەی پیاو ئەیپەرستێ و شیعری پیائەخوێنێ، بۆ دورخستنەوەی ژنە لە خۆی. ژنە ڕاستیەکان نابنە ئەوەی کە ئەبێ ببن، ناتوانن ئەو نیگارە خەیاڵیە بنوێنن کە ئەو وێنە بەرز و خەیاڵیەی ژن هەیەتی. ژنی ڕاستی بەرامبەر ژنی خەیاڵی ساختە و ناڕەسەن دەرئەکەوێ، کەواتە ژنی وێنە ئەبێ بە ژنی ڕاستی و ژنی راستی ئەبێ بە ژنی کاڵەوە بو یا بە کۆپی خراپی نیگارە بەرزەکە. 

ژنی جوانی ناو فەرهەنگ و ئەدەبیات، بۆ ئەوە دروست نەکراوە پیاو بۆی بگەڕێ، بەڵکو بۆئەوەیە خوشک و دایک و هاوسەری پێ بەراوردبکا و لە خۆی نزمتر بیانبینێ. ژن بە هۆی ئەو بەراوردەوە ئەبێ بە گوناهبار، ئەبێ بە کەسێ کە نە ژنی تەواوە و نە پیاو. ئەو ژنەی ئەدەبیات نیگاری لێ کێشاوە، بۆ گەورەکردنی فاسیلەی نێوان ژنی نمونەی ناو خەیاڵ و ژنی راستی ناو ماڵ دانراوە.

لە مێژوی ژن بڕوانین لەم ناوچانەدا، ڕون ئەبێتەوە ئەدەبیاتی سوکایەتی بە ژن، شوێنێکی زۆری لە ژیانی پیاو گرتوە. دروستکردنی چیرۆک و نوکتە و پەند لەسەر ژن نیشانەن بۆ ڕقێکی شاراوە لە ناخی نێراندا. گەر سەیری مێژوی خۆرهەڵات بکەین، ئەبینین لە هەمو ململانێیەکدا دو ڕێگا چارە زاڵبوە، یان بێدەنگ کردن و کۆنترۆڵ یاخو لەناوبردنی تەواوەتی. وەلێ ژن نەیارێکی نائاسایی و ڕکەبەرێکی تایبەتە، ژن ئۆبژەیەکە نە تەواو بێدەنگ ئەکرێ، نە تەواویش کۆنترۆڵ ئەکرێ. کینە ئەنجامی بەرخوردە لەگەڵ نەیارێکدا، نە لائەبرێ، نە بێدەنگ ئەبێ، نە لە یاد ئەبرێتەوە. کەسێ کە ئەکرێ بە شمەک، بە کۆیلە، بە لەشێکی بێ گیان و بێ هەست، بەڵام نهێنیەکەی لە جێی خۆیەتی و تەواو نابێ. 

کینەی پیاو هەستێکی پێویستە بۆ بەردەوامی پیاوسالاری. تەنیا کینە ئەتوانێ هێزی ئەو کۆنترۆڵە درێژە بە پیاوان ببەخشێ. ئەبێ زو زو نیگاری ژن، وەک کەسێکی بێ هۆش و خیانەتکار زیندوبێتەوە تا نەزم و ئادابی کۆنترۆڵ درێژەی هەبێ . بەهانەیەکی تری کینەی پیاوان، مانەوەی تەلیسمی ژنە وەک خۆی. گەرچی ژن بەوپەڕی سوکایەتی ڕەفتاری لە دژ ئەکرێ، کەچی تەلسیمی لە مێشکی نێراندا هەر ئاڵۆز و بێچارە ئەمێنێتەوە. غەریزەی پیاو بۆ ژن کەمێکی وەرئەگەڕێتە سەر زمانی عیشق، بەشی زۆری هەر لە بازنی قودرەتدا ئەسوڕێتەوە، ژن لە فەزای دەرونی پیاودا ئەوەندەی ئۆبژەی دەسەڵات و کۆنترۆڵە، ئەوەندە بۆ ئەڤین و عاتیفە نیە. عاتیفە کاتێک دەگاتە بەرەوە کە قودرەت بچێتە دواوە، لە ساتی عیشقدا ژن و پیاو ئەبن بە دو ئادەمیزاد کە دەسەڵاتی نێرانە و پیاوسالار بێدەنگ ئەکەن. عیشق راوەستانی پیاوسالاریە، راگرتنێکە بۆ شەڕخوازی نێر، بەڵام کاری فەرهەنگی پیاوسالار لەسەر خەیاڵی ئەوان بەهێزترە، هەر زو نێران عیشق ئەکەن بە فیدای قودرەت و نیشانەکانی. 

 

تێبینی/ ئەم نوسینە، بەشێکی بچوکە لە کتێبی «ژن ـ کۆمەڵگا ـ دەوڵەت لە ئێران».

 

Previous
Next

Leave a Reply