Skip to Content

Monday, October 25th, 2021

ژیانێكی تر .. لەو دیوى دیوارەكانەوە …….شوان داودی

Be First!
by November 24, 2008 گشتی

 ژیانێكی تر .. لەو دیوى دیوارەكانەوە
 شوان داودی

 گەر رۆژنامەنووسێك بیەوێ كار لەسەر رەوشی زیندانو زیندانیان بكات رەنگە بەساڵێك نەتوانێ هێندە بابەت كۆبكاتەوە كە بەندە لەماوەی چەند رۆژێكدا لەناو زیندانی موعەسكەر سەلام بەدەستم هێناوە … چونكە خۆم زیندانی بوومو لەنزیكەوە ئاشنای ئەو ژیانە بووم كە لەو دیوی دیوارەكانەوە مرۆڤ گەلێك بەسەری دەبەن .. جیا لەژیانی ئاسایی خەڵك ..
 چیرۆكەكان زۆرو جیاوازن … بەڵام حیكایەتی سەیرو رووداوی دەگمەنی وا دەبینی یان دەیبیستی كە هەریەكەیان شایستەی فیلمێكە .
 بەهەر حاڵ … زیندان …جێگای تاوانكارانە .. بەڵام وتەیەكی میسریش هەیە كەدەڵێ
 (( یاما فی السجن مڤالیم)). 
 زیندانی ناوبراو (620) زیندانی تێدابوو … لە حوكمی یەك مانگ زیندانی كردنەوە تاوەكو كەسێك كە (16) حوكمی لە سێدارەدانی هەبێت .
 هەندێ سەردێر كە جێگای سەرنجم بوو ..
 *لەسەر كوشتنی كەسێك كە تەنها فیشەكێكی بەركەوتووە (9)كەس حوكم دراون بە (20)ساڵ زیندانی بۆهەریەكێكیان .
 *كۆتربازێك عاشق بەكۆتر كەلەسەردەستی بەخاڵ نوسیویەتی كۆتر لەسەر دزینی چەند كۆترێك بە پێنج ساڵو نیو زیندانی حوكم دراوە .
 *یەكەم جارە ببینم خوێندكارێك لەسەر هەوڵی قۆپیەكردن بەساڵێك زیندانی حوكم درابێ .
 *خەڵك هەیە ماوەی حوكمەكەی تەواوبووە ئازاد ناكرێ .
 *خەڵك هەیە مەدەنیەو لەدادگای سەربازی مەحكەمە كراوەو حوكمی قورس دراوە .
 *ئەفسەرێك تاوانێكی ئەنجام داوە … شەش سەربازی بەواجب لەگەڵ خۆیدا بردووە .. لەسەر ئەدائی واجب شەش سەربازەكە  (15)ساڵ حوكمی زیندان بۆ هەریەكێكیان بڕاوەتەوە .
 زۆر كەسم بینی لەسەر هەڵەی بچوك .. سزای قورس بەسەریاندا سەپێنراوە ..
 ئەمانەو دەیان چیرۆكی تر .. بەهەرحاڵ هەموویان بەفیلتەری دادگاكاندا گەیشتوونەتە ئەو جێگایە .
 بیرم دێ لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مامم دادوەربوو لەڕانیە … دراوسێیەكیان لە باخچەی ماڵەكەیدا بنەمێوی زۆری هەبوو كە (ترێ)یەكی زۆر جوانی بەرهەم هێنابوو … رۆژێكیان دراوسێكەی مامم سەبەتەیە (ترێ)ی بەدیاری هێنابوو .. مامم گەڕاندیەوە وپێی وت "من دادوەرم ناتوانم وەریگرم .. دراوسێكەی وتی من كارم پێت نیە بەڵكو ئەوە مافی دراوسێتییە "
 مامم وتی " كەی خانەنشین كرام .. بۆم بێنە وەریدەگرم ، بەڵام بمبورە ئێستا لەوەزیفەدامو ناتوانم“ .
 ئەوكات من منداڵبووم لەو فەلسەفەیەی مامم نەگەیشتم ، بەڵام لەم زیندانە كە ئەزموونێكی باشبوو بۆم تێگەیشتم كە مامم بۆچی سەبەتە (ترێ)ی كەی رەتكردەوە كاتێك كە زیندانیەكان چیرۆكی ئەو دادوەرانەیان بۆ دەگێڕامەوە كە جگە لەمووچەكانی خۆیان لە دەزگاكانی ئاسایش .. موچەی تریان بەدیاری دەدرێتی .. یان باسی دادوەرێكی بەرێزیان بۆ كردم كە بەشێكی بەرچاوی ئەو زیندانە لەلای ئەوەوە حوكم دراوە  .
 ئۆتۆمبێلە تایبەتیەكەی لەلایەن ئاسایشەوە بۆ كڕدراوە .. یانو یانو یانو یان ….. هتد …
 دارو بەردی ئەم وڵاتە باس لەگەندەڵیو خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتو بەرتیلو تەندەر فرۆشتنو پرۆژە سەقەتكردنو هێنانی كاڵای خراپو خواردنی بەسەرچوو وبەهەدەردانی سامانی ئەم وڵاتە دەكەن كەچی لەو زیندانەدا ..
 یەك بەرپرسی گەندەڵم نەبینی لەسەر گەندەڵیوبەهەدەردانی سامانی نەتەوەییو نیشتمانی زیندانی كرابێ ، یەك خاوەن كۆمپانیاو یەك بەڵێندەرو یەك بازرگانو یەك دەوڵەمەندی ناودارم بەرچاو نەكەوت ، یەك سەرۆك جاش یەك ئەنفالچی یەكێك لەوانەی دەستیان لەخوێنی رەشو روتی ئەم وڵاتەدا سورە نەدۆزییەوە .
 من ناڵێم ئەوانەى لەژوورەوەن خەڵكانێكی بێ تاوانن ،بەڵام پێموایە تاوانبارە زلو زەبەلاحەكان ناگەنە ئەم جۆرە شوێنانە .
 لەگەڵ گوێبیستی هەر چیرۆكێك لەو چیرۆكانەی لە زینداندا گوێ بیستی دەبووم ئەو دوو دێرە نوسینەم بیردەكەوتەوە كە لە ساڵانی نەوەدەكاندا لەژورێكی ئاسایشی گشتی هەرێم كە بەقەدەر چەند شەوێك تیایدا مامەوە لەسەر دیوارەكەدا نوسرابوو (یاسا وەك تۆڕی جالجاڵۆكە وایە ، تاوانباری بچوك دەگرێو تاوانباری گەورەش بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێ )
 
 

Previous
Next

Leave a Reply