Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

کورد له‌ به‌رده‌م کاولکارییه‌کانی سه‌رده‌مدا

Comments
by January 6, 2008 گشتی

ده‌وه‌ن…..

ئه‌گه‌ر یاری به‌رده‌وامی نێوان دژاییه‌تیه‌کان نه‌بوایه‌ ، ئه‌وا جیهان کۆتایی ده‌هات

  هیراکلیت…… 

سیاسه‌تی کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا کائینێکی خه‌تاباره‌ له‌ به‌رده‌م گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رده‌مدا ، که‌ ده‌کرێ به‌ ده‌یان نمونه‌ له‌م باسه‌ماندا به‌ وردی بخه‌ینه‌ ژێر دێباتی ڕوونبیرییه‌وه‌ ، که‌ ده‌ڵێین سیاسه‌تی کورد کائینێکی خه‌تاباره‌ ، به‌ مانای تائێستا کورد نه‌یتوانییه‌وه‌ ڕۆڵی گووتار و جڤات له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌ ، نه‌بوونی ئه‌م کۆکردنه‌وه‌یه‌ش وابه‌سته‌یه‌ به‌ ژیانی سه‌رده‌مه‌وه‌ ، واته‌ که‌نار گرتن و دووره‌ په‌رێز له‌ ناو کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورییه‌کاندا سیاسه‌تی کوردی خستۆته‌ ژێر پرسیاری گرنگه‌وه‌ ، که‌ ده‌توانین به‌ سانای بڵێین کورد مرۆڤێکی ناسیاسییه‌ ، ئه‌م ناسیاسی و ئه‌م که‌نار گرتنه‌ نه‌ک به‌ ته‌نیا مرۆڤی کوردی له‌ قاڵبداوه‌ به‌ڵکو هه‌میشه‌ کائینێکی ته‌ماشچی‌ بووه‌ له‌ ئاست کێشه‌کانی خۆیدا و چاوه‌ڕوانبووه‌ بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی کێشه‌کان و دژایه‌تییه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر کورد خۆیدا ، ئه‌گه‌ر به‌ ووردی له‌ سیاسه‌تی کورد بڕوانین ده‌بینین ئه‌جێندای کورد خاڵیه‌ له‌ مانا زانستییه‌کانی سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌ت ، زۆر جاران چ له‌ مێژوو و له‌ ئێستادا سیاسیه‌تی کورد خۆی نه‌ بینیوه‌ته‌وه‌ له‌ نێو گفتوگۆ دیپلۆماسیه‌کاندا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ڕه‌وای خۆی ، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو جاره‌کان له‌ دیدێکی میوانداریدا خۆی خزاندۆته‌ دونیای سیاسی و دیپلۆماسیت ، ڕه‌نگه‌ لێره‌دا پرسیارێک بێته‌ پێشه‌وه‌ و پێمان بێژێت کام دیپلۆماسیه‌ت ؟ ئاخر کام کێشه‌ی کورد له‌ سه‌تان ساڵی ڕابووردودا به‌ دیپلۆماسیه‌ت گه‌یشتۆته‌ بن ده‌ست  ؟ کام گفتوگۆ له‌ مێژوودا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد خۆی بووه‌ و توانیوه‌یه‌تی گۆڕانکاری به‌ دیوی خۆیدا بشکێنێته‌وه‌ و خاڵی ده‌ستپێکردنی سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر بکات ؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌تی کورد و سیاسییه‌کانی هه‌میشه‌ له‌ ناو بازنه‌ی تۆتۆلۆگیدا خۆیان بینیوه‌ته‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌و نه‌زانینه‌ بکه‌ن ، نه‌بوونی ئه‌م زانینه‌ش دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ میتۆده‌ گرنگه‌کانی دونیای سیاسه‌ت ، که‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ناو ده‌برێت ، ئه‌گه‌ر سیاسیانی کورد خۆیان وابه‌سته‌ کردووه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌بێت پێمان بڵێن له‌ کوێی سیاسه‌تی کوردیدا  فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی یاسا و فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری بونی هه‌یه‌ . له‌ کوێدا کورد توانیویه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق به‌ مانا جه‌وهه‌رییه‌که‌ی په‌یڕه‌و بکات .کام سه‌رکرده‌و سیاسی کورد گرنگی داوه‌ به‌ ئابووری  ووڵاته‌که‌ی . کێیه‌ ئه‌و  سه‌رکرده‌ سیاسییه‌ی  له‌ کوردا ‌ یاسای ووڵات و یاسای مافی مرۆڤه‌کانی پێ قبوڵه‌ وه‌ک هه‌موو مافه‌ سرووشتیه‌کانی ئینسان وه‌ک خۆی ، که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م شێوازی پێقبوڵ نه‌بوونه‌ له‌ هیچ شوێنێکی دونیا بوونی نه‌بێت ، که‌ ده‌کرێ لێره‌وه‌ به‌ نمونه‌ کێشه‌ی که‌رکوک و شاراۆمه‌ندانی کورد له‌ که‌رکوک وه‌ک دیاریترین نمونه‌ خۆیمان پێبناسێنێت ، به‌ هۆی نه‌بوونی تێگه‌یشتنی دروست له‌ سیاسه‌ت و له‌ ئه‌خلاق ، که‌رکوک که‌وتۆته‌ به‌ر کێشه‌کانی نێوان زلهێزه‌کانی کورد خۆی و زلهێزه‌کانی تری ناوچه‌که‌ ، ئه‌م مۆڵخواردنی هێزانه‌ش جگه‌ له‌ شه‌ری ناڕه‌وا هیچ شتێکی دی ناخوڵقێنێت که‌ سودی کوردی تیا بێت ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو شیعاراته‌ حیزبییانه‌ وه‌لاوه‌ بنێین و بڕوا به‌و سه‌رده‌مه‌ بکه‌ین که‌ ده‌بێت که‌رکوک شاری پێکه‌وه‌ ژیان بێت ، نه‌ک شاری کۆژان بێت بۆ گشت کولتووره‌ جیاوازه‌کانی ، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌گه‌ر به‌ ووردی تێفکرین ده‌بینین شاری که‌رکوک بۆته‌ شاری مه‌عبه‌ده‌ سیسیه‌کانی دونیا و زلهێزه‌ کوردییه‌کان ، که‌ ده‌بێت لێره‌ به‌ دوا کورد قبوڵی نه‌بێت که‌رکوک ببێته‌ ناوێکی ئاینی بۆ مرۆڤی کورد ، ئه‌م ناو لێنانه‌ دینیه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنێت که‌ کورد و سیاسیه‌کانی کازانتزاکیس ووته‌نی ( ئێمه‌ به‌ هۆی ته‌وه‌زه‌لی و خوپێوه‌گرتن و ترسنۆکییه‌وه‌ په‌نا وه‌به‌ر له‌ بیر چونه‌وه‌ی شته‌کان ده‌به‌ین ) واته‌ نه‌بوونی داواکاری ته‌ندروست کێشه‌ی نا ته‌ندروست دروست ده‌کات له‌ ناوچه‌که‌و له‌ کوردستاندا ، به‌ تایبه‌تی ده‌ستووری عێراق ڕه‌فتاری جیاواز و بۆچونی جودای قبوڵ نیه‌ ، ئه‌م قبوڵ نه‌‌ بوونه‌ش ماڵوێرانییه‌کی تری ناسیاسییه‌کانی ئێمه‌ له‌ عێراقدا ، به‌ بڕوای من ده‌ستووری عێراق مین ڕێژ کراوه‌ به‌ عه‌قڵی دینی و مه‌زهه‌بی هه‌ر ڕۆژێک بێت ئه‌م مینانه‌ ده‌ته‌قێنه‌وه‌ و ئه‌و کاته‌ نه‌ک هه‌ر عه‌لمانییه‌ت و دیمۆکراسی ، به‌ڵکو گشت کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ خۆیدا له‌ ناو ده‌بات ، که‌ وابێ ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ بین که‌ دین و دیمۆکراسی کێشه‌ی هه‌ره‌ مه‌زنی عێراق و کوردستانه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی کورد خۆی له‌م ده‌ستگه‌مه‌ سیاسییه‌ بپارێزێت ده‌بێت کۆدی تر به‌کار بێنێت بۆ سه‌ر له‌نوێ دروست بوونه‌وه‌ له‌ ئاست کێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کاندا و چاره‌سه‌ری جیدیتر بخوڵقێنێ له‌ به‌رامبه‌ر گۆڕانکارییه‌کاندا ، وه‌ک به‌کار هێنانی هونه‌ری گفتوگۆ کردن بۆ بن به‌ستکردنی کێشه‌کانی ، واته‌ پێویست ده‌کات لێره‌ به‌ دوا کورد فێری هونه‌ری دیپلۆماسیه‌ت بێت ، که‌ به‌ داخێکی زۆره‌وه‌ چ له‌ ئێستا و له‌ مێژوودا  کورد حاڵی نه‌بووه‌ له‌ هونه‌ری گفتوگۆکردن ، به‌ مانای هیچ کێشه‌یه‌کی کورد تا ئێستا به‌ هونه‌ری گفتوگۆکردن کۆتای نه‌هاتووه‌ ، به‌ڵگه‌و نمونه‌شمان زۆرن که‌ هه‌ندێ له‌و ڕووداو و میوانداریییه‌ سیاسیانه‌ی که‌ بۆ کورد هاتۆته‌ پێش هه‌ر هه‌موویان به‌ خه‌تای کورد بۆ خۆی ته‌واو بووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد سلوکی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ناپاڕێزێت و کاری بۆ ناکات به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجاران کورد خۆی دژی ئه‌و سلوکه‌ نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ ، به‌ دیوێکی تردا ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین له‌ ئاست سیاسه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا ده‌بینین له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ که‌ ده‌کاته‌   پێج ساڵ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان کۆنه‌بۆته‌وه‌ و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کێشه‌کان ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی تیا به‌شدارن به‌ بێ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ، نه‌ بوونی ئه‌م کۆبونه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی کێشه‌ی زۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م وه‌ک بڕوا نه‌‌ بوون به‌ سه‌ره‌تایترین چه‌مکه‌کانی دیمۆکراسی و بنه‌ماکانی مه‌ده‌نیه‌ت پێناسه‌ ده‌کرێت ، ئاخر چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک قبوڵ ده‌کرێت هێزێکی گه‌وره‌ی وه‌ک یه‌کێتی متمانه‌ به‌ ڕاو بۆچونی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی نه‌بێت بۆ‌ کێشه‌کانی ئێستای کورد ، به‌کام مه‌رجی بێقه‌یدو شه‌رتی مه‌ڵبه‌نده‌کان و کۆمیته‌کان و هه‌ڤاڵانی ڕێکخستنه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان  قبوڵده‌کرێت‌ که‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی ساز نه‌کرێت بۆ ئاڵوگۆری کێشه‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ، ئه‌م بێده‌نگی و دووره‌ په‌رێزییه‌ له‌ ئاست سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا زیانی زۆر گه‌یاندووه‌ به‌ ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتی، له‌ کوێی دنیادا حیزبێک ده‌دۆزیته‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ت و یاسایه‌ په‌یڕه‌و بکات . که‌ واته‌ نه‌ بوونی لۆژیکی سیاسی ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆز بوونی کێشه‌کان له‌ به‌رده‌م ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستاماندا ، ئێریک لیدمان ووته‌نی ( بیری سیاسی هاوچه‌رخ به‌ شه‌جه‌ره‌ی بیری سیاسی هاوچه‌رخ لێکده‌درێته‌وه‌ ) به‌ مانای پێویستیمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ شه‌جه‌ری بیری سیاسی به‌ گشت پێکهاته‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ بۆ مسۆگه‌ر کردنی دونیای پاکژ و خاوه‌ن فه‌زیله‌ت سێسێرۆ ووته‌نی ( مرۆڤ مه‌رج نیه‌ پاکژ بێت ، ده‌بێت پاکژیش بخاته‌ کار ) هه‌رچه‌نده‌ نه‌بوونی پاکژی کارێکی وای کردووه‌ که‌ تا ئێستا کورد نازانێت له‌ کوێی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدایه‌ ، کاتێکش نه‌مانزانی له‌ کوێێ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مداین ، ئیتر چۆن ده‌توانین هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست ده‌ست نیشان بکه‌ین ، دواجار چۆن ده‌توانین قسه‌ له‌ سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی دونیاو کوردستان بکه‌ین له‌ هه‌ل و مه‌رجی ئێسته‌ماندا ، هۆکاری ئه‌م وابه‌سته‌ نه‌بوونه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فێرنه‌بوونی زمانی دایالۆژ و کۆمۆنیکاتسیۆن له‌ بواری ڕێکخستن و خۆ سازدان بۆ دونیای ده‌ره‌وه‌ و گۆڕانی ناوکی له‌ دونیای ناوه‌وه‌ی سیاسه‌ت ، دواجار ده‌توانرێت به‌ عه‌قڵی سیاسی ته‌ندروست دابڕان دروست نه‌بێت له‌ ماناکانی پێکه‌وه‌ ژیان له‌ دونیای سیاسه‌ت و ملانێ فیکرییه‌کان ،بۆ سازدان و دروستبوونه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی له‌ ناو گۆڕانکارییه‌ سیاسییه‌کاندا ،ده‌بێت هێڵه‌کانی ڕێکخستن و هه‌یکه‌لی فیکری سیاسی جیاواز قبوڵبکرێت له‌ گشت پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ خۆ پاراستن له‌ هێرشی ناڕه‌وای کاولکارییه‌کانی سه‌رده‌م له‌ دژی کورد .!

 

Previous
Next

Leave a Reply