Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

کۆشکە ڕازاوەکەی نێو خەونە سپیەکانی من

Be First!
by September 15, 2011 ئەدەب

      بۆ :  بەناز جەوادی جوانەمەرگ

                                              

لە نێو خەونە سپیەکانی من    
کۆشکێکی ڕازاوە هەیە
بەرین بەئەندازەی
هەموو کیشوەرەکانی دونیا
ڕازاوە بەئەندازەی
هەموو باخچە ئەفسووناوییەکانی خەیاڵ
ڕووناک و بریسکەدار
وەک مەنزڵگە چراخانیەکانی بەهەشت
پڕاوپڕ لە باغ و بێستانی ڕەنگین
لە وەنەوشە و گوڵاڵە سوورەکانی عەشق

من ئەو کۆشکە ڕازاوەیەی
نێو خەونە سپیەکانی خۆم
نافرۆشم
نەک بە ( دە ملیۆن و دووسەد هەزار ! )
بە هەموو موڵک و سامانی دونیا
نایگۆڕمەوە
بە هەموو زێڕ و گەوهەر و
یاقووت و ئەلماسە بە نرخەکانی خودا

لەم کۆشکە ڕازاوەیەی
نێو خەونە سپیەکانی من
( بەنازەکان ) خۆیان ناسووتێنن
( سەردەشتەکان ) ناکوژرێن
منداڵەکان ،
لەسەر شۆستەکان دەستفرۆشی ناکەن
لاوان پەت ناخەنە گەردنی خۆیان
دایکان و باوکان
بەدیار سفرەی بەتاڵەوە فرمێسک ناڕێژن
کۆرپەکان بە چیڕۆکی
نێو دەفتەری جەلادەکان ناخەوێندرێن
باڵندەکان لەنێو قەفەز بەند ناکرێن
سنەوبەرەکان بە قەیرەیی پیرنابن
پەپوولەکان سەرگەردان و بێپەروا نامرن
ماڵەکان زیندانێک نین بۆ عەشق
ئەستێرەکان تاشەبەردێکی تاریک نین لە ئاسمان
تابووت لە پەراسووەکانمان دروست ناکەن
کتێبی خەوننامەکانمان پەڕپەڕ خوێنی لێناچۆڕێ
مانگ لەوێدا ڕەنگ زەرد و تەنیا نیە
پاییز ناسنامەی خەزان و نائومێدی نیە
ڕەوەندەکان بە ڕەهایی گەرمیان و کوێستان دەکەن
باران بە ڕەهایی دەبارێ و
سرووشتیش بە ڕەهایی پێدەکەنێ

لە نێو ئەم کۆشکە ڕازاوەیەی
نێو خەونە سپیەکانی من
ژیان مانای هەیە
عەشق مانای هەیە
مردن مانای هەیە
هەموو شتە جوانەکان مانایان هەیە
مرۆڤ پڕ بەهاترین و پیرۆزترین بوونەوەرە
هەریەکێکمان ،
هەڵگری ڕۆحی مڵیونەهای ترین
هەموومان
لەسەر پشتی شەپۆڵەکان
ئارام ئارام
 گوڵە ئاوییەکانی ئارەزووەکانمان بۆندەکەین
کەسمان بە تەنیا لەنێو تەنیاییدا نامرین
بێهوودەیی ماڵی ئەبەدی کەسمان نیە
بە بۆنی سێو کەسمان کوێرنابین
میلی کاتژمێرەکان
 لەنێو خۆڵەمێشی کازیوەو
 تەپوتۆزی سروودە وەهمیەکان ژەنگ هەڵناهێنن
هەموومان
ڕووت ڕووت وەکو شەونم
جووتە جووتە
بە نێو شەقام و باغەکان پیاسە دەکەین
لە جێژوانەکانیش تا شەکەت و هەناسەبڕکێ
لە ژێر نەرمەبارانی موحیبەت سەما دەکەین
شەوانانیش بەدەم گوێگرتن
لە سەمفۆنیای تاڤگە و ڕووبارەکان
لە ئامێزی تریفەی مانگدا دەخەوین

ئەم کۆشکە ڕازاوەیەی
نێو خەونە سپیەکانی من
تەنانەت منیش خاوەنی نیم
نەمن ، نە تۆ ، هیچ کەسێکمان
بە هەر ڕێگایەکی نێو ئەم کۆشکە ڕازەوەیەدا بڕۆی
دەگەیتەوە بەردەم ژوورێک
لەسەر دەرگاکەی نووسراوە
بە زەردەخەنە گەرمەکەت
ئەم مۆمە داگیرسێنە ئینجا بڕۆ ژوورەوە
ئەم کۆشکە ڕازاوەیە
ماڵی عەشق و ژیانمانە
نیشتیمانێکە بۆ هەموومان ..!

                                  ناوەڕاستی سیپتەمبەری ٢٠١١
      ناڵە حەسەن

 
 

 

Previous
Next

Leave a Reply