Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

کۆمەڵگاى کەلاوەئاسا و گەمە کوشندەکانى !!..ڕێبوار ڕەزا چوچانى

Be First!
by January 15, 2008 گشتی

" ئێمە خەنجەرى نەفرەتیەکانمان هەڵکێشاوە و لەیەکى دەسوین"
    " داریوش "

سەردەمى شەڕە خوێناوییەکان لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا کۆتایی هات، ئەگەرچى ئەمە کۆتاییەکى مانادار نیە، کە کۆتایى بە هەموو گرژى و ناکۆکیەکان هاتبێت و ئیتر دەست لە ناو دەست لایەنە بەشەڕ هاتووەکان، کار بۆ بینا کردنەوەى ئەو وڵاتە داڕوخاوە بکەن، کە بە دەستى خۆیان وێرانیان کرد و کردیانە کەلاوە، چونکە ئەوان هاتن وڵاتێکیان خاڵى کردەوە لە عەقڵ، لە ئیحساسە ئینسانیەکان، ئەوان هاتن بەهارى هیواى میللەتێکیان کردە پایزێک کە پڕاو پڕ بوو لە خەزانى عەقڵ و ویژدان و جوامێرى، ئەوان هاتن سەرلەبەرى خەڵکیان کردە دوژمنى یەک و تۆوى ترس و تۆقاندنیان چاند و بەرهەمەکەى شەڕى براکان و ماڵوێرانى هاونیشتیمانیان و دنیایەک فەزاحەت بە نیشتیمان و کۆچ پێکردنى هەزارەهاو هەزارەها گەنجى سەرگەردانى ئەم وڵاتە بوو، کە ئێستا لە کەلاوەیەک زیاتر هیچى تر نیە.
سەردەمى شەڕە خوێناوییەکان، سەردەمى لە گۆڕنانى ئازادى تاک و مافى مرۆڤ و مافى هاونیشتیمانیبوون و لە ژێرپێنانى حورمەت و کەرامەتى مرۆڤ بوو، لەو سەردەمەدا ئەوەى گێل نەبوایە گێل دەبوو، ئەوەى بە شێوەیەکى عەقڵانى بیرى بکردایەتەوە، بێعەقڵ بوو "بە قەولى لایەنە بەشەڕهاتووەکان"، چونکە لە سەردەمى شەڕدا عەقڵ حوکم ناکات، کە عەقڵیش حوکمى نەکرد، ئیتر ئەوەى باسى حیکمەت بکات، دەبێت لە دەرەوەى ئەو کەلاوەوە باس لە حیکمەت بکات و سەیرى کۆمەڵگا کەلاوە ئاسا پەڕپوتەکەى خۆى بکات.
کۆمەڵگاى کەلاوە ئاسا، جۆرە کۆمەڵگایەکە کە خاڵیە لە فیکر و عەقڵ و دنیابینى و ڕوانینى نوێ و بونیانتنانەوەى مۆدێرنانەى کۆمەڵگا، کۆمەڵگاى کەلاوە ئاسا کۆمەڵگایەکە کە تاسەر غەرقى ناعەدالەتیە و لە هەموو ڕویەکەوە نەگبەتى ڕوو لە تاکەکانى دەکات، کۆمەڵگاى کەلاوە ئاسا کۆمەڵگایەکە، دەسەڵات تێیدا دەست دەگرێت بەسەر هەموو کایەکانى ژیاندا و سیستەمێکى تۆلیتارى دادەمەزرێنێت، کە تەراتێن بە هەموو بەها و حورمەتێکى ئینسانى دەکات، دەسەڵات لە کۆمەڵگاى کەلاوەئاسادا، هەوڵى پاوانکردنى هەموو کایەکان دەدات، بە ناوەندە ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندەکانیشەوە، ڕاگەیاندن تاکە ناوەندێکە، کە لە هەموو لایەکەوە دەسەڵات دەیەوێت کەوى بکات و لەوێوە خەڵک چەواشە بکات و لەو ڕێگەیەوە پەردە لەسەر هەموو کەموکوڕییەکانى خۆى دابنێت و بچوکترین پرۆژەى خۆى بکاتە گەورەترین پرۆژە بۆ شاردنەوەى دەسەڵاتە فاشیلەکەیان، بەڵام بەداخەوە لەم وڵاتەدا ڕاگەیاندن هەر زوو کەوتۆتە نێو بازنەى ئەو گەمە کوشندانەى کە خاڵیە لەهەر دنیابینیەکى نوێ، هەرزوو کەوتنە شەڕى یەک و لەکەدار کردنى یەکترى، کە ئەمەش بە قازانجى هیچ کەسێک لە ڕاگەیاندکارەکان نایەتەوە، لە لایەکیتریشەوە دەیان ڕۆشنبیرى دەربار، بون بە حیکایەتخوانى دەسەڵات و هەر خەریکى هەڵبەستنى حیکایەتى وەهمى بوون بۆ ڕوپۆش کردنى ناشیرینى و گەندەڵیەکانى دەسەڵات، دەیان ڕۆشنبیر بوونە داڕێژەرى ئەو پیلانانەى کە بۆ وێرانکردنى کایە مەعریفى و کەلتورییەکان داڕێژرابوون، دەیان ڕۆشنبیر لە باوەشى دەسەڵاتدا گۆشکران بۆ دژایەتى کردنى ئەو ڕۆشنبیرە جدیانەى کە سەرلەبەرى عەقڵیەتە کۆن و کۆنزەرڤاتیڤەکان و دامەزراوە ڕۆشنبیریەکان و دنیابینیە کۆنەکان و پانتاییەکانى بیرکردنەوەیان خستبووە ژێر پرسیار و شیکارییەوە، ئەوان دەیانویست لە ڕۆڵى ئەو ڕۆشنبیرانە کەمبکەنەوە و کارەکانیان کەمبایەخ بکەن بەڵام هەر نەیانتوانى، چونکە هەر ئەوانە توانیویانە ئەو تۆزقاڵە وزەیە بهێڵنەوە لاى تاکى ئەم کۆمەڵگایە، کە خەریکە دەبێتەوە بە ڕۆحیەتێک بۆ زیندوو بونەوەى گیانى لە خۆ بیردووى بۆ هەوڵدان لە پێناو گەڕاندنەوەى حورمەتى ئینسانى بۆ تاکەکانى ئەم کۆمەڵگایە، کە هەر ڕۆشنبیرانى دەربار و دەسەڵاتە گەندەڵەکانیان کردیانە ئەو کەلاوەیەى کە ئێستا دەبێت سەر لە نوێ کار بۆ بیناکردنەوەى بکرێت و کۆمەڵگایەکى کەلاوەئاسایە.
کۆمەڵگاى کەلاوەئاسا، جۆرە کۆمەڵگایەکە کە کوشتەى خورافیات و حیکایەتە وەهمیەکانە، لە کۆمەڵگاى کەلاوەئاسادا کەسەکانى ناو دەسەڵات هیچ بەهایەک بۆ شعورى کۆى ئەو کۆمەڵگایەک دانانێن، لە کۆمەڵگاى کەلاوەئاسادا، ئەوەى کۆن بێت و بۆنى ڕابردوى لێبێت، هەر لە ئەزەلەوە ڕوویەکى موقەدەس وەردەگرێت و هەر بەو ڕوەوە هەوڵى پەخشکردنى جەهلى خۆى دەدات و کەسیش ناتوانێت بڵێت" دەئیتر بەربەستێک بۆ بڵاوە کردنەوەى ئەو هەموو جەهلە دابنێن کە سەرلەبەرى مرۆڤەکان بەرەو ئاراستەى ڕۆبوتبون پاڵ دەنێت"، لە کۆمەڵگاى کەلاوەئاسادا مرۆڤ هەمیشە خەریکى هەڵخەڵەتاندنى خۆیەتى بە کۆمەڵێک گەمەى کوشندەوە، کە دواجار ئەم گەمە کوشندانە دەبنە هەوێنى ئەو فەزاحەتە گەورانەى کە سڵ لە هیچ مرۆڤێک ناکەنەوە، کۆمەڵگاى کەلاوەئاسا سەرلەبەرى غەرقى دنیایەک گەمەى کوشندەیە و هەر ئەو گەمە کوشندانەشە وا دەکەن کە هەرچى ئیحساسى ئیسانیەتە وردە وردە لەو کۆمەڵگایانەدا دەپوکێنەوە و وەک تۆزى بەر ڕەشەبایەک بەرەو نادیار ڕادەماڵرێن، ئەو گەمە کوشندانەى کە هەموو کایەکانى گرتۆتەوە و هەموو کەسێکى سەرقاڵ کردووە بە خۆیەوە، ئەو گەمە کوشندانە زۆرجار لە پێناو بەرژەوەندیەکدا مرۆڤ دەکەوێتە نێویەوە و ئیتر هەموو بەهایەک لە دەست دەدات، لە هەر کایەیەکى ژیان بڕوانیت دەبینیت ئەو گەمە کوشندانە هەر یەکە و بە جۆرێک خۆى مانیفێست دەکات، هەر کەسە و بە جۆرێکى جیاواز لەوانیتر خەریکى ئەنجامدانى ئەو گەمانەیە کە دواجار ئەو گەمانە دنیایەک قەیران دروست دەکەن، هەر لە بیرکردنەوەکانى مرۆڤەوە تا چۆنێتى هەڵسوکەوتەکانى بە تێکڕایى ڕوبەڕوى داڕمان و بێمتمانەیى و بێمەودایى دنیابینى نوێ دەکەنەوە، کۆمەڵگەى کەلاوە ئاسا مەنبەعى ئەو گەمانەیە و مرۆڤەکانیش خۆیان ئیدامەدەرى ئەو گەمە کوشندانەن، ئێمە لەم کۆمەڵگادا هەموومان خەریکى لە گۆڕنانى هیوا و ئاواتەکانى یەکترین، بێمتمانەییەکى وا ڕوى لەم کۆمەڵگایە کردووە، کە خەریکە هەرچى ماناى ئینسانبوون و هاونیشتیمانیبوون و هاوسۆزبوون و هاونەتەوەییبونە لە ژێر پێدەنرێت و ئینسان دەبێتە کاڵایەکى بێقیمەت، کۆمەڵگاى ئێمە غەرقى ناعەدالەتیەکى کوشندەیە، ناعەدالەتیەک کە بە ناخى تاکەکانیدا چۆتە خوارێ و خەریکە ناعەدالەتى دەبێتە مۆراڵێکى بنەڕەتى ئەم کۆمەڵگایە، هەر لە ناعەدالەتى ئینسانبوونەوە تا دەگاتە ناعەدالەتى ژیان و ناعەدالەتى ئیمتیازات و ناعەدالەتى ئازادی، هەموو ئەم حاڵەتانەش لە ئەنجامى دورکەوتنەوەى مەوداکانى پەیوەندى نێوان خەڵک و دەسەڵاتەکەیەوە دروست دەبن، ئەم حاڵەتەش دەبێتە فاکتەرى سەرەکى ئەو وێرانکاریانەى کە ڕوو لە هەموو ڕەهەندەکانى ژیان دەکەن، کارێک دەکەن مرۆڤ لەو کۆمەڵگادا، جۆرە ژیانێک بگوزەرێنێ کە پڕاوپڕ بێت لە سنوردانان و ڕێگە گرتن لە هەنگاوەکانى، بەڵام لە جیاتى ئەوەى تاکەکانى کۆمەڵگا، بیر لە ڕێگە چارەیەک بکەنەوە، بۆ دەرباز بون لەو قەیرانانەى کە بەسەر هەموو لایەنێکى ژیانیاندا هاتووە و کاریگەری ئەو قەیرانانە واى کردووە، کە ئێمە لەناو کەلاوەیەکى مەعریفى و کلتوریدا بین و ژیانیشمان پڕبێت لە ژانگەلێک کە دور بێت لە هەر جۆرە ئاسودەییەک، کەچى هەر خۆیان بونەتە خۆشکەرى ئاگرى دژایەتى کردنى یەک و دژایەتى کردنى هەموو تواناو سەلیقە و هەوڵەکانى یەکترى.
دواتر هەر بەڵایەک کە بە سەر کۆمەڵگاشدا بێت خۆى لێبەرپرسیارە، چونکە هەر تاکەکانى ئەو کۆمەڵگایە چاو دەنوقێنن لە ئاست هەموو بەڵا و تاوانکاریەک کە دەرهەقیان دەکرێت، بگرە لە زۆر حاڵەتیشدا تاکەکان خۆیان دەکەونە دژایەتیەکى بێمانا و کوشندەى یەکترەوە، مامەڵە کردنى ئینسان لێرە بەو دژایەتى و تاوانکاریانەى کە دەرهەق بە یەکترى ئەنجامى دەدەن، مامەڵەیەکە وەک ئەوە وایە، کە لەگەڵ جۆرە گەمەیەکدا بێت بۆ سەرقاڵکردنى خۆیان بە ژیان و ئیمتیازاتەکانیانەوە، بۆیە ئەم جۆرە گەمانە ڕوبەرێکى وا وەردەگرن، لێوانلێو لە کوشندەیى و بەرەنجامى ترسناک، لەو پانتاییەشدا ژیان غەرقى جەهل و پاشکەوتوویى دەبێت و خۆیشمان لێى بەرپرسیارین.

rohani1983@gmail.com

تێبینى:
ئەم نوسینە لە کات و شوێنى تردا بڵاو کراوەتەوە.
 

Previous
Next

Leave a Reply