Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

گه‌نده‌ڵی … گه‌وره‌ترین نه‌خۆشی سیاسی

Be First!
by December 17, 2012 گشتی

 

 

 

وشه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆته‌ وشه‌یه‌كی هێنده‌ گشتگیر و باو باوه‌ڕناكه‌م هیچ كه‌سێك ڕۆژانه‌ ده‌یان جار گوێ بیستی نه‌بێت و له‌ گوێچكه‌كانی نه‌زرینگێته‌وه‌ جا به‌هه‌ر هۆیه‌كی گه‌یاندن بێت هه‌ر له‌ دانیشتنی مه‌جلیسی دیوه‌خان و پاس و تاكسی تا ده‌گاته‌ ڕادیۆ و تیڤی و كه‌ناڵه‌ ئاسمانی یه‌كان و ماڵپه‌ڕه‌ ئیلێكترۆنیه‌كان. وشه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ به‌ ئینگلیزیه‌كه‌ی (Corruption)ه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی زۆر كۆن و دێرینی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌و فیگه‌ری جیاواز و له‌ قۆناغێكی ژیانه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر گۆڕاوه‌ و به‌هۆی پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆژی و پیشه‌سازی و سه‌رمایه‌داریه‌كان ئاڕاسته‌ و ڕه‌هه‌ندی جۆراو جۆری له‌خۆگرتووه‌. هه‌ر چه‌نده‌ جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی زۆرن و له‌ فۆڕمی جیادان به‌ڵام ده‌ره‌نجام یه‌ك ئامانجمان نیشانده‌ده‌ن ئه‌ویش كۆكردنه‌وه‌ و مۆنۆپۆلكردنی مادده‌ و فاكته‌رێكی ژیانه‌ جا سیاسی بێت یا كارگیرَی و دارایی و ته‌نانه‌ت سلوكی و ئه‌خلاقی و مه‌عریفیش. گه‌نده‌ڵی سیاسی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رسه‌ختترین گه‌نده‌ڵی و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی به‌ گه‌نده‌ڵی كارگێڕی ئیداریه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ به‌رگێكی ته‌نیادایه‌. ڕه‌گه‌زێكی گرنگ و سه‌ره‌كی گه‌نده‌ڵی لایه‌نه‌ كه‌لتوریه‌كه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵات و په‌روه‌رده‌ و قۆناغی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ش چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی به‌هێزی ترن له‌ خولقاندنی ئه‌م دیارده‌ و نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌یه‌ كه‌ وه‌ك برینێك یه‌خه‌ی زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی گرتووه‌ ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ مۆدێرن و دیمۆكراتیكه‌كانیش به‌ڵام ڕێژه‌ و قه‌باره‌ی جیاواز كه‌متر له‌خۆده‌گرێت دیسانه‌وه‌. له‌ زۆر كاتد گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌نده‌ به‌رفراوان و قێزه‌ون ده‌بێت گشت به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسا و ڕێساو دامه‌زراوه‌و نه‌ریته‌كان ده‌به‌زێنێت و لوش ده‌كات.زۆرجار ئه‌وه‌نده‌ ڕۆده‌چێته‌ ناو ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و ئه‌وه‌نده‌ ئاوێته‌ی ئه‌لف و بێ ی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كان ده‌بێت له‌ فڕنی سه‌مون و نان و سه‌ره‌ی سه‌رتاشین و گه‌رماو و كۆمه‌لێك ڕۆتیناتی ساده‌ی ژیان هانای بۆ ده‌به‌ین. به‌كه‌لتوربوونی گه‌نده‌ڵی كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ر و هانده‌ری خودی هه‌یه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ تێڕوانین و جیهانبینی خودی تاكێكی ناكارا و وابه‌سته‌ و پاشكۆ دواتر سستی سیسته‌می سیاسی و گه‌وره‌بوونی ڕۆڵی یه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ شَیوازی خزم خزمێنه‌ (Nepotism) و دروستكردنی بازنه‌یه‌كی خۆیه‌تیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نزیكایه‌تی و خوێن. گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ قۆناغێكنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر دووباره‌ جه‌مسه‌رێكی تری جه‌وهه‌ری بابه‌ت و دیارده‌كه‌ن و نه‌بوونی ئه‌زموون ونه‌ شاره‌زایی له‌ خودی به‌رێوه‌بردنی سیسته‌می كارگێڕی و دارایی و ده‌ربازبوون له‌ سیسته‌مێكی ده‌سه‌ڵاتخوازی و بنیادنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ سیاسی و یاسایی یه‌كان ڕوویه‌كی تر به‌ پڕۆسێسی گه‌نده‌ڵی ده‌به‌خشنه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتان  دیسانه‌وه‌. چه‌مكی گه‌نده‌ڵی ئه‌گه‌ر به‌دیوێكی ترو به‌بێ چاویلكه‌ بۆی بڕوانین ده‌بێت هه‌ر له‌ كوشتنی به‌ها شارستانیه‌ته‌كانی سه‌رده‌م و سیفاتی بوونه‌وه‌ری مۆدێرن ڕا هه‌ژماری بكه‌ین تا ده‌گاته‌ گه‌وره‌كردنی هه‌موو ئه‌و ڕێساو نه‌ریته‌ نه‌شیاو و نه‌گونجاو و ناپه‌سندانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ قورگی كۆمیونیتیه‌كه‌مانی گرتووه‌ هه‌وڵی خنكانێكی ئه‌به‌دی بۆ ئه‌دات. ده‌بێـت ئه‌لف و بێ ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان بۆ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌یه‌ شكاندنی ترسی لۆمه‌ی خزم خزمێنه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ توندوتۆڵه‌ی گه‌نده‌ڵی بێت كه‌ پایه‌ی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر بنیتنراوه‌ و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆی له‌سه‌ر قایمكردووه‌. به‌بێ ئه‌م دیدوبۆچوون و ئایدیایه‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌یه‌ سه‌راپای جه‌سته‌ی شه‌كه‌تمان ده‌ڕزێنێ و بۆگه‌نی ده‌كات. 

 

 

په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر 

 

Previous
Next

Leave a Reply