Skip to Content

Saturday, April 4th, 2020

گه‌نده‌ عه‌شق … هێمن عومه‌ر خۆشناو

Be First!
by February 9, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

كێ‌ هه‌یه‌ عاشقی مردووان نه‌بێت؟ مه‌گه‌ر عاشقێك هه‌یه‌ مردوو په‌روه‌ر نه‌بێ‌؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ساتێكدا عاشق ده‌بن، به‌ هیچ جۆرێك له‌ زیندوێتی‌و مردوێتی ئه‌و مه‌عشوقه‌ ناپرسن، چونكه‌ تین و ته‌ووژمی ئه‌و عیشقه‌ وای كردووه‌، مه‌ستانه‌ به‌ رێگادا بڕواو سه‌رخۆشانه‌ بیربكاته‌وه‌و شێتانه‌ ره‌فتار بكات. ده‌نا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ دونیا له‌به‌رده‌ست دان‌و به‌رجه‌سته‌ن، له‌ راستیدا مردوون، ئێمه‌ مردووان ده‌خۆین‌و بۆ مردووان ده‌مرین‌و بۆ مردووانیش خه‌بات ده‌كه‌ین. له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانمان هه‌نگاوی كه‌سێكن كه‌ تا بن پیلان كه‌وتبێته‌ كێشه‌یه‌كه‌وه‌و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌حاڵ بێ‌، سارد سارد به‌ رێگادا ده‌ڕۆین، وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی مه‌رگمان خواردبێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كاری تێنه‌كردووین‌و ملی له‌ زه‌وی رانه‌خستوین. ئه‌مانه‌ بۆهه‌موو خه‌ڵكێك یه‌كسانن، لێ‌ بۆ ئه‌وانه‌ی عاشقن‌و به‌ جلی عاشقانه‌وه‌ خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، خراپتر تێكه‌وتوون‌و لاف‌و گه‌زافه‌كه‌یان ئێجگار مراندوونی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕی جه‌هلی موره‌ككه‌بدا له‌ پیاسه‌ی خۆش سه‌فادا نغرۆ بووبن.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی عاشقن، ده‌بێ‌ جوانی‌و جه‌مال ئه‌وانی كۆكردبێته‌وه‌، جوانییه‌كی كاتی، جوانییه‌كی ره‌نگ بێ‌ ده‌غه‌ڵ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كوێر ‌و خه‌وی لێ‌ تاڵ‌و نانی له‌ كراسی چۆته‌ خوار‌و برسی‌و رووت‌و ره‌جاڵ ‌و سه‌رگه‌ردانی كردوون، له‌ ئاست حه‌قیقه‌ت منداڵه‌‌و عه‌قڵی فه‌ریكه‌نۆك‌و زڕكه‌تاڵ‌و باقۆیه‌كه‌، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌تاو گه‌رمایی یار نه‌سووتێ‌، به‌ڵكو له‌ دیار وێنه‌كه‌یدا بكه‌وێ‌، بسره‌وێ‌، بمرێ‌، لای خه‌ڵكیش ده‌بێته‌ شه‌هیدی ئه‌وین‌و به‌ میری شه‌هیدان حسێب ده‌كرێ‌‌و خۆڵه‌كه‌یشی ده‌بێته‌ تفه‌ڕك بۆ ناو گیرفانی ئه‌و عاشقانه‌ی كه‌ دڵیان هێند گه‌رمه‌، به‌فری زستان له‌ نزیكییان خۆی راناگرێت. 

مه‌ولانا، ئه‌م روانینه‌ وا ده‌بینێ‌، كه‌ مادامه‌كێ‌ مرۆڤ ئه‌و ساتانه‌ی عه‌شقی به‌هار له‌ كه‌لله‌ی ده‌دا‌و بۆی ده‌سووتێ‌، هێنده‌ ساویلكانه‌ بیرده‌كاته‌وه‌، وا ده‌زانێ‌ ئه‌و به‌هاره‌ هه‌تاهه‌تاییه‌و كۆتایی نایه‌، بێ‌ ئاگا له‌وه‌ی هێشتا مامه‌ڵه‌ی عه‌شقه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه‌، هاوین دێت‌و هێشتا له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی نه‌خواردووه‌ پایز وشكی ده‌كات و ده‌یكاته‌ قوربانی ره‌شه‌بابه‌ك و ده‌ربه‌ده‌ر‌و ونی ده‌كات.

ئه‌وانه‌ی ته‌نیا موحیببه‌ت له‌ نێوان مرۆڤه‌كانه‌وه‌ ده‌بینن، به‌ هه‌ڵه‌دا چوون، چونكه‌ هه‌رچی بوونه‌ ئه‌م په‌یامه‌ی هه‌س، هه‌رچی شته‌ خۆی له‌و چوارچێوه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات‌و حه‌مدی وته‌نی:

موحیببه‌تخانه‌یه‌ دونیا خه‌ریكی عیشقه‌ مه‌وجودات

چ عوششاقی، چ مه‌عشووقی، چ شاگردی، چ ئوستادی

لێ‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ لۆجیكییه‌كان، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ و به‌یانی ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات‌و ئه‌وه‌ی دوێنێ‌ بۆته‌ پاسه‌وان و شای عیشق، له‌وه‌دا كه‌وتوونه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌قه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆیان ده‌مرن، له‌مێژه‌ مردووه‌، هه‌ر به‌ مردوویی بووه‌و به‌ مردووییش ده‌بێت‌و وه‌ك میكرۆبێك كه‌وتونه‌ته‌ گیانی ئه‌وانه‌و ئه‌وانیشیان كردۆته‌ عاشقی مردووان. به‌ بڕوای به‌شێك له‌ عاریفانی دونیا ناشێ‌ مه‌عشوق له‌به‌رچاوان بێ‌، چونكه‌ كه‌ له‌به‌رچاوان بوو، رۆژێك دێت ون ده‌بێت، وه‌ك ئه‌و به‌هاره‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هاوین و پاییز و وه‌ك ئه‌و عه‌شقه‌ی كه‌ درۆ له‌گه‌ڵ عاشقان ده‌كات‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رو سوتێنه‌ری ناخه‌ پاكه‌كانه‌. كه‌چی عاشقه‌ ره‌سه‌نه‌كان، عاشقی حه‌قیقه‌تن، عاشقی زاتێكن نه‌ خۆی نیشان ده‌داو نه‌ ده‌شمرێ‌، نه‌ كاتییه‌و نه‌ سه‌ره‌تای هه‌یه‌و نه‌ بنه‌تا، به‌ مردنی ئێمه‌ش ئه‌و هه‌ر ده‌مێنێ‌ و هه‌میشه‌ تریسكایی و ته‌جه‌للایی خۆی، گیانی مردووی ئێمه‌و ناخی چه‌قبه‌ستوو دڵی به‌ستوومان زیندوو و نه‌رم ده‌كاته‌وه‌. 

تێبینی/ له‌ ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*