Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
ئامێری جاز ! …نەهرۆ

ئامێری جاز ! …نەهرۆ

Closed
by April 23, 2013 چیرۆک

 

 

 

من کە ناوم کونتەر گراسە، ساڵی١٩٢٧ لە شاری دانتسیغ پەیدا بووم، دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەم شارە کەوتە بەر پۆڵۆنیا، لەکاتێ شەردا یاریدەدەر بووم لە هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە دیل گیرام، هەمان ساڵ ئازاد کرام، چیرۆکی دیلیەتی، شکستی دەروونی لا دروست کردم بۆیە لەقوتابخانە نەمتوانی بوارێکی کومەڵایەتی هەڵبژێرم پەنام بردە بەر پەیکەر تاشی، لەهەمان کات دا حەزم لە لێدانی ئامێری جاز بوو، پێم وایە لێدانی ئامێری جاز لە یانەی شەوان زۆر جار لە بێ پارەیی رزگاری دەکردم، زۆر جار لە دوسلدورف ئیشم دەکرد کە کەوتووتە بەشی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیاوە، لەزمانی لاویەتیم دا زۆر تەنها بووم، ئامێری جاز تاقە ئامرازم بوو لە رێگایەوە دڕ بەشەوگارێ تەنهایی بدەم ! کاتێ دەچووم بۆ یانەی شەوان خەرێکی لێدانی ئامێری جاز بووم، نیگای چاوم دەڕوانیە خەڵکەکە، کە لەسەر مێزەکانیان بیرەو شەراب دانراوەو قاپی جەرزاد لەتەکیاندایە، بەدوو قوڵی و سێ قوڵی دانیشتوون، مێز نەبوو یەک دوو ئافرەتی جوانی لێ نەبێ، کاتێ کەجازم لێ ئەدا پیاو و ئافرەتەکان خەریکی ڕاموسینی لێوی یەکتر بوون، جاروباریش بە جووتە هەڵدەستان بۆ سەما، منیش لەناخەوە ئیرەییم پێ دەبردن، کاتێ ئەم دیمەنانەم ئەبینی زیاتر بە توندی لە ئامێری جازەکەم ئەدا، خەڵکەکەش زیاتر مەست دەبوون، جازەکەم وەک دەفی دەرویش وابوو کە چۆن لە کاتێ  لێدانی دا موریدەکان حاڵ دەیانگرێ، منیش لە رێگای بەرزکردنەوەی دەنگی جازەکە ئەو خەڵکەم دەخستە تەقسی حاڵ لێهاتنەوە، زیاتر یەکتریان رادەموسی، زیاتر سەرقاڵی سەما دەبوون، منیش تا دەهات لە نێو دەریای ئیرەیی دەخنکام، جارو بار بەرچاوم لێل دەبوو، دیمەنی سەما کەران لەگەڵ تۆزی وەهم تێکەڵ دەبوو، لەو کاتانەدا من زیاتر ئاوێتەی ئیقاع و ریتمی جازەکە دەبووم، تیکەڵاوییەک لە نێوانمان دروست دەبوو، من دەبوومە جازەکە، جازەکە دەبووە من، وەک چیرۆکەکەی تشیخوفمان لێدەهات کە چۆن چیرۆکی ناخی خۆی بۆ هیسترەکەی دەگیڕایەوە، منیش لە رێگای لێدانی جازەکەوە شەرانگیزی و ئەگرسیڤی ناخی خۆم دەردەبڕی !

پێم وابوو خودی جازەکە ئاگاداری نهێنی یەکانی ژیانی منە، ئاگای لە قەدەری بە تاق کەوتنم هەیە، هاوکێشەیەکی سەیرە، کاتێ مرۆڤ ئەگرەسیڤ و شەرانگیزی ناخی خۆی دەربڕێ، کەچی خەڵکانێک خۆشحاڵ دەبن، من تەنیا لێدەری ئامێری جاز نەبووم، من نووسەریش بووم، لە پێشەی نووسەریش دا تەنیا بووم، نووسەریش لە رێگای دەقەوە کایە لەسەر لایەنی شەرانگیزی خۆی دەکا کەچی خوێنەر دیوە پوزتیڤەکەی ئەبینی، ئەم حاڵەتەش پێ دەڵێن شیزوفرینای نووسەر، کەسایەتی دوو جەمسەری، بی پولار !

لەبەر ئەوەی خۆدی هونەرمەند یان نووسەر لە بەدبەختی و نەهامەتی ئەژی کەچی دیوە گەشەکەی پیشانی گوێگر یا خوێنەر ئەدا !

من لە رێگای جازەوە، رۆژانە چیرۆکی بە دیل بوونم لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەگیڕایەوە، چیرۆکی بەسەرهاتی دایک وباوک و بنەماڵەکەمان دەگیڕایەوە بەڵام کەم کەس لەم لوغزەی من تێدەگەیشت، هەر ئینسانێک لە بازنەیەک دا دەسوڕێتەوە، ئاسوی بینینی ئینسانەکان وەکو یەک نییە، سەرگوزەشتەیان وەکو یەک نییە، توانای دەربڕینیان وەکو یەک نییە، یادەوەری من زیاتر یادەوەری رەقەمی یە لەوەی کە یادەوەرییەکی کەلامی بێ ! هەندێ جار هونەری گیڕانەوەی کەلامی لای من دەمرێ، تەنیا بیر لە ژمارەکان دەکەمەوە، کریی خانوەکەم، پارەی خواردنی مانگێکم، سەعاتی ئیش کردنم لە یانە دا، من نەمدەتوانی وەک ئەو خەڵکەی سەر مێزەکان لەسەرخۆ، لەسەر ریتمێکی خاو باسی شتی پووچ و بێهودە بکەم، لایەنی کەم روانینی من وا بوو لەوانەیە ڕاستیم نەپێکا بێ لەم بوارەدا، خوزگەم دەخواست یادەوەری منیش کەلامی بوایە، لە رێگای هونەری گیڕانەوە و گێژ خواردن لە نێو فەرهەنگ و زمان دوستێکی کچم بۆ خۆ پەیدا بکردبایە، بە واتایەکی تر من روڵی سەرنشینی سەر مێزەکانم بگیڕابایە، یەکی تر، بەدبەختێکی دیکە لە باتی من جازی لێ بدایە، بەڵام ئەم خواستە نەدەکرا و نە دەبوو، لەو رۆژەی جازی لێ ئەدەم کەس نەبوو دەست پیشخەری بکاو دارەکانم لێوەرگرێ، هەر وەکو کایەی نووسین لە بیرم نایەت رۆژێک کەسی هاتبێ قەڵەمەکەی لێم وەرگرتبێ !

جاز لێدان و نووسین و پەیکەر تاشی تا دەهات زیاتر جیهانی تەنهایی قوڵ دەکردم، لەدڵی خۆمدا دەمگوت، لەوانەیە من مەخلوقێکی هەڵبژێردراو بم، ئەرکم ئەوە بێ پەیامی خۆشی بەو خەڵکە بدەم، وەک کانیاوێک ئاوی سازگار لێمەوە هەڵقوڵی، ئەگەر ئینسانەکان بدوێنی کەس بە بەشی خۆی رازی نییە، ژندار حەزی لە ژیانی بێ ژنە، مرۆڤی سەلت حەزی بەهاوسەرە، نووسەرە ئیتالیەکە دەڵێ، ئەقڵی مرۆڤەکان ئەقڵێکی شێتانەیە لە وەرزی زستان حەزیان بە هاوینە، لە وەرزی هاوین حەزیان بەزستانە !

بەڵام من وەک کەسایەتی کونتەرگراس شێت نیم، ئێوە دازانن ساڵی ١٩٩٩ خەڵاتی نۆبڵ یان پێ بەخشیم، کەواتە من شتی لوژیکیم نووسیوەو دەنووسم، هەمیشە دژی شەڕو ئاشتی پەسەند بووم، لێرەدا من باسی فشارە دەروونیەکانی خۆم دەکەم، ئەو چوارچێوانەی مەجبورم کایەی تیا بکەم، دەبوایە هونەرمەندان و نووسەران چەشنی تەیرو تواڵ بوونایە، دوو باڵ یان هەبوایە کاتێ نیگەرانی، لەشەقەی باڵ یان بدایە، کەچی ئێمە وەک مار واین بەیناو بەین کاژێک فڕێ ئەدەین و خۆمان نوێ ئەکەینەوە، دوای هەر بەرهەمێک دەبێ یادەوەری پاداشت بکرێ لەلایەن خاوەنەکەیەوە بە بوتڵێ شەراب یان چەند بیرەیەک !

من وابووم دوای لێدانی جاز کە ماندوو ئەبووم، چەند گڵاسێکی بیرەم فڕ ئەکرد، هەرگیز تووشی نەشئە نەئەبووم بەڵام هەستم دەکرد کات زووتر لەبەرم دەڕوات.

پێم وایە هونەرمەندان و نووسەران نهێنی یەکیان لایە، نهێنی دانانی کاریگەری لەسەر خەڵک، ئەگەر وا نەبوایە، چۆن ئەو خەڵکە بە لێدانی جازەکەی من زیاتر مەست دەبوون، یان خوێنەر بە دوای نووسینەکانی خۆمەوە ڕادەکێشم تا ئەو کاتەی خۆم کوتایی بە کایەیەکە دەهێنم ! ئەگەر زیاتر روونی بکەمەوە، ئەوە شەوێکیان خەونم بینی لە خەونەکەم دا پێ یانگوتم دەستت دەسەڵاتێکی جادوو گەری تیایە، دەسەڵاتت بەسەر ژەنینی ئامێری موزیک و کایەی نووسین دا دەشکێ ! لەو رۆژەوە جۆرێک لە بروا بە خۆ بوون لام دروست بوو، ئیدی بەردەوام بووم چ وەک هونەرمەند چ وەک نووسەر !

ڕاستە من بەرەگەز ئەڵمانیم، نازییەت بوەتە بەشێک لە مێژوو کەلەپورمان بەڵام من کاتێ دەنووسم بۆ تێکرای مرۆڤایەتی دەنووسم، بە ڕەش و سپی، بە ئیماندارو بێ ئیمانەوە !

بەڵام گرفتێک هەیە زۆر کەس لێ حاڵی نەبووە، بەد حاڵی بوونێک هەیە لەو میانەدا ئەویش جیاوازی نەکردنە لە نێوان رژیم و گەل، رژیم خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و دام و دەزگای سەرکوتکەرە کەچی گەل یان میللەت لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات دایە، خەریکی ژیان وگوزەرانی خۆیانن، روژگار قورسایی خۆی لە سەریان داناوە، ئێمە نابێ تێکەڵ یان کەین لەگەڵ ماناو چەمکی رژیم دا، لەوانەیە میللەت بەشداری بکا لە دارشتنی سیاسەت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان لە رێگای سنووقی دەنگ دانەوە، بەڵام ئەوەڵ و ئاخر میللەت بەستەزمانە، لە رێگای میدیاکانەوە دەسەڵات زاڵە، بەسەر ئاراستەی بیرکردنەوەیان دا، زۆر جاریش میللەت دەکەوێتە داوی گەمەی دەسەڵاتەو روڵی سەلبی پێ دەگێڕن، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبن بە بەشێک لە کایەکانی دەسەڵات، بەچەپڵە لێدان بۆ سەروک یان لایەنگیری کردنی لەکاتێ بەرپا کردنی شەڕێکی ناڕەوا، وەک چۆن بەشێک لە گەلی ئەڵمانیا لایەنگری هیتلەر بوون، بەڵام کە دوایی بە ئاگا هاتنەوە لە هەنگاوەکانیان پەشیمان و پاشگەز بوونەوە!

ئێستاش لەگەڵ دا بێ، لە ناو هێنانی هیتلەر دا شەرم دایان دەگرێ هەروا ئەمرۆ نازیزم بوەتە جنێویکی سیاسی و ئەخلاقی !

 

                                                                    نەهرۆ / نەرویج

                                                                  ٢٣ / ٤ / ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.