باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان وه‌ك شارێكی كۆزمۆپۆلیتی
نووسینی: سه‌ردار زه‌نگنه
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: ئیبراهیم تاڵهبانیئاخافتن له‌سه‌ر ته‌لاری یاقووبیان، ئاخافتنه بۆ چاكترین كاری ئه‌ده‌بی له ساڵی 2002 وه‌وه تاوه‌كو ئێستا، ئاخافتنه له‌سه‌ر ڕۆمانێك سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی له میسر به‌ده‌ست هێنا و تیراژی 80 هه‌زاری لێ فرۆشراوه و پێنج جاران له چاپ دراوه‌ته‌وه.. ئاخافتنه له‌سه‌ر ڕۆماننووسێك ناوبانگی ده‌ركرد و ناوبانگێكی جیهانی وه‌رگرت له میانه‌ی دوو ڕۆمان و كۆمه‌ڵه چیرۆكێك به‌ناوی (ته‌قه‌ی دۆستان) ..
عه‌لا ئه‌سوانی ڕۆماننووس و پزیشك له 26 ی ته‌مموزی ساڵی 1957دا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی بۆرژوازی له‌دایك بووه. ئه‌و كوڕی نووسه‌ر عه‌باس ئهسوانیی پارێزه‌ره، كه هونه‌ری مه‌قاماتی زیندوو كرده‌وه و نازناوی (مه‌قاماتی ئه‌سوانی) لێنا. له ساڵانی شه‌سته‌كاندا له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ی (الاسوار العالیه .. شووره بڵنده‌كان) خه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست هێنا، وه‌لێ ئه‌م وه‌كو كوڕه‌كه‌ی ناوبانگی ده‌رنه‌كرد، عه‌لا ئه‌سوانی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی له قوتابخانه‌ی (ئهلیسیهی فڕه‌نسی) له قاهیره ته‌واو كرد و به‌زمانه‌كانی ئینگلیزی و فڕه‌نسی و ئیسپانی قسه‌ده‌كات و بڕوانامه‌ی به‌كه‌لۆریۆسی له پزیشكیی ددانسازی له زانكۆی قاهیره له ساڵی 1980دا به‌ده‌ست هێناوه و ماسته‌ری له هه‌مان بواردا له زانكۆی (ئه‌لینۆی) شیكاگۆ له ساڵی 1985دا به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌ده‌بی ئیسپانی له مه‌درید خوێندووه و و تاوه‌كو ئێستاش كاری پزیشكی ددانسازی له گه‌ڕه‌كی گاردن سیتی له قاهیره ده‌كات.
– وتار‌و چیرۆك و ڕۆمانی له‌زۆربه‌ی بڵاوكراوه‌كانی میسردا نووسیوه.
– ستوونێكی ڕه‌خنه ئامێزی هه‌فتانه‌ی به‌ناوی (جمله استعراچیه- ڕسته‌ی نمایشكارانه)ی له ڕۆژنامه‌ی (الشعب)ی میسری هه‌بووه و دواتر بوو به به‌رپرسی به‌شی ڕۆشنبیری له هه‌مان ڕۆژنامه‌دا.
– ستوونێكی له رۆژنامه‌ی ده‌ستووری میسری ده‌نووسی و له شاكاری ته‌لاری یاقووبیاندا ، كه له‌ساڵی 2002 دا ده‌رچوو سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا و وه‌رگێڕدرایه سه‌ر چه‌نده‌ها زمان و دواتر بوو به فیلمێكی سینه‌مایی و زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی، مخابن فیلمه‌كه شێواندێكی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌هۆی قرتاندنی چه‌ند دیمه‌نێكه‌وه بوو، كاتێكیش له دیمانهكهمدا كه له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2009 دا له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه له‌گه‌ڵیدا سازمدا هه‌مان پرسیارم ڕووبه‌ڕووی كرده‌وه و پێی گوتم ئه‌و شێواندن و ناشرینكردنه فیلمه‌كه ده‌گرێته‌وه نه‌ك ڕۆمانه‌كه و به‌نیگه‌رانییه‌وه ده‌یگوت من هیچ به‌رپرسیار نیم و ئه‌وه‌ی به ده‌ستدرێژی كردنێكی ڕوون و ئاشكرا بۆسه‌ر داهێنان وه‌سفكرد.
رووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه له نێو قاهیرهدایه و باس له گه‌شه ئابووری و سیاسییه ده‌كات و هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی هێنایه كایه‌وه، ئه‌و دیارده‌یه‌ی له كۆمه‌ڵگای میسریدا دووچاری چینه باڵاكان بوو و ئه‌و بێ ئومێدی و هه‌ژارییه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا گرتووه و ئه‌و ناكۆكییه جیاوازانه‌ی هاتنه ئاراوه له‌نێوان پابه‌ند بوون به ئایین و كاری گه‌نده‌ڵی و لایه‌نداری..
ڕۆمانه‌كه چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ئامێز ده‌گرێت و گه‌نده‌ڵی له‌ئاستی فه‌رمانڕه‌واییدا ڕیسوا ده‌كات و ئه‌و كۆمه‌ڵه كاره ناڕه‌وایانه و قێزه‌ونه نه‌خۆشانه ڕیسوا ده‌كات، كه به‌ناوی ئایینه‌وه ده‌كرێن، هه‌روه‌ك له ڕۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كات.
عه‌لا ئه‌سوانی گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بۆشایی و جیاوازییه له نێوان نه‌وه جیاجیاكانیدا ده‌كات و زیاتر له نیو سه‌ده له میسر‌و ده‌مانباته نێو ده‌روون و چۆنییه‌تی بیركردنه‌وه‌یان، هه‌روه‌ها باس له دووڕوویی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكچوونی ڕه‌وشتی و لادانی سێكسی ده‌كات.
ده‌توانین بڵێین ئه‌م ڕۆمانه هیچ دیارده‌یه‌ك نه‌ماوه له كۆمه‌ڵگه‌ی میسریدا باسی لێوه نه‌كات و ئاماژه‌ی پێ نه‌دات. به‌شێوه‌یه‌ك وا له خودی خوێنه‌ر ده‌كات ببێته به‌شێكی هاوبه‌ش له نێو ڕۆمانه‌كه‌دا و توانیویه‌تی ستایلێكی سه‌رنج ڕاكێش به ڕێگه‌یه‌كی چاك به‌كاربێنێ له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵاوكردنی زیاتر له چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌هه‌مان ڕۆماندا، كه هیچ پێوه‌ندییه‌ك له نێوان ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌دا نییه ته‌نها پێوه‌ندیی په‌یوه‌ست به‌شوێن نه‌بێت.
پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه نیشته‌جێی ته‌لاری یاقوبیانن ، كه ساڵی 1937 له‌لایه‌ن هاگۆب یاقووبیان له نێوه‌ندی قاهیره‌دا دروست كراوه و سه‌رجه‌م ئایین و ڕه‌گه‌زه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت و هیچ شتێك به‌یه‌كیانه‌وه گرێ نادات ته‌نها ته‌لاره‌كه نه‌بێت، زه‌كی دسووقی كوڕی پاشا كه مێژووی خۆی له دووی خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت و هه‌ر ئه‌و (بوسه‌ینه محه‌مه‌د) ده‌باته‌وه..
ڕۆماننووس وێنه‌یه‌كی وردكار بۆ (بوسه‌ینه محه‌مه‌د) ده‌كێشێت و ڕۆمانه‌كه چه‌ند هه‌ست و نه‌ستێكی دژكارمان پێده‌به‌خشێت له به‌رامبه‌ر هه‌ریه‌كه له بوسه‌ینه و زه‌كی دسووقیدا، چونكه ئه‌و كه‌سێكه هیچی نییه ته‌نها ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌وێ.
(ته‌ها محه‌مه‌د شازلی) كه‌سایه‌تییه‌كی تێكه‌ڵه به‌هۆكاری هه‌ژاری و بارهكۆمهڵایهتییهكهی، هه‌روه‌ها كوڕی ده‌ركه‌وانی تهلارهكهیه، قوتابییه‌كی زیره‌ك و خاوه‌ن خه‌ونێكه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتدار و خوازیار بوو ببێ به ئه‌فسه‌ری پۆلیس، هه‌روه‌ها ئه‌و لاوه‌ی كه بیر‌و باوه‌ڕی ئایینی ڕاپێچی ده‌كات.
حاته‌م ڕه‌شیدی ڕۆژنامه‌نووس باری منداڵێتییه‌كه‌ی ون بووه له نێو بنه‌ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا، كه هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته وای لێده‌كات ڕێگای ناله‌بار بگرێته به‌ر له نێوان ونبوون و به‌هه‌شتی خۆشگوزه‌رانیدا.
حاجی محه‌مه‌د عه‌زام كه‌سایه‌تییه‌كی دوو ڕوو و بێ به‌هایه، به‌په‌یژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌ركه‌وت و توانی خۆی له بۆیاخچی پێڵاوه‌وه بگه‌یه‌نێته ئاستی په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی دوو ڕووی بێ ڕه‌وشت و بێ به‌ها و (سوعاد)ی بێوه‌ژنی له‌خۆ ماره‌كرد، كاتێك ئاوس بوو كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی له ڕێ ده‌رچووی به‌كرێ گرت و منداڵه‌كه‌یان له‌باربرد.
كه‌ماڵ غۆلی كه‌سایه‌تییه‌كه نموونه‌ی گه‌نده‌ڵیی سیاسییه له میسر، كه ڕۆڵی نێوه‌ند ده‌گێڕێت له پێوه‌ندیی نێوان به‌رپرسان و كه‌سانی دیكه.
ده‌توانرێت بوترێت ڕۆمانه‌كه شێوازی گێڕانه‌وه ده‌گرێته خۆی و نووسه‌ر پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له نێوان كه‌سایه‌تییه‌كان و كات و شوێندا دروست كردووه و چووه‌ته ناخی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه.
عه‌لا ئه‌سوانی له‌م ڕۆمانه‌یدا توانایه‌كی بێ پایانی ده‌رخستووه له دروست كردن و ئه‌فراندنی چه‌ند جیهانێكی گه‌وره له‌چه‌ند وێستگه‌یه‌كی زۆردا و به‌هره‌یه‌كی دیاری له كێشانی وێنه مرۆڤایه‌تییه‌كاندا ده‌رخستووه. له كۆتاییشدا نابێت ڕۆڵی وه‌رگێڕ (سه‌باح ئیسماعیل) له‌بیر بكه‌ین له وه‌رگێڕانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا بۆ زمانی شیرینی كوردی. پێشتریش ڕۆمانی (شیكاگۆ)ی بۆ زمانی كوردی به ستایلێك وه‌رگێڕا وا له خوێنه‌ری كورد ده‌كات وا هه‌ست بكات ئه‌م ڕۆمانه هه‌ر به‌كوردی نووسرابێت، ئه‌مه‌ش گه‌واهی كارامه‌یی وه‌رگێره له كاره‌كه‌یدا و گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یه‌تی به‌جوانترین شێواز له‌پێناو خزمه‌تكردنی ئه‌ده‌بی كوردی و پێناساندنی خوێنه‌ری كورده به گه‌وره پیاوان و دانایانی ئه‌ده‌بی غه‌یره كورد.بڕوانه: عه‌لا ئه‌سوانی، باڵه‌خانه‌ی یاقوبیان، وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر 2009.