خەیالێکی تەنیا … سیروان خۆشناو
Closed
1
تا ئەوپەڕی خەیاڵ رابمێنم ، تەواوی دەنگ و رەنگ سڕم دەکەن
وەک ئەوەی وەرزێک لە مندا هەبێت ،
پڕ بە ئامێزی سیحری ئەو گەلایانەی لە بالای
دارهەنارێک خلۆردەبنەوە ،
نوقوم بووم بە درێژایی شەو
هەمیشە
دیواری ژوورەکەم رەشتر ، غەمگینتر
وێنەکەی تۆش
چەشنی چراییەک داگیراساوە
2
قەلەباڵغیم سوتانی بێ دەنگییە
بێ دەنگی هەلفرینێکی بەرزە
چ باڵ لێکدانێکی سەیرە
من لێرەم ،لەوێ ئەتۆ سەمفۆنیاییەک بژەنە
ئەمنیش وێنەی ناوت دەکێشم
بێ دەنگ بێ رەنگ ،لەو کەنارە لەنگەر دەگرم
ساچمەی نیوە شەوێک
چ خۆشییەک ئەبینم
تەقینەوەی بێ دەنگیت
3
کێ یەکتری خۆشدەوێ ؟ پێڵاوەکانی تەنیایی نەبێت
دوای ژەنینی هەر خەمێک
بە کەمانێکی ژاکاو ،
دەفتەری حەرفەکانمان تارمایی هەڵنیشتنەوە
لە خۆی دەگرێت
کە یەکترمان خۆشویست
ئەبین بە خۆڵە مێش
لەسەر دیواران نیگاری یەکتر دەکێشین
سیروان خۆشناو
شەقلاوە