سه‌باره‌ت به سۆفیگه‌رێتی
سه‌باره‌ت به سۆفیگه‌رێتی، وه‌ڵامێك بۆ كتێبی “سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی”ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
تا نه‌بووری تۆ له سه‌ر، ڕێ ناخه‌یه مه‌یدانی عیشق
سه‌ر له‌پێشی پێ، ده‌بێ له‌م ڕێگه دانێی (أۆلا) مه‌حوی
هه‌رێم عوسمان
نووسین له‌سه‌ر ته‌سه‌وف‌و ژیانكردنێكی عیرفانانه گرنگی خۆی هه‌یه له هه‌موو سه‌رده‌م‌و قۆناغێكدا، به‌تایبه‌ت له ئێستادا، كه له‌ڕووی ڕۆحییه‌وه ژیانی مرۆڤ ده‌رده‌داره، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره له خۆمان ده‌كه‌ین، ئایا گرنگی له‌ده‌رگادانی عیرفان‌و ژیانكردنێكی عاریفانه بۆ گرنگه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، ته‌سه‌وف هۆكارێكه بۆ خۆناسین‌و ئه‌ویتر ناسین(خوا). هه‌روه‌ك عاشقبوون مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی عاریفبوونه. ئامانجی مرۆڤی عاشقیش گه‌یشتنه به مه‌عشوق نه‌ك شتی دنیایی، له‌لایه‌كی دیه‌وه عاشبوون بوێری‌وئازادی به كه‌سی عاشق ده‌دات، وایلێده‌كات شتی دنیایی فریوی نه‌دات‌و ڕۆحی(مه‌عشوق) له‌یادبكات(رۆح كه تاكه هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تیه بۆ گه‌یشتن به مه‌عشوق). مرۆڤ له عیرفاندا زێده‌تر هه‌ستی مرۆڤدۆستی، ڕێزگرتنی ئازادی‌و خۆشه‌ویستی تیا به‌دیده‌كرێت، گه‌ر بپرسین ته‌سه‌وف بۆچی گرنگه؟ ئه‌وا ده‌ڵێن، ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆشكراوه ده‌ژێنێته‌وه كه رۆحه. مرۆڤ به‌ته‌نێ عه‌قڵ‌و جه‌سته‌و ئه‌زمون نیه، به‌ڵكو لایه‌نی ڕۆحیش به‌شێكی گرنگی بوونی مرۆڤه‌و هه‌موویان پێكه‌وه مرۆڤێكی كامڵ دروستده‌كه‌ن(دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه، كه كه‌سێك سۆفی نه‌بێت ئیدی ناتوانێت مرۆڤێكی كامڵ بێت)، عیشق دڵی ته‌سه‌وفه‌و هۆكاری زانینه(معریفه)، به‌ڵام ناكرێت ڕۆح زیندانی ناوی ته‌سه‌وف یان عیرفان بكه‌ین. هه‌رچه‌نده به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه‌سی عاریف له‌ڕووی لایه‌نی ڕۆحیه‌وه ده‌بێت له‌ئاستێكی باڵادابێت، هه‌تا ئه‌و په‌یوه‌ندییه رۆحییه هۆكار بێت بۆ خۆنه‌بوو، ئه‌ویتر بوو”خوا”.ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت هه‌نوكه به‌هۆی شێوازی ژیانه‌وه‌و له‌یادچونه‌وه‌ی (ڕۆحه‌وه) ئه‌سته‌مه ژیانێكی سۆفیانه، یان وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی له‌لایه‌نی رۆحیه‌وه ئاسوده‌بێت. شیاوه بپرسین بۆچی لایه‌نی ڕۆحی له‌ئێستا فه‌رامۆشكراوه یان كه‌متر بایه‌خی پێده‌درێت؟ به‌دیدی من چه‌ندین هۆكار هه‌ن: له‌وانه بوونی چه‌ندین كۆمه‌ڵ‌و گروپی ئیسلامی، كه ته‌سه‌وف‌و عیرفان به لادان‌و خراپی په‌سن ده‌كه‌ن‌و ڕێگه‌ی عیرفانی به‌ناوی لادانه‌وه له مرۆڤه‌كان ده‌گرن. مه‌زهه‌به‌كان باشترین نمونه‌ی ئه‌و دژایه‌تییه‌ن. له‌لایه‌كی دیه‌وه بوونی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سۆفیان له‌كوشتن‌و تیرۆركردنی چه‌ندین عارفدا.
یه‌كێكی دی له‌و هۆكارانه‌ی من زۆر به‌لامه‌وه گرنگه‌و ڕۆڵی به‌رچاوی بینیوه، له په‌راوێزخستنی عیشق‌و هاوڕێیه‌تی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌زداندا، كه ئه‌ویش جیهانگیرییه. جیهانگیری ئه‌و هه‌ڵپه به‌هێزه‌یه، كه سنوور نازانێت‌و مرۆڤه‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كدی ده‌كات. مرۆڤ هانده‌دات‌و فێری هه‌ڵپه‌كردن‌و زوو ڕاگه‌یشتنی به‌شته‌كان ده‌كات، به‌جۆرێك وایلێده‌كات كه خۆی له‌یاد بچێته‌وه‌و بواری ناوخۆگه‌ڕانی پێنادات‌و ده‌یكاته ئامێر. هه‌ركاتێكیش مرۆڤ بووه ئامێر(هۆكار) ئیدی مرۆڤبو‌ون‌و عیشق، ئازادی‌و به‌ها مرۆییه‌كان له‌به‌ین ده‌چن. مرۆڤ له‌م سه‌رده‌می جیهانگیری‌و هه‌ڵپه‌ی ته‌كنه‌لۆژیادا خۆی له‌بیركردوه‌و به‌خودی خۆی نامۆ بووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هێنده‌ی شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن، داواكانی ناوه‌وه‌ی نایبزوێنن. هاوكات له‌جیاتی ئامێروشته‌كان بكاته بابه‌ت، بۆ خۆی بووه‌ته بابه‌ت بۆ شته‌كان. كاتێك ئامێره‌كان مرۆڤ داگیرده‌كه‌ن. نامۆ بوونی لێده‌كه‌وێته‌وه، كه فه‌رامۆشكردنی ڕۆحیش پشكێكی گه‌وره‌ی له‌م نامۆییه به‌ركه‌وتووه، كه هه‌نوكه به‌باشی هه‌م داگیركردن‌و هه‌م نامۆبوون‌و هه‌م فه‌رامۆشكردنی ڕۆح لای مرۆڤه‌كان ده‌بینرێت. مرۆڤی ئێستا زێده‌تر خۆی له‌یادكردوه‌و خۆ نه‌ناسه. له‌لایه‌كی دیه‌وه هه‌ر شێوازی ژیانكردن گۆڕاوه، ئه‌و سروشته بێگه‌رده بوونی نه‌ماوه(به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌ی، چونكه ده‌شێت بوونی مابێت به‌ڵام ده‌بێت مرۆڤ بڕوات له‌ده‌ره‌وه‌ی شار به‌دوویدا بگه‌ڕێت)، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئاماده‌بوونی ئه‌و هه‌موو ئامێره‌و ئه‌و هه‌موو بینا ئه‌ندازه‌ییانه، بۆ سه‌ره‌وه(ئه‌سمان)به‌رزكراوه‌ته‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌و شتانه‌ی هه‌نووكه هه‌ن‌و بوون به‌پێویستیمان ماده‌ی ڕه‌ق‌و ته‌قه. بواری بزواندنی ڕۆحی تێداكه‌مه. مۆدێرنه‌و به‌رهه‌مه‌كانی جۆره ژیانێكی هێناوه‌ته كایه‌وه، كه زێده‌تر مرۆڤ به‌خه‌می بۆ ژیانێكی مادی باشتر نه‌ك ژیانێكی رۆحی گه‌وره بچوكده‌كاته‌وه. مرۆڤ هه‌نوكه له‌بری بایه‌خ به رۆحی بدات بایه‌خ به باشترین جۆری سه‌یاره‌وماڵ‌و مۆبایل‌وكۆمپیوته‌ر…هتد، ده‌دات. ئه‌و كاولكاریه‌ی ژینگه هیچ نیه جگه له كوشتنی پێویستیه ناوه‌كی‌وده‌ره‌كیه‌كانی مرۆڤ، كه به‌ده‌ستی مرۆڤ خۆشیه‌تی. هاوكات بوونی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به خوداوه (ئه‌و مه‌ینه‌تی‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كه ژیار‌و شارستانیه‌ت له‌ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا گیرۆده‌ی بووه له‌و ته‌نگه‌ژه‌و قه‌یرانه ڕۆحییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت‌و هه‌ر ڕۆحیش پاڵنه‌ره بۆ ده‌رچون له‌و قه‌یرانه) (1). ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره هه‌نوكه ژیان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر خاڵیه له‌لایه‌نی ڕۆحیه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنی دۆستانه، عاشقانه‌و هاوڕێیانه له‌گه‌ڵ خوادا له‌قه‌یراندایه، هه‌نوكه ده‌بێت مرۆڤ كۆششێكی زۆر بكات. تا بتوانێت له‌لایه‌نی ڕۆحییه‌وه تێر‌و ئارام بێت. بۆ ده‌رچون له‌و ته‌نگه‌ژه ڕۆحییه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه تێیكه‌وتووه گرنگ‌وپێویسته په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خالقدا بگۆڕێت به‌جۆرێك هه‌روه‌ك ئازاد قه‌زاز ده‌ڵێت، سه‌رده‌می عابدی به‌سه‌رچوو هه‌نوكه سه‌رده‌می عارفییه. به‌واتا ئیدی سه‌رده‌می دۆستایه‌تییه له‌گه‌ڵ خوادا نه‌ك زه‌لیلی‌و ترس. بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی بێگه‌رد، پڕ له‌عیش‌و خاڵی له سود هۆكاره بۆ به‌رده‌وامی‌و درێژه‌دانی، چونكه ئه‌و په‌یوه‌ندیه پێویستییه‌كی ناوه‌وه‌ی مرۆڤه نه‌ك ده‌ره‌كی، بۆیه ریزی لێده‌گرێت. گرانه په‌یوه‌ندیه‌ك ترس بنه‌ماكه‌ی بێت‌و خۆشه‌ویستییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی تیا بدۆزرێته‌وه، مه‌حوی له‌م شیعره‌ی خواره‌وه‌دا به‌یانی خۆسوتانی ده‌كات بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی‌و خۆی هێند بچوكده‌كاته‌وه”كه من مشتێ چڵ‌وچێوم..” هاوكات خۆیده‌كاته خاكی ڕێی‌و له‌به‌ر یاره‌كه‌ی ده‌ستبه‌رداری ته‌ریقه ده‌بێت‌و ڕێگای خێرا ده‌گرێت بۆ گه‌یشتن به یاره‌كه‌ی. گه‌یشتن به یاریش ئێش‌و ئازاری زۆره وه‌لێ چونكه به‌های هه‌یه، ڕێزی لێده‌گرێت.
دیارم ده‌یری عیشقه جێ به‌سوتن بێ له‌وێ ده‌گرم
كه من مشتێ چڵ‌وچێوم، به چی بم، كه‌ڵكی كێ ده‌گرم!
نه‌گه‌ییه دامه‌نی ده‌ستی دوعا، جاده‌بمه خاكی رێی
ته‌ریقه‌ی گۆشه‌گیری به‌ره‌یه‌م ئه‌مجاره رێده‌گرم
له‌سه‌رخۆچونه شه‌یدابونه قورپێوانه سوتانه
هه‌تا مردن محه‌به‌ت ئێشی زۆره ڕێزی لێده‌گرم(2).
ڕابردوو به‌هۆی ساده‌و سانای ژیان‌و شته‌كانه‌وه، بارودۆخه‌كه گونجاوبوو. رۆحی مرۆڤ نزیك بێت له‌مرۆڤ خۆیه‌وه‌و ئاشنای خۆی‌و ڕۆحی خۆی بێت، لایه‌نی ڕۆحی فه‌رامۆش نه‌كرێت. گه‌ر هه‌موو ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ربگریت له ئێستادا بڕواناكه‌م بۆ زیندووێتی رۆح ئومێدێكی دڵخۆشكه‌ری تێدابێت. جگه له‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر فه‌رامۆشكردنی ڕۆح. شارستانیه‌تی نوێ پێویستی به‌خۆدا چونه‌وه‌و سه‌ركۆنه‌كردن هه‌یه، هه‌روه‌ك د. موسته‌فا مه‌له‌كیان، ده‌ڵێت. “له هه‌موو شارستانیه‌تێكدا هاوسه‌نگی هه‌یه له‌نێوان، عه‌قڵانیه‌ت‌و مه‌عنه‌ویه‌تدا، ته‌نیا له‌شارستانیه‌تی نوێ‌دا نه‌بێت”(3)، نه‌مانی ئه‌م هاوسه‌نگییه مه‌ترسیه‌كی گه‌ره‌یه بۆسه‌ر ژیانی مرۆ، هه‌ربۆیه هه‌نوكه كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه ده‌كرێت. گه‌ر ورد بڕوانین مرۆڤی ئێستا له‌بوونی ئه‌و هه‌موو هۆكارانه‌دا هێشتا نائارامه‌و دڵخۆش نیه، كه به‌بڕوای من له‌بونی ئه‌و كه‌لێنه رۆحییه‌یه كه بۆ مرۆڤی ئێستا دروستبووه.
له‌سه‌ر تۆم دوژمنه دنیا، قه‌زییه‌م(مانع االجمع)ه
كه ته‌ركی تۆ نه‌كه‌م، ته‌ركی دنیا نه‌كه‌م چیبكه‌م(4)
هۆكارێكی دی بۆ فه‌رامۆشكردنی رۆح ئه‌وه‌یه كه له‌ڕابردودا مرۆڤ زێده‌تر شه‌یدای سروشت بووه. هه‌نوكه سروشت كراوه‌ته بابه‌ت تا مرۆڤ ئایدیاكانی خۆی تیا شێوه‌گیربكات. داگیركردنی سروشت له‌لایه‌ن مرۆڤی مۆدێرنه‌وه، داگیركردنی لایه‌نی رۆحی‌و مه‌عنه‌وی مرۆڤه. ئه‌م داگیركردنه‌ی سروشت دۆڕاندنی به‌شێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی لێكه‌وته‌وه. په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشت له‌په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌وه بووه‌ته په‌یوه‌ندیه‌كی ئاغا‌و كۆیله. سه‌عدی شیرازی، جنگێ خۆڵ له‌زه‌وی هه‌ڵده‌گرێ‌و لێی ده‌پرسێ بۆ ئه‌وه‌نده بۆنت خۆشه؟، خۆڵه‌كه‌ش دێته گۆو ده‌ڵێت زه‌مه‌نێك هاوڕێیه‌تی گوڵم كردوه، به‌واتا سه‌عدی وه‌ك بونه‌وه‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خۆڵه‌كه‌دا كردوه بۆیه خۆڵه‌كه‌ش دێته گۆ، به‌ڵام هه‌نوكه وه‌ك بونه‌وه‌ر مامه‌ڵه‌یان ناكه‌ین، كه هاوكات مامه‌ڵه‌یه‌كی رۆحی گه‌وره‌شه، هه‌ربۆیه بوونه‌وه‌ره‌كانیش ئاماده‌نین ته‌واوی بوونیانمان بۆ ده‌ربخه‌ن، چونكه په‌یوه‌ندیه‌كه له‌هاوڕێیه‌تیه‌وه بۆ سودگه‌رایی شێواوه. گۆڕانی ئه‌م په‌یوه‌ندیه كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر شێوه ژیانی ئێستا كردوه، كه فه‌رامۆشكردنی مه‌عنه‌ویه‌ت، یه‌كێكه له كاریگه‌ریه مه‌ترسیداره‌كان. بۆ نمونه له‌ڕابردوودا كه‌سه‌یاره(ئۆتۆمبێل) نه‌بووه، به‌ئه‌سپ‌و گوێدرێژ.. كاره‌كان مه‌یسه‌ر بوون. له‌م گه‌ڕانه‌دا مرۆڤ زیاتر بۆی لواوه به‌باشی سروشت ببینێت‌و رۆبچێته ناو خۆی‌و ده‌رونی خۆی، به‌ڵام ئۆتۆمبێل دنیایه‌كی ئاڵۆزه. جگه له‌وه‌ی ده‌رگا به‌ڕوی جه‌لادبوونی خۆت‌و ئه‌وانیتردا بۆ ده‌كاته‌وه‌و مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ش بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌خلاق، كه ئه‌خلاق پله‌یه‌كی به‌رزی له سۆفیگه‌رێتیدا هه‌یه (دیاره ئه‌مه تاكه نمونه‌یه‌كه، كه ده‌توانین بۆ زۆرینه‌ی شته‌به‌رده‌ستیه‌كانی هه‌نوكه لێكدانه‌وه بكه‌ین)، لایه‌نێكی گرنگی ئه‌م نووسینه‌مه، كه گه‌ره‌كمبوو له‌سه‌ر ئه‌م شێوه ژیانه‌ی هه‌نوكه سه‌رنجێك به‌یانكه‌م، كه مرۆڤی ئێستا ڕۆحی فه‌رامۆشكردووه. هۆكاره‌كه‌ی به‌شێكی په‌یوه‌ندی به شێوه ژیانكردنی هه‌نوكه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌كی تره‌وه په‌یوه‌ندی به‌خودی مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه. هاوكات به‌گرنگم زانی وه‌ڵامی نووسینێك بده‌مه‌وه، كه له بواری ته‌سه‌وفدا نووسراوه، دیاره وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دیدێكی جوان‌و به‌بایه‌خه بۆیه وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه، ئه‌ویش په‌رتوكی “سۆفی‌وسۆفیگه‌رێتی كاریگه‌ری هزروئیدوكلتووره نائیسلامیه‌كان له‌سه‌ر سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی ئیسلامی” یه(5).
كاتێك ئه‌م په‌رتوكه‌م خوێنده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی دید‌وبۆچونێكی نوێی تێدایه، سه‌باره‌ت به‌سۆفیگه‌ریه‌تی ئیسلامی‌و شیعری شاعیره كلاسیكه‌كانی كورد زۆر سودم لێوه‌رگرت. دیده نوێیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه به‌بڕوای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هیچ شیعر‌و شاعیرێكی كلاسیكی سۆفی‌و سۆفیگه‌ری كوردمان نیه. ئه‌م په‌رتوكه ده‌روازه‌یه‌ك بوو، بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندان په‌رتوكی دی له‌م بواره‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئه‌م په‌رتوكه زۆر به ڕه‌های‌و ڕاشكاوانه بانگه‌وازی نه‌بوونی شاعیری سۆفی له‌ناو كورددا ده‌كات. ئه‌و ئه‌زمونه كه‌مه‌ی خوێندنه‌وه‌م شه‌یدایی خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچونی كردم، هه‌تاوه‌كو خۆم بڕیاری بۆچونه دولایه‌نه (شاعیری سۆفیمان هه‌یه یان نا)بده‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر له‌م بواره چه‌ند په‌رتوكم خوێندۆته‌وه(جه‌خت له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی تێكستی ئه‌ده‌بی سۆفیگه‌ری‌و شاعیری سۆفی ده‌كه‌ن)، به‌ڵام دیدێكی ناوازه‌ی وام پێشتر نه‌خوێندۆته‌وه، كه بڵێت شاعیری سۆفیمان نیه! به‌ڵكو زۆرینه‌ی بۆچونه‌كان ده‌ڵێن شیعروشاعیری سۆفیگه‌رمان هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت چه‌ندین نامه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئه‌م بواره نووسراوه. منیش وه‌ك خوێنه‌رێك بۆ دروستی دیده جیاوازه‌كان ئه‌م گه‌ڕانه‌م ئه‌نجامدا.
ئه‌م تێكسته‌ی وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه، له نووسینی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ ڕۆشنبیری كوردی تاڕاده‌یه‌ك نوێیه په‌رتوكێكی گرنگه. ئه‌و بۆچونه‌ش ئه‌وه‌یه ته‌سه‌وف به‌لادان له‌شه‌ریعه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی دارایی‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت داده‌نێت(ڕاسته من ده‌مه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌م بۆچونه بده‌مه‌وه، به‌ڵام دیده نوێكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆخۆی گرنگه، له‌به‌رئه‌وه ئامانجی من دروستكردنی گفتوگۆیه)، له‌لایه‌كی تره‌وه خۆی بابه‌ته‌كه(عیرفان) هه‌ڵگری ڕاڤه‌وخوێندنه‌وه‌ی جیاوازه. من له‌م نووسینه وه‌ڵامه‌مدا نامه‌وێت بڵێم حه‌قیقه‌ت لای منه، حه‌قیقه‌ت پاوانناكرێت. ئه‌وه بۆ من گرنگبوو كه ئه‌م په‌رتوكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بواری گه‌ڕانی دامێ، چونكه پرسیاری لادروستكردم. ئه‌م دیده پێیوایه هه‌ر شیعرێكی سۆفیگه‌رێتی‌و هه‌ر شاعیرێكی سۆفی ده‌بێت دژی ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته بێت. گرنگه بزانین چۆن له‌م سێ ده‌سه‌ڵاته تێده‌گه‌ین، كه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌سێ بنه‌مای حاشا هه‌ڵنه‌گریان داده‌نێت. ئایا شیعرێكی سۆفیگه‌رێتی كه بۆ عه‌شقی خودا نووسرابێت، ده‌كرێت وه‌ك لادان‌و كوفر بیخوێنینه‌وه؟ ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی جگه له‌خۆشه‌ویستی بۆ یه‌زدان هیچی دی نه‌ده‌ویست، ده‌كرێت ئه‌و خۆشه‌ویستییه كه هه‌ندێكجار ده‌بێته هۆی لادان له‌شه‌ریعه‌ت، به‌ئامانجی گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت، به‌كافربوونی ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی دابنێین؟ مه‌حوی كه دۆزه‌خ هه‌ڵده‌بژێرێت‌و به‌هه‌شت ڕه‌د ده‌داته‌وه(دیاره ئه‌مه لادانه له‌شه‌ریعه‌ت به‌مانا باوه‌كه‌ی، ئه‌و شه‌ریعه‌ته‌ی خه‌ڵك پێڕه‌وی ده‌كات، ده‌نا من پێموایه ساتی حاڵ، ساتی عیباده‌ته) له‌به‌ر یاره‌كه‌ی(خوا) ده‌كرێت به‌مه‌حوی بڵێین كافرو لاده‌ر؟ مه‌وله‌وی كه مه‌یخواردنه‌وه به‌ئه‌رك ده‌زانێت، چونكه به‌هێزی ده‌كات، لادان نیه له‌شه‌ریعه‌ت؟ ده‌كرێت بڵێین مادام مه‌ی كه (به‌پێی شه‌ریعه‌ت حه‌رامكراوه)، مه‌وله‌وی به(حه‌ڵاڵ‌و سود به‌خش) له شیعره‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌وا مه‌وله‌وی كافره‌و خۆی به‌خوا ده‌زانێت؟ له‌م شیعره‌دا مه‌وله‌وی چۆن باسی مه‌ی ده‌كات.
ساقی باك نییه‌ن جه سه‌ردی ده‌ی، ده‌ی
هه‌وا وشكه‌ره‌ن نه‌شئه‌ی نوشای مه‌ی (6)
یان له‌م نیوه دیڕه‌دا ده‌ڵێت:
جامێ وه‌ده‌س نێین، ده‌س وه‌سه‌ره‌وه(7)
با مه‌ییتان لێنه‌بڕێ‌و مه‌ی نه‌شئه به‌خشه، به‌ده‌ستێكتان مه‌ی هه‌ڵده‌ن‌و به‌ده‌سته‌كه‌ی دی دووعا بكه‌ن‌وده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه بۆ لای یه‌زدان. گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سانا‌و دوور له ئاگایی ئه‌ده‌بیات‌و هێما‌و ڕه‌مزه‌كانی سۆفیگه‌ریی ئه‌م تێكسته لێكبده‌ینه‌وه، ئه‌وا بێسێ‌و دوو(ڕاسته‌وخۆ) ده‌ڵێین شیعرێكه دژ به‌بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام. چونكه مه‌وله‌وی ده‌ڵێت، به ده‌ستێكتان كاری باشه بكه‌ن(نزاكردن) به‌ده‌سته‌كه‌ی دی، كاری خراپه‌وحه‌رام(مه‌یخواردنه‌وه). به‌ڵام مه‌ی‌و خه‌رابات له فه‌رهه‌نگی سۆفیگه‌ریدا مانایه‌كی دیبان هه‌یه. ئه‌و داله نیه، كه یه‌ك مه‌دلولی هه‌بێت.
ئه‌و خه‌رابات‌و مه‌یه‌یی سۆفیان باسی ده‌كه‌ن، ڕه‌مزێك‌و هێمایه‌ك نیه بۆ مه‌به‌ستێكی جیا له‌و مانا ئاشكرایه‌ی كه تێكست هه‌یه‌تی؟ گه‌ر به مه‌لایه‌كی ئاینی بڵێیت مه‌ی زۆر باشه‌و به‌ده‌ستێ مه‌ی بگره‌و به‌ده‌سته‌كه‌ی تر نزابكه، یان بڵێیت له‌به‌ر یار ده‌ست له به‌هه‌شت هه‌ڵگره‌و بچۆ جه‌هه‌نه‌مه‌وه، ڕاسته‌وخۆ مه‌لا به‌كافر‌و زه‌ندیق ناوه‌زه‌دت ده‌كات. به‌ڵام له‌شیعردا‌و به‌تایبه‌ت له‌شیعری سۆفیگه‌رێتیدا، ئه‌م ده‌ربڕینانه ئاساییه‌و ئه‌وپه‌ڕی خواناسیه‌وخۆشه‌ویستی یه‌زدانه. ئایا مه‌یخواردنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی جه‌هه‌نه‌م‌و ڕه‌ددانه‌وه‌ی به‌هه‌شت كاری زاهید‌و خواناسانه؟ گه‌ر وه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت تێكستی سۆفیان بخوێنینه‌وه‌وڕاڤه‌ی بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین ئه‌و شیعرانه‌ی مه‌حوی‌ومه‌وله‌وی ناچنه خانه‌ی ته‌سه‌وفه‌وه، به‌ڵام من پێموایه ئه‌م شیعرانه جگه له‌ساتی عیرفانی هیچ ساتێكی دی ناتوانێت ئه‌م تێكستانه به‌رهه‌مبهێنێت.
ئایا دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌زۆر حاڵه‌تدا ناچێته‌وه خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتكردن؟ له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌بێت بپرسین شوێنكات چ كاریگه‌ریه‌كیان له گۆڕانی ئه‌م دیده هه‌یه؟ واته ئه‌گه‌ر له ڕابردودا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو گه‌وره ده‌سه‌ڵاتداری توندڕه‌وی ئیسلامی‌دا (ئه‌مه‌وی-عه‌باسی) سۆفیگه‌رێتی دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوبێت، ئه‌وا چ گرنگه له شوێن‌و كاتێكی دی سۆفیگه‌ران دژی ده‌سه‌ڵاتێكی تاڕاده‌یه‌ك میانڕه‌و وه‌ستابێتنه‌وه؟ یان ئه‌و قۆناغه مێژوویه‌ی مه‌حوی تێیدا ژیاوه، تاچه‌ند گرنگ بووه دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته بوه‌ستێته‌وه؟ ئایا دژ وه‌ستانه‌وه‌ی مه‌حوی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته زیانی به‌كورد نه‌ده‌گه‌یاند له‌به‌رامبه‌ردا به‌سود گه‌یاندن به‌ده‌سه‌ڵاتی دوژمنان بشكێته‌وه؟ وه‌ك ده‌زانرێت (ئه‌و كاته‌ی میرنشینی بابان ده‌كه‌وێته ژێرجنگ‌و داگیركاری عوسمانیه‌كانه‌وه مه‌حوی ته‌مه‌نی بیست ساڵانه)(8). له‌لایه‌كی دیه‌وه پێموایه له‌شیعری مه‌حویدا، ئه‌و جۆره ڕه‌خنانه‌ی له زاهید‌و به‌ناو سۆفیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌گرێت‌و دوورخستنه‌وه‌یی، جۆرێك له‌دژ وه‌ستانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات.
به ده‌فعی سیخنی كردن زاهید ڕاغیبی مه‌ی بو
كه‌چی ساقی وتی: ناده‌م به‌كه‌م فام ئه‌ز مه‌ی گوڵ فام
پێموانیه دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای سۆفیان هێند ڕه‌ها بێت. كه نووسه‌ر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، مه‌گه‌ر له‌م لایه‌نه‌وه بێت كه دواجار وه‌ك دوو دیوی یه‌ك دراوی لێدێت(كه دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتن ته‌واو ده‌بێت). له‌لایه‌كی دیه‌وه وه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت خۆی باسی ده‌كات زیاتر له “سه‌دان ڕێبازی سۆفیگه‌ری هه‌بووه‌و هه‌یه”(9). ده‌كرێت له‌و سه‌دان قوتابخانه‌یه‌دا، قوتابخانه‌یه‌ك ببینینه‌وه كه به‌و ڕه‌هاییه‌ی نووسه‌ر باسی ده‌كات، دژی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته(ئاینی-ده‌وڵه‌ت) نه‌بوو بێت. هه‌روه‌ك من پێموایه ده‌بێت دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دارایی هه‌بێت(ئه‌ركه)، چونكه سه‌ره‌تای هه‌موو ڕێبازێكی سۆفیگه‌رییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی سۆفی له دژ وه‌ستانه‌وه‌ی پاره‌ولایه‌نی داراییدا زیاتر له‌خۆی‌و ده‌رونی خۆی نێزیك ده‌بێته‌وه.
بۆ پاره حه‌یفه خۆ ده‌كه‌یه پوولی نا ڕه‌واج
بۆ پارویه‌كی نان ئه‌سه‌فه‌رو ده‌كه‌ی به‌ساج(10)
به‌ڵام وه‌ك پێشتر باسمكرد، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌وه‌ی سۆفیان دژی ده‌سه‌ڵاتبوون، پێموایه نزیكبوونه‌وه‌و كوده‌تاكردن‌و دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌دیوێكیدا دژ وه‌ستانه‌وه‌یه. به‌دیوه‌كه‌ی دی‌دا سیاسه‌تكردن‌و نزیكبوونه‌وه‌یه له ده‌سه‌ڵات. به‌واتا كاتێك سۆفییه‌كان به بڕوای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دژی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی‌و ده‌وڵه‌ت بوون. به‌دیدی من زیاتر مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه بووه له‌و ده‌سه‌ڵاتانه، واته دژ وه‌ستانه‌وه به ڕووه‌كه‌ی دی‌دا، تاخوا حه‌زبكات نزیكبوونه‌وه‌یه. ئه‌وه‌تا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت خۆی نووسیویه‌تی”ئامانجی شۆڕشه‌كه ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌لجووقی بووه به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سۆفیگه‌ری”(11).
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سۆفیگه‌رێتی جگه ده‌سه‌ڵاتگرتنه ده‌ست(ئه‌زمونكردنی ده‌سه‌ڵات) هیچی دی نییه. لابردنی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك به‌نیشته‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاتێك‌و سیستمێكی سیاسی دی ده‌بێت. بۆ زیاتر دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، من زیاتر له‌په‌رتوكه‌كه‌ی خۆیه‌وه وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی باشتر هه‌ست به‌وه‌بكات، گه‌ر دژ وه‌ستانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتكردن نه‌بێت ئه‌دی چیه؟ كاتێك سۆفیه‌كانیش وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران حه‌ز له‌منداڵی جوان‌و كه‌نیزه‌ك بكه‌ن!.(12) ئیدی جیاوازیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران نیه، چونكه له‌لایه‌ك كۆده‌تا ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دی حه‌زیان له منداڵ‌و كه‌نیزه‌كی جوانه. باشه گه‌ر سۆفیان هێنده كه‌م ئیراده بوبێتن چۆن توانیویانه بگه‌نه ئه‌و پله به‌رزانه؟ گه‌ر سۆفیان گه‌یشتبنه ئه‌و حاڵه‌ی كه خۆیان به‌خوا بزانن(كه ئه‌مه به زه‌بتكردنی ده‌رونی سۆفی ده‌بێت) ئیدی چۆن ئیراده‌ی دیسپلینی(زه‌بت-كۆنترۆڵكردن) ده‌ره‌وه‌ی(جه‌سته‌ی) خۆیان نه‌بووه؟ ریازه‌تكێشان‌و زه‌بتكردن چیه؟ زه‌بتكردن یه‌كێكه له‌و خاڵه گرنگانه‌ی كه پێویسته سۆفیان ڕه‌چاوی بكه‌ن،(زه‌بتی جه‌سته‌یان بكه‌ن، ده‌توانین به‌شێكی به‌زه‌بتی سێكس ناوی به‌رین)، زه‌بتكردنی جه‌سته هه‌تاوه‌كو”جه‌سته نه‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م كامڵبوونی ڕۆح‌دا”(13). زه‌بتكردن گرنگه بۆ وتن‌و ده‌ربڕینه‌كان، كه پێموایه كوشتنی حه‌لاجیش به‌شێكی بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئیراده‌ی نه‌بووه بۆ (سكوت)كردن، زه‌بتی وتنی بكردایه هه‌تاوه‌كو په‌ره‌ی به‌زانینه‌كانی بدایه. زه‌بتكردن گرنگه هه‌م له‌ڕووی مۆراڵه‌وه (ڕه‌وشت) بۆ سۆفی گرنگی خۆی هه‌بوه، هه‌م بۆ عروجكردن كه له ئیسراومیعراجی پێخه‌مبه‌ری خوا(د.خ)هاتووه، كه زه‌بتی جه‌سته ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ئیراده‌و ئاكاره‌وه هه‌یه، نه‌بوونی ئیراده‌و توانای زه‌بتكردن وا له‌سۆفی ده‌كات گرفتی بۆ بسازێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌ندێك له‌سۆفیه‌كاندا هاتووه.(14).
له‌لایه‌كی دیه‌وه دژ وه‌ستانه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت(من ده‌ڵێم لادان نه‌ك دژ وه‌ستانه‌وه) زۆر ئاساییه. ئه‌م لادانه له‌شه‌ریعه‌ت له‌پێناو زێده‌تر نزیكبوونه‌وه‌دا بووه له‌شه‌ریعه‌ت‌و گه‌یشتن‌و یه‌گرتن له‌گه‌ڵ خوا. ئه‌مانجی هه‌موو ئه‌و سۆفیانه‌ی كه له شه‌ریعه‌ت لایانداوه، گه‌یشتن‌و یه‌گرتن بووه له‌گه‌ڵ خوا. به‌ڵام ئایا نزیكبوونه‌وه له‌خوا‌و یه‌گرتن له‌گه‌ڵ خوا خۆ به خوا زانین(له‌حاڵه‌تی فه‌نادا) دژ به‌شه‌ریعه‌ته؟ به‌دیدی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ڵێ، به‌ڵام به‌دیدی من نه‌خێر، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خۆمان له وشكی شه‌ریعه‌ت به‌دوور بگرین‌و ڕێگه نه‌ده‌ین ئاسان مه‌لاو موسڵمانه گویڕایه‌ڵه‌كان. كه له‌م حاڵه‌تانه‌ی عاریف ناگه‌ن به‌ڵام تیرۆریشیان بكه‌ن. شه‌ریعه‌ت سنوردانانه بۆ گه‌یشتن به یه‌زدان یان ڕێگه‌یه‌كی خاووخلیچكه، گه‌ر مه‌حوی به‌ڕێگه‌ی شه‌ریعه‌ت نیازیه‌تی بگاته یه‌زدان ئه‌وا هه‌ڵه ده‌كات به‌هه‌شت ڕه‌د ده‌داته‌وه. ئاساییه سۆفیه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌خوا كه دوا ئامانجه لای سۆفیان، هاوكات پله‌یه‌كی به‌رزه‌و دواپله‌یه له‌شه‌ریعه‌ت لابدات. (به‌ڵام گه‌یشتن به‌خوا دواجار گه‌یشتنه به‌ئه‌وپه‌ڕی جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت) وه‌ك د.محه‌مه‌د كه‌مال ده‌ڵێت ( كاتێك ئه‌و(سۆفی) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خوابێت و به‌رده‌وام به ڕۆژوو بێت، ئیدی چ پێویست ده‌كات به‌س مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژو بێت‌و یان به‌س ڕۆژی پێنج جار نوێژ بكات، له‌كاتێكدا سۆفی به‌رده‌وام نوێژ ده‌كات)(15)، هه‌رچه‌ند زۆر ئاساییه گه‌ر زۆرێك له‌پێڕه‌وكه‌رانی شه‌ریعه‌ت له‌مه تێنه‌گه‌ن‌و سۆفیان به‌كافر بزانن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌زمونی ئه‌م حاڵه‌ته‌یان نه‌كردوه، واته بۆخۆیان توانای گه‌یشتنه حاڵیان نیه‌و سۆفی نین، تاڕاده‌یه‌ك ئاساییه دژایه‌تی بكه‌ن، كه خۆی پێی نه‌گه‌یشتبێت یان خوایه‌ك كه نه‌یدیبێت. پێڕه‌وكه‌رانی شه‌ریعه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌م حاڵه‌ی سۆفیان ناگه‌ن، له‌ئه‌قڵ به‌ده‌رنیه گه‌ر بڕوایان پێنه‌كه‌ن‌و له‌شیعره‌كانیان نه‌گه‌ن‌و به‌هه‌ڵه ڕاڤه‌ی بكه‌ن، چونكه شیعری سۆفیان به‌شێك له‌ڕاستی بوون له‌خۆده‌گرێت، له‌كاتێكدا هه‌موان روپۆش ده‌كه‌ن‌وبونی خۆیان ده‌شارنه‌وه. به‌جۆرێك كه ئه‌و شیعرانه‌ی سۆفیه‌كان، وێناكردنی ئه‌و حاڵه‌یه كه سۆفی پێی ده‌گات. كه‌سێكیش به‌م حاڵه نه‌گه‌یشتبێت‌و ئاگایی له‌م باره‌یه‌وه نه‌بێت، له‌و شیعرانه تێناگات یان ماناكه‌ی ده‌شێوێنێت. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاساننیه بۆ لێكۆڵه‌ر بیه‌وێت حكومی یه‌كلایه‌نانه به‌سه‌ر سوفیاندا بدات، چونكه لێكۆڵه‌ر ئه‌زمونی ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی سۆفی نه‌كردوه، بۆ نمونه لێكۆڵه‌ر ته‌نیا به‌سه‌یركردنی ده‌ریا ده‌توانێت په‌سنی ده‌ریاكه بكات وه‌لێ سۆفیان وه‌ك ماسی خۆیان له‌ناو ده‌ریادان، ناوه‌وه‌ی خۆیان ده‌ناسن. وه‌لێ لێكۆڵه‌ر ته‌نیا جه‌سته یان ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌بینێتت. ئه‌مه‌یه وامانلێده‌كات زیاتر خۆگرو، وردتر بیر له‌بابه‌ته‌كه بكه‌ینه‌وه. بۆ زیاتر ڕونكردنه‌وه له‌باسی شه‌ریعه‌ت لاداندا نمونه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه(به‌هیوام به‌هه‌ڵه لێك نه‌درێته‌وه ته‌نیا بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌یه) سۆفییه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌خوا نزیكترین‌و ڕاسته‌وخۆترین ڕێگه هه‌ڵده‌بژێرێت(واته گه‌ر ڕێگه‌ی زه‌مینی- سه‌یاره، ڕێگه‌ی ئاسمانی هه‌بێت)ئه‌وا سۆفیه‌كه ڕێگه‌ی ئاسمانی هه‌ڵده‌بژێرێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر ڕێگه ئاسمانیه‌كه مه‌ترسیداریش(حه‌لاج‌وكوشتنه‌كه‌ی) بێت. هه‌رچه‌ند سۆفی له‌ڕێگه‌ی دڵ‌وده‌رونه‌وه ده‌گاته حاڵ‌و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته خوا. سۆفی بۆ گه‌یشتن به خوا ڕێگه ڕاسته‌وخۆكه(ئاسمانی) هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش مه‌ترسیداره(له‌شه‌ریعه‌ت لادانه)، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه سۆفی بگاته ئامانج(خوا). ڕێگه ناڕاسته‌وخۆكه(ئوتۆمبێل) مه‌ترسی نیه(له شه‌ریعه‌ت لانادات)به‌ڵام ئه‌م ڕێگه‌یه دره‌نگتر ده‌گاته ئه‌مانج(خوا)، هه‌روه‌ك ئاگاییه‌كی زۆر لای سۆفیان هه‌یه بۆ شه‌ریعه‌ت‌و پێڕه‌وكردنی، به‌واتا ده‌زانن نوێژ‌و ڕۆژو ڕیازه‌ت‌و… بۆ كێ ده‌كه‌ن، هه‌ر نوێژی سه‌رموقلات ئاسا ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌هه‌موو بوونیانه‌وه عیباده‌ت.. ده‌كه‌ن، دكتۆر موسه‌ته‌فا مه‌له‌كیان زۆر جوان په‌سنی ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه‌و مه‌ترسیه‌كانی ده‌كات “مرۆڤیكی ئاسایی‌و كۆڵانی‌و بازاڕی تێڕوانینی بۆ ئاین ئه‌وه‌یه، كه ئاین بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌هه‌ر ڕوانین‌و سه‌یركردنێكه‌وه كه هه‌یانه زنجیره‌یه‌ك فه‌رمانی یه‌ك له‌دوای یه‌كه، ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌مان بۆ ئاین هه‌بێت، ئه‌وا هه‌رگیز به‌مه‌عنه‌ویه‌ت ناگه‌ین”(15). مه‌له‌كیان ڕاستده‌ڵێت، خه‌ڵكی ئاسایی ناتوانن وه‌ك سۆفیان به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازاره بگرن، كه سۆفی بۆ گه‌یشتن به‌مه‌عنه‌ویه‌ت‌و بۆ گه‌یشتن به‌خوا ده‌یجێژێت. هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت شتی دنیایی فه‌رامۆش بكات‌و خۆی له‌زیاده‌ڕه‌وی بگرێته‌وه..خه‌ڵكی كه له ژیانی دونیاییدا نغرۆ بوون، ئیدی چۆن ده‌توانن عاشق بن؟ عاشقێكی ڕاسته‌قینه، كه‌سێك عاشقی دنیا بێت ناتوانێت عاشقی خوابێت به‌مانا مه‌عنه‌ویه‌كه‌ی، كه‌سێك عاشقی خالق بێت ناتوانێت په‌رستشه‌كانی كۆمه‌ڵێك كرده‌ی بێ ڕۆح بن”هه‌رچه‌ند بمانه‌وێ له گه‌وهه‌ری ئاین نزیكبینه‌وه، ئه‌وا پێویسته په‌رستشگه‌رایی كه‌مبكه‌ینه‌وه”(17)، وه‌ك پێشتر گوتم سۆفی‌و عاریفان ڕێگه‌ی ڕاسته‌وخۆو ئاسمانی هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام زاهید‌و خواناسان، ڕێگه‌ی ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێرن(زه‌مینی-سه‌یاره). ده‌بێت ئه‌وه له‌یاد نه‌كه‌ین، له‌هه‌ردوو ڕێگه‌كه‌دا(ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ)پله‌به‌ندی هه‌یه، واته ناكرێت مه‌حوی‌و حه‌لاج له‌یه‌ك پله‌دا ڕیز به‌ند بكه‌ین، چونكه حه‌لاج بێ دودڵی‌و گومان‌و ترس ڕێگه‌ی گرته به‌ر. به‌ڵام مه‌حوی پشتگیری حه‌لاج ده‌كات‌و ده‌ڵێت منیش وه‌ك تۆ ڕاست ده‌ڵێم، ناترسم‌و پشتگیریت ده‌كه‌م ڕێگاكه‌ی تۆ هه‌ڵده‌بژێرم. به‌واتا دنیابینی حه‌لاج له‌تێكسته‌كانی مه‌حویدا ده‌بینرێت، كه شتێكی ئاساییه چونكه هه‌ردوكیان سۆفین، به‌ڵام ناكرێت حه‌لاج‌و مه‌حوی بكرێنه یه‌ك تای ته‌رازووه‌وه. به‌دیدی من هه‌ردوكیان(مه‌حوی-حه‌لاج)دوو شاعیر‌و سۆفین، له‌دوو جوگرافیای جیاو‌و دوو سه‌رده‌می جیادا ژیاون. مه‌حوی زۆر “حه‌لاج”انه دێته گۆ له‌م به‌یتانه‌ی خواره‌وه‌دا‌و هاوكات سه‌ر زه‌نشتی حه‌لاجیش ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه‌سنوور ده‌به‌زێنێت‌و نهێنی رازی خۆی دركاندوه.
له حه‌قبێژی بووه به‌حری(انا الحق) هه‌ر قه‌سیدێكم
له باتی جائیزه، واجب گه‌ڕا قه‌تلم بكه‌ن زاجب
به‌حه‌ق هه‌ر حه‌ق، به‌ناحه‌ق ناحه‌قم وتوه له‌ڕۆژێ بوم
وه‌كو مه‌نصور ئه‌گه‌ر بشمكوژن ناكه‌م له حه‌ق لاده‌م(18)
یان ده‌ڵێت:
با حه‌قیشی بێ له بۆ(مه‌نصور)(اناالحق) حه‌ق نیه
شێتیه مه‌جنون، ئه‌گه‌ر بێ نازی له‌یلا یی بكا! (19)
ئه‌م شیعرانه‌ی مه‌حوی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن. ناكرێت مه‌حوی‌و حه‌لاج وه‌ك دوو سۆفی له‌یه‌ك پله‌دا دابنرێن. هه‌روه‌ك ناكرێت حافز‌و مه‌وله‌ویش له‌یه‌ك پله‌دا دابنرێن، به‌ڵام دواجار هه‌ر چواریان سۆفین‌و شیعره‌كانیان گه‌واهی ئه‌و ڕاستیه ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ك ده‌توانین بڵێین مه‌حوی بۆیه ره‌خنه له حه‌لاج ده‌گرێت، هه‌تا پێی بڵێیت ناشێ موریدانت فێر بكه‌یت بێنازی یاره‌كه‌یان بكه‌ن” شێتیه مه‌جنون، ئه‌گه‌ر بێ نازی له‌یلا یی بكا!” یان ناشێ خه‌ڵك له‌و ڕازه‌ی خۆت ئاگاداربكه‌یت بۆ مه‌عشوق، چونكه ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی جیهانی عیشقدان.
مه‌حوی له یه‌كێك له‌شیعره‌كانیدا زۆر جوان باس له‌و ڕێگریه له‌گه‌یشتنی به یار ده‌كات ، كه “من”ه، ئه‌و منه لوتبه‌رزه‌ی كه ده‌بێت تێپه‌ڕێنرێت، چونكه له عیشقدا خاكیبون گه‌ره‌كه نه‌ك لوتبه‌رزی. مه‌حوی ده‌ڵێت،
بیبه له من، دره‌ختی (منی) له‌عنه‌ته‌به‌ری
یه‌عنی بكه له‌كبیر‌و ئه‌نانییه‌ت ئیحتراز
هه‌روه‌ك حافزیش له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت.
میان عاشق‌و معشوق هیچ حایل نیست
میان عاشق و معشوق هیچ حایل نیست
تو خود حجاب خودی حافچ ازمیان برخیز(20)
مه‌سه‌له‌ی شه‌ریعه‌ت زێده‌تر زاهید‌و خواناسه‌كان په‌یوه‌ستن پێوه‌یی‌و به‌توندی پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام لای عاریفه‌كان زۆر دوورتر له‌وه ده‌ڕۆن. ئه‌وان ڕێگه‌ی ڕاسته‌وخۆیان بۆ گه‌یشتن به‌خوا(حه‌قیقه‌ت) گرتۆته به‌ر وه‌ك مه‌حوی ده‌ڵێت،
بێچونه ده‌ریای عه‌ده‌م ناگه‌یته یار(خوا).
بێ چونه عه‌ده‌م،په‌ی به‌سۆراغی ده‌می نابه‌ی
فایز ببه به‌م گه‌وهه‌ره له‌و به‌حره به‌ڕۆچون(20)
مه‌حوی له‌م به‌یته‌دا پێشمه‌رجی داناوه بۆ گه‌یشتن به یار(خوا). واته مه‌حوی گه‌ره‌كیه‌تی یار ببینێ(نه‌ك هه‌ر ئه‌یه‌وێ به‌ڵكو خۆی ئه‌زمونی كردوه، بۆیه به گه‌وهه‌ر په‌سنی ده‌كات) ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت، خۆی له ده‌ریای نه‌بوودا غه‌رق بكات و بگاته خوا‌و خۆی له‌ودا ونبكات.”شاعیر تاكو قه‌راغی مه‌رگ ده‌بات‌و ڕێباز‌و مه‌قامه‌كانی ڕۆحانی ته‌ی ده‌كات، پێویسته ڕۆبچێته قۆڵایی ده‌ریا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر وێنه‌ی مه‌عشوقه‌كه‌یدا بگرێت، ده‌ریاو وێنه‌ی مه‌عشوق … ته‌نیا له‌شێوه‌ی عه‌ده‌مدا به‌ره‌وڕووی شاعیر ده‌بێته‌وه” (21).
هه‌روه‌ك مه‌حوی ده‌ڵێت” تا نه‌بووری تۆ له سه‌ر، ڕێ ناخه‌یه مه‌یدانی عیشق
سه‌ر له‌پێشی پێ، ده‌بێ له‌م ڕێگه دانێی (أۆلا)”
مه‌حوی له‌م به‌یته‌دا بڕیاری دیتنی خوای داوه‌و ئاماده‌شه خۆی فه‌وت بكات(فه‌نا بون) بۆ ئه‌م دیداره، كه دیتنی مه‌عشوقه‌كه‌یه‌تی(خوا).
وه‌ك دیاره شه‌ریعه‌ت‌و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت، هۆكارێكه بۆ چونه به‌هه‌شت‌و خوابینین، به‌ڵام سۆفیه‌كان گه‌ره‌كیانه هه‌ر له‌مدنیایه‌دا بگه‌نه خوا‌و خوا ببینن. لای سۆفییه‌كان خوا له چونه به‌هه‌شت گرنگتره. ئه‌م شیعره‌ی مه‌حوی لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ده‌شێت لادان بێت له‌شه‌ریعه‌ت(به‌ڵام من پێموایه مه‌به‌ست لادان له‌شه‌ریعه‌ت به‌سودی سۆفی ده‌شكێته‌وه چونكه سۆفی-عاریف ده‌یه‌وێت بگاته حه‌قیقه‌ت، له‌به‌رئه‌وه لادانێكی پێویسته)، له‌م شیعره‌دا شاعیر به‌هه‌شت نه‌ویسته‌و به‌هه‌شتی ناوێت له‌به‌ر یاره‌كه‌ی ئاماده‌یه بچێته جه‌هه‌نه‌م، به‌مه‌رجێ یار‌وخۆشه‌ویستی ئه‌وی لێبێت (كه ئه‌مه ڕێگه‌ی ڕاسته‌وخۆیه). وه‌ك مه‌حوی ده‌ڵێت:
گه‌ر ئاگری مه‌حه‌ببه‌تی شك به‌م له دۆزه‌خا
ئه‌و دۆزه‌خه به‌هه‌شته، جه‌ننه‌ت ده‌كه‌م حه‌رام(22).
له شوێنێكی تردا مه‌حوی شیعره‌كانی خۆی پیرۆز ده‌كات، تا ئه‌و ئاسته‌ی بڵێت، شیعره‌كانی وه‌ك میوه‌ی به‌هه‌شتن. هاوكات خواش به سه‌رچاوه‌ی شیعره‌كانی داده‌نێت.
وتی، میوه‌ی به‌هه‌شته شیعری(مه‌حوی)
خودا نه‌بڕێ له باغم داری به‌ردار (23)
پێڕه‌وكردنی شه‌ریعه‌ت‌و تێگه‌یشتن له‌شه‌ریعه‌ت پێموایه پێویستی به‌كه‌مێك كرانه‌وه‌و بیرفراوانی هه‌یه، چونكه ناكرێت چاومان دابخه‌ین له‌ئاست ئه‌و هه‌موو شیعرانه‌ی كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سۆفیگه‌ریی. دیدی من بۆ شیعره‌كانی مه‌حوی دولایه‌نه له‌لایه‌ك شیعری ز‌وهدو خواناسی ده‌بینرێت، له‌لایه‌كی دی شیعری سۆفیگه‌رێتی. له‌لایه‌كی دیه‌وه شیعر‌و شاعیر سه‌ربه‌ستیان له‌خه‌ڵكی ئاسایی زیاتره‌و ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك لادان بێت بۆ ئه‌وان شیاوه. هاوكات پێموایه مه‌حوی شیعری یاخیبوونی زۆر هه‌یه، كه‌ئه‌م شیعره‌ش یه‌كێكه له‌وان(له‌كاتێكدا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت خۆی یاخیبوو به‌خه‌سڵه‌تێكی گرنگی سۆفیگه‌رێتی داده‌نێت). هه‌ربۆیه من پێموایه ئه‌و دیده‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پێویستی به‌گفتوگۆی زێده‌تر هه‌یه، كه به‌داخه‌وه له‌هه‌ندێك شوێندا نووسه‌ری ناوبراو زۆر به‌ڕه‌هاییه‌وه ده‌دوێت‌و له‌كاری زانستی لایداوه! كه ده‌توانم چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی بۆ دیاریبكه‌م كه به‌ڕه‌هایی نووسیویه‌تی. ئه‌مه‌ش ژماره‌ی هه‌ندێك له‌و لاپه‌ڕانه‌یه كه نووسه‌ر به‌ڕه‌هایی نووسیویه‌تی په‌یڕه‌وی كاری زانستی ناكات ( 10-16-17- 19-26-27- 29-30-32-61-81-114-130-159-208-.هتد)(24)، له‌هه‌مان كاتدا داوای ئه‌وه ده‌كات ئه‌م نووسینه‌ی ببێته سه‌ره‌تای گفتوگۆیه‌ك له‌سه‌ر سۆفیگه‌ریه‌تی‌وخوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز بۆ شیعره كوردیه‌كان، كه به‌شیعری سۆفیگه‌ریه‌تی ناسراون، به‌ڵام من ده‌پرسم كاتێك به‌ڕه‌هایی بنووسین چۆن ده‌توانین بواری گفتوگۆ بهێڵینه‌وه؟ گوتنی ڕه‌ها نیشانه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ی دیالۆگ نیه؟ نیشانه‌ی گه‌یشتن به كۆتایی نیه؟ به‌ڕاست نه‌زانینی دیده‌كانی تر نیه له‌به‌رامبه‌ر دیدی خۆدا؟ گه‌یشتن به ڕاستی بڕیاردانه له‌سه‌ر به‌ڕاست نه‌زانین‌و قه‌بووڵنه‌كردنی ئه‌ویدی؟ گه‌یشتن به یه‌قین، هه‌ڵگری جۆرێك له دۆگماییه؟ چونكه هزری مرۆڤ له‌گه‌شه‌كردن‌و پێشكه‌وتندایه، به‌ڵام تۆ له‌ئێستاوه گه‌یشتویته حه‌قیقه‌ت‌و پێویستت به‌زیاتر زانین له‌و بواره‌دا نیه. به‌ڕه‌های گوتن هه‌ڵگری مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌رداخستنی هزرو تێڕامان. گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها بانگه‌شه‌كردنه بۆ حه‌قیقه‌تێك‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی چه‌ند حه‌قیقه‌تێكی تره، كه هه‌نوكه هه‌ن‌و چه‌ند ڕاستیه‌كی دی كه له‌داهاتوودا دێن. نووسین به‌ڕه‌هایی واته حوكمدان، له حكومدانیشدا ڕاستی ناتوانێت خۆی ده‌ربخات، چونكه تۆ حوكمی ده‌كه‌یت‌و بوار بۆ ئه‌وه ناهێڵیته‌وه شیعر خۆی خۆی ده‌ربخات وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی شیعر هه‌ڵگری چ هزرێكه بخرێته روو، ده‌بێت بوار بۆ شیعره‌كه بكه‌ینه‌وه‌و حوكمی نه‌كه‌ین‌و مانای دی لێبار نه‌كه‌ین. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ئه‌وه‌ی له شیعره‌كان ده‌وێت به‌و جۆره ده‌ركه‌ون كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت نه‌ك ئه‌وه‌ی كه خۆیان هه‌ن. هه‌روه‌ك حوكمدان وه‌ك ئه‌وه وایه كه‌سێك له‌ژێر ئازاردا دان به‌تاوانێكدا بنێت كه نه‌یكردووه. شیعره‌كانیش بۆ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌مان شتن، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌یه‌وێت ماناگه‌لێكیان لێ بار بكات كه هیی خودی شیعره‌كان نین، به‌ڵكو ویستی نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خوازێت، هه‌ربۆیه گرنگه نووسه‌ر شیعر ئازاد بكات‌و خۆی بدوێت. چونكه شیعریش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكه هه‌تا ئازاد نه‌بێت خۆی ده‌رناخات. هاوكات ده‌مه‌وێ له نووسه‌ر بپرسم، شانازیكردن به‌تواناو ئاستی خۆوه خۆ به‌كاریزماكردن، هۆكارێك نیه بۆ ئه‌وه‌ی به‌خوێنه‌ر بڵێیت نه‌كه‌یت به‌چاوێكی ڕه‌خنه‌و گومانه‌وه ئه‌م په‌رتوكه بخوێنیته‌وه؟!، ئه‌وه من بیست ساڵه له‌م بواره‌دا ده‌خوێنمه‌وه‌و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌وهام‌و توانام هه‌یه له‌سه‌ر فڵان لایه‌نی سۆفیگه‌ریه‌تی چه‌نده‌ها په‌رتوك بنووسم! منی خوێنه‌ر كاتێك په‌رتوكێك ده‌خوێنمه‌وه گرنگی په‌رتوك‌و توانای نووسه‌ر من هه‌ڵیده‌سنگێنم نه‌ك نووسه‌ر خۆی، به‌قه‌ولی ڕۆلان بارت نووسه‌ر ده‌مرێت، ئه‌وه كاری خوێنه‌ره تێكست ڕاڤه‌بكات‌و تێكستی نوێ به‌رهه‌مبهێنێت. به‌واتا تێكست ده‌بێت به‌رهه‌مهێن بێت….زه‌مه‌نی ئه‌و ئه‌ده‌به به‌سه‌رچوو كه كار له‌سه‌ر گه‌وره‌كردن‌و باڵاكردنی نووسه‌ر بكات‌و تێكست‌و خوێنه‌ر فه‌رامۆشبكات. نووسینه‌كه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پێویستی به‌خوێنه‌ری هۆشیار هه‌یه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ی ئاڵۆزه، به‌ڵكو نووسه‌ر تا ئاستی خۆباڵاكردن‌و خۆبه‌كاریزماكردن خۆ به‌رز ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ری به‌رهه‌منه‌هێن‌و ناچالاك بچوكبوونه‌وه ده‌سازێنێت. خوێنه‌ری ناچالاك له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌ییه گه‌وره‌كه‌ی نووسه‌ر بچوكده‌بێته‌وه‌و دیدی ڕه‌خنه‌ی بۆ تێكست ده‌مرێت. ئه‌م جۆره نووسینانه له‌كاری زانستیدا جێی نابێته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه كاتێك به‌ڕه‌هایی ده‌ڵێیت شیعری سۆفیگه‌رێتی له‌هیچ تێكستێكی شاعیرانی كوردا بوونی نیه، پێموایه ئه‌م بۆچونه جگه له‌و ڕه‌هاگوتنه، كه بۆچونه‌كه وه‌كخۆی ناگه‌یه‌نێت‌و له هه‌مانكاتدا گرفتێكی گه‌وره‌یه به‌هێنانه‌وه‌ی چه‌ند دێڕه شیعرێكی شاعیرانی كورد، ئه‌م بۆچونه جێگیر بكرێت‌و ببێته به‌ڵگه‌ی ڕه‌ها، ئه‌و بۆچونه نوێیه، پێویستی به‌زیاتر نمونه هێنانه‌وه‌و كێڵان هه‌بوو له‌ناو تێكستی ئه‌و شاعیرانه‌ی زۆرینه‌ی لێكۆڵیاری كورد به سۆفیان ده‌زانێت. پێویستی به‌زیاتر توێژینه‌وه هه‌بوو له‌ڕووی مێژووی‌و سیاسی‌و ئابوری.. له‌و ده‌مه‌دا، خۆی نووسینی دیدێكی له‌و چه‌شنه(نه‌بوونی شیعری سۆفیگه‌ری له ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردی له‌لایه‌ن له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌وه)، گه‌واهی بوونی شیعری سۆفیگه‌ری ده‌دات له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا، چونكه كاتێك شتێك خۆی نه‌بێت، ئیدی پێویست ناكات بگوترێت ئه‌و شته نیه، به‌واتا كاتێك ئێمه شیعری سۆفیگه‌ریمان نیه! ئیدی پێویست ناكات قسه له‌سه‌ر نه‌بوونی بكه‌ین، به‌ڵام به‌بوونی شیعری سۆفیگه‌ری ئاساییه قسه له‌سه‌ر نه‌بووی بكرێت‌و ڕه‌خنه له‌بوونی به‌نه‌بوونی بكرێت(كه ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كاره‌و ته‌مه‌نێكی ده‌وێت ڕه‌تدانه‌وه‌ی بۆچونێك، كه به‌جۆرێك بوه‌ته به‌ڵگه‌نه‌ویست بوونی شیعری سۆفیگه‌ری كوردی). له‌تیف هه‌ڵمه‌ت باش ده‌زانێت كه بۆچونگه‌لێك له‌سه‌ر بوونی شیعری سۆفیگه‌ری هه‌یه، به‌واتا ئه‌و دیده‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ڕه‌تدانه‌وه‌ی دیده گشتیه‌كه‌یه بۆ هه‌بوونی شیعری سۆفیگه‌ری كوردی، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆچونه‌كه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته كه زۆر به‌سانای‌و زۆر به‌ڕه‌های هه‌موو ڕاستیه‌كانی دی ڕه‌د ده‌كاته‌وه. دیده‌كه‌ی خۆی به‌ڕاستی ڕه‌ها داده‌نێت. ئه‌مه‌ش له نووسینی زانستیدا هه‌ڵه‌یه. به‌ش به‌حاڵی خۆم خۆشحاڵ‌و شادمانبووم بۆچونێكی جودام له‌سه‌ر سۆفیگه‌رێتی خوێنده‌وه. كه ئه‌مه‌ش ره‌چه‌شكێنی‌و بوێریه، به‌ڵام خۆزگا نووسه‌ر بیتوانیایه باشتر شیعری شاعیره كورده‌كانی به‌سه‌ر بكردایه‌ته‌وه‌و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌نووسینه‌كه‌ی خۆیدا نه‌سازندایه.
زۆر گرانه ئه‌و سێ بنه‌مایه‌یی كه پێویسته شیعری سۆفیگه‌رێتی پێڕه‌وی كات، له‌كۆی تێكسته‌كانی سۆفیاندا ببینرێت. چونكه زۆر به‌سانایی ده‌توانرێت حافزی شیرازی به‌و چه‌ند شیعره‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی وتوه‌و حه‌لاج به چونی بۆ حه‌ج‌و به‌كارهێنانی قورئان‌و فه‌رموده‌ی پێخه‌مبه‌ر(دخ)…ڕه‌دی ئه‌و بۆچونه بدرێته‌وه كه دژی شه‌ریعه‌ت نه‌بوون و دۆستی ده‌سه‌ڵاتداران بوون. گه‌ر حه‌لاج ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌كه‌عبه بزانێت بۆچی ده‌چێت بۆ حه‌ج؟ (هه‌رچه‌نده بوونی بۆ چونێكی وه‌ك حه‌ج ده‌كرێت به‌عیباده‌تی تر پڕبكرێته‌وه لای حه‌لاج، ده‌بێته هۆی كاره‌سات نانه‌وه، چونكه عه‌قڵی دۆگمای ئیسلامی دیدێكی وای بۆ هه‌زمناكرێت‌و ئه‌م دیده دژ به دۆگمی ئیسلامی بوو)(25).
له‌لایه‌كی دیه‌وه من نكوڵی له‌وه ناكه‌م، كه نابێت سۆفیان شه‌یدای ده‌سه‌ڵات بن. هه‌روه‌ك پشتگیری بۆچونی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ناكه‌م له‌وه‌ی كه سۆفیان به‌ڕه‌های دژی ده‌سه‌ڵاتبوون، (گه‌ر مه‌وله‌وی دژی ده‌سه‌ڵات نه‌بووبێت، ئه‌وا چۆن بابانی‌و ئه‌رده‌ڵانیه‌كان پێشنیازی پێدانی ده‌سه‌ڵاتی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌وله‌وی ڕدی ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌ردوو ده‌سه‌ڵات زۆر ڕێزیان له مه‌وله‌وی گرتووه، له‌م شیعردا زۆر باش له‌مه‌وله‌وی تێده‌گه‌ین.)(26).
چه‌رخ چه‌پ چه‌نیم ڕاس به‌سته‌ن كه‌ڵه‌ك
مه‌رر من سه‌نگم دان وه مینای فه‌له‌ك
من نه‌چیره‌كه‌ی هه‌زار زام وه‌رده
هه‌زارمێ په‌ی وێش زوخاو سه‌ركه‌رده(27)
چ داوایێوه‌ن مه‌كه‌ردێم چه‌نی؟
بازدێم نیم ڕه‌مه‌ق په‌ی جاریۆ هه‌نی (28).
له‌م نووسینه‌دا زیاتر تیشكم خستۆته سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دیده‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و نه‌مویستوه‌و دووباره پێناسه‌كان له‌سه‌رچاوه‌كان وه‌ربگرم‌و بۆخوێنه‌ری بنووسمه‌وه، چونكه ده‌بووه شتی دووباره‌و به‌پێویستم نه‌زانیوه، به‌ڵام له‌كوێدا پێویستی كردبێت ڕه‌چاوی ئه‌مه‌مان كردوه.
مه‌حوی یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی عه‌شق سه‌رتاپای دیوانه‌كه‌ی پاوانكردووه‌و عه‌شقی خودا دیارترینی ئه‌و شیعرانه‌یه‌تی. به‌سود وه‌رگرتن له‌تایپه جیاجیاكانی عه‌شقه‌وه(شیرین‌وفه‌رهاد- شێخی سه‌نعان- له‌یلاومه‌جنون) بیر‌و بۆچونه‌كانی خۆی تیا جێكردۆته‌وه. سه‌باره‌ت به‌خۆشه‌ویستی خوا، عه‌شقی خودایی لای مه‌حوی به‌دوو رێگایه (ڕاسته‌وخۆ- ناڕاسته‌وخۆ)، به‌ڵام ئه‌وه گرنگه كه بزانین مه‌حوی وشه‌ی یار یان مه‌عشوق به‌رامبه‌ر به خوا به‌كارده‌هێنێ. خۆشه‌ویستی مه‌حوی بۆ خوا زۆر له‌خۆشه‌ویستی رابیعه‌ی عه‌ده‌وی ده‌چێت. هه‌روه‌ك د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌ڵێت”مه‌حوی شاعیری عیشقه”(29) خۆشه‌ویستیش پانتاییه‌كی فراوانی تێكسته سۆفیگه‌ره‌كانی داگیر كردووه”خۆشه‌ویستی خوایی به‌ردی بناغه‌ی ئاین‌وسۆفیگه‌رییه…له‌دوای خۆشه‌ویستی هه‌ر مه‌قامێ بێت پێشه‌كیه بۆ ئه‌و “(30).
وه‌ك بولبول ئه‌و دڵه به‌گوڵی ڕوو كه ڕوو ده‌كا
په‌روانه‌یه، زیاره‌تی شه‌مع ئاره‌زوو ده‌كا (31)
له‌دێڕی یه‌كه‌مدا مه‌حوی خۆی ده‌كات به بولبول‌و خۆشه‌ویسته‌كه‌شی به‌گوڵ، هه‌روه‌ك دێڕی دووه‌م دورتر ده‌ڕوات‌و خۆی ده‌كاته په‌روانه‌و له‌عه‌شقی ئاگر ده‌سوتێت، واته تا ئاستی سوتان نزیك ده‌بێته‌وه.
(گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه عه‌شق بناسین، ئه‌وا گرنگه له دیدی ئه‌فلاتون ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌فلاتون زۆر گرنگی به‌عیشق ده‌دات، ته‌نانه‌ت به لایه‌نێكی گرنگی دروستبوونی مرۆڤێكی باڵای داده‌نێت، ئه‌فلاتون عیشق وه‌ك سه‌ربه‌ستیه‌ك بۆ عاشق ده‌بینێت، كه ئه‌م زیاده‌ره‌ویه له عیشقدا پێویستیه، عاشق كه زۆر زیاده‌ڕه‌وی ده‌كات له دواكه‌وتنی مه‌عشوقه‌كه‌یدا لای ئه‌فلاتون جێگه‌ی پیاهه‌ڵدان‌وستایشه، به‌ڵام كه‌سێك گه‌ر به‌وشێوه‌یه دوای پاره بكه‌وێت جێگه‌ی سه‌ركۆنه‌كردنه، له‌به‌رئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دیدی ئه‌فلاتون بۆخۆشه‌ویستی دیدێكی پۆزه‌تیڤه، عاشق خوازیاری ئه‌و عیشقه‌یه كه به‌ده‌ستی بهێنێت)(32)، عیشق لای ئه‌فلاتون په‌یوه‌سته به‌جوانی‌وچاكیه‌وه، “عیشق بریتیه له عیشقی جوانی…ئه‌وه‌ی چاكبێت ئه‌وا خۆی له‌خۆیدا جوانیشه”(33).
ئیبن عه‌ره‌بی عیشق به ئیمانی ئاین ده‌زانێت. حه‌لاج خۆشه‌ویستی به‌یه‌كێك له‌سیفه‌ته ئه‌به‌دیه‌كانی خوا ده‌زانێت، كه به‌مرۆڤی به‌خشیوه‌و خۆشه‌ویستی خوا‌و ڕاكێشانی (جزب)لای حه‌لاج له‌ئاستێكی باڵادایه، كه ژیانی دوایی(ئاخیره‌ت) به‌بێبایه‌خ ده‌زانێت گه‌ر خۆشه‌ویستی خوانه‌بێت) (34). (هه‌روه‌ك ئه‌مه لای مه‌حوی به‌باشی هه‌ست پێده‌كرێت، بڕوانه په‌راوێزی 21.)
مه‌حوی به‌گڕی عیشق جه‌سته‌ی سوتاوه، سوتانی له‌لایه‌ك ده‌توانین به‌جۆرێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین وه‌ك نه‌مان‌و له‌ناوچون(توانه‌وه له‌مه‌عشوقدا) له‌لایه‌كی دی ئه‌توانین، وه‌ها لێكی بده‌ینه‌وه، كه مه‌حوی بۆ پاكبووه‌وه له‌شته بێنرخه‌كان(شته دنیایه‌كان) جه‌سته‌ی سوتاوه به‌و عیشقه‌و هێشتا نه‌یتوانیوه به‌ته‌واوی به مه‌عشوق بگات(35) هه‌روه‌ك ده‌توانین وه‌ها بیخوێنینه‌وه مه‌حوی له‌پێناو گه‌یشتن به‌مه‌عشوق ئاماده‌یه ئازار بچێژێت (تاڕاده‌ی سوتان)، مادام مه‌حوی عیشقی هه‌یه بۆ مه‌عشوق(خوا) ئه‌وا گرنگه به‌رگه‌ی ئازاروسوتان‌و ئه‌زیه‌ته‌كان بگرێت، چونكه مه‌حوی عاشقه، عاشقبوون پێویستی به‌باجدانه(36).
به‌گریانم، وه‌كو گوڵ، پێكه‌نی یار
له‌باغی من به‌بارش غونچه پشكووت (37).
ئازاروناڵه‌ی عه‌شق لای مه‌حوی زۆر به‌باشی خۆی به‌یانده‌كات. ئازاركێشانیش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه ئێمه عاشقین، له‌ئازاریش به‌ولاوه مه‌رگه، كه فه‌رهه‌نگی مه‌حوی ته‌نیوه‌ته‌وه‌و د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌ڵێت، (مه‌رگ ده‌بێته تاقه فه‌رهه‌نگی شاعیر، تاكه ده‌روازه‌ش عیشقه كه بوار ده‌داته(مه‌حوی) بۆ خۆده‌ربازكردن)(38).
كه شك به‌م”مه‌حویا”هه‌ر شه‌ربه‌تی مه‌رگ
له‌سه‌ر ئه‌رزا نیه ئاوی گه‌وارا(39).
خوێندنه‌وه‌مان بۆ عیشق لای مه‌حوی، ده‌توانین چه‌ندان ڕه‌هه‌ندی تێدا به‌دیبكه‌ین. عیشق وه‌ك هۆكارێك بۆ زانین(له‌عیشقدا ئه‌و زانینه جێژ به‌خشه، بۆ مرۆڤ دروستده‌بێت كه له‌گشت زانینه‌كان قوڵتره، چونكه ئه‌م زانینه له‌ڕێگه‌ی عه‌قڵه‌وه به‌ده‌ست نایه‌ت)(40)، هه‌روه‌ك ده‌توانین وه‌ك شاڕێگا ببینین بۆ گه‌یشتن به‌خوا(كه ئه‌مه لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت خۆ به‌خوازانین ده‌گه‌یه‌نێت)، ئاماده‌یه ئازار‌و نه‌هامه‌تی‌و ته‌نانه‌ت مه‌رگیش هه‌ڵبژێرێت، لای مه‌حوی دڵ وه‌ك جێنشینی یه‌زدانه،(41). گه‌وره‌یی مه‌حوی له دروستكردنی ئه‌م وێنانه‌دایه، له‌ئه‌فراندنی شیعرگه‌لێكی به‌م چه‌شنه كه گه‌وره‌یی خوا جێده‌كاته‌وه له دڵێكی گچكه‌دا له‌ڕێگه‌ی عیشقی مه‌جازیه‌وه خۆی ده‌گه‌یه‌نێت حه‌قیقه‌ت(خوا)،(42).
خۆشی فه‌رموو چ مه‌جنون‌و چ مه‌نصور
به‌شی عاشق درا هه‌ر به‌رد‌و هه‌ر دار(43)
مه‌حوی له‌ڕێگه‌ی عیشقی مه‌جازیه‌وه بۆ حه‌قیقه‌ت ده‌چێت، مه‌حوی وه‌ك حه‌لاج به‌ئاگاییه‌وه ئه‌و ڕاستیه ده‌زانێت. بۆ گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت(خوا) ده‌بێت بدرێت له‌سێداره‌و وه‌ك مه‌جنونیش بدرێته به‌ر به‌رد(به‌ردبارانبكرێت)، مه‌حوی باش له‌وه تێده‌گات حه‌لاج شه‌یدای گه‌یشتن به‌خوای له‌سه‌ردا بووه، گرنگه دیدی سۆفیان له‌یه‌ك نزیكبن‌و یه‌كخرێن(چونكه لای عاریفان گرنگ گه‌یشتنه به‌خوا چ بۆ حه‌لاج چ بۆ مه‌حوی) “عه‌شق بۆ مه‌حوی ده‌بێته ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی كه مه‌عریفه‌مان پیشانده‌دات…عاشقێك كه‌له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا وه‌ستاوه هه‌م خۆی ده‌ناسێ‌و هه‌م خواشی پێده‌ناسێت”(44) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی من مه‌به‌ستمه به‌خشكه‌یی وه‌ڵامی ئه‌و بۆچونه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بده‌مه‌وه، كه ده‌ڵێت له هیچ شیعرێكی كوردیدا(كلاسیك) شیعری سۆفیگه‌ری نابینرێت‌و هیچ شاعیرێكی سۆفیمان نیه، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی منیش بۆ ئه‌و دیده زێده‌تر له‌ڕوانگه‌ی نووسینه‌كانی خۆی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچونه‌یه‌تی كه سۆفی خۆی به‌خوا ده‌زانێت، هه‌روه‌ك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌م ته‌نێ سودم له شیعره‌كانی مه‌حوی‌و هه‌ندێك له‌شیعره‌كانی مه‌وله‌وی دیتووه.
ده‌بێت باس له‌و به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتنه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بكه‌م. له‌وه‌دا كه سۆفیان خۆیان به‌خوا زانیوه. سۆفیان خۆیان به‌خوا نازانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌گوناهی ده‌داته قه‌ڵم‌و ترسی له‌به‌رامبه‌ر (من خوام)ی حه‌لاج ده‌ربڕیوه‌و له‌هه‌مان كاتدا ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت كه شیعری سۆفیگه‌ریه‌تیمان نیه، (انا الحق)ی حه‌لاج‌و ئه‌و تێكستانه‌ی كه به‌بڕوای له‌تیف بانگه‌شه‌ی خوایه‌تی ده‌كه‌ن، من پێموایه خوێنه‌ری ناچالاك ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ دروست ببێت ئاساییه، چونكه ته‌نێ یه‌ك ڕه‌هه‌ند‌و یه‌ك دیوی ئه‌و تێكسته ده‌بینێت، ته‌نیا مانا ئاشكراكه‌ی ده‌رده‌خات. له‌كاتێكدا مانا شاراوه‌كه‌ی تێكست هێشتا ئاشكرانه‌بووه‌و چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ری چالاكه. چی خوێنه‌ری چالاك له‌خوێنه‌ری ناچالاك جودا ده‌كاته‌وه؟ ئه‌و خوێنه‌ره‌ی قوڵتر‌و فراوانتر تێكست ده‌خوێنێته‌وه‌و دیوه شاراوه‌كانی تێكست ئاشكراده‌كات، به‌ڵام خوێنه‌ری ناچالاك یان ئه‌و خوێنه‌ره‌ی كه ناتوانێت واتا شاراوه‌كه‌ی تێكست ببینێته‌وه‌و لێكدانه‌وه‌و جیهاندیدی نوێی بۆ تێكست پێنیه. پێیوایه ئه‌و تێكسته هه‌ڵگری یه‌ك مانایه. هه‌روه‌ها خوێنه‌ری چالاك ره‌خنه‌گری چالاكه. به‌ڵام من سه‌رم سوڕماوه له‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌و هه‌موو ئه‌زمونه‌یه‌وه د‌رك به‌م ڕه‌هه‌نده شاراوانه‌ی ئه‌و تێكستانه ناكات(له‌كاتێكدا خۆیان له‌نووسینه‌كه‌یاندا باسی ئه‌م حاڵه‌ته‌یان كردوه)به‌ڵام به‌داخه‌وه ته‌نیا باسكردن بووه، وه‌ك تێگیشتن‌و ڕاڤه‌كردن پراكتیكی ئه‌م كاره وه‌ك خوێنه‌رێكی چالاك ئه‌مه نابینرێت، كاتێك حه‌لاج ده‌ڵێت(انا الحق) ده‌بێت چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ بكه‌ین. وه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بڵێین ئه‌مه خۆ به‌خوا زانین‌و كوفره ئه‌مه واتای ڕاسته‌وخۆی تێكسته‌كه‌یه، به‌ڵام گرنگه بچینه ئاسته قوڵه‌كانی تێكست‌و ڕاڤه‌ی بكه‌ین، ئه‌م ده‌ربڕاوه له كاتی چونه حاڵه‌وه ده‌ربڕاوه،(حاڵ) بریتیه له دۆخێكی گوزه‌رو زوو تێپه‌ڕ كه به‌سه‌ر سالیكدادێت(45)..، كه ده‌توانین به‌حاڵی وه‌جد بیناسین، هه‌رچه‌ند حاڵه‌كان زۆرن، به‌ڵام “وه‌جد” واته(له‌یادكردنی كرده‌وه‌ی مرۆڤانه‌و هۆشیاری به‌خود بوون له ناوده‌چێت، له وه‌جدا سۆفی كرده‌وه‌و خۆ به‌خودا زانین هه‌ڵده‌گرێت، چونكه بێئاگایه‌و له حاڵدایه)(46).
حه‌لاج له حاڵدایه‌و بوونی خۆی‌و بوونی خوای لێبووه به‌یه‌ك‌و خۆی له‌یادكردوه(نه‌بوون). به‌واتا له‌ده‌یاری بووندا نقوم بووه‌و توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌ریای بوونی خالق یه‌گبگرێت‌و وه‌ك دڵۆپێك خۆی تێكه‌ڵ ده‌ریای بوونی خودا بكات. ئه‌مه‌ش هه‌موو كه‌سێك به‌مه ناگات‌و له‌لایه‌كی دیه‌وه هه‌موو كه‌سێك مه‌عریفه‌ی له‌م باره‌یه‌وه نیه(هه‌ر بۆیه شه‌هید كرا)، ئاشكرایه گه‌ر مه‌به‌ستی حه‌لاج له‌و ده‌ربڕاوه كوفر‌وخۆ به‌خوا زانین بوایه به‌مانا سلبیه‌كه‌ی ئه‌وا نه‌یده‌گوت”بمكوژن مردنم ژیانه”حه‌لاج خواستی ئه‌وه‌یه زوو بیكوژن چونكی ده‌یه‌وێت زۆر له‌وه نزیكتربێته‌وه له‌خوا له‌وه‌ی كه‌پێی گه‌یشتووه، ده‌یه‌وێت له‌وه ده‌رچێت به‌س له‌كاتی حاڵ‌دا خوا ببینێت، حه‌لاج ده‌یه‌وێت زووتر تێكه‌ڵ (به‌ده‌ریای بوون ببێت)(47)، نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی به‌خوا بزانێت، هاوكات ئه‌وه حاڵه‌تێكه به‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی حه‌لاج‌و سۆفیاندا دێت، كه ده‌ربڕینیش ده‌ره‌كیه. ئیدی حه‌لاج له‌به‌رده‌م خوایه‌وبه‌و ئیراده به‌رزه‌وه گه‌یشتۆته ئه‌وحاڵه. مه‌حوی خۆشمان ده‌یه‌وێت بڵێت خه‌ڵكینه ئێوه له‌ناحه‌ق كه‌سێكتان كوشت، ئێوه بێئاگان‌و نه‌زانن له‌به‌رامبه‌ر حاڵی سۆفیان‌و عاریفان، حه‌لاج ڕاستی ده‌بێژێ‌و ئێوه‌ش ده‌یكوژن، مه‌حوی هۆشیاره به‌رامبه‌ر به حه‌قبێژی حه‌لاج وه خۆشی هه‌مان خواستی حه‌لاجی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت به‌خه‌ڵكی بڵێت، گه‌ر بڕیار وایه كه‌سێك له‌وتنی حه‌ق بكوژرێت ئه‌وامنیش ئاماده‌م له‌پێناوگوتنی حه‌قدا بكوژرێم. هاوكات مه‌حوی ده‌یه‌وێت به‌حه‌لاجیش بڵێت، ڕاسته حه‌لاج تۆ حه‌قت گوتووه به‌ڵام له‌ناو حه‌شاماتێكدا ئه‌وه‌ت گوتوه كه نه‌زانن‌و بێ‌ئاگان له حاڵی تۆ، ئه‌وه‌ی وام لێده‌كات زێده‌تر پێداگری له سۆفیبوونی مه‌حوی بكه‌م، پشتگیریكردنی حه‌لاجه له‌ئه‌گایدا، به‌واتا مه‌حوی به‌ئاگایه له كوشتنی حه‌لاج به‌ڵام بێ‌ترس ڕاستی گوته‌كه‌ی حه‌لاج و ناڕاستی كوشتنه‌كه‌ی وێنا ده‌كات. مه‌حوی زۆر جوان‌و ئاگاییانه ئه‌وه به‌یانده‌كات، كه مێگه‌ل توانایی گه‌یشتنیان نیه به‌و شوێنه‌ی كه سۆفیان‌و حه‌لاج پێیگه‌یشتووه. هاوكات مه‌حوی حه‌قبێژی به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت‌و هه‌ربۆیه سه‌ركۆنه‌ی ئه‌وانه ده‌كات كه حه‌لاجیان كوشت.
هه‌تا حه‌ق ناصیره، هه‌ر حه‌قمه مه‌نزور
وه‌كو مه‌نصور ئه‌گه‌ر بمكه‌ن به‌دارا(48)
مه‌حوی بێ‌ترس ده‌یه‌وێت بڵێت، ڕاستی گوتن له زیندوو مانه‌وه‌م گرنگتره، چونكه مردنم ژیانه. وه‌كچۆن حه‌لاج به‌ڕاستی گوتن له‌دار درا منیش ڕاستی ده‌ڵێم‌و گرنگیش نیه له سێداره‌م بده‌ن. گوتنی وه‌ها شیعرێك جگه له‌پشتگیری‌و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ڕاستگۆی حه‌لاج‌و بوونی ژیانێكی تر(به‌هه‌شت) هیچی تر نیه. حه‌لاج‌و سۆفیان عیباده‌ت‌و خواپه‌رستیان بۆ گه‌یشتن به‌حقیقه‌ته‌و به‌ژداریكردنه له‌و حه‌قیقه‌ته، نه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ی سونه‌ته‌كان. حه‌لاج ڕۆحی كرد به‌به‌ری خوداپه‌رستی‌و خواناسی له‌و عورف‌و عاداته باوه ده‌ربازی كرد. سۆفیان ئه‌و سیستم‌و شێوازی خواپه‌رستیه ته‌قلیدی‌وسواوه‌یان له‌ڕێگه‌ی عه‌قڵه‌وه هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی مه‌عنه‌ویه‌ته‌وه هه‌ڵیانوه‌شانده‌وه، له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆشه‌ویستی‌و ناسین‌و دڵ كردنه عه‌رشی یه‌زدان، خواپه‌رستی بنیادنرا. حه‌لاج‌و سۆفیان توانیان تایپێكی دی له‌خواناسین بهێننه ئاراوه. به‌واتایه‌كی تر له وشكی شه‌ریعه‌ت لابده‌ن‌و هه‌نگاو به‌ره‌و حه‌قیقه‌ت بنێن(چونكه هونه‌ر‌و عیشق لای سۆفیان مه‌ودایه‌كی فراوانی داگیركردووه، ئه‌م دوو بواره لایه‌نی زه‌وقی‌و جێژن له ته‌سه‌وفدا‌و ته‌سه‌وف له خواناسی وشك جیاده‌كه‌نه‌وه)(49) غه‌زالی كه زانایه‌كی گه‌وره‌ی ئیسلامه، دواجار له‌و بۆچونه سلبیه‌ی سه‌باره‌ت به له‌سێداره‌دانی حه‌لاج هه‌یبوو پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێت(مه‌به‌ستی حه‌لاج له”من هه‌قم”ئه‌وه‌یه كه‌تووشی “ئیستیغراق”ببوو، مه‌به‌ست له‌م وشه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه، كه خاوه‌نه‌كه‌ی له‌نێو كه‌شفی خودادا تووشی فه‌نای زات ده‌بێت‌و ئه‌م هه‌ستپێكردنه ناشه‌خسییه‌ی خودای بێگه‌رده)(50).
لێره‌دا ڕوونده‌بێته‌وه كه خودا له‌ناوه‌وه كه‌شف ده‌كرێت نه‌ك له‌ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی‌و موسڵمانه دۆگماخوازه‌كان. ئه‌م مه‌ترسیه‌شه واده‌كات حه‌لاج له‌سێداره بدرێت.
مه‌حوی سه‌باره‌ت به‌توانه‌وه‌ی خۆی‌و یه‌گرتنی له‌گه‌ڵ یار(خوا)دا، ده‌ڵێت نازانم هیچ شتێكم نه‌دیوه بوونی نه‌بێت‌و یه‌كیشیان گرتبێت. من گیانم وه‌ك نه‌بوو وایه‌و تۆش (یار)ناوقه‌دد له‌به‌ر باریكی وه‌ك نه‌بوو وایه، به‌ڵام گیانی نه‌بووی من(مه‌حوی) له‌ناو قه‌ددی(خوا) ئاڵاوه، مه‌حوی خۆی ده‌ڵێت هیچم نه‌دیوه بوونیان نه‌بێت به‌ڵام یه‌كیش گرن‌و یه‌كبوون پێكبهێنن.
دیققه‌ت كه، غه‌یری روشته‌ی جان‌ومیانی یار
روشته‌م نه‌دیوه،(مه‌حوی) ئه‌من، بادری له‌هیچ (51)
مه‌حوی له‌هه‌مان شیعردا پێش ئه‌م به‌یته، ده‌ڵێ به‌ته‌مای ماچێكی ده‌می یاربووم، یار وتی(ئه‌مه قسه‌كردنی خوایه له‌گه‌ڵ مه‌حوی)دوای خه‌یاڵ كه‌وتوی من ده‌مم كوا، چۆن مرخ له‌شتی نه‌بو خۆشده‌كرێ.
ماچی ده‌می له كه‌ڵكه‌ڵه‌ما بو، چ خۆشی وت:
قرم، ئه‌ی ئه‌سیری واهیمه، خۆش ناكرێ له‌هیچ (52)
گه‌ر وه‌گه‌ڕێین بۆ لای شه‌ریعه‌ت، بینینی خوا له‌پاش مردن(به‌هه‌شت)، له‌لای زانایان جێگه‌ی باسه، هه‌ندێ له‌زانایان بڕوایان وایه، خوا له‌و دنیا خۆی نیشانی موسڵمانان نادات ، به‌ڵام هه‌ندێ زاناش ئه‌مه ڕه‌د ده‌كه‌نه‌وه، به‌كورتی ماچكردنی ده‌می یار‌و گرێدانی گیانی مه‌حوی به ناوقه‌دی(یار)، ڕه‌دكردنه‌وه‌ی به‌هه‌شت‌و هه‌ڵبژاردنی جه‌هه‌نه‌م‌و مه‌ی به‌حه‌ڵال زانین‌و لای مه‌وله‌ویش مه‌یخواردنه‌وه به ئه‌رك ده‌زانرێت. هه‌موو ئه‌مانه جگه له لادانی شه‌ریعه‌ت(به‌مانا به‌رته‌سك‌و دوور له‌مه‌عنه‌ویه‌ته‌كه‌ی) هیچی دی نیه. مه‌حوی گه‌ر به‌پێی مه‌زهه‌بی شافعی، حكومی بكرێت ئاسان فریادی نابێت، چونكه ئه‌م مه‌زهه‌به تاڕاده‌یه‌كی زۆر سنووردانه‌رو به‌رته‌سكه‌و وشك‌و برینگه. بنچینه‌كانی فیقهه له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م مه‌زهه‌به، زۆربه‌چاوێكی نزمه‌وه ته‌ماشای ته‌سه‌وف‌و عیرفان ده‌كات،( زمانی شه‌ریعه‌ت زمانێكی وشك‌وبرینگ‌و بێزه‌وقه، به‌ڵام زمانی ته‌سه‌وف‌و عریفان زمانی زوقه به‌مانا ڕۆحیه‌كه‌ی)(53).
زمانی مه‌حوی زمانێكی به‌رزوجێژ به‌خشه، نه‌ك زمانێكی دوور له ئیستاتیكا.
ئه‌و شۆخه‌ی هه‌ر كه نه‌عشی منی دی، قیامی كرد
چی بم من؟ ئه‌م قیامه‌ته هه‌ستا كه‌من نه مام(54)
لێره‌دا مه‌حوی ده‌ڵێ یار (خوا)كه جه‌نازه‌كه‌می دی هه‌ستایه سه‌ر پێ، ئه‌م شیعره به‌رزی‌و گه‌وره‌یی خۆی(مه‌حوی) ده‌خاته ڕوو به‌رامبه‌ر خوادا، له‌وه‌ی كه ده‌بێ مه‌حوی هێند گه‌وره بێت وابه مردنی قیامه‌ت هه‌ستا، مه‌حوی لێره‌دا جۆرێك له‌خۆ به‌خوازانین(به‌قسه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) ده‌داته پاڵ خۆی، چونكه هه‌ستانه سه‌رپێی یار(خوا) له‌به‌رامبه‌ر مردنی مه‌حوی، وه‌ك هه‌ڵسانی ڕۆژی قیامه‌ته، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونی هه‌موو عاله‌م له‌بوونی خودادایه. له‌به‌رئه‌وه هه‌ستانی خوا وه‌ك هه‌ستانی هه‌موو عاله‌مه، هه‌موو بوون له‌به‌ر جه‌نازه‌ی مه‌حویا هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌م گه‌وره‌ییه چییه لای مه‌حوی كه وشه توانیویه‌تی له‌خۆی بگرێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه له كۆتایدا باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌و په‌رتوكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پێویسته زۆر به‌وردی بخوێنرێته‌وه‌و راستبكرێته‌وه. چونكه له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه ده‌یان هه‌ڵه‌ی تێدایه، كه‌به‌داخه‌وه نه‌متوانی له‌م نووسینه‌دا زۆرێك له‌و هه‌ڵانه به‌یان بكه‌م. خوێنه‌ر خۆی ده‌توانێت بچێته‌وه سه‌ر په‌رتوكه‌كه‌و له‌ڕاستی ئه‌م بۆچونه‌م دڵنیابێت.
هاوكات بۆچونه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت گرنگن، پێویسته ئاگامان له‌بۆچونی وه‌ها هه‌بێت، تاوه‌كو لێكۆڵه‌رانی كورد له‌و بواره به شاره‌زاییه‌كی باشتره‌وه گفتوگۆ له‌ته‌ك ئه‌م بۆچونه بكه‌ن. هه‌روه‌ك ئه‌م نووسینه زێده‌تر له‌و دیده ڕه‌هایه‌وه به‌رهه‌م هات كه (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) به‌درێژی په‌رتوكه‌كه‌ی پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر نه‌بوونی شیعری سۆفیگه‌ری له‌تێكستی كوردی، كه ئێمه پێمانوایه هه‌ندێك كات‌و سات هه‌ن مه‌حوی (به‌تایبه‌تی) وه‌ك شاعیرێك شیعری سۆفیگه‌ری تیا به‌رهه‌مهێناوه، ئه‌و ساتانه ساتی یه‌گرتن بووه له‌گه‌ڵ خوا. ئه‌و ساتانه بووه كه به‌شێكی بچوك له تیشك‌و نووری یه‌زدان لای سۆفیان ده‌رده‌كه‌وێت‌و ئه‌م به‌شه بچوكه بۆ سۆفیان‌و شاعیران ده‌بێته گشت (من خوام) ده‌رده‌بڕن. كۆتای وه‌ڵامه‌كه‌م به چه‌ند به‌یتێكی مه‌حوی ده‌هێنمه‌وه كه ده‌یان به‌یتی دی هه‌یه تانه له زاهیدان ده‌گرێت، پێیانده‌ڵێت وه‌رنه جیهانی عیشق‌و راسته‌قینه، وازبێنن له‌دنیای روكه‌ش‌و پاڕانه‌وه‌ی ریاكارانه‌و وتنی بێكردار. وازبێنن له ستایشی ده‌سه‌ڵات‌و دنیا، به‌ڕاستی ئه‌و پله‌وپایانه وه‌لانێن، وه هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن به كه‌مبڕینی ڕێگاكانی گه‌یشتن به مه‌عشوق. كه ئه‌م ڕه‌خنه توندانه‌ی له “زاهید” به‌دیدی ئێوه(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) ڕووبه‌روی خۆی كردۆته‌وه؟!.
نزیكه مردنت ئه‌ی پیره زاهید
وه‌ره با تۆبه بكه‌ین، ئیتر ریا به‌س.
به خودا قه‌سه‌م له‌گه‌ڵ دڵی خاڵی له‌سۆزی عیش
ته‌كرای حه‌رفه به‌س ده‌می پڕ یاخودا خودا.
له نان‌و ئاو ئه‌وا ئیمساكیه مردوش، ئه‌رێ زاهید
چ عوجبێكه، ئه‌مه‌نده بۆ ده‌نازی تۆ به مورتازی
قسه‌وباست له‌عیرفانه، كه‌چی دنیایه مه‌نزورت
له عینوانی جواهیر جۆییانی‌و ڕوو له ئه‌عرازی*
سه‌رچاوه‌كان:
1. هاشم سه‌راج، چه‌ند فه‌یله‌سوفێكی بوونگه‌را، گۆڤاری كاروان-هه‌ولێر،ساڵی 2006.ژ.201 لا.13
2. دیوانی مه‌حوی(مه‌لا مه‌حمودی كوڕی مه‌لا عوسمانی باڵخی) ساغكردنه‌وه‌ی، مه‌لا عبد‌ولكریمی مدرس‌ومحه‌مه‌دی مه‌لا كریم، چاپی دووه‌م، لا.217.
3.دیدار، له‌گه‌ڵ ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب، ئا. هه‌رێم عوسمان، ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژ. .
4. دیوانی مه‌حوی. لا.232.
5.له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،”سۆفی‌وسۆفیگه‌رێتی” كاریگه‌ری هزروئیدوكلتووره نائیسلامیه‌كان له‌سه‌ر سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی ئیسلامی، له‌بڵاوكراوه‌ی ، پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر(ڕێكخراوه دیموكراتیه‌كان-سلێمانی)2009.
6.دیوانی مه‌وله‌وی، لا.
7. هه‌مان سه‌رچاوه.لا.
8. د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا. لا.8.
9. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،”سۆفی‌وسۆفیگه‌رێتی كاریگه‌ری هزروئیدوكلتووره نائیسلامیه‌كان له‌سه‌ر سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی ئیسلامی.126
10. دیوانی مه‌حوی لا92.
11. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،”سۆفی‌وسۆفیگه‌رێتی كاریگه‌ری هزروئیدوكلتووره نائیسلامیه‌كان له‌سه‌ر سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی ئیسلامی. لا.102
12.هه‌مان سه‌رچاوه، به‌شی نۆیه‌م.لا185.
13.ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب. دیدێك بۆ دینناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیر چاپیكردووه.لا، 548.
14.هه‌مان سه‌رچاوه. لا.549.
15.د.محه‌مه‌د كه‌مال.پێشه‌كی بۆ دیوانی ، فه‌رهاد شاكه‌لی، ده‌زگای ئاراس،2010.
16. ڕۆژنامه‌ی ده‌ستوور: دیدار له‌گه‌ڵ،د.مسته‌فا مه‌له‌كیان، وه‌رگێڕ، ئیسماعیل ئیسماعیل زاده ژ.31،لا18.
17. هه‌مان سه‌رچاوه.
18. . دیوانی مه‌حوی. لا226.
19. هه‌مان سه‌رچاوه. لا. 20.
20.سه‌بور عه‌بد‌ولكه‌ریم(شكار
20. هه‌مان سه‌رچاوه ،لا244.
21. د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا .لا161.
22.دیوانی مه‌حوی.لا.213.
23. هه‌مان سه‌رچاوه.لا.500
24. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،”سۆفی‌وسۆفیگه‌رێتی كاریگه‌ری هزروئیدوكلتووره نائیسلامیه‌كان له‌سه‌ر سۆفی‌و سۆفیگه‌رێتی ئیسلامی. .
25. د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا. لا.146.
26. میهره‌جانی مه‌وله‌وی (كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر)، د.ئه‌نوه‌ر قادر جاف. به‌ڕیوبه‌رایه‌تی گشتی چاپ‌وبڵاوكردنه‌وه.ساڵی2000. لا.85.
27.دیوانی مه‌وله‌وی.لا.199.
28. دیوانی مه‌وله‌وی.لا.52.
29. د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا لا.17.
30. د.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان، سۆفیگه‌ری، شیعری ئاینی‌وسۆفیگه‌ری له‌شیعره كوردیه‌كانی مه‌حویدا. چاپی یه‌كه‌م،2001ده‌زگای موكریان-هه‌ولێر، لا.385.
31. 36. دیوانی مه‌حوی.لا25.
32.د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له‌شعری مه‌حوی، مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی-سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی.2008. لا82.
33.هه‌مان سه‌رچاوه. لا.81.
34. سه‌بور عه‌بد‌ولكه‌ریم(شكار)، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سێتی‌ودنیابینی، حه‌لاج، له‌شیعری كلاسیكی گوردی‌وفارسیدا به‌تایه‌ت لای مه‌حوی‌وحافزی شیرازی،به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاپ‌وبڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی.2009 .لا.42
35. د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له‌شعری مه‌حوی، مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی-سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی.2008.لا.84.
36.ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب، جوڵه‌ی حیكمه‌ت‌و بینینی نوری عیرفانی مه‌حوی، نووسینه‌وه‌ی، مه‌سعود شه‌ریف. (ناوی شوێنی چاپی له‌سه‌ر نه‌نووسراوه)ساڵی 2002.لا.75.
37. دیوانی مه‌حوی.لا.37.
38. د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا. لا.37 .
39.دیوانی مه‌حوی.لا10.
40. ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب. دیدێك بۆ دینناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیر چاپیكردووه.لا.539.
41. . د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا. لا.39
42. ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب. دیدێك بۆ دینناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیر چاپیكردووه.لا.456.
43.دیوانی مه‌حوی لا.120.
44.ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب. دیدێك بۆ دینناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیر چاپیكردووه لا.539 .
45.هه‌مان سه‌رچاوه،لا.543
46. د.ئه‌حمه‌د مه‌لا، لا126.
47. محه‌مه‌د كه‌مال.پێشه‌كی بۆ دیوانی ، فه‌رهاد شاكه‌لی
48. دیوانی مه‌حوی.لا.8.
49. ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب. دیدێك بۆ دینناسی نوێ، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی ڕۆشنبیر چاپیكردووه.لا.456
50. ئه‌حمه‌دی مه‌لا.لا147.
51. دیوانی مه‌حوی.لا.99.
52. . دیوانی مه‌حوی.لا99.
53.د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا.لا. 9
54،. دیوانی مه‌حوی. لا. 214.
*لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و شابه‌یته شیعریانه‌یه له‌كۆتایدا هێناومنه‌ته‌وه.(145-6-305).