Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
سەفەر بەدیوێکی تردا چاوخشاندنەوەیەک بەکتێبی (قاڵاو یانی قەفەسێکی خاڵی) کەماڵ ئەمینی دا

سەفەر بەدیوێکی تردا چاوخشاندنەوەیەک بەکتێبی (قاڵاو یانی قەفەسێکی خاڵی) کەماڵ ئەمینی دا

Closed
by August 13, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

(دەستی ئاوێزانی خەیاڵی هەنارێکەو چاوی لەسەرپۆشێکدا گیان ئەدات ئێژێ ئەم شیعرە هی کەماڵ ە).

 

شیعر کەدێتە بوون جێگای سەرنج و پرسیارو بیرکردنەوەو داگیرکردنی جەستەیە.شیعر کەدێتە بوون بۆ شکاندنی تینوی مرۆو ئەو شتانەی نەبینراون وەک بینراوێک شیعر دەریدەخات.هاتنە ناو دونیایەک دەرخستنی هەموو یان زۆربەی ڕەهەندە مەحاڵەکانی ژیان و فەرامۆشنەکردنیان بەواتایەک و خولقاندنێکی نوێبەخشی بەجۆرێک لەخەیاڵەوە بۆ واقیع کە شاعیری نوێبەخش پەی پێ دەبات و دەریدەخات لەپرسیارو ورووژان بیرکردنەوەو تێڕامان و لێوردبوونەوە دەرخستەی چەمکە فیکری و مەعریفەکان بەو ئایدیایەی خۆی کەدەینەخشێنێت لە عان تێکستەکەیدا، بیگومان لێرەدا هەم شاعیر سەرکەوتووەو هەم خوێنەریش ئەو چێژەی بینیوە کەخۆی دەیەوێت. شیعر بەواتای جیهان وێناکردن، ڕوانینی شاعیر بۆ گەردوون و سروشت وەک پەناگەیەک و تێگەشتن لەواقیع و ئەو دیاردانەی لەبەرامبەر ژیاندا هەن،گفتووگۆیەکە لەنێوان خودی شاعیرو ئەزموونی ئەو بەرهەمەی لەدایک دەبێت. یان بەجۆرێک کەشفکردنی ئەو سەفەرانەی کەشاعیر بەخەیاڵ لەگەڵیەتی و بەردەوام بەدەم ڕێگای سەفەرەوە لەکوچەو کۆڵان و شەقام و بازاڕەکان و شوێنە دوورەکانی بڕینی سەفەر ئەیڵێتەوە.یان نیشاندانی ئەو هێماو پرسیارانەی دروست دەبن لەکاتی سەفەر تایبەت بەشیعرو سەفەرکردن و دووربوون لەمەعشوق هەڵبەت بەگفتووگۆیەکی ڕۆحییەوە. ئەوەی دەمەوێت سەرنجتانی بۆ ڕاکێشم و نیشانتانی بدەم لەمەبەینێکی کورتدا شاعیرێک وەک خاوەن پێگەیەکی خۆی و خاوەن زمانێکی پاراو لەنوسینیە تێکستەکانیدا (کەماڵ ئەمینی)یە. بوێرانە دەستی خستۆتە سەر ئەو دیاردانەی لەسەفەردا ڕوودەدەن،لەکاتێک ئێمەی مرۆڤ بەسەفەرکردنمان زۆر شت وەبیرخۆمان دەهێنینەوە بەجۆرێک زۆرجار ئەو شتانە بەدرێژای تەمەن و یادگاریمان دەمێننەوە،تەمەنێک لەسەرفکردنی ژیان و هەندێ جار ئەو واقیعەی کەدەیبینین یاخود غەریب دەبینرێین ئەوکاتەی یەکێکمان بەنیازی سەفەرێکین بۆ هەر مەنزڵگایەک دەمانەوێت،کەوابوو سەفەر دابڕانێکە لەژیان و پێخستنە ناو ژیانێکی نوێوە کەڕەنگە هەندێ جار خۆیشمان بۆ ئامادە نەکردبێت. کەماڵ ئەمینی بەیەقینەوە ئەڕوانێتە ژیان و شتەکان و باسی دەکات، سەفەری کردووە بەڕەمزێک تا ئەوەی نیشانی دات ڕۆشتنی سەفەر بەرگێکی ترەو بەبەر مرۆدا کراوە وەک خۆی دەڵێت؛

((من ئەڵێم سەفەر بووکی گەڕانەوەیە تۆ ئەڵێی ئەگەر دەستەکانمان وێران بن کێ بەڵێن ئەدا سبەی قیامەت نەبێت؟))

کەماڵ بەپرسیارەوە تێکۆشاوە،وەک ئەزانرێت سەفەر ڕۆیینێکەو ئاوڕنەدانەوەیەکە بۆ دوواوە.ئاوڕنەدانەوەیە لەژیان واتە سەفەرێک کۆتای بیت نەک سەفەری تاراوگەیەک لەوێدا تووشی مەخلوقێکی نامۆتر بیت،ئەو دیوەی کەشاعیر باسی لێوە کردووە دیوی سەفەری ژیانەو گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی نەبڕاوە یاخود بەمانایەکی تر،کێن ئەوانەی سەفەر دەکەن؟بۆ سەفەر دەکەن؟ چ شتێک وای کردووە سەفەر بکەن؟بێگومان ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکە لەبازنەیەکی بێ وەڵامیدا دەمێنێتەوە. بەڵام بەدیوێکی ترداو بەهونەرێکی جوانی گێڕانەوە شاعیر بەرگێکی نوێتری بەبەر سەفەردا کردووە بەوەی لەخاڵێکدا وەستاوە گەڕاندنەوەیەکی بۆ سەفەر داناوە بەمانای سەفەر گەڕاندنەوەیەکە بۆ هەمان مەنزڵگە.هەر ئەمەش وای کردووە نوێبەخشییەک ببەخشێت بەتێکستەکە.ساعیر بەرگری لەمانا جوانەکانی سەفەر دەکات لەڕوانینەکانی خۆیەوە پرسیار دەکات؟ هیچ کەس توانای بەڵێندانی قیامەتی نییە. کەوابوو سەفەر لەدیدگای شاعیرەوە گەڕاندنەوەیەکە بۆ هەمان شوێن یان بەجۆرێکی دی بۆ هەمان مەنزڵگەی ڕۆحی، ئەکرێت لێرەدا بوترێت هەموان ناچاری ئەو سەفەرەین کەلەبەردەم هەریەکێکماندا میوانەو ناجارین قایلکەربین بەو سەفەرە ئەبەدیەدەو بگەڕێینەوە ئەو جێگەی کەماڵی یەکەمانە.

سەرچاوەکان:

١-سێ کتێب لەبارەی شیعرەوە (سەباح ڕەنجدەر) ٢-شێوازناسی (پیتەر هاڵبێرگ) وەرگێڕانی (د. ئەنوەر قادر محمد) ٣-تیۆرەکانی وەرگرتن(د. یادگار لطیف شارەزووری) ٤-قاڵاو یانی قەفەسێکی خاڵی (کەماڵ ئەمینی

 

 

نووسيني : دانا كه مال

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.