فیكر و فه‌لسه‌فه ، له فه‌زای (كازینۆی منداڵان )دا
چیرۆكی هه‌موو ژیانێك , چیرۆكی ئازارێكه .
(شۆپنهاوه‌ر)
سیاسه‌تی مۆدێرنیته هه‌موو جیهانی داگیركردووه .
(بێرمه‌ن)
زۆربه‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و لێدوانانه‌ی له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بی كوردی كراون ، خاڵین له ڕوانگه فكرییه‌كان ، نه‌ك هه‌ر فكر نه‌كراوه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌ك ، به‌ڵكو هه‌ست به دوورخستنه‌وه‌ی خوێنه‌ر له فكر ده‌كرێ.
قسه‌كردنی هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گرانمان له‌سه‌ر زمان، قسه‌كردنه له‌سه‌ر (ڕێزمان – قواعد – (grammar به (ناو و جێناو و ئاوه‌ڵناو و ئاوه‌ڵكار و گرێ و ڕسته و چاوگ ….هتد)یه‌وه ، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی زمان په‌یوه‌ندی به فكره‌وه هه‌یه و بۆ خۆی باسێكی فكرییه .
(فۆڕمالیسته‌كان) پێیانوابوو به‌شێكی ئه‌ده‌ب هیچ نییه جگه له به‌كارهێنانێكی نامۆی زمان .
كێشه فكری و سایكۆلۆجییه‌كان ئه‌وكاته‌ی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن , له ڕێگه‌ی زمانه‌وه چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه .
زمان ئه‌و پرده‌یه كێشه فكرییه‌كان له‌سه‌ری ده‌په‌ڕنه‌وه و ده‌گه‌نه (كه‌سی دووه‌م ) ، كه‌سی دووه‌م وه‌ڵامی ده‌بێت و به‌هه‌مان پرد ده‌ینێرێته‌وه بۆ (كه‌سی یه‌كه‌م) كه پرسیاری لا دروستبووه به سوود وه‌رگرتن له تێز و دژه تێزی نووسه‌ران ، هه‌ندێ جار پرده‌كه ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه ئاشنایه‌تی دروستده‌كا ، ده‌بێته به‌شێك له ئه‌وان(زمان ده بێته به‌شێك له كێشه‌كان ) .
لێره‌وه و له چه‌ند ڕوانگه‌یه‌كی فكری ، قسه له‌سه‌ر ڕۆمانی (كازینۆی منداڵان)ی (كاروان كاكه‌سوور) ده‌كه‌م .
1- منداڵیی (مامۆستا سوهاد) .. (مامۆستا سوهاد)ی لێبوورده
(كاروان) له‌و ڕۆمانه‌شیدا هاوشێوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تری , ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ منداڵی . (مامۆستا سوهاد)ی كاره‌كته‌ری پیر ، داوا له شۆفێری تاكسییه‌كان ده‌كا بیبه‌نه (كازینۆی منداڵان ) ،ئه‌وان بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و كازینۆیه شوێنێكه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر منداڵی ، جوێنی پێده‌ده‌ن و به شێت و نه‌خۆشی داده‌نێن ، تا یه‌كێك له شۆفێره‌كان پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و كازینۆیه ئیستا نه‌ماوه و كراوه‌ته ئاپارتمانێكی به‌رز ، سینه‌ماكه كراوه‌ته گه‌راژی سه‌یاره و ئه‌وه‌ی مابێته‌وه مزگه‌وته‌كانن كه ئه‌وانیش زۆر گۆڕاون .
(مامۆستا سوهاد) گوێی به جوێنه‌كانیان نه‌ده‌دا، ئه‌و گوێ پێنه‌دانه زاده‌ی خۆ به كه‌م نه‌زانین و زاده‌ی تێنه‌گه‌یشتنی به‌رامبه‌ره ، به‌ڵام ئه‌وه تێگه‌یشتنی ئه‌وه له سایه‌ق ته‌كسییه‌كان كه واده‌كا له له‌حزه‌یه‌كدا خۆی به زه‌رفی په‌تاته و مه‌نجه‌ڵی ماست بچوێنێ .
یه‌كێك له بنه‌ماكانی تیۆریه‌ی (ئادله‌ر ) ، ئه‌و هه‌ستی خۆ به كه‌م زانینه‌بوو كه (نیتشه ) پێشتر باسیكردبوو .
زۆرجار كۆیله به‌هۆی هه‌ستكردنی زۆری به خۆ به كه‌م زانین ، ده‌بێته فریادڕه‌سی دونیا و بانگه‌شه‌ی شه‌ڕكردن ده‌كا له‌گه‌ڵ خود و هه‌میشه له شكسته‌وه بۆ بردنه‌وه و له بردنه‌وه‌وه بۆ شكست ده‌ڕوا ، تا مرۆڤێك دروستده‌بێت به‌رگه‌ی ڕه‌شه‌باكان ده‌گرێ .
سه‌رده‌می منداڵیی هه‌موومان پڕه له گه‌وره‌كان ، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه له‌گه‌ڵ ئێستادا هاوكێشه‌كان نییه، ئاڕاسته‌ی هاوكێشه‌كانه .
به‌ریه‌ككه‌وتنی ( كاروانی منداڵ) له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كان له ڕابردوودا ، گۆڕاوه بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی (كاروانی گه‌وره) له‌گه‌ڵ (خودی منداڵ) كه منداڵێكه له زه‌ین و ناخی (كاروانی ئێستا)دا گه‌مه ده‌كا …
حه‌زه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیی مرۆڤ ئه‌و كاته ده‌گۆڕێن , كه مرۆڤه‌كه ته‌مه‌نی گه‌وره ده‌بێت .
له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار كه زۆرترینیان په‌یوه‌ستن به فه‌زای گشتی و ده‌وروبه‌ره‌وه ، ناكرێ چیتر ئه‌و مرۆڤه (this human) له كۆڵاندا كۆلاره‌كه‌ی بفڕێنێ و شه‌ق له تۆپ بدا ، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ حه‌زی منداڵبوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی له دڵی ئه‌و مرۆڤه‌دا مردبێ ، ئه‌وه‌تا كۆلاره‌كه‌ی منداڵیی تا ئێستا هه‌ڵگرتووه ، كۆلاره‌كه‌ی كۆنبووه , به‌ڵام هێشتا هه‌ر كۆلاره‌یه ، كه‌چی ئه‌و مرۆڤه چیتر منداڵ (child)نییه و ناشبێته‌وه به منداڵ .
ئه‌و حه‌زكردنه له منداڵی و بیركردنه‌وه‌یه له منداڵی، له به‌رهه‌مه‌كانی (كاروان)دا تا دوا پله‌ی په‌رتبوون ده‌ته‌قێته‌وه .
(مامۆستا سوهاد)ی كاره‌كته‌ر , بانگه‌شه بۆ كامڵبوونی خۆی ناكا ، خۆ ڕه‌نگیشه له ڕابردوودا هه‌وڵی كامڵبوونی دابێت و زه‌مه‌ن ئه‌وی كردبێته شوێنێك بۆ مردنی منداڵی .
(ڤۆڵتێر)یش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد فه‌یله‌سوفێكی پڕۆفیشناڵه ، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه ئه‌و وه‌كو شیكه‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و عه‌شقی دانایی و ڕۆشنگه‌ری نه‌ناسین .
هه‌ست به‌و پچڕانه ئه‌به‌دییه ده‌كه‌ین كه ژیانی (مامۆستا سوهاد)ی بۆ دوو به‌ره دابه‌شكردووه ، یه‌كێكیان ڕابردووێكی وێرانه و ئه‌وی تریان داهاتوویه‌كی نادیاره. قه‌یرانه‌كان وایان له (مامۆستا سوهاد) كردووه , بیربكاته‌وه (بیر له ڕابردوو بكاته‌وه ) .
چه‌مكی لێكبووردن لای (مامۆستا سوهاد) له‌وكاته‌وه به‌یانده‌بێت , كه گوێ به جوێن و سوكایه‌تی و به‌دحاڵیبوونی ئه‌وانیتر نادات .
ئه‌و گوێ پێنه‌دانه ئاماژه‌یه بۆ چه‌ندین گوێ پێنه‌دانی تر له ڕابردووی نادیاردا ، ئه‌و كه ئێستا خۆی ناسیوه ، ناسینی ئه‌وانی تر بۆ ئه‌و دژوار ناكه‌وێته‌وه .
ڕه‌خنه‌گرتن جیایه له‌و حاڵه‌ته‌ی (مامۆستا سوهاد) له به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتردا تێیده‌كه‌وێ .
گوێپێنه‌دانی (مامۆستا سوهاد)یش زاده‌ی لێكبووردنه نه‌ك خۆدزینه‌وه .
له (هاكسلی) ته‌نزنووسیان پرسی:
( تۆش وه‌كو (فرجیناۆڵف) به ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران دڵته‌نگی؟).
گوتی :
نه‌خێر كارم لێناكه‌ن ، چونكه قه‌ت ڕه‌خنه‌كانیانم نه‌خوێندۆته‌وه.( هاكسلی نمونه‌یه‌ك بوو بۆ خۆدزینه‌وه) .
(جۆن لۆك) وه‌كو فه‌یله‌سوفی خۆشه‌ویستی (ڤۆڵتێر) ده‌رده‌كه‌وت كه بیری قه‌بوڵكراوی زۆرینه‌ی فه‌یله‌سوفانی پێش مۆدێرنه‌ی به بێ بناغه داده‌نا .
لای (ڤۆڵتێر) دیدی (جۆن لۆك) بۆ (ناسین) جێده‌ستی خۆی جێهێشت له‌سه‌ر دینناسی كۆنه‌پارێز كه ڕۆحی نه‌مری به بنه‌مایه‌كی قه‌بوڵكراو و سه‌قامگیر داده‌نا .
جه‌وهه‌ری لێكبووردنی (ڤۆڵتێر) خودایه ، خودایه‌كه مرۆڤ بۆ لێكبووردن بانگهێشت ده‌كا و خودایه‌كی واقیعییه و میتافیزیقی نییه .
بوونی خوداوه‌ند مرۆڤ مه‌حكوم ده‌كا به ناسینی خود ، ئه‌وكاته‌ی له بچوكی مرۆڤ تێده‌گه‌ین ، ئه‌و خۆناسینه لێكبووردنی لێده‌كه‌وێته‌وه .
كه‌واته لای (ڤۆڵتێر) بۆ مرۆڤێك كه له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری گۆڕان و هه‌ڵه‌كردندایه ،لێكبووردن ئه‌ركێكی سیاسی و دینییه و میوه‌ی تێگه‌یشتن و تێڕوانینی عه‌قڵانی مرۆڤه .
له بیریشمان نه‌چێ ، (ڤۆڵتێر) وه‌كو هیومانیستێك پێیوایه چه‌مكی كه‌رامه‌ت و ڕێزی مرۆڤ , له پێش چه‌مكی نه‌ته‌وه‌وه‌یه .
2- شانازیكردن یان دژه‌كه‌ی
(كاروان) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ منداڵی و ئازاره‌كانی منداڵی ده‌نووسێته‌وه ، ڕاستییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه به شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و له چوارچێوه‌ی ڕۆماندا كه په‌یوه‌ندی به چوارچێوه‌ی تریشه‌وه هه‌یه ، گوێ به ئازاره‌كانی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ش نادا ، ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی (نیتشه)یه كه پێیوابوو ئازار له هه‌ناوی ڕاستیدا بوونی هه‌یه.
(نیتشه) به به‌رده‌وامی له ڕاستی هه‌ڵده‌هات و له دونیای یۆتۆپیا نزیكده‌بۆوه ، ژیانی واقیعی به ئازاربه‌خش داده‌نا و هێشتنه‌وه‌ی بوونی له نۆرینگی (ئیستاتیكییه)وه به جێگه‌ی تێڕامان ده‌زانی .
لای (شۆپنهاوه‌ر) مه‌ركه‌زی ئازار دونیای دیارده‌یه و ده‌رككردن به راستی , كۆتایی ئازاره .
(شۆپنهاوه‌ر)هه‌وڵی ده‌رككردنی زیاتری به ڕاستی ده‌دا، تا بگاته ئه‌و ژیانه گۆشه‌گیرییه‌ی كاری بۆ ده‌كرد كه له ژیانی ئایدیالی چڕده‌بێته‌وه .
( كاروان) له ده‌ستپێكی ڕۆمانه‌كه‌یدا ، باسی حه‌زێكی به‌دیهاتووی سه‌ره‌تای گه‌نجێتی خۆی ده‌كا كه حه‌زی نووسین و بوونه به نووسه‌ر .
ئه‌وه‌ی گۆڕاوه له‌و مه‌ودایه‌دا مه‌سه‌له‌ی شانازیكردنه به نووسین كه دواجار هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر شانازی به‌نووسین و نووسه‌ربوونی خۆیه‌وه ناكا ده‌ڵێ :
((مانای وایە تاکو ئێستا نە دێڕێکم نووسیوە و نە نووسەریشم.))
(نیتشه) له سه‌ره‌تاوه حه‌زی له مۆسیقا و بوون به مۆسیقار ده‌كرد . ئه‌وه‌ی (نیتشه) له (كاروان) جیاده‌كاته‌وه (شانازیكردنه به پیشه) .
(نیتشه) شانازی به مۆسیقاوه ده‌كرد و ده‌یگوت : ژیان به‌بێ مۆسیقا هه‌ڵه‌یه و مه‌ینه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه‌یه .
شانازیكردنی ( نیتشه) به مۆسیقا عه‌شقی (واگنه‌ر) دروستده‌كا و (واگنه‌ر) وه‌كو خۆشه‌ویسترین كه‌سی (نیتشه) و مۆسیقارێك كه شته نه‌بینراوه‌كان نیشانده‌دا ده‌رده‌كه‌وێ .
(نیتشه) كتێبیك له‌سه‌ر مۆسیقای (واگنه‌ر) داده‌نێ و له قۆناغی شێتبوونیدا ئه‌وكاته‌ی وێنه‌ی (واگنه‌ر)ی ده‌بینی به ئه‌سه‌فه‌وه ده‌یگوت :
( رۆژانێك عاشقی ئه‌و پیاوه بووم .)
شانازینه‌كردنی (كاروان) به نووسین ، عه‌شقی كاروان بۆ خود و نووسه‌رێكی دیاریكراو دروستناكا ، به‌ڵكو عاشقبوون به منداڵی كه مه‌ركه‌زی یه‌كه‌می عه‌شقه سه‌رهه‌ڵده‌دا وه‌كو (عه‌شقی باڵا) كه كۆی عه‌شقه‌كانی تر به نوتفه‌ی ساده‌یی بۆنخۆشكراون له ئاستیدا .
شانازیكردنی (نیتشه) به مۆسیقا ، شانازیكردن نییه به پیشه‌ی شانازیكه‌ره‌وه ، (نیتشه) له چه‌ند ئاوازێك زیاتری نه‌بوو كه هه‌وڵی ده‌دا له‌سه‌ر پیانۆ لێیانبدا و كه‌سیشمان (نیتشه)مان وه‌كو مۆسیقار نه‌ناسیوه .
شانازینه‌كردنی (كاروان) به نووسین ، شانازینه‌كردنه به پیشه‌ی خودی شانازینه‌كه‌ره‌وه ، (كاروان) چه‌ندین په‌رتوكی هه‌یه و ئه‌ومان وه‌كو نووسه‌رێك ناسیوه .
شانازیكردن رێگر نییه له به‌رده‌م چێژ بینین . ده‌كرێ نووسه‌ر شانازی به نووسینه‌وه نه‌كات و چێژیش له نووسین وه‌ربگرێ . (كاروان ) خۆی و هه‌ست و ئایدیاكانی ته‌رخانده‌كا بۆ نووسین ، بۆیه ناشێ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كانی هه‌ست به ئارامی نه‌كا.
لێره‌دا پێمخۆشه ئاماژه به به‌هه‌ڵه‌داچونی رۆشنبیرانی كورد بكه‌م له ئاست (نیتشه)دا :
مه‌حاڵه به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی (نیتشه ) له (نیتشه) تێبگه‌ین ، چونكه فكری (نیتشه) به‌ش به‌شه و هه‌ر به‌شێكی فكری ئه‌و له به‌رهه‌مێكیدا كۆبۆته‌وه ، خوێنده‌وه‌ی سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی (نیتشه) كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارچانه‌ی فكری (نیتشه)یه ، ئه‌وه‌تا هه‌ركه قسه دێته سه‌ر (سوپه‌رمان)، ئه‌وان باسی (نیتشه) ده‌كه‌ن و قسه‌كردنیان له‌سه‌ر (نیتشه) قسه‌كردنه له‌سه‌ر (سوپه‌رمان ) ، له‌كاتێكدا (لووسین)ی فه‌یله‌سوفی یۆنانی كه دوو سه‌ده دوای زاینی ژیاوه ، یه‌كه‌مین كه‌س بووه ئه‌و وشه‌یه‌ی به‌كارهێناوه ، دواتریش (مولله‌ر) به‌كاریهێناوه، ته‌نانه‌ت (گۆته)ش له هۆنراوه دراماتیكییه‌كانی نێو (فاوست)دا بانگه‌شه‌ی وه‌ها مرۆڤێك ده‌كا .
3–
(تۆماس هۆبز ) و (سپیونزا) میتافیزیكی تایبه‌ت به‌خۆیانیان داڕشت و ئینجا پێشكه‌شیان كرد .
(كاروان )یش ده‌یه‌وێ جۆرێك له فكر و فه‌لسه‌فه بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر كه خۆی دایڕشتوون خودئاگایانه و ناخودئاگایانه .
ناخودئاگایبوونی نووسه‌ر ده‌بێته په‌راوێزی شتێكی گرنگتر كه هه‌یكه‌لیه‌تی ڕۆمانه‌كه‌یه.
(خۆرخیس لویس بۆرخیس) پێیوایه ره‌نگه لێكچون هه‌بێت له نێوان چیرۆكی ئه‌و و (وێرانه خاك)ی (ئیلیۆت)دا ، به‌ڵام ئه‌م لێكچونه خود ئاگایانه نه‌بووه ، (بۆرخیس) ده‌ڵێ :
(ئیلیۆت) له‌و شاعیرانه‌یه كه به‌دڵم نین .
پارێزگاری رێنیسانس له ماتماتیك بووه هۆی ئه‌وه‌ی بنه‌ما عه‌قڵانی و ئایدیاكانی فه‌لسه‌فه‌ی (لایب نیتز) و (دیكارت) سه‌ره‌نجه‌كان رابكێشن .
پارێزگاریكردنی (كاروان)یش له وشه له‌و ڕۆمانه‌یدا بۆ سه‌ره‌نجدانی خوێنه‌ره له گۆشه دووره‌كانی وشه كه ئه‌وه‌ی ده‌یانبینێ چاوی وشه زۆر و زه‌به‌نده‌كان نییه و چاوی فكره .
“سەیر ئەوەیە (مەیسوون)ی پوورزای، کە دوای مردنی دایک‌وباوکی لە ماڵی ئەوان ژیاوە، لەبەر ئەو چاوە سوورانەی خۆشی ویستووە، بەڵام چونکە دایکی پێی گوتووە بیکاتە هاوسەری خۆی، ئەوا هەمیشە بە گومانەوە لێی ڕوانیوە، بگرە وای زانیوە دەیەوێت فریوی بدات..”
(گومان) له‌و ده‌قه‌دا چه‌مكێكی سه‌ره‌كییه و زوو زوو خۆی مانیفێست ده‌كا ، بووه به بناغه‌یه‌ك بۆ نووسینی ڕۆمانه‌كه ، ته‌نانه‌ت گومان له خودی ئه‌قڵ و لۆجیك ده‌كرێ (ئه‌مه‌ش هه‌مان دیدی ره‌خنه‌یی ئادۆرنۆیه له ڕۆشنگه‌ری ) .
ڕۆشنگه‌ریی باوه‌ڕی به تواناكانی ئه‌قڵ و ئه‌قڵانیه‌ت هه‌بوو ، وه‌كو بناغه‌ی پێشكه‌وتن ده‌یبینین .
باسی (تیشكه‌شان) نموونه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌های عه‌قڵه ، ئه‌و كاته‌ی (تیشكه‌شان) دوای په‌نجاوسێ ساڵ له هاوسه‌رگیری بڕیاری جیابوونه‌وه ده‌دات و (مامۆستا سوهاد ) نازانێ (تیشكه‌شان) هه‌ر به‌ئانقه‌ست ئه‌و پارچه جلانه‌ی جێهێشتووه كه دواتر له‌ناو جانتایه‌ك ته‌قه‌تیان ده‌كا یان له یادیانی كردووه؟
(كازینۆی منداڵان) پشتی به‌سه‌رجه‌مگیری نه‌به‌ستووه بۆ باسكردنی دیارده‌كان و جۆرێك له رێژه‌یبوون به‌دیده‌كرێ ، ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت و زانستگه‌رایی كردبێت ، خۆی له سه‌نگی نه‌ریته ئه‌فسانه‌یی و یۆتۆپییه‌كان داماڵیوه و جیهانبینییه‌كه‌ی فاكتێكی ئه‌زموونی نیه به ته‌نها ،به‌ڵكو په‌یوه‌ستیشه به ئه‌زمونه‌كانی ژیانی رۆژانه‌وه .
سه‌رجه‌مگیری له بواری فكردا جێگه‌ی ڕه‌خنه و هه‌وڵوه‌سته له‌سه‌ركردن بووه ، (ماكس هۆكهایمه‌ر) و (تیۆدۆر ئاگۆرنۆ) ,ڕه‌خنه‌ی تووندیان له ڕۆشنگه‌ری گرت و تۆمه‌تباریان كرد به گرتنه‌به‌ری میتۆدێكی ماتماتیكی ئیمبریقی و مه‌تریالیی سادده و سه‌رجه‌مگیری له باسكردنی دیارده سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌كاندا .
” (مەیاس) پرسی:
_ گۆڕی کێ…؟! هیی ژنەکەی…؟! ئەوەیە پیاو…!! ژنی خۆی بە خەنجەر لەتوکوت دەکات و تەرمەکەی لە قەڵات فڕێ دەداتە خوارێ، دواییش لەسەر گۆڕەکەی دەگریێ.
(شەمام) بە پیشەی خۆی، کە هەمیشە شتەکانی لە ڕێگای گاڵتەوە دەردەبڕی، لەژێر لێوانەوە گوتی:
_ ئای لەو مردووگێیە…!! باز بە سەر زیندوواندا هەڵ دەدات و بۆ لای…..
(نەخشە) چاوی لێ نووقاندن، کە قسەی وا نەکەن”
په‌یوه‌ست به‌و ڕۆمانه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ، ڕه‌خنه و وزه ڕه‌خنه‌ییه‌كان وه‌كو كرده‌یه‌ك دێنه ئاراوه و وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ستایشكردن سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن ، به‌و پێیه‌ی ڕه‌خنه مه‌رجی پێویستی بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنه و بناغه‌ی پێشكه‌وتنی كولتوری هاوچه‌رخه ، ده‌كرێ ببێته سه‌نته‌ری زۆربه‌ی بابه‌ته‌كان و دواجاریش ببێته شتێك بۆ ڕه‌خنه‌لێگرتن (ڕه‌خنه‌گرتن له ڕه‌خنه) .
ڕه‌خنه كارلێكه له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌زایه‌ی له چركه‌یه‌ك له چركه‌كاندا ئه‌و سڕبووانه‌ی له‌سه‌ر بێمانایی سڕبوون ده‌ته‌قێنێته‌وه ، ئه‌وانه په‌راوێز ده‌خا كه شتێكن به ته‌نها و ده‌یانه‌وێ ببنه كۆی شته‌كان .
ڕه‌خنه له ڕۆمانه‌كه‌دا كراوه‌ته كه‌ره‌سته‌ی گه‌یشتن به لووتكه و له‌و روانگه‌یه‌وه بایه‌خی زۆر به‌جوانیناسی دراوه .
په‌یوه‌ست به بۆچونی (گوڵمه‌ن) و (هیگل) و (لۆكاچ) ، ده‌بێ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بۆ ده‌سته‌به‌رداركردنی ئه‌وپه‌ڕی تۆكمه‌یی تێبكۆشن . نوێنه‌رانی (ئیكسپرسیونیزم) و (فۆتۆریزم) تۆكمه‌یی به‌رهه‌میان لا گرنگ نه‌بوو .
لێره‌وه ده‌قه‌كه ده‌بێته وشیاری بۆ گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تا ده‌گاته ئاستی فه‌زای ئه‌و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییانه .
ڕه‌خنه‌ی (مامۆستا سوهاد) له جێهێشتنه‌كه‌ی (تیشكه‌شان) ، ڕه‌خنه‌ی (تیشكان ) له ونبوونی (گوڵباران) ی كچی ، ڕه‌خنه‌ی (یه‌ڵدا)ی شاگردی چایچی له (تیشكان) خۆی .. نموونه‌ی ڕه‌خنه‌یی ڕۆمانه‌كه‌ن …
4- له شه‌قامی تێگه‌یشتندا دابه‌زین هه‌یه :
“(مامۆستا سوهاد) گوێی بە جوێنەکان نەدەدا، چونکە دەیزانی ئەو گەنجانە هیچ شتێک لەبارەی ئەو کازینۆیەوە نازانن”
(كازینۆی منداڵان) ئه‌زمونێكه خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته سنووره‌كانی بوون و كۆتاییه‌كانی وه‌هم ، خاڵی زاڵبوونی عه‌قڵه به‌سه‌ر مه‌سه‌له ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وییه‌كان، خۆ فڕێدانی خوێنه‌ره بۆ نێو ئاگایی نووسه‌ره‌كه‌ی و دووركه‌وتنه‌وه له په‌رجوی ڕۆژانه، شتێكه كه به قه‌باره بچوكه و به‌هایه‌كی چڕی هه‌یه .
هاوشێوه‌ی وتاره‌كه‌ی (د‌یڤید هیوم) به ناوی (وتارێك له‌مه‌ڕ سروشتی مرۆڤه‌وه) كه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌ی دووهه‌م ته‌خانكرابوو ،(كازینۆی منداڵان) له به‌رگێكی ئه‌ده‌بیدا هه‌وڵێكه بۆ قسه‌كردن له بابه‌ته ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وییه‌كان ، ئاشكراكردنی ئاڕاسته‌ی فكره ، ئه‌م ئاشكراكردنه‌ش ده‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی جیهانی ڕۆژئاوایه و گه‌ڕانه‌وه‌شه بۆ ژینگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كه كه منداڵیی نووسه‌ری تیا قه‌تیس ماوه و نووسه‌ر له ڕێگه‌ی (كازینۆی منداڵان)ه‌وه ، هه‌وڵی ڕاچڵه‌كاندنی منداڵه رۆژهه‌ڵاتیه‌كه كه خودی نووسه‌ره ده‌دا .
ئه‌مانه جیاوازیگه‌لێكی تری میتۆدی (كاروان)ن له‌گه‌ڵ ئه‌و میتۆدانه‌ی (سه‌لیم به‌ڕه‌كات و یه‌شار كه‌مال و شێرزاد حه‌سه‌ن و عه‌تا موحه‌مه‌د و به‌ختیار عه‌لی و ….هتد ) ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت بینینی ئه‌و جیاوازییانه وه‌كو خۆیان ، بۆخۆیان ده‌بنه پێده‌شتی چه‌ندین جیاوازی تر .
ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ئاژه‌ڵ جیاده‌كاته‌وه ، تێگه‌یشتنی زیاتره . نزیككردنه‌وه‌ی مرۆڤ له ئه‌فسانه و سه‌ندنه‌وه‌ی رۆح لێی و بڕیاردانی پێشوه‌خته له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بوونی مرۆڤ خه‌سڵه‌تێكی میتافیزیكی نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانی نییه و سه‌ر به زه‌وییه ، توشی تێنه‌گه‌یشتمان ده‌كا له‌و مرۆڤه‌ی كه ئه‌وه‌ی جیایده‌كاته‌وه خودی تێگه‌یشتنه ،مرۆڤێك (ڕۆح + جه‌سته)یه ، به تایبه‌نی مرۆڤی مۆدێرن كه باوه‌ڕی به یاسا ئاسمانییه‌كان نییه و كار بۆ به‌زه‌ویكردنی یاساكان ده‌كا ، لای ئه‌و یاسا ئاسمانییه‌كان كولتوری و كۆنه‌پارێزن .
ئه‌م ئایدیایانه كێشه‌ن له‌به‌رده‌م مۆدێرنیته كه به درێژایی ده‌یه‌ی ڕابردوو وه‌كو باسێكی فه‌لسه‌فی باسیده‌كرا ئه‌گه‌رچی زۆر له ڕۆشنبیرانی زانسته مرۆییه‌كان به‌شدارییان تیاكرد .
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و گۆشه‌یه‌دا , قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیته نییه (وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆر له مێژوونووسان خۆیانیان بۆ ته‌رخان كردووه ) ، گرنگ دۆزینه‌وه‌ی خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كانی ناو مۆدێرنیته‌یه كه له گرینگ‌ترینیان :
(هه‌موو جۆره هێزێكی مه‌عنه‌وی بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤ ، نرخی نابێ و له كۆتایشدا به‌یه‌كجاری به‌لاوه ده‌نرێ .)
لای (نیتشه) ئه‌و ڕاسیۆنالیته و به‌لاوه‌نانی هێزی میتافیزیكی به جۆرێك گه‌شه ده‌كا, دواجار (نیتشه) كۆی بارودۆخه‌كه له ڕسته‌یه‌كدا كورت ده‌كاته‌وه :
(چه‌ند سه‌یره !! ئه‌و پیره خواناسه له جه‌نگه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا نه‌یبیستووه خودا مردووه) .
تێگه‌یشتن له بۆشایدا دروستنابێت ، تێبینیكردن و سه‌ره‌نجدان له قۆناغێكدا ده‌گۆڕێن بۆ بیركردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ش تێگه‌یشتن به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێ ، یان ڕاستر بڵێین :
تێگه‌یشتن له هه‌ناوی بیركردنه‌وه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه .
تێگه‌یشتن كاردانه‌وه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنی ، تێگه‌یشتن له‌و كاردانه‌وه‌ی تێگه‌یشتن به‌رهه‌می هێناوه نایه‌ته كایه‌وه تا له‌و سیاقه ته‌قلیدییه‌ی هه‌یه ده‌رنه‌چین و بڕیاره‌كانمان باكگراوندێكی فكری و مه‌عریفی له خۆ نه‌گرن .
( نیتشه) هاوشێوه‌ی روانگه بایۆلۆجییه‌كه ده‌ڵێ مرۆڤ ته‌نها له‌شه و هه‌موو ئاژه‌ڵێكیش له‌شی هه‌یه و مرۆڤ وێرانكه‌رترین ئاژه‌ڵه .
5- (كازینۆی منداڵان) له شه‌قامی تاریك و ڕوونی فه‌لسه‌فه‌دا پیاسه ده‌كا
“ئەو باوەڕی وابوو پیری لەو کاتەوە دەست پێ ناکات، کە دەچینە ناو تەمەنەوە و پێستمان چرچ هەڵدەگەڕێت، پشتمان کۆم و ملمان لار دەبێتەوە، بەڵکو هەر کاتێ ئەو شتانە بە کار دەهێنین، کە لەگەڵمان لە دایک نەبوون، ئەوا جێگای پیری لە گیانی خۆماندا دەکەینەوە… دەیگوت هەمیشە مرۆڤێکی ڕووت لە مرۆڤێکی پۆشتە گەنجترە”
ئێستا جۆرێك له كۆده‌نگی په‌یدابووه له‌نێوان مێژوونووسانی هزری فه‌لسه‌فیدا له بابه‌تی دابه‌شكردنی فه‌لسه‌فه بۆ چوار چاخی دیاریكراو :
1-چاخی دێرین
2-چاخی ناوه‌ڕاست
3- چاخی نوێ
4- چاخی ئێستا .
چاخی چواره‌م (چاخی ئێستا) قابیلی گۆڕانه .
( ئێستا ) به‌نسبه‌تی داهاتوو رابردووه و ده‌كرێ له داهاتوودا وه‌كو كۆنه و نه‌زۆك باسی بكرێ .
ئه‌وه‌ی (ئێستا) ده‌گۆڕێ بۆ (ڕابردوو) ،هاتنه پێشه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی تری فه‌لسه‌فییه كه به (چاخی پێنجه‌می فه‌لسه‌فه) ناویده‌به‌ین .
گومانم نییه شتێك له داهاتوودا نایه‌ته پێشه‌وه به‌ناوی (كۆتا چاخی فه‌لسه‌فه) وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌بیرمه‌ندان پێشبینی مردنی فه‌لسه‌فه ده‌كه‌ن له دوارۆژدا .
مردنی فه‌لسه‌فه هاوزه‌مان كوشتنی ئه‌ده‌بیاته .
لێره‌دا وشه‌ی (كوشتن)م به‌كارهێنا و وشه‌ی (مردن)م به‌كارنه‌هێنا ، چونكه له وه‌ها بارودۆخێكدا ئه‌ده‌بیات مه‌حكوم ده‌كرێ به مردن .
به‌سه‌نته‌ركردنی عه‌قڵ و هه‌سته‌كانمان بۆ هه‌ستكردن به بوونی مرۆڤ ، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له‌و مرۆڤه .
ده‌كرێ مرۆڤ ڕاسته‌وخۆ ده‌رك به به‌شێك له حه‌قیقه‌ته‌كان بكا ( له‌وانه‌ش حه‌قیقه‌تی بوونی من لێره) ، له‌و میانه‌دا زانین ده‌ستده‌كه‌وێ .
(سۆسه‌گه‌راكان) بۆچونێكی نزیك له‌مه‌ی منیان هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌مان بۆچونیشیان نه‌بێ ، ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه بۆ هه‌ستكردن به بوونی خۆمان ، ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ په‌ی به‌و ڕاستییه به‌رین . (سۆفیسته‌كان) سۆسه‌یان به‌تاكه كه‌ره‌سته‌ی پێ‌زانین داده‌نا .
(هنری بێرگسۆن) سۆسه به تاقه ڕێگای گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت داده‌نێ و بانگه‌شه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فه ده‌كا له‌و ڕێگایه‌وه .
سه‌رجه‌می كاره‌كته‌ره‌كان له‌و ڕۆمانه‌دا له بوونی خۆیان دڵنیان ، ئه‌مه‌ش بۆ مانیفێستبوونی (بوونی من)ی (كاروان) ده‌گه‌ڕێته‌وه .
هه‌ست كردن به خود ئاسانتره وه‌ك له هه‌ستكردن به ئه‌وانیتر .له ڕێگه‌ی دڵنیابوون له بوونی (من) ه‌وه ، كاره‌كته‌ره‌كان له بوونی جێناوه سه‌ربه‌خۆكانی تریش دڵنیا ده‌بنه‌وه .
ئه‌سڵه‌ن ئه‌و كێشه‌ی بوونی من و ئه‌ویتره وه‌كو كێشه‌یه‌ك نه‌خزاوه‌ته نێو پانتایی وشه‌كانی ده‌قه‌كه‌وه ،هه‌ر بۆیه هیچ كاره‌كته‌رێك ناكه‌مه (من) و ئه‌وانیتر به ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و منه .
من ئه‌و كێشه‌یه به چاره‌سه‌ركراوی ده‌بینم له‌ودیو وشه‌كان كه مه‌به‌ستم خه‌یاڵێكه گوزارشت له نووسه‌ر ده‌كا . مه‌رج نییه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمان ئه‌و (من)ه بێت كه خستمانه روو .
ئه‌وه‌ی زیاتر چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی كردووه ، ته‌كنیكی نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی تری (كاروان) كه دیاریكردنی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕۆمانه دژوار ده‌كه‌وێته‌وه و زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان وه‌كو كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌رده‌كه‌ون .
له ڕۆمانه‌كه‌دا (فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی )ڕۆڵی هه‌یه له چه‌سپاندنی به‌ها ئاكارییه‌كان ، ئه‌وه‌ی وا له (تیشكه‌شان) ده‌كا له (مامۆستا سوهاد) دووربكه‌وێته‌وه ، كاریگه‌ری ئه‌و فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه .
به‌شێك له به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له خودی كاره‌كته‌ره‌كان و ئافراندنی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه ، (نه‌ریمان) نموونه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یه :
“بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت (نەریمان) مەبەستێکی زۆر جیاواز لەوەی منی هەیە”
ئه‌گه‌ر لای (دۆركهایم) به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵه هزرێكی داماڵراو بن و حوكمگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تیبن كه ئه‌وه‌ی دیاریان ده‌كا كۆمه‌ڵگایه و به شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێ ویژدانی گشتی به‌سه‌ر تاكه‌كاندا ده‌سه‌پێنێ ، ئه‌وا لای (پروتاگۆراس) مرۆڤ پێوه‌ری هه‌موو شتێكه و لای (نیتشه)ش سۆپه‌رمان تێپه‌ڕێنه‌ری به‌هاكانی كۆیله‌یه وه‌كو (به‌زه‌یی و خۆشویستن و چاكه‌كاری و …هتد) .
نووسه‌ر خودئاگایانه به شێك له‌گه‌مه فه‌لسه‌فییه‌كانی خوڵقاندووه و خودئاگایانه‌ش كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی له‌سه‌ر بووه .
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی خودئاگایبوون ، (جۆرج سیمنۆن ) ده‌كه‌مه نموونه :
(جۆرج سیمۆن) پێیوابوو كاریگه‌رییه‌كی خودئاگایانه‌ی (گۆگۆل) و (دیستۆڤسكی) له‌سه‌ره و ته‌نانه‌ت دیاریشیكردووه كه كاریگه‌ری (دیستۆڤسكی) كه‌متر بووه.
6- ئاڕاسته‌ی پۆزه‌تیڤی ، ئاڕاسته‌یه‌ك به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی تێكست
“_ ئەگەر لێم بپرسن لە تەرمی باوکم و لە ڕۆحی کامیان بگەڕێتەوە، باشترە، ئەوا بە دڵنیاییەوە یەکەمیان هەڵدەبژێرم، چونکە هەست دەکەم ناتوانم ئەو بە زیندوویی ببینم، لە کاتێکدا لام ڕوون نییە ئاخۆ بە تەنیا دەگەڕێتەوە، یان لەگەڵ خوشکوبرا شێتەکانم.”
(كاروان) له‌و ده‌قه‌یدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی داڕشتووه كه سه‌ربه‌خۆیه‌تی و سه‌ر به فه‌یله‌سوفان نییه .
ناولێنانی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی (كاروان) خانه‌به‌ندكردنی تێكسته‌كه‌یه ، فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه كه ناكرێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ له ساتی په‌راوێزخستنی ده‌قدا ، فه‌لسه‌فه‌ی نێو ده‌قی ئه‌ده‌بییه و سوودی كه‌می له فه‌لسه‌فه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌رگرتووه .
من به پێچه‌وانه‌ی (میلان كۆندێرا) پێموایه ده‌كرێ ڕۆماننووس فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت و له ده‌قه‌كانیدا مانیفێست ببێت .
(چیخۆف) و (كافكا) و (موزیل) فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌بوو ، بگره كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فكری فه‌لسه‌فی بیرمه‌ندانی تریش هه‌بوو .
له به‌رهه‌می زۆر له ڕۆماننووسه‌كان فه‌لسه‌فه‌ی گونجاو هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ فكری فه‌لسه‌فی بیرمه‌ندانی تر كه به فه‌یله‌سوف ناویانده‌به‌ین .
ئه‌و شتانه‌ی ڕۆماننووسه‌كان له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانیاندا ده‌یاننووسنه‌وه ده‌رباره‌ی باوه‌ڕی فه‌لسه‌فی خۆیان ، پێكهاته‌ی فه‌لسه‌فییان تیایه .
بوونی گومانیش له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانیاندا دواجار دابڕ نییه له‌و گومانه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان له به‌یانكردنی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیاندا توشی ده‌بن .
هه‌ست به جۆرێك له كۆنتاكت ده‌كه‌م له نێوان (كازینۆی منداڵان) و (پۆزه‌تیڤیزم)دا (كۆنتاكت به‌مانای كاریگه‌ری نایه‌ت ).
فه‌یله‌سوفه نوێیه‌كان و له‌ناویشیاندا ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی به مه‌تریالیزم قایل نه‌بوون ، له میتافیزیكا دووركه‌وتنه‌وه .
دووركه‌وتنه‌وه له میتافیزیكا واده‌كا جیهان چۆنیه‌تییه‌ی سیسته‌مێكی سروشتی بێت و كه‌ته‌لۆكه‌كه‌ی یاساگه‌لێكی دیار و ده‌ستنیشانكراوبێت .
پۆزه‌تیڤیزم خاوه‌نی كاریگه‌ری دوو جه‌مسه‌ره‌یه ، له‌لایه‌كه‌وه به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌زمونگه‌رایی (لۆك) كاریگه‌ره و لاكه‌ی تری فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی (كانت ) ه .
هه‌ر (كانت)یش به دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌كی پۆزه‌تیڤیزم داده‌نرێ له‌پاڵ (جۆن ستیوارت میل) و (سپنسه‌ر)دا .
توێژینه‌وه‌كانی لۆژیكی (جۆن ستیوارت میل) و ڕێبازی ئاكاری و تێڕوانینه‌كانی له كایه‌ی ئابووریدا ، بناغه‌كه‌یان پۆزه‌تیڤی ئه‌زمونگه‌رییه .
لێره‌دا نامه‌وێ زیاتر قسه له‌سه‌ر (میل) بكه‌م ، هۆكاره‌كه‌شی هه‌یكه‌لیه‌تی (كازینۆی منداڵان) .
له‌وه‌ناچێ قسه‌كردن له‌سه‌ر (میل) له‌پاڵ (كازینۆی منداڵان)دا ئه‌ده‌بی بكه‌وێته‌وه .
ڕاسته‌وخۆ دێمه سه‌ر دوو فه‌یله‌سوفی تری (پۆزه‌تیڤیزم) : (ئۆگه‌ست كانت ) و (هربرت سپنسه‌ر 1803-1873)…..
(سپنسه‌ر) كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی (هیوم) ی له‌سه‌ربوو . كاریگه‌ری (كانت) و (میل)یشی له‌سه‌ربوو كه له پاڵ (سپنسه‌ر)دا ده‌بنه سیانه‌ی پۆزه‌تیڤیزم .
سیانه‌كه یه‌ك ماڵی پۆزه‌تیڤیزم كۆیانده‌كاته‌وه ، كه‌واته (سپنسه‌ر) سوودی له هاوماڵه‌كانی خۆی وه‌رگرتووه .
له ماڵه فكرییه‌كه‌ی (كاروان)دا ، (كاروانی یه‌كه‌م) سوود له دوو له هاوماڵه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێ كه ده‌كرێ به (كاروانی دووه‌م ) و (كاروانی سێیه‌م) ناویانببه‌ین ، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و گه‌مه خودییه‌یه كه من له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كمدا له‌سه‌ر (په‌یكه‌ری ست رافۆن) باسمكردووه ، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه بوونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی جیاوازه له پاڵ گه‌مه خودییه‌كه‌دا ، بۆیه گه‌مه‌كه‌ش وه‌كو گه‌مه‌یه‌كی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌گه‌ر هه‌مان گه‌مه‌ش بێت .
(مامۆستا سوهاد) له ده‌قه‌كه‌دا ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ده‌ته‌قێته‌وه و به‌رهه‌مه‌كه‌شی كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری نێو ڕۆمانه‌كه‌یه له‌ناو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ش خودی (مامۆستا سوهاد) ی تیایه .
ته‌قینه‌وه‌ی (مامۆستا سوهاد ) كۆتایی (مامۆستا سوهاد) نییه ، ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی (مامۆستا سوهاد)ه به بچمێكی تازه‌وه و هاوكات گه‌ڕاندنه‌وه‌ی (مامۆستا سوهاد)یشه بۆ خاڵی سه‌ره‌تا ، به‌ڵام ته‌قینه‌وه‌كه واتای سیفه‌تی سه‌ره‌كیبوون ناگه‌یه‌نێ ، (مامۆستا سوهاد ) كاره‌كته‌رێكه له‌پاڵ كاره‌كته‌ره‌كانی تر با خاڵی ده‌ستپێكردنیش بێت .
ته‌قینه‌وه‌كه مانای په‌ره‌سه‌ندن ده‌گه‌یه‌نێ ،په‌ره‌سه‌ندی دونیای نێو ڕۆمانه‌كه و په‌ره‌سه‌ندنی كاره‌كته‌ره‌كانیش كه له (مامۆستا سوهاد)ه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و دواتر بوونه‌ته كاره‌كته‌ری سه‌ربه‌خۆ .
كه‌واته په‌ره‌سه‌ندنی نێو رۆمانه‌كه له شتێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ .
(سپنسه‌ر) له ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندن له‌سه‌ر بناغه‌گه‌لێكی میكانیكی- خۆكرد تێده‌گا و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا هه‌موو شته‌كان ده‌خاته نێو ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه ، وه‌ك بیه‌وێ بڵێ جیهان به‌ر له دروستبوونی شتێكی یه‌كانگیر بووه و ڕاسته‌كه ئه‌وه‌یه كه به (وزه) ، (جوڵه) ، (ماده) ناویببه‌ین ، چونكه سروشته ناوه‌كییه‌كه‌ی یان جه‌وهه‌ره ڕاسته‌قینه‌كه‌ی نه‌ناسراوه .
ئه‌و شته یه‌كانگیره ته‌قیوه‌ته‌وه و سه‌ره‌تا ته‌نه ئاسمانییه‌كانی لێپه‌یدابووه ،پشت به‌ست به دۆزینه‌وه بایۆلۆجییه‌كه‌ی (لامارك ) و (داروین) ، جیهانی ئه‌ندامی له نائه‌ندامییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه ، وزه‌ش نه‌گۆڕه به‌ڵام قابیلی دابه‌شبوونه .
“_ تۆ بڵێی منداڵەکانیشمان بچنەوە سەر باوکیان و ئاوا ڕەنگی چاویان سوور دەربچێت…؟!
(پەریهان) دەڵێت:
_ بۆم دەرکەوتووە هیچ چاوێک نییە ڕەنگی سوور، شین، قاوەیی، ڕەش و سەوز بێت… دەها ئەوە چاوەکان نین ئێمە دەبینن، بەڵکو ئێمەین ئەوان دەبینین، بەڵام بە چاو نا، بەڵکو……”
له ده‌قه‌كه‌دا كاره‌كته‌ره‌كان به‌رده‌وام پرسیار له یه‌كتری ده‌كه‌ن و دیالۆگ دروست ده‌كه‌ن ، ده‌قه‌كه‌ش مه‌مله‌كه‌تی پرسیاره‌كانه .
كه‌سایه‌تی و پێگه و ئاستی مه‌عریفی كاره‌كته‌ره‌كان له پرسیاره‌كانیاندا خۆی مه‌ڵاس داوه ، خوێنه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌وه كه كاره‌كته‌ره‌كان ده‌یانكه‌ن , هه‌ست به جۆری بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ركان ده‌كا.
پرسیاره‌كانیش دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر دوو به‌ره‌وه :
به‌شێكیان ئه‌و پرسیارانه‌ن كاره‌كته‌ره‌كان له یه‌كتری ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی به‌دوای پرسیاره‌كاندا دێن ، ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه ڕێره‌وێكی تایبه‌ت و دیاریكراو وه‌رده‌گرن .
نووسه‌ر له ڕێگه‌ی پرسیاركردنه‌وه درێژه به گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌دا و پرسیاره‌كان ده‌بنه چرایه‌ك بۆ بینینی رووداوه‌كان وه‌كو خۆیان و كاره‌كته‌ره‌كانیش ڕۆڵ ده‌بینن له بیناكردنی ڕووداوه‌كاندا .
به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كان ئه‌و پرسیارانه‌ن كه له هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌دا هه‌ستیان پێده‌كرێ و له دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه دروستده‌بن، به پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵه پرسیاری یه‌كه‌م كه له ئانی خوێندنه‌وه‌دا دروستده‌بن .
چۆنیه‌تی ڕوودانی ڕووداوه‌كان و هۆكاری ڕوودانی ڕووداوه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێدراون ، واته نووسه‌ر له یه‌ك كاتدا دوو پرسیار ده‌كا :
– بۆچی ئه‌مانه ڕوویاندا ؟
– ئه‌مانه چۆن ڕوویاندا ؟
(كانت ) له قۆناغی سێیه‌مدا كه به (قۆناغی پۆزه‌تیڤی ) ناویده‌با ، داواده‌كا پرسیار له هۆكاری ڕوودانی ڕووداوه‌كان و دیارده‌كان نه‌كرێ ، به‌ڵكو ته‌نها پرسیار له چۆنیه‌تی ڕوودانیان بكرێ .
لای (كانت) فكری مرۆیی له قۆناغی سێیه‌مدا له وه‌همه‌كانی میتافیزیكا دووركه‌وته‌وه و په‌ی به مه‌حاڵبوونی ڕه‌ها برد و شیكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان له ئانی گێڕانه‌وه‌ی ڕوودانیان بۆ فاكته‌ری نادیار كه ناكرێ ڕاسته‌وخۆ هه‌ستیان پێبكه‌ین ، پوچێتییه بۆخۆی .
شیكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان به هێزی ئیلاهی و سیحری نابێت ، به‌ڵكو ڕووداوه‌كان به رووداوی تر شیده‌كرێنه‌وه .
كه‌واته ئیشكردنی مرۆڤ له‌سه‌ر مه‌عریفه‌ی زانست و چاككردنی ڕه‌وشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه ته‌قه‌ڵای ده‌وێ ، ئامانجی یه‌كه‌مه .
7- په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆماننووس و كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆماننووس :
بۆ دروستبوونی كاره‌كته‌رێكی جیاوازی نێو ڕۆمان ، بوونی نووسه‌رێكی جیاوازیش مه‌رجه . ژیانی (دیستۆڤسكی) كه پڕیه‌تی له نه‌هامه‌تییه گه‌وره‌كان ، گه‌وره‌یی به‌خشیوه به (ڕاسكۆڵنیكۆف) .
گه‌وره‌یی (ڕاسكۆڵنیكۆف) بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ، سه‌ره‌رای ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی (ڕاسكۆڵنیكۆف) مه‌له‌یان تیا ده‌كا . (ئه‌كاكی ئه‌كاكیفیجی) له ئینتیزاری كه‌سێك وه‌ستاوه كه به‌بێ ئه‌و ناتوانێ ڕێبكا ، ئه‌و كه‌سه‌ش خودی (گۆگۆل)ه ، واته (ئه‌كاكیفیجی) ناوبانگییه‌كه‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه .
قسه‌كردن له‌سه‌ر نووسه‌ر ، قسه‌كردنێكی ڕاسته‌وخۆ نییه له‌سه‌ر كاره‌كته‌ر ، په‌یوه‌ندی نێوان كاره‌كته‌ر و نووسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه له چوارچێوه‌ی ده‌قدا دروستده‌بێ.
ئه‌و بارودۆخه‌ی (ئه‌میر) تێیده‌كه‌وێ حه‌زی نووسه‌ره‌كه‌ی نییه ، بارودۆخی (ئافۆنسۆ) له (هاوشێوه‌كانی پیاوێك)ی (ساراماگۆ)دا ، بارودۆخی هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ی نێو (مرۆڤ و مشكه‌كان)ی (جۆن ستاینبێك) و…هتد ، دوورن له ویستی نووسه‌ره‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا ..
ئایا پێویسته رۆماننووس چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كانی بكا ؟
هه‌ندێ له رۆماننووسه‌كان كاره‌كته‌ره‌كانیان واقیعین و چیرۆكی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یان به‌خۆیان بینیوه یان بیستووه .گواستنه‌وه‌ی ئه‌وكاره‌كته‌ره واقیعییانه بۆ نێو دونیای وشه و ده‌ق ، ده‌وه‌ستێته سه‌ر توانست و ئاست و مه‌یلی نووسه‌ره‌كه .
نووسه‌ر هه‌یه ئه‌وه‌ی بینیویه‌تی و بیستویه‌تی هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه ، ده‌ستكاری ناكا و كرده‌ی ئاوێته‌كردن په‌راوێز ده‌خا . نووسه‌ری ترمان هه‌ن كاره‌كته‌ره واقیعییه‌كان تێكه‌ڵاوی دونیای خه‌یاڵی خۆیان ده‌كه ن ، به‌شێك له خه‌یاڵه‌كان واقیعین و له ڕووداوی دیكه‌وه وه‌رگیراون كه هه‌ر به ڕاستی ڕوویانداوه ، به‌شه‌كه‌ی تر به‌رهه‌می خه‌یاڵی نووسه‌ره‌كه‌ن كه ده‌قه‌كه‌ی پێ ڕازانراوه‌ته‌وه ، خۆ ڕه‌نگیشه به‌بێ ئاگاداری نووسه‌ره‌كه ئه‌و رووداوانه‌ی نووسه‌ر به به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆی دایانده‌نێ ، پێشتر ڕوویاندابێ یان له داهاتوودا ڕووبده‌ن .
(كاروان) كاره‌كته‌ره‌كانی ڕووت ڕووت نه‌گواستۆته‌وه بۆ نێو ده‌قه‌كانی ، به‌ڵكو خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی پێداون كه له دووره‌وه بناسرێنه‌وه ، واته كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانی (كاروان) له كاره‌كته‌ری تر ناچن و جیاوازن به مانای وشه‌ی جیاوازی .
كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كانی (كاروان) ، ئاماده‌گییان تیایه بۆ تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ خودی خۆیان به ئامانجی تێگه‌یشتن له نووسه‌ر .
(كاروان) به درێژایی نووسینی ڕۆمانه‌كه ,خۆی نه‌خستۆته نێو به‌رگی یه‌ك كاره‌كته‌ره‌وه و كاره‌كته‌ره‌كانی تری له‌گۆشه‌نیگای ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه نه‌بینیوه .
هه‌ندێ له ڕۆماننووسه‌كان چونه‌ته نێو به‌رگی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی بۆته سه‌نته‌ر ، به‌ڵام (كاروان) له (كازینۆی منداڵان)دا تاقه كاره‌كته‌ری سه‌نته‌ری نییه تا بچێته به‌رگی ، زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان بوونه‌ته سه‌نته‌ر .
خۆخستنه نێو به‌رگی كاره‌كته‌رێك له ڕۆماندا ، زۆرجار كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆماننووس كه به سلبی ته‌واو ده‌بێت ، له‌و ڕووه‌وه ره‌نگه ڕۆماننووس نه‌توانێ درێژه به ڕۆمانه‌كه‌ی بدا . تێكچوونی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕۆماننووس ،زۆرجار كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر خودی ده‌ق .
نووسه‌ره گه‌وره‌كان بۆ تێگه‌یشتن له به‌شێك له كاره‌كته‌ره‌كانیان ،پێویستییان به سه‌ره‌نجدان و وردبوونه‌وه و گه‌ڕان و پشكنینه .
كاره‌كته‌ره‌كان پێگه‌ی خۆیان به ئاسانی ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه ، ڕه‌واش نییه نووسه‌ر به‌ناحه‌ق كاره‌كته‌ره‌كانی بكوژێ ، وه‌ك ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌كوژێ و دواتر چه‌ندین رۆژ بۆی ده‌گریێ..
8- سوود وه‌رگرتن و گواستنه‌وه بۆ نێو ده‌ق
(دۆگلاس) له ڕۆمانه‌كه‌یدا سوودی له دیالیكتیكی ئیسكۆتله‌ندی وه‌رگرتووه و قاره‌مانی چیرۆكه‌كانی له‌جیاتی وشه‌ی (money) ده‌ڵێن (baubees) ، له‌جیاتی (children) ده‌ڵێن (bairns) ، له ئینگلیزی كۆن و نه‌رویجی كۆنیشدا هه‌مان ئه‌م وشانه به‌كارده‌هاتن .
(كاروان) له‌و ده‌قه‌شیدا هه‌ندێ وشه‌ی ئینگلیزی به‌كارهێناوه و ڕه‌ونه‌قێكی به‌خشیوه به ده‌قه‌كه‌ی ، وشه‌ی (كازینۆ) به‌كارهاتووه له شوێنی (گازینۆ) ، هه‌ڵبه‌ت وشه‌ی (گازینۆ ) كوردی نییه و وشه‌یه‌كی بازاڕییه ، له وشه ئینگلیزییه‌كه‌وه وه‌رگیراوه .
“من دەڵێم دایە زوو کۆچی دواییی کرد، کەچی خۆی لە سەرەمەرگ پێی گوتم:
_ مانگا ئەوپەڕی پانزدە ساڵ دەژیێ، پەریهان، بەڵام من مانگایەکی ئاسایی نەبووم، بۆیە هێندە زۆر ژیام”.
(كاروان) له (كازینۆی منداڵان)دا ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی تێكه‌ڵكردوون ، شیعری ئاوێته‌ی ده‌قه‌كه‌ی كردووه كه ڕۆمانه .
ڕاستی من پێم سه‌یره!!! (كاروان) تا ئێستا شیعری نه‌نووسیوه ، شیعر فۆڕمێكی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی هه‌یه ، ده‌كرێ ئاوێته‌ی ده‌قی تر بكرێ (وه‌ك ئه‌وه‌ی كاروان ئاوێته‌یكردووه) . (كاروان ) له رۆمانه‌كه‌یدا (ڕۆماننووس و شاعیر و وێنه‌كێش)ه له یه‌ك كاتدا …
كۆتایی : له‌گه‌ڵ (كاروان كاكه‌سوور) و (جۆرج سیمنۆن) و (جان دۆس پاسۆس)دا
با به‌راوردكارییه‌ك بكه‌ین له‌نێوان ئه‌زموونی نووسینی :
1- (كاروان ) و (جۆرج سیمنۆن) :
لای (جۆرج سیمنۆن 1903 – 1985) ئه‌و ئاوه‌ڵناو و ئاوه‌ڵفرمانانه‌ی ته‌نها وه‌زیفه‌یان كارلێكه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر و ده‌وریان نییه له زماندا و ته‌نها بۆ جوانكاری به‌كارهاتوون ، شایسته‌ی په‌راوێزخستنن .
(سیمنۆن) ده‌یگوت :
(ئه‌گه‌ر ڕسته‌یه‌ك جوان بێت به‌ڵام مانای نه‌بێت و جێگه‌ی خۆی نه‌كاته‌وه ، ده‌بێ بیسڕینه‌وه . من له‌كاتی پاكنووسیدا ئه‌گه‌ر رسته‌یه‌ك مانای نه‌بێت با زۆر جوانیش بێت ، ئه‌وا بێ دوودڵی ره‌شیده‌كه‌مه‌وه .)
(كاروان)له‌و ده‌قه‌یدا له زمانی كاره‌كته‌ره‌كانیه‌وه ڕسته‌ی جوانی داڕشتووه ، وه‌لێ داڕشتنی وشه جوانه‌كان له‌سه‌ر حیسابی مانا نه‌بووه ، بۆیه له‌وه‌ده‌چێ كه‌متر له‌كاتی پاكنووسی و پێداچوونه‌وه‌دا ،ڕسته‌كان پێویستییان به لادانی وشه هه‌بووبێت.
لای (كاروان) ڕووداوه‌كان به‌ش به‌شن و به یه‌ك ئاڕاسته هه‌نگاو نانێن ، به‌شێك له ڕووداوه‌كان له سه‌ره‌تاوه قالبی خۆیانیان وه‌رگرتووه . لێره‌دا قالب به‌ندی مانای سنوورداركردنی ڕووداوه‌كان ناگه‌یه‌نێ ، ڕێكخستنی ڕووداوه‌كانه تا ئاستی گێڕانه‌وه .
هه‌ندێ له ڕووداوه‌كان ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانی به‌ر له خۆیانن و به لاوه‌نانی ئه‌و ڕووداوانه كوشتنی ڕووداوه‌كانی پێشترن كه دواجار به مه‌رگی ڕۆمانه‌كه كۆتایی دێت ، به‌ڵام به‌شێك له ڕووداوه‌كان سه‌ربه‌خۆن و پشت به‌ست نین به ڕووداوه‌كانی به‌ر له خۆیان .
گرنگترین تایبه‌تمه‌ندی ڕۆمانه‌كانی (كاروان كاكه‌سوور) كه تا ئێستا ڕه‌خنه‌گران باسیان نه‌كردووه و هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ش (كاروان ) له سه‌رجه‌می ڕۆماننووسه‌كان جیاده‌كاته‌وه له ناویشیاندا (جۆرج سیمنۆن) ، ئه‌وه‌یه كه :
(ڕۆمانی كاروان چه‌ند ڕۆمانێكه له‌نێو دوو توێی یه‌ك ڕۆماندا)
لای (جۆرج سیمنۆن)بارودۆخه‌كه ته‌واو جیاوازه ، ئه‌زموونی نووسینی (سیمنۆن), رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی نووسینی (كاروان)ه له ڕووی رووداوه‌كانی رۆمانه‌وه ، هه‌روه‌ها (سیمنۆن) هه‌موو رۆژێك یه‌ك فه‌سڵی ته‌واوی ده‌نووسی ، به‌بێ دواخستن . واته ئه‌گه‌ر 48 كاتژمێر نه‌خۆش بكه‌وێ ، ده‌بێ فه‌سڵه‌كانی پێشتر ڕه‌شبكاته‌وه ، ئه‌مه‌ش كۆتایی نووسرانی ڕۆمانه‌كه‌ی پێده‌ڵێن (ئه‌وه‌ی نووسراوه یه‌كسان ده‌كرێ به سفر).
2- (كاروان) و (جان دۆس پاسۆس)
(كاروان) به‌كه‌می باسی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی ده‌كا ، ڕه‌نگه بۆچونێكی تا ڕادده‌یه‌ك نزیكی هه‌بێت له (جان دۆس پاسۆس) كه پێیوایه ناخۆشترین شت له دونیادا ئه‌وه‌یه بته‌وێ له‌باره‌ی به‌رهه‌می خۆته‌وه قسه بكه‌ی .
ئه‌وه‌ی وای له (پاسۆس) كردووه وه‌ها بۆچونێكی هه‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه نییه (پاسۆس) نووسه‌رێكی لاوه‌كییه و شانازی به به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه ناكا . (جان پۆل سارته‌ر) دوای نووسرانی زنجیره‌ی ( USA) ی (پاسۆس) ، وتارێك ده‌رباره‌ی (پاسۆس) ده‌نووسێ و به گه‌وره‌ترین نووسه‌ری داده‌نێ كه له ژیاندا مابێت .
چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم بینیوه له‌سه‌ر ده‌قی (كاروان) كه نه‌یانتوانیوه ده‌قه‌كه وه‌كو خۆی ببینن ، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه به‌شێكی ده‌قه‌كه ببینن و دروست هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن , ڕه‌نگه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به لاوازی هێزی دانپیانانه‌وه هه‌بێت كه هێزێكه بۆ ڕه‌خنه‌گر كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كییه ، لاوازبوونی ئه‌و هێزه واده‌كا ڕه‌خنه‌گر ئه‌و شته نه‌نووسێته‌وه كه ده‌یبینێت له ده‌قه‌كه‌دا .
ئه‌و كێشه‌یه‌ی (كاروان) هه‌مان كێشه‌ی (پاسۆس)ه كه نووسینه‌كانی له (ڤێرجینیا) لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان بۆ ده‌كرا ، چونكه ده‌قه‌كانی ده‌رباره‌ی خه‌ڵك و پرس و كێشه‌كانیان بوو ، (پاسۆس) ده‌ستی خستبووه سه‌ر مه‌سه‌له زه‌قه‌كانی ئه‌و به‌هه‌ڵه‌داچوانه ، (پاسۆس) له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانی ده‌ڵێ :
( هه‌میشه ئه‌و بابه‌تانه ئازار و گومان لای خوێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن ، بۆیه ئاساییه په‌رچه‌كردار دروست بكه‌ن )
نووسینی : بڵند باجه‌لان
سه‌رچاوه‌كان :
1- Lo sono cosi cosi / carmelo caizzone/ Italia/ 1988
2- Narciso e Boccadoro / Herman Hesse / traduzione di Cristina Baseggio/direttore responsabile : pietro boroli / mondadori daeagostine /Milano/ 1998
3- patrica cornwell / postmortem /traduzione di Marco Amate / direttore responsabile : pietro boroli/Milano/ 1998
4- La fatorria degli animali /
traduzione di Bruno Tasso / direttore responsabile : pietro boroli/Milano/ 1998
5- ژولی سادا-ژاندرون، تساهل در اندیشه غرب، ت:عباس باقری ” تهران” 2003
6- مدرنیته و اندیشه‌ی انتقادی… بابک احمدی… چاپ چهارم اسفند، 1380
7-الفلسفه الحدیپه، نصوص مختاره، ترجمه: د. محمد سبیلا
8- بڵند باجه‌لان، مناره‌ی داهێنان: خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چیرۆکی مناره‌ی
ئاوه‌دانیی کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری گه‌لاویَزی نویَ ژماره (58) ، 2012
سه‌ره‌نج : ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌م له دوا ژماره‌ی گۆڤاری (هه‌نار) بڵاوكراوه‌ته‌وه .