
سیاسه‌ت لای مه‌کیاڤیللی … – به‌شی سێیه‌م و کۆتایی –
مه‌کیاڤیللی له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌زموونه‌کانی خۆی و خوێندنه‌وه‌ی مێژووی سیاسی دونیای کۆن، په‌رتووکی “میر” ده‌نووسێ و له‌وێدا باسی فۆڕمێکی نوێی ده‌وڵه‌ت ده‌کا. له به‌شی پانزده‌ی په‌رتووکی “میر”دا ده‌ڵێ: “من پێموایه گوونجاوتره مرۆڤ ڕاستی شته‌کان ببینێ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ به خه‌یاڵ و وه‌همه‌کان. خه‌ڵکێکی زۆر وێنای شانشین و کۆماری یۆتۆپیایی کرد که هیچ بوونێکی واقعیان نه‌بوو، ئه‌مه‌ش چونکه جیاوازی زۆر هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی چۆن ده‌ژین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که پێویسته چۆن بژین، له‌نێوان فه‌رامۆشکردنی ئه‌و کاره‌ی که کردوومانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که پێویست بوو بکرایه. ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاوازییه نه‌بینین ئه‌وا زوو یان دره‌نگ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چین له‌جیاتی پارێزگاریکردن له خۆمان”. لێره‌دا مه‌کیاڤیللی داوای سیاسه‌تێکی ڕیاڵیستی له میر ده‌کات به‌ڵام ئاماژه‌دانی مه‌کیاڤیللی به ڕیاڵیزم بۆ مه‌به‌ستی سازکردنی فۆڕمێکی نوێی ده‌وڵه‌ته که ئه‌مرۆ به ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ناسراوه. بۆیه‌ش مه‌کیاڤیللی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاتر به گووتاره بێمۆڕاله‌که‌ی ناسراوه، به‌ڵام به داهێنه‌ری ده‌وڵه‌تی مۆدێرن داده‌نرێ.
مه‌کیاڤیللی و ده‌وڵه‌ت
له پێش مۆدێرنیتی‌دا ئیمبڕاتۆڕه ئایینیه‌کان بوونیان هه‌بوو، که به‌رده‌وام له ژێر ناوی بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی خودایی خه‌ریکی داگیرکاری و شه‌ڕ و فتوحاتی ئایینی بوون. به‌واتایه‌کی‌تر ئه‌م ده‌وڵه‌تانه خواستی فه‌رمانڕه‌وایکردنی گشت جیهانییان له ژێر ناوی ئایین و ڕزگارکردنی مرۆڤایه‌تی له بێباوه‌ڕی، هه‌بوو. له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا چه‌ندین ده‌وڵه‌ت – شار له ئیتاڵیادا په‌یدابوون، وه‌ک ده‌وڵه‌تی میلان، ڤینیسیا، فلۆڕانس و ناپۆلی، که ئه‌گه‌رچی پاشکۆی زلهێزه‌کانی ئه‌وکات بوون، به‌ڵام به‌هۆی باروودۆخی ناسه‌قامگیری سیاسی له ئیتاڵیا و کلێسای کاسۆلیک توانیبوویان سه‌ربه‌خۆییه‌کی ڕێژه‌یی بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن. ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه وایکردبوو وورده وورده زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی دیاریده‌ی ڕێنه‌سانس خۆشبکا. ڕێنه‌سانس بواری بۆ خوێنده‌وارانی ئه‌وکات ڕه‌خساند که ئاورێک له تیۆری سیاسی ده‌وڵه‌ت – شاره‌کانی ڕۆمان و یۆنانییه‌کانی دونیای کۆن بده‌نه‌وه. مه‌کیاڤیللی که کلێسای کاسۆلیکی به هۆکاری بێهێزی ئیتاڵیا ده‌زانی، خۆشه‌ویستی بۆ تیۆری سیاسی کۆماره ڕۆمانی و یۆنانییه کۆنه‌کان هه‌بوو. لێره‌وه بوو مه‌کیاڤیللی له ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کلتوری سیاسی دونیای کۆن، هه‌وڵیدا لایه‌نه باشه‌کانی کۆماره ڕۆمانی و یۆنانییه‌کانی دونیای کۆن بخاته ڕوو. دیاره مه‌کیاڤیللی کاتێ ئیمبراتۆڕیه‌تی ئایینی ره‌تکرده‌وه و مه‌یلێکی به‌هێزیشی بۆ کلتووری دونیای کۆن پیشاندا ئه‌وا به‌و مه‌به‌سته نه‌بوو که بیه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ کلتووری دونیای کۆن، به‌ڵکو ده‌یویست له‌لایه‌ک سوود له تیۆری سیاسی کۆماره‌کانی دونیای کۆن وه‌ربگرێ و له‌لایه‌کی‌تر سه‌رنجی میری نوێی فلۆڕانس بۆ ئه‌زموونی پێغه‌مبه‌ر و پادشا و که‌سایه‌تییه مه‌زنه‌کانی ڕابردوو ڕاکێشێ و ئامۆژگاری بکا که وه‌ک چۆن ئه‌وانه له ڕابردوو له ڕێگه‌ی زیره‌کی و ژیری و ئازایه‌تیان توانیویانه له هیچه‌وه گه‌نجینه و مه‌زنی و سه‌ربڵندی و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بێنن، ئه‌وا ئه‌ویش ده‌بێ وه‌کو ئه‌وانه پشت به زیره‌کی و ژیری و فێڵبازی خۆی ببه‌ستێ.
مه‌کیاڤیلی له “میر”دا دوو جۆر میرنشین له یه‌کتر جودا ده‌کاته‌وه. ئه‌و میرنشینانه‌ی که میره‌کانیان له رێگه‌ی میرات له باوک یان فامیلیه‌وه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوون و ئه‌و میرنشینانه‌ش که میره‌کانیان له‌رێگه‌ی هێز و زیره‌کی و فێڵبازی و پڕه‌نسیه‌کانی خۆیان به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتون. مه‌کیاڤیلی گووتی من “میر”م بۆ ئه‌وانه‌ی دوایی نووسیوه. به‌واتایه‌کی‌تر مه‌کیاڤیلی مه‌به‌ستی بوو بڵێ که “میر” بۆ ئه‌وانه نووسراوه که ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵات و میرنشینی خۆیان به ده‌ستی خۆیان و به ئازایه‌تی خۆیان سازبکه‌ن نه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی که به میرات بۆیان مابێته‌وه. به‌واتایه‌کی‌تر په‌رتووکی “میر” بریتی‌یه له ڕێنیشانده‌ر بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێ خۆیان به‌ده‌ستی خۆیان شتێک سازبکه‌ن.
مه‌کیاڤیلی گووتی کاراکته‌ری میر و شازده نوێیه‌کان ده‌بێ وه‌ک ئه‌و پێغه‌مبه‌ر و که‌سایه‌تیه مه‌زنانه‌ی مێژوو بێت که به‌هۆی زیره‌کی و ژیری و فێڵبازی خۆیانه‌وه توانیویانه به قۆزتنه‌وه‌ی فوڕسه‌ته‌کان له مه‌تریالی مه‌وجوود ئه‌و فۆڕم و شتانه سازبکه‌ن که مه‌به‌ستیان بووه. مه‌کیاڤیللی به تووندی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ئه‌وانه ژیری و مۆڕالی دروستی ئه‌وان بووه که ئه‌و تواناییه‌ی پێداون بارودۆخی مه‌وجوود به قازانج خۆیان بشکێننه‌وه و به‌مه‌ش سه‌رکه‌وتن و خۆشبه‌ختی به‌ده‌ست بێنن و وڵاته‌کانیشیان بگه‌یێنه مه‌زنی و گه‌شه‌پێدان. مه‌کیاڤیللی گووتی میر ده‌بێ خاوه‌نی که‌سایه‌تیێکی وابێت که بتوانێ وه‌ک پێغه‌مبه‌ره‌کان یاسا و ده‌ستور و بینینی خه‌ڵک به‌و ئاراسته‌یه بگۆڕێ که زاڵبوون و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپارێزێ و باوه‌ڕیش به خه‌ڵک بێنێ بۆ ئه‌و فۆرم وئایدیا و ده‌وڵه‌ته‌ی که جێ مه‌به‌ستیه‌تی.
مه‌کیاڤیللی و تۆماس هۆبز
ڕاسته ده‌وڵه‌تێک که مه‌کیاڤیللی داوای ده‌کرد وه‌ک ئیمبڕاتۆڕه ئایینیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م پشتی به کۆنسێپته کلاسیکه‌کانی ئایینی نه‌ده‌به‌ست، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێکی شه‌ڕانگێز و ئاره‌زووی ئیمپریالیستانه‌ی هه‌بوو. به‌واتایه‌کی‌تر ده‌وڵه‌تی مه‌کیاڤیللیش وه‌ک ئیمبڕاتۆڕه‌کانی پێشوو ئاره‌زوویه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو، به‌س نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئایینی به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌ڕان به‌دوای شکۆمه‌ندی و مه‌زنی دونیایی. ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیه دوایی له پڕۆسه‌یه‌کی ململانێی سه‌ختی فیکری و سیاسی‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی تۆماس هۆبز و جان لۆک و ژان ژاک ڕۆسۆ …هتد. گه‌شه‌ی زیاتری پێدرا تا گه‌یشته ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ئه‌مڕۆ که به ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه ناسراوه و خاوه‌ن سه‌روه‌ری و جواگرافیایه‌کی سیاسی دیاریکراوه. لێره‌دا وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به پرۆسه‌ی ڕیفۆرم کردنی ده‌وڵه‌تی مه‌کیاڤیللی، ئه‌وا به‌راوردێكی کورت له نێوان تێڕوانینه‌کانی هۆبزو مه‌کیاڤیللی ده‌که‌م.
1- میتۆدی تۆماس هۆبز به به‌راوورد له‌گه‌ڵ هی مه‌کیاڤیللی زانستیانه‌تر و ئه‌نالیزانه‌تره، نووسینه‌کانی مه‌کیاڤیللی زیاتر له کۆمێنت ده‌چن و زۆربه‌ی جاریش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی خۆیه‌تی له بواری سیاسی‌دا.
2- له ده‌وڵه‌تی مه‌کیاڤیللیدا میر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته و بۆیه‌ش ده‌وڵه‌ته‌که ده‌وڵه‌تێکی میرنشینیه، به‌ڵام هۆبز باس له سه‌روه‌ر (حاکم) ده‌کا که ده‌کرێ پادشا، میر یان که‌سێکی‌تر بێت که ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه. سه‌روه‌ر لای هۆبز ده‌ستکردی کۆنتراکتی کۆمه‌ڵیک تاکه، به پێچه‌وانه‌وه سه‌روه‌ر لای مه‌کیاڤیللی ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌توانێ ده‌سه‌ڵات زه‌وت بکا.
3- مه‌کیاڤیللی که‌سانی سته‌مکار وه‌ک سیمبۆل له کاری سیاسی‌دا باسده‌کا، بۆ؟ جونکه سیاسه‌تکردن لای مه‌کیاڤیللی واته گه‌ڕان به‌دوای شانازی تاکه‌که‌سی، سه‌ربڵندی، شکۆیی و مه‌زنی. که‌چی سیاسه‌تکردن لای هۆبز زیاتر وه‌ک ئامانجی خۆپاراستن و دابینکردنی ئاشتییه. مه‌کیاڤیللی باس له چه‌ک و هێز ده‌کا وه‌ک دوو شتی بنه‌ڕه‌تی که‌چی هۆبز باس له یاسا ده‌کا. به‌کورتی میتۆدی هۆبز هه‌وڵده‌دا ده‌وڵه‌تی مه‌کیاڤیللی به‌ده‌زگایی‌تر و یاسایی‌تر و مرۆڤده‌ستانه‌تری بکات.
مه‌کیاڤیللی و خه‌ڵک
مه‌کیاڤیللی له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕی وابوو که ئه‌رستۆکراس و نۆبله‌کان جێ متمانه‌ی ڕه‌ها نین و به‌رده‌وام چاوییان له ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییه بۆیه ئامۆژگاری میر ده‌کا که هه‌وڵدا هاوسه‌نگییه‌ک له ده‌وڵه‌تدا سازبکا که له ڕێگه‌یه‌وه بتوانێ حه‌زی به‌رده‌وامی ئه‌رستۆکراس و نۆبله‌کان بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و خیانه‌تکردن کۆنتڕۆل بکات. مه‌کیاڤیللی گووتی خه‌ڵکی ئاسایی دڵسۆزترن بۆ میری وڵات به به‌راوورد له‌گه‌ڵ نۆبله‌کان و ئه‌رستۆکراسه‌کان، بۆ؟ مه‌کیاڤیللی گووتی چونکه حه‌زو خواستی خه‌ڵکی ئاسایی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی نییه به‌ڵکو زۆربه‌ی خه‌ڵک ده‌یانه‌وێ سته‌م له که‌س نه‌که‌ن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا که‌سیش سته‌میان لێنه‌کا. ئه‌م بینینه‌ی مه‌کیاڤیللی به یه‌که‌مین بینینی سیاسی داده‌نرێ که به ئاگایی و پلانه‌وه باسی له که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌رستۆکراس و نۆبله‌کان له سیاسه‌تدا کردبێ و له به‌رامبه‌ریشدا ڕۆڵێکی به‌هێزتری له ده‌وڵه‌ت به خه‌ڵک دابێ. مه‌کیاڤیللی داوا له میر ده‌کا که ده‌ستوورێکی هاسه‌نگ بۆ وڵات داڕێژێ. مه‌کیاڤیللی گووتی باشترین ده‌ستور ئه‌و ده‌ستوره‌یه که شه‌رعیه‌تی مافه‌کان دابه‌ش ده‌کا له‌نێوان میره‌کان، نۆبله‌کان (ئه‌شراف) و خه‌ڵک، هه‌ریه‌کێک به گوێره‌ی هێزی واقیعی خۆی له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌م داوایه‌ی مه‌کیاڤیللی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کۆماری ئه‌رستۆ و پلێێتۆ بوو که له‌وێدا سیاسه‌ت وه‌به‌رهێنان له په‌روه‌رده‌ی ئه‌رستۆکراسیه‌ت ده‌کا و خه‌ڵک هیچ رۆڵێکی نییه. ڕاستییه‌که‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده و مۆڕاڵی سیاسی پلێیتۆ و ئه‌رستۆ، وه هه‌روه‌ها داواکردنی ڕۆڵێکی به‌هێزترو ڕۆشنتر بۆ خه‌ڵک له سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت له لایه‌ن مه‌کیاڤیللیه‌وه، بووه هۆکاری دۆزینه‌وه‌ی دووریێکی نوێی پۆپۆلیستی له سیاسه‌ت، وه هه‌روه‌ها بووه هه‌وێن و بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی تۆماس هۆبز و جان لۆک و ژان ژاک ڕۆسۆ …هتد بۆ دیموکراتیزه‌کردن و گه‌شه‌پێدانی زیاتری ئایدیای ده‌وله‌تی مۆدیرن.
مه‌کیاڤیلی چی ده‌ویست؟
له کۆتاییدا جارێکی‌تر ئاماژه به هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌که‌مه‌وه که مه‌کیاڤلی له په‌رتووکی “میر” دا ده‌یویست میر له ده‌وڵه‌ت و میرنشینی نوێ‌دا جێگیریان بکا.
یه‌که‌م: مه‌کیاڤیلی ده‌یویست سیاسه‌ت تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو بکاته کاریکی دونیایی و له ئایین و ئایدیا ئاسمانییه‌کان دوور بخاته‌وه
دووه‌م: مه‌کیاڤیلی ده‌یویست سیاسه‌ت ته‌واو پشت به کۆد و یاسا و مۆڕاڵی نوێ ببه‌ستێ که له هیچ شوێنێکه‌وه، بێجگه له سیاسه‌ت و واقیعی مه‌وجوود، سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتبێ.
سێیه‌م: مه‌کیاڤیلی ده‌یویست سیاسه‌ت تا ئاستیکی دیاریکراو پشت به خه‌ڵک ببه‌ستێ. بۆیه‌ش بۆ یه‌که‌مینجار له میژوودا سیاسه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌کیاڤیلی سیمایه‌کی پۆپۆلیستانه‌ی پێبه‌خشرا.
چواره‌م: مه‌کیاڤیلی وه‌ک که‌سێک که داوای له میر کرد کاریگه‌ری و واقیعی شته‌کان ببینێ نه‌ک خه‌یاڵ و خولیای شته‌کان، بۆیه ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که مه‌کیاڤیلی ده‌یویست ده‌وڵه‌تێکی پڕ چه‌ک و به‌رده‌وام له حاله‌تی شه‌ڕ و هێڕش دایه و دژی ئاشتییه. ده‌وڵه‌تی مه‌کیاڤیلی ده‌وڵه‌تیکه له‌سه‌ر سته‌مکاری و ململانێ و قه‌یرانه‌کان ده‌ژێ و ئاره‌زوو و نیه‌تی ئیمپریالیستانه‌ی هه‌یه.
ئیسماعیل ڕواندزی
بەشی یەکەم….
سه‌رچاوه‌کان:
1- The prince, Niccolo Machiavelli
2- The Discourses on Livy, Niccolo Machiavelli
3- History of Western Philosophy, Bertrand Russell
4- Geschiedenis van de filosofie, Hans Joachim Storig, zevenentewintigste druk 2004.
5- Leviathan, Thomas Hobbes