Skip to Content

Wednesday, May 22nd, 2024
[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم] ،…..

[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم] ،…..

Closed
by August 5, 2013 ئەدەب

 

[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم] ،گوزارشتێکی ڕاستگۆیانە لە دۆستێکەوە

 

گۆران هەڵەبجەیی

 

[چەند جوانە دەمێک مرۆڤە نامۆکان بەڕێکەوت دەبنە برادەرمان، چەند ئەستەمە دەمێک برادەرەکانمان  لە ناکاو لێمان دەبنە نامۆ ]

 

ڕاستگۆترین و بەوەفاترین  دۆست ئەو دۆستەیە کە هەستی ئینسانی دەیبزوێنێت، خۆی عەوداڵی  دۆستایەتیە، هیچ بەرژەوەندیەکی لە دۆستایەتیەدا نیە،چاوەڕێی پاداشت ناکات ،بەتەمای مەدالیا نیە.بەسەر فەرشی سووردا ناروات. 

ئێمەی کورد خاوەنی دۆستی  کەمین ، ئەوانەش هەن بڕێکیان بەرژەوەندی دەیانکاتە دۆست و هەربۆیەش لەدەمی نەمانی بەرژەوەندیەکەیاندا دۆستایەتیەکەش دەبێتە دوژمانەیەتی، یا لە باشترین حاڵەتدا کاڵ دەبێتەوە. 

 بڕێک   لەو دۆستانەی  لەسەردەمانێکدا بۆمان دەگریان ،دەمێک دەهاتنە کوردستان بە جوانترین شیوە خزمەت دەکران ،تەنانەت گیرفانیشیان گەرم دەکرا .بەڵام کە دەگەرانەوە لەو دۆستایەتیە و لە هەڵوێستیان  پاش گەز دەبوونەوە، بگرە قسەی نابەجێشیان پیدەگووتین. 

لەتەک ئەمانەشدا بڕێک دۆستمان هەن کە ڕێکەوت کردوونیەتە دۆستمان ،بە نزیک بوونەوەی زیاتر لێمان، دۆستایەتیەکەیان پتەو تر بووە  ،هەست و سۆزیان بەرامبەرمان قووڵتر بووە، زیاتر  خۆشیان ویستووین  . بەداخەوە ئەو جۆرە دۆستانە  دەگمەنن، بەڵام سەنگ و نرخی خۆیان هەیە و هەر ئەو جۆرە دۆستانەش بۆ ئێمە پێویستن.

یەکێک لەو دۆستە بە ئەمەکانە هونەرمەندی شیوەکاری دانمارکی ئەنێتا ئەسپاندەرە. ئەم مرۆڤە کەس داوای لێنەکرد ببێتە دۆستمان بەڵکو خۆی گەرا بەداوی دۆستایەتیدا، یا گونجاوتر بڵێم ڕێکەوت کردیە دۆستمان. سەرەتا لەڕێگەی چەند کوردێکی نیشتەجێی دانمارک، کوردی ناسی، بەتایبەت ڕۆمان و چیرۆک نووس کاک کاروان کاکە سوور و شانۆکار میدیای رەئوف بێگەرد ،بەڵام بەهۆی ئەوەی  زیاتر خولیای  ناسینی کورد بوو ، بازنەی هاوڕیەتیەکەی فراوان بوو،  سنووری  دانمارکی تێپەڕاند و  لە ئەورپاو  لە کوردستان کۆمەڵێک دۆستی نوێی بۆ پەیدا بوو ،بەتایبەت لە نیو توێژی ڕووناکبیراندا ،ئیستا هاوڕێکانی  لە زیابووندایە بەتایبەتی لەسەر تۆڕی فەیسبووک.

لەم ڕووەوە  کاروان کاکەسوور لەپێشەکی ئەم سەفەر نامەیەدا دەڵیت.ئەنێتا پێوستی  بە من نیە بە خوێنەری بناسێنم،لە کاتێکدا ئەو ژنە هونەرمەندە لە هونەری ناسینی خەڵکدا توانایەکی دانسقەی هەیە.ئەو ئەمڕۆ لە من زیاتر خەڵکی کوردستان دەناسێت،تەنانەت بە پێی ئاگاداری خۆم یەک دوو منداڵی کورد ،لەبەر خۆشەویستی ئەو هونەرمەندە ناوی [ئەنێتا] یان پی بەخشراوە.

 

بانگهێشت بۆ کوردستان

گەر بە هەڵەدا  نەچووبم سالی 2009  لە کۆبنهاگن پێشەنگایەکی خۆی کردەوە ، وەک بەندە بابەتێکم لەسەر ئەو پێشەنگایە نووسی، هەموو تابلۆکانی ئەو پێشەنگایە تایبەت بوون بە سرووشتی کوردستان . پێشتر ئەنێتا کوردستانی نەدیتبوو  ،تەنها   خۆشەویستی بۆکوردستان پاڵنەر و ئیلهامهێنەر بوون بۆ تابلۆکانی ، هەر بۆیە  لە دوای ئەو پێشەنگایە کۆمەڵێک لە بەهرەمەندانی کورد بوونە دۆستی کە  لەزۆربەی بوارە ئیبداعیەکاندا چالاکن .  

زۆری نەبرد لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە سلیمانی بانگێشت کرا بۆ نمایشکردنی تابلۆکانی لە کوردستان . کاک کاروان کاکەسوور هاوسەفەری بوو،پاشان  میدیای رەئوف بێگەردیش گەشتە لای .

زادی ئەو سەفەرەی کە پتر لە مانگێکی خایاند کردیە کتێبێک بەناوی[گەشتێک بۆ ولاتی هاوڕێیانم] .

ناواخنی کتێبەکە جگە لە وێنەکان 104 لاپەرەیە بە قەوارەی   [ئەی 5 ]  کتێبەکە کتێبێکی شیاکاری زانستی  نیە سەبارەت بە کوردستان بەڵکو تەنها یاداشتێکی سەرپێیانەیە بۆ ئەو سەفەرەی. وەک لە پێشەکیەکەی دەزگای  چاپ و پەخشی سەردەمدا هاتووە [ئەم گەشتەی ژنە هونەرمەندی دانمارکی {ئەنێتا }  بۆ کوردستان نووسینی سەفەر نامەیەکی پرۆفیشناڵ نیە  کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ژیانی هەمەلایەنەی خەڵکی ولاتێک نووسرابێت ،ئەمە گەشتێکی ئاسایی و کەم خایەنی مرۆڤێکی هونەرمەندی ئەوروپاییە کە بە گیانێکی دۆستانەی پڕ لە سۆزی قووڵەوە بۆ گەلێک نووسراوە]. واتە کتێبێکی سادەیە بەڵام  پر مانا، دەربڕێنێکی پڕ هەستە، لەناخی مرۆڤێکی خاوەن شارستانیەوە هەڵقوولاوە. راستگۆیانە دیارەدە و رووداوەکانی یاداشت کردوە،.نەهاتووە لەبەر خاتری برادەرە کوردەکانی دیاردە ناشیرین و دزیوەکان  پەردەپۆش بکات یا ئارایشتیان بکات ، گەر وای بکرادایە لە دۆستایەتی دەردەچوو، دەچووە خانەی مجامەلەی بیتام و بێ ماناوە.   هەرچی شتە جوانەکانیش هەن بێ ئەوەی زیادەڕۆییان تێدا بکات  وەک خۆی گوزارشتی لێوە کردون .

 

ئەنفال

کتێبەکەی بە پرسیارێکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەست پێکردووە،[بۆچی دەبێت ئەم کتێبەی من بە وشەی ئەنفال دەست پێبکات؟] 

هەر لە وەلامدا خۆی دەڵیت هەر ئەو وشەیە بوو کورد و منی بە یەکتر ناساند، بۆیە ئەنفال دەبێتە ناونیشانی یەکەم بەشی کتێبەکەم.

پاشان ئەنێتا دێت باسی وشەی ئەنفال دەکات و شرۆفەی دەکات ،هاوکات باسی کاریگەری ئەو وشەیە دەکات لە سەر تاکی کورد. ئەنێتا لەم بارەوە دەڵیت ،گەرچی لەسەر بەکارهێنانی وشەی ئەنفال لەلایەن سەددامەوە بۆ  پڕۆسێسێکی قەلاچۆکردن، لەوانەیە کوردەکان کۆک نەبن بەلام هەموویان لەوەدا هاوڕان کە سەددام لە دڕندەیدا وێنەی نەبووە.

لەهەمان باسدا  سەبارەت بە ئەنفال و دەنگدانەوەی لای  نەتەوەکانی تری ڕۆژهەلاتی ناوەراست  دەڵیت، ئەوان بەگشتی سەددام حوسەین بە موسوڵمانێکی خواپەرست و بەرگریکار  لە ئیسلام دەزانن. وە هیچ سۆزیکیان بۆ کورد نیەو هەق بەسەدامیش دەدەن لە مەسەلەی چەوساندنەوەی گەلی کورددا. دەڵی بەپێجەوانەوە   کوردەکان ڕێز لە کەسانی تر دەگرن بە ئەندازەی  زیاتر لە هاولاتیانی خۆیان .

بڕێک لە خەسڵەتەکان

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە دەڵێت، ئەوەی من لە کوردەکانم بەدی  کردووە ،ئەوەیە   ئەوان هەرگیز موسوڵمانی وشک نین، بەڵکو بەگشتی زۆر کراوەن،شێوازی پۆشینی جل و بەرگ، حەزکردن لە موزیک و بەشداریکردنی کوڕو کچیان لە ئاهەنگەکاندا،ئەو شتانەن کە بەئاشکرا دەڵین کورد بە دوای ژیان و  جوانیدا دەگەرێت.

مەسەلەی قسەی خۆش و نوکتە خاڵێکی دیکەیە کە ئەنێتا لە میانەی تێکەڵاویدا لە گەل کوردەکاندا هەستی پێکردووە.ئەوەتا دەڵی گەر کەسێک  ئەو هەموو نەهامەتیانەی لەبارەی کوردەوە زانیبێت،هەرگیز باوەڕ ناکات ئەوانە هێندە بەزەوقبن. نوکتەو گاڵتەو گەپ ئەو دوو خوسلەتەن کە کوردیان پی دەناسرێتەوە، لە گێرانەوەو بەسەرهاتی  خۆش و نوکتەدا هەموویان ئەکتەری لێهاتوون.

لە شوێنێکی دیکەدا باسی ڕۆلی ژن دەکات لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و دەڵیت، لە کۆبوونەوەکاندا ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە و جیاوازی نیوان مێ و نێرم نەدیوە ، لە درێژەی ئەم باسەدا دەڵێت، خێزانە کوردەکانی نیشتە جێی دانمارک بایەخێکی   زۆر دەدەن بە منداڵەکانیان  هەموویان لە بوارەکانی موزیک سینەما شانۆ ئەدەب و وەرزشدا بەهرەمەندن. لەلایەکی دیکەوە  سەبارەت بە تاوانی ژن کوشتن دەڵی ، کۆمەڵگای کوردیش وەک کۆمەڵگاکانی دیکە ژنی تیدا دەکوژرێت، مندال وەک پێویست ڕێزی لی ناگیرێت بایەخ بە ژینگە  نادریت ،واتە کورد فریشتە نین. بەڵام ئەگەر بڕیارە ئەوانەی فریشتە نین ،خاکیان لی زەوت بکرێت،زمانی دایکیان لی قەدەغەبکرێت،ئەنفال بکرێن،ئاوارە بکرێن ،ئەوا کورد لە دوای هەموویانەوە دێت. 

ئەنێتا خولیای ئەوەبووە کە پتر لە بارەی ئەو میللەتەوە بزانێت کە تازە ئاشنا بووە پێیان، دەلێ ویستوومە بزانم ئەو گەلە بۆچی لەلایەن دراوسێکانیەوە هێندەی زوڵم لێکراوە و لەبەرچی ولاتانی دونیاش تارادەیەکی زۆر چاویان لەو هەموو زوڵمە پۆشیوە. 

دیارە  بۆ وەرگرتنی زیاتر زانیاری، ئامێتە بوون کوورتترین ڕێگەیە، بۆیە لەم بارەوە دەڵی ،من لە دانمارک هێندەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونم لە گەڵ کورددا  لە کەلتوور،شێوازی بیرکردنەوە ،بەهاو نۆرمەکانی ئەوانەوە تێگەشتم ، هێندە لە ڕێگای خوێندنەوەوە لێیان تێنەگەشتووم، بەردەوام بوونم  لەو تێکەڵبوونە ئینسانیە  بۆ تێگەشتنی زیاتر و ئاسودەیی زیاتر بووە.

 هەر زۆر جار برادەرە کوردەکانیش ئەو پرسیارەیان لی کردووە [ئایا تۆ کوردستانت دیوە؟] هەر ئەم پرسیارەش هاندەرێکی دیکە بووە کە ئەنێتا سەردانی کوردستان بکات.

 

دۆستایەتی

ئەنێتا زۆر بە سادەیی بەلام  پڕ ماناو مەغزا تاریفی دۆستایەتی لای تاکی کورد  دەکات و دەڵێ . هاوڕییەتی لای کورد ئەگەرچی  زۆر بە خیرایی و چەند بڵیی بە ئاسانی دادەمەزرێت ، بەڵام تا بڵێی مانایەکی گەورەشی هەیە،لەماوەیەکی کەمدا وات لێدەکەن تۆ وا هەست بکەیت تەمەنی خۆتت لەگەڵ ئەواندا بەسەر بردووە، باوەڕی تەواوت پیدەکەن ،پشتت پێدەبەستن،هاوکات ئەو هەستەت لا دروست دەکەن ،کە ئەوانیش لەوە دڵنیان کە تۆ پشتوپەنای ئەوانیت و ناپاکی لەو هاوڕییەتیە ناکەیت.

ئەم بۆچوونەی ئەنیتا دەشی بۆ چەند حالەتێک درووست بێت بە تایبەت بۆ مرۆڤ دۆستەکان کە دۆستایەتیان دلسۆزی و پاکی  سەرچاوەکەیەتی ،بەلام بۆ زۆر حاڵەت بەپێچەوانەیە ، هەر ئەو خۆشباوەڕیەیە لەکن کورد کە زۆر جار پشتوپەناکانمان لە کاتی پێوست و نەهامەتیەکاندا پشتیان تیکردووین و دەرکەوتووە  ئەوان دۆستامان نەبوون بەڵکو دۆستی بەرژەوەندیەکنیان بوون ،وە مێژووی دورو و نزیکمان ئەمەی سەلماندوە.

ئەنێتا لە دانیشتنەکانیدا لەتەک بڕێ لە کوردەکانی دانمارک ئەوەی بۆ دەرکەوتوە کە کوبوونەوەی کوردەکان تام  و چێژی تایبەتی هەیە.دەڵی کورد هەرگیز بێباک نین هەمیشە مێژووی خۆیان لە بیرە کە پرە لە کارەسات ،بەلام هێزی خۆیان لە قسەی خۆش،پێکەنین،گۆرانی و هەڵپەڕکێ وەردەگرن.

کەسێکی بێگانەی وەک ئەنێتا دەرکی بەوە کردوە کە زۆرێک لە گەنجەکانمان بەهیوان  ڕۆژێک بگەنە هەندەران و وڵاتی خۆیان جی بهێڵن، کە هەم  بۆ من و هەم بۆ ئەنێتاش جێی پرسیارە،کە ئەو هۆکارانە چین پاڵ بەو گەنجانەوە دەنێن زێدی خۆیان جێ بهێلن؟ کێ بەر پرسە لەم لایەنە؟ چۆن دەکرێ ڕێگە لەو کۆچە بگیرێت کە تا ئیستاش بەردەوامە؟

کەماسیەکی دیکە کە ئەنێتا دەرکی پێکردوە ،نەبوونی کتێبێک یا دەلیلێکی گەشتیاریە کە گەشتیاری بێگانە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت ،  ئەمەش ئەرکی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارە ،لەم بورەدا دەڵی، هەندێک  کتێب لە بارەی کوردەوە هەن بەلام هیچ یەکێک لەو کتێبانە تایبەت نین بەسەفەر بەڵکو کتبی گشتین کە ڕۆژهەڵاتناس و رۆژنامەنووسەکان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە ،  لەگەڵ گرنگی ئەو کتێبانەدا بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیوە سیمای کورد بە جیا نیشان بدەن و ئازارەکانیان بە ڕوونی دربخەن.

لەگەڵ نەبوونی ئەم جۆرە کتێبانە کە پێی دەوترێت [دەلیلی گەشتیاری] ئەنێتا دەڵیت ،ئەوە نەبوونە کێشە بۆم چونکە لای من چێژ لەوەدایە مرۆڤ خۆی شتەکانی بەردەمی خۆی ببینێت نەک کەسێکی تر نیشانی بدات.

ئەنێتا بۆ یەکەم جار بەبی [ڤیلی] هاوسەری سەفەر دەکات، سەفەرەکەش بۆ کوردستانە ،لێ ئەو هەست بە تەنیایی ناکات بەڵکو وا دەزانێت بۆ وڵاتی خۆی دەگەریتەوە ،وەک خۆی دەڵێت،

گرنگە کەسانێک هەرگیز نەیاندیویت بەلام بە هاوڕێ و کەسوکاری خۆیانت دەزانن ،وە هەموویان پێت دەڵین[تۆ هەر دەبی بێیتە مالی ئێمە ،ئەنێتا ، بەپەرۆشەوە چاوەڕێت دەکەین، ئەنێتا].

 

گرفتەکانی سەفەر

لە کاتی سەفەرەکەیدا ئەنێتا چ لەمسەر و چ لە گەرانەوەیدا زۆر زەحمەتی تووش هات، زۆر دواکەوت زۆر چاوەڕوانی کرد ، ئەمانەش بە هۆی نارێک وپێکی و کەم تەرخەمی بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە  بووە ،کە گەمە بە خەڵک دەکەن.دەڵی من زۆرم پێناخۆشە کە کورد  لەو فرۆکەخانانە بەدەستی چەند بازرگانێکەوە فریو دەدرێت و زوڵمی لێدەکرێت،بی ئەوەی هیچ کەسێک، هیچ لایەنێکی فەرمی بەرگری لی بکات، کە زۆربەیان کۆمپانیای وەهمین.بۆ نمونە لە سەفەرەکەیدا بەرەو کوردستان پاش ئەوەی ڕۆژێک لە چاوەڕونیدا بوون و فرۆکە نەهات ناچار بووە لە باژێرێکی دیکەوە بفڕێت کە لەوێش بە بیانویەکی زۆر بێ مانا پتر لە نیو ڕۆژ دواکەوتوە،گوایە  فڕۆکەوانەکە ماندووە و بۆ ئەوەی پلەی سەلامەتییان زیاتر بێت، پێویستی بە خەوە.

یا لە گەڕانەوەدا پیان وتوون فڕۆکەی گەورەترتان بۆ دابین دەکەین ،بێ ئەوەی ئەوان فرۆکەی یەکەمیان دیبێت داخۆ گەوریە یا بچوکە، پاشان خۆ ئەوان فڕۆکە ناکڕن تا پەیوەندی بە قەبارەی فڕۆکەوە هەبێت.  بەداخەوە ئەم جۆرە کردارانە تەنها لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتی و دواکەوتووەکاندا بەدی دەکرێن و  جۆرێکن  لە هەڵخەلەتاندن.

ئەنێتا لەم ڕوەوە دەڵیت،هێنانی فرۆکەی گەورە بۆ پێکەنین نەبێت بۆ شتێکی کە باش نیە، یا دەڵیت ستافی ئەو کۆمپانیایە لە درۆکردنیشدا شارەزانین.

 

تابلۆی کەرکوک

دەمێک ئەنێتا و  کاروان کاکەسور بەرەو هەولێر بەکەرکوکدا تێدەپەڕن ،ئەنێتا ئەو تابلۆیەی دێتەوە یاد کە بۆ کەرکوک کێشاویەتی، بەناوی[کەرکوک لەسەردەمی گوڵ و کۆتردا] . سەبارەت بەو تابلۆیە کوردێکی زۆر دەستخۆشیان لێ کردوە ،بەڵام بڕیک لە مرۆڤی دەروون نەخۆشی ڕاسیست هەرەشەیان لێکردووە  کە دراوسێی کوردن. پێان وتوە تۆ کارێکی نامرۆڤانەت کردووە و دەتدەینە دادگا. لەمەدا ئەنێتا دەڵیت، سەیرە پێدەچێت ئەوانە  حەز بکەن پێیان بووترێت دڕندە، بەڵام ڕازیی نین بە گول وکۆتریان بزانیت. ئەمەش تەنها بەهۆی ئەوەی ناوی کوردم هێناوە. ئەنێتا پێی سەیرە کە کەسانێک یا  ڕژێمێک زمانی دایک قەدەغەدە دەکەن ، منداڵ و پیری کورد دەکوژن نەدرێنە دادگا ،بەڵام ئەوێک کە باسی تەبایی و دۆستایەتی نێو گەلانی کردووە، بدرێتە دادگا.

سەیر لەوەدایە ئەو تابلۆیە لە پاش پێشەنگاکەی کۆبنهاگن ون بوو، کە تا ئێستاش نازانێت چۆن ونبووە.

بەڵێن نەشکاندن.

ئەنێتا زۆر ئارەزووی دەکرد سەردانێکی باژێڕی کەرکوک بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵێنی بە ڤیلی هاوسەری دابوو کە ناچێتە ناو شاری کەرکوک ،بەڵێنکەی بردەسەر و نەیشکاند. ئەمەش جۆرێکە لە بەوەفایی و ڕێزگرتن و بەڵێن نەشکاندن. هاوسەرەکەی ئاگاداری بارودۆخی عیراق  وکوردستانە، دەیزانی  بەردەوام لە کەرکوک کاری تەرۆرستی ڕوودەدەن ،بۆیە  تکای لە ئەنێتا کردبوو کە نەچێتە ناو کەرکوک.

لە ڕێگە بۆ هەولیر ،بۆ نانخواردن لە ڕێستورانتێک لادەدەن، ئەنێتا لەوێدا شتێکی سەیر بەدی دەکات ئەویش دانیشتنی کرێکارە کوردو عەرەبەکانە ،دەبینێ ،هەرکەسەیان بەجلی خۆیەوە ، لە سەرمێزێک بۆ نان خواردن  دانیشوون ، بەلای ئەوەوە ئەمە جوانیەکە ،کە شارێک خەڵکی جیاوازو ڕەنگاو ڕەنگ لەخۆ دەگرێت،بەمەرجێک ئەو کەسانە بە پلانی ڕەگەزپەرستی و بۆ دەرکردنی کەسانی خاوەن شارەکە نەهێنرابن، دەڵی بەداخەوە مێژووی ئەم شارە پڕیەتی لەم هێنان و دەرکردنە،هەر ئەمەشە گەورەترین گرفتی بۆ خەڵکی سڤیل درووست کردووە و ئەو هەموو توندوتیژیەی لێکەوتووەتەوە.

 

لەگەڵ بەهرەمەنداندا

ئەنێتا وەک هونەرمەندێکی شیوەکار ،وەک کەسێک کە ڕێز لە هونەرو ئەدەب و سەرچەم کایە ئیبداعەکان بگرێت .ئارەزووی بووە زۆرترین ژمارەی  بەهرەمەندان بناسێت ، بیاندوێنێت، لە  نزیکەوە لە کارەکانینان شارەزابێت . هەر بۆیەش لەو ماوە کەمەدا  زۆرترین کەسی لەو بەهرەمەندانە دیوە ، وەک خۆی دەڵی هەر لە یەکەم چرکەوە بوینەتە هاوەڕێ و بە ڕاشکاوانە بیرۆ بۆچونمان گۆڕیوەتەوە. سەردانی  ماڵەکانیانی کردوە ،لە پێشەنگاکانیاندا ئامادەبووە، چوتە گەلەریەکان  ، نمایشی شانۆ و شانۆکارانی دیوە،،گۆرانی بێژ، نووسەر، شاعر ، چیرۆکنووس، ڕۆژنامەنوسی و نووسەری دیوە ،چوتە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان ، دیداری میدیایی هەبووە، لە شەقامی سەهۆڵەکە و باخچەی گشتی لەگەڵ بەهرەمەنداندا پیاسەی کردووە  ، لە چایخانەی شەعب لە گەلیان  چای خواردوەتەوە  . لەهەولێر لە پارکی شانەدەر و شوێنانی دیکە دیونی و لەگەڵیان دانیشتووە.  لە کوێ بۆی ڕوخسابێت بەدیداریان شاد بووە ، وەک خۆی دەڵێت خۆشترین ساتی لەگەڵیاندا بەسەر بردوە.

ئەمەش  واتابەخشی ڕێزگرتنێکی مەزن ، هەستێکی بەرز، نرخاندنێکی شیاوە  لە هونەرمەدنێکەوە بۆ کەسانی خاوەن بەهرە لە کوردستان.

بێگومان ئەوانیش بە هەمان شیوە سۆزو هەستی خۆیان لەگەل ئەنێتادا گۆڕیوەتەوە و بەو بینین و گفتووگۆیانە خۆشحاڵبوون.

 

گەرانەکانی لە کوردستان

خانمە هونەرمەندی شیوەکار ئەنێتا سەردانی بڕیک لە باژێڕو دەڤەرکانی کوردستانی کردووە هەریەکەیان جوانیەکی تایبەتی خۆی هەیە لەکن ئەو ، بەجوانی هەورامان سەرسام بووە، بە  نالەباری وناڕیکوپێکی بواری هاتووچۆ لە ئەحمەد ئاوا نیگەران بووە، هەلەبجە غەمێکی گەورەی پیداوە، بەشێک لە ئازارەکانی کوردی لەویدا بەدی کردووە.

بەجوانی و دڵڕفێنی دەڤەری سۆران  و چۆمان دلی کراوەتەوە ،شەوێکی پر ئەفسوناوی لەو کەژ وکێوە لە نیو هاژەی ڕووبار و لەڕەی گەڵای درەختی دەم شنەبا و دەنگی ئاژەڵ و ترس لە خشۆکەکان، بەسەر بردووە کە ئەو شەوەخەوە یادگارێکی جوانی لەکن جێهێشتووە.

سەبارەت بە باژێری هەولێرو  سلیمانی دەڵێت. دووشاری جیاوازن ، بەلام هەر یەکەیان خۆشی و جوانیت بەشیوەی خۆی پێدەبەخشێت . هەولیر بە بێدەنگی و شەرمنی کە مرۆڤ واهەست دەکات ئەو شارە هی خۆیەتی و تێیدا لەدایک بووە، بەڵام سلیمانی بەئاشکراو بەڕووی خۆشەوە، هەموویان پێت دەلێن ئەم شارە هی تۆیە بە دڵێشەوە وات پیدەڵێن. زۆر زوو دەبنە هاوڕێت ،بەرادەیەک کە لە خۆت بپرسیت تۆبڵێی  من پێشتر ئەمانەم نەدیبێت؟

میهرەبانی خیزانە کوردەکان و پێشوازی گەرم و گووڕیان لە ئەنێتا   هێندەی دیکە کوردی لا خۆشەیوست بووە، دەڵی لەو ماوە کەمەدا هیندە هۆگری ئەو خوشک و براو کەسانە بووم وام زانیوە عەیامێکە یەکتر دەناسین،  لەکاتی دابرانیشدا هەردوولا لە دلەوە گریاوین .

 

ناوچەی ئازادکراو

دەمێک سەردانی ناوچەی حاجی ئۆمەران دەکەن بڕیک لەبرادەرەکانی کە لەو سەردانەیدا یاوەری بوون ، بۆیان گێڕاوتەوە کە لەدەمی شۆڕشی ئەیلولدا ئەم ناوچانە ئازاد بوون و هێزی پیشمەرگەو برێک لە خێزانەکانیان لێرە ژیاون ، بەڵام هاوکات لە ژێر بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتدا بوون . ئەمە ئەو لوغزەیە کە  ئەنێتا لێی  تێناگات و  بەلایەوە حاڵەتێکی  سەیرە .چۆن دەبی دەڤەرێک پێی بووترێت ناوچەی ئازاد و بەلای خەڵکەکەوە  ئازادبێت ، لێ  بەردەوام بە ناپالمیش بۆردوومان بکرێت و لە خەڵکەکەی بکوژرێت؟

بۆیە دەڵێت ئەوەی لە نزیکەوە کورد نەناسێتەوە هەرگیز لەوە تێناگات کە ئازادی لای کورد چ واتایەکی گەورەی هەیە.

ئەنێتا و کاروان دووجار چونەتە کن ڕەوەندە کوردەکان  بەگەرمی پێشوازیان لێکراوە ،خزمەت کراون ماستاوی ساردو چای گەرمیان پێداون حەزیان کردوە شەو لایان بمێننەوە.  بێ ئەوەی لە زمانی ئەنێتا تێبگەن بە سیمایان خۆشحاڵیان نیشانداوە ، بە بزە و سەیرکردنەکانیان پێیان وتووە چەند بە هاتنت خۆشحاڵین. 

ئەنێتا لەو بارەوە دەڵێت،مرۆڤ کاتێک ئەوانە دەبینێت وا هەست دەکات دڵسۆزترین کەسی  ئەم سرووشتەن ونایانەویت لە هیج بارودۆخێکدا ئەم خاک و خۆلە جێبهێڵن.چەندین جار لە لایەن ئیرانی دراوسێوە بۆردوومان کراون ،ئاژەڵیان کوژراوە، کەچی هێشتا کۆڵ نادەن و خاکی خۆیان جێناهێڵن. بەدرێژایی مێژوو کوردەکان بەرگریەکی گەورەیان لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا نواندووە.

ئەنێتا لە سلیمانی ئامادەی نمایشی شانۆگەریەکی میدیا رەئوف بێگەرد دەبێت کە ئەویش لە دانمارکەوە بۆ ئەو مەبەستە گەڕاوەتەوە. هونەری شانۆ لەسلیمانی مێژویەکی کۆنی هەیەو بەگشتی خەڵکەکە حەزی لێدەکەن. سەبارەت بەو نمایشە دەلێت،هەموو جوڵەو ئاماژەیەکی میدیا هی ئەوەن لە جارێک زیاتر سەرنجیان لێبدرێت.

ئەگەرجی ئەنێتا لە زمانی تیکستەکە تێنەگەشتوە، بەڵام بەچاکی دەیزانی زمانی جەستەی میدیا چی پێدەڵیت.زمانی جەستە گوزارشتێکی کورت و خیرایە بۆ گەیاندنێکی پەیامێک بەو کەسانەی  لە زمانەکە  تێناگەن و لایان نامۆیە ،   لەڕیگای بزاوتی جەستەوە  هێندە مانا  درووست دەبێت کە تارادەیەکی باش کەسەکان  لە ناوەڕکی کارەکە تێدەگەن .  دیارە لە ژیانی رۆژانەشدا  زۆر جار کەسەکان بێئەوەی قسەبکەن بە ئاماژەی بەشێک لە جەستە گوژارشت لە مەبەستەکانیان دەکەن و بە ڕوونی مەسجەکان دەگەن.

هەر پەیوەست بەم باسەوە  دەمێک باسی هونەرمەند دیاری قەرەداغی دەکات دەڵیت، دیاری ئەو گۆرانیبێژەیە کە زۆر هونەرمەندانە زمانی جەستە تێکەڵی دەنگ و میلۆدی گۆرانیەکانی دەکات،ئەگەر هیچ لە زمانەکەش حاڵی نەبیت، ئەوە دیاری  دەتوانێت بەهۆی  ئەو جولە زیرەکانەی دەموچاو و بەشەکانی تری جەستەیەوە  وات لیێ بکات لە مانی تێکستەکانی تێبگەیت.

 

هەڵەبجە

لە سەفەرکەیدا بۆ هەلەبجە کە مۆنۆمەنتەکەو مەزاری شەهیدانی بەسەر کردووەتەوە ، ئەنێتا دەڵێت دەبوایە بچمە ئەو شارەی کە ناوی کوردستانی لەلا خۆشەویست کردم .ئەم ئافرەتە هەست بەرزە خۆی  بە بەشدار دەزانێت لەو تاوانەدا ،بەوەی  وەک تاکێک  نەیتوانیوە ڕێگە لە ڕوودانی بگرێت. ئەمە ئەو پەڕی ئینسانیەتی  کەسێکی مرۆڤدۆست نیشان دەدات، لەمەڕ تاوانێکی گەورەی وەک هەڵبجە. ئەو دەڵێت، هەر تاوانێک دەکرێت مرۆڤ لە ناخی خۆیدا وا هەست دەکات پشکێکی لەو تاوانەدا هەیە، هەڵەبجە هێندە تاوانێکی گەورەیە کە مرۆڤ وادەزانێت خۆی کردوویەتی.

هەڵەبجە بەنسبەت ئەنێتاوە ڕێگایەکە بۆ گەشتن بە چیرۆکە گەورەکە،دەستپێکردنە بە چیرۆکێک کە هەرگیز ناگەیتە کۆتاییەکەی.

لە سیمای منداڵ  و ژنە وشک هەڵاتووەکاندا پرسیارگەلێک بەدی دەکات کە ویستوویانە ڕووبەڕووی دونیا و مێژو و نەوەکانی بکەنەوە. ئەنێتا دەڵیت،لەوەش دڵنیا بوون کە لە هیج سەردەمێکدا وەڵامیان نادرێتەوە.تەنانەت ئاژەڵ و باڵندەکانێش لێرەو  لەوێ ڕەق هەڵاتوون و ئەوانیش پرسیاری خۆیان هەیە.

 

ئەنێتا لێمان توورەیە

ئەنێتا هەروەک چۆن بە کارە جوان و سودبەخشەکانمان شاد و دڵخۆش بووە ،هەرواش بە دواکەوتن و نەبوونی خزمەتگوزاری وکارە ناشیرین و ناشارستانیەکانیش  نیگەرن بووە تا گەشتووەتە  ڕادەی تووڕەیی، ئەوتا لە وەسفێکدا بۆ سەیرانگای ئەحمەد ئاوا دەڵێت،مرۆڤ کاتێک سەیری ئەم دەڤەرانە دەکات هێندە جوانن، ئاخی قول هەڵدەکیشێت،بەوەی نەک هەر بیریان نەکردوەتەوە بیانکەنە شوێنی گەشتوگوزار و سامانێکی گەورەی لی بەرهەم بهێنن، بەڵکو تەنانەت ڕێگاکانیشیان چاک نەکردوون. ئەمە یەکێک لەو ساتانە بوو کە من تێیدا توورە بووم و خەفەتم خوارد.گلەیم لە حکومەتەکە کرد کە وڵاتەکەی خۆی وەک پێویست ئاوەدان ناکاتەوە.

چۆن دەبێت هەڵەبجەو دەورەوبەری بەم شیوەیەبن؟ ئەبوایە کارێکیان بکردایە ئەو خەڵکە دوای ئەو کارەساتە گەورەیە هەست بە ئارامی بکات.

ئەنێتا هێندە بەپەرۆشە بۆ ولاتەکەمان، پتر لە خەڵکەکەی خەفەتی بەو خەم ساردیە گەورەیە خواردوە کە لەلایەن دەسەلاتداران و هەم لەلایەن هاولاتیانەوە سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەو خاوێن ڕاگرتنی وڵات هەیە. تەنانەت توورەیی و نیگەرانی خۆی گەیاندوە  سەرۆکی پەرلەمانیش.بەلام کێ گرنگی بە پەرۆشی ئەو دەدات؟ 

ئەنێتا لە سەفەرنامەکەیدا بەشیکی تەرخان کردوە بۆ قسەکرەدن لەسەر هونەری کوردی و بەتایبەتیش نواندن و شانۆ، کە وەک پێشتریش ئاماژەم پیداوە، زیاتر تیشکی خستوەتە سەر ڕۆڵی ئافرەت لە بواری شانۆی کوردیدا ، دەلێ ئافرەتی کورد بەردەام وە بەتایبەت لە حەفتاکانەوە حزووری هەبووە لەسەر شانۆ ،چەند ژنێک دەکاتە نمونە کە ناسروان و میژویەکیان لە گەڵ هونەردا هەیە لەوانە، بەدیعەدارتاش و گەزیزە، کە هاوسەری هونەرمەندێکی گەورەی شیوەکارە ،ئەویش ئیسماعیل خەیاتە.

دەمێک دەچن بۆناوچەی هەورومان ،بە یاوەری گەزیزە خان دەبینێت خەڵک زۆر ڕێز لە گەزیزە  دەگرن و دێنە لای و دەیدوێنن، بێگومان ئەو ڕێزەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئەو خانمە لە هونەری نواندندا.

 

سەردانی پەرلەمان

 ئەنێتا وەک خۆی دەڵێت کەسێکی سیاسی نیە بەلام  بیریڤان سەرهەنگ کە کاتی خۆی لەدانمارک دەژیاو ئیستا ئەندام پەرلەمانە، تەکلیفی لێدەکات کە سەردانی پەرلەمان بکات ،تا لە نزیکەوە ئاشنای کارەکانی پەرلەمان ببێت.

کاک ئەرسەلان بایز سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لێدەکات ،بریک باسی پەرلەمان و یاساکان و  چۆنیەتی بەڕیوەبردنی ئیشەکانی بۆدەکات، ئەویش خۆشحاڵی خۆی بە بوونی ئەو دامەزراوەیە دەردەبڕیت کە خەڵک هەڵی بژاردوون ، هەروەها بە بوونی ئۆپۆزشیۆنیش لە پەرەلمان چاوەڕێی کاری باشتر دەکات.

لەلای سەرۆکی پەرلەمان وەک دۆستێکی خەمخۆر بریک گلەیی و ڕەخنە لە ئەدای پەرلەمان و حکومەت دەگرێت و دەڵێت،هیوادارم کاری زیاتر بۆ کورد بکەن،چونکە کورد شایانی زۆر لەوە زیاترە،لە کوردستان بایەخ بە پاک و خاوێنی نادرێت،سەوزایی کەمە، سیستەمی ترافیک باش نیە،لە هەندێک جادە تەنانەت شوێنی پەڕینەوە بۆ هاوڵاتیان بەرچاو ناکەوێت.

 

بیرۆکراسی و ڕۆتین لە دائیرەکانی  میریدا

ئەوەی بەلای منەوە هەم جێی پێکەنین و هەم جێی داخە باسکردنی [ دایەرەی پەنابەریەتی و کۆچبەرانە] کە نغرۆی ڕۆتین و کاری بیرۆکراسی بووە.

بەر لە گەڕانەوە بۆ مۆرکردنی پاسپۆرتەکەی ئەنێتا  ڕێگەی کەتووەتە ئەو شوێنە، کە بەم جۆرە وەسفی دەکات. دایەرەیەکی بیسەروبەرە و چەند شوێنێکت پی دەکەن ،کە کەم و زۆر لەیەکتر دەچن، خەڵکانێکی یەکجار زۆر لەو شوێنە کۆبوونەتەوە ،هۆکارەکەش ئەوەیە ،نە ئیشوکارەکانیان بەڕیکو پێکی بەڕیوە دەچن وە نە ئەوانیش سەرەدەگرن،دەبێتە گەڕەلاوژەو مرۆڤ هەناسەی تەنگ دەبێت،هەندێک بە واستە دەچنە ژوورەوە و کاروو باریان بۆ تەواو دەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی ئەوانی تر. بە گشتی لەو شوێنە بیرۆکراتیزم بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت و مرۆڤ لەڕووی دەروونیەوە زۆر شپرزە دەبێت.

ئەمە یەکێکە لەو شوێنە ناشیرین و ناڕێکانەی ئەنێتا  لە پاڵ کۆمەڵێک شتی جوان و مۆدێرندا بینیویەتی.

پێشتر ئاماژەم بە  چۆنیەتی سەفەری ئەنێتا کرد بۆ سلیمانی کە لە هەردوو سەردا پڕبووە  لەچەرمەسەری و کێشمە کێش و دواکەوتن و دەستبڕین، وە بە بەهانەی هێنانی فڕۆکەی گەورە، دوو ڕۆژ سەفەرەکەیان دوادەکەوێت.  دەبوو دوای نیوەڕۆ سەفەر بکەن بەلام هەر جارەی بە بیانوویەک چەند کاتژمێرێکیان خستوتە سەر چاوەڕوانی،  ئەم گەمە ناشیرینە تا رۆژی دوایی درێژەی کێشاوە . لەناو ئەو چاوەڕوانی و بێزاریەدا ئەو خەڵکەیان جێهێشتبوو، وەک ئەوەی ئەو خەڵکە هاولاتی خۆیان نەبن، ئەنێتا دەڵێت ،تەنانەت خواردنیان بۆ ئەو خەڵکە بێزراو ماندو برسیە  نەهێنا.

بەڵام دەمێک ئەنێتا  ویستوویەتی وێنەیەکی ئەو واقعە بگرێت ئەفسەرێکی ناشارەزا و بێسەواد  داوای لێدەکات  وێنەکە بیسڕیتەوە. 

گەر کاروان نەبوایە کە بەگژ ئەفسەرەکدا چوبوو ،کامیراکەیان  لە ئەنێتا دەسەند. لە کۆتایی ئەم دیمەنە ناشیریندا ئەنێتا دەڵێت.بەبی دودڵی دەڵێم گەر  هەندێکی تر ئەم بارودۆخە درێژەی بکێشایە ،شەڕی دەستەو یەخە لەنیوان خەڵک و پۆلیس ڕووی دەدا،ئەمە ئەو شتەبوو کە من هیوام دەخواست نەیبینم.

 

بەئاسمانەوە یادی سەفەر

کاتژمیر ن[9] ی بەیانی سواری ئەو فڕۆکەیە دەبن ،کە دەبوو قەوارەکەی هێندەی سێ فرۆکەی ئاسایی بێت،لێ فڕۆکەیەکی تەواو ئاسایی بوو .

ئەنێتا دەڵی  ،بە ئاسمانەوە بیرم لە سەفەرەکەم دەکردەوە، کە سەرەڕای هەندێک شتی نەگەتیڤ،بەڵام پڕ لە خۆشی و ئاسوودەیی بوو.سەفەری ولاتانم زۆر کردووە، بەڵام سەفەری کوردستانم  لەو سەفرە خۆشانەمە، کە هەرگیز بیرچوونەوەیان نیە، دەمگوت سوپاس بۆ ئەو ولاتەی منی بە هاوڕێی خۆی زانیوە و بانگهێشتی کردووم،سوپاس بۆ ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامە گشتیەکان و پارکەکان بەڕووی خۆشەوە لێیان دەڕوانیم و سڵاویان لێدەکردم،لە بازارەکان شتومەکم لێدەکڕین و بەزۆر پارەم دەخستە ناو دەستیانەوە ،چونکە پێیان خۆش بوو بەخۆرایی بمدەنێ، ئەوانەی دەهاتن دەستیان دەکردە ملم و وێنەیان لەگەل دەگرتم.

ئەنێتا نەک هەر لە فرۆکەکەدا بەڵکو دەمێک بە ماشێنێش لە فرۆکەخانەوە بەرەو باژێرەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، هەر بیری لای کوردستانە، خەیاڵی بۆ لای هاوڕێکانی دەڕوات،قسەو پێکەنینەکانیان، پیاسەی سەرشەقامەکان و زۆر شتی تر.

لە کۆتایدا بە پێوستی دەزانم ئاماژە بە هەوڵ و تواناو  ماندوبوونی کاک کاروان کاکەسور ڕۆمان و چیرۆکنووس بدەم کە یاوەری ئەنێتا بووە لەو سەفەرەدا. کاک کاروان ئەرکی بە کوردی  کردنی ئەم سەفەرنامەی گرتوەتە ئەستۆ. من ناڵێم وەرگێران چونکە ئەمە وەرگێران نیە بەڵکو بە کوردی کردنە. بێگومان گەر پیت بەپیت وەری بگێڕایەتە سەر کوردی ئەم تام وچێژەی ئیستای نەدەبوو، چونکە  جیاوازی زمان و کەلتوور وادەکەن دەربڕینەکان بەشیوازێکی دیکەبن. کاک کاروان بە سەلیقەی خۆی وەک ئەدیبێک و شارەزایەک لە زمانی کوردیدا ، بەرگێکی کوردی کردوە بە بەر نووسینەکەی ئەنێتادا، بەجۆرێک دەمێک مرۆڤ دەیخوێنێتەوە واهەست دەکات خاوەنەکەی بە کوردی نووسیوەتی نەک بە دانمارکی. من چەند لاپەڕەیەکم لە کتێبەکەی ئەنێتا بەدانمارکی خوێندەوە بۆم دەرکەوت کاروان کرۆکی باسەکانی وەرگرتوەو بە کوردی دایڕشتونەتەوە ،بێ ئەوەی کار بکاتە سەر مەبەست و باسەکان، بەڵکو دەتوانم بڵیم جوانتر و ساناتری کردووە.بۆیە من پڕ بەدل دەستخۆشی لێدەکەم. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.