Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
مانیلا.. میلانۆ … چیرۆکی: عەزیز نەسین

مانیلا.. میلانۆ … چیرۆکی: عەزیز نەسین

Closed

 

 

 

پێم وایە رووداوێکی لەم جۆرە بەسەر هەموو کەسێکدا هاتووە یان دێت. قەت لە خۆتانەوە ناوتان لە کەس ناوە؟ من زۆر جار ئەمەم کردووە. بابڵێین ناوی کابرا سەلیمە، من لەخۆمەوە بە سلێمان بانگی ئەکەم. لەبەر هەر هۆیەك بێ سلێمان ناو بۆ ئەو بە گونجاوتر ئەزانم. سەلیم ئاگادارم ئەکاتەوە کە ناوی سلێمان نی یە، بەڵام من هەر سلێمان لە مێشکم چەسپیوەو جارێکی دی لەو هەڵەیە قورتار نابم. سلێمان بۆ خوارەوە.. سلێمان بۆ سەرەوە…

ئەوانەی ناویان لێ ئەنێم چەندین رێگە ئەگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی ناوەکانیان. بۆ نموونە ئەو سەلیمەی من بە سلێمان بانگی ئەکەم بۆ ئەوەی ناوەکەی راست بکەمەوە ئەڵێ:

-ئەم بەیانییە بە پەشۆکاوییەوە لەماڵ هاتمە دەرەوە، جانتاکەم لەبیر چوو، باش بوو ژنەکەم بانگی کردم “سەلیم، سەلیم”!..

من لێی ئەپرسم: 

-لەگەڵ کێیەتی وا بانگ ئەکا سەلیم؟

-بێگومان من، ئەی من ناوم سەلیمە…

-بەڕاست کاك سلێمان، بە سەلیمت بانگ ئەکات.. ئەوی دوای ئەوە سلێمان گیان؟

ئەوان وا ئەزانن من بۆ تووڕە کردنیان وا ئەکەم بۆیە لێم زویر ئەبن. تومەز کاتێ کە سەلیم بە سلێمان بانگ ئەکەم خۆم هەستی پێ ناکەم، ئەڵێی وتوومە سەلیم.. من کاتێ هەست بەم پەرتەوازییە یاخود هەڵەیە ئەکەم کە خەڵکی دیش ناو بە منەوە ئەنێن. هەندێ کەس بە ناوێکی دی یەوە بانگم ئەکەن. راستی، من ئەم ناولێنانەم هیچ پێ خۆش نی یە، وا هەست ئەکەم لە بەهاو بایەخم کەم ئەکاتەوە، ئێ دە وایە، پیاو چۆن ناوی کەسانی گرنگ و پایەدار لەیاد ئەکاو ناوێکی دیکەیان لێ ئەنێ؟ بۆ نموونە پیاوێکی وەكو سەرۆك وەزیران قەت ناوێکی دیکەی لێ ئەنرێت؟ بابڵێین ناوی سەرۆك وەزیران عەبدولڕەزاقە، رەنگە ژنەکەی بە عەبدوش یان عەبدوش گیان بانگی بکات، بەڵام خەڵکی دی هیچ کاتێك بە پەرتەوازەییش بێ، بە هەڵەش بێ، بە عەبدولڕەزاق بەگ ناڵێن مەحموود بەگ، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیران پیاوێکی گرنگە. منیش لەبەر ئەوەیە لەو کەسانە تووڕە ئەبم کە بە هەڵە ناوم بانگ ئەکەن. واتە مەرج نی یە ئیللا ببم بە سەرۆك وەزیران و ناوم بکەوێتە سەر زاری هەموو کەس تا ناوم بە ڕاست و دروستی بڵێن. کورە بابە جا با ناوم بە هەڵە بەرن، چی یە! بڕوانن، دیسانەوە تووڕە بووم!

چ کارێکی سەرسوڕهێنەرە، گەلێ کەس، لەبەر هەر هۆیەك بێ، بە موزەفەر ناوم ئەبەن، بڵێ موزەفەر ناوم پێ شیاو ئەبینن، یاخود من کەسیکم هەر لە موزەفەر ناو دێم. هێندە بە موزەفەر بانگیان ئەکردم هەمیشە پێم وابوو دایك و باوکم ناوەکەمیان بە هەڵە ناوەو، ناوم موزەفەر بوایە دروستتر ئەبوو. ئەوانەی بە موزەفەر ناوزەدم ئەکەن، من رێگەی هەمە جۆر ئەگرمە بەر بۆ ئەوەی پێیان بڵێم کە ناوم حەسەنە، ئەوان وڕك ئەگرن. من پێیان ئەڵێم بابە ناوم موزەفەر نی یە، ناوم حەسەنە، ئەوان ئەڵێن- بڵێ لەبری حەسەن بە موزەفەرت بانگ ئەکەن، وا نی یە کاك موزەفەر؟ ئیتر بە تەواوی دەمارم ئەگرن.

با وابێ. ئەزانم بە ئانقەست وا ناکەن، بەڵام من پێی دڵگران ئەبم. لەم دنیایەدا ئەبێ حەسەن حەسەنیی خۆی و موزەفەر موزەفەریی خۆی بزانێ.

یەکێك لەو هەڵانەی لە سەلیم و سلێمانەکە زۆر خراپتر، لە دوا گەشتما بۆ دەرەوەی وڵات بەسەرما هات، کە ئەبوایە بۆ مانیلا بچم. هەموو کەس باسی دووریی مانیلایان ئەکرد، ئەیانووت “لەوپەڕی دنیایە”. ئەم “دووری”یە شتیکی نسبی یە. کە ئەووترێ دوور ئەبێ بپرسین بەگوێرەی کوێ دوورە. مانیلا بە گوێرەی کوێ دوورە؟ مانیلا لە ئیستانبوڵەوە دوور بێ ئیستانبوڵیش لە مانیلاوە دوورە. کامیان لە کامیان دوورتر ئەبێ با ببێ، من ئەم سەفەرە دوورەم لەبەرچاو گرت. بە هیچ جۆرێ باس لەوە ناکەم ئەم سەفەرەم بە فڕۆکە چەند سەعات یاخود چەند رۆژ ئەخایەنێ. لەبەر ئەوەی لەهەر شوێنیکدا فرۆکەکەمان ئەنیشێتەوەو سەعاتێك تیایدا ئەمێنێ، ئەم سەعاتە بە گوێرەی ئیستانبوڵ دوو سەعات، بە گوێرەی هەندێ شوێنی دی سێ سەعات لەدوایە. لەم رووەوە چەمکی کاتم لێ تێك چووبوو. تەنیا ئەوەندە ئەزانم شەوو رۆژێکی تەواومان لەناو فڕۆکەدا بەسەر بردو دەمەو ئێوارە لە هۆنگ کۆنگ دابەزین. شەوم لەوێدا بەسەر بردو ئەبوایە سبەی زوو هەر بە فڕۆکە بۆ مانیلا سەفەر بکەم.  کاتێ لە هۆنگ کۆنگ دابەزیم (ئەو هۆنگ کۆنگەی لە زۆر فیلم دا وەکو شاریکی پڕ لە نهێنی پیشان ئەدرێ) تەواو دەبەنگ بوبووم. لەڕاستیدا ئەم دەبەنگی یەم لەناو فڕۆکەدا تووش بوو. ئەو گەشتیارەی لە تەنیشتم دانیشتبوو هۆی ئەم دەبەنگییەی ناو فڕۆکەی بە شێوەیەکی زانستی روون کردەوەو ئەیووت لەبەر ئەوەی دنیا لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا ئەسووڕێتەوە، هەرچی فڕۆکەکەمانە لە بە پێچەوانەی دنیاوە، لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات ئەفڕێ، لەبەر ئەم هۆیەیە سەری نەفەرەکانیش ئەسووڕێتەوە، هۆی دەبەنگ بوونەکەشمان ئەمەیە.

لەبەر هەر هۆیەك ئەبێ ببێ، هەر کە پێم نایە هۆنگ کۆنگ مێشکم دەبەنگ بوو. هۆنگ کۆنگ ئەم دەبەنگ بوونەی منی هێندەی دی زیاد کرد. پاش ئەوەی شتومەکەکانم لە ئوتێل دانا وتم با هەندێ لەناو ئەم هۆنگ کۆنگەی لە فیلم دا وەکو شارێکی پڕ لە سەیرو سەمەرە پیشان ئەدرێ بگەڕێم. بەڵام لەبەر ئەوەی هۆنگ کۆنگ لە فیلم دا وەکو بازاڕی قاچاخچێتی و داوێن پیسی و تلیاك کێشان پیشان ئەدرێ، لە ترسی ئەوەی نەك دزیم لێ بکرێ پارەکەم خستە گیرفانی دواوەی پانتۆڵەکەمەوەو دەستێکیشم خستبووە سەری، تەماشای جامخانەی کۆگاکانم ئەکرد. لەبەردەم یەکێك لەو کۆگایانەدا سەیری هەندێ نەقشم ئەکرد کە لە ددانی فیل دروست کرابوون، ئافرەتێکی چینی لە کۆگاکە هاتە دەرەوەو بە لارو لەنجەوە هات لە تەکمەوە وەستا. وەك ئەوەی لەمێژ بێ بیناسم هاتە قۆڵمەوە، بەڵام بە جۆرێ هاتە قۆڵمەوە ئانیشکم لەسەر نەرمانی سینەی گیر بوو. لەلایەك دەستی بۆ شمەکی ناو کۆگاکە درێژ ئەکردو لەلایەك رایئەکێشامە ژوورەوە، راینەئەکێشام، پاڵی پێوە ئەنام. من وامئەزانی گەر پێ بخەمە ژوورەوە چینی یەکان رووتم ئەکەنەوە، وەکو فیلمی ئەمێرکی.. ئەوسا لەوپەڕی دنیادا بێ پارە ئەمامەوە. لەوانەیە لە ژوورەوە فریوم بدەەن، یان بە زۆرو بە کوتەك پارەکەم لێ بسەنن. کە ژنەکە رایئەکێشام ترسێکی زۆرم لێ نیشت. ئەو رامئەکێشێ من بەرهەڵستی ئەکەم. لەبەر ئەوەی دەستێکم لەسەر پارەکەی گیرفانی دواوەی پانتۆڵەکەمەو ناتوانم لایبەرم وەختە بەربمەوە ژێر ژنە چینی یەکەوە. ئەو لەلایەك باسی جوانیی ددانی فیل و بەهای مرواری یەکانم بۆ ئەکات، لەلایەکی دی بەدوای خۆیدا رامئەکێشێ. منیش لەلایەك هاواری بەسەردا ئەکەم “نە ددانی فیلم ئەوێ نە مرواری، هیچم ناوێ”! لەلایەکی دی دەستم لەسەر گیرفانمەو بەرهەڵستی ئەکەم. ژنەش کاتێ ئومێدی لێم بڕی لەپڕا بەری دام هێندەی نەمابوو بکەوم و غلۆر بمەوە.. پاش ئەوەی ئەم بەڵایەم لەکۆڵ بووەوە، لە ترسا سەیری کۆگاکانیشم نەئەکرد، هەر رێم ئەکرد، هیندەم زانی کابرایەکی چینیی رەق و وشك کە خەڵکی هۆنگ کۆنگ بوو وەکو ماسی خۆی خزاندە لامەوە، لێی پرسیم:

-سێر، وود یوو ڵایك نایز گێڵ؟

منیش ترسیکی زۆرم لێ نیشت، دەستێکم بەتاڵ بوو خستمە پێشەوەم و وتم:

-نامەوێ!

بۆ ئەوەی هەم پارێزگاری لە پارەکەم بکەم هەم لە خۆشم هەمیشە دەستیکم لە پاش و دەستێکم لە پێشەوەم بوو، بەڵام فرۆشیارانی بازاڕی ژنان لینەئەگەڕان. یەکێکم لەکۆڵ ئەبووەوە یەکێکی دی پێمەوە ئەنووسا:

-کاکە، کچی جوانمان هەیە، ناتانەوێ؟

منیش بە چوونە ئوتێل و نووستن خۆم دەرباز کرد.

بۆ ئەوەی بگەمە ئەو فڕۆکەیەی بۆ مانیلا ئەچوو، بەیانی زوو لە ئوتێل دەرچووم، سواری تەکسییەك بووم و چووم بۆ فڕۆکەخانە. لە کچە فەرمانبەرەکەی پرسگەم پرسی فڕۆکەی مانیلا کەی هەڵئەسێ. ئیتر نازانم بەهۆی ماندوێتیی سەفەر بوو یان ئەو دەبەنگی یەی بەهۆی فڕینی فڕۆکە بە پێچەوانەی دنیاوە تووشم هاتبوو، یان لە ترسا بوو، ئیتر لەبەر هەر هۆیەک بووبێ دیسان دەستم بە ناو رێکخستن کردەوە، مانیلاو میلانۆم تیکەڵ کرد. ئەم هەڵە کردن و تێکەڵ و پێکەڵی یەم رەنگە لەبەر ئەوە بێ لە هەردوو ناوەکەدا هەمان پیت بەکار هاتووە بەڵام جێگۆڕکێیان پێ کراوە. لە کچەکەی پرسگەم پرسی:

-فڕۆکەی میلانۆ کەی هەڵئەسێ؟

کە ئەڵێم میلانۆ هەستی پێ ناکەم، وەك ئەوەی مانیلام وتبێ. کچە برۆکانی بەیەکداداو بە سەرسامی یەوە پرسی:

-بۆ کوێ بۆ کوێ؟

منیش وەك ئەوەی مانیلام وتبێ دیسان وتم:

-میلانۆ!

کچە دیسان پرسی –  بۆ میلانۆ سەفەر ئەکەن؟

من لە گەمژەیی کچەکە تووڕەیی دایگرتم و بە رەقی قسەم لەگەڵ کرد:

-بەڵێ بۆ میلانۆ سەفەر ئەکەم!

-بمبەخشن، لە کوێوە هاتوون؟

-لە ئیستانبوڵەوە

-ئەی بۆچی لە ئیستانبوڵەوە یەکسەر نەچوون بۆ میلانۆو هاتنە ئێرە؟

وەك چۆن لەبری مانیلا ئەڵێم میلانۆو هەستی پێ ناکەم، بە هەمان شێوە کاتێ کچەکە ئەڵێ میلانۆ من بە مانیلای تی ئەگەم، وتم:

-لەبەر ئەوەی لە ئیستانبوڵەوە بۆ میلانۆ فڕۆکە نی یە. دوێنی ئێوارە بە فڕۆکە هاتمە هۆنگ کۆنگ، ئێستاش ئەمەوی بۆ میلانۆ بڕۆم.

کاتێ لەگەڵ کچەکەی پرسگەدا ئەدوام کۆمەڵێ گەشتیاری دیش لەبەردەم پرسگەکەدا کۆ ببوونەوە، بە سەرسامی یەوە گوێیان لە قسەکانمان ئەگرت. کچە وتی:

-وابزانم بە هەڵە هاتوونەتە ئێرە

-چۆن قسەیەکە، بە هەڵە هاتنی چی؟ قابیلە بلیت بڕەکەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی خەتەکان ناناسێ؟ من بلیتم بۆ میلانۆ بڕیوە، ئەڕۆم بۆ میلانۆ. بۆ سەفەرکردن بۆ میلانۆ، لە ئیستانبوڵەوە بۆ ئێرە بە فڕۆکە شەوو رۆژێکمان پێ چوو. دوێنێ ئێوارە کە لە فڕۆکە دابەزیم وتیان سبەی زوو فڕۆکە بۆ میلانۆ هەلئەسێ.

خەڵکەکەی دەوروپشتم بەرامبەر بەم روونکردنەوەیە پێ ئەکەنن. وامئەزانی بە کچەکەی پرسگە پێ ئەکەنن کە ئەیووت لە هۆنگ کۆنگەوە بۆ میلانۆ فڕۆکە نی یە، منیس لەگەڵیاندا دەستم بە پێکەنین و گاڵتە کردن بە کچە فەرمانبەرەکە کرد. کچە فەرمانبەرەکە وتی:

-نابێ.. لە ئیستانبوڵەوە بۆ میلانۆ چۆن ئەبێ بە هۆنگ کۆنگ دا بێی.

هاوارم کرد – منیش شێتی بینینی هۆنگ کۆنگ نیم! بەڵام چی بکەم، بۆ رۆیشتنم بۆ میلانۆ کۆمپانیای فڕۆکەوانی بلیتی ئەم رێیەی بۆ بڕیوم.

کچە وتی – زەحمەت نەبێ بلیتەکەتم بدەرێ!

منیش بە وشکی بلیتەکەم بۆ درێژ کرد: فەرموو!

کچە کاتێ تەماشای بلیتەکەمی کرد وەك ئەوەی شتیکی سەیری دۆزیبێتەوە وتی: هاه، تۆ بۆ مانیلا ئەڕۆی؟

-ئا بەڵێ، ئەی من چیت پێ ئەڵێم! ئەڵبەت بۆ میلانۆ ئەڕۆم!

-میلانۆ نا، بۆ مانیلا ئەڕۆی

قەڵەباڵغییەکەی دەوروبەرم دایانە قاقای پێکەنین، ئنجا من هەستم بە هەڵەی خۆم کرد. لە شەرمانا کشامەوەو بە پەشۆکاوی یەوە قیڕاندم: بە ئێوە چی؟ بۆ هەر شوێنێ کەیفم لێ بێ ئەڕۆم، ئارەزووم لێ بێ بۆ مانیلا، ئارەزووم لێ بێ بۆ میلانۆ.. ها مانیلا.. ها میلانۆ.. جیاوازیی چی یە؟

پاش ئەم بیر پەڕتەوازە  پڕ شەرمەزارییەم سواری فڕۆکە بووم و چووم بۆ میلانۆ.. ببوورن.. بۆ مانیلا.

لە میلانۆ.. نەخێر مانیلا، ژنە نووسەرێکی دڵپاك کە ناوی رۆزالیندا بوو گەلێ یارمەتیی دام. منیش ویستم لایەك لەم یارمەتی و میرەوانی یەی ئەو ژنە بکەمەوە، دەستم کرد بە پیاهەڵدانی شارەکەیان. بەڵام هەڵەی ئەوەی مانیلا ئەکەم بە میلانۆ، پاش مشتومڕەکەی هۆنگ کۆنگ، لێم بوبوو بە مۆتەکەیەك لێی دەرباز نەئەبووم. لەبری ئەوەی بڵێم “مانیلا شارێکی زۆر جوانە” وتم:

-رۆزالیندا خان میلانۆ شارێکی زۆر جوانە.

رۆزالیندا لە تێنەگەیشتنی لەوەی چ پەیوەندییەکی بە میلانۆوە هەیە، هەروەها لەوەی چۆنە وا کتوپڕ باسی میلانۆ هاتە پێش، بە سەرسامییەوە تێی روانیم و وتی: بەڵێ، ئەڵێن جوانە.. وا ئەڵێن..

ئەڵێن جوانە چی یە؟ مرۆڤ نازانێ شارەکەی خۆی جوانە یان نا؟ 

-ئەڵێی بەلای تۆوە جوان نی یە، رۆزالیندە؟

-من هەرگیز بۆ میلانۆ نەڕۆیشتووم.

لەبەر ئەوەی زۆر کەس گاڵتەوگەپم لەگەڵدا ئەکەن، وامزانی رۆزالینداش گاڵتە ئەکات. وتم:

-چۆن ئەبێ بۆ شارەکەی خۆتان نەچووبن؟

-نەخێر، قەت نەچوومە

-بۆ کوێ؟

-بۆ میلانۆ

-زۆر گاڵتەچییت، ئەی ئێرە کوێ یە؟ می…

کە وام وت دیسان لە هەڵەی تێکەڵ کردنی مانیلاو میلانۆ گەیشتم. رەنگم هەڵبزڕکا.

ئەو ئێوارەیە پاریزگاری مانیلا ئاهەنگێکی گەورەی بانگهێشتنی ساز کردبوو. لەو ئاهەنگەدا بانگ کراوان وتەیان پێشکەش ئەکرد.

ریزی وتە پێشکەش کردن هاتە سەر من. کە من ئەدوام، خەڵکەکە هەموو بە قسەکانم پێ ئەکەنین. قسەکانم پێکەنین هێنیش نەبوون. وامئەزانی پێکەنینی ئەوان بەهۆی سەرکەوتوویی وتەکەی من بوو بۆیە منیش بە دەنگێکی بەرز ئەدوام. جەماوەرەکە لە پێکەنینا فرمێسك لە چاویانا ئەهاتە خوارێ.

-بەڵێ جەنابی پارێزگاری میلانۆ.. بەڕێزان دانیشتووانی میلانۆ.. ئێوە چەند بەختەوەرن کە لەم میلانۆ شۆخ و شەنگەدا ئەژین.. لەبەر ئەوەی میلانۆ..

کە ئەهاتمە سە میلانۆ بە حەماسەتێکی زۆرەوە باسی باشیی خەڵکی میلانۆو هەرگیز لەیادنەکردنی خەڵکی میلانۆو.. هەموو ئەمانەم تا ئەهات بە دەنگێکی بەرزتر ئەووتەوە، ئەوانیش پتر ئەیاندایە قاقای پێکەنین.

-سوپاسی پارێزگاری میلانۆو دانیشتووانی میلانۆ ئەکەم.

پەرداخەکەم هەڵبڕی و وتم: “لە بەختەوەریی خەڵکی میلانۆدا پێك هەڵئەدەم” . رۆزالیندا کە لەتەنیشتم دانیشتبوو دامەنی چاکەتەکەمی راکێشاو بە چرپەوە وتی:

-میلانۆ نی یە، مانیلایە..

لە هەموو لایەکی لەشمەوە ئارەقەم دەردا، لە ژیانما ئەوەندە شەرمەزار نەبوومە. لە بەرامبەرم گەلێ دەمی کراوەی پڕ قاقام ئەبینی. ئەوەندە ناوی میلانۆم هێنابوو، ئیدی لە قسەی خۆم نەگەڕامەوە:

-بەڵێ، بە میلانۆم وت مانیلا، یانی، بە مانیلام وت میلانۆ. وا تێ نەگەن هەڵەم کردووە، من بە میلانۆ ئەڵێم مانیلا.. بە مانیلا ئەڵێم میلانۆ.. مانیلا.. میلانۆ.. لەبەر ئەوەی ئێرە، واتە مانیلا، میلانۆی رۆژهەڵاتی دوورە، مانیلاش هینی میلانۆیە، هین…

-پەرداخەکەم لە بەختەوەریی خەڵکی مانیلادا کە پێی ئەڵێن میلانۆ هەڵئەبڕم.

چەپڵە تێکەڵی قاقاو پێکەنین بوو.

بۆ رۆژی دوایی مانشێتی پێکەنینهێنی رۆژنامەکان لەسەر وتەکەی من بوو لە ئاهەنگی بانهێشتنەکەی پارێزگەدا: “نوێنەرێك لە مانیلادا پێی وایە لە میلانۆدایە”.. “گەشتیارێك ئەیەوێ بچێتە میلانۆ هاتۆتە مانیلا”..

ئەوەی بەسەرما هات بریارم دابوو بۆ کەسی نەگێڕمەوە. بەڵام ئەمڕۆ، کاتێ ئەو نامەیەی بۆ فلیپینم ناردبوو پۆستەچی بۆی هێنامەوە، ئیتر رووداوەکە ئاشکرا بوو. چونکە ئەگەر ئەمە روون نەکەمەوە، هاوڕێکانی میلانۆم –ببوورن- مانیلام لە ئەوەندە وەختە نەناردنی نامەم تووشی سەرسامی ئەبن. لەبەر ئەوە، بۆ هەر یەکەیان بە جیا سوپاسنامەم بە پۆستەدا بۆ ناردن. بەڵام کاتێ نامەکانم بۆ گەڕایەوە لەسەر زەرفەکان نووسرابوو “ناونیشان هەڵەیە”، “نادۆزرێتەوە”، “لە فلیپین میلانۆ نی یە”.. لەبەر ئەوەی لەسەر زەرفەکان لەبری “مانیلا – فلیپین” نووسیبووم “میلانۆ – فلیپین”.

 

 

سەرچاوە:

AFERİN – AZİZ NESİN – Hikayeler – İstanbul 1959  

تێبینی: ئەم چیرۆکە بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری (بەیان) ژمارە 181 ساڵی 1998 دا بڵاو بووەوە.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.