Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
من جونەیدم، زاوا تازەكەی سەفوەت بەگ

من جونەیدم، زاوا تازەكەی سەفوەت بەگ

Closed
by October 11, 2012 چیرۆک

 

 

زاوا

من جونەیدم، زاوا تازەكەی سەفوەت بەگ، وا بۆ هەفتەیەك دەچێ لەم گۆڕە تاریكەدام. كەسێ ناپرسێت تۆ چۆن كوژرای؟ كێ تۆی كوشت؟ ئاگام لێیە پۆلیسەكان دۆسێیەكیان كردووەتەوە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ نارینی سەفوەت بەگ دەكەن. پێیان وایە نارین منی كوشتووە. گوشاری لێ دەكەن دان بەتاوانەكەدابنێ، ئەویش خەریكە بڵێت بەڵێ من جونەیدم كوشتووە. وابڕیارە ئەمڕۆ سەفوەت بەگیش بانگێشت بكرێت بۆ بنكەی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە.  

ئەفسەری لێكۆڵینەوە جگەرەیەكی بەلێوەوەیە، رووی لەنارین كردووە و یەك بەدوای یەك پرسیاری لێ دەكات. بۆچی جونەیدت كوشت؟ بەزۆر شووت پێ كردووە؟ حەزت لێ نەبووە؟ پێم بڵێ چەند ساڵە دەیناسی؟ چۆن ناسیت؟ هۆكارێك لەپشت ئەم رووداوەوە ‌هەیە؟ ئەگەر نا كەس نییە لەیەكەم شەوی هاوسەرگیریدا مێردی خۆی بكوژێت! وەڵامم بدەرەوە بۆ كوشتت. 

نارین: نا، نەخێر من نەمكوشتووە… كەس هەیە مێردی خۆی لەیەكەم شەوی… نانا… 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە چووە بەردەم  پەنجەرەی ژوورەكە و تاوێك لەئاسمانی روانی و گەڕایەوە شوێنی خۆی. جگەرەیەكی دیكەی داگیرساند و گوتی باشە ئەوكاتەی جونەید كوژرا، لەماڵەكەدا كەست بەدی نەكرد؟ یەعنی هەستت بە بوونی كەسێك نەكرد؟ كاتژمێر دوانزەی شەو بووە. دەرگای ماڵ كڵۆم دراوە و تەنها هەردووكتان لەو ماڵەدابوون، ئەی كێ ئەو كارەی كردووە؟! خۆ ئەبێ كەسێك ئەو كارەی كردبێت؟ تۆ دەتەوێت ماندوومان بكەیت. لەكاتی كوشتنی جونەیددا، تەنها تۆ لەوێ بووی. 

نارین دەگری و بیردەكاتەوە چۆن ئەو كارەی كردووە! بۆ خۆشی توشی سەرسوڕمان بووە. ئەو پتر لە شەش ساڵ منی خۆشدەویست، هەموو خەونی ئەوە بوو بەمن بگات، سەفوەت بەگی باوكی ساڵانێك رێگربوو لە بەردەم هاوسەرگیری ئێمەدا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو باوكم و سەفوەت بەگ پێش بیست ساڵ، لە خزمەتی سەربازیدا لەیەك سەربازگەبوون. رۆژێك لەسەر سەرەی خواردن وەرگرتن بووە بەشەڕیان و هێشتا ئەو رقە كاڵ نەبووەتەوە. باوكم دوای كوشتنی من، هاتە سەر گۆڕەكەم و بەگریانەوە گوتی ها كوڕی بەدبەختم نەمگوت ئەمانە بێشەرەفن و جێی متمانەنین.

 ئەوەتا باوكم لەبەردەم ژووری ئەفسەری لێكۆڵینەوەدا وەستاوە و چاوەڕێی هاتنی سەفوەت بەگ دەكات،  پێیوایە ئەوەی منی كوشتووە، نارینەبەفیتی سەفوەت بەگی باوكی ئەوكارەی كردوووە. بۆیە هاوار دەكات، دەڵێت. ئەفسەری بەرێز ئەگەر تۆڵەم بۆ ناكەیتەوە،‌ خۆم تۆڵەی خۆم دەكەمەوە. ئەفسەری لێكۆڵینەوە توڕەبوو و بانگی پۆلیسەكانی كرد. كوڕەكان وەرن  ئیحسان دووربخەنەوە. نارین دۆشداماوە، نازانێ چی بڵێت. خەریكە دەبوورێتەوە، بەچاوەتەڕەكانی سەیری ئەفسەری لێكۆڵینەوە دەكات و لەدڵی خۆیدا دەڵێت من كوشتم، هەر من لەژوورەكەدابووم و كەسی لێ نەبووە. من چەقۆكەم هەڵگرتوو كردم بەسەر دڵیداو كوشتم. من.. من.. من بووم. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە سووربوو لەسەر ئەوەی كە نارین منی كوشتووە. بەڵگەشیان ئەوەبوو، كە كێشەیەكی كۆن لەنێوان بنەماڵەی من و ناریندا هەبووە، من شەش ساڵ نارینم خۆشویستووە. سەفوەت بەگ و ئیحسان ناڕازی بوون بەو خزمایەتییە و دواجار ناچاربوون لەبەردەم ئەو خۆشەویستییەدا چۆك بدەن و رازی ببن. لێرەدا ئەفسەری لێكۆڵینەوە گومان لەسەفوەت بەگ دەكات! سەفوەت بەگ بە رووخسارێكی شێواو و غەمگینەوە تازە وا لەماڵ دەرچووە بەرەو بنكەی پۆلیس دەچێت. بیر و هۆشی لای ئەو رووداوەیە، توشی سەر سووڕمان بووە، بەردەوام لەخۆی دەپرسێت نارین جونەیدی خۆشدەویست، بەگوێی منی نەكرد شووی پێكرد، ئەی كەوایە بۆ دەیكوژێت؟

دایكم هێشتا لە ژوورەكەمدا دانیشتووە، دەگری و لەژێر لێوەوە دەڵێت باشە خۆ ئەم خزمایەتییە بەحیساب كۆتایی بەو شەڕەی نێوانمان هێنا بوو، ئەم كچە كە مەعشوقی كوڕەكەم بوو چۆن توانی ئەو كارە بكات؟! 

لێكۆڵینەوە بەردەوامە و ئەفسەرەكە بەبێ دەنگی جگەرە دەكێشێ و لە رووخساری نارین دەڕوانێت، چاوەڕێی سەفوەت بەگە. 

سیحرێك لە شەوی بووكێنی ناریندا

نارین لەبەرانبەر ئەفسەری لێكۆڵینەوە دانیشتووە، فرمێسك لەچاوەكانییەوە دێنە خوار و لەژێر لێوەوە دەڵێت من چۆن جونەید دەكوژم؟ ساڵانێك خۆشمویستووە و خەون و خەیاڵم بووە. ئاواتم بووە. لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا رۆژێك نییە نەمدیبێت، ئیتر چۆن دەتوانم بیكوژم؟ ئەی كەوایە كێ كوشتی؟ ئەی ئەوە من نەبووم چەقۆكەم لەسەر دڵی چەقاند؟ نا.. نا من نەبووم كەسێك هات، هات و… خودایە یارمەتیم بدە زاكیرەم شتێكم لێ دەشارێتەوە. سیحرێك لە شەوی بووكێنی مندا هەبووە. لەوكاتەدا سەفوەت بەگ گەیشت، نارین وەك ئەوەی ساڵێك بێت نەیدیبێت، بەهاتنە ژوورەوەی سەفوەت بەگ گەشایەوە، بەرزەپێ هەستا و خۆی هەڵدایە باوەشی باوكییەوە. سەفوەت لەژێر لێوەوە گوتی خودایە ئەم بەدبەختییە چییە؟ بۆ وامان لێ بەسەرهات. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە بانگی پۆلیسەكانی كرد: كوڕەكان وەرن نارین ببەنەوە بۆ زیندان، فەرموو سەفوەت بەگ دانیشە.

 

ئێوە لەو باوەڕەدان سەفوەت بەگ بەرگەی لێكۆڵینەوە بگرێ

سەفوەت بەگ كوڕی عوسمان بەگە، تەمەنی پەنجا و هەشت ساڵە، قژی ماش و برنجییە و پیاوێكی باڵا بەرز و باریكەلەیە، كۆلێژی ئابووری تەواوكردووە. لەسەردەمی سەربازیدا لەگەڵ باوكم نێوانیان تێكچووە، لەوكاتەوە ‌حەزی لەباوكم نییە. جەلالی حاجی كەریم كە هاوڕێی سەربازیی باوكم و سەفوەت بەگ بوو، هەموو جارێك دەیگوت (شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبووە كە سەفوەت بەگ خۆی بەخانەدان زانییەوە و بێزی نەهاتووە لەگەڵ هەموو كەسێ قسە بكات، هەموو كەسێكی بەخزمەتكاری خۆی زانیوە و ویستویەتی لەناو سەربازگەدا خزمەت بكرێت. ئیحسان كوڕێكی چەقاوەسوو بووە، تەنانەت لە ئەفسەر و كاربەدەستانی دەوڵەتیش نەترساوە. ئەو شەڕ و رق‌ و كینەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژگارە. سەفوەت بەگ  بەزەبری پارە زۆر شتی رایی دەكرد. لەهەموو كەسێك كەمتر خزمەتی سەربازی كرد، بەپارە ماوەكەی كەم كردەوە. ئیحسانیش پتر لە پێنج ساڵ خزمەتی سەربازیی كرد).

 سەفوەت بەگ زۆرجار قاتی چاكەت و پانتۆڵی لەبەر دەكرد، هەندێك جار ستارخانی رەشی دەپۆشی و هەر بۆ فیز چاویلكەكەی دەهێنایە سەر نووكی لوتی و زۆر بەكەمی دەستی تەوقكردنی بۆ خەڵك درێژ دەكرد. ئەگەر كەسێك دەستی بۆ درێژ بكردایە، ئەو بەقورسی دەستی لەگیرفانی دەردەهێنا تا تەوقەی لەگەڵ بكات. جگەرەی كەسی نەدەكێشا، جگەرەی تایبەتی خۆی هەبوو. قاتەكانی ماركەبوو، هیچكات بەریشەوە نەمبینیبوو، پێڵاوەكانی تایبەت بوون لە ئەوروپاوە بۆیان دەهێنا. زاواكانی سەفوەت بەگ هەموو كوڕە بازرگان بوون، تەنها من نەبێت. ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی رازی نەبێت من ببم بەزاوای. سەفوەت بەگ جگە لە ‌من، سێ زاوای دیكەی هەبوون. هەرسێكیان دەوڵەمەندبوون، كوڕی سێ بازرگانی گەورەبوون لەشارەكەدا. باوكم زۆرجار دەیگوت من بۆیە رقم لەسەفوەتە چونكە دەوڵەمەندە و بەپارەوە دەنازێ، لەبەرئەوە حەزناكەم ببیت بەزاوای، تۆ لەناو ئەوانەدا بەكەم سەیردەكرێیت و بەخەفەتەوە دەتكوژن. ئەوانە خوای فیزو تەكەبوورن. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە جگەرەیەكی پێشكەش كرد. سەفوەت بەگ جگەرەكەی لی وەرنەگرت، بەفیزێكەوە ‌گوتی من ئەو جگەرانە ناكێشم، جگەرەی تایبەتی خۆم هەیە. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەوە مارلیبۆرۆیە! 

سەفوەت بەگ: جا مارلیبۆرۆ كەی جگەرەیە.

ئەفسەرەی لێكۆڵینەوە: لەم جگەرەیە باشتر نییە. 

سەفوەت بەگ: هەیە.‌

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: بەهەر حاڵ دەچینە سەر باسەكە.‌ تۆ چی دەزانیت لەبارەی ئەو تاوانەوە؟ كچەكەت شەش ساڵ جونەیدی خۆشویستووە و بەبێ رەزامەندی ئێوە شووی پێكردووەو باشتر بڵێم ئێوە لەناچاریدا رازی بوون. لە شەوی روداوەكەشدا، كە شەوی بووكێنی نارین بووە، كەس لەو ماڵەدا نەبووە،‌ جگە لەبووك و زاوا. تۆش رقێكی كۆنت لەدڵدایە بەرانبەر بەو بنەماڵەیە.‌ كەوایە تۆ هانی كچەكەتت نەداوە بۆ ئەو كارە؟

سەفوەت بەگ گڕی گرت، من؟  بۆ من بێزم دێت باسیان بكەم تا ئەو كارە بكەم! بەجۆرێك بێز لەو بنەماڵەیە دەكەمەوە،‌ كە لەشەوی داواكردندا نەمهێشت دەستم ماچ بكەن، چونكە بێزیان لێ دەكەمەوە. تۆ لەوە دەچێت هێشتا من نەناسیت.

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: بەڵێ باشت دەناسم سەفوەت بەگ كوڕی عوسمان بەگ. بەڵام یاسا بۆ هەموو كەسێكە و جیاوازی ناكات. تۆ ئێستا گومان لێكراوی، لەنێوان خۆت و كچەكەتدا یەكێكتان تاوانەكەتان ئەنجامداوە.

سەفوەت بەگ: من ئەو كارەم نەكردووە. كاتی كوشتنی جونەید من لەماڵی خۆم بووم، میوانم هەبوو. نارینیش شتی وا ناكات و شەش ساڵ خۆشیویستووە چۆن كاری وا دەكات!

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەی ئەمە كاری كێیە؟ نارین دەڵێت كەس لەو ماڵەدا نەبووە و من ‌و جونەید بووین و نازانم چی روویدا، لەپڕ تەندروستیم تێكچوو، وەك ئەوەی كەسێك هاتبێتە ناومەوە و هانم بدات بۆ كوشتن، كاتێك هۆشم هاتووەتەوە، جونەیدم بینی لەسەر سیسەمەكە كەوتبوو خوێنی لەبەر دەڕۆیشت‌. 

سەفوەت بەگ: بەڕێز ئەو ماڵە خۆیان سەربەگۆبەند و هەرچی و پەرچین. سەرێكیان هەیە و هەزار سەودا. ئەشێ كەسێك هاتبێتە ژوورەوە و كچەكەی منی بەدەرمانێك بێهۆش كردبێت و پاشان ئەو كارەی ئەنجام دابێت، كەسێك كە كێشەی لەگەڵیان هەبێت. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: ئەو كەسە كێیە؟

سەفوەت بەگ: من نازانم! چووزانم ئەوە لەخۆیان بپرسە.. لەبنەماڵەكەی.

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: بانگی پۆلیسەكانی كرد: كوڕەكان وەرن. دوو پۆلیس هاتنە ژوورەوە و لەبەردەم ئەفسەرەكەدا قیت وەستان. بفەرموو گەورەم. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: سەفوەت بەگ بەبەن بۆ ژوورەكەی تر. ئیحسان بێنن بۆ لام. 

 

ئیحسان پیاوێك هەمیشە یاخی

 ئەفسەری لێكۆڵینەوە بەخێرهاتنی ئیحسانی كرد و فەرمووی لێكرد دانیشێت. ئیحسان بەغەمگینییەوە دانیشت. ئەفسەری لێكۆڵینەوە جگەرەیەكی پێشكەش كرد. ئیحسان جگەرەكەی وەرگرت. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: كاك ئیحسان ئێوە دووژمنایەتیتان لەگەڵ كەس هەیە؟

ئیحسان: نەخێر قوربان لەژیانمدا لەگەڵ كەس شەڕم نەكردووە، تەنها ئەو سەفوەتە بێ شەرەفە نەبێت كە خۆی بەخوا دەزانێ و خەڵكی بەكۆیلە. گومانیشی تێدا نییە ئەو كوڕەكەمی كوشتووە. من هەرگیز وجودم بۆ دانەناوە، بۆیە رقی لێمە. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: باشە ئەو كوڕەكەی تۆی كرد بەزاوای خۆی، ئیتر چۆن دەیكوژێت؟

ئیحسان: ئەو حەزی لەهەر كەسێك نەبێت دەیكوژێت، رۆحی خۆشی بێت. دۆستی ئەو پارەیەو دووژمنیشی پیاوی هەژارە.

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: باشە ‌كاك ئیحسان ئێستا تۆ بڕۆ، خەمت نەبێت ئێمە بكوژەكە دەدۆزینەوە.

ئەوە تۆی لەزمانی من و حەسەن فلفل و سەلیم جەودەت و سوهەیب ئەڵماس حاڵی دەبیت

 هەفتەیەكە لەم گۆڕە سارد و تاریكەدا مردووم و ئاگام لەهەموو شتێكە. باش دەزانم كێ كوشتوومی، غەم بۆ نارین دەخۆم، خۆزگە بمتوانیبایە هەستمەوە. دەنگم ناگاتە گوێی ئەفسەری لێكۆڵینەوە. ئەوكاتەی كە كوژرابووم، هێشتا جەستەم گەرم بوو، باوكم لەسەر تەرمەكەم وەستابوو دەگریا و دەیگوت خۆ جونەید خۆی ناتوانێ قسەبكات تا لێی بپرسم كێ وای لێ كردووی. من دەمتوانی قسەبكەم. ئەوەتا چیرۆكی كوشتنی خۆم و لێكۆڵینەوەكان دەگێڕمەوە. بەڵێ من دەتوانم قسەبكەم، بەڵام ئاخ دەنگم ناگات بەگوێی باوكم و ئەفسەری لێكۆڵینەوە،‌ تا راستییەكەیان بۆ باس بكەم. ئەوە تەنها تۆی، مەحمود نەجمەدین گوێت ناوە بە سەر گۆڕەكەمەوە، تا چیرۆكی راستەقینەی ئەو روداوە بزانی.. ئەوە تۆی چیرۆكنووسی لەزمانی مردووەكان حاڵی دەبیت، حیكایەتی مردووەكان لەدەمی خۆیانەوە وەردەگری و دەیگێڕیتەوە. ئەوە تۆی لەزمانی من و *حەسەن فلفل و سەلیم جەودەت و سوهەیب ئەڵماس حاڵی دەبیت. 

من لەژێر ئەم گڵە شێدارەدا ئارام ناگرم تا راستییەكان ئاشكرا نەبێت. هەفتەیەك بەسەر مەرگی مندا تێپەڕی و بەیانییەكی زوو حەسەن قەرەی دراوسێمان بەخۆی و كەڵەشێرەكەیەوە خۆی كرد بە بنكەی پۆلیسدا. پۆلیسەكان چەند پاڵیان پێوەنا سوودی نەبوو، ملی نا بۆ ژوورەوە. لەبەردەم ئەفسەری لێكۆڵینەوەدا راوەستا و گوتی قوربان باشی.. رێزت هەیە، من حەسەن قەرەم دراوسێی دەستە چەپی جونەیدی رەحمەتی. شایەت حاڵێكم هێناوە تا باسی كوشتنی جونەید بكات. 

ئەفسەرەكە بەسەرسووڕمانەوە گوتی: كوا، كامەیە شایەتحاڵ؟ ئەم كەڵەشێرە چییە؟ 

حەسەن قەرە: قوربان ئەم كەڵەشێرەیە! 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: هیچ و پووچ  گاڵتەم پێ دەكەیت؟ كەڵەشێر كوا قسە دەكات؟

 حەسەن قەرە: قوربان ئەم كەڵەشێرەی من قسەدەكات، دەتۆ پرسیاری لێ بكە، بزانە وەڵامت ناداتەوە!

 

كەڵەشێرە زۆڵەكەی  حەسەن قەرە

ئەفسەری لێكۆڵینەوە دانیشت. حەسەن قەرە كەڵەشێرەكەی لەسەر كورسی بەرانبەر ئەفسەرەكە دانا و گوتی قوربان جگەرەیەكی تەقدیم بكە با قسەبكات. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە: كورە هەی بێقیمەت تۆ گاڵتەم پێدەكەیت.

حەسەن قەرە: نەبەخوا قوربان دەتۆ پرسیاری لێ بكە.

ئەفسەرەكە قسەی بۆ نەدەكرا، نەیدەتوانی باوەڕ بەوە بكات، كەڵەشێر قسە دەكات. هەرچەندی دەكرد نەیدەتوانی پرسیار بكات. جگەرەیەكی داگیرساند. كەڵەشێرەكە قوقەقوقێكی كرد، ئەفسەرەكە راچڵەكا. حەسەن قەرە پێكەنی. 

ئەفسەر‌ی لێكۆڵینەوە: بەچی پێدەكەنی بێ شەرەف؟ 

حەسەن قەرە: قوربان داوای لێبووردن دەكەم. 

ئەفسەری لێكۆڵینەوە سەیری ناوچاوی كەڵەشێرەكەی كرد و گوتی: كەڵەشێری  حەسەن قەرە قسە بكە،‌ چی دەزانی لەبارەی كوشتنی جونەیدەوە .

كەڵەشێرەكە: سەرێكی سوڕاندو سەیری ناوچاوی ئەفسەرەكەی كردو گوتی: قوربان گیان. هەركەوای گوت ئەفسەری لێكۆڵینەوە یەك گەز بەرزبووەوە. كەڵەشێر قسە دەكات! 

كەڵەشێرەكە: قوربان ئەم جونەید ئیحسانە زۆر دەمێكە دراوسێی حەسەن قەرەی خاوەنمە، بەڵام من سێ مانگە دەیناسم. ئەوەندەی ناسیوومە، كوڕێكی زۆر بێدەنگ و بێ كێشەبووە. بەبێ دەنگی هاتووچۆی دەكرد. دڵی كەسی نەئێشاندووە، رقی لەكەس نەبوو، تەنها نارینی خۆشدەویست. ئەو شەوەی ئەو كوژرا، من لەسەر دیواری ماڵەكەیان وەستابووم و لەدرزی پەنجەرەی ژوورەكەوە سەیرم دەكردن. لەسەر ئەو بازبازێنەی بەسەر ماڵی دراوسێكاندا دەمكرد، حەسەن قەرە زۆری لێدەدام، فایدەی نەبوو ئەوەخویەكی منە و بۆم تەرك ناكرێت. پێشتر من كەڵەشێری پیاوێكبووم ناوی عەلی بوو، پێیان دەگوت عەلی شامی، هیوایەتی كەڵەشێری شامی بوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو رقی لەمن بوو، چونكە من كەڵەشێرێكی ئاسایی بووم. عەلی خۆی بەبیانووبوو، منیش سەركێشیم دەكرد. رۆژێك چوومە ماڵە دراوسێكەمانەوە و سواری مریشكەكەیان بووم، ئیتر نازانم عەلی چۆن بەمەی زانیبوو، هاتەبەر كولانەكەم و باڵی گرتم و بردمی بۆ بازار، فرۆشتمی بەحەسەن قەرە و تا ئێستا لەماڵی ئەودا دەژیم و ئێستاش ئەوەتام لەخزمەتی جەنابتدا، جا قوربان گیان سەرت نەئێشێنم ئەو شەوەی كە جونەید كوژرا، پەردەی پەنجەرەكە بەتەواوی دانەخرابوو. جونەید باوەشی بە ناریندا كرد تا بیكات بەژن. نارین لەخۆشیدا هاواری دەكرد. ئەو بەجۆرێك پەلاماری ناریندا، من زەوقم هەڵسا، بەزاتی خوا ئا لەوكاتەدا مریشكێك لەو ناوە بوایە  سواری دەبووم. جونەید پشتی لە نارین كرد و پارچە پارچە جلەكانی داكەند، لەوكاتەدا وەكو ئەوەی سیحرێكی لێ كرابێت، گورگێك چووە پێستێوە، دیمەنی ناو ژوورەكە گۆڕا. تەمێك ژوورەكەی تەڵخ كرد. ئیتر نازانم ئەو تارماییە كێ بوو دەستێكی سیحریی چەقۆی لەسەر دڵی جونەید چەقاند و كوشتی. وەی خوایە تۆبە، چی ببینم… خوێن.. خوێن.. زۆر ترسام، ئەرەوەڵا زۆر ترسام. خێرا ئەوێم بەجێهێشت و رامكردەوە بۆ ماڵ، لەترسا قوقاندم، قوقاندم، چەند قوقاندم حەسەن لەخەو هەڵنەسا. منیش دەترسام خۆ ئەم حەسەنە ‌ماڵ كاولە كە خەوت ئیتر خەبەری نابێتەوە، وەك مانگا دەكەوێت و پرخەی دێت. ئەمە حیكایەتی كوشتنی جونەید بوو، من ئەمەم بینیوە. ئا قوربان گیان ئامادەم لە دادگا لەبەردەم دادوەریشدا ئەم قسانە بكەم.

كەڵەشێرەكە قسەكانی تەواو بوو، ئەفسەری لێكۆڵینەوە توشی سەرسوڕمان بوو. هەردوو ئانیشكی لەسەر مێزەكە جێگیركردبوو، سەری خستبووە ناو دەستەكانیەوە. شتی وای نەدیبوو. هەرچی پۆلیسی ناو بنكەكەبوو هەموویان لەپەنجەرە و درزی دەرگاوە، بەسەرسوڕمانەوە گوێ لە كەڵەشێرەكە دەگرن. چ سەیرە كەڵەشێر قسەدەكات! لەدوای ئیفادەی كەڵەشێرەكە،‌ ئەفسەری لێكۆڵینەوە ئەوەندە ‌بیری لەو بابەتە كردەوە، تووشی ژانە سەربوو. راستییەكەی منیش بەلامەوە سەیرە چۆن قسە دەكات؟ من سێ مانگێك بوو ئەو كەڵەشێرەم دیبوو، قسەی نەكردووە. ئەو رۆژە چۆن كەوتەقسە!؟

تەنها كەڵەشێرەكەی حەسەن قەرە لەراستییەكان نزیكبووەوە. ئەفسەری لێكۆڵینەوە بە حەسەن قەرەی گوت خۆت و كەڵەشێرەكەت بڕۆنەوە ماڵ. خۆم ئاگادارتان دەكەمەوە.

 حەسەن باوەشی بەكەڵەشێرەكەدا كرد و رۆیشتن. هەربۆ رابواردن لەبەردەرگای ژوورەكە كەڵەشێرەكە بەیەكێ لەپۆلیسەكانی گوت كوڕی قەحبە ئەوە بۆ پاڵت پێوەنام واتدەزانی درۆدەكەم! هەر ئێوە دەتوانن قسەبكەن! هەركەوای گوت پۆلیسەكە لە حەزرەتا هاواری كرد و سەری خۆی كێشا بەدیوارەكەدا. كەڵەشێرە ‌زۆڵەكەی حەسەن قەرە،‌ كارێكی وای كرد هەرچی پۆلیس و ئەفسەری بنكەكە هەبوو توشی سەرسوڕمان بوون. گێژ و وێژبووبوون. دەتگوت سەرخۆشن.  

نەنكە مەنیج بۆ من دەگریا

من جونەیدم مردوویەكی بەدبەخت. ئێستا لەنێو ئەم گۆڕە سارد و شێدارەدا بیرلە حیكایەتەكانی نەنكم دەكەمەوە، تازە بۆم روون بووەتەوە بۆچی بەمنداڵی كاتێ نەنكم حیكایەتی گورگی زاوا خۆرەی بۆم دەگێڕایەوە، لەگەڵیدا دەگریا.

تەمەنم پێنج ساڵ بوو، تا نەنكم حیكایەتی گورگی زاوا خۆرەی بۆم نەگێڕایەتەوە،‌ نەدەخەوتم. هەموو شەوێك ئەو حیكایەتەی بۆ باس دەكردم و دەگریا،  تا خەوم لێ دەكەوت. نەنكم بۆیە دەگریا دەیزانی ژیانی من تێكەڵ بە ئەفسانە دەبێت و دواجار مەرگی من دەبێت بەحیكایەتێكی ئەفسوناوی. 

حیكایەتی گورگی زاوا خۆرە لە شەوەكانی نەنكە مەنیجدا

نەنكم دەیگێڕایەوە و دەیگوت: لەدێیەكی بیچكدا، كوڕێك هەوی ناوی سامی بی، هەر لەمناڵییەوە هاروهاج و دەست نەسرەوتبی. باوكی دایمە ‌بۆی دەگیریا. ئەوەنە خۆشی گەرەك بی، كەس نەیئەوێرا بڵێت سامی هارە،  باوكی شتێكی ئەزانی و بەكەسی نەئەوت. حەتا بەژنە عەزیزەكەشی. خەڵك دێكە ئەیانوت ئەم كوڕە سەرەڕۆ و بزێوەی حاجی غەنی هەر بەجەحێڵی ئەمرێت، سەرەڕۆیی ئەیكوژێت. ئێ حاجی غەنی باوكیشی بۆ ئەوە دەگیریا. ئەیزانی سامی نەفەسێكی كورتە. مێوانێكی بێ ئۆقرەیە. سامی هێواش هێواش  گەورەئەبی. ئەرۆیشت بەحەفتە گوم ئەوی، كەس نەیئەزانی لەكوێیە،‌ باوكی نەیئەوت بۆ كوێ ئەچی. هیچی پێ نەئەوت و هەر بۆی دەگیریا. دایكی زۆری لەگەڵ ئەوت فایدەی نەوی. ساڵانێك تێپەڕی، سامی تەمەنی بی وە بیست و هەشت ساڵ و حەزی  لە كەنیشكێك كرد لە دێیەكی سەرسنوور، كەنیشكەكە ناوی سەمیرەبی، عومری بیست و دوو ساڵ بی، كەنیشكێكی گەنم رەنگ و باڵا بەرزبی. باوكی سەمیرە كۆڵبەربی لەسەرسنوور. سامی داوای لەباوك و دایكی كرد خوازبێنی سەمیرەی بۆ بكەن. دایكی زۆری پێخۆشبی وای ئەزانی  كوڕەكەی عاقڵ بییەو ئیتر رەحەت دائەنشێت و عەجولی ناكات. بەڵام حاجی غەنی  خەمباربی، هەربەو خەمبارییەوە خوازبێنی كەنیشكەی بۆ سامی كرد. ئاخر حاجی غەنی خۆی داوییە دەست قەدەری خواوە. دوای چەند حەفتەیەك  سەمیرەیان بەبووكی هاورد بۆ دێ و ئاهەنگیان بۆ سازكرد، سامی ئەوەنە دڵ خۆشبی، لەسەریەكە دەس دایك و باوكی ماچ ئەكرد. حاجی غەنی هەر ئەگیریا. دایكی ئەیوت تۆ بۆ وائەكەیت حاجی رۆژ لەمە خۆشتر هەس؟ كوڕەكەمان ژن تێرێ و تۆ ئەگیری! ئەم گیریان و شینە بەدبەختی لەدوایە. غەنی هەر خۆی ئەیزانی بۆ وەها ئەكا.

 لەیەكەم شەوی پەردەیا سامی و سەمیرە ‌چوونە ماڵی خۆیان. ئاهەنگگێڕان گەڕیانەوە ماڵەوە. قەیرێك دوای ئاهەنگ، دەنگی قیژەو فیزاح گشت خەڵكی دێكەی راچڵەكاند. هەموو هاتنە دەرەوە و بۆ لای دەنگی قیژ و هوڕ رایانكرد. هاوار و گیریان لەبەردەم ماڵی سامی بی. بووكەخان ئەگیریا و هاواری ئەكرد، سامیش لەسەر دۆشەكی زاواییدا غەرقی خوێنی خۆی بی. حاجی غەنی سەیری جەنازەی كوڕەكەی ئەكرد و ئەگیریا. دایكی سامی دەستی ناوێیە قژی سەمیرە و ئەیوت: قەحبە پێم بێژە ئەمە چییە؟ كێ وای لەكوڕەكەم كردە؟ سەمیرە بەگیریانەوە وتی نازانم نازانم من بێ هۆش بیم، كاتێ هۆشم هاتەوە ئەوە ئەدینم كە ئێوە ئەیدینن. حاجی غەنی باش ئەیزانی چییە، هیچی نەئەوت خەڵكی دێ خڕبینەوە، كەس و كاری سامی پەلاماری سەمیرەیاندا، حاجی غەنی چەند هاواری كرد مەكەن بۆخاتری خوا مەكەن دەستی لێ مەدەن سەمیرە بێ گوناحە…

ئەو قسانە فایدەی نەوی، دایكی سامی و خزمەكانی سەمیرەیان كوشت. بەرەبەیان جەنازەی سەمیرە و سامی بۆ قەورسانی دێ بریان و هەردووكیان لەتەك یەكەوە نریانە چاڵ و هەموو شتێك تەواو بی.

جونەید: نەنكە مەنیج سامی كێ كوشتی؟ ئەی سەمیرەیان بۆ كوشت؟

نەنكە مەنیج : كوڕە زای عەزیزم  سڕی ئەو حیكایەتە لای حاجی غەنییە. سامی كاتێ عومری دەساڵان بییە، رۆژێك  ئەچێتە بان دارێكی بەرز، باوكی هاوار ئەكا داوەزە سامی داوەزە ئەكەفیتەخوارەوە. لەو وەختەیا عزرایل لەپشت حاجی غەنییەوە وێستاوە و بەغەنی ئەڵێ ئەی عەبدی عەزیز و شیرینی خوا، مەترسە جارێ وەختی مردنی نەهاتگە. غەنی رائەچڵەكێ عزرایل ئەڵێ مەترسە منم، سامی جارێ نامرێ، سامی لەخۆشترین رۆژەكانی عومریا لە جۆش قوەتیا ئەمرێ و كەسیش نایكوژێ خوا ئەمری مردنی ئەدا. 

حاجی غەنی: پێم بێژە بۆ ئەوێ بمرێ.. ئەو تاقە كوڕەم هەیە. 

عزرایل: ئەوێ بمرێ، ئەمری خوای گەورەیە. شەوێك ئەكوژرێ!  بكوژەكەی دۆستی عەزیزی خۆیەتی، لەخۆشترین شەوی عومریا  گورگێك ئەچێتە روحێوە. قەپ بەقوڕگی سامیا ئەكاو ئەیكوژێ.

جونەید: یەعنی چۆن؟ چۆن چۆنی؟ 

نەنكە مەنیج: بەقەدەری خواگیان سامی ئەژێ تاشەوی زاوایی. لەو شەوەیا بووكەخان ئەوێت وە گورگ و سامی باوشی پیا ئەكاو سەمیرەش ئەوێتە گورگی زاوا خۆرەو ئەی خنكێنێ. تەواو تەواو بخەوە درەنگە.

 

 كاتێ نەنكم ئەو حیكایەتەی بۆ دەگێڕامەوە،‌ دەگریا. ئێستا دەزانم بۆ دەگریا. نەنكم باش دەیزانی چارەنووسی من وەك چارەنووسی سامییە. هەر واش بوو. ژیانی من تێكەڵ بە ئەفسانەبوو.

دۆسێی كوشتنی من چووە دادگا و نارین و چووە زیندانەوە سەفوەت بەگیش تا رۆژی دادگایی كردن بەكەفالەت ئازادكرا . سێ رۆژ بەرلە دەستپێكردنی دادگایی، كەڵەشێرەكەی حەسەن قەرە ون دەبێت، كەس نازانێ چی لێدێت و كێ دەیبات. ئەفسەری لێكۆڵینەوە دوای ڕەوانەكردنی دۆسێی كوشتنی من، توشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و لە بیمارستان دەیخەوێنن. ژنەكەی شەو تابەیانی بەدیارییەوە دەگریا و جەنابی ئەفسەریش بەدەنگی بەرز دەڵێ دادوەری بەرێز ئەسڵی روداوەكە لای كەڵەشێرەكەی حەسەن قەرەیە. كەڵەشێرەكەی حەسەن  بدۆزنەوە،‌ ئیتر هەموو شتێك ئاشكرا دەبێت…  

لەژوورەكەی تەنیشت جەنابی ئەفسەر، حەسەن قەرە بەقەروێڵەكەوە بەستراوەتەوە و هاوار دەكات سەفوەت بەگ سەفوەت بەگی سەگباب كەڵەشێرەكەمی كوشتووە… كەڵەشێرەكەم كەڵەشێرەكەم. ئەیكوژم سەفوەت بەگ. سەفوەت سەگ هەر ئەیكوژم…

 

دۆسێی كوشتنی من  رەوانەی دادگا كرا 

دادگایی روداوی كوشتنی من، پێكەنیناویترین دادگایی بوو. دادوەر كاتێ سەیری ئیفادەی كەڵەشێرەكەی حەسەن قەرەی دەكرد، قاقا پێدەكەنی. سەفوەت بەگ خەریك بوو دڵی دەتەقی و دادوەریش پێدەكەنی. سەفوەت دەیویست قسە بكات، رێگایان نەدەدا. باوكیشم  بێ ئۆقرە دانیشتبوو، چاوەڕێی بڕیاری دادگای دەكرد. نارینیش دەگریا. دادوەر هێشتا بە ئیفادەی كەڵەشێرەكەی حەسەن قەرە پێدەكەنی و جارجارە دەیگوت ئافەرین ئەفسەری لێكۆڵینەوە… 

وردە وردە دادگایی كردن دەستی پێكرد و گفتوگۆكان چڕوپڕبوون. نارین لەبەردەم دادوەردا گوتی: قوربان گیان من ئاگام لەكوژرانی مێردەكەم نییە، ئەو ویستی بێتە لامەوەو بمكات بە ژن، لەوكاتەدا بێ هۆش بووم، كاتێك بێداربوومەوە،‌ جونەیدم لەسەر سیسەمەكە بینی كەوتبوو. خوێنی لەبەر دەڕۆیشت. ئیتر نازانم چۆن بوو، كێ كوشتویەتی، منیش خەریكە شێت دەبم… نازانم… نازانم…

دادوەر رووی لەسەفوەت بەگ كرد: ئەوكاتەی جونەید كوژراوە،‌ بەپێی ئیفادەكەت تۆ لەماڵی خۆت بوویت و میوانت هەبووە؟  

 

دادگا پەتی تاوانی خستە ملی نارینەوە

دادوەر سەفوەت بەگی ئازادكرد و نارینی بەتاوانی كوشتنی من، سزادا و بەرەو زیندان بەڕێ كرا. هەرخۆشم دەزانم كێ كوشتوومی! نارینی مەعشوقی شەش ساڵەی من چۆن كاری وا دەكات. خۆزگا توانیبام.. خۆزگا توانیبام لەم گۆڕەتاریكە هەستمەوە. بچوومایەتە لای دادوەر تا  ئیسپاتی بێ تاوانی نارینم بكردایە.  

مردن چۆن هات

زۆر خۆشحاڵ و ئاسوودەبووم كاتێ بەنارین گەیشتم. ئەوە خۆشترین ساتەكانی ژیانم بوو. زۆرم بەرگەگرت، بەرگەی قسە ناخۆشەكانی سەفوەت بەگ و قسە تاڵەكانی باوكمم گرت. سەفوەت بەگ هەمیشە دەیوت تۆی دەست و پێ سپی… تۆی كوڕە سواڵكەر چۆن دەتوانی كچی من بەخێوبكەیت! تۆ ناتوانی خۆت بژێنی، ئیتر چۆن دەتوانی ماڵ و منداڵ بەخێو بكەیت. ئەزانی من بێزم نایەت تۆ بكەم بەزاوای خۆم، بەڵام چیبكەم كچە بەدبەختەكەم تۆی لێ بووە بەسیامەند، فەرهاد، مەجنوون… چی بكەم. 

باوكیشم دەیگوت جونەید هەرچییەكت دەوێت بەچاوان پەنجە بخەسەر كچێك، هەركچێك بەس كچی ئەو خوێڕییە نا. ئاخر سووكی رسوا كەس نەما ئەو نامەردەنەبێت… ئەم قسانە زۆری ئازاردەدام بەڵام بەیەك زەردەخەنەی نارین هەموویم بیردەچووەوە. كاتێك چووینە ماڵی خۆمان و دەرگامان داخست. خۆشبەختبووین بەوەی كە ژیانی كامەرانیمان دەستی پێكرد. من هێشتا تامی نارینم نەكردبوو. نارین هێشتا جلی بووكێنی دانەكەندبوو. مردن هات. 

مردن هات… مردن لەكەوڵی گورگێكی برسی هات و چووە رۆحی نارینەوە. نارین هاتە لامەوە و گوتی جونەیدی من  بۆ بێدەنگی؟ قسەیەك بكە ئازیزەكەم. من بەبێ دەنگی ئاوڕم دایەوە و باوەشم پێدا كرد، باوەشم بە مەرگی خۆمدا كرد، گورگێك قەپاڵی بەگەروومدا كرد تا نەیخنكاندم وازی نەهێنا، مردم، مردم و ئەوەتام لەم گۆڕە‌تاریك و نوتەكەدا، كرم و مار و مێرۆ تێم ئاڵاون، خەریكن دەمخۆن. نارینیش ئەوەتا لەزینداندا‌. 

 

ن: مەحمود نەجمەدین

_____________________________________________

* ناوی سێ‌ پاڵەوانی سێ‌ چیرۆكی مەحمود نەجمەدینە

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.