Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
هەناسەکانی بەفر لە سنگی ژنێکدا

هەناسەکانی بەفر لە سنگی ژنێکدا

Closed
by January 16, 2013 هۆنراوە

 

 

-١-

بۆ خوێندنەوەی خۆم

پرس ئەکەم بە

ژنێ

-٢-

لە دیوانی ژیاندا

تەنها وشەیەک کە ناسیم

ژن بوو

-٣-

ژنێ خەڵکی دەریابوو

ئەوکاتەی

بیابان سەوزایی

لێ ڕوا

-٤-

گەردەنی مانگ

پیتەکانی ژنێکی

لەسەر نوسراوە

-٥-

بۆ هەڵهاتنی خۆر

نیگاکانی ژنێ

شەرح ئەکەم

-٦-

هەموو بەیانیەک

لێوی گوڵ

خوناوی ژنێک ماچ

ئەکا

٧–

لەنگەری شیعرێ

ژنێکە

ئەوکاتەی دەستی

لە ملی دەریایە

–٨

بۆ ژنێ

پایزم مارە کرد لە سنەوبەر

-٩-

من و عیسا

لە ژن ناگەین

بۆیە مریمەکان

قوتابخانەن

-١٠-

خۆخێک بەخۆی

پێکەنی

ئەوکاتەی ڕوومەتی ژنێکی

بینی

 

هاوڕێ ڕەش

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.