وتووێژی ڕێنیسانس له‌گه‌ڵ سیروان عه‌بدول-3
وتووێژی تایبه‌تی ڕێنێسانس له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر سیروان عه‌بدول
سازدانی: کۆسار فه‌تاحی
پ/ جه‌نابت وه‌ک نوسه‌رێکی جیاواز هه‌ڵوێستی جیاوازترت له ئاست ئه‌و هه‌واڵه‌دا وه‌رگرتووه که قسه له سووتاندنی کتێبه‌کانی به‌ریز د. فه‌رهاد پیرباڵ ده‌کا. تۆ له وتارێکدا که رۆژی 10.08.2009 له ژێر سه‌ردێڕی "سووتاندنی ووشه‌ی نابه‌رپرس – بۆ داکۆکی له‌و گه‌نجانه‌ی له که‌لار کتێبیان سووتاند" نووسیوه، هه‌وڵت داوه ئه‌م پرسه شی بکه‌یته‌وه و چه‌ند تێزێک بخه‌یته روو که وا باشه لێره‌دا یه‌ک به یه‌ک بچینه سه‌ریان. یه‌که‌م. ئایا ده‌کرێ کورته‌یه‌ک له سه‌ر چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ئیده‌یه باس بکه‌ی، واته ئیده‌ی کتێب سووتاندن لای گه‌نجانی که‌لار و قسه‌ش له‌وه بکه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا بۆچی گه‌نجی کورد رۆژێک په‌نا بۆ سووتاندنی مۆنۆمێنت و رۆژێکی دیکه بۆ سووتاندنی کتێب ده‌با؟
سیروان ع.: ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئیده‌یه چۆن دروست بوو و چۆن ئه‌و که‌سانه بڕیاریان دا ئه‌و کتێبانه بسووتێنن، من ناتوانم قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر بکه‌م چونکه منیش وه‌ک تۆ و هه‌ر که‌سێکی تر، له میدیاکانه‌وه به‌و هه‌واڵه‌م زانی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بۆچی گه‌نجی کورد په‌نا ده‌باته به‌ر سووتاندنی مۆنۆمێنت و سووتاندنی کتێب و تووڕه‌ییده‌ربڕینی تری له‌و جۆره، ئه‌وا من پێموایه ئه‌وه ئاکامی غیابی دیموکراسییه‌تێکی ڕاسته‌قینه‌ی موماره‌سه‌کراوه له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا. ڕوونتر بیڵێم: ئاکامی نه‌بوونی که‌ناڵی تر و ئامرازی تره بۆ به‌تاڵکردنه‌وه و دامرکاندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ئه‌گه‌ر وورد سه‌رنج بده‌یت، له‌م ڕسته‌یه‌ی دواییمدا من دووهۆکار دیاری ده‌که‌م: هه‌م نه‌بوونی که‌ناڵی تر و هه‌میش نه‌بوونی ئامرازی تر بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ئه‌مه چونکه من ئه‌و لێکدانه‌وه ته‌قلیدییه سه‌دانساڵه‌ییه‌م به‌لاوه ڕووکه‌شانه و کورتوکوێره که په‌نابردنی خه‌ڵک بۆ توندوتیژیی به‌س ته‌نها وه‌ک ئاکامی خه‌فه‌قانی ده‌وڵه‌تیی و به‌رته‌سکیی ئازادییه‌کان لێک ده‌داته‌وه. گرفتی په‌نابردنی خه‌ڵک بۆ گوزارشت-له‌خۆکردنی توند و بۆ توندوتیژیی ڕه‌گی له‌وێدا هه‌یه که توانای گوزارشت-له‌خۆکردنی هێمنانه لای ئه‌و خه‌ڵکه گه‌شه‌ی ته‌واوی نه‌کردووه. به‌مانه‌یه‌کی تر، زمانی به‌و ئه‌ندازه پێویسته نه‌پشکوتووه که بۆ گه‌یاندنی قسه و ڕای خۆی، جگه له ووشه، پێویستی به ئامرازی جۆری تر نه‌بێت.
ئه‌وه‌ی پێویستیی خه‌ڵک بۆ په‌نابردنه به‌ر هه‌م کاری توند و هه‌م کاری توندوتیژیش زیاتر ده‌کات موماره‌سه‌نه‌کردنی ئه‌و پره‌نسیپی دیموکراسییه‌یه که هه‌موو لایه‌ک دۆزنانه ئیددیعای ده‌که‌ن. دیاره ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی ئه‌و ته‌ره‌فانه‌وه دێت که گوێ داده‌خات و خه‌ڵکیی ناچار ده‌کات بیر له وه‌سیله‌ی تر بکاته‌وه بۆ گه‌یاندنی قسه‌ی خۆی، به‌ڵام من ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ده‌رانی ده‌وڵه‌ت به تاکه ته‌ره‌ف نازانم که ده‌خوازێت ڕای جیاواز خه‌فه بێت، به‌ڵکو هێزه سیاسییه‌کان و ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و میدیاکان و خه‌ڵکه عاممه‌که‌ش که‌م و زۆر هه‌مان ستراتیجییه‌ت پیاده ده‌که‌ن. زۆربه‌ی ئێمه تا ئه‌و شوێنه دیموکراسیین که ڕای به‌رامبه‌ره‌که‌مان له‌گه‌ڵ ڕای ئێمه‌دا کۆک بێت، ئه‌گه‌رنا، له باشترین حاڵه‌تی دیموکراسییخوازییدا به ”گوێلێنه‌گرتن” به‌رامبه‌ره‌که‌مان وادار به خۆخواردنه‌وه ده‌که‌ین و ده‌می پێ داده‌خه‌ین. ئه‌مه جۆرێکه له یارییه‌ک و تاکتیکێکی ناپاکانه‌ی هێزه به‌ناو ئازادیی و دیموکراسییخوازه‌کانی وڵاتانی ئێمه دژ به دیموکراسییه‌ت و مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕین. نموونه‌یه‌کی پڕ مانات بۆ بێنمه‌وه تا ڕوونتر بێته‌وه که ئایا من له چی قوڵاییه‌کدا ڕه‌گی توندوتیژیی ده‌بینم. دوور ناڕۆم و نموونه‌ی ئه‌و کتێبسووتاندنه‌ی ڕۆشنبیرانی که‌لارت بۆ دێنمه‌وه. بیهێنه پێشچاوی خۆت ئه‌و کێشه‌یه ئه‌و هه‌موو ئیشکالییه‌ته‌ی خسته‌وه و ئه‌و هه‌موو ته‌ره‌فه قسه‌ی تیا کرد، ته‌نها یه‌ک ته‌ره‌ف نه‌بێت ده‌رفه‌تی نه‌درایێ قسه و ڕای خۆی سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بگه‌یه‌نێته ڕای گشتیی و، هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیان به روودا داخرا. بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت دیموکراسیی لای ئێمه چۆن ئه‌تک ده‌کرێت، پێم خۆشه پێت بڵیم که ئه‌و ته‌ره‌فه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار خۆیان بوون که کتێبه‌کانیان سووتاند. بیهێنه پیش چاوی خۆت هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک ئاماده نه‌بوو حه‌رفێک له داکۆکیی-له‌خۆکردنه‌کانیان بۆ بڵاو بکاته‌وه. ئه‌مه حه‌قاره‌تێکه که له‌سه‌ر ده‌ستی دیموکراسییخوازانی کۆمه‌ڵگای ئێمه، (نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ر)، به دیموکراسیی ده‌کرێت. رۆژنامه ”هه‌ره ئه‌هلیی”ه‌کانت به ویژدانێکی ئاسووده‌وه ده‌چن ته‌نها قسه‌ی یه‌ک ته‌ره‌فی کێشه‌یه‌ک بڵاو ده‌که‌نه‌وه و بایکۆتی ڕای ته‌ره‌فه‌که‌ی تری کێشه‌که ده‌که‌ن. ئا لێره‌دایه ڕه‌گی په‌نابردن بۆ توندوتیژیی. ئه‌وه من و تۆ و که‌سانی تری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ین که ته‌حه‌مولی گوێگرتن له ڕای جیاوازمان نییه و خاوه‌نی رای جیاواز ناچار ده‌که‌ین، به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ڕا و قسه‌ی خۆی، په‌نا به‌رێته به‌ر وه‌سیله‌ی توندتر له ووشه. ئه‌وه بڵێم که ته‌نانه‌ت ئه‌و وتاره‌ی منیش ده‌رگای زۆر له بڵاوکراوه‌کانی به ڕوودا داخرا و ته‌نها سایتی ”ده‌نگه‌کان” و ”ماڵێک له ئاسمان” نه‌بێت، (که دووان له سایته هه‌ره ڕاستگۆ و پڕسه‌نگه‌کانی کوردستانی عێراقن)، ئیتر نه ده‌سه‌ڵات و نه ئۆپۆزیسیۆن و نه سه‌ربه‌خۆکانیش ئاماده نه‌بوون بڵاوی بکه‌نه‌وه. دیاره من چاوه‌ڕوانیی زیاتر له‌وه‌م له ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی ئۆپۆزیسیۆنم بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ی که‌لار پێ مامه‌ڵه‌یه‌کی ترسنۆکانه بوو.
من دوای ئه‌وه‌ی داکۆکییم له مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕینی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار کرد، ئه‌و ڕۆشنبیرانه په‌یوه‌ندییان پێوه کردم و له‌رێگای ئیمه‌یله‌وه موتابه‌عه‌ی کێشه‌که‌م ده‌کرد چونکه من قه‌له‌قی ئه‌وه بووم سزا بدرێن و سزادانی ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئیقدامێکی وا جێگه‌ی ئه‌سه‌ف ده‌بوو، وه شکستێکیش ده‌بوو بۆ دۆزی ئازادیی بیروڕا. ئه‌وان له نامه‌یه‌کدا له تووڕه‌ییاندا له‌وه‌ی که بایکۆت کراون و ووتاریان بۆ بڵاو ناکرێته‌وه هه‌موو ڕۆژنامه و میدیاکان، به ئه‌هلیی و نائه‌هلییانه‌وه به ”درۆیه‌کی گه‌وره” ناو ده‌به‌ن. ئایا ده‌بینیت تووڕه‌یی له کوێوه دروست ده‌بێت؟ ئه‌م تووڕه‌ییه‌یه که له درێژه‌ی خۆیدا بۆی هه‌یه ئه‌مجاره که‌سانێک بخاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سووتاندنی ڕۆژنامه‌کان. هه‌ر به ڕاستییش ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه له مامه‌ڵه‌یاندا بۆ ئه‌و دۆزه کردوویانه به‌رامبه‌ر به‌و ڕۆشنبیرانه، دیموکراسییخوازییه‌کی درۆزنانه‌ی گه‌وره‌یه که من به ”نیفاقی دیموکراسیی” ناوی ده‌به‌م، وه به بێبه‌شی نازانم له خستنه‌وه‌ی توندوتیژییدا. لێره‌دایه وه‌ڵامی ئه‌وه‌ت ده‌ست ده‌که‌وێت که چۆنه گه‌نجی ئێمه حه‌ز ده‌کات مۆنۆمێنت و کتێب و هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش گڕ تێبه‌ربدات که تووڕی ده‌داته لاوه و گوێ له قسه‌ی دڵی ناگرێت. سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵات به لایه‌ک، به‌ڵام حه‌قاره‌تێکی گه‌وره‌یه به دیموکراسییه‌ت کاتێک ڕۆژنامه‌یه‌ک دێت ووتارێک بڵاو ده‌کاته‌وه که تیایدا نووسه‌رێک ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار به‌وه تاوانبار ده‌کات که له ده‌ستیان دێت ئینسانیش بسوتێنن، به‌ڵام ده‌رگا به ڕووی وه‌ڵام و داکۆکیی ئه‌و که‌سانه‌دا داده‌خات که ئه‌م ئیتیهامه خه‌ته‌رناکه‌یان له‌ڕێگای ڕۆژنامه‌که‌ی ئه‌وانه‌وه پیا کراوه. ئه‌مه کارکردنه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها یه‌ک ته‌ره‌ف حه‌قی قسه‌ی هه‌بێت و ئه‌وانی تر ناچار به ته‌خریب بکه‌یت.
ئه‌و ڕووداوی کتێبسووتاندنه زۆر شتی تری پێ ووتین. له‌و ئیشکالییه‌ته‌دا ئه‌و ڕاستییه‌مان بینی که زۆرێک له ڕۆشنبیرانی ئێمه توانای لێکدانه‌وه‌ی فیکریی و تێگه‌یشتنی قوڵیان له ڕووداوه‌کان زۆر ڕووکه‌شانه و که‌مه. ئێمه بینیمان زۆرێکیان نه‌یانده‌توانی جیاوازیی نێوان ئه‌و کتێبسووتاندنه و سووتاندنی گۆڤاری ”لڤین” ببینن و هه‌ردوو ڕووداوه‌که‌یان به‌یه‌که‌وه ناو ده‌هێنا و به موقایه‌سه‌یه‌کی ڕووکه‌شانه یه‌ک خوێندنه‌وه‌یان بۆ هه‌ردوو ڕووداوه‌که ده‌کرد، ته‌نها کاک مه‌ریوان وریا قانیع نه‌بێت که به دره‌نگێکه‌وه جیاوازبوونی ئه‌و دوو ڕووداوه‌ی جه‌خت لێ کرده‌وه.
له کۆتاییدا زه‌روره‌ت بۆ ئه‌وه ده‌بینم که جه‌خت له‌سه‌ر سێ خاڵ بکه‌مه‌وه. یه‌ک: ئه‌وه‌ی که من ده‌ڵێم ئه‌و توندتیژییانه لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن نابێت مانای ئه‌وه بێت که‌م من قبوڵمه توندتیژیی موماره‌سه بکرێت. هۆکاره‌که‌ی چه‌ند هۆکارێکی حه‌قدارانه بێت و به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت، که‌س حه‌قی ئه‌وه‌ی توندوتیژیی موماره‌سه بکات، وه توندوتیژیی دوای ئه‌وه‌ی موماره‌سه ده‌کرێت ده‌بێت سزای به دوادا بێت. دوو: من له‌و وتاره‌مدا ”کرداری توند” له ”کرداری توندوتیژانه” جیا ده‌که‌مه‌وه. ئه‌و کردارانه‌ی تۆ پرسیاریان له باره‌وه ده‌که‌یت، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئاکامی تووڕه‌یین، به‌ڵام لای من دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ئه‌و دوو کاتاگۆرییه جیاوازه‌دا. تێکه‌ڵکردنی ئه‌م دوو جۆره کرداره ناحه‌قانه‌یه و دروست نییه بیکه‌ین، چونکه ”کرداری توند”، ئه‌گه‌رچی شێوه‌کردارێکی نه‌خوازراوه به‌لای منه‌وه، به‌ڵام سنووربڕیی و کردارێکی نایاسایی و ته‌جاوزکردنه سه‌ر ئه‌ویترنییه و بۆیه‌شه که‌سێک ده‌بێت زۆر به ئاگاهییه‌وه بکه‌رانی سه‌رکۆنه بکات، چونکه بۆی هه‌یه وه‌ک ئه‌وه‌ی بینیمان ڕۆشنبیرانێکی زۆر له سه‌رکۆنه‌کرنیاندا بکه‌ونه سه‌نگه‌ری دژایه‌تییکردنی ئازادیی بیروڕاوه و به‌مه‌ش ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ئاوه‌ڵا بکه‌ن بۆ سزادانی که‌سانێک که ئازادیی بیروڕایه‌ک موماره‌سه ده‌که‌ن که له‌گه‌ڵ بیروڕای ئه‌وان و ده‌سه‌ڵاتدا نایه‌ته‌وه. سێ: ئه‌وانه‌ی که کرداری تیژ ئه‌نجام ده‌ده‌ن دیاره یان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌دراوه‌تێ به وشه ڕای خۆیان بگه‌یه‌نن، یان قسه‌ی خۆیان ده‌که‌ن به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و ده‌وروبه‌ر خۆی لێ ناگه‌هان ده‌کات، یانیش خۆیان ئه‌و تواناییه‌یان نییه قسه‌ی خۆیان به ووشه بگه‌یه‌نن. وه‌ک ووتم تا ئێستا خوێندنه‌وه ته‌قلیدییه‌کان بۆ ده‌ستنیشانکردنی هۆکاری توندوتیژیی هه‌ر ته‌نها هۆکاری یه‌که‌م و دووه‌میان ده‌ستنیشان کردووه، به‌ڵام من پێموایه که هۆکاری سێیه‌م له وڵاتانی ئێمه‌دا له هۆکاری یه‌که‌م و دووه‌م که‌متر نییه و بگره ئه‌وه گرفتێکی سه‌رتاپاگیره که مرۆڤی ئێمه ناتوانێت گوزارشت له قسه‌ی ناو دڵی خۆی بکات. ئه‌مه هه‌ر له سه‌تحی شه‌عبییدا وا نییه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت به ده‌گمه‌ن نووسه‌ر و بیریارمان هه‌یه بتوانێت به سانایی ته‌عبیر له‌و شتانه بکات که له ناوه‌وه‌یدایه و ده‌یه‌وێت بیڵێت. ئه‌م ده‌رده چه‌نان ساڵ به‌ر له ئێستا سه‌رسوڕمانێکی لای مامۆستا گۆرانی شاعیر دروست کردووه بۆیه له چه‌ند دێڕێک‌دا توڕه‌یی خۆی ده‌ردبرێت له‌وه‌ی که هه‌رچه‌ند ده‌کات ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌سته، بۆی ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵه‌به‌سته‌وه، وه نازانێت لێکدانه‌وه‌ی ده‌روون، قسه‌ی زمانی، بۆچی وه‌ها دوورن له یه‌ک. به‌ڵێ ئه‌مه ده‌ردێکه که تا ئێستا وه‌ک هۆکاری تووڕه‌یی و ته‌خریب ده‌ستی نه‌خراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام له‌ژێره‌وه کاری خه‌ته‌رناک ده‌کات. بۆیه من پێموایه بۆ که‌وتنه‌وه‌ی دیموکراسیی و کۆمه‌ڵگای عادیل، وه بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی به‌ختی گه‌شه‌کردنی توندوتیژیی، له پاڵ پێداگریی شێلگیرانه له‌سه‌ر ئازادیی بیروڕا بۆ هه‌موو لایه‌ک، چه‌ند کارێکی گرنگی تر ده‌که‌وێته سه‌ر ئێمه و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتیش وادار بکه‌ین به کردنیان. یه‌ک: ده‌بێت کۆمه‌ڵگایه‌ک ساز بده‌ین که تیایدا ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕایه‌ک ده‌ده‌ن هه‌ست بکه‌ن ڕاکانیان وه‌ک ڕایه‌ک وه‌رده‌گیرێت و گوێ له ئاستیاندا داناخرێت. دوو: ده‌بێت قوتابخانه و هه‌موو ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کانی تر ئاراسته‌ی کاریان به‌ره‌و (ئه‌گه‌ر دروست بێت بووترێت) ”زمانپژاندنی خه‌ڵک” بێت نه‌ک دروستکردنی کائینی بێزمان و هه‌ڵچوو. سێ: مادامێک هه‌موو کات و له هه‌موو شوێنێک که‌م و زۆر خه‌ڵکانێک هه‌ن و هه‌ر ده‌شمێنن که ناتوانن قسه‌ی دڵی خۆیان بکه‌ن، ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته خه‌مێک له‌وه بخوات جێگاوڕێگایه‌ک بگیردرێته به‌ر که ئه‌و که‌سانه هه‌ست بکه‌ن قسه‌ی دڵیان بۆ ده‌کرێت یان کۆمه‌ڵ ده‌زانێت قسه و ڕای ئه‌وان چییه. ئه‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه شێوه‌یه‌کی نوێ له کارکردنی ده‌وێت که بتوانێت ڕێوشوێنی (measure) کارا بدۆزێته‌وه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه، نه‌ک هه‌ر هه‌ڵوێستگیریی و سه‌رکۆنه و لایه‌نگیریی و دژایه‌تیی و سێکتارزیم و فیکری بێفیعل که ئه‌مڕۆ سه‌رتاپای ناوه‌ندی حوکم و ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئێمه‌ی داگیر کردووه.پ/ ئه‌و کتێبانه که تووشی به‌ڵای سووتان هاتن، چ به‌شێک له کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ بوون؟ ئاخۆ ناوبراو له‌و به‌شه له کتێبه‌کانیدا قسه‌ی له پرسی ده‌سه‌لات و گه‌نده‌ڵی کردبوو که ئه‌مجاره به چوونه پاڵ لیسته‌ی کوردستانی که‌وتبێته نێو به قه‌ولی جه‌نابت "جووتمۆڕاڵی"یه‌وه؟
سیروان ع.: من نازانم ئه‌و کتێبانه‌ی سووتێنران کامانه بوون به‌ڵام من بزانم مادامێک ئه‌و ڕۆشنبیرانه ئه‌وه‌یان وه‌ک کارێکی ڕه‌مزیی کرد نه‌ک کارێک بۆ له‌ناوبردن و بنه‌بڕکردنی نوسخه‌کانی کتێبهایه‌کی دیارییکراوی ئه‌و نووسه‌ره، که‌واته مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ نه‌بووه به‌لایانه‌وه چی کتێبێک و چی کتێبێک ده‌سووتێنن. به مانایه‌کی تر، ئه‌وه‌ی کرا بۆ ده‌ربڕینی ڕایه‌ک و ناڕه‌زایه‌تییه‌ک بوو له به‌رامبه‌ر که‌سێکدا که به ڕای ئه‌وان جوتمۆڕالانه و ناڕاستگۆیانه ده‌ورانێک ڕه‌خنه‌گری حکومه‌تکردنی فاشیلانه‌ی ده‌سه‌ڵات بووه، نه‌ک هه‌وڵێک بووبێت بۆ نه‌هیشتنی ده‌قهایه‌کی دیارییکراو له‌به‌ر ده‌ستی خه‌ڵکدا.
پ/ وه‌ک ئه‌زانی له مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا کتێب سووتاندن و کتێب دزین و کتێب به غاره‌ت بردن دیارده‌یه‌کی نامۆ نه‌بووه. ئه‌وه‌ی که بۆچی کتێب له جیاتی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌کرێته ئامانج خۆی جێگه‌ی باسه. تۆ له وتاره‌که‌دا ئاماژه‌یه‌کی هاینریش هاینه، شاعیری ئالمانی دێنیته‌وه که ده‌ڵێ "له هه‌ر کوێیه‌ک کتێب سووتێنرا، له درێژماوه‌دا له‌وێ مرۆڤیش ده‌سووتینرێت". تێگه‌یشتنی تۆ له‌م رسته‌یه وه‌ک به وتاره‌که‌وه دیاره، ناگه‌ڕێته‌وه بۆ جیهانی بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌که، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی که گرینگی به کارێکی ره‌مزی وه‌ک سووتاندن ده‌دا. چۆن ده‌توانین نوسه‌ر له جیهانی بیرکردنه‌وه و کتێبه‌کانی داببڕین؟
سیروان ع.: زۆر ڕۆشن نییه مه‌به‌ستت له دابڕینی نووسه‌ر له جیهانی بیرکردنه‌وه و کتێبه‌کانی چییه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌دتێگه‌یشتنێک دوور بخه‌مه‌وه گرنگه ئه‌وه بڵێم که من دوو جۆر له کتێبسووتاندن ده‌بینم: یه‌ک، سووتاندنی کتێبێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا کۆک نیت. دوو، سووتاندنی کتێبێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نووسه‌ره‌که‌ی هه‌ست به به‌رپرسیاێتی ناکات و هه‌ر ڕۆژه‌ی قسه‌یه‌ک ده‌کات و تۆش له‌وێوه ده‌گه‌یته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کتێبه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره ئه‌وه‌نده قسه‌ی بێکه‌ڵکن که بشیسووتێنیت هه‌ست ناکه‌یت زه‌ره‌رێکت کردووه. هاینریش هاینه له‌و ووته‌یه‌یدا مه‌به‌ستی خه‌ته‌رناکیی ئه‌و جۆری یه‌که‌مه‌یه له کتێبسووتاندن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا مه‌به‌ستی خه‌ته‌رناکیی ئه‌و هێرشه‌شه که ده‌کرێته سه‌ر ئه‌وانه‌ی که ئه‌و جۆری دووه‌می کتێبسووتاندنه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، زۆر به ساده‌یی چونکه ئه‌م هێرشه‌ش وه‌ک کتێبسووتاندنه‌که‌ی جۆری یه‌که‌م هێرشکردنه بۆ سه‌ر ئازادیی ده‌ربڕینی ڕا.
پ/ رسته‌یه‌کی پڕ مه‌ترسی ده‌بێته کۆتایی وتاره‌که‌ی تۆ. له‌وێدا داوا ده‌که‌ی که کتێبی نووسه‌رانی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌ش له رێوره‌سمی دیکه‌دا بکرێنه سووتماک و ده‌رخواردی ئاگر بدرێن. ئایا سووتاندنی کتێبی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات، له خۆێدا زه‌مینه خۆشکردن نییه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتیش موسته‌حقی سووتاندن بێت؟ چۆنه کرداری سووتاندن ده‌بێته دژکرده‌وه له ئاست دژبه‌ری فیکری و سیاسی‌دا. ئایا مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه که‌م نموونه‌ی له گوند سووتاندن و ئه‌نفالکردن و کتێب سووتاندن و سه‌مبول سووتاندن به خۆیه‌وه دیوه؟ ره‌نگه له‌م نموونه‌ی ئاخردا، ره‌خنه نه‌یتوانیبێ کاریگه‌ر بێت، بۆیه په‌نا بۆ سووتاندنی کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ براوه.
سیروان ع.: نمایشکردنێکی ته‌واو هه‌ڵه ده‌بێت بۆ ڕوانگه‌ی من، گه‌ر وا تێبگه‌ین که من داوای سووتاندنی کتێبی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌م. من له‌و ڕسته‌یه‌ی کۆتایی ووتاره‌که‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه پیشانی ڕه‌خنه‌گرانی کتێبسووتاندن به‌گشتیی بده‌م که کتێب موقه‌ده‌ستر نییه له ئازادییه‌کانمان. ئه‌مه ده‌که‌م چونکه کۆمه‌ڵگای ئێمه ترادیشۆنێکی ڕه‌گ داکوتیو و کۆنی هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه له پیاده‌کردنی هاوکێشه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی وادا که کتێب له‌سه‌رووی ئازادییه‌کانمانه‌وه داده‌نێت. کتێبه ئاینییه‌کان بۆ نموونه. ئه‌و ته‌قدیسکردنی کتێبه‌ش که هه‌رچییه‌ک بێت ده‌بێت پارێزراو بێت بێبه‌ریی نییه له‌م دیده ئاینییه بۆ کتێب. به‌ڵێ من ده‌مه‌وێت خه‌ڵکی ئێمه تۆزێک به چاوێکی دونیه‌ویتر و به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌تر سه‌یری کتێب و به‌رهه‌می فیکریی ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندان بکات. ئه‌وه‌ی من داوای ده‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئیتر هه‌موو زبڵێک وه‌ک فیکری مومتاز و شایان به ڕێز سه‌یر نه‌که‌ین، تا رۆشنبیرانمان تۆزێک هه‌ست بکه‌ن که داوایان لێ ده‌کرێت به مه‌سئولییه‌ته‌وه قسه بکه‌ن و ترسێکیان هه‌بێت له‌وه‌ی، بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی ناوی خۆیان، ساڵانه به تۆن زبڵ بخه‌نه ناو بازاڕی ڕۆشنبیریی کوردییه‌وه. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر به حه‌قیقه‌ت ڕۆشنبیری کورد خه‌ته‌رناک ده‌ستی داوه‌ته ئه‌و یارییه‌ی که به قسه‌ی زل و بێفیعل و بیناوه‌ڕۆک خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌ری ساده‌ی ئێمه‌دا تێپه‌ڕێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت من داوای ئه‌وه ده‌که‌م که هۆکاره‌که‌ی به‌یان بکرێت که بۆچی کتێبێک شایان به ته‌نه‌که‌ی خۆڵ یان کوره‌ی ئاگر ده‌کرێت. ئه‌مه به مانای ئه‌وه‌ی پیشاندانی بێکه‌ڵکیی ناوڕۆکه‌که‌ی پێودانگی بێحیسابکردنی کتێبێک بێت، نه‌ک موخاله‌فه‌تی فیکریی له‌گه‌ڵ تێزه‌کانی ناوی. ساڵانێکه ئێمه کاتی ده‌رچوونی کتێبێک ده‌سته‌واژه‌ی ”ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردیی” ده‌بیستین. ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردیی بۆ من ئامانجێک نییه. ئێمه ژماره‌ی کتێبمان که‌مه، به‌ڵام له ژماره‌ی کتێبی بێفه‌ڕدا بێمنه‌ت مونافه‌سه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی سه‌ر ڕووی ئه‌رز ده‌که‌ین. کتێبخانه‌ی کوردیی به‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت مه‌رجی قسه‌کردنی به مه‌سئولییه‌ت بخه‌ینه سه‌ر نووسه‌ران و حه‌یایه‌کی عام دروست بکه‌ین که نووسه‌رانمان سه‌د جاری تر ته‌حقیق له دروستیی تێزه‌کانیان بکه‌نه‌وه ئینجا جورئه‌ت بکه‌ن ڕیگه‌ی چاپخانه بگرنه به‌ر.
که ئه‌م هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ته نییه، دڵخۆشکه‌ره خوێنه‌ر هه‌بێت داوای له نووسه‌ر ئه‌وه بێت که ڕێز له عه‌قڵی خۆی و خوێنه‌ره‌که‌ی بگرێت ئه‌گینا ده‌سته‌که‌ی که‌شف ده‌کات و پیشانی ده‌دات به چی هه‌ژارییه‌کی فیکرییه‌وه خۆی وه‌ک نووسه‌ر تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌وه‌ی ترسی نییه به‌ر ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی خوێنه‌ری زیندوو بکه‌وێت، پێویستیشی به‌وه نییه ترسی له‌و هه‌ڵمه‌ته هه‌بێت. کتێبخانه‌کانی ئێمه پڕن له چه‌نان کتێب که زۆر به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌ڵێم قسه‌کانی ناویان نرخی ئه‌و کاغه‌زه‌یان نییه که له سه‌ری نووسراون. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو ئێمه ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بین که نه‌ک هه‌ر زبڵ به‌ڵکو زبڵی خه‌ته‌رناک و ژه‌هراوییش هه‌یه که هه‌روا بێ هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ت خراونه‌ته سه‌ر کاغه‌ز و فڕی دراونه‌ته به‌رده‌ستی ئه‌و خوێنه‌ره ساده‌یه‌ی که توانای جیاکردنه‌وه‌ی فیکری له قسه‌ی بێسه‌روبه‌ر نییه. زه‌قترین نموونه‌ی ئه‌م شێوه‌کاره ده‌کرێت نووسین و تێزه‌کانی ئه‌م چوار پێنج ساڵه‌ی دوایی کاک فاروق ڕه‌فیق بێت که هه‌ر رۆژه‌ی به ئاقارێکدا لێده‌خوڕێت و داواش ده‌کات وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی فیکریی موته‌ناسق لێی وه‌ربگیردرێت. واش نه‌زانین قسه‌ی مردوو به مردوویی کارکردی نییه. بیرمان نه‌چێت له ئاست ئه‌و قسه‌فڕێدانه نامه‌سئولانه‌یه‌ی که ئه‌و نووسه‌ره ئه‌و ساڵانه ده‌ستی دایێ، که‌سێکی وه‌ک کاک به‌ختیار عه‌لی فریای کۆمه‌ڵگای کوردیی که‌وت، ئه‌گینا کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌وکات به ده‌ست قسه‌ی بێسه‌روبه‌ره‌وه له به‌رده‌م ئیحتیمالی گلانێکی سه‌ختدا قه‌راری گرتبوو.