پیاوێك له دۆزه‌خی ژنێكدا ….. حه‌مه سه‌عید زه‌نگنه
گه‌رده‌لوولی ژانێكی پڕ سوێ و.. ناسۆر، دهناخیدا هه‌ڵیكردبوو. تێكڕا دۆسیه، هه‌ڵچنراو و ده‌سه‌ر ئێكنراو و ڕیز به‌ستووه‌كانی، نێو كڵاوه‌ی مێشكی جه‌نجاڵ و ئاڵۆزی تێكترنجاند بوو. ته‌ناهی و ئۆخژنی ده‌نێو ڕووپه‌ڕه ژه‌نگگرتوو و هیشك هه‌ڵاتووه‌كانی دۆسیه پێكدا تێپه‌ڕی و ئامێته بووهكانیدا گرد و تۆپه‌ڵ و ون ببوون جڵه‌وی به‌رزه‌فتكردنی مێژگی له‌ده‌ست ترازابوو، كۆنترۆڵی ئه‌ندامه سست و زراڤییهكانی جه‌سته‌ی بۆنهدهكران، ئه‌ندێشه‌ی وێڵ و هه‌ڵوه‌دای بێ مه‌به‌ست ده‌چوو و ده‌خولایه‌وه.
– وست بن، بابه له هۆڵه‌كه نووستووه..!!
بابه ده‌نێو هۆڵه‌كه له‌په‌و ڕوو و یهكتهخته خۆی ڕاكشابوو، پیشی ده‌خوارده‌وه و تاوتوێی خه‌م و په‌ژاره‌كانی ده‌كردن. ئه‌م خه‌سڵه‌ت و ڕه‌وتار و خووهیشی وه نه‌بێت ناگه‌هان و له‌و نزیكانه‌ی به‌سه‌ر هاتبن و نوێ بن. نا، دوا به‌دوای هه‌یڤی هه‌نگوینی و به‌درێژاییی هه‌ودای هاوسه‌رێتی وێڕای گه‌وه‌ری ژنی، چون دوو هێڵی ته‌ریب به‌كێشی كرد و هانی، تا له‌و دواییدا ساڵ وه ساڵ مه‌زن و.. قه‌باره‌كه‌ی ههڵدهپهنهمی و سه‌نگه‌كه‌ی سه‌نگین ده‌بوو، پاشتر بۆ هه‌تا هه‌تایی خۆری هومێد و هه‌ویای ماڵ ئاوایی كرد و ئاوا بوو. نوكه بێ هوده پشكی یاده‌وه‌رییه ئیكَسپایهر و سوواو و په‌رته‌وازه‌كانی نێو بیرگه‌ی، به‌ناته‌واوی و نه‌به‌كامی هه‌ڵده‌هێنجێ و پێكیان دادهدووری و بیریان شوێن ده‌خات. لێ چۆن هزرێ مینا كه‌سێكی دوور له به‌زه‌یی و دلۆڤانی چنگ له هه‌ناوی نێت، ئارامی و ئۆقره‌ییی لێ ده‌سێنرێته‌وه و.. په‌ی به هیچ ڕێگه چاره‌ك نابات و ده‌سته‌وستانه. هه‌ر گوزه‌ر و تونێلێكیش تهی ده‌كات تاریكستانه و سه‌راسیمه و هه‌ناسه سه‌رد. به‌پشتا دێته‌وه.
– وست بن بابه له نێو هۆڵه‌كه نووستووه!!
– هێنده وه‌ته‌نگ بابهوهن..؟! ده‌ك هه‌مووتان وهئاوێك وهشۆرێن!!
سێ زارۆكی سێوه‌ی گه‌وه‌ر له‌ولای ئه‌مانه‌وه و.. له‌نێو ئۆدهكهی ئالیی هۆڵه‌كه‌وه وازی و گه‌مان ده‌كه‌ن.
ئه‌مانیش ده‌میان له ده‌م یه‌ك ده‌سوو و مشت و مڕیان بوو:
– ئاخر گوناهت ده‌گاتێ دڵی بابه‌م دێشێنی..؟!
– كچم بابت خوا لێی گۆڕیوه و خهڵافاوه!! پێم ناڵێی له چیی كه‌مه..؟
– وانییه دایه!! ئه‌دی پێشان بۆ وانه‌بوو، ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه تۆ ده‌ڵێی سیر ئه‌و ئێژێ پیواز!! گهیاندووتانه وه مریشكه‌ڕه‌شه!!
– مریشكه ڕه‌شه!! كچێ بێ ئه‌قڵ تۆ بۆ ئه‌وه‌نده كاڵفام و خۆشباوه‌ڕی؟! چما له‌وه‌ته‌ی قسمه‌تم لای ئه‌م باوكه‌ی ئێوه گیرسایته‌وه نانێكی ڕه‌حه‌تیم له زاری نایه و سه‌رێكی ئاسوده‌ییم وه سه‌ر سه‌رین خستییه؟! (فرمێسك به‌ره‌و روومه‌ته‌كانی هروژمیان هێنا و گریان كۆنترۆڵی كرد) كهوڵهكۆنی له ئۆمه‌ت نه‌چوو…
ترێ زاری بووه ته‌ڵه‌ی ته‌قیو و نقی برده ناوه‌وه، قۆشه‌نی په‌ژاره سروشتی به‌هاری روخساری چه‌رخاند.
كه‌چی دایكی وێڕای خودی خۆی هه‌ر داخاوت و ده‌یڕێسا:
– هه‌ڵبه‌ت حه‌فت پهراسووانم له ژنانی دی زۆرترن.. كێهه ده‌گه‌ڵی هه‌ڵی ده‌كرد،. ئێسكت خواته‌وه، خوا شایه‌ته من نه‌بام تا هه‌وكه پێنجی ته‌ڵاق دابوون.. به‌دفه‌ساڵی له مرۆ نه‌چوو.. به‌ده‌م قسانه‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ی بیر هاته‌وه به سێوه‌ی نوێبهرهیهوه بێزووی ده‌كرد، شه‌و له نێو جێگا قووته‌وه بوو و پێی گوت:
– گه‌وه، گه‌وه!! پێم خۆشه، بزانیت من له ماڵه‌وه سێ ژه‌مه خواردنم بۆ ساز و ئاماده ده‌كرا و.. كهلو پهلهكانیشم هه‌رده‌م پاك و خاوێن ئوتی كراوبوون… سه‌ره‌ڕای ئاوگه‌رم كردنی سوبحهینانم تێده‌گه‌ی چ ده‌ڵێم..؟! ئه‌نگوستی دۆشاومژه‌ی ده‌سته چه‌پی درێژ كرد، هه‌ردوو قامكی زه‌ڕنه‌قووته و شاده‌ی ده‌سته ڕاستی كردن به چوكڵه‌ی ژێر پیتی ڕێ و سه‌ره‌وخواری كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وی تری دانا و گوتی: من تۆم…… زیڕه‌ی كوڕه چكۆڵه‌كه‌ی سێوه هزری گرێ دایه‌وه.
– فهساڵت خواته‌وه،.. ئه‌و كوڕه كێ لێی دا..؟
..تازه‌م لێ ده‌بێته‌وه، كوڕه‌كه‌ی جاران، نۆفیكهڵان..!! وێڕای پیشخواردنه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و ئهندێشهكانیشدا ته‌ریب لۆقه‌ی دهكردو.. ده‌نك ده‌نك په‌یڤه‌كانی ترێ و گهوهریشی ده‌چنینه‌وه.. تا ته‌واو ده‌روونی سیخناخ بوو ئه‌وجا ده‌به‌ر خۆیه‌وه كه‌وته هه‌ڵڕژاندنی:
– ئه‌ی له هه‌شت نیم، كه‌سێ نه‌زانێت، ده‌ڵێت چه‌ند ژنێكی سه‌لار و سه‌نگینه..؟! باوكت خوا لێی گۆڕیوه.. نانێكی ڕه‌حه‌تیم له زاری نه‌ناوه و سه‌رێكی ئاسوده‌ییم وه سه‌ر سه‌رین نه‌خستووه… بۆ نا!! ده‌مه چت لێ كه‌مه، به‌م چه‌نه درێژییه و فرت و فێڵه هێنات!! گره‌وی خۆت برده‌وه و.. داشی خۆتت سواركرد، كچم باوكت خوا لێی گۆڕیوه. بڵێ ئاخر له چیت كه‌مه كافری مه‌لعوون ئاخر به درێژاییی ته‌مه‌نی ژن و مێردایه‌تیمان، دوو قسانی هه‌ست بزوێن و شیرینم لێت ژهنهفت..؟! هه‌ر مه‌كه بێ تاقه‌تم، ئۆه، توخوا ئه‌گه‌ر نه‌یبڕیته‌وه، وه‌ڵا من فێری ئه‌و قسانه نیم، له سیك و سه‌ودای خۆت ناكه‌وی.. نه‌خۆشم خۆ باوه‌ڕ ناكات!! كه‌س له ده‌ردی كه‌سیتر ناگات، ئهه بریا تووشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن بووایت. درۆزنی، بوختانچی!! به‌خوا پیاو بێ سفه‌تن، ژن زۆر بهسفهتن.. خوا باوكم بگرێ من هاوكوفی تۆ نه‌بووم. هه‌موو ناسكی و نازداریم به‌هه‌ده‌ر چوون. هه‌ی به‌ڵام دا له چاره‌ت..!! ناسكی و نازداری..؟! ئه‌ندێشه بردی، هێمان سێ هه‌یڤان به‌سه‌ر ژن و مێردیاندا تێنه‌په‌ڕی بوو، پێی گوت:
– گه‌وه‌ر ماوه‌یه‌كه، سارد و سڕت ده‌بینم و خۆت دووره په‌رێز ده‌گریت..؟
– به‌ده‌سته خۆم نییه پیاوه‌كه هێڵنجم دێتێ!!
– له من..؟!
– نا مه‌قسه‌دم، ژنان كه بێزوی ده‌كه‌ن ئه‌م جۆره ده‌سته گه‌مانه‌یان لا خۆش نین.. باوه‌ڕم پێكرد و، قسه‌كه‌یم سه‌ڵماند.
.. پیاوه‌كه! ڕاستی شه‌رمم به‌خۆیه. به‌یانیان خۆ بسمیل كه‌م.. كه فڕه‌ی په‌ره‌مێز ده‌ژنه‌وم چین چین عاره‌قه‌ی ده‌ڕێژم.. زانیم داوای فیدرالی ده‌كات من جاڕی سه‌ربه‌خۆییم دا.. دایك و خوشكێكی سهروعوزر شۆرم به ته‌نها له خانوویه‌كی گه‌وره‌دا جێهێشتن و.. كه ده‌ستی خۆی دیت ئه‌وجار پشتی تێ‌كردم. له‌علی ئامۆزام زۆر جاران پێیده‌گوتم: ئامۆزا ژن و مێردایه‌تی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا هه‌ندێك جار بارن وه‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه..خێزانه‌كه‌ی ئێمه وای لێهات.. ئیدی هه‌ر یه‌كه‌و نێوچه‌وانی..!! ژنی وا هه‌ن كه‌شێكی له‌بار و گونجاو بۆ مێرده‌كانیان ده‌ره‌خسێنن ماڵه‌كه‌یان بۆ ده‌كه‌ن وه به‌هه‌شت، ئه‌وی منیش خۆی پێمێرده ماڵه‌كه‌ی لێ كردبووم به‌جه‌هه‌نم و.. كافر ژیانت چاك لێكردمه دۆزه‌خ.. ناگه‌هان هه‌ڵستایه سه‌ر قنگ و له‌ز جگه‌ره‌یه‌كی ئاگردا.. بێ مێژگی زوان درێژ، چوو له ده‌ستم.. نوێژه‌كانی به‌یانیانم ده‌چن تۆ چیته پیاوی خه‌ڵكی جارێكی خۆ ته‌ڕ ناكات..ناچار ده‌بووم ڕۆژانه ئه‌م قه‌وانه‌ی دووبارهكهمهوه.. كچێ تۆ بۆ ئه‌وه‌نده چه‌وتی.. من حه‌قم به‌سه‌ر خه‌ڵكی دییه‌وه چییه.. دوایی هه‌یه حه‌وتووی جارێكی برنج ده‌خوات.. هه‌یشه حه‌وتووی سێ جاران.. ئی واش هه‌ن ڕۆژانه بێ برنج هه‌ڵناكات!.. به‌خوا ئه‌وه بهمن ناكرێت.. مناڵمان گشت گه‌وره‌ن كه‌ی ئێمه له ڕیزی ئه‌وه‌دا ماوین..؟! ساویلكه بووم، نه‌وه‌ڵڵا كه‌ر بووم، ده‌بوو هه‌ر زوو ته‌ڵاقم دابا هه‌ر ده‌مگۆ چا ده‌بێت، هۆشی وه‌به‌رخۆ دێته‌وه، مناڵه، كه‌م ئه‌زموونه وه‌ختێ وه‌ئاگا هاتمه‌وه به‌هاری ته‌مه‌نم خه‌زانه…. كێ ده‌ڵێت نووستووه.. خه‌و پهپووت بێت. كهوڵهكۆن تازه به تازه گه‌نج ده‌بێته‌وه.. نۆفیكهڵان.. مردم به ده‌سته‌وه هه‌ر بێزار نه‌بوویت.. عه‌مرت نه‌مێنێت بۆ خۆت و…… خوا به قوربانی به‌ختی خۆتت كا به خوا…ئه‌وی زیروح بێت له‌گه‌ڵی نه‌ده‌ژیا. كچێ خۆ ئه‌مانه تا به‌نێو ساڵه‌وه چن زێتَر جۆش ده‌سێنن و چاتر به‌ل ته‌ڕ ده‌بن، حه‌یا و حهیبهتیان له‌به‌ر هه‌ڵده‌گرێت.. هه‌موو شتێ به خوێ، خوێش به‌مانا.. دوایێ هه‌موو شتێ سات و كاتی خۆی خۆشه.. تازه به تازه گه‌ره‌كێتی شه‌و تا به‌یانی ده‌ستم له ملیا بێت.. ئه‌سپێی كراسهكۆن.. به‌دفه‌ساڵ
– دایه!! وشه‌ی دایه ئه‌ندێشه‌ی قاچی
– دهچمهو ماڵێ ئێستا شاسوار هاتبێته‌وه دۆ و دۆشاوی تێكه‌ڵ به یه‌ك كردوون.. خۆ كه‌ڵكی نییه..؟ شیویشم ئاماده نه‌كردووه وا سه‌عات چواره.. له‌وه‌یشه هه‌نووكه له ماڵ بێت.
– چما لۆ دانیشتووی..؟!
– (……)
– كچم نه‌ختێ مشووری ماڵ و مێردت بێت! ئه‌وه بۆ شاسوار به‌گله‌ییه لێت..؟! ئهیهگۆ ئامۆژن: ڕۆژ تا ئێواره لۆی به‌كێش ده‌كه‌م كه‌چی ڕۆژووی لێناشكێنێت.. ده‌ڵێی فیشه‌كه شێته‌یه!! هه‌ر له خۆڕا گڕ ده‌گرێت.. ئامۆژن جار بووه سێ ڕۆژان زاری له زارم نه‌گه‌ڕاوه.. ڕووی به‌لامه‌وه نهچهرخاندووه!! كچم پیاو چۆن وا قبوول ده‌كات، به خوای ئه‌وه باوكته له هۆڵه‌كه گوێی له ده‌نگمه.. ئێسته‌شی پێوه‌بێت سێ ڕۆژانی له‌سه‌ر ئێك ده‌گه‌ڵ نه‌نووم ده‌غه‌زرێ و دنیام لێ پڕ ده‌كات
– دایه ئه‌م قسانه بۆ كێ ده‌كه‌ی؟ ئه‌م گلهیییانهی شاسوار هه‌موو تاوانی تۆیه و ئه‌و تاوان و زوڵمه‌ی به منداڵی له تۆ كرا هه‌مان هه‌ڵه‌ت به‌رانبه‌ر من كرد و ئێسته كه‌وتوویته‌ته ته‌مێ كردنم؟!
په‌یڤه‌كان ده‌نێو هۆڵه‌كه‌دا فڕین پاشان خۆیان به هێلانه‌ی گوێچكی ئه‌ودا كرد..
ویستی زاری هه‌ڵێنێته‌وه و.. ڕستێ وشی ریز به‌ستوو په‌رده‌ی گوێچكه‌كانی ئه‌نگاوت ده‌نگی به‌رزه‌وه كرد..
– ماشه‌ڵڵا جوانت ئامۆژگاری ده‌كات.. بڵێ با تۆزه‌ك ته‌نبێی خۆی بكات.
دڵی سست بوو، سیمای بوو به پیاز.. قیژاندی گوتی: ته‌مێی چیم بكا.. وه‌ڵڵا مه‌گه‌ر له ناویت كوڵێنم..