Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
پەیامەکانی پشتی گێڕانەوەی دەستور

پەیامەکانی پشتی گێڕانەوەی دەستور

Closed
by September 4, 2012 گشتی

 

 

 چ  سەرۆکی حکومەت و چ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی لە گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم بۆ پەرلەمان دەکەن.

ئێستا پرسی گێرانەوەی دەستور لە ژێر ناوی هەموارکردنەوە و رێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکان لەسەری، هێنراوەتەوە گۆڕ.

لایەنە ئۆپۆزیسێۆنەکانی ناو ماڵی کوردی…ئەمە بەسەرکەوتن و بەرهەمی پێداگری خۆیان دەزانن، لایەنەکانی دەسەڵاتیش بەتایبەتی پارتی دوای ئەو هەموو پێداگرییەی پێشویان کە دەستور نابێ بگێڕدرێتەوە و پێویستی بەگەڕانەوە نییە، ئێستا پشتیوانی لە گەڕانەوەی دەکەن و دەیانەوێت (تەوافوقی هێزە سیاسیەکانی لەگەڵ بێت بە وێنەی پرسێکی گرنگ و نیشتمانی).

ئەگەر داوای ئۆپۆزیسیۆن بۆ گێرانەوەی دەستورو هەموارکردنەوەی و رەزامەندی نیشاندانی حکومەت و پەرلەمان لەسەر گێرانەوەی پرۆژەی دەستور بۆ پەرلەمان، دیوی دەرەوەی ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی کوردی بێت، ئەوا پەیامەکانی پشتی ئەم سازانەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن جێگای لێرامان و هاوکات جەنگێکی ئاشکرای هەردوو لایانە، لەدژی خەڵکی کوردستان و خواست و داوا رەوا کەڵەکەبووەکانیان و داسەپاندنی دەستورێکی داوکەوتوانە بەسەریاندا.

دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، بە ملدانی بەبەشێک لە داخوازییەکانی ئۆپۆزیسێۆن، لەوانەش گێرانەوەی بودجە بۆیان و وەرگرتنی پاکیجەکانی چاکسازیییان، خودی ئۆپۆزیسێۆنی کردە ئامرازێک بۆ پاشەکشەکردن و بە بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری کە لە ١٧ شوبات و دواتردا شەقامی بەشێک لە شارەکانی کوردستانی، تەنی بوو.

لەدرێژەی ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدا، بە تایبەتیش پارتی بە نیشاندانی سەرۆکی حکومەت بە وێنەی حەکیمی کردنەوەی گرێ کوێرەکان و دەستئاوەڵاکردنی تا بەوجۆرەی دەخوازێت پێگەی دەسەڵات بپارێزێ… کەوتە نانی هەنگاوی تر بە مەبەستی پاشەکشەکردن بە ئۆپۆزیسێۆن، لەو چوارچێوەیەدا بە جیا لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی دەسەڵات لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسێۆن و سازدانی کوبونەوەی نهێنی، دور لەچاوی کامیراو میدیاو خەڵکی کوردستان، بڕیاری یەکگرتنەوەی وەزارەتە لەیەک جیاکانی دەرکرد، هاوکات پرسی ئەنجومەنی دانوساندنی هەرێمی لەگەڵ بەغدا هێنایە ئارا کە ئۆپۆزیسێۆن دەمێک بوو بەدوایەوە بوو، ئێستاش لاری لە گێرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان نییە…ئەمە  ئەو هەنگاوانەن کە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت دەیەوێت لە ڕیگای بەدەستەوە گرتنیان، کارتەکانی گوشاری دەستی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر خۆی لاببات، بەم هەنگاوانەش دەیەوێت، خۆی وەکو هەڵگری هەنگاوەکانی چاکسازی و نیشان بدات و ئۆپۆزیسێۆن دەست بەتاڵ بهێڵێتەوە و بەرپرسیاریەتی دۆخی داهاتووی کوردستان و گرفتەکانیشی دابەشی سەر هەموو ‌هێزە سیاسیەکانی خانەوادەی بۆرژوازی بکات، بەئۆپۆزیسێۆنیشەوە.

ئامانجی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم لەم هەنگاوانەی نە وەڵامدانەوەیە بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان و نە ئەو بەڵێنانەش کەیەک بەدوای یەکدا بە ئۆپۆزیسیۆنی دەدەت، بۆ ئەوەیە بەکردەوە جێبەجێیان بکات، بەڵکە دەیەوێت کارتەکان لەدەست ئۆپۆزیسێۆن دەربهێنێ و بیانکاتە کاراکتەرێکی کارا بۆ زیندەبەچاڵکرنی داخوازیەکانی خەڵکی و پاشەکشەپێکردن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان، لە رێگای داننان بە پێگەی سیاسیان و بەشداری پێکردنیان لەپرسە سیاسیەکان و فەراهەمکردنی بەشێک لە داخوازییە حزبیەکانیاندا.

هاوکات پرسی گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و ملدانی دەسەڵات بەم خواستەی ئۆپۆزیسێۆن، سازشێکی ئاشکرای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە بۆ ڕێکەوتن لەسەر دەستورێکی کۆنەپەرستانەو داسەپاندنی بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئەو هەموارکردنەوەش کە لایەنەکانی ئۆپۆزیسێۆن مەبەستیانە، هیچ ناکۆکی و ناتەبایەکی ریشەیی لەگەڵ دیدی دەسەڵات بۆ دەستورەکە نییە و رەخنەی روکەشن، کە ناوەرۆک و ئەو پایە بنەڕەتیانەی دەستوری لەسەر بیناکراوە، ناکاتە ئامانج.  

 ئەمە لەکاتێکدایە، کێشەی بنەرەتی دەستور نەک لە بەندەکانیدا، یان لە زێدەڕۆی دەسەڵاتەکاندا، یان لەشێوەی داڕشتنیدا، یان لەکەمایەسیە یاساییەکانیدا، کە ئۆپۆزیسێۆن لەژێر ئەو ناوەوە خوازیاری گێرانەوەیەتی بۆ پەرلەمان، بەڵکە لە پایەترین ئاستی خۆیدا، دەستورێکە لەسەر بنەمای سرینەوەی ناسنامەی چینایەتی کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای دوخستنەوەی پێناسەی هاوڵاتی بوون بۆ تاکەکانی، وە لەسەر بنەمای دورخستنەوەی دەوری راستەوخۆی جەماوەر لەدەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبرنی کۆمەڵگادا، لەسەر بنەمای دژی ئازادی، بێمافی دارێژراوە.

رەخنەی باڵەکانی  ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی  زۆر لە دەستورەکە، کۆنەپەرستانەترن. رەخنەی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیا سێبەر و نووسەرانی سێبەری تا دەگات بە نووسەرو راویژکارەکانیان، لە رەخنە لەدەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم واوەتر ناڕوات، ئەوان رەخنەیان لەپایە سەرەکیەکانی دەستورەکە، رەخنەیان لەکۆنەپەرست بوونی دەستورەکە، رەخنەیان لە دژی ئازادی بوونی دەستورەکە و بنەمای بیمافیەکانی، رەخنەیان لەبەفەرمی نەناسینی چەمکی هاوڵاتی بوون، رەخنەیان لە دورخستنەوەی دەور و ئیرادەی سیاسی جەماوەر، رەخنەیان لە سەرچاوەگرتنی دەستور لەسەر پایەی ئیسلام… تاد، نییە. بەمەش جگە لە خواستی ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنیدا، شتێکی تریان نییە و بەم شێوەیە لە پێشوازی دەستورێکی کۆنەپەرستانەدا، لەبەرامبەر ئازادی و ماف و چەمکی هاوڵاتی بووندا، رۆڵی جەماوەر…وەستاون.

 رەخنانەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە پرۆژەی دەستوری هەرێم، زۆر لەدەستورەکە کۆنەپەرستانەترن.

پرۆژەی دەستوری هەرێم بەو هۆیەوە کە لەبنەرەتدا لەسەر سڕینەوەی ململانێی واقعی نێو کۆمەڵگا، لەسەر پایەی رەتکردنەوەی چەمکی هاووڵاتی بوون و دەوری ئازادانەی جەماوەر لە پرۆسەی سیاسیدا، وە لەسەر بناغەی و ببێمافی و ئازادی و ئازادی بیروباوەرو ڕۆژنامەگەری، دارێژراوە، بۆیە قابیلی هەموارکرنەوە یان چاکسازی نییە، ریفۆرم هەڵنەگرەو لە روانگەی چینی کرێکارو جەماوەری کوردستان و ئازادی و ئازادیخوازی و رۆژنامەگەری ئازاد و پێشکەوتنخوازی سەردەمدا، جێگای رەتکردنەوەی بێئەماو ئەگەرە. رێکەوتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن لەسەری هیچ لەماهیەتە کۆنەپەرستانەکەی دەستور ناگۆڕێت.

کۆتایی ئابی ٢٠١٢

 

  عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.