Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خەسارەتەكۆمەڵایەتییەكان و كاریگەری لەسەر توێژی زیندووی ناو كۆمەڵ!

خەسارەتەكۆمەڵایەتییەكان و كاریگەری لەسەر توێژی زیندووی ناو كۆمەڵ!

Closed
by September 4, 2012 گشتی

 

 

كۆمەڵی سەركەوتوو، كۆمەڵگایەكه، كەزانست لەودا قەتیس نەبێ و بەكردەوه دەربێ. هەر بەم پێیه ئەگەر شارۆمەندانی ناو كۆمەڵ زۆر زانستیانه و لەگەڵ ئەزموونەكانی مرۆڤی سەردەم باربێن و چۆنیەتی كەڵك وەرگرتن لەزانست و شێوازەكانی رِووبەرِوو بوونەوه لەگەڵ قەیران و هەوراز و نشێوەكانی ژیان بزانن و بتوانن زۆر زانستیانه و وشیارانه لەگەڵی مامەڵه بكەن، بێهیچ دوو دڵی و گومانێك، رِێرِەوی ژیان و تەنانەت خودی كۆمەڵگاش بەئاقارێكدا دەڕوات كەئاسۆی ژیانێكی ڕوون تێیدا بەتەواوی مانا بەدی دەكرێ!

بەچاوخشاندنێكی كورت بەسەر كۆمەڵگا و سەرجەم ئەو تەنگ و چەڵەمانەی كەبەرۆكی بەئینسان گرتووە و مرۆڤی بردووەتە بەردەم تاقیكردنەوەكان، بۆمان دەردەكەوێ، كەكەسایەتی مرۆڤ هەموو كاتێك بەپێی كاریگەری سێ گرووپی لەچەشنی بنەماڵه، هاوتەمەن، جیگاو شوێنی مانەوه بەتایبەتی قوتابخانه و شوێنه گشتیەكاندایه. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانەش سەرەتای فێربوون و بارهاتنی منداڵان لەباوك و دایك و دەوروبەریانەوه سەرچاوه دەگرێ، بەو مانایەی كەبەردی بناغەی یەكەمی كەسایەتی منداڵان لەژێر كاریگەری بنەماڵە دایە و هەر بەم پێیەش ژیانی سەرتایی ئەو شكڵ دەگرێ و گەشه دەستێنێ.

بەڵام بەهەمووی ئەوانەشەوه بەداخەوه ئەمڕۆكه سەرباری گەشەی كۆمەڵگا و ڕادەی ووشیاری كۆمەڵانی خەڵك و پێشكەوتنی زانست و پەروەرده و بارهێنان، دەكەوێته ئەستۆی ناوەندەكانی بارهێنان و لەوێشەوه سەرەتاییترین ئەركی بارهێنان پشتگوێ دەخرێ و توانایی و لێهاتووییەكان دەخرێنه پەراوێز و كوێر دەكرێنەوه.

ئەم پشتگوێ خستنانە كاردەكەنه سەر بازنەی فكری مرۆڤ و ئاسەوارەكەشی لەدرێژماوەدا دەبێته هۆی گرێ كوێرەیەك، كەمرۆڤ لەبەرامبەریدا سڵ دەكاتەوه و توانای ڕووبەڕووبوونەوه و ململانێی لەبەرامبەر كێشەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانی نابێت.

بەو مانایەی كەباوەڕبەخۆبوون هەر لەسەرەتای ژیانەوه لەناو زەین و مێشكی مرۆڤدا پەڕپەڕ دەكرێت و بواری گەشانەوه ناڕەخسێت و كاتیش بێ ئەوەی، كەبەخۆت بزانیت تێپەڕ دەبێت و ژیان ئەو بایەخه گرنگانەی نابێ كەمرۆڤ پێویستی پێیەتی.

ئەزموونی كۆمەڵناسان و دەروونناسان و لێكۆڵەوەران نیشانی دەدات، كەبۆچوونه سەرەوەی ڕادەی سەركەوتنی هەركۆمەڵێك، بارهێنانی دروست لەسەرەتای ژیانی مرۆڤ پێویسته و ئەمه ئەركێكه كەدەكەوێته سەرشانی دایك و باوك و لەقۆناغی دووەمیشدا ئەوه مامۆستایانی دەرەوەی ماڵن، كەڕەوتی ئەم ئەركه بەسەرئەنجام بگەیەنن. نابێ ئەوەش لەیاد بچێ كەگەشەو پێشكەوتنی هەر نەتەوه و چینێك وەك لەسەرەتادا باسی لێوەكرا بەنده بەڕاده و ئاستی پێشكەوتوویی و ئەمڕۆیی بوونی پەروەرده و فێركردنی ئەو نەتەوەیە هەرلەسەرەتای لەدایك بوونیەوه. گومان لەوەدا نییه كەئەگەر بێت و لەشێوازی نوێی فێركردن و پەروەردە كەڵك وەربگیرێ، بێگومان كۆمەڵگا، كۆمەڵگایەكی بێكێشه و پێشكەوتوو دەبێ. لەبەر ئەوەی، بارهێنانی دروست بەشێوازی زانستی كلیلی كردنەوەی دەرگایه بەرەو ڕووی داهاتوودا و ئەو دەرگایەش ئاسۆیەكی ڕوونه لەبەرامبەر بارهێنانی مرۆڤی هۆشیار و بەئەزموون. شێوەی پەروەرده و ڕاهێنانی سوننەتی باوی نەماوه و نابێ ئەمڕۆ لەكۆمەڵدا پەیڕه و بكرێ، چونكه ئەگەر سیستهمی پەروەرده گۆڕانی بەسەردا نەیەت كاریگەر نیگەتیڤی دەبێ لەسەر كۆمەڵگا و لەدرێژ ماوەدا خەسارێكی گەوره لەمرۆڤی سەردەم دەدات.

كاتێك كەتاك دەكەوێته ژێر گوشاری دەروونی و باوردۆخی نالەباری ژیان، ئەگەر بێت و زانیاری لەزانست و شێوەی بەكردەوه دەرهێنانی تواناییەكانی لەهەمبەر چارەسەركردنی كێشه و ململانییەكانی ژیانی نەبێ و یان لەكاتی خۆیدا چارەسەریان نەكات، ئەوا بێگومان لەدرێژماوەدا كارێگەری بەرچاو لەسەر جەسته و ڕۆحیدا بەجێ دێڵێ و كەسێكی بێ توانا و لەخۆنامۆ باردێنێ، كەئەمه وەك خەسارێكی گەوره هەم لەسەر مرۆڤ و هەم لەسەر كۆمەڵگا دێتەئەژمار.

مرۆڤ بەپێی سروشتی خۆی و بارودۆخی ئابووری و كولتووری لەوانەیه تاڕادەیەك تووشی لادان بێت و بەكردەوه لەكردارەكانی خۆی لابدات.

ئەم شێوه لادانانه تەنیا تایبەت بەچین و توێژێكی تایبەت لەكۆمەڵ نین و بگره هەموو چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵ دەگرێتەوه.كەهەمووی ئەمانەش سەرچاوەگرتووه لەدیارده كۆمەڵایەتییەكانی وەك تەڵاق، ڕووهێنان بەماددە سڕكەرەكان و هتدەوە…

بارهێنانی مرۆڤ و ڕاهێنانی لەسەر چۆنیەتی ژیان، كاتێك دەتوانێ وەڵامدەرەوەی پێویستیەكانی كۆمەڵگا بێت، كەلەژێر ڕۆڵ و كاریگەری كۆمەڵناسی و دەروونناسانی كۆمەڵایەتی و كولتووری بێت كەلەلایەن كەسانی بلیمەت و زانا و مامۆستایانی بەواقع خەمخۆر بەڕێوه بچێت.

مرۆڤ بوونەوەرێكی سەیر و سەمەرەیه.توانای هەموو شتێكی هەیه و هەر مرۆڤێكیش لەزاتی خۆیدا هەڵگری كۆمەڵێك خاڵی لاواز و بەهێزه كەلەهەر پێشهاتێكدا لەخۆی نیشانی دەدات، ئەگەر ئەم خاڵه بەهێزانه لەژێر ڕۆڵ و كاریگەریدابن بێگومان، خاڵەلاوازەكانیش لەناوخۆیدا دەتوێنێتەوه و دەیانكاته بڵقی سەرئاو.

لەوەها دۆخێكدایه كەوەرچەرخانێكی گرنگی فەرهەنگی بەسەر كۆمەڵگادا دێت و كۆمەڵ هەنگاو بەهەنگاو بەره و گەشەسەندن دەڕوات و دەسەڵات و بەڕێوەبەری كۆمەڵ دەكەوێته ژێر چنگی كۆمەڵێكی زۆر لەمرۆڤه بلیمەتەكان و خاوەن بیری پێشكەوتنخواز.

بێگومان لەوەها كۆمەڵێكیشدا تاك كەسێتی خۆی لەدەست نادات و زۆر بەرپرسانه هەنگاو بۆ كۆمەڵگایەكی خاوەن ئەزموون هەڵدەگرێ و ڕێگاش بۆ نەوەكانی دوا ڕۆژی خۆی خۆش دەكات و لەخۆنامۆبوونیش جێگای خۆی دەدات بەباوەڕبەخۆبوون و خەسارەكۆمەڵایەتییەكان باویان نامێنی و مرۆڤ دەتوانێ تا ئاستی خۆشبەختی خۆی بەرەو لوتكەی ڕزگاری هەنگاو بنێ.

ن: عەزیز ئاجیكەند

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.