Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کورتە نامە ١ ….. دڵسۆز حەمە

کورتە نامە ١ ….. دڵسۆز حەمە

Closed
by January 4, 2012 ئەدەب

Sms 1
دڵیشم هەروەک ماڵەکەم
هەر هەموی لە ئاوێنەیە
لەم دونیا مڕومۆچەدا
بۆیە ،کەم کەس ڕوودەکاتە ماڵم
بە دەگمەنیش  یەکێکیان
لە دڵما دەمێنێتەوە .

٢
هیچم نامەوەێ
یەک کەم میهرەبانی و
شەقامێک
کە تەنهاییم دڵتەنگ  دەبێ
نائومێدی وونی دەکات
سەرخۆش دەبێ
 بتوانێت  بێتەوە لای تۆ .

٣
با لە (مەریەم) دەست لێنەدراوتر بم و
دڵم لە ڕەنی ڕوونتر بێ و
لە جوا نی گەلێ جوانتر بم
کێ دەمهێنێ ؟
لە زێدی پاتریارکە غەمگینەکان
پاتریارکە بچکۆلەکان
کێ دەمخوازێ ؟
کێ لەم هەمو منداڵەی من
ماڵەکەی خۆی پڕدەکات
کە هەریەکەی لە خەیاڵێکە و
لە گومانێکە و
لە ئازارێکەو
سەفەرەکان  بەخشیونی پێم ؟!

٤
زێدێکم داگیرناکرێم
ئاوێکم ڕانەوەستاو
ڕۆحێکم غەریب ….غەریب و
وەکە هەور لە سەفەردایە وجودم .

٥
ئەو درەختەی بەر پەنجەرەکەم
لە تۆ میهرەبانترە  بۆم
زۆرجاران سەرنجم دەگرێتە باوەش
ڕایدەژەنێ  تەنهاییم .

٦
بەوەی نیە تەنورەی تاپشتی ئەژنۆ بەردەکەم و
چاو دەڕێژم و
عەتری پاریسی  لە خۆم دەدەم و
پایتەختەکانی دونیا گەڕاوم و
بە چوار زمانی بێگانە  قسان دەکەم
لە ژنێکی عەسری دەچم،
من کلاستکیم لە عەشقدا و
دەروێشانە  بە ئازارما دەشکێمەوە و
ئامادەم
هەمو عومرم بەوچاوانەی تۆ ببەخشم و
بمرم بۆی .

٧
بەقەد گەشی و جوانی چاوم
بەختم ،ڕەش وناشرین و وێرانەیە
دەنا چۆن تەنهایی دەیتوانی بێتە ماڵم و
ئاوا لە خۆییم مارە  کات .

٨
لەوەش درزبروترم  کە خەیاڵی شکان دەیزانێ
هەر هەمو ڕۆحم پینەیە
لەوەش تاک و تەنها وغەریبترم
کە حیکایەتی جێهێشتن دەیگێڕێتەوە
نە ووڵاتم هەیە ووڵات
نە پیاوێکیش
کۆی کاتەوە پارچەکانم .

٩
خۆشت بکوژی
ئیدی نامەت  بۆ نانوسم
جگە لە تۆ
دوو عاشقی ترم هەیە
دوو ماڵی تر
دوو پەنجەرەو
دوو ئازاری  گیانی بە گیانی
کە قەت لێم جوێ نابنەوە
جێم ناهێڵن …..
شیعر و تەنهایی .

١٠
لەگەڵ ئازادردا ڕاهاتوم
لەگەڵ خراپەی دیوار و
خیانەتی  پەنجەرەکان
سنگم لێوانی گومانەو
دڵم لە جێگای خۆی نیە
وەکو ئاوارەکانی کەرکوک
هەر پارچەی لە کەنارێکە .

١١
مەیەرە تەنهاییمەوە
بە ئازارما سەفەر مەکە
وەک ڕەشەبا بێڕەگ و ڕیشە و ووڵاتم
وەکو دڵۆپەکانی  باران
لەسەفەردایە تەنهاییم .

١٢
تۆ بیانویەک بویت
تا سبەینان چاو بڕێژم
جوانترین جل  لەبەر کەم و
خۆشترین  بۆن بەم لە پرچم و
گەشترین خەیاڵ لەگەڵ خۆمدا بگێڕم

١٣
سەردەمی کورتە نامەیە
نامە ئەلەکترۆنیەکان
بۆیە پەیوەندیەکانیش
تەنک وکورت و
بێڕەنگن
وەک کارەبای ئەم دەڤەرە
دەکوژێتەوەو دادەگیرسێ
سوتانی بەردەوام نیە .

١٤
لە دڵی دارستانێک زۆر زیاتر
ئارەزوی  سەوزی و باران ودەستە زۆر نەرمەکانی
هەتاو دەکەم
لە ڕوبار خۆی تەڕو تیژ وزیندوترە
خەیاڵی دەمارەکانم
وەلێ ،،
سەر بە نەژادی توڕەییم
سەر بە مێژوی بەردو سەحراو
ماڵێکی پڕ لە تاریکی  و
هەتاوێکی لە پێکەوتو ،
لە گوناهدایە قاچەکانی خۆشەویستی
لە خوێندایە خەیاڵی پێکگەشتنی
دەف وقۆچەکان
ئیدی  لە کوێدا سەوز بێت دڵم
بە کوێدا جۆگە لێدات  ژنێتیم ؟!

١٥
تا تۆ هاتی
بە غەریبی کوناوردە بو هەناسەم و
بە خاچی غەریبیەوە خوێنم لێدێت
چەند درەنگ هاتی ڕۆحەکەم
هەتا ماوم خۆش  نابم لێت .

١٦
لەوانە نیم بە حیکایەت مردنی خۆم
دوور خەمەوە
بەڵکو مردن خۆی تکام لێدەکات
کە خۆم نەکوژم
ئەو تەنها دەمێنێتەوە
١٧
لەو ڕۆژەوەی چاوەڕوانیم لە خۆدا کوشت
تەماداری خۆشەویستی هیچ پیاوێک نیم
ژیانم گەش و گوڵدار و ڕەنگینترە
بەڵام هیچ بۆنێکی خۆشی نیە .

١٨
تەنهاییم نیشتمانمە
تا زیاتر دەچەوسێمەوە
بەرزتر دەفڕێ مەلەکانی ڕوانینم
قوڵتر دەبێت ئازارم  و
شکۆدارتر دەبێت باخچەکانی  ژنێتیم .

١٩
خۆزیا ، کاشکی
لە موبەقێکی  بچوک و لاتەریکدا
جێگای دەبۆوە ڕۆحم و
دەنیشتەوە  شپرزەییم
بە هەستی خۆم  …بریندارم
بە خەیاڵم …وێران بوە ئارامیم
بە هۆشیاریم ….شەهید بووم و لێبومەوە .

٢٠
لەگەڵ تۆدا نازانم 
یاری بە ئاو دەکەم  یان بە ئاگر
بخنکێم و بسوتێم …هەریەکێکە  ڕۆحەکەم.

٢١
شەیدای ووشەم
دەمرم بۆ زرنگەی ڕستەیەکی گەرم وعاشق وپر ژیان
چاوم لە پەنجەرەی ئەو کۆشکانەیە
لە خەیاڵدان و
زەمینیان لە ڕۆحدایە .
سەد حەیف ،
لە بونێکی کەڕ ولاڵ وبێزمان و
بێسەوادە   بونی من
بونێکی پێکراو
سەر بە هەیاهۆی شەڕگە و بازاڕ و کۆڵانە سیلدارەکان
ئەو کۆڵانەی ‘
ئەو بازاڕەی’
ئەوشەڕگەیەی’
بەردەوام دەنگێکی زبر بە ناوی دۆزەخەوە
بە منداڵیماندا دەگەڕێ و
بەردەوام  هەڕەشەدەکا وپێمان دەڵی : ووس بن .

٢٠١٠ ئەیلول

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.