Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کۆبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم قونسڵییەی ئەمریکا  لەشاری تۆرۆنتۆی کەنەدا

کۆبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم قونسڵییەی ئەمریکا لەشاری تۆرۆنتۆی کەنەدا

Closed
by April 27, 2011 گشتی

کۆبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم قونسڵییەی ئەمریکا  لەشاری تۆرۆنتۆی کەنەدا
دژ بە بەسەربازگە کردنی شارەکانی کوردستان

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 25ی نیسانی 2011  ، ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان،  بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازانی ڕەوەندی کوردستانی، سەرەڕای بارانێکی زۆر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم قونسڵییەی ئەمریکا لە شاری تۆرۆنتۆ سازدا،سەرەتا  ووتەبێژی ئەنجومەن جوتیار موحەمەد باسی لە گرنگی ئەم کۆبوونەوەیەی بۆ ئامادەبوان کرد، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان هەوڵەکانی دەسەڵاتیان لە کوردستان بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکان و کردنی شارەکانی کوردستان بە سەربازگە مەحکوم کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی کوردستان دوپات کردەوە، هەروەها نارەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر حکومەتی ئەمریکا دەربڕی کە ئەوان ئەرکی مەشقی هێزە ملیشیاییەکانی یەکێتی و پارتی بەڕێوە دەبەن، ئەو ملیشیایانەش لە کوردستان خەریکی کوشتن، ڕاونان، زیندانیکردن و سەرکوتی جەماوەری ئاشتیخوازو ناڕازی کوردستانن.
 هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەی ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ تایبەت بە بەسەربازگەکردنی شارەکانی کوردستان  لە لایەن سامان سەعید خوێنرایەوە، کەژاڵ حەمە ڕەشید وەک ڕۆژنامەنووسێک، بابەتێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر پێشێلکاریەکانی دەسەڵات لەبەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، میدیاکاران، ڕۆشنبیران و نوسەران خوێندەوە، عادل ئەحمەد ووتەیەکی بۆ ئامادە بوان باس کرد، ئەمەو لە دووتوێ ی کۆبوونەوەکەدا چەندین شیعار لە لایەن ئامادەبووانەوە  دژ بە دەسەڵات و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان دەووترانەوە. بڕیاریشە ئەنجومەنەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕیگای قونسوڵیەوە نامەیەک بگەیەنێت بە حکومەتی ئەمریکا.

ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
25ی نیسانی2011
لەم لینکە دەتوانن ڕیپۆرتاژی ڤیدیۆیی ببینن
http://www.youtube.com/watch?v=Ba_I4qTapF0

ده‌قی وتاری ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان

بە سەربازگەکردنی شارەکانی کوردستان ناتوانێت دەنگی ناڕازی شەقام سەرکوت بکات
  چەند ڕۆژێکە دەسەڵات هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەلکی کوردستان بردۆتە قۆناغێکی ترەوە، قۆناغی هێرشی سەراسەری، بێدەنگ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی جەماوەر بە زەبری چەک و زیندان. شەقام و شوێنی کار، زانکۆ و بازاڕ، تەناتەت ماڵ و شوێنی نیشتەجێ ی هەڵسوڕاوانی فیکر و سیاسەتی ناڕازی لەدەسەڵات سەلامەت نەبوون لە تیرۆر و تۆقاندنی هێزە چەکدارە گوێڕایەڵەکانی حیزب. دەسەڵات لە کوردستان لە بری وەڵامدانەوە بە داخوازیە ڕەواکانی جەماوەر، لە بری گوێ گرتن لە شەپۆلی ریزی هەزارن کەسی، لە بری دەرس وەرگرتن لە تاقی کردنەوەی ووڵاتانی تونس و میسر، دەیەوێت نموونەکی تری  قەزافی  بێت.
لەدوای ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری 1991 پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو کایەکانی سیاسەت، ڕۆشنبیری، ڕاگەیاندن ، بازاڕ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، خۆێندن و دارایی …. یان بەزەبری چەک قۆرخ و دابەش کردووە. شەری ناوخۆ ئەم قۆرخکردن و دابەشکردنەی گەیاند بە ئەوپەڕی، بە جۆرێکی ئەوتۆ کە هێچ بوارێکی بۆ بەخۆداچوونەوەو چاکسازی نەهێشتۆتەوە.دەسەڵاتی ملیشیایی و بەش بەشی حیزبەکان بە چەک خۆی سەپاندووە و بە چەکیش بەردەوامی بە مانەوەی خۆی دەدات، بەڵام لەجەرگەی شەڕی حیزبەکان و لە ناو دوکەڵی باروت و تەپوتۆزی گوللە تۆپەکانەوە هەموو کاتێک جەماوەری ناڕازی کوردستان ئاسۆ و ئومێدێکیان هەبووە، ئاسۆی بەرپەرچدانەوەی ئەو واقیعە تاڵە و ئومێد بە ژیانێکی باشتر.
 ئێستا بەرەی ئەم جەماوەرە ناڕازیەتیە فراوان بۆتەوە، سەردەمی ڕەونەقی حیزبی ملیشیایی نەماوە کە هەر خڕەی ڕاکێشانی کلاشینکۆف و گرمەی راجیمەی دەبیسترا. ئێستا سەردەمی سۆنامی شەقامە، دەنگی شەقام دلێرە، شەقام بۆتە مەکۆی کچ و کوڕی گەنجی زانکۆ بۆ بەدیهێنانی دواڕۆژێکی مانادار، شەقام بۆتە مەکۆی ئەو مامە پیرە کرێکارەی فیکە دژی دەسەڵاتی درۆ و دۆلار ئەکێشێ بۆ زیادکردنی ڕۆژانەکەی، شەقام بۆتە مەکۆی ڕۆشنبیری ئازاد بۆ شکاندنی سانسۆری دەسەڵات و بیری تەسکی حیزبەکان، شەقام بۆتە بەرماڵی موسڵمان بۆ نوێژی هەینی، شەقام بۆتە مەکۆی ژنانی ئازا بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسان. شەقامی نوێ و ئەزموونی کۆن ، ئەمەیە جەوهەری قەیرانی سیاسی دەسەڵاتی کوردی. بن عەلی، موبارەک، قەزافی، بارزانی و تاڵەبانی دەیانەوێت دەست بەکۆنەوە بگرن و شەقامیش تازەگەری دەوێت، سنوری توانای جێگیرکردنی تازەگەریش پەیوەستە بە هێزی شەقامەوە، هەرچەندە هێزی شەقام گەورەتر، فراوانتر و سەراسەری تر بێت، سنوری تازەگەری و دەستکەوتەکانیشی فراوانتر دەبن.
خوشکان و برایانی ناڕازی، شوباتیەکانی کوردستان،
 ئەنجونەی کاتی تۆرۆنتۆ، هاوشانی هەموو دەستەو ڕێکخراوەکانی لایەنگری ماف و ئازادیەکانی جەماوەر لە ناو ڕەوەندی کوردستانی  دەرەوەی ووڵات هاوخەبات و پشتیوانی ئێوەیە لەم خەباتەدا، پشتیوانتانە بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەڵات و کۆتایهێنان بە سەپاندنی هەلومەرجی سەربازی بەسەرشارەکاندا،  هاوسەنگەرتانە بۆ بەدیهێنانی یەکەبەیەکەی داوا ڕەواکانتان، ئێمە هەوڵ دەدەین دەنگی ئێوە لە ئاستی جیهانیدا ببیسترێت، ناوەندە جیهانیەکان لە ملهوری دەسەڵات و هێرشی چەکاداری ئەوان ئاگادار بکەینەوە، پشتیوانی ئازادیخوازانی دنیا بۆ بزووتنەوە ڕەواکەتان پەیدا بکەین،  کلیلی سەرکەوتن لا ئێوەیە، ئێمە بانگەوازتان دەکەین بۆ کۆکردنەوە وسەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێز، هەرئێستا پێویستە توانای و لێهاتویی یەکانتان ڕێکبخەنەوە.
پایەداربێت خەباتی نوێ
گەشاوە بێت ئاسۆی نوێ
ئەنجومەنی کاتی تۆرۆنتۆ بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان
25ی نیسانی 2011
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.