گفتوگۆ لەگەڵ پ.د.نیان نوشیروان مه‌ستی
– به‌گشتی بیركردنه‌وه‌ی كورد سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه چۆنه، واته ڕه‌خنه لای كورد چییه؟ گه‌ر سه‌رنجی بیری كورد بده‌ین، تا چه‌ند هه‌ست به دید و ڕوانین و هاندان ده‌كرێت بۆ ڕه‌خنه‌گرتن و پرسیار كردن؟
وه‌ڵام: گه‌ر ڕه‌خنه به‌مانا زانستیه‌كه‌ی بریتی بێت له توێكاری ده‌ق له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه، ئه‌وا لای ئێمه به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتیه له ده‌رخستنی ده‌ق له رووی سیاقه‌وه….واته ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌خنه له‌لای كورد خۆی به ورده‌كارییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق سه‌رقاڵ ده‌كات ، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی پێكهاته‌كانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق نابێت.
ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ی ڕه‌خنه لای ئێمه تا ڕاده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر خۆی له بۆچوونه ترادیشنه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. دیاره ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه، له‌وانه هه‌تا ئێستا وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ ده‌زگا وپرنسپه ڕه‌خنه‌ییه نوێیه‌كاندا زۆر لاوازه، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ تازه‌گه‌ری ڕه‌خنه‌دا له‌جۆری دژایه‌تیه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد له‌نێو زه‌مه‌ن دا جووڵه‌مان بۆ تێگه‌یشتنی شته‌كان زۆر به‌خاوی بڕوات، كه بێگومان ئه‌مه كاریگه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر تێگه‌یشتنه‌كانی ئاینده. له‌لایه‌كی تره‌وه ڕه‌خنه لای ئێمه به‌شێوه گشتیه‌كه‌ی ، بریتی یه له داپڵۆسینی ده‌ق گه‌ر په‌یوه‌ندی ڕه‌خنه‌گر له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌ق له گرژیدا بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه بریتی یه له ستایشی ده‌ق وخاوه‌نه‌كه‌ی، كه ئه‌مه زۆر دوورمان ده‌خاته‌وه له ڕاستیه‌كانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق، یان دوورمان ده‌خاته‌وه له ده‌ست نیشان كردنی هێزی ده‌ق ولاوازی ده‌ق به شێوه بابه‌تیبوونه‌كه‌ی بۆیه ڕه‌خنه یاری كردن نیه به پیرۆزی ده‌ق . ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌گریش مه‌رجی خۆیان هه‌یه. بۆ نموونه ڕه‌خنه‌گر پێویسته له گۆشه نیگای سروشتێكه‌وه له دایك بێت وكاره‌كه زۆره ملێیی تێدا نه‌بێت ، به‌شێك له‌م سروشته‌ش بریتیه له زیره‌كیه‌كی خۆڕسكی یان خێرای له ده‌ربڕینه‌كاندا یان هه‌ست كردن به‌شته جوان وناشرینه‌كان.
له هه‌مان كاتدا ڕه‌خنه‌گر پێویسته شه‌رمن نه‌بێت و توانای بوێری هه‌بێت ، به‌مه‌ش ڕه‌خنه‌گر پێویسته خاوه‌ن كه‌سێتیه‌كی مه‌عریفی ومێژوویی ونووسینی به‌هێز بێت ، لێره‌شه‌وه ئه‌م ڕه‌خنه‌گره پێویسته ڕۆژانه وه‌ك كارێكی پسپۆڕی ورد سه‌رقاڵی گه‌ڕان بێت به‌دوای زانیاریه نوێیه‌كانی ڕه‌خنه وخۆی تازه بكاته‌وه تا به‌ر ژه‌نگ لێدانی زه‌مه‌ن نه‌كه‌وێت و له پرۆسه‌ی ڕه‌خنه دوانه‌كه‌وێت ، كه ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لای ئێمه لاوازه ، گه‌ر به‌راووردیان بكه‌ین له‌گه‌ڵ جیهانی ڕه‌خنه‌ی سه‌رده‌م.
– كه‌لتووری كورد تا چه‌ند كه‌لتوورێكی ڕه‌خنه به‌ره‌هه‌مهێنه‌ره؟ واته ئایا له‌ناو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری كورددا ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گر چۆن لێیده‌ڕوانرێت؟ پێتوایه ئێمه‌ی كورد ترس له ڕه‌خنه به‌شێكبێت له فه‌رهه‌نگ و ژیانمان؟
وه‌ڵام: گه‌ر ئێمه‌ی كورد ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی فیكری كوردییه‌وه خاوه‌ن ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ر بوینایه ئه‌وا زه‌مه‌ن به‌وشێوه‌یه‌ی كه مێژوو باسی لێوه ده‌كات نه‌یده‌شكاندینه‌وه وپه‌رت په‌رت نه‌ده‌بووین . ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئێمه به‌ڕه‌خنه ده‌ستمان نه‌كردبێت به بونیادی كه‌سێتی فیكری یان سیاسی خۆمان ، به‌ڵكو كار‌و پیشه‌ی ڕه‌خنه زۆر له‌دوای ئه‌مانه‌وه‌یه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ، ڕه‌خنه لای ئێمه زۆر دواكه‌وت به به‌راوورد له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه به نموونه‌ی یۆنان و ڕۆمان وعه‌ره‌ب..له لایه‌كی تریشه‌وه فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ، ڕاهێنانی له‌سه‌ر شته عه‌قڵی و مه‌عریفیه‌كان نه‌كردووه به پێچه‌وانه‌وه باره سۆزدارییه‌كان ته‌واو گه‌مارۆی وێنه‌و شته‌كانی دابوو .له هه‌مان كاتیش‌دا ، به‌هۆی نه‌بوونی ڕۆشنبیرییه‌كی گونجاو ، بۆشاییه‌كی گه‌وره یان درزێكی به‌رفراوان كه‌وتبووه نێوان ده‌ق و ده‌سه‌ڵات ، یان نێوان ده‌ق و خه‌ڵكی، لێره‌دا هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی ڕۆشنبیری له نێوانیاندا ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو یان ئه‌مه‌یه كه تێگه‌یشتن بۆ ده‌قه كلاسیكیه‌كان به نموونه‌ی”نالی” و “سالم “و” كوردی” و” محوی ” لاوازه به‌ڵكو زۆریش لاوازه .ئه‌مه‌ش ڕامان ده‌كێشێت بۆ سه‌رنجێك كه كلتوری كوردی حه‌زی به ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه گرتن نه‌بێت ، به‌و پێیه‌ی كاری ڕه‌خنه بریتیه له ده‌رخستنی زانیاری و كه‌م و كوڕی و هه‌ڵه‌و ، له هه‌مان كاتیش‌دا به ده‌رخستنی لایه‌نه جوانه‌كانی ده‌ق . به مانایه‌كی ڕوونتر ، كلتوور‌و فه‌رهه‌نگی كوردی فێری ئه‌وه‌مان ده‌كات شته‌كان له دووره‌وه سه‌یر بكه‌ین و ڕێگه نه‌درێت سنووره‌كان ببه‌زێنن تا نه‌توانین دیارده‌و گوتار‌و هه‌ڵوێسته و بۆچوونه‌كانمان ده‌ست نیشان بكه‌ین كه بێگومان ئه‌مه له قازانجی كلتووره‌كه‌دا نیه.
– ئێستای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ پێتوایه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان له چ ئاستێكدا بێت؟
وه‌ڵام: ئه‌مڕۆ هه‌وڵێك هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن ونزیك بوونه‌وه له ڕه‌خنه. زۆربه‌ی كاره ڕه‌خنه‌ییه‌كانمان خۆی له چوارچێوه‌ی تیوریدا ده‌بینێته‌وه كه ئه‌مه مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر تێگه‌یشتنه‌كان دروست ده‌كات ئه‌ویش به‌وه‌ی ده‌قه‌كانمان بێ پراكتیك ده‌مێنێته‌وه و سوود له تیوره‌كان نابینن. تیوریش له پێناو پراكتیكدا له دایك بووه ..هه‌ندێ جاریش گه‌ر تیوره‌كان به پراكتیكه‌وه ئه‌نجام درابێت ئه‌وا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه كاره‌كه له پراكتیكه‌كه‌دا لاوازه‌و به‌لای تیوره‌كه‌دا ناچێت به‌تایبه‌تی ئه‌م دیارده‌یه له نامه‌ی ماسته‌ر و دكتوراكاندا زیاتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تێگه‌یشتنه‌كانمان بۆ تیوره‌كان لاوازه‌و وه‌ك پێویست نیه، یان ئه‌وه‌تا خوێندنه‌وه‌مان بۆ ده‌قه‌كان هاوشێوه‌ی تیۆره‌كان نیه…له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌وڵێكی زۆر جدی هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن و نزیك بوونه‌وه‌ی تیورو پراكتیك به‌ڵام ڕێژه‌ی ئه‌م خانه‌یه دیاریكراوه .
– ئه‌و هۆكارانه چین واده‌كه‌ن ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان پێشنه‌كه‌وێت؟ چیبكرێت بۆ پێشخستنی؟
وه‌ڵام:هۆكاری لاوازی یان پێش نه‌كه‌وتن زۆرن، له‌وانه:
یه‌كه‌م :-
نه‌بوونی ڕۆشنبیریه‌كی به‌ربڵاو و فراوان ، ڕه‌خنه‌گر جگه له زمانی دایك ، پێویسته ئاگاداری زمانه‌كانی تربێت به تایبه‌تی ئه‌و زمانانه‌ی كه له ڕووی مه‌عریفی وڕۆشنبیریه‌وه زۆر بزوێن و توانای خوڵقاندنی ده‌زگا ڕۆشنبیریه‌كانیان هه‌یه به نموونه‌ی زمانی ئینگلیزی یان عه‌ره‌بی یان فارسی .
وه‌رگێڕان له زۆر حاڵه‌تدا كاره‌ساتی تێنه‌گه‌یشتن دروست ده‌كات . ڕاسته وه‌رگێڕان نزیكمان ده‌خاته‌وه له سروشتی ده‌قه‌كه به‌ڵام ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و ده‌قه له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه ئه‌نجام نادرێت .
دووه‌م:-
نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی پسپۆڕ:
له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه دابه‌ش بووه بۆ كاری پسپۆڕایه‌تی وه‌ك شیعر ودراما وچیرۆك و شانۆگه‌ری و ئه‌ده‌بی مناڵان . له نێو ئه‌مانه‌شدا پێویسته ده‌ست نیشانی قۆناغه زه‌مه‌نیه‌كان بكرێت.
بۆ نموونه له ئه‌وروپا ڕه‌خنه‌گر هه‌یه ته‌نها پسپۆڕه له ئه‌ده‌بیاتی شكسپیر ، یان ڕێبازی سوریالی ..به‌ڵام لای ئێمه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌م هه‌ست و بازنه‌یه به‌دی ناكرێت و ڕه‌خنه‌گرانمان خۆیان له زۆر بواری زه‌مه‌ن و قۆناغ و چه‌مكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری و فه‌رهه‌نگی ده‌بیننه‌وه!
سێهه‌م:-
شێوازی ڕه‌خنه:
ڕه‌خنه پێویسته دروست كه‌ر بێت نه‌ك تێكده‌ر ، یان ڕه‌خنه‌گر پێویسته زۆر بابه‌تی بێت له‌كاری ڕه‌خنه‌كه‌یدا ، به‌ڵام لای ئێمه له‌لایه‌كه‌وه ڕه‌خنه‌كانمان گێڕانه‌وه‌ی ده‌قه‌كانه و ڕه‌خنه‌گر به‌شێواز وده‌ربڕینێكی جیاواز كاره‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌دات به‌بێ ئه‌وه‌ی نزیك بێته‌وه له تیوره ڕه‌خنه‌ییه‌كان.. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ، كاری ڕه‌خنه‌كانمان له زۆر حاڵه‌تدا پشت به چه‌ندین ڕێبازی ڕه‌خنه‌یی ده‌به‌ستێت كه ئه‌مڕۆ پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر بونیادێكی ڕه‌خنه‌یی دیاریكراو بكرێت و كاره‌كه له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌یه ئه‌نجام بدرێت . بۆ نموونه ، ڕه‌خنه‌گر پێویسته له‌پێشه‌كی كاره‌كه‌یدا ئاماژه به جۆری ڕه‌خنه‌كه بدات تا بزانرێت ئه‌و جۆره چه‌ند ده‌توانێت زانیاری له‌سه‌ر ده‌قه‌كه كۆبكاته‌وه .واته گه‌ر بمانه‌وێت له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی” گۆڵدمان “یان “گریماس” یان “جیرارجینێت”ئیش بكه‌ین ئه‌وا ده‌قه‌كان پێویسته بخرێنه نێو ئه‌م بۆچوونانه‌وه !
خۆ ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه كاریان كرد ئه‌وا ڕه‌خنه‌كه ته‌ندروست ده‌رناچێت و دوورده‌كه‌وێته‌وه له زانستی ڕه‌خنه. به مانایه‌كی تر ، دایه‌لۆگێك گه‌ر دروست نه‌بوو له نێوان ڕه‌خنه‌گرو ڕه‌خنه ئه‌وا ئێمه ناتوانین ده‌ست نیشانی ورده‌كارییه‌كانی ده‌ق بكه‌ین له ڕووی هونه‌ری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری ..بۆ نموونه له لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ مامۆستای به‌ڕێزم “پ.د.ڤاهر” به‌نێوی ((سیمیائیه الاصوات فی النص الشعری)) هه‌وڵمان داوه كه ڕاستی و ناڕاستی حاڵه‌ته ده‌رونیه‌كه‌ی “گۆران” و “نازك الملائكه” ده‌ربخه‌ین . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌ڕاوین به‌دوای خه‌سڵه‌ت و كارنامه‌ی ئه‌و پیتانه‌ی كه له ده‌قه‌كاندا هاتووه تا بزانین ئایا ئه‌و پیتانه چه‌ند یه‌ك ده‌گرنه‌وه له‌گه‌ڵ مانا گشتیه‌كه‌ی هه‌ردوو شاعیر ..له شیعری پاییزه‌كه‌ی “گۆران”دا گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه شاعیر ڕاستگۆیانه كاره‌كه‌ی ئه‌نجام داوه ئه‌ویش به‌هۆی نزیكایه‌تی و دراوسێیه‌تی پیته‌كان و مانا گشتیه‌كه‌ی ده‌قه‌كه. ((بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه سردم العربی ژماره) (28 ایلول:ع:13 :2011 )) .
– ئه‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌نێوان ئه‌دیبان و ڕه‌خنه‌گرانماندایه نه‌بووه‌ته هۆكاریی نازانستی كاركردنی ڕه‌خنه‌گر، یان ڕاستگۆیی ڕه‌خنه‌گرو زوویربوونی ئه‌دیبان؟(به‌گشتی مجامه‌له و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی گرفتێك نیه له‌به‌رده‌م پێشخستنی ڕه‌خنه، گه‌ر نمونه‌ت لایه ته‌نیا ئاماژه‌ی پێبكه بێ ناوه‌ێنان؟
وه‌ڵام: له ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بناغه سۆزدارییه‌كه‌مان هۆكارێكه بۆ له بارچوونی پرۆسه‌ی ڕه‌خنه . پێچه‌وانه‌كه‌شی دیسانه‌وه ڕاسته . واته هاوڕێیه‌تی یان ناسیاوی له‌نێوان ڕه‌خنه‌گر و خاوه‌ن ده‌قدا كاره‌كه به‌ره‌و پیاهه‌ڵدان ده‌بات ، به‌پێچه‌وانه‌وه، واته گه‌ر گرژییه‌ك هه‌بێت له نێوانیاندا ئه‌وا كاره‌كه به‌ره‌و داشۆرین ده‌چێت ، یان ئه‌وه‌تا كاری ئایدیۆلۆژیا و په‌یوه‌ستی ڕه‌خنه‌گر و خاوه‌ن ده‌ق به‌یه‌ك ئایدیاوه هۆكارێكه بۆ ستایشی ده‌ق و خاوه‌نه‌كه‌ی . به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ر جیاوازی به‌دی كرا ئه‌وا كاره‌كه به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی جیاواز ده‌چێت . هه‌موو ئه‌و حاڵتانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ڕه‌خنه لای ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بابه‌تی نه‌بێت و خودی بێت ، ڕه‌خنه‌گر چۆنی ویست به‌و شێوه‌یه كارده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی یاسا‌و ڕێساكانی ڕه‌خنه بێت . جارێكی تر پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مه‌رج و خه‌سڵه‌ته‌كانی ڕه‌خنه‌گر كه پێویسته ڕاستگۆ و بابه‌تی و بوێر بێت و سڵ له شته‌كان نه‌كاته‌وه و پارێزگاری له پێناسه و شوناسی ڕه‌خنه‌گرو ڕه‌خنه بگرێت و نه‌كه‌وێته داوی داواكاریه‌كان .
– پێتوایه ڕه‌خنه‌گرانی كورد له‌ناو زانكۆكاندان یان له‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ؟ به‌واتایه‌كی تر ئایا زانكۆ ڕه‌خنه‌گری به‌رهه‌مهێناوه؟ پێتوایه زانكۆ نه‌یتوانیوه ڕه‌خنه به‌مانا زانستیه‌كه‌ی دروستبكات؟
وه‌ڵام:
به داخه‌وه ئه‌مڕۆ هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه زانكۆ له جیاتی ئه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندێكی مه‌عریفی یان زانستی یان ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیری بێت ، بۆته مه‌ڵبه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندییه میتریالیزمه‌كان و زیاتر خۆی له گه‌مه‌ی بازرگانیدا ده‌بینێته‌وه! به مانایه‌كی روونتر ، گه‌ر زانكۆكانی جیهان به نموونه‌ی زانكۆكانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا‌و ئه‌مریكا سه‌رقاڵی دروست كردنی ژماره‌یه‌كی پێشه‌نگ بن ، ئه‌وا لای ئێمه كیرڤه‌كان به‌ره‌و داشكان ده‌چێت . زانكۆ نه‌ك پێویسته ژماره پێشه‌نگه‌كان دروست بكات به‌ڵكو له‌هه‌مان كاتدا پێویسته كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و ڕه‌خنه‌گریش له بواره جیاجیاكاندا دروست بكات وه‌ك ئه‌ده‌ب و زمان و ڕاگه‌یاندن و ئابووری و ژماره و ماتماتیك و مێژوو…هتد ! هه‌ر بۆ نموونه ، زانكۆ چۆن بتوانێت ڕه‌خنه‌گر دروست بكات له كاتێكدا خوێنكار به‌خواست و ئاره‌زووی خۆی به‌ش دیاری نه‌كات یان ژماره‌ی خوێندكار له ژوور ژماره‌یه‌كی گونجاوه‌وه بێت یان ئاستی مامۆستاكانی وه‌ك پێویست نه‌بێت یان زانكۆكان بچوك بكه‌یته‌وه و دابه‌شیان بكه‌یت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌كاندا . ئه‌مانه هیچ كات ناتوانن كه‌سێكی پرۆفیشناڵ دروست بكه‌ن .خۆ ئه‌گه‌ر دروستیش بووبێت ئه‌وا حه‌زو ئاره‌زووی ئه‌و كه‌سه خۆی هۆكاری سه‌ره‌كی بووه.له ناو زانكۆدا ڕه‌خنه‌گری هه‌ڵكه‌وتی چاك به‌دی ده‌كرێت به‌ڵام له ڕووی ژماره‌وه زۆر كه‌من ، ڕه‌خنه‌گران له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ كاری زۆر جوان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن كه هیوادارم به‌شێك له‌و ڕه‌خنه‌گرانه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كاری وانه وتنه‌وه ئه‌نجام بده‌ن له زانكۆكان هه‌ر وه‌ك چۆن مامۆستایانی گه‌وره “گۆران”و”سجادی”و”كامه‌ران موكری” زۆر به سه‌ركه‌وتوانه‌وه ئه‌نجامیان دا. واته وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م هه‌ندێ له‌و كه‌سایه‌تیه ڕه‌خنه‌گرانه‌ی وڵاته‌كه‌مان ، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه پێویسته به‌ڵكو زۆریش پێویسته ڕێزیان لێبگیرێت !