گێزه‌ر … پیته‌ر هێرتلینگ
ئه‌م چیرۆكه ڕوداوێكی ڕاسته‌قینه‌یه. ده‌كرێ بڵێین نه‌هێنده جوانه ، نه شایانی ئه‌وه‌شه مرۆڤ شتێكی لێوه فێربێت ، به‌ڵكو به‌رله‌هه‌مو شتێك ، خه‌ماویه.
ئه‌م ڕوداوه له سه‌رده‌می شه‌ڕدا ، یان دروستتر بڵێم له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی دوه‌مدا ڕویدا. تۆ ناتوانی دیمه‌نێكی دروستی جه‌نگ بێنیته به‌رچاوی خۆت. ته‌نیا هه‌ندێك جار له‌ته‌له‌فزیۆنه‌وه دیمه‌نی سه‌ربازانێك ده‌بینی له‌حاڵی شه‌ڕدان ، یان كوژراون ، یان دیمه‌نی ژنان و منداڵانێك ده‌بینی له‌حاڵی هه‌ڵاتن و خۆ قوتار كردندان.
له‌حاڵه‌تی شه‌ڕ و كاولكاریه‌كاندا گه‌رچی منداڵان كه‌متر ده‌ترسێن و له‌كاتی یاری كردنیشدا شه‌ڕیان وه‌بیر نامێنێ ، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌لومه‌رجی ژیانیان له‌هه‌موان ناله‌بارتر و دژوارتر ده‌بێت.
كوڕیژگه‌یه‌ك – كه ئێستا نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه‌تان بۆبكه‌م – هه‌بو نێوی (ئاتۆ) بو. ئێستا ئیدی گه‌وره‌بوه و بۆته خاوه‌نی ژن و منداڵ. جاری واهه‌یه بیرده‌كاته‌وه و ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی چ خۆشه منداڵه‌كانی هه‌رگیز نه‌زانن جه‌نگ چیه. به‌ڵام بۆخۆی زۆر جاران ئه‌م چیرۆكه‌ی بۆ منداڵه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه . كه‌له‌ڕاستیدا ئه‌م چیرۆكه به‌سه‌رهاتی خودی خۆیه‌تی.
ئاتۆ ، له‌گه‌ڵ دایك و خوشك و براكانیدا ، له‌ترسی به‌ڵا و كوێره‌وه‌ریه‌كانی شه‌ڕ ، به‌رده‌وام له‌حاڵی هه‌ڵاتندا بون. هاتنه كوێره‌دێیه‌ك. جێگایه‌ك كه‌ده‌بوایا ماوه‌یه‌كی باش گه‌ڕابان تا ژورێكیان وه‌چنگ ده‌كه‌وێ كه توانیبایان تێدا بژین. ئه‌م پێنج كه‌سه نزیكه‌ی ساڵێك له‌و دێیه‌دا مانه‌وه. ژوره‌كه ته‌خته خه‌وێكی تێدا نه‌بو ، شڕوشیتاڵه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه ڕاده‌خست و له‌سه‌ری ڕاده‌كشان. چونكه به‌رده‌وام ماندوو و شه‌كه‌ت بون ، یه‌كسه‌ر خه‌ویان لێده‌كه‌وت.
خه‌ڵكی دێیه‌كه ، چاوه‌ڕوانی سه‌ربازه ڕوسه‌كان بون. ترسێكی گه‌وره ، باڵی به‌سه‌ر ئاواییه‌كه‌دا كێشابو. به‌درێژایی شه‌وێ ده‌نگی تۆپ و تفه‌نگان ده‌بیسترا. به‌ڵام دوای ئه‌وه ، بێده‌نگی هه‌مو شوێنێكی ده‌گرته‌وه. هیچ كه‌سێك نه‌یده‌وێرا بێته ده‌رێ و به‌كۆڵاناندا بگه‌رێ. یان به‌واتایه‌كی تر هیچ مرۆڤێكی به‌ته‌مه‌ن و كامڵ نه‌یده‌وێرا بێته‌ده‌رێ.
منداڵه‌كان ئازاتر بون. چه‌ند دانه‌یه‌كیان به‌نێو بێده‌نگی مه‌رگهێنه‌ری ئاواییه‌كه‌دا ، ده‌هاتن و ده‌چون. ئاتۆش یه‌كێك بو له‌ومنداڵانه. سواری كامیۆن و ئۆتۆمبیله سه‌ربازیه له‌كار كه‌وتوو و تێكشكاوه‌كان ده‌بون. هه‌ندێك جاریش چه‌كیان ده‌دۆزیه‌وه ، به‌ڵام نه‌ده‌وێران ده‌ستی بۆ به‌رن.
تانكێكی تێكشكاویان دۆزیه‌وه ، چونه نێوی و جێگای خۆیان تێدا خۆش كرد. به‌یانی بو كه گوێیان له‌ده‌نگه‌ده‌نگێك بو – ده‌نگی سیڕه‌ی زنجیری تانكه‌كان – سه‌یریانكرد چه‌ند تانكێكیان به‌رچاو كه‌وت كه به‌ڕێدا ده‌ڕۆیشتن. دیتیان چۆن سه‌ربازه ڕوسه‌كان به‌نێو كۆڵانه‌كانی ئاواییه‌كه‌دا سه‌ره‌وژێر ده‌بنه‌وه. له‌پێش هه‌موشیانه‌وه گالیسكه‌یه‌ك بو كه سه‌ربازێك له‌نێویدا به‌پێوه ڕاوه‌ستا بوو و ئه‌سپه‌كانی دابوه به‌ر قامچی. ئاتۆ به‌دیتنی ئه‌و سه‌ربازه كه چه‌شنی سه‌ماكه‌رێك به‌سه‌ر گالیسكه‌كه‌وه ئه‌ملاوئه‌ولای ده‌كرد ، زۆر سه‌رسام بو.
منداڵه‌كان له‌نێو تانكه‌كه هاتنه ده‌رێ ، زۆر ده‌ترسان ، به‌ڵام سه‌ربازه‌كان به‌نیشانه‌ی دۆستایه‌تی ده‌ستیان بۆ هه‌ڵده‌شه‌قاندن. سه‌ربازێكیشیان له‌نێو كامیۆنێكی بارهه‌ڵگردا نانی بۆ هه‌ڵده‌دان.
ئیدی هه‌مویان توانیان به‌نانێكی باشه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه ماڵێ. كاتێ ئاتۆ به‌نانه‌وه گه‌ڕایه‌وه ماڵێ ، دایكی به‌توندی به‌سه‌ریدا قیژاند كه چۆن به‌بێ مۆڵه‌تی وی له‌ماڵێ وه‌ده‌ركه‌وتوه. به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌رچیه‌ك بو له‌به‌رئه‌وه‌ی نانی په‌یداكردبو ، خۆشحاڵ بون. منیش ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی نانه‌وه بدوێم ، یان ڕاستتر وایه بڵێم: له‌باره‌ی ئه‌و نانه‌ی كه‌خه‌ڵكی نه‌یانبو بیخۆن.
تۆ نازانیت (برسێتی) چیه و چۆنه؟ ئێستاش خه‌ڵكی وا له‌م دونیایه‌دا هه‌ن ، نان نیه بیخۆن. برسێتی ، ورده ورده تین بۆ مرۆڤ دێنێ ، سه‌ره‌تا زگ حاڵه‌تێكی به‌تاڵی ناخۆش به‌خۆوه ده‌بینێ ، مرۆڤ واهه‌ست ده‌كات كه تێر‌و پڕه ، به‌ڵام دواتر ، دوای ماوه‌یه‌كی كورت ، ژانی برسێتی ده‌ست پێده‌كات. ژانێك كه هه‌مو ئه‌ندامانی جه‌سته هه‌ستی پێده‌كه‌ن. چه‌شنی سه‌ر له‌قاچه‌كانیشدا هه‌ستی پێده‌كرێ ، به‌ڵام سه‌ر به‌ر له هه‌مو ئه‌ندامانی جه‌سته ، هه‌ستی پێده‌كات.
كه‌سێك كه برسێتیه‌كی كاتی بینیبێ ، نازانێ چ بكا تا خۆی له‌م برسێتیه ڕزگار بكات.
برسێتی ، مرۆڤ شێت ده‌كات. منداڵان ئه‌وكاتانه‌ی برسیانه ده‌ست به‌پڕموهۆڕی گریان ده‌كه‌ن. دایكانیش دۆش داده‌مێنن و خه‌فه‌تیان لێده‌خۆن. جارێكیان كه ئاتۆ دو ڕۆژ بو هیچی نه‌خواردبو ، دایكی قه‌یتانێكی پێڵاوی دایه ، تا بیجوێ. گه‌رچی ئه‌مه نه‌یده‌توانی تێری بكات ، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه ئاتۆ بیری كرده‌وه كه ئه‌م قه‌یتانه ده‌توانێ چی بۆ بكات! خۆ نه‌پارچه گۆشتێك بو! نه‌نان بو! نه‌ماكارۆنی ، یان هه‌ر شتێكی تر كه حه‌زی لێده‌كرد.
له‌ودێیه‌دا ، كه‌سانێك هه‌بون كه تێر و پڕ بون و نه‌یانده‌زانی برسێتی چیه. له‌باخچه‌كه‌كانیاندا سه‌وزه‌یان ده‌چاند و كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی زیاده‌ی تریان هه‌بو له‌عه‌مباره‌كانیاندا. هێندێك جار منداڵه‌كان سواڵیان لێده‌كردن ، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن شتێكیان ده‌دانێ. چونكه له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و جۆره كه‌سانه‌وه ئه‌وان منداڵ و پاڵی بێگانان بون و له‌شوێنێكی تره‌وه ڕویان كردبوه ئه‌وێ.
خاوه‌نی ئه‌و خانوه‌ی كه ماڵی ئاتۆی تێدا ده‌ژیان ، باخچه‌یه‌كی له‌وشێوه‌ی هه‌بو. ئه‌و خانوه به‌رزه ، له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك دروست كرابو و له خوار به‌رزاییه‌كه‌وه پلیكانیان دروست كردبون ، به‌ته‌نیشت جۆگا ئاوه‌كه‌وه باخچه‌یه‌كیان هه‌بو كه ده‌ورانده‌وریان به به‌رزیی ، به تێلدڕو ، په‌رژین كردبو. ئیدی زۆر شتی وه‌ك تور ، كه‌له‌م ، سپێَناخ ، كاهو ، به‌شێكی زۆریش گێزه‌ر یان تێدا چاندبو.
جارێكیان ، سه‌روه‌ختی نیوه‌شه‌وی َ ، سه‌ربازه ڕوسه‌كان له‌نێو حه‌وشه‌ی ماڵێ‌دا كردبویانه هاتوهاوار و جه‌ژنیان ده‌گێڕا و گۆرانیان ده‌گوت و سه‌مایان ده‌كرد و ده‌یانخوارده‌وه.
ئاتۆ ، له‌ژورێ وه‌ده‌ركه‌وت. ورده ورده به‌ره‌و پلیكانه‌كانی باخچه‌كه وه‌ڕێ كه‌وت. به‌هێواشی ورده ورده ، له‌حاڵێكدا به‌رده‌وام چاوی ده‌گێڕا ، نه‌بادا كه‌سێك بیبینێ ، چوه نێو باخچه‌كه‌وه. هه‌ستی به‌بۆنی خۆشی سه‌وزه و گێزه‌ر كرد. برسێتی تینی بۆ هێنابو ، سه‌ری برده ژورێ و له‌سه‌ر سینگ ڕاكشا و به‌سینگه‌خشێ و به‌وریاییه‌وه ده‌ستی بۆ گێزه‌ره‌كان برد.
به‌ئاسانی گێزه‌رێكی له‌زه‌ویه‌كه هه‌ڵكه‌ند. گێزه‌رێكی گه‌وره بو ، ڕه‌نگێكی سوری جوانی هه‌بو.
ئاتۆ ، لیكی به‌زاریدا ده‌هاته خوارێ. له‌كاتێكدا كه ده‌یویست لیكاوه‌كه‌ی ده‌می بسڕێته‌وه ، ده‌ستێكی به‌هێز و ئه‌ستور ، توند قوڕگی گرت و ده‌ستێكی تر ، به‌هێزێكی زۆره‌وه كه‌وته كوتان و تێهه‌ڵدانی.
كابرای خاوه‌ن باخچه‌كه بو ، پێده‌چو ده‌مێك بێ چاودێری كردبێ. ئه‌و له‌دواوه كه‌وتبوه تێهه‌ڵدانی ئاتۆ و سه‌ره‌نجام له‌كۆتاییدا سه‌ری به‌ره‌و زه‌ویه‌كه شۆڕ كرده‌وه و نه‌ڕاندی: (ده‌بخۆ ده‌ی!) .
ئاتۆ هه‌رچۆنێك بو هه‌ستایه‌وه ، ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌یزریكاند ، به‌رامبه‌ر پیاوه‌كه ڕاوه‌ستا.
پیاوه‌كه گوتی: (بێنه ئه‌و گێزه‌ره‌م بده‌رێ!).
به‌ڵام ئاتۆ توند گێزه‌ره‌كه‌ی گرتبو.
خاوه‌ن باخچه‌كه دوباره‌ی كرده‌وه: ( گوتم بێنه ئه‌و گێزه‌ره‌م بده‌یه!).
ئاتۆ ، به سه‌رله‌قاندنێك ، وه‌ڵامی نه‌خێری دایه‌وه.
لێره‌دا ، خاوه‌ن باخچه‌كه په‌لاماری ئاتۆی دا و به‌زۆر گێزه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌رهێنا و گوتی: ( ئیدی بێره‌دا نه‌یه‌وه ها!).
دره‌نگانێكی شه‌وێ ، ئاتۆ به‌جل و به‌رگی قوڕاویه‌وه گه‌ڕایه‌وه ماڵێ.
دایكی به‌سه‌ریدا قیژاند. به‌ڵام ئاتۆ هیچی له‌وباره‌یه‌وه نه‌گوت. ته‌نیا بێ ڕاوه‌ستان ، له‌خۆی ده‌پرسی: له‌به‌رچی خاوه‌ن باخچه‌كه لانیكه‌م گێزه‌رێكی نه‌دایه؟ خۆ ده‌یزانی چه‌نده برسیه؟
ئاتۆ ئێستاش ئه‌م پرسیاره له‌خۆی ده‌كات.
ڕاسته ئه‌و كاره‌ی ئه‌و كردی دزی بو ، كارێكی باش نه‌بو.
به‌ڵام ئایا جگه له‌مه هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كی تری هه‌بو؟
سه‌رچاوه/ 43 داستان عاشقانه / ترجمه علی عبدلله‌ی / نشر مركز