Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی: – بەشی دووەم –

Be First!
by March 29, 2008 گشتی

  گەندەلی وایکردووە بێ هزری ببێ بە کۆلەکەی هزر
   ئازاد حەمە…….

 وایبۆدەچین ئەوەی تائێستا تێکستێ بەرچاوناکەوێ ئەو شتانە روونکاتەوە لایسەرەوە ئاماژەپیێکرا تەنیا نێوەندی روناکبیری و مێدیای نوێ کوردی لێیبەرپرسیار نییە بەلکو نێوەندی ئەکادیمی کوردیش لێیبەرپرسیارە. نێوەندی ئەکادیمی کوردی کە تابلێی لەمروەوە کەمترحەمە، دەبایە زۆردەمێکلەمەوبەر شوێنی خولقانی توێژینەوە و پشکنینی تایبەت و جیا بوایە و دەزگاێکیش بوایە بۆ پالفتەکردنی بەرهەمە هزریە سیاسی و زمانەوانی و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و ئەدەبییە جۆراوجۆرەکان. بەدلنیاییەوە ئەم گازندەیەی ئێمە لەم ئاستە رارای لە دەروونی ئەو کەسانە دروستدەکا بایەخیان بۆ نووسینی ئەکادیمی نییە و ، یان لەبەر گرفتی ئەکادیمی و نەبوونی باگرووندی ئەکادیمی رقیان لە گوزارەی ئەکادیمی دەبێتەوە و پێشیانوایە نووسینی ئەکادیمی نووسینهاێ تیۆری وشکە و تێگەیشتنی لێوەبەرناێ. ئەم لایەنە تارادەێ زۆر پێوەندی بە هەندێ دیاردەوە هەیە لەوانە: ئەوەی پێیدەلێن ئەکادیمی لای ئێمە ئەو بایەخەی نییە و رەنگە بۆ گەلێک دەربرینی ئەکادیمی دەربرینێ ئاریستۆکراتی بێ و بە چەند کەس و یان تاقمێکەوە تایبەت بێ و، تەنانەت واتای ئەکادیمی لایئێمە بەو مانایەش بەکارنابرێ کە لەناواخنی ئەم واتایە دا تواناێک ئامادەیە دەکارێ هەستیاریێ زانستی بخاتەوە، یان بەگشتی واتای ئەکادیمیبوون لایئێمە  بەزۆری واژەی قوتابی زانکۆ و بروانامە بیردەخاتەوە و ئەمەشوادەکا ناوی زانکۆ ببێ بە ئامرازێ بۆ دروستکردنی ستاتۆسی کۆمەلایەتی نەک شتیتر. بۆنموونە ناونیشانی زانکۆ دەشێ بۆ وەدەستهێنانی شتی کۆمەلایەتی بەکارببرێ لەوانە  شووکرن، ژنهێنان، یان کارپەیداکردن و شتیتریش. ئەمەش بەخۆی کارێ وادەکا زۆرینە تەماشاکردنێ تریان بۆ ئەکادیمیا و کەسی ئەکادمیکەر هەبێ. هەروەها رەنگە لەسەرێترەوە بێ توانای ئەکادیمیکەری کورد و بێفیرۆی و بێ کەلکی تێز و شیکردنەوە ئەکادیمیەکانی ئەکادیمیەکەرانی کورد وای لەگەلێ غەیرە ئەکادیمی و تەنانەت هەندێ ئەکادیمیکەریش کردبێ هیچ هیوا و باوەرەێکیان بە کاری ئەکادیمی نەبێ و هەروەها هیچوەختیش ئامادەنەبن ئەو باوەرەیان لا دروستبێ ئەوە ئەرکی ئەکادیمیکەرانی کوردە پۆلە هزری و بوارە روناکبیریەکان بەرەوپێشەوە بەرن نەک دەزگا رۆشنبیری و مێدیا سیاسییەکانی پارتە سیاسیەکان و ،یان چایخانە ئەدەبیەکانی شار. چونکە ئەو دەزگا رۆشنبیریە حیزبیانە و هەروەها ئەو چایخانە (سەنتەر یان نێوەندە) ئەدەبی و روناکبریانە ناتوانن ئەو بۆشاییە زەبەلاحە بەو تێکستە ئەدەبیە شیعرگەرا (پۆیەتیک) و سیاسییە پەرتانە پرکەنەوە دەقیان پێوەگرتوە کە لەهەمانکاتیشدا ئەو تێکستانە سالەهایە پالپشتی دیاردەی ئەو گەندەلییە هزریەن وتاری رۆشنبیری هاوچەرخی کوردی تەنیوەتەوە.
کەوابێ بەپێی ئەو نەختە دیتنانەی لایسەرەوە بێ ئەوکەسانەی تەماشایێ تێگەتیڤانەیان بۆ ئەکادیمیکەری کورد و نێوەندەکەی هەیە ناشێ بە کەسانێ هەلە لەقەلەمدرێن. ئەوەی ئەو تەماشایەی لایئەوکەسانەش دروستکردووە خودی ئەکادیمیکەری کورد و نێوەندەکەیەتی نەک کەسێتر. هەروەها ناساغی نێوەندی ئەکادیمی کوردی نەکهەر هۆی بنەرەتییە هەندێ ئەکادیمیکەر بێ هیواو و هزرناساغ بن و بەلکو هۆکاری سەرەکیشە زۆرینەی نووسەر و روناکبیرانی غەیرە ئەکادیمی بێ هیوا و بێباوەر بن بە ئەکادیمیکەرانیش. بەلام ئەم حالەتە هەندێ پارادۆکس و کەموکوری دروستکردووە کە لە هەردوو نێوەندی ناوبراودا (مەبەست نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی روناکبیری) بەرچاودەکەون.ئەو پارادۆکس و کەموکوریانە دواتر دێینەوە سەریان و لێرە لەبریئەوە لەوەدەدوێین، کە لەمحالەتانەدا کە باس لە گرینگی نێوەندی ئەکادیمی دەکەین نامانەوێ مانایێ وەهمی و بێناوەرۆک بۆئەوەی پێیدەلێن نێوەندی ئەکادیمی کوردی دروستکەین، هەروەها لەرێگای مانادان بە واتای ئەکادیمی ئامانجمان ئەوەنیە ئەو هەول و کارانە بێ فیرۆ و لاوازکەین لەدەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی بەرهەمدێن و مانای خۆیان بۆ کردەی روناکبیری و دارشتنی زانین هەبووە بەلکو مەبەستی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو رۆل و ستاتۆسە لەبەرچاوگرین نێوەندی ئەکادیمی لەزۆربەی کۆمەلگەکانا بەخۆوە گرتوویەتی و شوێنی لە داهێنان و دروستکردنی رێباز و مێتۆدی شیکردنەوە و خولقانی بیر و دیدی جیادا دیووە. بەلام نێوەندی ئەکادیمی لایئێمە ئەم کارەی نەکردووە و تەنانەت خەمساردی و بێباکیەکەی کاریێئەوتۆشی کردووە خەلک پشت بە دەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی ببەستێ. ئەمەش وایکردووە ئەو زانینەی (رۆشنبیریەی) لە دەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی کوردی بەرهەمدێ لە وتاری ئەکادیمی پۆپولێر و باوەرپێکراو تربێ. واتە خەلک پتر متمانەی بە نووسینی نووسەرە نا- ئەکادیمیەکانە تا نووسەرە ئەکادیمیەکان. ئەمەش بەخۆی کەتەسترۆفێ (بەلا، فاجیعە) روناکبیری و ئەکادیمی گەورەیە و خودی نێوەندی ئەکادیمی کوردی لەم کەتەسترۆقە بەرپرسیارە نەک شتێتر.
ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسکرا لەدرێژەی نووسینەکە روونکردنەوەی بۆدەکرێ بەلام لێرە دەمەوێ زۆر بەکورتی بێمە سەر ئەوەی سەردەمانێ لایئێمە هەندێ شوێن ، وەک خەلوەتگا و دیوەخانە ئەدەبی و کون و قووژبنەکانی عیرفان، مانایێ زۆریان بۆ هێنانەدونیای سەرمایەێ لە شیعرگەرایی و عیرفانی ئاسمانی و دیتگا و دانای هەبووە و تەنانەت وەک شوێنە بە بەرەکەت و پرلە زانینەکانیش تەماشاکراون. ئەم شوێنانە کە لەبری ئەکادیمیا و زانستگاکان بوونە زانین و داناییێ تایبەتیان بەرهەمهێناوە و شوێنی متمانەی زۆرینەی خەلکیشبوونە. بەلام لەبەرئەوەی چوارچێوەی ململانێ و ئالوگۆریەکان لە کۆمەلگە ووردە وردە فۆرمی تریان بەخۆوە وەرگرت نە ئەو شوێنانە ئەورۆ وەک خۆیان ماونەتەوە و نەش ئەو عارف و دانایانەش ئەمرۆ دەژین و ، ئەمەو نە ئەو سات و چرکانە لەشوێنی خۆیانان نەش دۆزی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەئاستی ئەو دەمەدایە. لێرە دەکرێ باس لە دوو لایەن کرێ. لایەنییەکەم ئەوەیە ئەو پرۆسەیە کە بەردەوام نەبوو زیانێ گەورەی لەو ناوچانە دا ئومێدیان بەو دانای و زانینانە هەبوو بەهۆی ئەو شوێن و دانایانەوە بەرهەمدەهاتن و، لایەنی دوەمیش ئەوەیە هەچ شتێ لەو روەوە بەرهەمیشهاتبێ لە بوارێ یان یەک دوو بواردا دا گیری خواردووە. واتە داهێنانەکان لە یەک دوو ئاستدا قەتیسماون ئەوەش بەزۆری یان بواری زانینی شیعری بووە یانیش فەلسەفەی عیرفانی و توانەوە لە واتای خالق. ئەم لایەنە ، کە کێشەی خۆی لەپاش خۆی جێهێشتووە ، نە لەئەمرۆدا بوونی هەیە و نەش دەکرێ بە قۆناغە زانینییەکانی رۆژئاوا و ئەو چرکە ساتانە بەراوردکرێ زانینی زانستی و تەکنیکییان بەرهەمهێناوە. مەبەستم ئەمرۆ زانینە زانستی و تەکنیکیەکان، کە لەگشت بوارەکانا کاریگەرن و هەروەها رەنگدانەوەی خۆیانیان لەگشت بوارە مەعریفی یەکانا هەیە، نە لەگەل زانینە عیرفانی و ئاینی و دانایە رۆژهەلاتیەکانا یەکدەگرنەوە و نەش زانینە زانستی و تەکنیکیەکان دانویان لەتەک شتی غەیرە زانستی و نا- رۆژئاوایەکانا دەگونجێ.
ئێمە و تەنانەت خوێنەریش دەزانین ئەوی لایسەرەوە ووترا باسێ هێجگار قوول و هەستیارە و بابەتی ئەم نووسینە نیە بەلام ئەو بیرۆکەیەی لەوتنی ئەو چەند دێرە ویسترا بەدەستبهێنرێ ئەوەبوو، کە نێوەندی ئەکادیمی کوردی زۆر کۆن نییە و ئەوەندەی هەشە زۆر بەرهەمهێنەر و داهێنەر نەبووە و ئەو دید و زانینەش لەم نێوەندا بەرهەمهاتووە لەگەلێ روەوە پاشکەوتووە و بەو دانایی و عیرفانەش ناگا لە خەلوەتگا و تەکیە و دیوەخانە ئەدەبی و ئاینیەکانا بەرهەمهاتوون. نێوەندی ئەکادیمی ئێمە کە هیچ وەبەرهێنانێکی لەسەر ئەو سەرمایە عیرفانی و دانایە رۆژهەلاتییە نەکردوە هیچ بەشدارێکیشی لە دروستکردنی تێز و بیرۆکەی ئەکادیمیشدا نەکردووە.بۆیە کێشەی نێوەندی ئەکادیمی ئێمە دوو سەرانەیە. سەرێکی ئەوەیە گەرانەوەی نییە بۆ شتە خۆییەکان و ئەوی لەمەوبەر بەرهەمهاتوون و سەرەکەی تریشی ئەوەیە لەگەل پێوانە نوێکان و تەوژمی زانینی تازەدا رێناکا و هەلوێستی خۆشی لەهیچ رووێکەوە تایبەت بەوەی ""ئەویتر"" بەرهەمیدێنێ دەستنیشان نەکردووە.
بەلام تایبەت بەوەی لایسەرەوە ئاماژەی بۆکرا ،واتە ئەوەی تەنگوچەلەمەکانی نێوەندی ئەکادیمی وایکردووە متمانە پتر بە نووسینی نووسەرانی غەیرە ئەکادیمی بدرێ، ئەوەش ئێژین کە دانی متمانەکە بۆتەهۆی ئەوەش رۆژبەرۆژ نووسەر و روناکبیری غەیرە ئەکادیمی (عیسامی) لەناوماندا لەزیادبووندا بێ و ئەوانەش (واتە نووسەرە غەیرە ئەکادیمیەکان) بۆئەوەی شوێنێ لە نێوەندی رۆشنبیری داگیرکەن دێن و خۆیان لە باسی تیۆری و هزریی قوول دەدەن. ئەم کەسانە کە لەدەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی زانینێکیان بۆخۆیان سەبارەت بە هەندێ بوار و پۆلی زانینی پەیداکردووە و هزری خۆیان پەروەردە کردووە دەیانەوێ لەرێگای نووسینە سیاسی و ئەدەبیە تێکەلەکانیانەوە ببن بە رێفرێنس بۆ نووسینی تازەی کوردی و رۆژیش نییە بیریاری بەسەر چەندین لایەن و شتەوە نەکەن کە لەبناغەدا لێیناگەن و هیچ پسپۆریێکیشیان لەبارەیانەوە نییە. ئەم کەسانە کە ریشەی زانین و روناکبیریان ناچێتەوە سەر هیچ رشتەێ ئەکادیمی و یان لەهیچ بوار و پۆلێ زانستیدا شارەزا و پسپۆر نین هەمیشە سەرقالی دامەزراندنی بنکە و سەنتەر و چایخانەی رۆشنبیرین و یان تاوناتاوێ هەفتەنامەێ دەردەکەن یان دەبن بە سەرنووسەری گۆڤارێ یاخود رۆژنامەێ ئەلەکترۆنی و تیۆریزە بەسەر گشت شتێکەوەدەکەن (ئازادی، دلداری، سیاسەتی ولات، دیپلۆماسیەتی کوردی، فەلسەفەی جیهان و …..هتد). ئەمانە کە لەسەر لاوازی و سستیەکانی نێوەندی ئەکادیمی دەژین ناکارن هزرێ تایبەت و دەگمەن بهێننەکایەوە  چونکە ئاشکرایە ئەوی مەلبەندی ئەکادیمی دەکارێ بەرهەمیبێنێ جیا و تایبەتە و بە چایخانە و سەنتەرە کولتووریەکان ناشێ بەرهەمبێ. مەبەستمان بەواتاێ تر، چایخانە و سەنتەرە کولتووریەکان کە بوونە بە نوێنەری هزری تازە و قسەکەری قووتابخانە هزری و رێبازە نوێکان هەرگیز ناتوانن ئەو رۆلە قوورسە بگێرن نێوەندی ئەکادیمی دەشێ بیگێرێ. دۆزی گەندەلاوی ئازادی رادەربرینیش کارێوایکردووە رۆژنییە مەلبەندێ یان سەنتەرێ چالاکی کولتووری یان نێوەندێ ۆشنبیری بۆ کاری راگەیاندن و توێژینەوە لێرە و لەوێ دروستنەکرێ.دروستبوونی ئەم شوێنانەش بەپشتبەستن بەم حیزب یان ئەو دەولەمەند و مقاویل یانیش ئەو پارەدار و سیاسەتمەدار کارێوایکردووە ئەم شوێنانە نەک هەر نەتوانن هزر بەرهەمبهێنن بەلکو نەتوانن هیچ قسەێکیش لەسەر ئەو نا-دادپەروەریە سیاسی و کۆمەلایەتیەش بکەن کۆمەلگەی ئێستای کوردستانی تەنیوەتەوە. لەوە سەیرتر ئەم شوێنانە کە بەمجۆرە خێلەکیە دروست دەبن دواتر وەک گشت شتە کوردیەکانی تر دەخرێتە ژێر سایەی خێزانێکەوە و دەبن بە رێگایێکیش بۆ بژێوی تاقم و چەند کەسێ گەندەل. ئەم شوێنانە کە لەژێرسایەی ئازادیێ گەندەلدا کاردەکەن لەرێگای ئەو رۆژنامە و هەفتەنامانەوە بەردەوامی بەکارە رۆشنبیرییە گەندەلەکانییان دەدەن کە شایانی هیچ متمانەێ هزری و باوەرێ دیاریکراو نیین. ئەلبەتە بەتەماشایەکی سەرجادە و کتێبخانە ئەهلیەکانیش بۆنموونە لەناو هەردوو بازارەکانی شاری سلێمانی و هەولێر ژمارەێ زۆر لە گۆڤار و رۆژنامەمان بەرچاودەکەوێ کە گەشە بە پرۆسەی ئەو گەندەلە هزریە دەدەن تێکرای ئەتمۆسفیری رۆشنبیری شاری تازەی کوردی تەنیوەتەوە. گەر بەشێ لە خوێنەرانی ئەم نووسینەش بوونی زۆری ژمارەی گۆڤار و رۆژنامە بە تەوژمی گەشەی دیموکراسیەتەوە لە کۆمەلگەی ئەمرۆی کوردستان ببەستنەوە ئێمە دەلێین موخابن ئەوە وانییە و زۆری ئەو گۆڤار و رۆژنامانە هیچ پێوەندیێکیان بە بەبوونی دیموکراسیتەوە نییە و هەلەشە زۆری رۆژنامە و گۆڤار یان بەلێشاو دامەزراندنی سەنتەر و بنکەی چالاکی رۆشنبیری و هونەری بە بوونی دیموکراسیتەوە ببسترێتەوە بەلام دەشێ و دەکرێ ئەوە بە هەلەبەکاربردنی دیموکراسیەت و بە گەندەلیبوونی ئازادیەوە ببەسترێتەوە. ئێمە کە دژی بوونی ئەو هەموو گۆڤار و رۆژنامە کولتوریانەین ئەم دژایەتیەمان بەگەلێ شێوە بەلگەداردەکەین بۆنموونە:
1- زۆربەی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە لەرووی ناوەرۆکی هزرییەوە لە فۆرمی جیاجیا خۆیان کاوێژدەکەنەوە و بەدەوری چەند تەوەرێ لە باس و بابەتیش دەخولێنەوە بەردەوام لەخۆ دووبارەکردنەوەدانز
2- زۆری رۆژنامە و گۆڤار کارێوایکردوە ئازادی رادەربرین و بوونی ئازادی چاپەمەنی بشێوێنرێ و پەرتی و شێواوی و بێ هزری بەناوی رۆشنبیریەوە بلاوکرێتەوە و ئەو جۆرە بۆچوون و دیتنانەش لە نووسینەکانا ببن بە سەرچاوە و پالپشت کە لە هزراندن و توێژینەوەوە دوورن.
3- زۆری رۆژنامە و گۆڤار لەئێستادا لە کوردستان کە نیشانەن لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری خەلک ئەو خوێندەواریە کاریگەری بەسەر قەلاچۆکردنی دیاردەی گەندەلییەوە نییە و هەرەشێکیش نییە بۆ سەر دەسەلات.
4- دەسەلات کە خۆی لەپشت گەندەلکردنی هزرەوەیە لە زۆری رۆژنامە و گۆڤار ناترسێ و لەبەرئەوەی خۆشی دەیانژیێنێ کاریگەری بەسەر بۆچوون و دیتنەکانیشیانەوە هەیە.  بەلام زۆرجار ئەم لایەنە ، واتە زۆری رۆژنامە و گۆڤار و ئەلبەتە زۆری سایتی کوردیش بەرهەمی ئەو نائارامی و ناجێێگرییە سیاسی و رەوانیەشە مرۆڤی کورد رۆژانە تیایدەژی و بووشە بە بوارێ بۆ گوزارەکردنەکانی ئەم مرۆڤە کوردە. بەلام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو رێگا و شێوازانەی ئەم مرۆڤە کوردە بۆ راڤەکردن و روونکردنەوەکانی دەیگرێتەبەر زۆرجار نادروست و هەلەئامێزن. دواتر پێنووس و توانا و داهێنانەکانی ناو ئەم گۆڤار و رۆژنامە و سایتەکوردیانە ئەوەندە بەیەکترتێکەلکراون زۆربەسەختی ررژنامەوانێ لە نووسەرێ، یان ئەکادیمیکەرێ لە کەسێ غەیرە ئەکادیمی (عیسامی) و ، یاخود مێژوونووسێ لە ئەدیب و یان زمانەوان و ، هەروەها ئابووریناس و تیۆریزەکەرێ سیاسی لە کۆمەلناس و فەیلەسوف و فیلۆلۆگێ جیادەکرێنەوە. ئەلبەتە گەلێ هۆش هەن لەمروەوە دەکرێ لەبەرچاوبگیرێ بۆ تێکەلی شوناسی هزری و مەعریفی کەسەکان و توانا و پسپۆریان کە لایخوارەوە ئاماژە بە بەشێکیان لە سنووری باسەکەدا دەکەین.
لە کوردستان کە ژمارەی نەخوێندەوار زۆرە و لەم بیست سالەی دوایش لەبەرچەندین هۆی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی ئەم ژمارەیە بەرزتربۆتەوە و یان ئاستی خوێندەواری بەمەیەستەوە  هێنراوەتەخوارێ و نەویستراوە بەرزکرێتەوە ئەم لایەنە کاریگەریێ نێگەتیڤانەی بەسەر کۆمەلگەوە بەجێهێشتووە و ئەوەی پێیدەلێن خوێندن و یان بوون بە خوێندەوار لە قووتابخانە و بەردەوامبوون لەسەر خوێندن بە نیازی بوون بە ئینتگلێسیاێکی ناو کۆمەل لە کەمبوون و لاوازیدایە. باری سیاسی و ئابووری ئەم چەند سالەی پاش راپەرینیش لە کوردستان کارێ ئەوتۆیکرد خەلکێ زۆر واز لە قووتابخانە بهێنن و روو لە کاری ئازاد و سەربەستکەن. هەربۆنموونە ئێستا بەشێ زۆر لە دوکاندار و شتفرۆشی دەستی و کاسبی سەرجادە و کرێکاری بینایە لە گەلێ لە شارە گەورەکانی کوردستان هەلگری بروانامەی دیپلۆم و بەکالۆریۆسن .بۆیە ئەم لایەنە وایکرد خەلکێ زۆر بێ هیوابن لە خوێندن لە دانیشگا و یان پەیمانگاکان. ئەمە و بەتایبەت لەم دە یان پانزە سالەی دوایی و پاش هاتنی شەپۆلی فەلسەفەی سیاسی جیهانگیری لە ولاتانی غەیرە رۆژئاوایی ئەو تێگەیشتنە ئابووری و کۆمەلایەتیە لەناو خەلک دا بەرجەستەبوو کە کاری ئازاد و بازرگانی ووردە و گەورە لە کاریتر و یان لەو کار و پیشانەی درەنگ پارە دەردەکەن ، بۆنموونە مامۆستایەتی یان فەرمانبەری، بەخێرتر و بەسوودترن. دروستکردنی پارە بە پەلە و بە هەچ جۆرێ بێ کە ئێستا بووە بە پرنسیپ لە کوردستان و لە جیهانیش بەگشتی زەرەرێ گەورەی لە پێوەندییە مرۆیەکان و پێشگشت شتێ لە مەسەلە رۆشنبیریەکان داوە و کولتوری پارەپەرستیشی لەتەک خۆدا هێناوەتە ناو ژیان و کۆمەلگەشەوە. ئەم لایەنە کە لە ناو رۆشنبیرییە لاواز و سسستەکانا بێچوویێ زۆریداناوە گەندەلی هزری یەکێکە لە دەرخستەکانی.
بەلام ئەو جۆرە کارانەی لایسەرەوە باسکران (کاری سەرجادە و بازرگانی گەورە و بجووک یان کرێکاری لێرەو لەوێ و شوفێری تەکسی و هتد) تەنیا رووبەرووی ئەوانە نەبۆتەوە خوێندنێ دیاریکراویان نەخوێندووە یان خاوەنی بروانامە نیین بەلکو رووبەرووی ئەوانەش بۆتەوە خوێندنێکیان لە کۆلێجێ یاخود پەیمانگاێ دیاریکراودا تەواوکردووە. لەوەشبگەرێتەوە کە باسکرا ئەوەیە کە، ئەو کەسە خوێندەوار و خاوەن بروانامانە زۆرجار ناچاربوونە لە شوێنێ قایلبن بە کارکردن دژ بە پسپۆریی و توانا ئەکادیمی و ئاستی خوێندەواریەکەیان بووە یان ئەم کەسانە بۆئەوەی بتواننن خۆیان بژێننن چووەنەتە کەرتی سەربازی و یان بواری کاری سیاسی و راگەیاندنی حیزبێکەوە ، رەنگیشە زۆرجار ئەم جۆرە کارانەشیان لەبەرئەوەی پێشبرکێێ زۆریان لەسەرە دەستنەکەوتووبێ و بە نەخوێندەوارێ بەلەجیاتی کرابێتن. چونکە بوون بە کارمەند ئەمرۆ لە کۆمەلگەی تازەی کوردەواری زۆرجار لەسەر بناغەی سیاسی یان تایفەگەری دروستدەبێ و بازاری کاریش لەمروەوە پرە لە دیاردەی سەیرسەیر کە گشت دیاردەکانیش بەرهەمی ئەو نا-یەکسانییە کۆمەلایەتی و چەوسانەوە ئابووریەن گەندەلگەری دروستیکردوە. گەندەلگەری کە ئابووریێ نا- یەکسان و نا- دادپەروەری هێناوەتەکایەوە شیرازەی پرنسیپەکانی بازاری تێکداوە و مافەکانی بێکار و بێبەش لەکار و کەمئەندام و نەخۆش و پەکەوتەی گەندەلکردووە. بەمشێوەیە نەخوێندەواری و یان دوورکەوتنەوە لە خوێندن و بەرردەوامنەبوون لەسەر گەشەدان بە خوێندن و خوێندەواریی هۆی گرینگن لە دروست نەبوونی کەسی خوێندەواری بەتوانا و یان کەمبوونەوەی ئەکادیمیکەر و خەلکانی ئێنتلیگێسا کە ئەوەش کارێ وادەکا پرۆسەی فێربوون و تێگەیشتن لەناو کۆمەلگادا بە شتی ترەوە ببەسترێتەوە و ئامرازی تر جێی خوێندن و زانین بگرێتەوە و خەلکانی تر شوێنی ئەکادیمیکەر و روناکبیری راستەقینە بگرنەوە. بۆیە کاری ئەکادیمی و بیریاری لەناو ئێمە نە ئەو بناغە پانو بەرینەی هەیە و نەش مێژووی دروستبوونی ئەوەندە کۆن و ناسراوە. گەر بەلایکەمەوە بۆ پەنجاسالێ لەمەوبەریشی بگەرێنینەوە دەبینین ئەوەی هەبووە شیعربووە و وەزیفەی شیعریش لەمحالەتەدا ئەوەبووە دژی جەهل و نەزانی بوەستێتەوە و ، یان شیعر بۆ دەرگاکردنەوە لە ئازادی و بەرخوردان بەکاربراوە و هەروەها بە پەخشان و هەلبەست هەولدراوە خراپەکاریەکانی نەخوێندەواری و بێقەلەمی و بێ ناسنامەی بەرباسخرێ. هەربۆیشە تائێستا زۆربەی نووسین و راڤەکردنەکانمان بە وتاری شیعری گوزارەی لێدەکرێ و بەهۆی شیعرەوە پەی بە کێشەکان و دەردەسەریەکان دەبرێ .واتە شیعر بۆئێمە بەدیلی زانین و زانست بووە و شاعیر ئەو ئەکادیمیکەر و بیریارە بووە کۆمەلگەکانی تر هەیبووە..
ئەو نەختە قسەکردنەی لایسەرەوە لە سەرمایەی شیعریمان و رۆلی لە بەلەجیاتیکردنی زانین بەو مانایەناێت ئێمە ویستومانە هەلوێستە لەسەر سەرمایەی شیعریمان بکەین و شاعیر لە کۆمەلگە و شاری نوێی ئەمرۆدا هەروەک ئەوەی بیست و سێ سەدەێ لەمەوبەر پلاتۆن (ئەفلاتوون) لە کۆمارەکەیدا راویناوە و لە ئەکادیمیاکەیدا شوێنی بۆ دیارینەکردووە ، بخەینە بەرباس ، بەقەدئەوەی ویستمان ئەوە بلێین دۆزی سیاسی و کۆمەلایەتی و زانستی ئێمەی کورد کارێوایکردوە زۆرترین شوێن لەکۆمەلگە و لەناو وتاری رۆشنبیریمان بە شاعیر (غەرەلهۆنەرەوە) بدرێ و گەورەترین متمانەش بەوانە بدرێ وتاربێژ و پەخشان نووسن. بەتەماشاێکی باری هزری و رۆشنبیری شاری تازەی کوردیش ئەوەمان زۆرتر بۆرووندەبێتەوە کە ئەم نەرێتە تائێستاش بەردەوامە و شار لەئێستادا لە کوردستان لێوانلێوە لە شاعیر. ئەم دیاردەیە کە هۆ و مانای خۆی لە ژیانی سیاسی و کولتووری کەس و کۆمەلگەی کوردواری کۆن و نوێدا هەیە بابەتی ئەم باسە نییە بەلام ناشبێ ئەوەمان بیرچێ کە شاری تازەی کوردی تەنیا لە نەخوێندەوار و نووسەری حیزبی  و روناکبیری نا-ئەکادیمیئاسا لێوانلێونییە بەلکو شار لەهەمانکاتا لە  رۆشنبیری پەخشاننووس و رۆژنامەوانی شاعیرئاساش لێوانلێوە کە هەموو ئەمانەش بەیەک شێواز و فۆرم لە بارەی بوون و دەوروبەریان تێراماندەدەن و دەنووسن ، بەباوەری ئێمەش ئەم جۆرە کەسانە مەترسیێ گەورەن لەبەردەم دروستبوونی خوێندەواریێ بەتەندروست و بیرێ تۆگمە و نێوەندێ ئەکادیمی ریالئامێز.

Previous
Next

Leave a Reply