Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
وڕێنە …… ئاوارة ولآت

وڕێنە …… ئاوارة ولآت

Closed
by August 14, 2009 هۆنراوە

 

دەرزى ئاژن بووە دڵ
کفت و کۆى دێتەوە بەر کۆنەبرین
ئاوى چاو رۆدەڕژێ
خەڵفى ژین رادەهەژێ
بەژنى رۆح دێتە لەرین
بە گژەى سارد و سڕى ئێش و کەسەر
جلەیە و هەڵدەزنێ .. هەڵدەزنێ
تا دەبێتە رکەیەک
بۆ کەوى سووکەفڕى هەست و خەیاڵ.
باڕژن کوانێ کە بیدا لە تەپ و تۆزى دڵم؟
پەڕپەڕۆک کوانێ بە ئەسپایى بلاوێنێ گوڵم؟
رۆچنەیەک نینە
دەلاقەش هەر وا
خام حەلاوى قژى تیرێژى هەتاو
بکەنە بەر شەوى تاریک و تنووک
ئەوە گوڵ نێ کە شنە بسکى سەرى داهێنێ
خەنەتیلکەى رەوەزە
بێ بەرامە و بێ رەنگ
بێ بەها و سووک و چرووک.
ئەوە چنگوڕکى کێهە زیندەوەرە
دادەڕووشێنێ تەوێڵى تاسەم؟
کامە ئەنگێوەیە
کام راسپێکە
تیرى داوێتە منى مات و سڵۆک؟
کامە زۆنگاو و زەلە
تێدەقوومێنێ هەچى شەنگ و شەپاڵ و بەدەوە؟
دێتە بیرم کە دەمێ
قەل ‌نەدیو بووم وەکوو لووتکەى قەندیل
نە رمووزنە و نە شەوە و دێو و درنج
نەیدەکرد باشارم.
گەلۆ ئێستاکە هەیە
دەسرەیەک نەرم و نیان
دەستڕى بسکى خەزێم شۆڕێکى کورد
بیسڕێ تۆزى هەناوى لە کوڵ و تەمبارم؟
گەلۆ ئەو رۆژە وەرێ
دڕکەجاڕى تەم و غەم هەڵبوەرێ؟
بە شنەى گەرمێنێ
یانە حەیرانى گەرووى کوێستانێ
راژەنم لانکى دڵى گریانم؟
ئەوەیە هێز و هەوێنى مانم
چاوەڕێمە .. چاوەڕێ.

2002 – خنێرە
ئاوارة ولآت

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.